یەكێتی لەمساڵدا كۆنگرە دەبەستێت
.jpg)
2023-08-07 20:41:36
درەو:
بڕیارەی لە كۆتایی ئەمساڵدا یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كۆنگرەی پێنجەمی ببسەتێت و ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی كەم دەكاتەوە.
رۆژی 21/12/2019 كۆنگرەی چواری یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بەڕێوەچوو، كۆنگرەی چوارەم یەكەم كۆنگرەی دوای كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سكرتێری یەكێتی بوو، لەدوای بەڕێوەچوونی كارەكانی كۆنگرەی چوارەم، بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی لە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی، بە هاوسەرۆكی یەكێتی هەڵبژێردران، دوای كەمتر لە ساڵێك و شەش مانگ لە هاوسەرۆكایەتی لە 8ی تەمووزی 2021 بافڵ تاڵەبانی توانی كۆنترۆڵی یەكێتی بكات و لاهور شێخ جەنگی لە هاوسەرۆكی دوورخستەوەو دواتر لە دیداری یەكێتیدا بافڵ تاڵەبانی وەك سەرۆكی یەكێتی خۆی ناساند.
رۆژی 21/12/2023 چوار ساڵ بەسەر كرنگرەی چواری یەكێتی تێپەڕ دەبێت و بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی نێوان دوو كۆنگرە تەنیا چوار ساڵە بۆیە چاوەڕوان دەكرێت یەكێتی لە یادی چوارساڵەی كۆنگرەدا كۆنگرەی پێنجەمی ببەستێت.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی، لە چەندین كۆبوونەوەدا لەگەڵ بەرپرسانی حزبەكەی رایگەیاندووە لەم ساڵدا كۆنگرەی پێنجەم دەبەستێت.
سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتی بە (درەو)ی راگەیاند: یەكێتی ئامادەكاری دەكات پێش كۆتایی ئەمساڵاَ كۆنگرە ببەستێت، یەكێتی بە نیازە لە كۆنگرەی پێنجەمی ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی حزبەكەی كەمبكاتەوە كە لە كۆنگرەی چواردا (124) ئەندامی سەركردایەتی هەڵبژێردران، لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی كە سەرۆك و هەشت ئەندام بوو، سەركردایەتی نوێی یەكێتی تێكەڵەیەك دەبێت لە سەركردە كۆن و نوێیەكان و لە هەمانكاتدا بە بەستنی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی و سەركردە نزیكەكانی و پرسی هاوسەرۆكی بەتەواوی لەناو یەكێتی كۆتایی پێدێنێت.
