ئێمەو چاکسازی و نەوشیروان
2019-12-14 14:05:52
پەیكار عوسمان
- لەنێوان (هیچ و هەموو) یەك دنیا ڕێژەو ژمارە هەیە.
لەنێوان (ڕەش و سپی) دنیایەك ڕەنگی تری کاڵ و تۆخ هەیە.
لەنێوان فریشتەو شەیتانیش ئینسان هەیەو لەنێوان پەرستن و شەیتاندنیشا بڕێك ئینساف و مەوزوعیەت هەیە!
لەسەرو ئەمانەشەوە کات هەیەو دواجار شتەکان بە مروری زەمەن گەشەئەکەن نەك ئەوەی لەپڕ ببن بە کوڕ.
- مەسەلەن یاسای چاکسازی، نە ئەونە خراپە زەڕبی لێدەیت، نە ئەونەش باشە کە دەسکەوتێکی زەبەلاح بێت.
لەڕاستیدا یاساکە ئەتوانی چاکسازی بچوك بکات، بەڵام هەرگیز کاری گەورەی پێناکرێ. چونکە چاکسازی گەورە یەعنی دەسکاریکردنی سیستەم، سیستەمیش خۆی دەسکاری خۆی ناکا بەڵکو بڕێك جوانکاری خۆی ئەکا.
جوانکارییش کەم نیەو لەهیچ باشترە، بەڵام زۆریش نیە!
- ئەوانەی چاکسازییەکە ئەکەن کێن؟ حکومەت و پەرلەمان وەزیرو پەرلەمانتار.
ئێ ئەمانە نوێنەرو مۆزەفی حیزبن، حیزبیش خۆی سیستەمەکەو خۆی فەسادەکەیە، کەواتە ئەم کەسانە ناتوانن دەسکاری فەسادە گەورەکە بکەن. ئێ فەسادی مامناوەندیش خۆیانن، معاش و خانەنشینییەکەی ئەوانە، کەواتە ئەویش هیچ.
ئەمێنێتەوە شتەکانی خوار ئەوە، ئێ لەخوار ئەوەوە هێشتا دنیایەك گەندەڵی هەیەو دەسیان خۆشبێ کە چاکیئەکەن و لێرەدا یاساکە شتێکی زۆرباشە، بەڵام شتەکەش هەرئەوەیەو لەوە زیاتر نیەو لەخەڵکی مەکەن بەتەیارەو لەخۆشتانی مەکەن بە موزایەدە.
- پرسیارەکە ئەوەیە، ئێمە بۆ چاومان خەساربووەو ناتوانین لە هەرشتێك کە بەدڵیشمان نەبێت، دیوە جوانەکەی هەر ببینین؟ یان لەهەرشتێك کە بەدڵیشمانە، کەموکوڕیەکەی هەر ببینین؟
وەڵامەکەی ئەوەیە ئەم کارە تەنیا بە چاوی خۆت ئەکرێ. کە بڕیاری پێشوەختە چاوی خۆتی لێوەرگرتیتەوەو چاوی (هیچ و هەموو)ی بۆ دانایت، ئیتر تۆ ناو پاکەتەکەی دنیا نابینیت و نازانی چی تیایە، چونکە نایکەیتەوە، هەر تەنیا زەڕبێك یان سەحێك لە قەپاغەکەی ئەدەیت!
- جا عەڵیەتی (لەگەڵ و دژ یان هیچ و هەموو یان ڕەشوسپی یان فریشتەو شەیتان..) کێشەکەی ئەوەیە کە "عەقڵیەت" نیەو ئەسڵەن شتەکە عەقڵی ناوێ، بەڵکو کارەکە بە بڕیاری پێشوەخت ئەکرێ و بڕیاری پێشوەختیش یەکسانە بە بیرنەکردنەوە لە وەختەکانی تردا.
- ئیتر بڕیارەکە لە حەز، ڕق، بەرژەوەندی یان له ئایدۆلۆژیاوە هاتووە ئەمە مەوزوع نیە، گرنگ ئەوەیە کە لە عەقڵەوە نەهاتەوە! چونکە کات خۆی یەکێکە لە پێکهاتەکانی بڕیارو عەقڵ ناتوانێ فەرامۆشی بکاو پێش کات بڕیاری عەقڵانی بدا. مەوزوعیەت و ئینسافیش ئەکەونە کاتەوەو لەپێشکاتا ناتوانن هەبن!
- ئینجا نەوشیروان نە بابەتی پیرۆزکردنە، نە بابەتی تڕۆکردن! ئەو کابرایە لەسەرو ڕەخنەوە نیە، بەڵام لە ژێر پێڵاویشەوە نیە! نە ئەو بتەیە کە جەماعەتی سەر گردەکە دایانتاشیوە، نە ئەو زبڵەشە کە جەماعەتی خوار گردەکە فڕێیئەدەن!
لەنێوان ئەو دوو خاڵەدا بە باش یان بە خراپ، چی قسەت لەسەر ئەو پیاوە هەیە بیکە. بەڵام لەو دوو خاڵەی ئەمپەڕو ئەوپەڕەوە نا!
چونکە ئەو دوو خاڵە شوێنی قسەنین، بەڵکو سەنگەرن و شوێنی شەڕن! لە شەریشا عەقڵ و ویژدان ئامادەنین، چونکە ڕاستی ئامانج نیە، بەڵکو سەرکەوتن و بەزین ئامانجە.
- کە ئەشڵێن (خیر الامور اوسطها) مەبەست ئەوەنیە کە هەردو سەری پەتەکە بگریت و لە ناڵیش بەیت و لە بزماریش! بەڵکو مەبەست ئەوەیە کە جگە لە دوو خاڵەکەی ئەمپەڕو ئەوپەڕ کە عەقڵی تیانیە، ماباقی بەینەکە مەساحەی بیکردنەوەو دەرفەتی ئامادەیی عەقڵە بۆیە خێری تیایە.
- شەڕ لەگەڵ ئەودا سودی نیە، حسابەکەی تۆ لای خۆتەوە تێکچووە.
یەعنی کەمێ خواکەت دابەزێنەو کەمێ شەیتانەکەت بەرزکەرەوە، باڵانسەکە خۆی ڕێکئەبێتەوەو لێرەشەوە هەم دەروونی خۆت ئارامئەبێتەوە، هەم شەڕەکانت لەگەڵ ئەو بڕێك ئەهوەنئەبنەوە، هەم دنیاکەش تۆزێ جوانترئەبێت بۆ هەموومان.