سەلام عەبدوڵا ئەمە دوایین بۆچوون و هەڵسەنگاندنی زۆرینەی ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمەریكایە بە دیموكراتەكان و كۆمارییەكانەوە لەسەر هەرێمی كوردستان. ئەمەش بەهۆی ئەو راستییانەی كە خرانەڕوو، هەر بۆیەش هەموو كۆكبوون لەسەر ئەوەی كە هەرێمی كوردستانی عێراق مۆدێلێكی بەهێزە بۆ دیموكراسی و پێكەوە ژیان و ئاسایش و ئاوەدانی. ئەمەش لەو ڕووەوە دێت كە هەرێمی كوردستان لەناوچەیەكدایە كە تژییە لە توندوتیژی و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و ناسەقامگیری و پشێوی و ئاژاوە و شەڕی تایەفەگەری، كە ئەم ناوچەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاستەی كردۆتە زۆنگاوێك بۆ پەرەسەندنی رەوتە توندڕەوەكان، بەرادەیەك كە بۆتە مۆڵگەیەكی لەبار بۆ پەروەردەكردنی تیرۆریستان كە ئێستا لەدەیان گروپی توند ئاژوو، لەژێر سێبەری ئاڵای جۆراوجۆر و ناوی جیاوازدا، خۆیان دەنوێنن و دەیانەوێت ئەم وڵاتانە چەندین سەدە بەرەو پاشەوە ببەن و شەوەزەنگی سەدەكانی نێوەڕاست بگێڕنەوەو باڵی تاریكی و توندڕەوی بەسەر تەواوی ناوچەكەدا زاڵ بكەن و میتۆدی ژیان ببەنەوە بۆ چاخی بەردین. ئەم هەڵسەنگاندنە ئەرێنییە، دەقاو دەق، بەپێچەوانەی ناحەزانی ناوخۆی خۆمانە، كە بەداخەوە هەمیشە بەچاوێكی نێگەتیڤەوە، سەیری ئەم ئەزموونەی هەرێمی كوردستان دەكەن و هەردەم لە هەوڵی بێ بایەخكردنی ئەم هەرێمەن، بەڕادەیەك كە مرۆڤ سەری سوڕدەمێنێ لەو بۆچوونە چەوتانەیان. فەرموون ئەوە وڵاتێكی گەورەی وەكو ئەمەریكا، چۆن بە ئەرێنیەوە دەڕوانێتە راستییە بەرچاوەكان و چۆن ئەم ناحەزانەش هەردەم سەنگەری دوژمنكارانەیان لە هەرێم گرتووە و زۆر لە شۆڤێنییەكان و هەموو ئەوانەی چاویان بەرایی بەم هەرێمە نایەت، هەمیشە ئەوانیش بۆ دژایەتی هەرێم و دەستكەوتەكانی ئامادەو لەسەر خەتن. ئەوە نەبوو هەندێك لاقرتێیان بەهەرێم دەكردو خوازیاری سیستەمێكی عێراق ئاسابوون بۆ هەرێم؟! ئەو سیستەمەی كە خۆپیشاندەران و ناڕەزایان دەیانەوێت سەرەونگونی بكەن، چونكە بێ دادی و گەندەڵی و بێ رێزی بەمرۆڤ و مرۆڤایەتی گەیشتۆتە ئاستێك كە كەس پێی هەزم ناكرێ، هەر بۆیەش عێراق ئێستا بەیەكێك لەگەندەڵترین وڵاتانی دنیا هەژمار دەكرێت. بۆیە ئێستا ئیدی هەقە دانیشتوانی هەرێم بەچاوی رێزەوە لەم گۆشە ئارام و سەقامگیرو ژینگە لەبارەی پێكەوەژیانە بەرز بنرخێنن و شانازی پێوە بكەن. هەر ئەمەشە وای لەكۆنگرێس و ئەندامانی كردووە كە داوا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا و بەرپرسانی دۆسیەی عێراق بكەن كە ئەو تایبەتمەندییانەی هەرێم بەگرنگییەوە رەچاو بكەن و دژی هەر هەڕەشە و پیلانێك بن كە رووبەڕووی ئەم ئەزموونە سەركەوتووە بكرێت و هەڵوێستی دەستەبەجێ و توندیان بەرامبەری هەبێت.
پەیكار عوسمان - لەنێوان (هیچ و هەموو) یەك دنیا ڕێژەو ژمارە هەیە. لەنێوان (ڕەش و سپی) دنیایەك ڕەنگی تری کاڵ و تۆخ هەیە. لەنێوان فریشتەو شەیتانیش ئینسان هەیەو لەنێوان پەرستن و شەیتاندنیشا بڕێك ئینساف و مەوزوعیەت هەیە! لەسەرو ئەمانەشەوە کات هەیەو دواجار شتەکان بە مروری زەمەن گەشەئەکەن نەك ئەوەی لەپڕ ببن بە کوڕ. - مەسەلەن یاسای چاکسازی، نە ئەونە خراپە زەڕبی لێدەیت، نە ئەونەش باشە کە دەسکەوتێکی زەبەلاح بێت. لەڕاستیدا یاساکە ئەتوانی چاکسازی بچوك بکات، بەڵام هەرگیز کاری گەورەی پێناکرێ. چونکە چاکسازی گەورە یەعنی دەسکاریکردنی سیستەم، سیستەمیش خۆی دەسکاری خۆی ناکا بەڵکو بڕێك جوانکاری خۆی ئەکا. جوانکارییش کەم نیەو لەهیچ باشترە، بەڵام زۆریش نیە! - ئەوانەی چاکسازییەکە ئەکەن کێن؟ حکومەت و پەرلەمان وەزیرو پەرلەمانتار. ئێ ئەمانە نوێنەرو مۆزەفی حیزبن، حیزبیش خۆی سیستەمەکەو خۆی فەسادەکەیە، کەواتە ئەم کەسانە ناتوانن دەسکاری فەسادە گەورەکە بکەن. ئێ فەسادی مامناوەندیش خۆیانن، معاش و خانەنشینییەکەی ئەوانە، کەواتە ئەویش هیچ. ئەمێنێتەوە شتەکانی خوار ئەوە، ئێ لەخوار ئەوەوە هێشتا دنیایەك گەندەڵی هەیەو دەسیان خۆشبێ کە چاکیئەکەن و لێرەدا یاساکە شتێکی زۆرباشە، بەڵام شتەکەش هەرئەوەیەو لەوە زیاتر نیەو لەخەڵکی مەکەن بەتەیارەو لەخۆشتانی مەکەن بە موزایەدە. - پرسیارەکە ئەوەیە، ئێمە بۆ چاومان خەساربووەو ناتوانین لە هەرشتێك کە بەدڵیشمان نەبێت، دیوە جوانەکەی هەر ببینین؟ یان لەهەرشتێك کە بەدڵیشمانە، کەموکوڕیەکەی هەر ببینین؟ وەڵامەکەی ئەوەیە ئەم کارە تەنیا بە چاوی خۆت ئەکرێ. کە بڕیاری پێشوەختە چاوی خۆتی لێوەرگرتیتەوەو چاوی (هیچ و هەموو)ی بۆ دانایت، ئیتر تۆ ناو پاکەتەکەی دنیا نا‌بینیت و نازانی چی تیایە، چونکە نایکەیتەوە، هەر تەنیا زەڕبێك یان سەحێك لە قەپاغەکەی ئەدەیت! - جا عەڵیەتی (لەگەڵ و دژ یان هیچ و هەموو یان ڕەشوسپی یان فریشتەو شەیتان..) کێشەکەی ئەوەیە کە "عەقڵیەت" نیەو ئەسڵەن شتەکە عەقڵی ناوێ، بەڵکو کارەکە بە بڕیاری پێشوەخت ئەکرێ و بڕیاری پێشوەختیش یەکسانە بە بیرنەکردنەوە لە وەختەکانی تردا. - ئیتر بڕیارەکە لە حەز، ڕق، بەرژەوەندی یان له ئایدۆلۆژیاوە هاتووە ئەمە مەوزوع نیە، گرنگ ئەوەیە کە لە عەقڵەوە نەهاتەوە! چونکە کات خۆی یەکێکە لە پێکهاتەکانی بڕیار‌و عەقڵ ناتوانێ فەرامۆشی بکاو پێش کات بڕیاری عەقڵانی بدا. مەوزوعیەت و ئینسافیش ئەکەونە کاتەوەو لەپێشکاتا ناتوانن هەبن! - ئینجا نەوشیروان نە بابەتی پیرۆزکردنە، نە بابەتی تڕۆکردن! ئەو کابرایە لەسەرو ڕەخنەوە نیە، بەڵام لە ژێر پێڵاویشەوە نیە! نە ئەو بتەیە کە جەماعەتی سەر گردەکە دایانتاشیوە، نە ئەو زبڵەشە کە جەماعەتی خوار گردەکە فڕێیئەدەن! لەنێوان ئەو دوو خاڵەدا بە باش یان بە خراپ، چی قسەت لەسەر ئەو پیاوە هەیە بیکە. بەڵام لەو دوو خاڵەی ئەمپەڕو ئەوپەڕەوە نا! چونکە ئەو دوو خاڵە شوێنی قسەنین، بەڵکو سەنگەرن و شوێنی شەڕن! لە شەریشا عەقڵ و ویژدان ئامادەنین، چونکە ڕاستی ئامانج نیە، بەڵکو سەرکەوتن و بەزین ئامانجە. - کە ئەشڵێن (خیر الامور اوسطها) مەبەست ئەوەنیە کە هەردو سەری پەتەکە بگریت و لە ناڵیش بەیت و لە بزماریش! بەڵکو مەبەست ئەوەیە کە جگە لە دوو خاڵەکەی ئەمپەڕو ئەوپەڕ کە عەقڵی تیانیە، ماباقی بەینەکە مەساحەی بیکردنەوەو دەرفەتی ئامادەیی عەقڵە بۆیە خێری تیایە. - شەڕ لەگەڵ ئەودا سودی نیە، حسابەکەی تۆ لای خۆتەوە تێکچووە. یەعنی کەمێ خواکەت دابەزێنەو کەمێ شەیتانەکەت بەرزکەرەوە، باڵانسەکە خۆی ڕێکئەبێتەوەو لێرەشەوە هەم دەروونی خۆت ئارامئەبێتەوە، هەم شەڕەکانت لەگەڵ ئەو بڕێك ئەهوەنئەبنەوە، هەم دنیاکەش تۆزێ جوانترئەبێت بۆ هەموومان.
هیوا سەید سەلیم دوای مشتومڕێکی دوو ساڵەی حکومەت و پەرلەمان و موزایەدەی زۆری حزبەکان بە پرسی چاکسازی سەرەنجام حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی هەفتەی رابردوو پڕۆژە یاسایەکی بە ناوی( پڕۆژە یاسای لە خانەنیشینی و مووجە و دەرماڵە ئیمتیازاتەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان – عێراق) ناردە پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەوەی بکریتە یاسا کە وەک خۆیان ئاماژەیان پێداوە ئامانج لێی رێکخستن و یەکخستنی سیستەمی مووچەیە لە هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارێکەوە، واتا پلە باڵا و فەرمانبەری ئاسایی و پێشمەرگە و خانەنیشینی....هتد. لە پڕۆژە یاساکەی حکومەت کە پێناچێت پەرلەمان بتوانێت دەستکاری هیج یەک لە بڕگەکانی بکات، ئەویش بەهۆی ئەو کۆتوبەندی یاسیانەی کە لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان هاتووە ،کە ساڵی پار وا هەموارکراوەتەوە کە نابێت هیچ یاسایەک کە پابەندبوونی دارایی درووست بکات لە پەرلەمان دەربچێت بەبێ رەزامەندی حکوومەت،وەک پێویست دەست نەبراوە بۆ ئەوەی کە پێی دەوترێت نا یاکسانی لە دابەشکردنی مووچە، بە شیوەیەک کە مووچەی پلە باڵاکان نەک هەر لە باڵا هێشتراوەتەوە، بگرە ئەوان کە خانەنیشینش دەبن هەر بە مووچەی زۆرەوە خانەنیشین دەکرێن . وەک لە ماددەی دووی پرۆژەکە هاتووە، ئەو پێوەرانەی بۆ خانەنیشینی پلە باڵاکان داندراوە بەوەی ئەگەر کەسەکە هیچ ساڵی خزمەتی بۆ هەژمار نەکرێت بە ٢٥٪ دوا مووچە و دەرماڵەی خانەنیشین دەکرێت بۆ نموونە وەزیرێک یان ئەندامێکی پەرلەمان کە پێوەرەکانی خانەنیشینی بیگرێتەوە کە تەمەن و ساڵی خزمەتە مووچەکەی دەگاتە سەرووی ٥ ملیۆن دینار، لە کاتێکدا کە فەرمانبەرێکی ئاسایی خانەنیشین دەکرێت لەسەر مووچە ئیسمیەکەی خانەنیشین دەکرێت بەبێ دەرماڵە، واتا پرۆژەکە نەک جیاوازی زۆری مووچەی پلە باڵای لەگەڵ فەرمانبەری ئاسایی چارەسەر نەکردووە بگرە دەرچەی یاسایی بۆ خانەنیشینی هەندێک لە پلە باڵاکان دۆزیوەتەوە تا بە مووچەی یەکجار زۆر خانەیشین بکرێن! ئەمە لە کاتێک دایە کە لە پرۆژەکە نەتواندراوە کە لایەنی کەمی مووجەی خانەنیشینی فەرمانبەرێکی ئاسایی لە٣٠٠ هەزار دینار بەرزبکرێتەوە بۆ ٤٠٠هەزار کەچی تازە لە بەغدا رێژەی کەمی خانەنیشینی کراوەتە ٥٠٠ هەزار دینار . ئەمە مانای ئەوە نیە کە پڕۆژەکە خاڵی ئیجابی تێدانیە، یەکخستنی سیستەمی مووچەی پێشمەرگەو پاککردنەوەی لیستی مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی وەک لە خاڵ ٦، ٧ی ماددەی ٧ هاتووە ، ماددەی ٥ سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی خانەنیشینی ئەوانەی لە پۆستی باڵانەبوونەوە بەو پلەیە خانەنیشین کراون و هەموو ئەوانە ئەگەر بە پراکتیکی کاری لەسەر بکرێت یاساکە جوان دەکەن. یاساکە زۆر جوانتر دەبوو ئەگەر زامنی یەکسانی لە دابەشکردنی مووچە و خانەنیشینی بکردبا کە نەیکردووە، بۆیە دەڵێن چاک سازتان نەکردووە، بگرە یاساکە وەک ئەو کڵاشە وایە کە دۆمێک بۆ خۆی دەدورێت، دەبوو جاکتر سازی بکەن ماویەتی.
ساڵح ژاژڵه‌یی به‌شی سێیه‌م له کۆتایی به‌شی دووه‌می ئه‌م نوسینه‌مدا باسی خاوه‌ندارێتی کۆمپانیای وشه‌م کرد. له راستیدا ده‌ریشکه‌وت که هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دروستبونی کۆمپانیای وشه‌وه کاک نه‌وشیروان به‌رنامه‌ی داناوه که دوای خۆی ببیته موڵکی کورەکانی. پێش ئه‌وه‌ی وه‌فاتیش بکات نه‌یشاردۆته‌وه‌و به ئاشکرا وتویه‌تی کۆمپانیای وشه موڵکی خۆم و کوڕه‌کانمه. شایه‌تیش هه‌یه‌و له ژیانیشدا ماوه. دوای وه‌فاتی کاک نه‌وشیروان به ماوه‌یه‌کی زۆر کورت کوڕەکانی کۆمپانیای وشه‌یان خسته سه‌رخۆیان. کۆمپانیای وشه ئه‌م به‌شانه‌یه: 1- گردی زه‌رگه‌ته به ته‌له‌فزیۆن و سایتی ئه‌لکترۆنی و هه‌موو بیناکان که له‌سه‌ری دروستکراون. 2- ته‌لاری چاودێری دارایی. 3- پشکه‌کانی سۆپهرمهرکێتی میترۆ. 4- پشکه‌کانی کۆمپانیای چیمه‌نتۆی گاسن. 5- بینای هه‌موو مه‌کۆکانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له هه‌موو شار و شارۆچکه‌کان که به پاره‌ی ژماره‌یه‌ک له‌و ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌ی هاوکاری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیان کرد کراون. دوای وه‌فاتی کاک نه‌وشیروان به ماوه‌یه‌کی زۆر کورت. ده‌ستیان گرت به‌سه‌ر تهلهفزیۆنهکهداو خۆیان به‌ڕێوه‌به‌ر و ستافی تایبه‌تیان بۆ دانا به‌بێ پرس و را به خانه‌ی راپه‌ڕاندن و رێکخەری گشتی. ئه‌وه‌ش مانای وایه‌که به موڵکی خۆیانی ئه‌زانن و چۆنیان بوێت وای لێ ئه‌که‌ن. له ئێستادا به‌ته‌واوی ته‌له‌فزیۆنه‌که‌یان داخست و کارمه‌نده‌کانیان نارده ماڵه‌وه. به‌ڵام ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی هه‌موو موڵک و ماڵی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌وه‌نده‌ی تر جه‌ماوه‌ری گۆڕانی ره‌نج به خه‌سار کرد‌و تروسکایی لەدڵدا کوژاندنەوە. لەو کاتەوە کە دەنگو باسی تاپۆکردنی کومپانیای وشە لەسەر کورەکانی کاک نەوشیروان هاتووەتە کایەوەو بووەتە قسەو باسی ناو گۆرانخوازان، تا ئێستا جەندین جار داویان لێکراوە با لە رێگای تەلەفزیونەکەوە رونکردنەوەیەک بدەن و گۆرانخوازان دڵنیابکەنەوە لە راستی و دروستی ئەو قسەو باسانە . بەڵام تا ئیستا کەم تازۆر یەک قسەیان نەکردوە، چونکە هیچ وەڵامێکیان پێ نییە . واتە نایانەوێت قسە لەسەر ئەوە بکەن و بە موڵکی خۆیانی ئەزانن . کەواتە نابی پێیان ناخۆشبێت کە ئەڵێن کاک نەوشیروان کۆمپانیای وشەی کردووەتە موڵکی کورەکانی . ئەگەر ئەم قسەو باسانە راستنین با بفەرمون بڵێن ئەوە موڵکی بزوتنەوەی گۆرانەو وەرن لەسەر کێی تاپۆ دەکەن بیکەن . به‌ڕاستی ئه‌وه‌ی پێشتر کاک نه‌وشیروانی ناسیبێت. هه‌رگیز رۆژێ له رۆژان بڕوای نه‌ئه‌کرد کاری له‌و شێوه‌یه بکات و هه‌موو رابوردوی سیاسی خۆی سفر بکاته‌وه . خومه‌ینی کاتی خۆی له ناچاریدا بڕیاری دا شه‌ڕ له‌گه‌ڵ سه‌دام بوه‌ستێنێت، چونکه توانای شه‌ڕیان نه‌مابو. له کاتی بڕیاردانه‌که‌دا ئه‌ڵێت: ئه‌م بڕیاره بۆ من وه‌کو ئه‌وه وایه پیاڵه‌یه‌ک ژه‌هر بخۆمه‌وه. له راستیدا هه‌وڵدانی کاک نه‌وشیروان بۆ تاپۆکردنی موڵک و ماڵی گۆڕان له سه‌ر منالەکانی به به راورد له‌گه‌ڵ خه‌باتی رابوردوی. وه‌کو خواردنه‌وه‌ی پیاڵه ژه‌هره‌که‌ی خومه‌ینی وایه. به‌ڵام دوو جیاوازی زۆر گرنگ هه‌یه یه‌که‌م: خومه‌ینی پیاڵه ژه‌هره‌که‌ی له پێناوی میلله‌ته‌که‌یدا خوارده‌وه. دووه‌م: خومه‌ینی له ناچاریدا پیاڵە ژهههرهکهی خوارده‌وه. به‌ڵام کاک نه‌وشیروان به‌پێچه‌وانه‌ی خومهینییهوه به ئاره‌زو و ویستی خۆی ئه‌مه‌ی کرد نه‌ک به ناچاری و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی چیا‌و نما ئه‌م کاره‌ی کرد نه‌ک بۆ گۆڕانخوازان. لە له‌وه‌ش خراپتر ئه‌وه‌بوو که دوای خۆی کوڕه‌کانی رۆڵی زۆر نه‌رێنیان نواند‌و ئه‌وه‌نده‌ی تر جه‌ماوه‌ری گۆڕانیان بێ ئومێد کرد. له ئێستاشدا یەکیتی پارتی به عه‌مدی مامه‌ڵه‌ی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ کوڕه‌کانی ئه‌که‌ن له‌پشتی په‌رده‌وه به‌بێ ئاگاداری خانه‌ی راپه‌ڕاندن بۆ ئه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان جارێکی تر نهتواننێت باسی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی بکات. ئێستا کوڕه‌کانی کاک نه‌وشیروان خه‌ریکی به‌ده‌ستهێنانی به‌رژه‌وه‌ندی مادی خۆیانن و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ئه‌وێت. نه‌ک بۆ گۆڕێنی سیسته‌می حوکمڕانی که پێشتر بانگه‌شه بۆ ئه‌وه ئه‌کرا. بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئێستا موڵکی تایبه‌تی خۆیانه‌و هه‌مو گۆڕانخوازان کرێچی ئه‌وانن. با بڵێین مومته‌له‌کاتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان داهاتێکی ئه‌و تۆی نییه بۆ کوڕه‌کانی. بۆنمونه داهاتی گردی زه‌رگه‌ته چییه له روی مه‌عنه‌وییه‌وه نه‌بێت؟ ئه‌مه قسه‌یه‌کی راسته به‌ڵام ئه‌وان له ئێستادا هه‌ڵگری ناوی حیزبه‌که‌ن و خاوه‌نی راگەیاندنن و لەو رێگایەیەشەوە خاوه‌نی گۆڕانخوازانن. له ئێستادا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ک کاڵایه‌ک وایه‌و بازرگانی پێوه ئه‌کرێـت و وه‌کو ده‌رئه‌که‌وێت کاسبیه‌که قازانجی زۆری هه‌یه بۆ ئه‌و کوڕانه. له هه‌ڵبژاردنی ئه‌م دوایه‌ی خانه‌ی راپهڕاندنا کاریگه‌ری راسته‌وخۆیان له‌سه‌ر ئەنجامەکەی هه‌بوه. چیا‌و نما فه‌رمانی سه‌رفکردنیان (الامر بالصرف)یان به‌ده‌سته. رێکخه‌ری گشتی به‌رپرسی جێبه‌جێکردنه و جڤاتهکانیش سه‌رۆک به‌شن. ئه‌ندامانی خانه‌ی راپه‌ڕاندنیش مه‌جلیسی راوێژن. خه‌مه قورسه‌که له‌وه‌دایه به‌ڕێز رێکخه‌ری گشتی به نیوسه‌ده خه‌بات و ماندوبون و قوربانییه‌وه به‌بێ کوڕه‌کانی ره‌وانشاد، که هیچ پۆستێکی فه‌ڕمی و حیزبی‌یان نییه ناتوانێت هیچ بڕیارێک بدات. ده‌ستوری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه کێشه‌بوه بۆ بزوتنه‌وه‌که و که‌موکورتی زۆری تێدایه. هه‌تا کاک نه‌وشیروان خۆی مابوو کێشه نه‌بوو. چونکه کاک نه‌وشیروان خۆی، یاسابوو،، ده‌ستوور بوو خاوه‌نی قسه‌ی کۆتایی بوو. گوێی بۆ هه‌موان ئه‌گرت، به‌ڵام دواجار خۆی چۆنی بویستایه هه‌رئه‌وه‌ی ئه‌کرد و حسابی بۆ که‌س نه‌ئه‌کرد. دیاره ئه‌م خه‌سڵه‌تانه تاکڕه‌وی و خۆسه‌پاندن دێنێته ئاراوەو دژی حیزبی مۆدێرنه. به‌ڵام دوای وه‌فاتی کاک نه‌وشیروان کێشه‌و گرفتی زۆر دروست بوو که کاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌که هه‌بوو. کاک نه‌وشیروان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه گرنگی زۆری بهگهنجهکانداو هێنانیه پێشه‌وه و شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنی خسته خزمه‌تیان و کردنی به واجیهه‌ی بزوتنه‌وه که. له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا پشتی کرده هاوڕێ و تێکۆشه‌ره دێرینه‌کانی ئه‌وانه‌ی که زۆرترین روڵیان بینی له دروستکردنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا. هه‌ر بۆ وه‌بیر هێنانه‌وه کاک قادری حاجی عه‌لی له سه‌ره‌تای دروستبونی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه کاری کردوه‌و پشتیوانی بوه. رۆڵێکی به‌رچاوی هه‌بوه له دروستکردنی سایت و رادیۆ‌و ته‌له‌فزیۆنه‌که‌دا له گیرفانی خۆی هاوکاری مادی زۆری کردوه. موچه‌ی خانه‌نشینی 32 مانگی خۆی داوه‌ته نانبڕاوه‌کان. یارمه‌تی زۆری له دۆسته‌کانی بۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان کۆکردۆته‌وه. کاک عوسمانی حاجی محمود، که‌سایه‌تییه‌کی ناسراوی کوردستان به گشتی و ده‌ڤه‌ری گه‌رمیانه. خاوه‌نی جه‌ماوه‌ر و دۆستی زۆره. تێکۆشه‌رێکی شۆڕشی نوێی گه‌له‌که‌مانه. کۆمه‌کی زۆری بۆ بزوتنه‌وه‌که کۆکردۆته‌وه‌و کۆمەکی نانبراوەکانیشی کردوە. پێش ئه‌وه‌ی بێته ده‌ره‌وه کاک نه‌وشیروان شێخ محەمەدی سه‌رگه‌ڵوی راسپاردوه که هه‌وڵی له‌گه‌ڵ بده‌ن بێته ناو گۆڕانه‌وه و واز له یه‌کێتی بهێنێت. چونکه ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌بێته گۆڕان له گه‌رمیان هیچمان پێ ناکرێت. به‌ڵام سه‌یره‌که له‌وه‌دایه دوای ئه‌وه‌ی بزوتنه وه‌که که وته سه رپێی خۆی کاک نه‌وشیروان هه‌میشه ویستویه‌تی ئه‌و دوو به‌ڕێزه په‌ڕاوێز بخات و به لایه‌وه گرنگ نه‌بوه له‌گه‌ڵی بن. که‌واته جێی خۆیه‌تی پرسیار بکه‌ین بۆچی؟ به‌بۆچونی خۆم ئه‌مه وه‌ڵامه‌که‌یه‌تی: دیاره بۆی ده‌رکه‌وتوه هه‌تا ئه‌مانه له نزیکی ئه‌و بن و خاوه‌نی قسه‌ی خۆیانبن ئه‌و ناتوانێت به ئاره‌زوی خۆی هه‌موو بڕیارێک بدات. که‌واته له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیدا. دوو کۆڵه‌که‌ی گه‌وره‌ی بزوتنه‌وه‌که‌ی وه‌لاناوه. له به‌رامبه‌ر ئه‌مانه‌دا زوربه‌ی به‌ناو گه‌نجه‌کان کرانه واجیهه‌ی بزوتنه‌وه‌که و پۆستیان پێدرا. تەنانەت هه‌ندێکیان ئه‌گه‌ر پۆستیان ده‌ست نه‌که‌وتایه ئه‌که‌وتنه ره‌خنه‌و گله‌یی له بزوتنه‌وه‌که‌و ته‌نانه‌ت کێشه‌یان ئه‌نایه‌وه. هه‌ندێکی تریش هه‌ر زوو خۆیان به پارتی و یه‌کێتی فرۆشت. هیچ حیزبێکی سیاسی له هه‌رێمی کوردستاندا به‌قه‌ده‌ر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان خه‌ڵکیان نه‌چونه ناو حیزبه‌کانی تره‌وه. ئه‌وه‌ش ئه‌نجامی نه‌بونی دامه‌زراوه‌ی حیزبی بوه که به‌رنامه‌ی هه‌بێت و به‌دواداچون بکات بۆ ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی گۆڕان و پۆڵینیان بکات و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه پۆستیان پێ بدرێت، نه‌ک به هه‌ڕه‌مه‌کی و به هۆی خزمایه‌تی و ناسیاوی و مه‌حسوبیه‌ت و مه‌نسوبیه‌ت و میزاجی شه‌خسییه‌وه. کاک عوسمان و کاک قادر ئه‌مه کێشه‌که‌یان بوو له‌گه‌ڵ کاک نه‌وشیروان. تێکۆشه‌ره دێرینه‌کان که هیچ پله‌و پۆستیان وه‌رنه‌گرت و هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی مادیشیان ده‌سکه‌وت نه‌بوو. بگره هاوکاری بزوتنه‌وه‌که‌شیان ئه‌کرد تائێستاش ماونه‌وه‌و له جاران گه‌رموگوڕترن. کاک نه‌وشیروان له دواییدا هه‌ستی کرد که هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌ی کردوه، لای که‌سێک که له ژیاندا ماوه وتوبوی ویستومه رێگایه‌کی تازه بۆ کارکردن بگرمهبهرو گه‌نجه‌کان پێشخه‌م. به‌ڵام بۆم ده‌رکه‌وت ئه‌مانه خه‌ریکی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان بون و به‌هۆی ئه‌مانه‌وه بەشیک لە هاوڕێ دێرینهکانیشم له‌ده‌ستدا. دیارە ئەمەی کە رویداوە بەرهەمی تاکرەوی و گوێنەگرتنە بۆ هاوڕێکانی. حه‌ز ئه‌که‌م به هه‌ڵه لێم تێ نه‌گه‌ن و وا نه‌زانن من دژی گه‌نجم، چونکه گه‌نج هه‌میشه گه‌وره‌ترین سامانی گه‌ل و نیشتمانن و دواجار ئه‌وان به‌رپرسیاریه‌تی به‌ڕیوه‌بردنی وڵاتیان ئه‌که‌وێته سه‌رشان. راستیان وتوه (هه‌ر دهوهنهو ئه‌بێ به‌دار) به‌ڵام ئه‌بێ به‌رنامه هه‌بێت بۆ پێگه‌یاندن و په‌روه‌رده کردنیان و لە هەمان کاتدا دلنیابون لەوەی ئایا کەسی شیاون بو شوینی شیاو ، جونکە تو بەرنامەت هەیە بۆ جاکسازی و گۆرینی سیستەمی حوکمرانی. ئایا ئەو کەسانەی ئەو پۆستەیان پیدەدریت ، ئەهلی ئەو کارەن؟. وه‌کو وتراوه که‌س له پڕێکا نابێت به کوڕێک. مه‌ترسییه‌که له‌وه‌دایه وه‌کو کاردانه‌وه‌یه‌ک و به مه‌بەست بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه خۆیان به قه‌رزداری بزانن و بۆ هه‌موو بریاریک ئاماده‌بن بیانکه‌یته پێشه‌نگ و دواجار سه‌ریش نه‌که‌ون. خۆش ئه‌وه‌یه تا هه‌نوکه‌ش رێکخه‌ر و هاوڕێکانی هه‌ر له‌سه‌ر هه‌مان هه‌ڵه به‌رده‌وامن. به‌ڵام به بارێکی تردا ئه‌ویش واده‌و به‌ڵێن دانه به هه‌ندێک له ئه‌ندامانی جڤاتی نیشتمانی بۆ پۆستی حکومه‌تی به مه‌رجی ده‌نگدانیان به رێکخه‌رو ئه‌وانه‌ی خۆیان به باشیان ئه‌زانن. ئه‌م ئه‌ته‌کێته له حیزبایه‌تیدا دواکه‌وتوترین نمونه‌یه‌و ئه‌نجامی خراپی لێ ئه‌که‌وێته‌وه. ئەم ئەتەکێتە لەناو هەموو حیزبەکانی هەرێمی کوردستان پەیرەو دەکرێت و دیاردەی تەکەتول و تەکەتول کاری بەرهەمهێناوەو لە ئەنجامدا حیزبەکان مەرکەزیەتیان لەدەست داوەو ئەوەتا هەرێمی کوردستان بەرەو ئاقارێکی مەترسیداردا گوزەر دەکات و بەرژەوەندی گشتی کەوتوتە بەر مەترسی گەورەوە .
د. ئیسماعیل نامیق وەرن با لەکۆتاییەکانی تەمەنماندا یەکسان بین لەژیان ومردندا خوێندنەوەیەک بۆ پرۆژە یاسای چاکسازی لەخانەنشینی ومووچە ودەرماڵە وبەخشین وئیمتیازاتەکانی دیکە یەکسانی وئەخلاق: یەکسانی چەمکێکی ئەخلاقیە، بەڵام زۆر جار بۆ مەبەستی نائەخلاقی بەکارهێنراوە وبەکاردەهێنرێت، بۆ نمونە دەستور ویاسای بەشێکی زۆر لەوڵاتە نادیموکراسەکان، سیخناخ کراون بەبنەماکانی یەکسانی، تەنها بۆ مەبەستی هەڵخەڵەتاندن وفریودانی رای گشتی نێوخۆیی ونێودەوڵەتی، چونکە لەواقیعدا بەتەواوی پێچەوانەی بنەماکانی یەکسانی هەڵسوکەوت دەکەن، لەو کات وشوێنەی پێویستە پەیڕەوەی یەکسانی بکەن، پەیڕەوی ناکەن، لەو کات وشوێنەش کە پێویستە یەکسانی پەیڕەو نەکەن، پەیڕەوی دەکەن، بەو کارەیان، چەمکێکی جوانی ئەخلاقی بەکار دەهێنن، بۆ مەبەستێکی ناشرینی نا ئەخلاقی. جا نازانم ئەو بنەمایانەی یەکسانی کە ووشەی دووەم وسێیەمن لە ماددەی یەکەمی پرۆژە یاساکەدا، بۆ چ مەبەستێک بەکار دەهێنرێن، ئایا وەکو یەکسانی نێو دەستور ویاساکانی دیکەن یان نا؟ بەڵام ئەوەندە دەزانم مووچە ودەرماڵە وبەخشین وئیمتیازاتەکانی ناو پرۆژەکە یەکسانیان تێدا نیە. پاشان ئەم پرۆژەیە ئەگەر کرا بەیاسا ئایا ئەو نا یەکسانیە بە یەکسانی جێبەجێ دەکرێت؟ یان لەناو نایەکسانیەکەشدا نایەکسانی دەکرێت؟ وەکو دەوترێت عیبرەت لەجێبەجێکردندایە. ناونیشانی پرۆژەکە: ( چاکسازی لەخانەنشینی ومووچە ودەرماڵە وبەخشین وئیمتیازاتەکانی دیکە ) ئەمە ناونیشانێکی دور ودرێژە وچەند بابەتێکی دور لەیەکی تێدا کۆکراوەتەوە، بەجۆرێک هەر لەناونیشانەکەوە خوێنەر هەست بەوە دەکات جۆرێک لەناڕێکی ونەگونجاوی هەیە لە نێوان بابەتەکانی پرۆژەکەدا، ئەمەش لەگەڵ هونەری یاسا دارشتنی باش‌دا یەکناگرێتەوە. بۆ نمونە دەکرێت پرسیار بکەین، چاکسازی لەچی خانەنشیندا؟ هەروەها ئیمتیازاتەکانی دیکە وەکو چی؟ چۆن لەناونیشانی یاسادا ووشەی دیکە بەکار دەهێنرێت؟ پاشان مووچە ودەرماڵە لەگەڵ خانەنشینیدا دوو بابەتی لەیەک جودان وپێویستە بەیاسایەکی جیاواز لەیاسای خانەنشینی رێکبخرێن. لەگەڵ رێزی زۆرم بۆ داڕێژەرانی پرۆژەکە، بەڵام ئەم پرۆژەیەم وەک داڕشتنی جۆکەر دێتە بەرچاو، چونکە لەدەرگای زۆر بابەت وبواری داوە بەبێ وردەکاری وحسابکردن بۆ کاتی جێبەجێکردن، بۆیە دڵنیام ئەم پرۆەیە بەم داڕشتنەی ئێستای بکرێت بەیاسا، لەکاتی جێبەجێکردندا کێشەو کەموکوڕی زۆری بۆ دروست دەبێت. چونکە لەراستیدا من ترسم لەوە هەیە کۆکردنەوەی کۆمەڵێک بابەت وتێکەڵکردنیان لەژێر ناوی چاکسازیدا وسپاردنی جێبەجێکردنیان بە لایەنێکی نادیار، یاساکە وەکو زۆر یاسای تر بکات بەجسمێکی بێ گیان. چاکسازی ناوە یان ناوەڕۆک؟ ئەم پرۆژەیە رەنگە ناکۆک یان دژ ویەکتر بڕ بێت لەگەڵ کۆمەڵێک یاسای کارپێکراودا، لەوانە یاسای خانەنشینکردنی پەرلەمانتار ( ساڵی 1999 هەموارکراو )، یاسای خانەنشینی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران، یاسای خانەنشینکردنی خاوەن پلە باڵاکان ( ژمارە 36 بۆ ساڵی 2004 )، یاسای ماف وئیمتیازەکانی کەس وکاری شەهیدان ( ژمارە 9 بۆ ساڵی 2007 هەموار کراو )، یاسای ئیمتیازەکانی زیندانی کراو وگیراوی سیاسی ( ژمارە 11 بۆ ساڵی 2011 )، یاسای ماف وئیمتیازەکانی کەمئەندام وخاوەن پێداویستی تایبەت ( ژمارە 22 بۆ ساڵی 2011 ) ، یاسای راژە وخانەنشینی هێزەکانی ناوخۆ ( ژمارە 18 بۆ ساڵی 2011 )، یاسای مووچە ودەرماڵەی سەرۆکی هەرێم وجێگرەکەی ( ژمارە 13 ی ساڵی 2010 )، یاسای خزمەتی شارستانی وچەندین یاسای دیکە. بەڕای من ئەم پەرتەوازەیە لەیاساکاندا هۆکارێکی سەرەکی دروستبوونی ئەو نادادیە کە ئەم پرۆژەی چاکسازیە بەحساب دەیەوێت بەشێکی رێک و راستبکاتەوە، ئەگەر کەمیش بێت. کەواتە سەرەڕای بوونی چەندین حوکمی باش لەپرۆژەکەدا، بەڵام مافی خۆمانە ترسمان لەوە هەبێت، ئەم پرۆژەیە ئەگەر بکرێت بەیاسا، لەژێر ناوی چاکسازیدا رەنگە شەرعیەت بدات بەو نادادیە گەورەیەی کە هەیە، وەکو چۆن پرۆسەی بایۆمێتری شەرعیەتی دا بەبندیوارەکان!! وە لەبەر ئەوەی من هیچ بەرژەوەندیەکم نیە، نە لەرەتکردنەوەی پرۆژەکە، نە لەپەسەندکردنی پرۆژەکە، تاکە بەرژەوەندیم، هێنانە دی دادپەروەریە، بۆیە بوێری ئەوەم هەیە بتوانم تێبینی ورەخنەکانم لەسەر ئەم پرۆژەیە بخەمە روو، وە زۆر بەرونی وراشکاویی بڵێم، ئەم پرۆژەیە دادی کۆمەڵایەتی پێ بەدیناهێنرێت، بەڵکو لەجیاتی ئەم پرۆژەیە، دەکرێت یاسایەکی خانەنشینی نمونەیی بۆ هەموو مووچە خۆرەکان دابنرێت، بەسود وەرگرتن لەئەزموون ویاسای وڵاتانی پێشکەوتوو، نەک ئەوەی عێراق بکرێت بە نموونەی باڵا وئاواتە خواز بین پێی بگەین، کەچی پێشی نەگەین!! لەپاڵ یاسای خانەنشیندا یاسای خزمەتی شارستانیش هەموار بکرێتەوە، بەجۆرێک لەگەڵ دۆخی ئێستای وەزیفە وفەرمانبەردا بگونجێت. بەیاسایەکی تریش هەموو ئەو خانەنشینی ودامەزراندن وپلە پێدان وپلەبەرزکردنەوەو ناحەقی وگەندەڵیانەی تر کەبەیاسا یان بەدەر لەیاسا کراون، هەڵبوەشێنرێنەوە، جا گرنگ نیە ناونیشانی یاساکە چی بێت. هەرچەند نامەوێت کەس بێ‌ئومێد بێت لەم پرۆژەیە ولەچاکسازی، بەڵام ئەگەر سەیری ئەو نوسخەیەی پرۆژەکە بکەین کە لەساڵی 2018 نێردرا بۆ پەرلەمان وبەراوردی بکەین لەگەڵ ئەو نوسخەیەی ئێستا نێردراوەتە پەرلەمان، دەبینین جیاوازیەکی ئەوتۆ لەنێوانیاندا نیە، کەواتە مافی خۆمانە پرسیار بکەین، ئایا هۆکار چیە ئەو ماوە زۆرە پرۆژەکە دواکەوت؟ چەندین پەرلەمانتار گرەویان لەسەر ئەوە ئەکرد ولێدوانیان ئەدا فڵان هەفتە وفڵان رۆژ پرۆژەکە ئەگاتە پەرلەمان، کەچی نەئەگەیشت وئەو بەڕێزانەش شەرمەزار ئەبوون. ئەم دواکەوتنە بێ حیکمەت نیە، بێگومان حیکمەتەکەی لەداهاتوودا دەردەکەوێت. بەرای من گرنگ نیە یاسایەکمان هەبێت بەناوی یاسای چاکسازی، گرنگ ئەوەیە چاکسازی بکرێت، ئەگەر لەغیابی یاساشدا بێت، ئەمەوێت بڵێم، چاکسازی بەناو وناونیشان ناکرێت، بەویستێکی پاک وناوەڕۆک وکردار دەکرێت. بنەماکانی دیاریکردنی موچەی خانەنشینی: دەکرێت پرسیار بکەین، ئایا لەسەر چ بنەمایەک مووچەی خانەنشینان دیاری دەکرێت؟ لەراستیدا یاسا دانان تەنها بریتی نیە لەریزکردنی کۆمەڵێک فەرمان وسەپاندنیان، بەڵکو پێویستە خودی یاساکە وفەرمانەکەش بنەما وبنچینەیەکی هەبێت، واتە پشت بەست بێت بەفەلسەفە وئاراستەیەکی یاسایی باش وپتەو، پاشان رێکی وگونجاوی نێوان حوکمەکانی یاساکە لەلایەک ولەنێوان خودی یاساکان لەلایەکی دیکەوە، هەروەها پێشبینی یاسادانەر بۆ زۆربەی زۆری حاڵەتەکان وئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی، پێویستی بەسەلیقە وشارەزایی ولێهاتوویەکی یاسایی قوڵ وبیرکردنەوەیەکی ورد وگشتگیر هەیە. کاتێک یاسای خانەنشینی دادەنرێت، دەبێت پرسیار بکرێـت ئایا مووچەی خانەنشینان لەسەر چ بنەمایەک رێک بخرێت؟ 1) ئایا لەسەر بنەمای بەشداریکردنی مووچە خۆر بێت لەسندوقی خانەنشینیدا؟ خۆ ئەگەر تەنها ئەم بنەمایە بکرێت بەپێوەر، ئەوا رەنگە پێویست بەخانەنشینی نەکات، مووچە خۆر دەتوانێت مانگانە بڕێک لەمووچەکەی پاشەکەوت بکات ولەدوای تەواوبوونی خزمەتی وەزیفی، لەپاشەکەوتەکەی خۆی بژێنێ. یان ئەوەی کەوەکو خانەنشینی لێی بڕدراوە دەوڵەت هەر ئەوەندەی پێ بداتەوە، بۆ نموونە ئەگەر ئەوەی لەساڵانی خزمەتیدا لێی بڕدراوە بەکۆی هەمووی پەنجا ملیۆن دینار بوو، ئەوا بەپێی ئەم پێوەرە دەوڵەت پابەند دەبێت تەنها پەنجا ملیۆن وسودی یاسایی ئەو بڕە بداتەوە بەو فەرمانبەرە دوای تەواوبوونی خزمەتەکەی. کەواتە ئەگەر ئەمە بکرێـت بەپێوەر نا‌بێـت ئەو جیاوازیە زۆرە لەنێوان مووچەی خانەنشیناندا هەبێت. 2) ئایا لەسەر بنەمای خزمەت وگرنگی وەزیفەکەی بێت؟ هەموو وەزیفەیەک وخزمەتکردنێک بە وڵات گرنگە لەبوار وکات وشوێنی خۆیدا، کەواتە ئەگەر ئەمەش پێوەر بێت، نابێت ئەو جیاوازیە زۆرە هەبێت، چونکە باوەڕ ناکەم ئەوەی مووچەی خانەنشینی 250 هەزار وەردەگرێـت، کەمتر خزمەتی بەوڵات کردبێت لەوەی 6 ملیۆن یان زیاتر وەردەگرێت، یان خزمەتەکەی لەخزمەتەکەی ئەم گرنگتر نەبێت. ئەی کەواتە ئەم جیاوازیە گەورەیە بۆچی؟ 3) ئایا لەسەر بنەمای پێداویستی بێـت؟ دوای کۆتایهاتنی خزمەتی وەزیفی وگەیشتنی مرۆڤــ بەتەمەنێکی دیاریکراو، تا رادەیەک پێداویستیەکان لەیەک نزیک وهاوشێوە دەبن، چونکە ئەو کاتە پێداویستیەکان بریتی دەبن لەچاودێری پزیشکی وخواردن وجل وبەرگ وسەفەر وگەڕان. مادام پێداویستیەکان لەیەک نزیک وهاوشێوەن، کەواتە ئەو جیاوازیە گەورەیە لەمووچەکانیاندا بۆچی ولەپای چی؟ 4) ئایا لەسەر بنەما بەیەکەوە گرێدانی ژیانی فەرمانبەر لەکاتی وەزیفەدا وژیانی لەدوای تەواو بوونی وەزیفەکەی بێت؟ بەو مانایەی هەر مووچە خۆرێک لەکاتی وەزیفەدا جۆرێک لەژیانی بۆ خۆی دروستکردووە، لەکاتی خانەنشینیدا پێویستە هەمان ستایڵی ژیانی بۆ فەراهەم بکرێت. بەڕای من ئەمە تاکە پێوەرە بۆ ئەو نایەکسانیە زۆرەی لەنێوان مووچەی خانەنشیناندا دەکرێت. بەڵام ئایا ئەمە پێوەرێکی رەوایە؟ رێکخستنی مووچەی خانەنشینی تەنها لەسەر ئەم پێوەرە نادادیەکی گەورەیە، وە دەبێـتە هۆی ئەوەی هەر لەسەرەتاوە نایەکسانی لەنێوان تاکەکاندا دروست بێت، بەتایبەتی لە وڵاتانی نادیموکراسیدا، دەستکەوتنی وەزیفەیەکی باش زۆر جار بەرێگەیەکی ئاسایی نابێت، بەڵکو لەرێگەی رفاندن وناشەرعیەوە دەبێت، ئیتر ئەم وەزیفە باشە دەبێتە بنچینەی نایەکسانی لەکۆمەڵگەدا وئەم نایەکسانیەش بەردەوام دەبێت، چونکە نایەکسانی ئابووری سەرچاوەی هەموو نایەکسانیەکانە. لەهەرێمی کوردستاندا نازانرێت لەسەر چ پێوەر وبنەمایەک مووچەی خانەنشینی رێکخراوە، چونکە جیاوازی ونایەکسانیەکان ئەوەندە زۆرن، هەموو سنور وپێوەرێکیان تێپەڕاندووە، ئەمەش بێسەروبەریی ونادادیەکی گەورەی دروستکردووە، وەڵامی ناڕەزایەتیەکان بەرامبەر ئەم نادادیە بەپێداچوونەوەی سەرلەبەری سیستمی خانەنشینی وسەرلەنوێ داڕشتنەوەی دەبێت، لەسەر بنەمای دادپەروەری، نەک بەپینە وپەڕوکردن. من لەگەڵ ئەوەدام سەرجەم خانەنشینان مووچەیەکی یەکسانیان پێ بدرێت، با لانی کەم لەکۆتاییەکانی تەمەندا یەکسان بین، یان ئەگەر ئەمەش ناکرێت، خۆ دەکرێت نا یەکسانیەکە ئەوەندە زۆر وگەورە نەبێت، بەڵکو لەسنورێکی مەعقولدا بێت، بۆ ئەوەی وا هەست نەکرێت، هاووڵاتیان لەپلەو چینی جیاوازدان، هەندێکیان هاووڵاتی پلە یەک وچینی باڵا ئەوانیش پلە دوو وپلە سێ و چینی نزم وخوارەوە. ناوەڕۆکی پرۆژەکە: 1) لەپرۆژەکەدا باسی مووچە ودەرماڵە وخانەنشینی سەرۆک وئەندامانی ئەنجوومەنی دادوەری ودادوەرەکان وئەندامانی داواکاری گشتی نەکراوە؟ نازانرێت هۆکار چیە؟ ئایا بوونی یەکسانی ودادپەروەریە لەمووچەی ئەم توێژەدا، یان بێدەنگکردنیانە؟ 2) ئەوانەی لەدەرەوەی کەرتی گشتی وکەرتی تایبەت کار دەکەن، هیچ حسابێکیان بۆ نەکراوە، خانەنشینی ودەستەبەری کۆمەڵایەتی نایانگرێتەوە، وەکو ئەوەی ئەمانە قەت پیر نەبن وپێویستیان بەحکومەت وهاوکاری نەبێت، یان لەدەرەوەی چوارچێوەی چەمکی هاووڵاتـی بن. 3) لەپرۆژەکەدا زۆر باسی ئەوە کراوە، ئەوانەی بەدەر لەیاسا خانەنشین کراون، یان پلەی وەزیفیان پێ دراوە، یان بەنایاسایی خزمەتیان بۆ حساب کراوە، هتد. بوونی ئەم عیبارەتانە لەپرۆژەکەدا بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کێشەکە تەنها یاسا نیە وتەنها بەیاساش چارەسەر نابێت. هەروەها سەلماندنی راستی قسەی هەموو ئەو رەخنەگرانەشە کەپێشتر وهەنووکە رەخنەیان لەخراپی بەڕێوەبردنی ئەم هەرێمە گرتووەو دەگرن، لەهەمان کاتدا ئەم عیبارەتانە دەبێتە هۆی شەرمەزارکردنی هەموو ئەو هەلپەرستانەی بۆ بەرژەوەندی کەسی خۆیان بەرگریان لەخراپی بەڕیوەبردن کردووە، بۆ دوو دینار ئامادە بوون هەزارەها قسەی هەلەق ومەلەق بکەن ورەخنەگران بەچەندین تۆمەتی ناڕەوا تۆمەتبار بکەن. سەرباری ئەوانە بوونی ئەم جۆرە عیبارەتانە لەناو پرۆژەکەدا حەقە ببێتە هۆی جوڵاندنی بەرپرسیارێتی یاسایی، کێ ئەو نایاساییانەی کردووە؟ ئێ خۆ ناکرێت هەر بەدانپێدانان ئیتر بڵێین ( عفا الله عما سلف ). 4) بەپێی پرۆژەی چاکسازیەکە سەرۆک وئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش خانەنشین دەکرێن، لەکاتێکدا بەپێی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان خانەنشین ناکرێن، ئیتر نازانم پرۆژەکە چاکسازی لەیاساکەدا کردووە، یان یاساکە لەپرۆژەکەدا؟؟!! 5) لەخاڵی سێیەمی ماددەی دووەمدا هاتووە: خاوەنی پۆستە باڵاکان ئەگەر پێشتر فەرمانبەری حکومەت بن، سەرپشک دەکرێن لەوەی خانەنشین بن، یان بگەڕێنەوە سەر وەزیفەکانی پێشوویان، وە کەدەگەڕێنەوە سەر وەزیفەکانیان، سەرپشک دەکرێن لەوەی مووچەی خانەنشینی وەربگرن، یان مووچەی وەزیفەکەیان. ئەمە چەندین کێشە دروست دەکات، لەوانە ئەگەر کەسەکە پێشتر وەزیفەی نەبوو یەکسەر خانەنشین دەکرێـت بەمووچەیەکی بەرز، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی خاوەن وەزیفەکەش نەگەڕێتەوە، بەڵکو لەجیاتی ئەوە بەمووچەیەکی بەرز خانەنشین دەبێت ولەپاڵیدا کارێکی تر دەکات، وەکو ئەوەی ئێستا باوە. پاشان ئەگەر کەسەکە گەڕایەوە سەر وەزیفەکەی پێشووی وبڕیاریدا مووچەی خانەنشینی وەربگرێت، چ میکانیزمێک هەیە بۆ ئەوەی ئەم کەسە پابەند بکرێت بەوەی لەکارەکەیدا دڵسۆز بێت، چونکە دەتوانێت بەئارەزووی خۆی دەوام بکات، ناتوانرێت سزای مووچە بڕین وکەمکردنەوەی مووچە بدرێت، وە ئەگەر زۆر ئیزعاجیش بکرێت وەزیفەکە بەجێ دەهێڵێیت، کەواتە ئەم دەقە لەجیاتی ئەوەی خزمەت بەوەزیفەی گشتی بکات زیانی پێ دەگەیەنێ، بۆیە واباشترە گەڕانەوەکە بکرێت بە إجباری ئەویش تەنها بەوە دەکرێت کەس پێش تەمەنی خانەننشینی، خانەنشینی نەکرێت. 6) لەخاڵی چوارەمی ماددەی دووەمدا هاتووە: هەژمارکردنی خزمەتی خولی پەرلەمان بۆ ئەو پەرلەمانتارەی دەگەڕێتەوە سەر وەزیفەکەی. ئەی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا کاتێک ئەگەڕێتەوە سەر وەزیفەکەی پێشووی، خزمەتی خولی ئەنجوومەنی بو هەژمار دەکرێت یان نا؟ 7) لەماددەی 3 دا: تەمەنی خانەنشینی ئارەزوومەندانە کراوە بە 45 ساڵ، دەکرێت پرسیار بکەین بۆ 45 ساڵ؟ لەکاتێکدا لەعێراقدا 50 ساڵە، ئایا هەرێمی کوردستان لەپارێزگاکانی دیکەی عێراق گەرمترە ومرۆڤەکانی زووتر گەشە ئەکەن وپیر ئەبن؟ یان لەبەر حیکمەتێکە وئێمە نایزانین؟ هەر لەماددەی 3 دا لەکۆتایی ماددەکەدا هاتووە: ئەو حاڵەتانەی دیکەی بەدەرکردن کەلەیاسای خانەنشینی بەرکاردا هاتووە. ئەم عیبارەتە روون نیە، چونکە ئاماژەی نەکردووە بە حاڵەتەکە وژمارەو وساڵ وماددەکەی یاسای خانەنشینی. 8) لەزۆر جێگەی پرۆژەکەدا ئاماژە بەیاسای خانەنشینی یەکگرتووی بەرکار لەهەرێمی کوردستاندا کراوە، ئایا دەکرێت ژمارە وساڵی ئەو یاسایەمان پێ بڵێن؟ من خۆم زۆر گەڕام بەدوای ئەوەدا ئایا کام یاسای خانەنشینی لەهەرێمی کوردستاندا بەرکارە، ئایا یاسای ساڵی 2006 یان 2014، لەراستیدا وەڵامێکم دەست نەکەوت، هەرچەند گومان ئەبەم یاسای ساڵی 2006 بێت، هەرچەندە سەیری هەموو ئەو یاسایانەم کرد کە پەرلەمان لەساڵی 1992 ەوە دەریکردوون، هیچ یاسایەکم نەبینی، یاسای خانەنشینی یەکگرتووی لەهەرێمی کوردستاندا پێ بەرکار کرابێت، رەنگە من هەڵە بم، وە رەنگە لەهەرێمی کوردستاندا یاسای بۆ دەرنەچوبێ. 9) ماددەی 7: بڕگەی یەکەم ناساز وناڕیک ( رکیک ) وناڕونە. لەبڕگەی سێیەمدا هاتووە: کەبۆ لەمەودوا بەگوێرەی یاسای خانەنشینی بەرکار دیاریدەکرێن. مەبەستەکە نارونە، ئایا تا ئێستا دیاری نەکراون؟ هەر کۆی بڕگەی 3 رەکیکە. 10) ماددەی 8، تەنها باسی فەرمانبەران دەکات کە نابێت لەیەک جار زیاتر سوودمەند بن، جا لەهەرێمی کوردستان بێت یان لەحکومەتی فیدراڵ. پرسیارەکە ئەمەیە ئایا وەزیر وپەرلەمانتار وخاوەن پلە باڵاکانیش، نابێت لەیەک کاتدا مووچە لەهەرێم وحکومەتی فیدراڵیش وەربگرن؟ بۆ لەپرۆژەکەدا باسی ئەمە نەکراوە، پاشان ئەگەر وابێ میکانیزم چیە بۆ جێبەجێکردنی حوکمێکی لەم جۆرە؟ 11) ماددەی 13: لەبڕگەی یەکەمدا هاتووە، دامەزراندن لەهەر وەزیفەیەکی پلە باڵا رادەگیرێت. ئەی ئەوانەی بەنایاسایی لەو پلانەدا دەمەزراون چی‌یان لێدەکرێت؟ پاشان بڕگەی دووەم وسێیەم هەموو خاوەن پلە باڵا ( معوم ) ەکان بەمووچەی بەرز خانەنشین دەکات بێگوێدانە ساڵی خزمەت وتەمەن، ئایا ئەمە چاکسازیە، یان شەرعیەتدانە بەگەندەڵی؟ 12) ماددەی 16: بڕگەی دووەم بەدیاریکراوی ئاماژەی بەهەڵوەشاندنەوەی یاسای خانەنشینی خاوەن پلە باڵاکان کردووە. حیکمەت چیە لەوەی بەتەنها باسی هەڵوەشاندنەوەی ئەم یاسایەی کردووە؟ راستە لەهەمان بڕگەدا دەڵێت کار بەهیچ دەقێکی یاسایی ناکرێت ناکۆک بێت لەگەڵ ئەم یاسایە، بەڵام پاشان ناوهێنانی تەنها یەک یاسا بێ حیکمەت نیە، پێویست بوو ئاماژە بەهەموو ئەو یاسایانە بکات کە هەڵدەوشێنرێنەوە، لەپێش هەموویانەوە یاسای خانەنشینکردنی پەرلەمانتار ووەزیر. 13) پرۆژەکە لە ماددە 4 وماددە 13 وماددە 17 دا باسی ئەوەی کردووە ئەنجوومەنی وەزیران پەیڕەو دەردەکات. ئەم تێبینیانەم لەسەر ئەو سێ پەیڕەوە هەیە: ڕ) لەماددە 4 دەڵێت دەستەی خانەنشینی نیشتمانی بەپەیڕەو دروست دەکرێت، ئەمە هەڵەیە، چونکە دەستە بەیاسا دروست دەکرێت نەک پەیڕەو. ب) لەماددەی 13 هاتووە، دامەزراندنی بەڕێوەبەری گشتی وبەرەو ژور بەپەیڕەو رێکدەخرێت. ئەمەش هەڵەیە، چونکە بەڕێوەبەری گشتی تەنها بۆ دەسەڵاتی جێبەجێکردن دانامەزرێنرێت، بۆ هەردوو دەسەڵاتەکەی تر ودەستە سەربەخۆکانیش، کەواتە ئەم بابەتە دەبێت بەیاسا رێک بخرێت، نەک پەیڕەو. ج) لەماددەی 17 هاتووە، ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئاسانکاری جێبەجێکردنی ئەم یاسایە لەماوەی (60 ) رۆژ لەجێبەجێکردنیەوە پەیڕەوێک دەردەکات. لەماددەی 19 شدا دەڵێت ئەم یاسایە لەدای تێپەڕبوونی 90 رۆژ لەرێکەوتی دەرچوونی پەیڕەوەکەوە جێبەجێ دەکرێت. ئەم دوو ماددەیە هەڵە ومەبەستی غەریبیان تێدایە، ماددەی 17 دەڵیت لەماوەی 60 رۆژ لەجێبەجێکردنی یاساکەوە پەیڕەو دەردەکرێت، کەچی ماددە 19 دەڵێت دوای 90 رۆژ لەدەرکرنی پەیڕەوەوە جێبەجێ دەکرێت، من هیچ ناڵێم خۆتان سەرنج بدەن وبزانن کەی ئەم یاسایە جێبەجێ دەکرێت؟ ئەبوو بوترایە لەماوەی 60 رۆژ لەرۆژی بڵاوکردنەوەیەوە یان دەرچوونیەوە، یەیڕەوی بۆ دەردەکرێت ولەدوای 90 رۆژ لەدەرکردنی پەیڕەوەکەوە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. هەروەها ناشزانرێت ئەم پرۆژەیە لای پەرلەمان وسەرۆکایەتی هەرێم چەندێکی پێ ئەچێ، بەکورتی ئەبێ تا زستانی داهاتوو چاوەڕێ بین، بزانین چاکسازی ئەکرێت یان نا؟ بەکورتی دواکەوتنی ئامادەکردنی پرۆژەکەو دواخستنی جێبەجێ کردنی ئاماژەی باش نین لەسەر پرۆژەکە. 14) لەماددە 12 دەڵێت: دەبێت وەزیری پەیوەندیدار وسەرۆکی پەیوەندیداری لایەنی نەبەستراو بەوەزارەت وفەرمانبەری تایبەتمەند حوکمەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن. لەماددەی 18 شدا جەخت دەکاتەوەو دەڵێت پێویستە ئەنجومەنی وەزیران ولایەنە پەیوەندیدارەکان حوکمەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن. بەرای من ئەوەی ماددە 12 زیادەیە. هەروەها ئەم جەختکردنەوەیە خۆی لەخۆیدا گومان دروست دەکات لەسەر خودی پرۆژەکە، رەنگە دەسەڵاتداران زۆر دڵنیا نەبن لەوەی دەتوانن جێبەجێی بکەن. رۆژگاریش راستی وناڕاستی ئەم گومانە بەدەر دەخات. لەکۆتاییدا دەڵێم، زۆرجار لەمێژوودا رویداوە، ئەوانەی باسی چاکسازیان کردووە، لەواقیعدا رەفتاری پێچەوانەیان کردووە، بۆ نموونە لەوکاتەی باسی کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەریان کردووە، مووچەی خۆیان ودارودەستەکانیان زیادی کردوە، لەو کاتەی ئیفادیان لەخەڵک قەدەغەکردووە، گەڕان وهاتوو چۆی خۆیان زیادی کردووە، لەو کاتەی دەرماڵەی منداڵی فەرمانبەریان کەمکردۆتەوە، مووچە وپاروی چەور تریان بۆ منداڵەکانی خۆیان دابین کردووە، لەوکاتەی بەخەڵکیان وتووە مردن شانازیە، خۆیان باشتر ژیاون. من رەشبین نیم وهەموو هەنگاوێکی باشیش بەرز دەنرخێنم، بێگومان ئەم پرۆژەیە خاڵی باشی تێدایە، بەڵام لەهەمان کاتدا مافی خۆمانە قسەی لەسەر بکەین، پرسیار بکەین، ئایا ئەم پرۆژەیە دەبێتە هەوێنی چاکسازی راستەقینە؟ یان هەر چەمکێکی ئەخلاقیە وبەکار دەهێنرێت بۆ مەبەستێکی شاراوە، لەژێر ناونیشانی دروشمی جوان و بریقەدار بۆ سەرقاڵکردن ودڵخوشکردن.
ھێمن کەریم بەوتەی بەشێك لە شرۆڤەكارانی عەرەبی و ئەمریكایی بەتایبەتی و خۆرئاواییش بەگشتی، هەژموونی دەوڵەتی ئێران بەسەر تەواوی عیراقەوەیە و لەم نێوەندەشدا كێشە مەزهەبی و تائیفییەكان رۆژ بەڕۆژ لەزیادبوندان، عیراق وەك شارێگەی ئیران لەلایەن ئەمریكاوە تەماشادەكرێت كە سەرجەم یارمەتییەكانی ئەم یان ئەو وڵات لێوەی سەرچاوە دەگرێت، بەدیوێكی تریشدا ئەمریكییەكان پێیانوایە «دەستێوەردانی ئێرانییەكان لە چەند دەیەی رابردووەوە بۆ وڵاتانی ناوچەكە لەرێی ئامادەیی ئێرانەوە بووە لە عیراقدا بەتایبەتی لە ئێستادا». كەمنین ئەو لێدوانانەی كە لەلایەن ئیدارەكەی ترەمپەوە ئاماژە بەوە دەدەن كە گوایە حكومەتەكەی ترەمپ وەك حكومەتی سەرۆكەكانی دیكە نییە، واتە وەك ئەوانەی رابردوو بەتایبەتی حكومەتە دوو قۆناغییە هەشت ساڵییەكەی ئۆباما، واتە وەك ئەوان ئارامگر‌و چاوەڕوانیی زۆریان نییە، بەواتایەكی تر ئیدارەی ئێستای ترەمپ ناتوانێت ئیتر چاوەڕوانی سەركردە عیراقییەكان بكات، بۆیە زۆر بەڕوونی ستراتیژی خۆی بۆ عیراق خستۆتەڕوو كە پشتیوانیی هەر دەنگێكی ناڕەزایی دەكات لە شەقامی عیراقی‌دا، بەتایبەتی ئەو ناڕەزاییانەی كە بەوە لێكدەدرێنەوە كە لەدژی ئێران بن، ئەمەش ئەو هۆكارەیە، كە عیراق بەرەو شەڕێكی ناوخۆی و تائیفی دەبات. هەرچی ئێرانیشە دەستبەرداری ئێستای عیراق نابێت و بە پێگەیەكی ستراتیژی و ئامانجێكی خۆی پۆلێنی كردووە، بەواتای لێدان لە ئێستای عیراق، ناڕاستەوخۆ لێدانە لە ئایندەی ئێران، ئەگەر بە راستەوخۆش وەسف نەكرێت لەلایەن ئێرانییەكانەوە، ئەمەش واتە دەستێوەردانی راستەوخۆی لایەنی دووەم و لایەنی سێیەم، بۆ كاروباری ناوخۆیی عیراق، بە دەستتێوەردان و پێشێلكردنی تەواوی سەروەریی خۆیشی دەبینێت.هەرچی بەشێك لە هاووڵاتیانی عیراقیشە هەندێك لە سەركردەكان بە خەڵكانی سەر بەم یان ئەو دەوڵەت دەزانن، ئا لێرەشەوە ئەگەری شەڕێكی ناوخۆیی رووی لەعیراقە. بەپێی هەندێك ئاماریش لەپاش كۆتایی هاتنی جەنگی دووەمی جیهانەوە تا ساڵی 1999، نزیكەی 150 جار شەڕی ناوخۆ روویداوە، ئەم شەڕە ناوخۆییانەش كە لەهەر وڵاتێك روویدابێت، دەستێوەردانی دەرەكی هۆكاری هەڵگیرساندنی بووە، لایەنی دووەم و سێیەمیش وەك نێودەوڵەتی یان هەر رێكخراوێكی جیهانی هاوكاربووە لە پەرەسەندنیاندا، چونكە لەهەر راگرتنی شەڕێك گروپ و تاقمی جیاواز جیاواز دروست بوون لە ئەگەری پەراویزخستنیاندا. لە ئەدەبیاتی شەڕی ناوخۆییدا ئارگۆمێنتی جیاوازهەن، لەبارەی هۆكانی پشت دەستێوەردانی دەرەكی هەم بۆ هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ و هەم بۆ پەرەپێدانی ململانێكان بۆ هەڵگیرسانی ئەو شەڕە، یان وەك هاوبەشی خۆی یان وەك لایەنی درێژەپێدەری رێباز و ئامانجەكانی، بۆ نموونە پەیوەندیی ئێران بە عیراقەوە لەسەر بنەمایی شیعەگەریی و ریبازی شیعی سەرچاوەی گرتووە، واتە مەزهەبگەرییە، نزیكیی توركیا لە توركمانەكانی عیراقەوە واتە پەیوەندیی خاكی و خوێن، ئەمەش بۆ توركیا دەبێتە هۆكار بۆ دەستتێوەردان، پەیوەندیی ئەمریكا بە عیراقەوە واتە فریادڕەسی عیراق لەدەستی زوڵم. ئێستاش ئیدارەی ترەمپ كاتێك دەیەوێت قسەیەك لەسەر عیراق بكات، خۆی بە خاوەنی شەرعی دەزانێت بۆ دەستێوەردان لەناوخۆی عیراقدا، بەهۆكاری ئەوەی كە ئەوانبوون عیراقییەكانیان لەدەستی سەدام ئازادكرد، بۆ نموونەش لەساڵی 2017دا ترەمپ دەڵێت: ئێمە لەتەواوی سەركردەكانی عیراق نیگەرانین و ناتوانن سەروەریی عیراقییەكان بپارێزین». لەبەشێكی تردا ناڕاستەوخۆ دەڵێت:» ئێمە بۆ ئەوە عیراقمان ئازاد كرد تا هاووڵاتیانی عیراق ئازادبن، نەك سەركردەكانیان هی وڵاتە دراوسێكانیان بن، بۆیە دەبێت ئازادیان بكەینەوە»، واتە ئەمریكاش رێگەی راستەوخۆ و شەرعییەتی راستەخۆی بەخۆی داوە بۆ دەستتێوەردان لە هەركارێك و هەركاتێك بیەوێت بۆ ناوخۆی عیراق. عیراقی ئێستا بەدەست ئەو دەستێوەردانانەوە سەروەریی لەدەست داوەو بەرەو ناڕەزایی توندی هاووڵاتیانی هەنگاوی ناوە و بەئاشكرا رۆژانە دەستێوەردانەكان پرۆتستۆ دەكەن و هاووڵاتیانی عیراقیش بەدەست میلشیاكان و هێزە چەكدارەكانەوە دەكوژرێن، بەمانایەكی تر تەواوی عیراق لەشەڕی ناوخۆییدان بەتەواوی پێكهاتەكانەوە لەدژی یەكترین. هیچ سەروەرییەكی عیراق نەماوە دەستی بۆ نەبرێت لەلایەن ئەم یان ئەو وڵاتی دراوسێوە. هەرێمی كوردستانیش بەدەرنییە لەو دەستێوەردانە، ئەویش كەوتۆتە قووڵایی ململانێكانەوە. كەوتۆتە نێوان ململانێی مەزھەبی و هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكانەوە، بۆیە دەست تێوەردان بۆ ھەرێمیش ئاسانتربوە، بەداخەوە بەبێ رەچاوكردنی هاوسەنگیی هێزو پێگەی جوگرافی و سەربازیی، حزبێك كۆی بڕیارەكانی گرتۆتە دەست و نایەوێت و ناهیڵێت پەیوەندیی و پرسە نێودەڵەتییەكان بەهەمەلایەنە بكرێت و هەمووان رۆڵ و قورسایی و قسەیان هەبێت لەو پرسەداو بەپێچەوانەوە دەیەوێت بەخواستی خۆی تەحەكوم بە پەیوەندییە هەرێمییەكانەوە بكات، كە ئەمەش مەترسیی بۆسەر هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەبێت لە ئایندەدا و ئەگەر تەباییەكیش لەنێوماڵی كوردیدا هەبێت لەبەرامبەر هەڕەشە دەرەكییەكان و دەستێوەردانە ئیقلیمییەكان، ئەم جۆرە مامەڵەو تێڕوانینە ئەویش دەخاتە مەترسییەوە. بۆیە گرنگە هاووڵاتیبوونی كورد رەچاوبكرێت و لەبازنەی خواستی یەك حزب دەربكرێت تا سەروەرییەكانی بپارێزرێت و هەمووان پێكەوە و بە بیركردنەوەی دەستەجەمعی بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی هەر دۆخێكی نەخوازراو بگرنە ئەستۆ کەروبەری عێراقێکی ئاگراوی بۆتەوە، تا ھەرێمیش نەبێتە گۆرەپانی لایەندارەی مەزھەبی ئەم یان ئەو نێودەوڵەت و ئیقلیمی. خەمی کوردبوون لەم قۆناخەی عێراقدا گرنگە ، هەمووان ئەو راستیەش دەزانین بە هاووڵاتی ئاسایی و نووسەران و شرۆڤەكارانەوە بە حزبی و ناحزبییەوە کە هەمووان لە كەشتییەكداین، بشێوێت لە هەمووان پێكەوە دەشێوێت، كەواتە با هەمووان بەشداربین لە كار‌و راو تەگبیردا.
عەلی مەحمود ماوەی نزیك یانزە ساڵە لەگەڵ ئەم كەیسەدا دەبەمە سەرو چاودێرێكی وردیش بومە بەسەر لێدوان و پڕۆژەو هەوڵەكانەوە, تاقیكردنەوەیەكی گرنگیش بوو بۆ دەرچوون لێی كە كەس لێی دەرنەچوو, دەڵێی كارەكتەرەكانی بەبان پردی سیراتا دەپەڕنەوە, دادپەروەری تاقیكردنەوەیەكی سەختە, بەوانەشەوە قسەی هێندە زلیان دەكرد, لەجیاتی پڕۆژە یاسایەك دوویان ئیمزا كرد,چەپ و شیوعییەكانیش لەوانی دیكە خراپتر چوون بە قوڵایی زەویدا, ئیتر ئیدعای هێنانی یەكسانیشمان بۆ دەكەن. موزایەدەچییەكان هەر لەسەر كورسییەكە دابەزین نەموزایەدەیان ما نەهەوڵ, شەش و نیوەكەی خۆیان و دوو حیمایەی كوڕ‌و زاوا‌و خەزوری خانەنشینیان بۆ مایەوە, ئیتر ببڕای ببڕ باسی موچەیان نەكردەوە, لەدوو خولی پێشوودا لە یادمە دوای گردبونەوەی ئێمە چ سەرۆكی پەرلەمان‌و چ وەزیری دارایی بڕیاری چاكسازییان دا‌و دەستیان خۆش بێت, ئەوان لە جێبەجێنەكردنی بەرپرس نین چونكە شار بەدەر كران, لە خولی پێشووش كە پڕۆژەكەی حكومەت لەوەی ئێستا باشتربوو بۆ كەمكردنەوەی جیاوازی هێنرایە ناو پەرلەمان. لەهەموو جیهان پەرلەمان كلك و گوێی یاسای حكومەت دەكات لە خزمەت دەنگدەران, كەچی ئەوجارە پەرلەمان بە دوو ملیۆن رازی نەبوون تا ئێمەش ناچار بوین لەوانمان تێكدا, ئاخر بێویژدانانە موچەی قەبەیان لەسەر كاغەزی سپی پڕۆژە بۆ خۆیان دیاریكرد, هەرچی پڕۆژەكەی ئەمجارەشە بە ماتماتیكێكی وا دەستیان پێكردووە تەنها كۆچەر بیركار مەگەر بتوانێت حەلی بكات, زۆر باشیان بۆ خۆیان رێك خستووە وەك ئەوەی فاقیان بۆ قەتێ شاردبێتەوە, نازنم ئەم نەخوێندەوارانە ئەم هەموو زەرب و تەقسیمەیان چلۆن رێكخستووە, ئیتر نە ئێمە قەتێین نە ئەوانیش راوچییەكی باش, پێویستە فاقەكە پوچەڵ كرێتەوە. گرنگترین شت لە یاسای چاكسازی كەمكردنەوەی ئیمتیازتی پلە باڵاكانە لە موچەی بنەڕەتی و خانەنشینی ئەویش تیایدا غائیبە, هەر ئەمەشە وا دەكات بە كەمكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ 60 ساڵ كە هەنگاوێكی گرنگە دڵخۆش نەبین. نا یەكسانی كە تەنها موچە سەرچاوەكەی نییە بەڵكە دزی و تاڵانە, وەلێ لایەنێكی فەرمی و دیاری موچەیە, بۆیە گرنگە جیاواز موچە كەمبكرێتەوە بەشێوەیەكی دادپەروەرانە, كە لە ئاستێكی زۆر بەرزدایە لە كوردستان, نازانم شەرم نییە موچەی كەمئەندامێك 75 هەزار دینار بێت, سەرۆكی هەرێم 23 ملیۆن و پەرلەمانتارێك 8,5 ملیۆن كە 306 جار و 113 جار جیاوازییانە, ئەگەر بەناوی لیستی جیهانی جیاوازی موچەدا بگەڕێین جگە لە وڵاتە مەلەكییەكان و كامیرۆن و تۆنگۆو بۆرندی لە هیچ وڵاتێكی دیكەدا كارەساتی وا نییە, هەرچەندە دەسەڵاتدارای ملیاردێری كوردستان ئەگەر موچەیان بە ملیار دیناریش بێت بۆ ئەوان پووشێكە.
گوڵاڵە سدیق لەئێستادا ناکۆکیەکی قوڵ دەبینرێت لەنێوان هەردوو مەرجەعی باڵای شیعەکان(نەجەف، قوم) کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر کاروباری سیاسی و پەیوەندی نێوان لایەنە دەسەڵاتدارەکانی عێراق دروست کردوە. جیاوازی نێوان مەڕجعەی قوم و نەجەف ئەوەیە: هەرچی مەڕجعیەتی قومە باوەڕی تەواوی بە ولایەتی فەقهی هەیە، هەمیشە پیاوانی ئاینی و فەتواکانیان لەسەرو هەمو دامودەزگا ڕەسمییەکانەوە دەبینن، وە هەمیشە سیاسەتکردن بەکاری پیاوانی ئاینی دەزانن، لەهەر کاتێک مەڕجەع هەر فەتوایەک بدات بێ گوێدانە دەرکردنی یاسا بۆی لەخودی یاساکە بەهێزترە. ئەمە لەکاتێکدا کە مەڕجعی باڵای شیعەکانی عێراق عەلی سیستانی باوەڕی بە ولایەتی فەقهی نیه و دژیەتی. ناکۆکییە شاراوەکانی نێوان قوم و نەجەف ئیتر بواری شاردنەوەیان نەماوە، کار گەشتوەتە ئەوەی بەئاشکرا دژایەتی یەکتر بکەن لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا. جەنگی ساردی نێوان هەردوو مەڕجەع لەئێستادا هێزە عێراقییەکانی بەسەر هەردو بەرەکەدا دابەشکردوە: ـ ئەوانەی وەلائیان بۆ خامەنەئی هەیە داوای ولایەتی فەقهی دەکەن. ـ ئەوانەی وەلائیان بۆ سیستانی هەیە ئەوانەن دژی ولایەتی فەقهی و هەیمەنەی ئیرانن لە عێراق. شیعەی عێراق بەوە ناسراون کە باوەڕی تەواویان بە مەڕجەعی باڵای خۆیان هەیە بێ گوێدانە ئەسڵ و فەسڵ و سنوری ئەو جوگرافیابەی کە لێوەی هاتوە، هەر ئەم بیروباوەڕەشە کە وایکردوە هەر فتوایەک لەلایەن مەڕجعی باڵای عێراقیەوە بدرێت هێزی یاسای هەیە و هەر تاکێکی شیعە لەعێراقدا بێ بیرکردنەوە یان ناڕەزای دەربڕین پابەند دەبن بە فەتواکەوە. عەلی خامنەئی زۆر زیرەکانە ئەو فەتوایەی سیسانی قۆستەوە و توانی لەبەرژەوەنی خۆی بەکاری بهێنێت، کاتێک سیستانی فەتوای جیهادکردنی دا دژی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش و لەپەرلەمانەوە ئەم فەتوایە بەرگی یاسایی کرا بەبەردا و ڕێگای بەدروستکردنی حەشدی شەعبی دا، بەجۆرێک عەلی خامنەئی توانی چەندین میلیشای چەکداری لەعێراق بخاتە ژێر هەیمەنی خۆیەوە لەڕێی سەرۆکەکانیانەوە. ئەو هێزە میلیشیانەی دوای فەتواکەی سیستانی بەرگی یاسایی کرا بە بەریان، ئەمانەن: ١ـ سەرایا سەلام: ئەم هێزە سەر بە موقتەدا سەدرە و زۆربەی ئەندامەکانی پێشتر ئەندام بوون لە جەیشی مەهدی. ٢ـ ڕێکخراوی بەدر: ڕێکخراوێکی چەکدارە سەر بە هادی عامرییە کە ساڵی ٢٠١٢ لە مەجلسی ئەعلای عەمار حەکیم جیابویەوە و بەئاشکرا وەلائی خۆی بۆ ئێران دەردەبڕێت، وە ئەم ڕێکخراوە زۆرترین ئەندام لەخۆدەگرێت. ٣ـ عەسائبی ئەهلی حەق: دوای ئەوەی جەیشی مەهدی قەدەغەکرا بە فەرمانی موقتەدا سەدر ئەم باڵەی لێ جیابویەوە و قەیس خەزعەلی سەرۆکایەتی دەکان. ٤ـ حزبوڵای عێراقی: پێکهاتوە لەچەند کەتیبەیەک کە زۆر نهێنین و تەنها و تەنها فەرمان لە ئێرانییەکانەوە وەردەگرن. ٥ـ حزبوڵای نوجەبا: لە ساڵی ٢٠١٣ لە عەسائبی ئەهلی حەق جیابونەوە و ئەکرەم کەعبی سەرۆکیانە. ٦ـ سەرایای جیهاد و بەنا: ڕاستەوخۆ لەگەڵ فەتواکەی سیستانی دامەزرا. ٧ـ کەتیبەکانی سەید شوهەدا: لە حزوڵای عێراقی جیابونەوە و حاجی وەلا سەرۆکیانە. ٨ـ کەتیبەکانی تەیار رسالی: دوای فەتواکەی سیستانی دامەزرا بە سەرۆکایەتی عدنان شەممانی. ٩ـ سەرایای خوراسانی: ساڵی ٢٠١٣ بەسەرۆکایەتی حامد جەزائری دامەزرا. ١٠ـ سەرایای عاشورا: ڕاستەخۆ لەگەڵ فەتواکەی سیستانی دامەزرا. ١١ـ سەرایای عەتەبات: دوای فەتواکەی سیستانی دامەزرا. بەهەمان شێوەی هێزە سیاسیەکان، حەشدی شەعبی کە بەفەتوای سیستانی دامەزرا بوون بە دوو بەشەوە: ـ هەندێکیان وەلائیان بۆ ئیران و ولایەتی فەقهی هەیە. ـ بەشێکی کەمیان وەلائیان بۆ علی سیستانی هەیە و دژی ئێرانن. لە چوارەمین هەڵبژاردنی عێراقدا، گەلی عێراقی کەوتنە نێوان گرەوی نەجەف و قومەوە، بەجۆرێک کە عەلی سیستانی فەتوای دا‌و داوای‌کرد ڕێگە نەدرێت بە دەستوەردانی دەرەکی لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا، وە بۆ یەکەمجار هاوڵاتیانی ئاگادارکردەوە کە مولزەم نین بە دەنگدانەوە! هێزە سیاسیەکان لە فەتواکەی سیستانی ئەوەیان خوێندەوە، کە سیستانی لە هەوڵدایە بۆ گۆڕینی ڕێڕەوی سیاسی لە عێراقدا، ئەمەش وایکرد کە عەلی خامنەئی بەهەمو قورسایی خۆی کاریکرد بۆ سەرخستنی ئەو هێزە سیاسیانەی کە وەلائیان بۆ ئێران و دەوڵەتی فەقهی هەیە. بەم شێوەیە پێگەی سیستانی لەعێراقدا کەوتە مەترسیەوە بەتایبەت پاش ئەوەی کە ئایەتوڵا مەحمود هاشمی بوو بەسەرۆکی حەوزەی نەجەف کە باوەڕی تەواوی بە ولایەتی فەقهی هەیە و سەر بەئێرانە. بەم شێوەیە ئێران لەڕێی سەرۆکایەتی حەوزەی نەجەف و قومەوە دەتوانێت ڕابەرایەتی هەمو شیعەی جیهان بکات. ئەمانە بوون بە هۆکاری ئەوەی مەڕجەعی شیعەی عێراق ناکۆکییە شاراوەکان بخاتە ڕوو و ڕوبەڕوی گەلی عێراقی بکاتەوە بە دروشمی نیشتمانمان دەوێت. وە لە کۆتا ووتاری هەینی ئەمڕۆدا نوێنەری سیستانی داوای ئەوەی کرد کە چەک لە میلیشیا چەکدارەکان دابماڵن و چەک تەنها لەدەستی دەوڵەتدا بمێنێتەوە، ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە پێشتر ئەو هەمو میلیشیا چەکدارانە بە فتوایەکی سیستانی لە پەرلەمانەوە بەرگی یاسایی کرا بە بەریان، سەرلەبەریان هەڵبوەشێتەوە و لەچەک دابماڵدرێن، ئەگەر ڕۆژانێک ئەم هێزە میلیشیایانە دژایەتی داعشیان کردبێت و ووڵاتیان لەدەست داعش ڕزگار کردبێت، ئەوا لەئێستادا ئەم هێزە میلیشیایانە مەترسین بۆ سەر بەرەی نەجەف و سەروەری خاکی عێراق و بڕیاری عێراق. ئەمەش پێمان دەڵێت کە سیستانی لە فەتواکەی خۆی پەشیمان بوەتەوە و ئاساییە کە سەرکردەیەک یان مەرجەعێک ڕۆژێک بڕیارێک دەربکات و پاش ماوەیەک پێچەوانەی بڕیارەکەی یەکەمجاری بڕیارێکی تر دەربکات، بەڵام لە بەرژەوەندی خەڵک نەک دژی خەڵک.
شيلان رةئوف دەستپێك، پێویستە ئەوە بڵێم وەكو مێینەیەك هەرگیز دروشمە باق وبریقەدارەكانی ڕێكخراوەكانی پەیوەندیدار بەژنان، جا لەژێر هەر ناوێك‌دا بن ولەسێبەری هەر پارت ولایەن وكەسێكدا لەدایك بووبێتن، كاریگەری نەبووە لەسەر بیروباوەڕ وبیركردنەوەم لەبابەتەكانی پەیوەندیدار بەمێینە، پێم وانییە لەداهاتووشدا كاریگەری هەبێت، چونكە پێم وابووە وپێم وایە ئەم ڕێكخراوانە لەناوەڕۆكدا گوزارشت ناكەن لەڕێكخراوی كۆمەڵگای شارستانی وبەتاڵن لەو ئامانجەی كەوا پێویستە كاری بۆ بكەن، بەڵكو ئەم ڕێكخراوانەش هاوشێوەی پارتە ڕامیارییەكان وڕێكخراو ودەزگا جۆربەجۆر و فرە ناو وزۆر وبۆرەكانی تر تەنها ئامانجیان دابەش كردن ولێكترازاندنی كۆمەڵگا وبردنیەتی بەرەو نادیاری ولێڵی، جا بەئاگاییەوە بێت یان بەبێ ئاگایی، بەگوفتار وبەكردار ئەمە بكەن یان گوفتار وكرداریان پێچەوانەی یەكتری بێت وبەكرداریان ئامانجە ڕاستەقینەكەی پشتی دروست بونیانمان بۆ نمایش بكەن. ئەم ڕێكخراوانە مەبەستیانە مێینە دابەش بكەن بەسەر علمانی وئیسلامی، ئازادیخواز ونائازادیخواز، پێشكەوتوو ودواكەوتوو، بیركراوە وبیرتەسك وداخراو، وە بەسەر چەندین زاراوەی تردا پۆلێنیان بكەن، هەر بەمەشەوە وازناهێنن بەڵكو لەدوای یەكەم قۆناغی پۆلێن‌كردن قۆناغی دووەمی پۆلێن‌كردن دەستپێدەكات كەلەناو هەریەكێك لەو زاراوانەدا پۆلێنیان بكەن بۆ گروپی بچوكتر، واتا بەتەنها بەپۆلێنكردنت بۆ علمانی وازناهێنن ئەبێت دوای ئەوە پارتە سیاسیەكەشت ڕوون وئاشكرابێت، تەنها علمانیبوون بەس نییە ئەوەی گرنگە لەدوای علمانی بوونەكەوە لەكام پارتی سیاسی‌دا خۆت ئەبینیتەوە؟ خۆ بۆ ئیسلامییەكەش هەمان شتە، تەنها پۆلێنكردنت بەئیسلامی بەس نییە بەڵكو لەدوای ئەوە دەبێت ناسنامەی پارتە سیاسیەكەش كەلەپاڵیدای ئاشكرا بێت، دواتریش لەناو پارتە سیاسیەكەشدا دابەشت ئەكەن بۆ گروپ وباڵ وزاراوەی تر، جا ئەوە باسی ئامانجە ئابورییەكەی پشتی دروستبوونی ڕێكخراوەكان ودۆزینەوەی ئیش وپلە وپۆست وناو وناوبانگ بۆ كەسەكان هەر ناكەین چونكە ئەوە ئامانجێكی هێندە ڕوونە پێویستی بەدیسان شەن وكەوكردنەوەی نییە. وەك مێینەیەك كەباوەڕم بەمرۆڤبوونی مێینە هەیە، بەهەمان ئەندازەی كەباوەڕم بەیەكسانی هەموو تاكەكان هەیە لەئەركەكانیاندا لەبەرامبەر یاسادا، بێگومان هەر یەكە بەپێی سروشت وپێگە وپلەی خۆی، كاتێك لەهەمان پێگەی یاسایدا بن، بەهەمان ئەندازەش باوەڕم نییە بەپێویست بوونی جیاكاری ئەرێنی لەمافدا بۆ مێینە، تەنها ئەو جیاكاریە ئەرێنیانە نەبێت كەسروشتی مێینە بوون فەرزی ئەكات، ناگونجێت لەلایەك باسی یەكسانی بكەیت لەماف وئەركدا لەنێوان مرۆڤەكاندا ولەلایەكی تریشەوە باسی جیاكاری ئەرێنی بكەیت لەمافدا بۆ مێینە، تەنها ئەو جیاكاریە ئەرێنیانە نەبێت كەسروشتی مێینە بوون وپێگەی كۆمەڵایەتی مێینەكە دەیخوازێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە دژم لەگەڵ ئەوەی مێینە بەتەنها هۆكاری گیروگرفت وكێشەیەك سەیربكرێت كەبەرۆكی كۆمەڵگای گرتووە، جا كێشەكە هەرچیەك بێت، كەلەبنچینەدا كێشەكە فرە لایەن وفرە ڕەهەند وفرە هۆكارە، وە دژم لەگەڵ ئەوەی مێینە بەئامڕازێك بۆ چارەسەركردنی یان دروستتر بڵێین بۆ پینەوپەڕۆكردنی كێشە وگرفتێك بەكاربهێنرێت كەئەو تەنها هۆكار نییە لەخوڵقاندنیدا یان لەوانەشە هەر لێی بێبەری بێت. كاتێك فەتوای ژمارە (1022ی دەرچوو لەڕێكەوتی 4/12/2019)ی ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستان دەخوێنینەوە ڕێك ئەو وێنایە لەخەیاڵماندا دەكێشێت كەتەنها مێینە هۆكاری ئەو دەستدرێژی ولادانە ئەخلاقییانەیە كەبەهۆی كاری تاكسییەوە دروست دەبێت وئەبێت مێینەش ئامڕازی پینەوپەڕۆكردنی بێت، بەواتایەكی تر ئەم فەتوایە ئۆباڵی سەرجەم ئەو كێشە وگرفت ولادانانەی كەشۆفێریكردنی تاكسی ئامڕازی ڕوودانیان بووە ودەبێت كردی بەملوانكەیەك وكردیە ملی مێینەوە. بەڵام خۆ ئەگەر بەویژدانیشەوە قسەبكەین ئەوا ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم گلەیی لەسەر نییە، چونكە ئەویش هەڵقوڵاوی ئەم ژینگەیە وئەم كۆمەڵگایەیە، لەم هەرێمەی ئێمەدا پەرلەمان خەریكی وشەكارییە، پەرلەمانتار (نوێنەری هاوڵاتی!) پارێزەری حكومەتە، حكومەت یاسادانەرە وهەر خۆشی جێبەجێی ناكات وەلەجیاتی خزمەتكاری هاوڵاتیان سەنگەری گرتووە لەهاوڵاتی بەئاڕاستەی زیادكردنی ئەرك لەسەری بەبێ زیادكردنی ماف لەبەرامبەریدا، دەسەڵاتی دادوەری هەر كەبابەتەكە هاتە سەر موچە وإمتیازات ئینجا بیری ئەكەوێتەوە كەئەویش دەسەڵاتە، ئەنجومەنی پارێزگا وپارێزگار وكۆی دام ودەزگا وناوە جۆربەجۆرەكانی تر خزمەتەكانیان كوا؟ كارەكانیان كامانەن؟ چیان كردووە؟ ئەسڵەن چی ئەكەن؟ جیاوازی لەنێوان بوون ونەبوونیاندا چیە؟ بۆیە كەسەیری ئەمانە ئەكەیت وهەڵسەنگاندنیان بۆ ئەكەیت ئەوا ناكرێت ئەنجومەنی باڵای فەتوا وەكو سۆپەر مان وفریادڕەسی كۆمەڵگا ببینیت وخەیاڵی لێبكەیتەوە وە بتەوێت فەتواكانی واقیع بینانە وگونجاو وهاوتەریب بێت لەگەڵ ڕۆیشتنی كۆمەڵگادا چونكە زۆر بەسادەیی ئەویش بەشێكە لەچیرۆكی كۆمەڵگاكە. بەڵێ لەكۆمەڵگای ئێمەدا كێشە وگرفتی هاتوچۆكردن لەڕێگای تاكسیەوە هەیە، نەك تەنها تاكسی بەڵكو كۆی سیستەمی گواستنەوەی گشتی پڕاوپڕە لەكێشە وگرفت، بەڵام بەهۆكار زانینی مێینە وبەئامڕاز وەرگرتنی بۆ پینەوپەڕۆكردنی كێشەكە هیچ لەگەورەی كێشەكە كەم ناكاتەوە وچارەسەریشی ناكات بەپێچەوانەوە تەركیز خستنە سەر هۆكاری سەرەكی كێشە وگرفتەكە دەشێوێنێت وبچوكی دەكاتەوە لەشتی لاوەكیدا، هەربۆیە پێویستە ئەوە ڕوون بێت كەبوونی كێشە وگرفتێك لەكۆمەڵگادا بەوە بنبڕناكرێت، یان لانی كەم كەم ناكرێتەوە، كەبیكەیتە ملوانكە وبیكەیتە ملی چین وتوێژێكی دیاریكراو وهەموو هۆكار وشتێكی تر پشتگوێ بخەیت یان لەبیریبكەیت. كێشە سەرەكیەكە ڕێكنەخستنی كاری شۆفێری تاكسی وهێڵەكانی گواستنەوەی گشتییە، بەجۆرێك بەتەواوی ئەم بوارە بێسەرەوبەرەیە، شۆفێریكردن لەهێڵی گواستنەوەی گشتی وبەتایبەتیش تاكسی لەلایەك پێویستی بەڕێكخستنی یاسایی هەیە لەلایەكی تریشەوە پێویستی بەبڵاوكردنەوەی ڕۆشنبیری هەیە لەسەر كارەكە لەنێو خاوەنكارانیدا، واتا تەنها ڕێكخستنیشی بەیاسا بەس نییە بەڵكو ئەبێت لەگەڵیدا ڕۆشنبیری تەواو لەناو خاوەنكارانی گواستنەوەی گشتیدا بڵاوبكرێتەوە، بێگومان ئەمەش ئەبێت لەڕێگای كۆمپانیای تایبەتمەند وپسپۆڕەوە بكرێت، واتا دەبێت ئامڕازەكانی گواستنەوەی گشتی لەپەیوەندییەكی دوو لایەنە لەنێوان شۆفێر وسەرنشیندا بگوازرێتەوە بۆ پەیوەندی لەنێوان سەرنشین لەگەڵ كۆمپانیایەكی گواستنەوەی دیاریكراودا كەئامانج وشوێن وكارمەندەكانی وڕێگاكانی گەیشتن وپەیوەندیكردن بەكۆمپانیاكە و..... هتد ڕوون وئاشكرا ودیاریكراوبن ئەو كاتە شۆفێر لایەنی سەرەكی پەیوەندیەكە نابێت كەناڕوون بێت ئامانجی پشت شۆفێریكردنەكەی لەهێڵی گشتیدا چییە؟ كێ ئەو مافەی یاوەتێ؟ ڕۆشنبیری هەیە لەسەر كارەكەی یان نا؟ ئەوكاتەش ئەگەر گرفتێك دروست بوو ناڕوون ونادیار نابێت كێ بەرپرسیارە چونكە كارەكە تاكەكەسی نابێت بەڵكو ڕێكخراو دەبێت. ئێمە تێگەیشتنمان هەیە بۆ كاری ئەنجومەنی باڵای فەتوا، ڕوونە ڕێكخستنی هۆكارەكانی گواستنەوەی گشتی كاری ئەم ئەنجومەنە نییە، ئەو بێسەرەوبەرەییەی لەهۆكارەكانی گواستنەوەی گشتیدا هەن ئەم ئەنجومەنە لێی بەرپرسیار نییە، كاری ئەم ئەنجومەنە دەرچواندنی یاسایەك نییە بۆ ڕێكخستنی شۆفێری كردن لەهێڵی گواستنەوەی گشتیدا، وە بڵاوكردنەوەی ڕۆشنبیری لەنێو شۆفێرانی هێڵی گواستنەوەی گشتیدا كاری ئەم ئەنجومەنە نییە، هەروەك چۆن كاری ئەم ئەنجومەنەش نییە شۆفێریكردن لەهێڵی گواستنەوەی گشتیدا لەتاكەكەسییەوە بگوازێتەوە بۆ كاری دەستەجەمعی وكۆمپانیا تاوەكو بەرپرسیارێتی ون نەبێت لەكاتی ڕوودانی گیروگرفت وكاری نەخوازراودا، ئەمانە وچەندینی تریش ئەم ئەنجومەنە لێی بەرپرسیار نییە، بەڵام وەكو لایەنێك كەوا پێویستە بەتەنگ پاراستنی كۆمەڵگاوە بێت لەسەرجەمی تاوانەكان، مادام ئەنجومەنەكە دركی بەبوونی كێشە وگرفت كردووە كەبەهۆی تاكسیەوە ڕوودەدات، هەروەكو لەپێشەكی فەتواكەدا ئاماژەیان پێكردووە، وا پێویست بوو دەنگی خۆیان هەڵبڕن ڕووەو لایەنی پەیوەندیدار وداوای ڕێكخستنی شۆفێریكردن بكەن لەهێڵەكانی گواستنەوەی گشتیدا، خۆیان واتەنی: " بەمەبەستی .... ئیستغلال نەكردنی ئەم كاسبیە شەرعیە لەلایەن هەندێك كەسی نابەرپرسەوە "، لەپاش ئەوەی كارەكە بەیاسایەكی گونجاو ڕێكخرا ئینجا حوكمیان بدایە لەسەر ئەو لادانانەی كەلەدوای قۆناغی ڕێكخستنی یاسایی كارەكەوە دێنە ئاراوە، نەك لەپێش قۆناغی ڕێكخستن ولەقۆناغی بێسەرەوبەرەی كارەكەدا بەجۆرێك حوكم بدەن كەمێینە بەهۆكاری سەرەكی گرفتەكە وبەئامڕازی چارەسەر وێنا بكەن، پێویستیشە بوونی دوو ڕاستی لەبەرچاوبگیرێت، یەكەمیان ئەوەیە ناكرێت ئەو تاوانانەی ڕوودەدەن لەناو هێڵەكانی گواستنەوەی گشتیدا یان ئەو هەوڵانەی دەدرێت تا تاوان ئەنجام بدرێت تەنها كورت بكرێتەوە لەلادانی ئەخلاقیدا ڕاستە ڕەنگە زۆرینەیان لادانی ئەخلاقی بن بەڵام ئەنجامدانی تاوانی تر یان هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی تاوانی تریش بوونیان هەبووە وهەیە لەهێڵەكانی گواستنەوەی گشتیدا جا بەرامبەر بەنێرینە بێت یان بەرامبەر بەمێینە، ئەنجومەنی فەتواش پێویستە ئامانجی پشت فەتواكانی پاراستنی كۆی كۆمەڵگا بێت لەكۆی تاوانەكان نەك تەنها زەقكردنەوە وتەركیز خستنە سەر لادانە ئەخلاقییەكان بەتەنها. ڕاستی دووەمیان ئەوەیە دەكرێت ئیستغلال كردن لەهەر دوو لایەنی پەیوەندیەكەوە هەبێت چ شۆفێر چ سەرنشین ئەگەرچی هی یەكەمیان بێگومان زیاترە لەدووەمیان، هەروەك چۆن دەشكرێت لەهەر دوو لایەنی پەیوەندیەكەدا كەسی نابەرپرسیار هەبێت. * مامۆستای زانكۆ
شێرزاد شێخانی له‌شۆڕشی شێخ عه‌بدوڵڵای نه‌هری و شێخ سه‌عیدی پیران وشێخ مه‌حمودی نه‌مره‌وه ، تا شۆڕشی ئه‌یلول به‌ڕێبه‌رایه‌تی مه‌لا مسته‌فا به شۆڕشی نوێی كوردستانیشه‌وه ، سه‌ركرده سیاسی وڕۆڵه‌كانی كوردستان خه‌باتیان له‌پێناو كوردایه‌تیدا بوو . قه‌زیه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك هه‌بوو هانی ئه‌دان بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌ی خه‌بات و تێكۆشان بگرنه به‌رو سینگی خۆیان بكه‌نه قه‌ڵغانی دیفاعكردن لهوجوودو ئازادی نه‌ته‌وه‌كه‌یان .. له‌دوای راپه‌ڕینه‌كه‌ی ساڵی 1991 ئه‌و روحیه‌تی كوردایه‌تی به‌ره‌و كزی رۆیشت . له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانیشدا سروشتی خه‌باته‌كه لهكوردایهتییهوه گۆڕدرا بۆ حزبایه‌تی و ، هه‌ر له‌و ساوه له‌سه‌ر ره‌نگی ئاڵای حزبه‌كان ململانێی تووندوتیژو ته‌نانه‌ت رووبه‌روو بوونه‌وه‌ش روویدا تا ئاستی شه‌ڕی براكوژیشهوه كه ماڵوێرانی بوو بۆ مییلله‌ته‌كه‌مان .. دوای رووخانی رژێمی پێشووی سه‌دامیش سروشتی ئه‌م خه‌باته حزبیه‌كه‌ش گۆڕا بۆ ململانێی باڵه‌كانی ناو حزبه‌كان .. له‌گه‌ڵ رژانی بودجه‌و پاره‌یه‌كی زۆری به‌غداش به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا ، حزبه‌كان تا بیینهقاقایان نوقمی گه‌نده‌ڵی بوون . ئیدی سروشتی ململانێی باڵه‌كانی حزبیش گۆڕا بۆ وه‌لائی شه‌خسی تاكه سه‌ركرده‌یه‌ك له‌ناو باڵه‌كاندا . هه‌ڵكشانی گه‌نده‌ڵی له‌ناو كایه‌ی حوكمڕانیدا ، به‌شێكی زۆری سه‌ركرده سیاسیه‌كانی كرده خاوه‌ن كۆمپانیای تایبه‌ت ، لێره‌شدا سروشتی حزبایه‌تی به‌گشتی گۆڕا بۆ موڵكداریه‌تی كۆمپانیا‌و وده‌سكه‌وتی پرۆژه‌و مقاوه‌لاتی حكومی و كاركردن له تیجاره‌ت و مۆنۆپۆڵكردنی گشت بواره‌كانی ژیان به كه‌رتی په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستیشه‌وه كه له‌زۆربه‌ی وڵاتانی جیهاندا ئه‌م كه‌رته هه‌ستیارانه هه‌میشه به‌ده‌ست حكومه‌ته‌كانه‌وه بوه ، به‌ڵام له‌كوردستانه‌كه‌ی خۆماندا ، سه‌ركرده گه‌نده‌ڵه‌كان ته‌نانه‌ت ده‌یانه‌وێ هه‌وای ده‌وروبه‌ریشمان بكه‌نه پاره و باج وسه‌رانه بۆ خزمه‌تی كۆمپانیاكانیان . سه‌دام حوسێن ، به‌و هه‌موو دیكتاتۆرییه‌ت و خوێنرێژیی خۆیه‌وه ، به‌ڵام له‌به‌ڕێوه‌بردنی حوكمی وڵات‌دا نه‌یده‌هێشت كه‌سێكی خوار خۆی گه‌نده‌ڵی بكات . گومان له‌وه‌دا نیه كه‌وا سه‌دام ره‌نگه به‌ده‌یان ملیار دۆلاریشی له‌بودجه‌ی وڵات بۆ خۆی گڵدابێتهوه كه تا ئێستا چاره‌نوسی زۆریان دیار نییه ، له‌وانه‌شه ئه‌وه‌ی وتراوه له‌م باره‌یه‌وه هه‌مووشی خه‌یاڵ بێت ، به‌ڵام ئه‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌ی نه‌ئه‌دا داروده‌سته‌كانی لهگهندهڵێدا تێوه‌بگلێن و ببنه خاوه‌ن ملیۆنه‌ها دۆلار !. ئه‌وانه‌ی لای خۆمان بچووكترین مهسئوولیان ئێستا خاوه‌ن ملیۆنان و هه‌ندێكیشان خاوه‌ن ملیاره‌ها دۆلارن .. جا ئه‌گه‌ر به‌وه‌نده‌ش بوه‌ستنایه هه‌ر ئه‌مانوت قه‌ینا ، به‌ڵام ئه‌وانه چاویان تێر نابن ، وه‌كو ئه‌ژدیهاكه‌ی زوحاك هه‌میشه ده‌میان كردۆته‌وه بۆ مژینی خوێنی خه‌ڵكی به‌شمه‌ینه‌تی كوردستانه‌وه . جاران كوڕی كورد زۆر شانازی به پێشمه‌رگایه‌تی خۆیه‌وه ئه‌كرد ، ئه‌سڵه‌ن ئه‌وه‌ی رۆژێك پێشمه‌رگایه‌تی نه‌كردبایه خۆی به‌قه‌رزارباری میلله‌ته‌كه‌ی ئه‌زانی كه رۆژانێك نه‌چۆته شاخ ، ئێستا‌و دوای ئه‌و ره‌فتارانه‌ی سه‌ركرده كۆنه‌كانی شاخ ، خه‌ڵكی پێشمه‌رگایه‌تیشیان له‌به‌رچاو كه‌وتوه . باسی حیزبایه‌تیش له‌ولاوه ، خه‌ریكه ئه‌ویش ئه‌بێته عه‌یبه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ، چونكه هه‌ر حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان وپاشكۆیهكانیهتی ئه‌م واقیعه تاڵه‌یان به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا هێناوه . سیاسه‌ت به گشتی له‌كوردستاندا بوههته درۆیه‌كی گه‌وره ، زۆر به ده‌گمه‌ن سه‌ركرده‌یه‌كی راستگۆ ببینیه‌وه . یان ده‌سه‌ڵاتدارو زاڵمه ، یانیش پاشكۆیهو سه‌ر به‌حزبێكی ده‌سه‌ڵاته بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی چاو له‌هه‌موو خراپه‌كارییه‌كانی ده‌سه‌ڵات داده‌پۆشێ به حزبه ئیسلامیهكانیشهوه كه راستگۆیهتییان تێدا زۆر لاواز بوه‌و ئه‌وانیش خه‌ریكی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیانن . حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مڕۆ لهرابردوویهكی زۆر تاریكدا ده‌ژین ، هیچیان روئیایه‌كی واقیعبینانه‌یان نیه بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنه‌كانی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تیدا ، ئێستاش پێیان وایه بهزهبروزهنگو ترساندن‌و تۆقاندن و هه‌ندێ جاریش به‌برسیكردنی خه‌ڵك ده‌توانن پارێزگاری له‌ده‌سه‌ڵاته‌كانیان بكه‌ن . پێیان وایه هه‌ر وه‌كو زه‌مه‌نی ساڵی شه‌سته‌كان به یهكدوو میدیای چه‌واشه‌كارو چه‌ند قه‌ڵه‌مێكی به‌كرێگیراو ده‌توانن كۆمه‌ڵگا لێخوڕن ، غافل له‌وه‌ی كه ئێستا خه‌ڵك نه‌ك هه‌ر رۆژنامه ناخوێننه‌وه و سه‌یری میدیای حكومی و حزبی ناكه‌ن ، به‌ڵكو تاقه‌تی خوێندنه‌وه‌ی یه‌ك كتێبیشیان نه‌ماوه . راستگۆترین میدیا لای كۆمه‌ڵگه‌ی ئیستا میدیای فه‌یسبوكه كه فه‌زایه‌كی كراوه‌یه‌و هه‌موو ده‌میش به‌رده‌سته ، بۆ هه‌واڵی راست دروست كه‌س ناچیته سه‌ردانی سایته‌كانی حزب‌و ده‌سه‌ڵات ، هه‌ر بۆیه‌ش فه‌یسبوك ئه‌مڕۆ بۆته كاریگه‌رترین چه‌كی ده‌ست هاوڵاتیان هه‌م بۆ شۆڕش دژی ده‌سه‌ڵاته چه‌وسێنه‌ره‌كان، هه‌میش بۆ فشار خستنه سه‌رده‌سه‌ڵات له‌رێگای كه‌شفكردنی گه‌نده‌ڵی وخراپ به‌ڕێوه‌بردنی وڵات . سه‌یره حزبێك وابزانێ كه‌وا به‌خشینی چه‌ند كۆمپانیایه‌ك به‌ژماریه‌كی كه‌م و، كردنه‌وه‌ی ده‌رگای گه‌نده‌ڵی له‌به‌رده‌م مه‌سئوله حزبیه‌كان ده‌توانێ تا سه‌ر ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه بگرێ . سه‌یره حزب وا تێبگات كه‌وا به‌رازیكردنی دڵی دوو هه‌زار مه‌سئول ئه‌توانێ كۆنترۆڵی شه‌ش ملیۆن كه‌س بكات ، ئه‌م عه‌قلیه‌تی ستالینییه‌ی ساڵانی په‌نجاكان تێپه‌ڕی وجارێكی تر میلله‌تیش ئه‌وه‌نده ساویلكه‌و بێخهبهر نییه له گۆرانكارییه‌كانی ده‌وروبه‌ری ، ئه‌و شووره پۆڵایینه‌ی ستالین كاتی خۆی به‌ده‌وری یه‌كێتی سۆڤییه‌تدا دروستی كردبوو ، له‌م سه‌رده‌مه مه‌حاڵه زیندوو ببێته‌وه، چونكه ئێٍستا فه‌زا كراوه‌یه‌و لهسهیداوهو سێتاقان و وڵووبهو ته‌نانه‌ت شوانه‌كانی سه‌ر سنوریش ئاگاداری هه‌واڵی شۆڕش و راپه‌ڕینه‌كانی هه‌موو دونیان . زۆر هه‌ڵه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان ئه‌گه‌ر وا تێبگه‌ن به‌دروشمی ( سه‌گه‌كه‌ت برسی بكه به‌دوات ئه‌كه‌وێ ) ده‌توانن تا سه‌ر یاری به موقه‌ده‌راتی خه‌ڵكه‌وه بكه‌ن ، غافڵ له‌وه‌ی زۆربه‌ی شۆڕشه‌كانی دونیا له‌پێناو نان و ئازادی‌دا بوه به شۆڕشی كوردستانیشه‌وه . زۆر یاغنیشن گه‌ر وا تێبگه‌ن به بڕینی كاره‌بای ماڵان و زیادكردنی باج له‌سه‌ر خه‌ڵك له‌به‌رامبه‌ر كاره‌بای به‌رده‌وامی ماڵه مه‌سئوله‌كان وبه‌خشینی كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانیان له‌باج ، ده‌توانن ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان بپارێزن ، رۆژێك دێ رق وقیینی خه‌ڵك ئه‌ته‌قێته‌وه له‌هه‌مبه‌ر ئه‌و ناعه‌داله‌تیانه وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێستا له‌عیراق روو ئه‌دات. حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات ئێستاش به‌هه‌مان ریتمی هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی دیكتاتۆریانه ره‌فتار له‌گه‌ڵ میلله‌ته‌كه‌یان ئه‌كه‌ن ، جاران خه‌ڵكی ناڕازی له‌مه‌یخانه‌كاندا گرێی دڵیان ده‌كرایه‌وه، به‌و حیسابه مرۆڤی بێهۆش حیساب‌و كیتابی له‌گه‌ڵ ناكرێ ، ئێستاش هه‌مان ئه‌و كه‌سانه دیسان له‌مه‌یخانه‌كاندا ده‌رده دڵی خۆیان داده‌رێژن . جاران به‌ندیخانه‌كانی هه‌یئه‌ی خاصه‌و شوعبه‌ی پێنجی ئه‌منی به‌عس جێگای تێكۆشه‌رانی میلله‌ته‌كه‌مان بوون ، ئێستاش ده‌یان هه‌یئه‌ی سه‌ر به حزب هه‌ن كه كه‌س نازانێ شوێن ومهكانیشیان له‌كوێیه ! . هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه گه‌ر حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات بكه‌ونه هه‌مان وه‌همی ده‌سه‌ڵاته دیكتاتۆره‌كان كاتێك بیر له‌وه بكه‌نه‌وه كه‌وا مه‌شغوڵكردنی گه‌نجان به نێرگه‌له‌و تلیاك كێشان وكردنه‌وه‌ی مه‌لها وزیادكردنی ژماره‌ی مه‌یخانه‌كان وسازدانی فیستڤاڵی سینه‌ماو كۆنسێرتی ئهنساو ئه‌لیساوه ده‌توانن تا سه‌ر گه‌نجانی ئه‌م كوردستانه ته‌خدیر بكه‌ن ، ژنانیش به موسه‌لسه‌له‌ی توركیه‌وه خه‌ریك بكهنو، پیاوانیش به راكه‌ڕاكه بۆ بژێوی ژیانی خێزانه‌كانیان . ئێستا له‌عیراق شۆڕشێكی گه‌وره به‌رپا بوه‌وه له‌دژی هه‌موو نوخبه سیاسه‌كانی عیراق ، گه‌نجانی عیراق نه‌ك هه‌ر به‌ده‌سه‌ڵاتی تایفه‌گه‌ری وئایینی رازی نابن ، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت به‌پیاوێكی ناگه‌نده‌ڵی وه‌كو عادل عه‌بدولمه‌هدیش رازی نین ورووخاندیان ، كار گه‌یشته سه‌ر ئه‌وه‌ی ته‌حه‌ددای ئێرانیش بكه‌ن وكونسڵگهرییهكانیشی بسووتێنن و هاوڵاتیانی شیعه مه‌زه‌بی ئێرانیش له‌سه‌ردانی مه‌زاره پیرۆزه‌كان مه‌نع بكه‌ن . هه‌ر ئه‌و جیله‌ی ئێستای كوردستانیش خه‌ریكه ئه‌و نوخبه سیاسیه‌ی ئێستای له‌به‌ر چاو ئه‌كه‌وێ و ، ئه‌و جیله‌ش تا سه‌ر بێده‌نگ نابێ به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌موو ناعه‌داله‌تی وگه‌نده‌ڵی وسیاسه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی وڵاته‌كه‌ی . ئه‌وسا نه به‌ڵته‌چییه‌كانی ده‌سه‌ڵات به‌هانایه‌وه دێ ، نه ده‌توانن خه‌ڵكی له‌وه زیاتر چه‌واشه بكه‌ن ، كۆمپانیا زه‌به‌ڵاحه‌كانی گه‌نده‌ڵكارانیش ناتوانن ده‌سه‌ڵاته‌كه بپارێزن .. جا عیبره‌ت وه‌رگرتن لهگۆڕانگارییهكانی ده‌وروبه‌ر كارێكی باشه ، ئیتر به‌سه .. به‌راستی به‌سه .
بەختیار نامیق بە زمانێکی زۆر سادە و دور لە باسکردنی بنەماکانی چاودێری و ژمێریاری و ئابوری. گەندەڵی کە بوەتە وشەیەک سەراپا ناوەندەکانی میدیای و حوکمی و کوچە و کۆڵانی گرتوەتەوە ، لە ساڵی ١٩٩٢ وەوە تا ئێستا هیچ شتێک بەقەد ئەم وشەیە غەدری لێنەکراوە ، بەوەی زۆرێک لەوانەی ئەم وشەیەیان کردوەتە دروشم خۆیان هەمان پەتایان هەیە ، ئەم وشەیە شوێنی گەشەسەندن و بونی دیارە لەسەر شەقامەکان نیە لای خەڵکی کاسبی بازاڕ نیە (کاسبی بچوک ، گەورە هی گەندەڵەکانە ) ، نە لە بازاڕی نیشتماندایە نە لەژێر پردەکەی سلێمانی ، بەڵکو شوێنی گەشەکردنی دامەزراوەکانی حکومی و تەندەرەکان و بازرگانیە گەورەکانە ، کابینە دوای کابینە ئەم دەیداتە دەست ئەو ، ئەو زیاتر خزمەتی دەکات وبەناوی ڕوبەڕوبونەوەی زیاتر گەشەدەکات و زیاتر دەبێت ، هەمومان دەزانین گەندەڵی چیە و چۆنە ، هەمومان دەزانین فڵان مەسئول چەند حیمایەی هەیە ، هەمومان دەزانین کام ڤیلا و باخ هی چی مەنوسلێکە ، لەسەر شەقامەکان دەیان بینین ، سەیارەکانیان دیارە ، هەمومان دەزانین بازرگانی لە جگەرەوە بیگرە بۆ نەوت و میوە و دوگ و زۆر شتی تر کێ دەکا و چۆن دەکرێت بۆ کۆێ دەچێت ، دەزانین لە خاڵە سنوریەکان چی باسە ، هەمومان دەزانین حیزب چۆن بوتە بازاڕێکی ستایل بۆ جل و بەرگ نا ، بەڵکو بۆ دەستکەوتنی پۆستێکی بالا تا باڵایانە بەشدار بێت لە گەندەڵی خانەنشینی گەورەدا ، هەمومان دەزانین حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان چۆن دێن و کۆمەڵێک پڕۆژە و یاسا دەکەنە مکیاجی دەستەڵاتەکەیان بە ناوی بنەبڕکردنی گەندەڵیەوە ، کەچی زیاتر دەکات ، تۆ سەیر بکە بچۆ گەڕەکە هەڵبژاردەکانەوە زۆر بە سانایی سەیری خان‌و بکە دەزانی کێ گەندەڵە ، بچۆ بۆ باخەکان دەزانی کێ گەندەڵە ، گەندەڵی شتێک نیە شەبەح بێت هەمومان دەیبینین ، یاسا و پڕۆژەش شتێک نیە شەبەح بێت ، هەمومان دەیبینین ، بەڵام جیاوازیەکە ئەوەیە گەندەڵی کارا و چاودێری پوچە ، گەندەڵی ئەکتیڤ و یاسا و پڕۆژە هیچ ، وڵاتێک پڕ بە پڕۆژە و یاسای چاکسازی و بەرنامەی حیزبی زۆر شاز ، بەڵام گەندەڵی حکوم دەکات ، کابینە دوای کابینە هەر وتیان ئیمتیازی پلە باڵاکان کەم دەکینەوە ، بودجە ڕێک دەخەین دۆسیەی نەوت و پێشمەرگە دەکەین بە نیشتمانی ، بەهەدەردان ناهێڵین ، داهاتی وڵات بەرز دەکەینەوە کەچی نەیان توانی کارەبا چاک بکەن ، نەیان توانی تاسەکان ناو شار پڕ بکەنەوە ، نەیان توانی کێشەی قەرەباڵخی شەقامەکان چارەسەر بکەن ، کاتێکیش باس لە وەبەرهێنان دەکەن ژمارەی خەیاڵی دەڵێن ، پیاوە سپیەکە زۆر پێداگری دەکرد لەسەر عەدالەتی کۆمەڵایەتی ، بەڵام نەک عەدالەتی کۆمەڵایەتی بەڵکو عەدالەتی جوگرافی و سیاسی حیزبی دیموکراسیشیان ناشیرین کرد ، ڕۆژانە هەمومان گەندەڵی دەبینین ، گەندەڵکاران دەبینین ، ئەوەی وەک کۆلارەیەکی پچڕا‌و دەبینین یاسای چاکسازی و پڕۆژەکانە ، بەقاڵێکی داماو بەیانی تا ئێوارە کار دەکات دوای ئەوە ناتوانی وەک پێویست بژی ، هەست بە هیچ شتێکی حکومەت ناکات ، هیچ بیمەیەک نیە بۆی ، لەولاوە بە یەک تەندەر بەیەک موچە گەندەڵەکان کە ناوەندی حکومی و بازرگانیە گەورەکانە ، بەس سەیارەکەی بایی هەمو تەمەنی کارکردنی ئەم بەقاڵە داماوەیە ، کوڕەکەی دادەمەزرێت کوڕی ئەم بە بڕوانامەشەوە بێکار دانیشتوە ، کوڕی مەنسول بەس مۆبایەکەی و گەعدەی یەک شەوی بایی هەمو تەمەنی کارکردنی باوکی ئەمیانە ، ئەمانە هەمو دەبینین ، ئەی دوای ئەمانە چی ..؟؟ یاسای چاکسازی بەکۆێ دەگات ...؟؟؟؟ چاکسازی وەک قسە باوەکە وایە ، واتا وەک قادرمە شتن وایە دەبێت لەسەرەوە بۆ خوارەوە دەست پێ بکات ، پیاوە سپیەکە دوو کاری زۆر گرنگ مەبەستی بو (عەدالەتی کۆمەڵایەتی و کۆتایهێنان بە پاشکۆیەتی ناوچەیی ) ئیتر هەر کەسێک بیکردایە ئەم پشتیوانی دەبو گرنگ نیە کێیە گرنگە دەستپێبکرێت ، گرنگ نیە هی کێیە گرنگە ببێتە کردار ، ئەمەش بۆ بەرگرتن لە بە سیستەم بونی زیاتری گەندەڵی بو ، کابینە دوای کابینە خولی پەرلەمان دوای خول یەک بە یەک بونە فریشتەی فریادڕەس و گەندەڵی بە شەیتان و دوا جار هەر شەیتان بردیەوە ، وا ئێستاش کابینەی (٨+١) و پەرلەمان و حکومەت یاسای چاکسازیان هێناوەتە ناو بازاڕەوە ، ئەگەر هەمان تاس و هەمان حەمام نەبێت ، کێ دەیکات چۆن دەکرێت گرنگە بکرێت، دەبێت حیزبەکان لە خۆیانەوە دەست پێ بکەن ، هەمو ئەوانەی باسی پشتگیری لەم پڕۆژەیە دەکەن خۆیان خاوەنی موچەی باڵا و ڤێلای باڵا و پاسەوانی باڵا و خانەنشینی باڵا و هەموشتێکی باڵان ، کەواتە دەبێت پێش هەمو کەس لە خۆیانەوە دەست پێ بکەن ، با زۆر نا دو وەزیری خانەنشین دوو پەرلەمانتاری خانەنشین بێن بڵێن با ئیمتیازاتەکانی ئێمە ببڕن ، کوا نیە ، خۆ پارە هەیە بەس وەک دەوترا ( زۆری لە بەرهەمهێنان و ناڕێکی لە دابەشکردندا) پێش هەمو کەس سەرانی حیزبەکان دەبێت لە خۆیانەوە دەست پێ بکەن ، ئەم کابینەیە کەوتوەتە بەردەم ئەرکێکی قورس و مێژویەوە ، دو ڕێگای لەبەردەمە یان چاکسازی یان وەک ئەوانی تر بۆ ناو ڕەفەی گەندەڵی ، باشە با پرسیارێ بکەین بۆ ڕۆژنامەنوسێک شتێک دەنوسێ بە سیناریویەک دەکوژرێ و کەسیش نازانێ چۆن ..؟؟ بۆچی ..؟ئەی گەر بە یاسا نەتوانرا روبەڕوی گەندەکاران بنەوە خۆ دەتوانن هەمان سیناریۆش بۆ ئەوان دوبارە بکەنەوە . سەرۆکی حکومەت هەر کەسێ بێت ، فراکسۆنەکان هەر فراکسۆنێک بێت هەمویان بە دەنگ و ڕەنگی جیاوازەوە کەوتونەتە بەردەم ئەم پڕۆژەیە کە خۆیان باسی دەکەن ، ئەڵبەت ئەم نوسینە بینینی هیوایەکە لە پڕۆژەیاسای چاکسازیدا ئیتر هیچ جیاوازی نیە کام دەنگ و کام ڕەنگە گرنگە بکرێت ، بەڵام پێش ئەوەی بکرێت هەقە ئاوڕێک بۆ کابینەکانی تر بدەنەوە هەر کامێکیان هات ، ئەمەیان شۆڕگێری شاخ بو دەیکات ، ئەمەیان کۆڵێک شەهادەی هەیە دەیکا ، ئەمیان دەوڵەتمەدارە دەیکا ، ئەم حیزبیان حزبێکی مێژوییە ، ئەم حیزبەیان شۆڕگێڕە ، ئەم حیزبەیان ڕیفۆرمخوازە ، کەچی سیخناخن بە وەزیری تەقاعود و تەندرینی نەوت و بازرگانی قاچاخ و خانەشینی یاڵا و نیمچە باڵا و کورتەباڵا ، کەچی وتیان یا شێخ تۆ چی دی ، وتی هەر هیچ . هەمو سەرەتاکانی کابینەکان کۆمەڵێک هیوا درا بە خەڵک کەچی نەیتوانی بەرمیلێ نەوت دابین بکا ، نەیتوانی کارەبا دابین بکا ، نەیتوانی شەقامەکان چاک بکاتەوە ، وا ئێستاش کەوتوینەتە بەردەم ئەم کابینەیە سەرەتایەتی و هیوای زۆری بۆ هەڵڕشتوین ، کەسێک سەرۆکی حکومەتە ئەگەر وەک قادرمەکە لەسەرەوە دەست پێ بکات ، ئەوا دەبێتە سەرەتای قۆناغێک کە هەرێم بگوازێتەوە قۆناغێک جیاواز لە هەمو قۆناغەکانی تر ، کۆدەنگیش هەیە بۆ جێبەجێکردنی ، بەو هیوایەن ئەمیان چاکسازی بێت نەک نۆژەنکردنەوەی گەندەڵی و بۆیاخکردنی ، بەو هیوایەن سەرەتایەک بێت بۆ بنەبڕکردنی گەندەڵی نەک گەندەڵی لە دیارەوە بکەن بە نادیار و بڵێن بە یاسا ڕێکخراوە.
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج ئه‌وه‌ی له خواره‌وه ده‌ینووسم وه‌رگیراوی وتارێكی نورجان بایسالی رۆژنامه‌نووسی كوردی باكوره به ده‌سكاریه‌وه . نورجان له ژێر ناوی ئه‌گه‌ر كورد بیت له توركیا باسی شیرین تۆسۆنی 19 ساڵ ده‌كات ، ئه‌و گه‌نجه‌ی هه‌ر له‌سه‌ر كورد بوون چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ر شۆڤێنێكان كوشتیان ، ئه‌و شۆڤێنیانه‌ی رۆژنامه‌نووسانی كورد ده‌چوون وێنه‌یان له ته‌ك بێگه‌كه‌یدا ده‌گرت و به شانازیه‌وه بڵاویان ده‌كرده‌وه ، تۆسۆن له وه‌رزی چنینی بوندقدا له گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌یدا بۆ كار ڕووده‌كاته‌ناوچه تورك نشینه‌كان ، چیرۆكی چنینی بوندق له توركیا زۆر كاره‌ساتی ئازار به‌خشی تیایه له ده‌ستدرێژی و لاقه‌كردنه‌وه تا كوشتن و له ناودان و خواردنی كرێی رۆژانه . شیرین له سه‌رئه‌وه‌ی له گه‌ڕانه‌وه‌یدا له‌سه‌ر كاره‌وه بۆ ماڵ له گه‌ڵ هاوڕێیه‌كیا به كوردی قسه ده‌كات په‌لامار ده‌درێت و به گوله‌یه‌ك ده‌یكوژن ، بكوژه‌كان ئه‌وانه‌ن چاویان به وشه‌ی كوردی و كوردستاندا هه‌ڵنایه‌ت ، ئێستا ره‌نگه هه‌بن بڵێن ئه‌وه "خه‌تای په‌كه‌كه‌یه ده‌بوو به شیرینی بگوتایه به كوردی قسه مه‌كه " كوشتنی شیرین یه‌كه‌م كوشتن نیه له‌پێشتریش له‌سه‌ر كوردی وتن خه‌ڵك كوژراوه ، توركه‌كان ده‌ڵێن ئێره توركیایه نه‌ك شوێنی تر بۆیه كوردی وتن قه‌ده‌غه‌یه راستیه‌كه‌ی له ته‌قسیم به كوردی گۆرانی بڵێ ، له ئه‌سته‌نبوڵ به كوردی بدوێ ، به‌ڵام سامسۆن و شوێنگه‌لی دیكه نا ، ئه‌وه‌ش نیشانه‌ی بێشه‌ره‌فی ده‌سه‌ڵاته . نۆرجان ده‌پرسێ " ئایه كوشتنی شیرین وڵات به رهو باشتر ده‌بات ، ئایه ده‌تانه‌وێ به‌و جۆره بژین كه رقتان له كورد بێت ، له دراوسێ و دۆست و هاوپیشه‌و هاوژیانه‌كانتان به ته‌نێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌سبه‌رداری ناسنامه كوردیه‌كه‌یان نابن . گه‌لۆ ئه‌وه چ ئاكارێكه له سه‌ر ناوهێنانی كوردستان عوسمان بایده‌میر سزا بده‌یت و خۆیشت بۆ درۆ ناوی كوردستان به‌ری وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاكه‌په‌و ئه‌ردۆغان ده‌یكه‌ن ، هه‌ر ئه‌م ئه‌ردۆغانه نه‌فه‌ره‌تیه له‌وه‌ڵامی سزای نه‌مه‌ڵی گوتی " كوردستان لێره نیه له توركیا ، ئه‌گه‌ر سوری له‌سه‌ر ویستنی كوردستان ، له‌وێ له باكوری عێراق یه‌كێ هه‌یه بڕۆ بۆ ئه‌وێ . چ بێشه‌ره‌فیه‌كه خۆت به موسوڵمان بزانیت و قورئان بخوێنیت و ئاگاداری ئه‌وه‌بی كه خودا له قورئاندا باسی زمان و نه‌ته‌وه‌و ره‌گه‌زی جیا ده‌كات و تۆ ئه‌وه‌ت قه‌بوڵ نه‌بێت ، له كاتێكا بوونی گه‌لان و هۆزه‌كان لای خودا بۆ یه‌كتر ناسین و سود بینین بووه له یه‌كتر .
ئاسۆ حاجى یەکێتی نەک شەڕی بڕگە و مادەکانی پڕۆژە یاسای چاکسازی نەکرد، بەڵکو بێدەنگترین و شەرمنترین کەسانی ناو ئەنجوومەنی وەزیران بوون، نەک لەبەرئەوەی تێبینییان لەسەر پڕۆژەکە نەبووە کە رەنگە ھەندێکیان عەقڵیان بە ھەندێک کێماسی ناو پڕۆژە یاساکە ھەبووبێت، بەڵکو لەبەر ئەوەبوو کە گەندەڵی و موفتخۆریان زۆر بووە توانای بەرگریان لەو ھەموو ناھەقیە نەبووە کە زیاتر لە بیست ساڵە بەناوی حوکمڕانی و بەشبەشێنە لە گەنجینەی حکومەتی دەقاچنەوە و دەیکەنە گیرفانی کۆمپانیا شەخسیەوە بەناوی حیزبەکانی خۆیان. لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە گفتوگۆکردن و بڕیاردان لەسەر پڕۆژە یاسای چاکسازی زۆربەی وەزیرەکانی یەکێتی زۆر بێدەنگبوون. تەنانەت ھەفتەی رابردوو قوباد تاڵەبانی زۆر داوای لە مەسرور بارزانی کرد ئەو پرسە نەخاتە ناو کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران. تا ئەو و تیمەکەی دەرچەیەکی شیاو دەدۆزنەوە کە زیان بە ناوبانگی یەکێتی (وەک خۆی گوتی) نەگەیەنێت. سەرۆک وەزیران بۆ دڵڕاگرتنی ئەوان و نیشاندانی کڕۆکی پڕۆسێسەکە لەوەی کە نیازی لێدان و زیانگەیاندن بەھیچ لایەن و حیزب و کەسێک نیە و تەنھا ئامانج ئەوەیە کە ئەگەر دۆلارێک بۆ داھاتی گشتی بگەڕێتەوە و تەنیا خەڵکی شایستە بەپێی یاسا مافیان پێبدرێت. ئەوە ھەمووان سەرکەوتوو دەبن. بۆیەشە لە دانیشتنی ئەمڕۆ کە زۆربەی وەزیرەکانی یەکێتی ھێمن و بێدەنگ بوون و ھیچ شەڕیان نەکرد وەک ھەندێک رۆژنامەنووسی بێ ئاگایان دەیانەوێ بەو پروپاگەندانە خەڵک چەواشە بکەن. ھەندێک وەزیری گۆڕانیش بە پێچەوانەی بانگەشەکانیان داوای مانەوەی ماف و ئیمتیازاتی وەزیر و خاوەن پلە باڵاکانیان دەکرد و دەیانگوت نابێ لە ژێر فشاری شەقام ئەو ئیمتیازاتانە ھەلبوەشێندرێنەوە. ئەوەی تیمی یەکێتی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە پڕۆژە یاسای چاکسازی کاریان بۆکرد و ھەوڵیان بۆدا و پێداگیریان لێیکرد دواخستنی بڕیاردان بوو لە سەر کۆی پڕۆژە یاساکە بۆ چەند ھەفتەیەکی دیکە بەو بیانووەی کە کات درەنگە و ناتوانن بە چەند کاتژمێرێک خۆیان لە بەرامبەر ھەموو بڕگەکان یەکلابکەنەوە، بەڵام ئەو داوایەشیان لەلایەن سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بەوە وەڵامدرایەوە کە ئەو ئامادەیە شەویش بمێنێتەوە و دەبێ ئەمڕۆ پڕۆژە یاسای چاکسازی تەواو ببێت و ئامادەبکرێت بۆ ناردنی بۆ پەرلەمان، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی ڤاڵا فەرید وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پەڕلەمان پڕۆژەکە خوێنرایەوە و زۆربەی تێبینییەکانیش لەلایەن ئەوەوە پێشنیار کرابوون. بەر لەو کۆبوونەوەیە سەرجەم لایەنەکانی ناو حکومەت لەو ھەموارکردنەوانە ئاگادارکردۆتەوە. ئێستا کە پڕۆژەیاساکە کە حکومەت دەنگی لەسەرداوە و ڕەوانەی پەڕلەمان کراوە رەنگە ھەندێک باڵ و گروپی ناو حیزب یان ناوچەیەکی جوگرافی دیاریکراوی گچکۆکە وەک کەرەستەیەکی کاریگەر بۆ شکاندنی باڵێکی ناو حیزبەکەی یان حیزبێکی ناوچەکەی بەکاری بێنێ و بیکەنە مادەی یەکترشکاندن لە پێناو دەسکەوتی کەسی و حیزبی لەسەر حیسابی بەرژەوەندی گشتی تەنھا ئەوەمان وەبیر دێنتەوە کە گروپێک ھەبوون و ھەن لە پێناو ھەندێک دەسکەوتی شەخسی و گروپی ئامادەن نیوەی کوردستان ڕادەستی دوژمنان بکەنەوە تەنھا بۆ ئەوەی مل بۆ برایەکانیان نەدەن. کۆبوونەوە و گفتوگۆ و ھەڵوێست وەرگرتنی لایەنەکان لە بەرامبەر پرسی گەندەڵی و ناعەدالەتی ئەوەیان سەلماندووە کە گوفتار بڕی زۆتر بووە لە کردار، بەڵام ئەوەی لەمەودوا چاوەڕوان دەکرێت لە کابینەکەی مەسرور بارزانی تەواو پێچەوانەیە کە کردار مەرجە نەک گوفتار. بۆیەشە ئەوانەی لەگەڵ ئەو فەلسەفەی کارکردنە یەکانگیرنابن و یەکناگرنەوە ئاساییە ئاڕاستەیەکی دیکە ھەڵبژێرن لە بەرگریکردن لە گەندەڵی و بە ھەدەردانی سامانی گشتی و کورتکردنەوە و کۆکردنەوەی قازانج و دەسکەوت و خۆشی و خۆشگوزەرانی لە بازنەیەکی بچووکی ماڵباتە سیاسی و کەسانی دەسەڵاتدار و خاوەن پۆست و پێگەی حکومی یان ئابووری و کۆمەڵایەتی. بە کورتییەکەی پڕۆژە یاسای چاکسازی و روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی کە گەشترین و گرنگترین خاڵی ناو کارنامەی کابینەکەی مەسرور بارزانیە چاوەڕوان ناکرێ کە حیزبەکان بە گوڵباران پێشوازی لێ بکەن، بەڵام گومانی تێدانیە لە سەر ئاستی میللی پێشوازی لێ دەکرێت و دەکرێتە بناغەی دامەزراندنی دەسەڵاتێک کە شایەنی قوربانیەکانی زیاتر لە سەت ساڵی میللەتێک بێت لە پێناو سەربەخۆیی و ئازادی.
سەرتیپ جەوهەر ئەمڕۆ دوای مشتومڕو ماندوبونێكی زۆر تیمی یەكێتی لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران چەند بڕگەیەكی پرۆژەی قانونی چاكسازیی لاببات كە گورزێكی كوشندە بوو بۆ موچەخۆران و پرسی پاشەكەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان. یەكێك لەو بڕگانەی كە پێشنیاری پارتی بوو بەپشتیوانی بزوتنەوەی گۆڕان، كەمكردنەوەی دەرماڵەی فەرمانبەرانی هەرێم بوو بۆ رێژەیەك كە زیانێكی ئێجگار گەورەی بەموچەی بەفەرمانبەرانی هەرێم دەگەیاند. واتە هەر دەرماڵەیەك لە یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2008 دا نەهاتووە، یان لەیاسایەكی كارپێكراودا نەبێت و بەڕێنمایی حکومەت كرابێت هەڵوەشێتەوە، بۆنمونە 150 هەزاری هەموو فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە، دەرماڵەی مەترسی كارمەندانی کەرتی تەندروستیی یان دەرماڵەی مەترسی کارمەندانی کەرتی کارەبا جگە لەوانەی ئیشی وەرشە و سەر عەمود دەکەن یان هەر دەرماڵەیەكی لەو شێوەیە. بەپێی ئەو ماددەیە كە دەرماڵە كەمدەكرایەوە، موچەی موچەخۆران بەڕێژەیەكی زۆر كەمدەكرایەوە، بەڵام تیمی یەكێتی بەتایبەت (خالد شوانیی و د. دارا خۆشناو) دژی ئەو ماددەیە بوون و سەرەنجام هەڵگیرا، بەروونی وتبویان چۆن دەكرێت لەبەغدا موچە زیادبكرێت و لەهەرێم كەمبكرێتەوە. بەپێی ماددیەكی دیكەی پرۆژەكە (ماددەی 12) حكومەتی هەرێم پرسی دانەوەی قەرزو پاشەكەوتی موچەخۆرانی هەرێمی بەقانون دەخستە سەر بەغدا، چونكە بەپێی ماددەكە ئیدی ئەو پرسە وابەستەی گفتوگۆی نێوان هەولێرو بەغدا دەكرا. لەماددەكەدا هاتبوو "حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە وەرگرتنی رێكاری یاسایی پێویست لەچوارچێوەی دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ ەسەڵاای فیدراڵییەكان وەك لایەنی بەرپرسیار بۆ دانەوەی مافە داراییەكانی موچەخۆران و ئەو بڕینەی لەمووچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كراوە بەهۆی بڕیاری یەكلایەنەی بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدرالی". بەڵام ئەو ماددەیە پێش ئەوەی بخرێتە بەردەستی وەزیرەکان هەڵگیرا، چونكە بەپێی ئەو ماددەیە ئیدی نەدەكرا فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان چیدی چاوەڕێی وەرگرتنەوەی پاشەكەوت یان ئەو موچە نەدراوانەیان بن كە حكومەتی هەرێم لێی نەیداونەتێ. یەكێكی دیكە لەو ماددانەی مشتومڕی زۆری لەسەركرا پرسی كەمكردنەوەی موچەی خانەنشینی پلە باڵاكان (تایبەتەكان)و زیاتركردنی موچەی خانەنشینی فەرمانبەران بوو، تیمی یەكێتی پشتیوانیان لەزیاتركردنی موچەی خانەنشینان كرد، لەبەرامبەردا بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی نەیاری ئەو پێشنیارەی یەكێتی بوون. بەشێوەیەكی گشتیی لەكۆبونەوەكەی ئەمڕۆ، پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان لەمشتومڕی زۆربەی ماددەكان هاوڕابوون و بزوتنەوەی گۆڕان بەتەواوی دژی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بوو. لەماوەی 25 ساڵی رابردوو پارتی و یەكێتی دەیان هەزار كەسیان بەناهەق و بەدەر لەقانون دامەزراندووە یان پلەیان پێبەخشیوە یان خانەنشینكردووە..تد یەكێك لە گرنگییەكانی ئەو پرۆژەیە بەشێك لەو ناعەدالەتییە لەموچەی فەرمانبەران و خانەنشینان هەڵدەگرێت و جۆرێك لەعەدالەت دابین دەكات. هیوادارین ئەو چاكسازییە هێزی پێشمەرگەو ناوخۆش بگرێتەوە چونكە ناعەدالەتیی و گەندەڵیی زۆر گەورەی تێداكراوە. ئەوەی تائێستا لەو پرۆژەیەدا هاتووە هەمووی تایبەتە بەخەرجییەكانی حكومەت، بەڵام تائێستا باسی داهاتی هەرێم نەكراوە، لەكاتێكدا كەس نازانێت ئەو داهاتەی هەرێم چەندەو چی بەسەردێت!! بەتایبەت فرۆشتنی نەوت كە جگە لەچەند كەسێكی دیاریكراو، كەس نازانێت چۆن دەفرۆشێت و مانگانە چەندەو پارەكە چۆن دەگەڕێتەوە هەرێم و چی بەسەردێت. ئەوەی گرنگە بۆ ئێمەی هاوڵاتیی پرسی شەفافكردن و ئاشكراكردنی داهاتی هەرێمی كوردستانە، هەر لەداهاتی سنورەكان و باج و رسوماتەوە بگرە تا داهاتی نەوت و ئەو تانكەرانەی كە بەبەرچاومانەوە دەنێردرێتە دەرەوە.
كارزان سه‌باح هه‌ورامی ناوه‌راستی ئه‌م هه‌فته‌یه، (مایك پۆ‌مپێیۆ)، وه‌زیری ده‌ره‌وی ئه‌مه‌ریكا له‌وتاری هه‌فتانه‌ی خۆی، له‌باره‌ی عێراقه‌وه قسه‌یه‌كی نوێی كرد، گوتی(بۆ ئه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌تان سه‌ربه‌خۆی بێت، ده‌مانه‌وێت هاوكاریتان بكه‌ین، و هاوكاریتان ده‌كه‌ین بۆ دووباره بونیاد نانه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌تان)، جیا له‌وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، دواجار له‌ڕێگای په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنییه‌وه، (مایك پێنس)جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆماری عێراق باسی له‌وه‌كردووه كه ده‌بێت ویستی عێراقییه‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی رێزی لێبگیرێت، تادێت ئاستی توندوتیژیه‌كانی عێراقیش زیاتر ده‌بێت، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی ئه‌مه‌ریكای لێكه‌وتووه‌ته‌وه، كوژرانی خۆپیشانده‌ران دواجار ئه‌مه‌ریكای هێنایه ده‌نگ، ئاگاداری ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقیشی كردوه‌ته‌وه له‌وه‌ی خۆیان به‌دوور بگرن له‌كوشتنی خۆپیشانده‌ران، ئاستی كاردانه‌وه‌كان به‌رانبه‌ر به‌توندوتیژیه‌كان وای كرد كه‌وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، باڵیۆزی هه‌ریه‌كه له وڵاتانی (كه‌نه‌دا و به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا)بانگ بكات، ئه‌وه‌ش به‌مه‌به‌ستی ئاگاداری كردنه‌وه‌یان له‌ده‌ستوه‌ردان له‌كاروباری وڵات‌دا، دیار نییه چاره‌نووسی عێراق به‌ره‌وكوێوه ده‌چێت، داواكاری خۆپیشانده‌ران بریتیه له‌گۆڕینی كۆی سیسته‌می سیاسی عێراق و سه‌ركرده سیاسییه‌كان، له‌م لاشه‌وه هه‌وڵه‌كان بۆ دانانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و هه‌مواری ده‌ستوور و گۆرینی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌رده‌وامی هه‌یه. عێراق له‌به‌رده‌م دوو ئه‌گه‌ردایه، یه‌كه‌م: دیاری كردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێ له‌لایه‌ن سه‌رۆك كۆماری عێراقه‌وه به‌پێی یاسا، یان هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته، له‌هه‌ردوو ئه‌گه‌ره‌دا گه‌ره‌نتی دامركانه‌وه‌ی نارازییه‌كانی شه‌قامی عێراق ناكرێت، چونكه كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق پێنج مانگ كاتی ده‌وێت بۆ هه‌ڵبژاردن و دیاریش نییه به‌دانانی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عێراق داواكاری خۆپیشانده‌ران كۆتایی پێبهێنرێت، ئه‌م ئه‌گه‌رانه ئه‌مه‌ریكای خستوه‌ته جوڵه. سه‌ركردایه‌تی ئه‌مه‌ریكا په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان دروستكردووه، به‌شێك له ئاماده‌كاریه‌كان ره‌نگ بێت په‌یوه‌ندی به‌ئه‌گه‌ری تێكچوونی دۆخی عێراقه‌وه بێت، سه‌ردانی (مایك پێنس) جێگری سه‌رۆك ئه‌مه‌ریكا و (جێمس جیفری سۆن) نێرده‌ی تایبه‌ت سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری عێراق و سوریا بۆ كوردستان ده‌رخه‌ری جوڵه‌یه‌كی نوێی ئه‌مه‌ریكایه بۆ قۆناغی داهاتووی، ئه‌وه‌ی هه‌یه پێشبینیه كه ستراتیژیه‌تی ئه‌مه‌ریكا بریتیبێت له دوورخستنه‌وه‌ی ئێران له‌سه‌رجه‌م سێكته‌ره سیاسی و سه‌ربازییه‌كان. له قۆناغی یه‌كه‌م به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی خرانه ریزی تیرۆره‌وه، بۆ قۆناغی دووه‌م لێدانی سه‌ربازییه له سه‌رجه‌م بنكه‌و باره‌گاكانی حه‌شد، هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه بێ كاردانه‌وه نییه، به‌شێك له چاودێرانی سیاسی عێراق پێیان وایه (دوای سزاكانی ئه‌مه‌ریكا به‌سه‌ر چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی حه‌شد، ئاستی توندوتیژیه‌كانی به‌رز تر بووه‌ته‌وه)، ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه كه جه‌مسه‌رگه‌ری ئێران و ئه‌مه‌ریكا به‌ره‌و گرژبوونی زیاتر ده‌روات. ره‌نگ بێت به‌لای ئه‌مریكه‌كانه‌وه وێنای دوو عێراق بكرێت، (عێراقێكیان ئه‌وه‌یه كه پڕه له ناسه‌قامگیری، گه‌نده‌ڵی، بێكاری، نارازی سه‌رشه‌قام، ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی، كوشتن و بڕین، ململانێی ئه‌مه‌ریكا و ئێران)، عێراقێكی دیكه ئه‌وه‌ی چه‌ند ساڵێكه خۆیان ئه‌م چه‌مكه‌یان هێناوه‌ته ئاراوه، مه‌به‌ستیان له كوردستانه كه(سه‌قامگیری سیاسی و ئه‌منی هه‌یه، بوژانه‌وه‌ی ئابووری هه‌یه، شه‌رعیه‌ت و ره‌وایه‌تی ده‌سه‌ڵات تائاستێكی به‌رچاو به‌رزه، له‌لایه‌كی دیكه خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵات گرفتیان له‌گه‌ڵ سیسته‌می رۆژئاوا و ئه‌مه‌ریكا نییه)، به‌ڵام له عێراقه‌كه‌ی دیكه ئه‌مه نابینرێت، خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵات جۆرێك له‌لێكترازانیان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا هه‌یه، به‌چاوی داگیركاری ته‌ماشا ده‌كرێن، لێره و له‌وێ داوای ده‌رچوونی هێزه‌كانیان ده‌كرێت، جیاله‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندی كوردستان ئه‌وه‌یه كه له‌ڕووی كلتوریه‌وه، جۆرێك پارێزگاری له پێكهاته جیاوازه‌كان ده‌كرێت كه ئه‌مه بۆ ئه‌وان زۆر گرنگه، چونكه نمونه‌ی له‌م شێوه‌ی كوردستان له‌ناوچه‌كه نییه، ته‌نانه‌ت له ئیسرائیلیش، كۆی ئه‌مانه واده‌كات كوردستان شوێنێكی ستراتیژی گرنگ بێت بۆ وه‌به‌رهێنان، بۆ هێزه پێك ناكۆكه‌كان. ئه‌مه‌ریكای ده‌یه‌وێت رۆڵی ئێران كه‌م بكرێته‌وه، بگه‌رێته‌وه بۆ سنووره‌كانی خۆی دوورخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئێران و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه حه‌شد له‌به‌رنامه‌یدایه، به‌پێچه‌وانه‌وه، كوردستان گرنگی جیپۆلۆتیكی به‌رز بووه‌ته‌وه ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت هه‌ڵه‌كانی به‌رانبه‌ر به‌كوردستان راستبكاته‌وه، چونكه له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 بینیمان كه‌ئه‌مه‌ریكا چۆن كه‌وته هه‌ڵه‌وه، رێگای دا بۆ مانه‌وه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی، چاوپۆشی بكات له‌وه‌ی كوردستان لاواز بێت، ئه‌مه هه‌ڵه بوو، پێگه‌ی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان له‌ناوچه‌كه چۆڵ بوو، ئاسایشی هاوپه‌یمانان كه‌وته مه‌ترسییه‌وه، ئه‌مانه فاكته‌ری گرنگن كه دووباره چاوه‌روانی ئه‌وه بكه‌ین ئه‌مه‌ریكا به‌سیاسه‌تی نوێ بگه‌رێته‌وه، هاتنی (مایك پێنس)و جوڵه دیپلۆماسییه‌كان واده‌كات پێگه‌ی كوردستان بگه‌رێته‌وه بۆ پێش 16ی ئۆكتۆبه‌ر ئه‌م جوڵه به‌ومانایه نییه كه كوردستان هاوكاری بكرێت بۆ جیابونه‌وه، به‌ڵكو هه‌وڵ هه‌یه پێگه‌ی به‌هێز ببێته‌وه، جیاله‌وه‌ی پێگه‌ی سیاسی سوننه‌له عێراق لاواز بووه، وڵاتانی كه‌نداو به‌مه‌ترسی ده‌زانن، بۆیه نایانه‌وێت ئه‌م ناوچه‌یه بكه‌وێته ده‌ست شیعه و له‌مه‌ترسییه‌كانی دوای 16ی ئۆكۆتبه‌ر گه‌یشتوون، سه‌رجه‌می ئه‌مانه واده‌كات كوردستان به‌هێز ببێته‌وه، به‌مه‌رجێك كاربكرێت پێگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌به‌هێزی بمێنێته‌وه له‌گه‌ڵ ته‌بایی سیاسی.
