سیستانی پەشیمانە لەفەتواکەی خۆی!
2019-12-13 15:07:20
گوڵاڵە سدیق
لەئێستادا ناکۆکیەکی قوڵ دەبینرێت لەنێوان هەردوو مەرجەعی باڵای شیعەکان(نەجەف، قوم) کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر کاروباری سیاسی و پەیوەندی نێوان لایەنە دەسەڵاتدارەکانی عێراق دروست کردوە.
جیاوازی نێوان مەڕجعەی قوم و نەجەف ئەوەیە:
هەرچی مەڕجعیەتی قومە باوەڕی تەواوی بە ولایەتی فەقهی هەیە، هەمیشە پیاوانی ئاینی و فەتواکانیان لەسەرو هەمو دامودەزگا ڕەسمییەکانەوە دەبینن، وە هەمیشە سیاسەتکردن بەکاری پیاوانی ئاینی دەزانن، لەهەر کاتێک مەڕجەع هەر فەتوایەک بدات بێ گوێدانە دەرکردنی یاسا بۆی لەخودی یاساکە بەهێزترە. ئەمە لەکاتێکدا کە مەڕجعی باڵای شیعەکانی عێراق عەلی سیستانی باوەڕی بە ولایەتی فەقهی نیه و دژیەتی.
ناکۆکییە شاراوەکانی نێوان قوم و نەجەف ئیتر بواری شاردنەوەیان نەماوە، کار گەشتوەتە ئەوەی بەئاشکرا دژایەتی یەکتر بکەن لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا.
جەنگی ساردی نێوان هەردوو مەڕجەع لەئێستادا هێزە عێراقییەکانی بەسەر هەردو بەرەکەدا دابەشکردوە:
ـ ئەوانەی وەلائیان بۆ خامەنەئی هەیە داوای ولایەتی فەقهی دەکەن.
ـ ئەوانەی وەلائیان بۆ سیستانی هەیە ئەوانەن دژی ولایەتی فەقهی و هەیمەنەی ئیرانن لە عێراق.
شیعەی عێراق بەوە ناسراون کە باوەڕی تەواویان بە مەڕجەعی باڵای خۆیان هەیە بێ گوێدانە ئەسڵ و فەسڵ و سنوری ئەو جوگرافیابەی کە لێوەی هاتوە، هەر ئەم بیروباوەڕەشە کە وایکردوە هەر فتوایەک لەلایەن مەڕجعی باڵای عێراقیەوە بدرێت هێزی یاسای هەیە و هەر تاکێکی شیعە لەعێراقدا بێ بیرکردنەوە یان ناڕەزای دەربڕین پابەند دەبن بە فەتواکەوە.
عەلی خامنەئی زۆر زیرەکانە ئەو فەتوایەی سیسانی قۆستەوە و توانی لەبەرژەوەنی خۆی بەکاری بهێنێت، کاتێک سیستانی فەتوای جیهادکردنی دا دژی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش و لەپەرلەمانەوە ئەم فەتوایە بەرگی یاسایی کرا بەبەردا و ڕێگای بەدروستکردنی حەشدی شەعبی دا، بەجۆرێک عەلی خامنەئی توانی چەندین میلیشای چەکداری لەعێراق بخاتە ژێر هەیمەنی خۆیەوە لەڕێی سەرۆکەکانیانەوە.
ئەو هێزە میلیشیانەی دوای فەتواکەی سیستانی بەرگی یاسایی کرا بە بەریان، ئەمانەن:
١ـ سەرایا سەلام: ئەم هێزە سەر بە موقتەدا سەدرە و زۆربەی ئەندامەکانی پێشتر ئەندام بوون لە جەیشی مەهدی.
٢ـ ڕێکخراوی بەدر: ڕێکخراوێکی چەکدارە سەر بە هادی عامرییە کە ساڵی ٢٠١٢ لە مەجلسی ئەعلای عەمار حەکیم جیابویەوە و بەئاشکرا وەلائی خۆی بۆ ئێران دەردەبڕێت، وە ئەم ڕێکخراوە زۆرترین ئەندام لەخۆدەگرێت.
٣ـ عەسائبی ئەهلی حەق: دوای ئەوەی جەیشی مەهدی قەدەغەکرا بە فەرمانی موقتەدا سەدر ئەم باڵەی لێ جیابویەوە و قەیس خەزعەلی سەرۆکایەتی دەکان.
٤ـ حزبوڵای عێراقی: پێکهاتوە لەچەند کەتیبەیەک کە زۆر نهێنین و تەنها و تەنها فەرمان لە ئێرانییەکانەوە وەردەگرن.
٥ـ حزبوڵای نوجەبا: لە ساڵی ٢٠١٣ لە عەسائبی ئەهلی حەق جیابونەوە و ئەکرەم کەعبی سەرۆکیانە.
٦ـ سەرایای جیهاد و بەنا: ڕاستەوخۆ لەگەڵ فەتواکەی سیستانی دامەزرا.
٧ـ کەتیبەکانی سەید شوهەدا: لە حزوڵای عێراقی جیابونەوە و حاجی وەلا سەرۆکیانە.
٨ـ کەتیبەکانی تەیار رسالی: دوای فەتواکەی سیستانی دامەزرا بە سەرۆکایەتی عدنان شەممانی.
٩ـ سەرایای خوراسانی: ساڵی ٢٠١٣ بەسەرۆکایەتی حامد جەزائری دامەزرا.
١٠ـ سەرایای عاشورا: ڕاستەخۆ لەگەڵ فەتواکەی سیستانی دامەزرا.
١١ـ سەرایای عەتەبات: دوای فەتواکەی سیستانی دامەزرا.
بەهەمان شێوەی هێزە سیاسیەکان، حەشدی شەعبی کە بەفەتوای سیستانی دامەزرا بوون بە دوو بەشەوە:
ـ هەندێکیان وەلائیان بۆ ئیران و ولایەتی فەقهی هەیە.
ـ بەشێکی کەمیان وەلائیان بۆ علی سیستانی هەیە و دژی ئێرانن.
لە چوارەمین هەڵبژاردنی عێراقدا، گەلی عێراقی کەوتنە نێوان گرەوی نەجەف و قومەوە، بەجۆرێک کە عەلی سیستانی فەتوای داو داوایکرد ڕێگە نەدرێت بە دەستوەردانی دەرەکی لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا، وە بۆ یەکەمجار هاوڵاتیانی ئاگادارکردەوە کە مولزەم نین بە دەنگدانەوە!
هێزە سیاسیەکان لە فەتواکەی سیستانی ئەوەیان خوێندەوە، کە سیستانی لە هەوڵدایە بۆ گۆڕینی ڕێڕەوی سیاسی لە عێراقدا، ئەمەش وایکرد کە عەلی خامنەئی بەهەمو قورسایی خۆی کاریکرد بۆ سەرخستنی ئەو هێزە سیاسیانەی کە وەلائیان بۆ ئێران و دەوڵەتی فەقهی هەیە.
بەم شێوەیە پێگەی سیستانی لەعێراقدا کەوتە مەترسیەوە بەتایبەت پاش ئەوەی کە ئایەتوڵا مەحمود هاشمی بوو بەسەرۆکی حەوزەی نەجەف کە باوەڕی تەواوی بە ولایەتی فەقهی هەیە و سەر بەئێرانە.
بەم شێوەیە ئێران لەڕێی سەرۆکایەتی حەوزەی نەجەف و قومەوە دەتوانێت ڕابەرایەتی هەمو شیعەی جیهان بکات.
ئەمانە بوون بە هۆکاری ئەوەی مەڕجەعی شیعەی عێراق ناکۆکییە شاراوەکان بخاتە ڕوو و ڕوبەڕوی گەلی عێراقی بکاتەوە بە دروشمی نیشتمانمان دەوێت.
وە لە کۆتا ووتاری هەینی ئەمڕۆدا نوێنەری سیستانی داوای ئەوەی کرد کە چەک لە میلیشیا چەکدارەکان دابماڵن و چەک تەنها لەدەستی دەوڵەتدا بمێنێتەوە، ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە پێشتر ئەو هەمو میلیشیا چەکدارانە بە فتوایەکی سیستانی لە پەرلەمانەوە بەرگی یاسایی کرا بە بەریان، سەرلەبەریان هەڵبوەشێتەوە و لەچەک دابماڵدرێن، ئەگەر ڕۆژانێک ئەم هێزە میلیشیایانە دژایەتی داعشیان کردبێت و ووڵاتیان لەدەست داعش ڕزگار کردبێت، ئەوا لەئێستادا ئەم هێزە میلیشیایانە مەترسین بۆ سەر بەرەی نەجەف و سەروەری خاکی عێراق و بڕیاری عێراق.
ئەمەش پێمان دەڵێت کە سیستانی لە فەتواکەی خۆی پەشیمان بوەتەوە و ئاساییە کە سەرکردەیەک یان مەرجەعێک ڕۆژێک بڕیارێک دەربکات و پاش ماوەیەک پێچەوانەی بڕیارەکەی یەکەمجاری بڕیارێکی تر دەربکات، بەڵام لە بەرژەوەندی خەڵک نەک دژی خەڵک.