Draw Media

چاک سازتان نەکرد

چاک سازتان نەکرد

2019-12-14 12:33:16


 هیوا سەید سەلیم

دوای مشتومڕێکی دوو ساڵەی حکومەت و پەرلەمان و موزایەدەی زۆری حزبەکان بە پرسی چاکسازی سەرەنجام حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی هەفتەی رابردوو پڕۆژە یاسایەکی بە ناوی( پڕۆژە یاسای لە خانەنیشینی و مووجە و دەرماڵە  ئیمتیازاتەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان – عێراق) ناردە  پەرلەمانی کوردستان  بۆ  ئەوەی بکریتە یاسا کە وەک خۆیان ئاماژەیان پێداوە ئامانج لێی رێکخستن و یەکخستنی سیستەمی مووچەیە لە هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارێکەوە، واتا پلە باڵا و فەرمانبەری ئاسایی و پێشمەرگە و خانەنیشینی....هتد.
لە پڕۆژە یاساکەی حکومەت کە پێناچێت پەرلەمان بتوانێت دەستکاری هیج یەک لە بڕگەکانی بکات، ئەویش بەهۆی ئەو کۆتوبەندی یاسیانەی کە لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان هاتووە ،کە ساڵی پار وا هەموارکراوەتەوە کە نابێت هیچ یاسایەک کە پابەندبوونی دارایی درووست بکات لە پەرلەمان دەربچێت بەبێ رەزامەندی حکوومەت،وەک پێویست دەست نەبراوە بۆ  ئەوەی کە پێی دەوترێت نا یاکسانی لە دابەشکردنی مووچە، بە شیوەیەک کە مووچەی  پلە باڵاکان نەک هەر لە باڵا هێشتراوەتەوە، بگرە ئەوان کە خانەنیشینش دەبن هەر بە مووچەی زۆرەوە خانەنیشین دەکرێن .
وەک لە ماددەی دووی پرۆژەکە هاتووە، ئەو پێوەرانەی بۆ خانەنیشینی پلە باڵاکان داندراوە بەوەی ئەگەر کەسەکە هیچ ساڵی خزمەتی بۆ هەژمار نەکرێت بە ٢٥٪  دوا مووچە و دەرماڵەی خانەنیشین دەکرێت بۆ نموونە وەزیرێک یان ئەندامێکی پەرلەمان کە پێوەرەکانی خانەنیشینی بیگرێتەوە کە تەمەن و ساڵی خزمەتە مووچەکەی دەگاتە سەرووی ٥ ملیۆن دینار، لە کاتێکدا کە فەرمانبەرێکی ئاسایی خانەنیشین دەکرێت لەسەر مووچە ئیسمیەکەی خانەنیشین دەکرێت بەبێ دەرماڵە، واتا پرۆژەکە نەک جیاوازی زۆری مووچەی پلە باڵای لەگەڵ فەرمانبەری ئاسایی چارەسەر نەکردووە بگرە دەرچەی یاسایی بۆ خانەنیشینی هەندێک لە پلە باڵاکان دۆزیوەتەوە تا بە مووچەی یەکجار زۆر خانەیشین بکرێن!
ئەمە لە کاتێک دایە کە لە پرۆژەکە نەتواندراوە کە لایەنی کەمی مووجەی خانەنیشینی فەرمانبەرێکی ئاسایی لە٣٠٠ هەزار دینار بەرزبکرێتەوە بۆ ٤٠٠هەزار کەچی تازە لە بەغدا  رێژەی کەمی خانەنیشینی کراوەتە ٥٠٠ هەزار دینار .
ئەمە مانای ئەوە نیە کە پڕۆژەکە خاڵی ئیجابی تێدانیە، یەکخستنی سیستەمی مووچەی پێشمەرگەو پاککردنەوەی لیستی مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی وەک لە خاڵ ٦، ٧ی ماددەی ٧ هاتووە ، ماددەی ٥ سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی  خانەنیشینی ئەوانەی لە پۆستی باڵانەبوونەوە بەو پلەیە خانەنیشین کراون و هەموو ئەوانە ئەگەر بە پراکتیکی کاری لەسەر بکرێت یاساکە جوان دەکەن.
یاساکە زۆر جوانتر دەبوو ئەگەر زامنی یەکسانی لە دابەشکردنی مووچە و خانەنیشینی بکردبا کە نەیکردووە، بۆیە دەڵێن چاک سازتان نەکردووە، بگرە یاساکە وەک ئەو کڵاشە وایە کە دۆمێک بۆ خۆی دەدورێت، دەبوو جاکتر سازی بکەن ماویەتی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand