وانەکانی ئەخلاق
2019-12-14 11:13:28
د. ئیسماعیل نامیق
وەرن با لەکۆتاییەکانی تەمەنماندا یەکسان بین لەژیان ومردندا
خوێندنەوەیەک بۆ پرۆژە یاسای چاکسازی لەخانەنشینی ومووچە ودەرماڵە وبەخشین وئیمتیازاتەکانی دیکە
یەکسانی وئەخلاق:
یەکسانی چەمکێکی ئەخلاقیە، بەڵام زۆر جار بۆ مەبەستی نائەخلاقی بەکارهێنراوە وبەکاردەهێنرێت، بۆ نمونە دەستور ویاسای بەشێکی زۆر لەوڵاتە نادیموکراسەکان، سیخناخ کراون بەبنەماکانی یەکسانی، تەنها بۆ مەبەستی هەڵخەڵەتاندن وفریودانی رای گشتی نێوخۆیی ونێودەوڵەتی، چونکە لەواقیعدا بەتەواوی پێچەوانەی بنەماکانی یەکسانی هەڵسوکەوت دەکەن، لەو کات وشوێنەی پێویستە پەیڕەوەی یەکسانی بکەن، پەیڕەوی ناکەن، لەو کات وشوێنەش کە پێویستە یەکسانی پەیڕەو نەکەن، پەیڕەوی دەکەن، بەو کارەیان، چەمکێکی جوانی ئەخلاقی بەکار دەهێنن، بۆ مەبەستێکی ناشرینی نا ئەخلاقی. جا نازانم ئەو بنەمایانەی یەکسانی کە ووشەی دووەم وسێیەمن لە ماددەی یەکەمی پرۆژە یاساکەدا، بۆ چ مەبەستێک بەکار دەهێنرێن، ئایا وەکو یەکسانی نێو دەستور ویاساکانی دیکەن یان نا؟ بەڵام ئەوەندە دەزانم مووچە ودەرماڵە وبەخشین وئیمتیازاتەکانی ناو پرۆژەکە یەکسانیان تێدا نیە. پاشان ئەم پرۆژەیە ئەگەر کرا بەیاسا ئایا ئەو نا یەکسانیە بە یەکسانی جێبەجێ دەکرێت؟ یان لەناو نایەکسانیەکەشدا نایەکسانی دەکرێت؟ وەکو دەوترێت عیبرەت لەجێبەجێکردندایە.
ناونیشانی پرۆژەکە:
( چاکسازی لەخانەنشینی ومووچە ودەرماڵە وبەخشین وئیمتیازاتەکانی دیکە ) ئەمە ناونیشانێکی دور ودرێژە وچەند بابەتێکی دور لەیەکی تێدا کۆکراوەتەوە، بەجۆرێک هەر لەناونیشانەکەوە خوێنەر هەست بەوە دەکات جۆرێک لەناڕێکی ونەگونجاوی هەیە لە نێوان بابەتەکانی پرۆژەکەدا، ئەمەش لەگەڵ هونەری یاسا دارشتنی باشدا یەکناگرێتەوە. بۆ نمونە دەکرێت پرسیار بکەین، چاکسازی لەچی خانەنشیندا؟ هەروەها ئیمتیازاتەکانی دیکە وەکو چی؟ چۆن لەناونیشانی یاسادا ووشەی دیکە بەکار دەهێنرێت؟ پاشان مووچە ودەرماڵە لەگەڵ خانەنشینیدا دوو بابەتی لەیەک جودان وپێویستە بەیاسایەکی جیاواز لەیاسای خانەنشینی رێکبخرێن. لەگەڵ رێزی زۆرم بۆ داڕێژەرانی پرۆژەکە، بەڵام ئەم پرۆژەیەم وەک داڕشتنی جۆکەر دێتە بەرچاو، چونکە لەدەرگای زۆر بابەت وبواری داوە بەبێ وردەکاری وحسابکردن بۆ کاتی جێبەجێکردن، بۆیە دڵنیام ئەم پرۆەیە بەم داڕشتنەی ئێستای بکرێت بەیاسا، لەکاتی جێبەجێکردندا کێشەو کەموکوڕی زۆری بۆ دروست دەبێت. چونکە لەراستیدا من ترسم لەوە هەیە کۆکردنەوەی کۆمەڵێک بابەت وتێکەڵکردنیان لەژێر ناوی چاکسازیدا وسپاردنی جێبەجێکردنیان بە لایەنێکی نادیار، یاساکە وەکو زۆر یاسای تر بکات بەجسمێکی بێ گیان.
چاکسازی ناوە یان ناوەڕۆک؟
ئەم پرۆژەیە رەنگە ناکۆک یان دژ ویەکتر بڕ بێت لەگەڵ کۆمەڵێک یاسای کارپێکراودا، لەوانە یاسای خانەنشینکردنی پەرلەمانتار ( ساڵی 1999 هەموارکراو )، یاسای خانەنشینی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران، یاسای خانەنشینکردنی خاوەن پلە باڵاکان ( ژمارە 36 بۆ ساڵی 2004 )، یاسای ماف وئیمتیازەکانی کەس وکاری شەهیدان ( ژمارە 9 بۆ ساڵی 2007 هەموار کراو )، یاسای ئیمتیازەکانی زیندانی کراو وگیراوی سیاسی ( ژمارە 11 بۆ ساڵی 2011 )، یاسای ماف وئیمتیازەکانی کەمئەندام وخاوەن پێداویستی تایبەت ( ژمارە 22 بۆ ساڵی 2011 ) ، یاسای راژە وخانەنشینی هێزەکانی ناوخۆ ( ژمارە 18 بۆ ساڵی 2011 )، یاسای مووچە ودەرماڵەی سەرۆکی هەرێم وجێگرەکەی ( ژمارە 13 ی ساڵی 2010 )، یاسای خزمەتی شارستانی وچەندین یاسای دیکە. بەڕای من ئەم پەرتەوازەیە لەیاساکاندا هۆکارێکی سەرەکی دروستبوونی ئەو نادادیە کە ئەم پرۆژەی چاکسازیە بەحساب دەیەوێت بەشێکی رێک و راستبکاتەوە، ئەگەر کەمیش بێت. کەواتە سەرەڕای بوونی چەندین حوکمی باش لەپرۆژەکەدا، بەڵام مافی خۆمانە ترسمان لەوە هەبێت، ئەم پرۆژەیە ئەگەر بکرێت بەیاسا، لەژێر ناوی چاکسازیدا رەنگە شەرعیەت بدات بەو نادادیە گەورەیەی کە هەیە، وەکو چۆن پرۆسەی بایۆمێتری شەرعیەتی دا بەبندیوارەکان!! وە لەبەر ئەوەی من هیچ بەرژەوەندیەکم نیە، نە لەرەتکردنەوەی پرۆژەکە، نە لەپەسەندکردنی پرۆژەکە، تاکە بەرژەوەندیم، هێنانە دی دادپەروەریە، بۆیە بوێری ئەوەم هەیە بتوانم تێبینی ورەخنەکانم لەسەر ئەم پرۆژەیە بخەمە روو، وە زۆر بەرونی وراشکاویی بڵێم، ئەم پرۆژەیە دادی کۆمەڵایەتی پێ بەدیناهێنرێت، بەڵکو لەجیاتی ئەم پرۆژەیە، دەکرێت یاسایەکی خانەنشینی نمونەیی بۆ هەموو مووچە خۆرەکان دابنرێت، بەسود وەرگرتن لەئەزموون ویاسای وڵاتانی پێشکەوتوو، نەک ئەوەی عێراق بکرێت بە نموونەی باڵا وئاواتە خواز بین پێی بگەین، کەچی پێشی نەگەین!! لەپاڵ یاسای خانەنشیندا یاسای خزمەتی شارستانیش هەموار بکرێتەوە، بەجۆرێک لەگەڵ دۆخی ئێستای وەزیفە وفەرمانبەردا بگونجێت. بەیاسایەکی تریش هەموو ئەو خانەنشینی ودامەزراندن وپلە پێدان وپلەبەرزکردنەوەو ناحەقی وگەندەڵیانەی تر کەبەیاسا یان بەدەر لەیاسا کراون، هەڵبوەشێنرێنەوە، جا گرنگ نیە ناونیشانی یاساکە چی بێت. هەرچەند نامەوێت کەس بێئومێد بێت لەم پرۆژەیە ولەچاکسازی، بەڵام ئەگەر سەیری ئەو نوسخەیەی پرۆژەکە بکەین کە لەساڵی 2018 نێردرا بۆ پەرلەمان وبەراوردی بکەین لەگەڵ ئەو نوسخەیەی ئێستا نێردراوەتە پەرلەمان، دەبینین جیاوازیەکی ئەوتۆ لەنێوانیاندا نیە، کەواتە مافی خۆمانە پرسیار بکەین، ئایا هۆکار چیە ئەو ماوە زۆرە پرۆژەکە دواکەوت؟ چەندین پەرلەمانتار گرەویان لەسەر ئەوە ئەکرد ولێدوانیان ئەدا فڵان هەفتە وفڵان رۆژ پرۆژەکە ئەگاتە پەرلەمان، کەچی نەئەگەیشت وئەو بەڕێزانەش شەرمەزار ئەبوون. ئەم دواکەوتنە بێ حیکمەت نیە، بێگومان حیکمەتەکەی لەداهاتوودا دەردەکەوێت. بەرای من گرنگ نیە یاسایەکمان هەبێت بەناوی یاسای چاکسازی، گرنگ ئەوەیە چاکسازی بکرێت، ئەگەر لەغیابی یاساشدا بێت، ئەمەوێت بڵێم، چاکسازی بەناو وناونیشان ناکرێت، بەویستێکی پاک وناوەڕۆک وکردار دەکرێت.
بنەماکانی دیاریکردنی موچەی خانەنشینی:
دەکرێت پرسیار بکەین، ئایا لەسەر چ بنەمایەک مووچەی خانەنشینان دیاری دەکرێت؟ لەراستیدا یاسا دانان تەنها بریتی نیە لەریزکردنی کۆمەڵێک فەرمان وسەپاندنیان، بەڵکو پێویستە خودی یاساکە وفەرمانەکەش بنەما وبنچینەیەکی هەبێت، واتە پشت بەست بێت بەفەلسەفە وئاراستەیەکی یاسایی باش وپتەو، پاشان رێکی وگونجاوی نێوان حوکمەکانی یاساکە لەلایەک ولەنێوان خودی یاساکان لەلایەکی دیکەوە، هەروەها پێشبینی یاسادانەر بۆ زۆربەی زۆری حاڵەتەکان وئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی، پێویستی بەسەلیقە وشارەزایی ولێهاتوویەکی یاسایی قوڵ وبیرکردنەوەیەکی ورد وگشتگیر هەیە. کاتێک یاسای خانەنشینی دادەنرێت، دەبێت پرسیار بکرێـت ئایا مووچەی خانەنشینان لەسەر چ بنەمایەک رێک بخرێت؟
1) ئایا لەسەر بنەمای بەشداریکردنی مووچە خۆر بێت لەسندوقی خانەنشینیدا؟ خۆ ئەگەر تەنها ئەم بنەمایە بکرێت بەپێوەر، ئەوا رەنگە پێویست بەخانەنشینی نەکات، مووچە خۆر دەتوانێت مانگانە بڕێک لەمووچەکەی پاشەکەوت بکات ولەدوای تەواوبوونی خزمەتی وەزیفی، لەپاشەکەوتەکەی خۆی بژێنێ. یان ئەوەی کەوەکو خانەنشینی لێی بڕدراوە دەوڵەت هەر ئەوەندەی پێ بداتەوە، بۆ نموونە ئەگەر ئەوەی لەساڵانی خزمەتیدا لێی بڕدراوە بەکۆی هەمووی پەنجا ملیۆن دینار بوو، ئەوا بەپێی ئەم پێوەرە دەوڵەت پابەند دەبێت تەنها پەنجا ملیۆن وسودی یاسایی ئەو بڕە بداتەوە بەو فەرمانبەرە دوای تەواوبوونی خزمەتەکەی. کەواتە ئەگەر ئەمە بکرێـت بەپێوەر نابێـت ئەو جیاوازیە زۆرە لەنێوان مووچەی خانەنشیناندا هەبێت.
2) ئایا لەسەر بنەمای خزمەت وگرنگی وەزیفەکەی بێت؟ هەموو وەزیفەیەک وخزمەتکردنێک بە وڵات گرنگە لەبوار وکات وشوێنی خۆیدا، کەواتە ئەگەر ئەمەش پێوەر بێت، نابێت ئەو جیاوازیە زۆرە هەبێت، چونکە باوەڕ ناکەم ئەوەی مووچەی خانەنشینی 250 هەزار وەردەگرێـت، کەمتر خزمەتی بەوڵات کردبێت لەوەی 6 ملیۆن یان زیاتر وەردەگرێت، یان خزمەتەکەی لەخزمەتەکەی ئەم گرنگتر نەبێت. ئەی کەواتە ئەم جیاوازیە گەورەیە بۆچی؟
3) ئایا لەسەر بنەمای پێداویستی بێـت؟ دوای کۆتایهاتنی خزمەتی وەزیفی وگەیشتنی مرۆڤــ بەتەمەنێکی دیاریکراو، تا رادەیەک پێداویستیەکان لەیەک نزیک وهاوشێوە دەبن، چونکە ئەو کاتە پێداویستیەکان بریتی دەبن لەچاودێری پزیشکی وخواردن وجل وبەرگ وسەفەر وگەڕان. مادام پێداویستیەکان لەیەک نزیک وهاوشێوەن، کەواتە ئەو جیاوازیە گەورەیە لەمووچەکانیاندا بۆچی ولەپای چی؟
4) ئایا لەسەر بنەما بەیەکەوە گرێدانی ژیانی فەرمانبەر لەکاتی وەزیفەدا وژیانی لەدوای تەواو بوونی وەزیفەکەی بێت؟ بەو مانایەی هەر مووچە خۆرێک لەکاتی وەزیفەدا جۆرێک لەژیانی بۆ خۆی دروستکردووە، لەکاتی خانەنشینیدا پێویستە هەمان ستایڵی ژیانی بۆ فەراهەم بکرێت. بەڕای من ئەمە تاکە پێوەرە بۆ ئەو نایەکسانیە زۆرەی لەنێوان مووچەی خانەنشیناندا دەکرێت. بەڵام ئایا ئەمە پێوەرێکی رەوایە؟ رێکخستنی مووچەی خانەنشینی تەنها لەسەر ئەم پێوەرە نادادیەکی گەورەیە، وە دەبێـتە هۆی ئەوەی هەر لەسەرەتاوە نایەکسانی لەنێوان تاکەکاندا دروست بێت، بەتایبەتی لە وڵاتانی نادیموکراسیدا، دەستکەوتنی وەزیفەیەکی باش زۆر جار بەرێگەیەکی ئاسایی نابێت، بەڵکو لەرێگەی رفاندن وناشەرعیەوە دەبێت، ئیتر ئەم وەزیفە باشە دەبێتە بنچینەی نایەکسانی لەکۆمەڵگەدا وئەم نایەکسانیەش بەردەوام دەبێت، چونکە نایەکسانی ئابووری سەرچاوەی هەموو نایەکسانیەکانە.
لەهەرێمی کوردستاندا نازانرێت لەسەر چ پێوەر وبنەمایەک مووچەی خانەنشینی رێکخراوە، چونکە جیاوازی ونایەکسانیەکان ئەوەندە زۆرن، هەموو سنور وپێوەرێکیان تێپەڕاندووە، ئەمەش بێسەروبەریی ونادادیەکی گەورەی دروستکردووە، وەڵامی ناڕەزایەتیەکان بەرامبەر ئەم نادادیە بەپێداچوونەوەی سەرلەبەری سیستمی خانەنشینی وسەرلەنوێ داڕشتنەوەی دەبێت، لەسەر بنەمای دادپەروەری، نەک بەپینە وپەڕوکردن.
من لەگەڵ ئەوەدام سەرجەم خانەنشینان مووچەیەکی یەکسانیان پێ بدرێت، با لانی کەم لەکۆتاییەکانی تەمەندا یەکسان بین، یان ئەگەر ئەمەش ناکرێت، خۆ دەکرێت نا یەکسانیەکە ئەوەندە زۆر وگەورە نەبێت، بەڵکو لەسنورێکی مەعقولدا بێت، بۆ ئەوەی وا هەست نەکرێت، هاووڵاتیان لەپلەو چینی جیاوازدان، هەندێکیان هاووڵاتی پلە یەک وچینی باڵا ئەوانیش پلە دوو وپلە سێ و چینی نزم وخوارەوە.
ناوەڕۆکی پرۆژەکە:
1) لەپرۆژەکەدا باسی مووچە ودەرماڵە وخانەنشینی سەرۆک وئەندامانی ئەنجوومەنی دادوەری ودادوەرەکان وئەندامانی داواکاری گشتی نەکراوە؟ نازانرێت هۆکار چیە؟ ئایا بوونی یەکسانی ودادپەروەریە لەمووچەی ئەم توێژەدا، یان بێدەنگکردنیانە؟
2) ئەوانەی لەدەرەوەی کەرتی گشتی وکەرتی تایبەت کار دەکەن، هیچ حسابێکیان بۆ نەکراوە، خانەنشینی ودەستەبەری کۆمەڵایەتی نایانگرێتەوە، وەکو ئەوەی ئەمانە قەت پیر نەبن وپێویستیان بەحکومەت وهاوکاری نەبێت، یان لەدەرەوەی چوارچێوەی چەمکی هاووڵاتـی بن.
3) لەپرۆژەکەدا زۆر باسی ئەوە کراوە، ئەوانەی بەدەر لەیاسا خانەنشین کراون، یان پلەی وەزیفیان پێ دراوە، یان بەنایاسایی خزمەتیان بۆ حساب کراوە، هتد. بوونی ئەم عیبارەتانە لەپرۆژەکەدا بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کێشەکە تەنها یاسا نیە وتەنها بەیاساش چارەسەر نابێت. هەروەها سەلماندنی راستی قسەی هەموو ئەو رەخنەگرانەشە کەپێشتر وهەنووکە رەخنەیان لەخراپی بەڕێوەبردنی ئەم هەرێمە گرتووەو دەگرن، لەهەمان کاتدا ئەم عیبارەتانە دەبێتە هۆی شەرمەزارکردنی هەموو ئەو هەلپەرستانەی بۆ بەرژەوەندی کەسی خۆیان بەرگریان لەخراپی بەڕیوەبردن کردووە، بۆ دوو دینار ئامادە بوون هەزارەها قسەی هەلەق ومەلەق بکەن ورەخنەگران بەچەندین تۆمەتی ناڕەوا تۆمەتبار بکەن. سەرباری ئەوانە بوونی ئەم جۆرە عیبارەتانە لەناو پرۆژەکەدا حەقە ببێتە هۆی جوڵاندنی بەرپرسیارێتی یاسایی، کێ ئەو نایاساییانەی کردووە؟ ئێ خۆ ناکرێت هەر بەدانپێدانان ئیتر بڵێین ( عفا الله عما سلف ).
4) بەپێی پرۆژەی چاکسازیەکە سەرۆک وئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش خانەنشین دەکرێن، لەکاتێکدا بەپێی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان خانەنشین ناکرێن، ئیتر نازانم پرۆژەکە چاکسازی لەیاساکەدا کردووە، یان یاساکە لەپرۆژەکەدا؟؟!!
5) لەخاڵی سێیەمی ماددەی دووەمدا هاتووە: خاوەنی پۆستە باڵاکان ئەگەر پێشتر فەرمانبەری حکومەت بن، سەرپشک دەکرێن لەوەی خانەنشین بن، یان بگەڕێنەوە سەر وەزیفەکانی پێشوویان، وە کەدەگەڕێنەوە سەر وەزیفەکانیان، سەرپشک دەکرێن لەوەی مووچەی خانەنشینی وەربگرن، یان مووچەی وەزیفەکەیان. ئەمە چەندین کێشە دروست دەکات، لەوانە ئەگەر کەسەکە پێشتر وەزیفەی نەبوو یەکسەر خانەنشین دەکرێـت بەمووچەیەکی بەرز، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی خاوەن وەزیفەکەش نەگەڕێتەوە، بەڵکو لەجیاتی ئەوە بەمووچەیەکی بەرز خانەنشین دەبێت ولەپاڵیدا کارێکی تر دەکات، وەکو ئەوەی ئێستا باوە. پاشان ئەگەر کەسەکە گەڕایەوە سەر وەزیفەکەی پێشووی وبڕیاریدا مووچەی خانەنشینی وەربگرێت، چ میکانیزمێک هەیە بۆ ئەوەی ئەم کەسە پابەند بکرێت بەوەی لەکارەکەیدا دڵسۆز بێت، چونکە دەتوانێت بەئارەزووی خۆی دەوام بکات، ناتوانرێت سزای مووچە بڕین وکەمکردنەوەی مووچە بدرێت، وە ئەگەر زۆر ئیزعاجیش بکرێت وەزیفەکە بەجێ دەهێڵێیت، کەواتە ئەم دەقە لەجیاتی ئەوەی خزمەت بەوەزیفەی گشتی بکات زیانی پێ دەگەیەنێ، بۆیە واباشترە گەڕانەوەکە بکرێت بە إجباری ئەویش تەنها بەوە دەکرێت کەس پێش تەمەنی خانەننشینی، خانەنشینی نەکرێت.
6) لەخاڵی چوارەمی ماددەی دووەمدا هاتووە: هەژمارکردنی خزمەتی خولی پەرلەمان بۆ ئەو پەرلەمانتارەی دەگەڕێتەوە سەر وەزیفەکەی. ئەی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا کاتێک ئەگەڕێتەوە سەر وەزیفەکەی پێشووی، خزمەتی خولی ئەنجوومەنی بو هەژمار دەکرێت یان نا؟
7) لەماددەی 3 دا: تەمەنی خانەنشینی ئارەزوومەندانە کراوە بە 45 ساڵ، دەکرێت پرسیار بکەین بۆ 45 ساڵ؟ لەکاتێکدا لەعێراقدا 50 ساڵە، ئایا هەرێمی کوردستان لەپارێزگاکانی دیکەی عێراق گەرمترە ومرۆڤەکانی زووتر گەشە ئەکەن وپیر ئەبن؟ یان لەبەر حیکمەتێکە وئێمە نایزانین؟ هەر لەماددەی 3 دا لەکۆتایی ماددەکەدا هاتووە: ئەو حاڵەتانەی دیکەی بەدەرکردن کەلەیاسای خانەنشینی بەرکاردا هاتووە. ئەم عیبارەتە روون نیە، چونکە ئاماژەی نەکردووە بە حاڵەتەکە وژمارەو وساڵ وماددەکەی یاسای خانەنشینی.
8) لەزۆر جێگەی پرۆژەکەدا ئاماژە بەیاسای خانەنشینی یەکگرتووی بەرکار لەهەرێمی کوردستاندا کراوە، ئایا دەکرێت ژمارە وساڵی ئەو یاسایەمان پێ بڵێن؟ من خۆم زۆر گەڕام بەدوای ئەوەدا ئایا کام یاسای خانەنشینی لەهەرێمی کوردستاندا بەرکارە، ئایا یاسای ساڵی 2006 یان 2014، لەراستیدا وەڵامێکم دەست نەکەوت، هەرچەند گومان ئەبەم یاسای ساڵی 2006 بێت، هەرچەندە سەیری هەموو ئەو یاسایانەم کرد کە پەرلەمان لەساڵی 1992 ەوە دەریکردوون، هیچ یاسایەکم نەبینی، یاسای خانەنشینی یەکگرتووی لەهەرێمی کوردستاندا پێ بەرکار کرابێت، رەنگە من هەڵە بم، وە رەنگە لەهەرێمی کوردستاندا یاسای بۆ دەرنەچوبێ.
9) ماددەی 7: بڕگەی یەکەم ناساز وناڕیک ( رکیک ) وناڕونە. لەبڕگەی سێیەمدا هاتووە: کەبۆ لەمەودوا بەگوێرەی یاسای خانەنشینی بەرکار دیاریدەکرێن. مەبەستەکە نارونە، ئایا تا ئێستا دیاری نەکراون؟ هەر کۆی بڕگەی 3 رەکیکە.
10) ماددەی 8، تەنها باسی فەرمانبەران دەکات کە نابێت لەیەک جار زیاتر سوودمەند بن، جا لەهەرێمی کوردستان بێت یان لەحکومەتی فیدراڵ. پرسیارەکە ئەمەیە ئایا وەزیر وپەرلەمانتار وخاوەن پلە باڵاکانیش، نابێت لەیەک کاتدا مووچە لەهەرێم وحکومەتی فیدراڵیش وەربگرن؟ بۆ لەپرۆژەکەدا باسی ئەمە نەکراوە، پاشان ئەگەر وابێ میکانیزم چیە بۆ جێبەجێکردنی حوکمێکی لەم جۆرە؟
11) ماددەی 13: لەبڕگەی یەکەمدا هاتووە، دامەزراندن لەهەر وەزیفەیەکی پلە باڵا رادەگیرێت. ئەی ئەوانەی بەنایاسایی لەو پلانەدا دەمەزراون چییان لێدەکرێت؟ پاشان بڕگەی دووەم وسێیەم هەموو خاوەن پلە باڵا ( معوم ) ەکان بەمووچەی بەرز خانەنشین دەکات بێگوێدانە ساڵی خزمەت وتەمەن، ئایا ئەمە چاکسازیە، یان شەرعیەتدانە بەگەندەڵی؟
12) ماددەی 16: بڕگەی دووەم بەدیاریکراوی ئاماژەی بەهەڵوەشاندنەوەی یاسای خانەنشینی خاوەن پلە باڵاکان کردووە. حیکمەت چیە لەوەی بەتەنها باسی هەڵوەشاندنەوەی ئەم یاسایەی کردووە؟ راستە لەهەمان بڕگەدا دەڵێت کار بەهیچ دەقێکی یاسایی ناکرێت ناکۆک بێت لەگەڵ ئەم یاسایە، بەڵام پاشان ناوهێنانی تەنها یەک یاسا بێ حیکمەت نیە، پێویست بوو ئاماژە بەهەموو ئەو یاسایانە بکات کە هەڵدەوشێنرێنەوە، لەپێش هەموویانەوە یاسای خانەنشینکردنی پەرلەمانتار ووەزیر.
13) پرۆژەکە لە ماددە 4 وماددە 13 وماددە 17 دا باسی ئەوەی کردووە ئەنجوومەنی وەزیران پەیڕەو دەردەکات. ئەم تێبینیانەم لەسەر ئەو سێ پەیڕەوە هەیە:
ڕ) لەماددە 4 دەڵێت دەستەی خانەنشینی نیشتمانی بەپەیڕەو دروست دەکرێت، ئەمە هەڵەیە، چونکە دەستە بەیاسا دروست دەکرێت نەک پەیڕەو.
ب) لەماددەی 13 هاتووە، دامەزراندنی بەڕێوەبەری گشتی وبەرەو ژور بەپەیڕەو رێکدەخرێت. ئەمەش هەڵەیە، چونکە بەڕێوەبەری گشتی تەنها بۆ دەسەڵاتی جێبەجێکردن دانامەزرێنرێت، بۆ هەردوو دەسەڵاتەکەی تر ودەستە سەربەخۆکانیش، کەواتە ئەم بابەتە دەبێت بەیاسا رێک بخرێت، نەک پەیڕەو.
ج) لەماددەی 17 هاتووە، ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئاسانکاری جێبەجێکردنی ئەم یاسایە لەماوەی (60 ) رۆژ لەجێبەجێکردنیەوە پەیڕەوێک دەردەکات. لەماددەی 19 شدا دەڵێت ئەم یاسایە لەدای تێپەڕبوونی 90 رۆژ لەرێکەوتی دەرچوونی پەیڕەوەکەوە جێبەجێ دەکرێت. ئەم دوو ماددەیە هەڵە ومەبەستی غەریبیان تێدایە، ماددەی 17 دەڵیت لەماوەی 60 رۆژ لەجێبەجێکردنی یاساکەوە پەیڕەو دەردەکرێت، کەچی ماددە 19 دەڵێت دوای 90 رۆژ لەدەرکرنی پەیڕەوەوە جێبەجێ دەکرێت، من هیچ ناڵێم خۆتان سەرنج بدەن وبزانن کەی ئەم یاسایە جێبەجێ دەکرێت؟ ئەبوو بوترایە لەماوەی 60 رۆژ لەرۆژی بڵاوکردنەوەیەوە یان دەرچوونیەوە، یەیڕەوی بۆ دەردەکرێت ولەدوای 90 رۆژ لەدەرکردنی پەیڕەوەکەوە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. هەروەها ناشزانرێت ئەم پرۆژەیە لای پەرلەمان وسەرۆکایەتی هەرێم چەندێکی پێ ئەچێ، بەکورتی ئەبێ تا زستانی داهاتوو چاوەڕێ بین، بزانین چاکسازی ئەکرێت یان نا؟ بەکورتی دواکەوتنی ئامادەکردنی پرۆژەکەو دواخستنی جێبەجێ کردنی ئاماژەی باش نین لەسەر پرۆژەکە.
14) لەماددە 12 دەڵێت: دەبێت وەزیری پەیوەندیدار وسەرۆکی پەیوەندیداری لایەنی نەبەستراو بەوەزارەت وفەرمانبەری تایبەتمەند حوکمەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن. لەماددەی 18 شدا جەخت دەکاتەوەو دەڵێت پێویستە ئەنجومەنی وەزیران ولایەنە پەیوەندیدارەکان حوکمەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن. بەرای من ئەوەی ماددە 12 زیادەیە. هەروەها ئەم جەختکردنەوەیە خۆی لەخۆیدا گومان دروست دەکات لەسەر خودی پرۆژەکە، رەنگە دەسەڵاتداران زۆر دڵنیا نەبن لەوەی دەتوانن جێبەجێی بکەن. رۆژگاریش راستی وناڕاستی ئەم گومانە بەدەر دەخات.
لەکۆتاییدا دەڵێم، زۆرجار لەمێژوودا رویداوە، ئەوانەی باسی چاکسازیان کردووە، لەواقیعدا رەفتاری پێچەوانەیان کردووە، بۆ نموونە لەوکاتەی باسی کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەریان کردووە، مووچەی خۆیان ودارودەستەکانیان زیادی کردوە، لەو کاتەی ئیفادیان لەخەڵک قەدەغەکردووە، گەڕان وهاتوو چۆی خۆیان زیادی کردووە، لەو کاتەی دەرماڵەی منداڵی فەرمانبەریان کەمکردۆتەوە، مووچە وپاروی چەور تریان بۆ منداڵەکانی خۆیان دابین کردووە، لەوکاتەی بەخەڵکیان وتووە مردن شانازیە، خۆیان باشتر ژیاون.
من رەشبین نیم وهەموو هەنگاوێکی باشیش بەرز دەنرخێنم، بێگومان ئەم پرۆژەیە خاڵی باشی تێدایە، بەڵام لەهەمان کاتدا مافی خۆمانە قسەی لەسەر بکەین، پرسیار بکەین، ئایا ئەم پرۆژەیە دەبێتە هەوێنی چاکسازی راستەقینە؟ یان هەر چەمکێکی ئەخلاقیە وبەکار دەهێنرێت بۆ مەبەستێکی شاراوە، لەژێر ناونیشانی دروشمی جوان و بریقەدار بۆ سەرقاڵکردن ودڵخوشکردن.