Draw Media

خەریک بوو ریسەکە بکرێتەوە خوری

خەریک بوو ریسەکە بکرێتەوە خوری

2020-04-04 15:06:01


  هیوا سەید سەلیم
  هیچ گومانی تێدانیە کە ئەو رێوشوێنانەی لە هەرێمی کوردستان بۆ بەرپێگرتنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیراونەتەبەر تا ئاستێکی باش ئامانجی خۆی پێکاوە، بە شێوەیەک کە ئەگەر رێژەی تووشبووانی هەرێمی کوردستان بەراوردبکەین لەگەڵ ولاتانی دەوروبەری خۆمان، ئەو دەگەینە ئەو راستیەی کە ئێمە لەوان باشترین.
بە دیوێکی دیکە ئەگەر ئەو رێژەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەراوردێکی پێبکەین،  لە نێوان تووشبوون و چاکبوونەوە  ، دیسان رێژەی چاکبوونەوە خەریکە بەرزدەبێتەوە، بەشێوەیەک کە تا ئێستا نزیکەی ٣٥٪ ی کەیسەکان چاکبوونەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.
شایانی باسە لە سەرتایی دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، لیژنەیەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڤایرۆسە پێکهات، رۆژانە وەزارەتی تەندرووستی ئامارەکان بۆ رای گشتی و راگەیاندنەکان دەخاتەڕوو، لە پاڵ وەزارەتی تەندرووستیدا، وەزارەتی ناوخۆ ریوشوێنەکانی قەدەغەی هاتۆچۆ دیای دەکات، تا ئێستا ٢٤ بڕیار و رێنمایی دەرکردووە.
لە کوردستان وێڕای هەبوونی سەرنج و تێبینی لەسەر بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ، کاریگەری ئەو بڕیارانە لەسەر خەڵکانی کەم دەرامەت، بە تایبەت ئەو چین و توێژانەی کە قووتی خێزانییان لەسەر داهاتی رۆژانەیان بووە، بەڵام کەمن ئەوانەی کە پێیانخۆش بووە کە قەدەغەی هاتووچۆپەیڕەوبکرێت.
لەو بارودۆخە سەختەی هاوڵاتیان،  و دوای چەندین جار دریژکردنەوەی بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ، لە پڕ وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری ژمارە ٢٤ دەردەکات، کە بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر هەموو جۆرە هاتووچۆیەکی ئۆتۆمبێل و پیادە رابگیرێت، مارکێت و نانەواخانەکان دابخرێن.
ئەو بڕیارە ئەگەر وەک بڕیارەکانی پێش خۆی لە بەرژەوەندی کۆنتڕۆلکردنی دۆخەکەش بێت، بەڵام رەخنەی زۆری لێدەگیرێت، چونکە بارودۆخێکی لێکەتەوە، کە رێک پێچەوانەی رێوشوێنەکانی پێشتری خۆپارێزی بووە، ئۆباڵەکەی دەکەوێتە ئەستۆ وەزارەت لە لایەک و کەمتەرخەمی هاولاتیان لە لاکەی دیکە.
ئەگەر بیانووی وەزارەتی ناوخۆ بۆ دەرکردنی بڕیاری ژمارە ٢٤،  پابەندنەبوونی بەشێکی هاوڵاتیان بێت، دەبوو لە کاتی دەرکردنی دوایین بڕیاریان زۆر خاڵیان لەبەرچاوبگرتایە، تا خەڵک بەو شێوەیە روو لە مارکێت و نانەواخانەکان نەکات.
وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت: لە رۆژانی رابردوو رێگاپێدانی زۆر بە خەڵک دراوە، ئێ خۆ ئاشکرایە کێ ئەو ریگاپێدانانەی داوە، زۆربەی ئەو دەزگایانەی دەسەڵاتی رێگاپێدانیان هەبووە،  سەر بە خودی وەزارەتی ناوخۆ بوونە، دوایی کە بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆی پیادەتان داوە،  چ پێویستی دەکرد باس لە داخستنی مارکێت و نانەواخانەکان بکەن؟ 
پێدەچێت وەزارەتی ناوخۆ لە دەرکردنی بڕیارەکەیان راوێژیان بە هیچ لایەنێک نەکردبێت،  تەنانەت وەزارەتی تەندرووستیش، هەربۆیە بڕیارەکە نیگەرانی پزیشکان و کارمەندانی تەندرووستی لێدەکەوێتەوە.
 جگە لەو نیگەرانیە پێشتر وەزارەتی تەندرووستی بریاری دابوو کە رۆژی یەکشەمە لە نەخۆشخانە و بنکە تەندرووستیەکان هەڵمەتی کوتانی سنووردار دەستپێبکاتەوە، بە دەرکردنی ئەو بڕیارە ئاستەنگ بۆ ئەو بڕیارەی وەزارەتی تەندرووستی درووست دەبێت.
 دەبوو وەزارەتی ناوخۆ کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەی دوای بڕیارەکەیان،  بخەنە پێش دەرکردنی بڕیارەکە  ، چوونکە بە دەرچوونی بە لێشاوی هاوڵاتیان بۆ مارکێتەکان خەریک بوو ریسەکەیان لێ بکرێتە خوری و ئاستەنگ بۆ بەرنامەرێژی وەزارەتی تەندرووستی درووست بکەن.
پرسی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تا بڵێی هەستیارە، بە هیچ شێوەیەک هەڵە قەبوول ناکات، بۆیە دەبێت بە بڕیار و رێنمایی درووست و هاوکاری تەواوی هاوڵاتیان ئەو دۆخە مەترسیدارە تێبپەڕێنرێت.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand