گازی سارین و شەڕی بایلۆژی
2020-04-04 07:22:00
شێرزاد حەسەن رەزا
گازی ژەهراوی سارین( Sarin )،یەکێکە لە جۆرە مەترسیدارەکانی چەکی کیمیایی کە بە شێوەی شل و گاز هەیە شێوگی کیمیایی بە ( C4H10FO2P )دەناسرێت،ئەم گازە كار لە مێشك دەكات، مادەیەكی زۆر ژەهرینە، نە رەنگ و نە بۆنی هەیە، هەروەها بە (GB) ناودەبرێت،وەک مێرووکوژ بەکاردەهێنرێت،زاناكان لە ئەڵمانیا لە ساڵی 1938 پێكهاتەكەیان دۆزییەوە،هەڵمژینی ئەم گازە فسفۆریە ئەندامیە یان تەنانەت بەر پێست كەوتنی، دەبێتە هۆی تێكدانی رۆیشتنی شلەی دەماری و وەستانی دڵ یان پەكخستنی كۆئەندامی هەناسە. بڕی نیو میلیگرامیش بەسە بۆ ئەوەی كەسێكی پێگەیشتووی پێ بكوژرێت.
-نیشانەکانی چین؟
لە نیشانەكانی بەركەوتن یان هەڵمژینی گازەكە: تووشبوونی ژانەسەرێكی ئێجگار زۆر، فراوانبوونی بیلبیلەكانی چاو و لێڵبوونی چاو و ئارەقەكردن، تەشەنوجی دەماری و هەناسە وەستان و لەهۆشخۆچوون و پاشانیش مردن.ئەم نیشانانەش لەدوی چەند چركەیەك روودەدەن ئەگەر بە شێوەی گازی بوو یان 18 كاژێر ئەگەر بەشێوەی شلە بوو،سارین دەكرێ بەچەند شێوەیەك بەكار بهێنرێت، وەك بەشێوەی پەمپ بڕژێنرێت یان بەهۆی تەقینەوەی تەقەمەنییەوە یاخود دەكرێ ئاو یان خۆراكی پێ ژەهراوی بكرێت ،دوای بەركەوتنی سارین بۆ چارەسەركردنی كەسە توشبووەكە دەبێ بەزوویی جلوبەرگی توشبووەكە داماڵرێ و توشبوو بە سابوون و بڕێكی زۆر ئاو بشۆرێت. شوشتنەكەش دەبێ بەلایەنی كەمەوە 45 خولەك بێت و چاوە توشبووەكانیش بەهەمان شێوە بشۆرێن بە بێ بەكارهێنانی سابوون.
ـ کەی دۆزرایەوە؟
دروستكردنی گازی سارین كارێكی ئاڵۆزە و زانا ئەڵمانییەكان لە ساڵی 1938 بە رێكەوت پێكهاتەكەیان دۆزییەوە، كاتێ خەریكی ئامادەكرنی تێكەڵەیەك بوون بۆ ئەوەی مێرووی پێ لەناوبەرن.
_ لەکوێ بەکار هاتوە؟ ئەم گازە لەلایەن رژێمی سەدامەوە لە زۆرینەی قۆناغەکانی ئەنفالدا بەکارهاتوە و هەروەها بەسەر شاری هەڵەبجەدا رژێنرا لە ساڵی 1988، كە بووە هۆی كوژرانی 5000 كەس. جارێكی دیكە لە ساڵی 1995 لە تۆكیۆی پایتەختی ژاپۆن لە لایەن هۆزێكەوە بەكارهات و بەهۆیەوە 12 كەس كوژران و هەزارانی دیكە برینداربوون..گازی سارین، لە 21ی ئابی 2013 لە سووریا بەكارهاتووە و بووە هۆی كوشتنی ۱٤۲۹ کەس کە لە نێویاندا ٤۲٦ منداڵی تێدابوو، دواین جار لە ساڵی ۲٠۱۷ لە خان شیخون ،رژێمی سوریا ئەم گازی بەکارهێناوە زیاتر لە هەزار کەسی خنکاند،بە گوێرەی نیشانەكانی كە لەسەر جەستەی قوربانییەكان دەركەوتووە شارەزایان وتیان ئەمە گازی ژەهراوی سارین بووە.
ـخۆپارستن لە گازی سارین
گازی سارین بەهۆی بوونی بەندی نێوان P—F واتە فسفۆڕ و قلۆر،زۆر بەئاسانی بە ئاو تێک دەشکێت و مادەیەکی نا ژەهری وەک ترشی فسفۆرێکی لێ دروست دەبێت،هەروەها لە هەوا قورسترە و بەئاسانی دەنیشت و کاریگەری نامێنێت،بۆ زانیاری زیاتر ئەم گازە لەرێگەی خواردن و هەوا و بەرکەوتنی رووی شتە پیسبوەکان وئاوی پیس بوو توشی مرۆڤ دەبێت و لە ماوەی چەند چرکەیەکدا نیشانەکان دەردەکەوێت وەک فرمێسکی زۆری چاو و ئاو بەلووتا هاتنەخوارەوە وتێکچوونی بینین وزیادبوونی لیک وئارەق کردنەوە وکۆکە وسینگ توندی و سکچوون و میز زۆر کردن و سەرگێژێ و سەرئێشە ودڵ تێکهەڵهاتن و ئازاری ناوسک و لە هۆش خۆچوون ،هەروەها بەرکەوتەکە لەسەر پێست شوێنەوار بەجێ دەهێڵێت،مرۆڤەکانی ناوچەی بەرکەوتوو زۆرینەی تووشی گرفتاری دەبێت،
ئەم گازە وەک لە پێشتر روونمان کردوە وەک چەکێکی بایلۆژی بەکارهاتووە،ئەوەی ئێستا لە ڤایرۆسی کۆرۆنا روو ئەدات دوور و نزیک هیچ پەیوەندی بەم شێواز و نیشانە و گرفتانەوە نیە،بەڵکو ڤایرۆسی کۆرۆنا لە رێگەی مادە بۆماوەیەکەوە بە ئامێری PCR دەست نیشان کراوە و هیچ پەیوەندیان بە یەکترەوە نیە،ئەو دەنگۆ و قسەو قسەڵۆکانەی لێرەولەوێ دەکرێت سەبارەت بەگازی سارین،هەموو دوورن لە راستیەوە