Draw Media

بەرەی خۆراگر و گۆرانکاری: بەرەنگاربونەوەی دەسەڵات

بەرەی خۆراگر و گۆرانکاری: بەرەنگاربونەوەی دەسەڵات

2021-04-09 14:47:32


چیا عەباس
 دەربارەی بەرەنگاربونەوەی دەسەڵات لە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان چەندین بۆچون و کارنامە بونیان هەیە، سەرەرای ئەوەی هەمویان ئامانج، دروسترە بلێین نیەتێکی، هاوبەشیان هەیە، بەڵام لە کرداردا پەرتەوازە و دورن لە یەکتر، بۆیە پاش چەندین ساڵ عەجزی ئەم یاخیبونە لە دارشتنی کارنامە و کرداری هاوبەشی کاریگەر بۆتە ئەستەنگێکی سەخت لە بەرەنگاربونەوەی دەسەڵات، هۆکاری سەرەکیش ئەوەیە هاوڵاتی هۆشیار و دڵسۆز گوێبیستی پەیامێکی واقیعی هاوبەشی خۆراگران نەبوە، بۆیە ئامادەش نیە فیشەک بە تاریکیەوە بنێت، ئەو سەر و ماڵ و گوزەرانیە کولەمەرگیەی هەیەتی ناکاتە قوربانی بەرە و کارنامەی پەرتەوازە و لاواز، لە ناچاریەوە بێدەنگیەکی شاردراوەی کاتی هەڵبژاردوە و نایەوێت ئەوەشی لە بەر دەستیدایە هەروا بە فیرۆی بدات.
ئاشکرایە لە سایەی دەسەڵاتی کوردیدا تەونە کۆمەڵایەتیە رەسەنەکان خەستتر هەنجنهەنجن و بێ بەها بون، ئەم دۆخەش زەمینەیەکی بەپیتی بۆ دەسەڵات رەخساندوە بۆ لاوازکردن و دامرکاندنی زەمینەی نیەت و رۆحی نارازی و یاخیبون.
ئەم دیاردە سیاسی و کۆمەڵایەتیە یاخیبونەی کە بێ کارنەمە و کرداری هاوبەشە، خۆشم بەشێکم لێی، بەدەر لە نیەتە پاک و رەسەنەکانی، بە مەترسیدار دەزانم، لە ئەرزی واقیعدا خۆشمان بوێت یاخود ترش ئەمەش بە سودی دەسەڵات شکاوەتەوە.
بە تەنیشت ئەم دۆخە ئاڵۆز و نەخوازیارە، بەشێک لە سەرلێشێواوی و هەڵەی بەرەی یاخیبو بریتیە لەو جیاوازیە زۆرانەی نێوانیان بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لە گەڵ دەسەڵاتی کوردی، یەکێک داوای چاکسازی و گۆرانکاری لە دەسەڵات دەکات، تۆوی ئومێدو چاوەروانی وەهمدار دەچێنێت، یەکێک بانگەشە بۆ چاکسازی حزبی دەکات و ئامادەیە لە کۆشی چەوری حزبدا سەر لە نوێ دەست پە گروگاڵکردن بکاتەوە، یەکێکی تر، سەرەرای نیەت پاکی، دوای كلاوی بابردو کەوتوە کاتێک وزە و تواناکانی بۆ کۆکردنەوەی گروپە یاخیبوەکان سەرف دەکات، وەک ئەوە وایە کە بیەوێت ئاردی ناو درک کۆبکاتەوە، گروپێکی تر لەو باوەرەدایە کە بە چاوبازی لە گەڵ دەسەڵاتی بەغدا دەکرێت فشار لە سەر دەسەڵاتی کوردی بەگەربخات و ناچاری گۆرانکاری بکات، تاقمێکی تر لە پەنای ناکۆکیەکانی دەسەڵات لە گەڵ هێزە کوردستانیەکانی بەشەکانی تری کوردستان گوزەر دەکات و لەو روانگایەوە مەبەستیەتی دەسەڵات لاوازتر بکات، ناشێت باسی ئەو تاقمانەش نەکەین کە باوەریان بە بەکارهێنانی هێز بەرامبەر بە کەسایەتی و جومگەکانی دەسەڵات هەیە، کەمیش نین ئەوانەی کە بۆ گۆرانکاری هیوایان لە سەر شەقامی کوردی هەڵچنیوە، ناشێت ئەوانەش لە بیر بکەین کە هیوایان لەسەر بەشداربون لە هەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەڵچنیوە و بە نیازن ئەم پەرلەمانە بکەنە گۆرەپانی گۆرانکاری و چاکسازی، بەتەنیشت ئەم هەمو هەڵسەنگاندن و بۆچونانەشەوە جەماوەریكی بەرفراوان بەرێگەی سۆشیاڵ میدیاوە لێرە و لەوێ هەڵمەتێکی چر و پریان بۆ بەرەنگاربونەوەی دەسەڵات بەرپا کردوە.
سەرەرای ئەوەی سەرجەم ئەم کارانە کاریگەری زۆریان لەسەر لاوازکردنی ماهیەتی و هەیبەتی دەسەڵات هەیە و رای گشتیان بە ئاراستەی بەرەنگاربونەوەی دەسەڵات وروژاندوە و بونەتە ئاوێنەی دەنگ و نیەتی یاخیبو و خۆراگرەکان و دەسەڵاتیش ناتوانێت حسابیان بۆ نەکات، بەڵام تا ئەم چرکەیە دو جومگەی هەستیار و بنەرەتی پچرپچر و پەرتەوازە تێیاندا بەدی دەکرێت، ئەو جومگانەی یەکلاکەرەوەن بۆ گۆرانکاری بنەرەتی وریشەیی لە سروشت و ماهیەتی دەسەڵاتدا.
یەکەمیان ئەو هەڵمەت و کارانە لە چوارچێوەی کارنامەیەکی ستراتیژی هاوبەشدا کۆنەکراونەتەوە کە سەرکردایەتیەکی دەستەجەمعی بەرێوەی ببات و ببێتە مەرجەعی سەرەکی هاوڵاتی بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی خۆی لە بەرەنگاربونەوە و گۆرانکاریەکاندا، دوەمیش کارکردن لەسەر گەشەپێدانی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵایەتی وەک پێویست و دروست نەکراوە، گەشەکردنێک کە هاوڵاتی بگاتە ئاستێک کە خۆی لە کۆت و بەندە کۆمەڵایەتی و حزبیە بەسەرچوەکان رزگار بکات و هاوکاتیش سەرپشکی بکات لەو بریار و ئاراستانەی بۆ ئایندەی نەتەوە و نیشتمان وەری دەگرێت. 
ئەمە مانای ئەوە نیە لە سایەی ئەو بۆچون و کارانەی کراون هاوڵاتی بێ ئاگایە، بەڵکو بەرەی نارازی شکستی هێناوە لە مۆتۆربەکردنی ئەم بەئاگابونەی هاوڵاتی و ئاراستەکردنی بۆ ئامانجە سەرەکیەکە کە گۆرانکاری ریشەییە لە دەسەڵاتدا.  
ئاشکرایە ماهیەت و خواست و کردار و رەفتاری دەسەڵاتی کوردی چین و چۆنن، تا سەر ئێسک خەتابارن دەرهەق بە مافە رەواکانی رۆڵە و هاوڵاتیانی ئەم بەشەی کوردستان، کار بەمەش نەوەستاوە، کۆیلەکانیان لە بەغدا و هەولێر، بەناو نوێنەری میللەتن، شایستەی هەڵسەنگاندنێکی ورد و واقیعین. 
ئەمجۆرە نوێنەرانەی حزب و سەرجەمەکان بە زمانی لوس و بەناوی دیموکراسیەوە  سەرلەقێنەری بێ وێنەن و لە وتە و رەفتاریان خێر ناوەرێت، سەرقاڵی چەواشەکردنی هاوڵاتین، بەم شانۆگەریە بۆ خۆیان و ماڵ و منداڵیان گوزەرانیەکی شاهانەیان مسۆگەر کردوە، بۆیە مەحاڵە ئەم جۆرە تاقمانە تەنانەت بیرێک لە گۆرانکاری جدی بکەنەوە، بە هەموارکردن و دەرکردنی یاسا سەرقاڵی ئارایشتەکردن و پینەوپەرۆکردنی جومگەکانی دەسەڵاتن، بۆیە ئەو کەس و گروپە نارازیانەی خوازیارن بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن و بەچەند ئەندام پەرڵەمانێک گۆرانکاری بەرپا بکەن دوای سەراب کەوتون، ئەوپەری دەکرێت دەنگی نارازی ناو پەرلەمان توندتر ببیسترێت کە بە کارێکی باشی دەزانم وێرای ئەوەی بۆ جوانکردنی روخساری " دیموکراسی " دەسەڵات لای دنیای دەرەوە بەکار دەهێنرێت و رۆڵی هەستیاری لە گۆرانکاری ریشەییشدا نابێت.
مەبەستێکی تریش لە باسکردنی ئەم تەوەرە راماڵینی دەمامکی چەواشەکاری ئەو هێز و گروپانەن کە بە ناوی دیموکراسی و پەرلەمانەوە وەک پاشکۆیەکی بێشەرم لە شۆستە بەرتەسک و تاریکەکانی لاکۆڵانەکانی حوکمرانی و سیاسیدا دەستیان بە سوچێکی دەسەڵاتەوە گرتوە و بۆ خێر و بەرەکەت پانیشیان کردونەوتەوە، لە گەڵ ئەوەشدا جەخت لە وەهمی چاکسازی و گۆرانکاری لە ناو دەسەڵات دەکەنەوە، 
ناشێت هاوڵاتی کوردستان بە هیچ جۆرێک بکەوێتە داوی ئەمجۆرە هێز و گروپانەوە کە بەناوی کورد و گۆرانکاری و چاکسازیەوە لە گەڵ دەسەلاتی کوردی لە هەولێر و سلێمانی و دەسەڵاتی بەغدا خەریکی زیندوراگرتنی دوکانە سیاسیەکانیانن، ئەو دەسەڵاتانەش  دەم و گیرفانیان چەور دەکەن و سابون لە ژێر کەوشیان دەسون.
ناشێت بەرەی نارازی بێدەنگ بێت بەرامبەر ئەمجۆرە پرسە هەستیارانە و پێویستە کار بکات ئەو جۆرە تاقم و هێزانە لە رەگ و ریشەوە وشک بکات، چونکە ئەو وشککردنە کارئاسانیەکی گرنگ بە پرۆسەی گۆرانکاری ریشەیی دەبەخشێت.
وێرای جیاوازی و ناکۆکیەکانی پارتی و یەکێتی بەڵام هەر دوکیان لە ساڵانی رابوردو و ئێستاش دو روی یەک دراون، هاوران مانەوەیان پابەندە بە لێکتێگەیشتن و رێکەوتنی ئاشکرا و ژێر بە ژێریان بۆ زەوتکردنی کوردستان لە هەمو بوراێکدا، لاوازکردن و تێکشکاندنی ئەم ئەڵقە بەهێزەی دەسەڵاتیش زەمینەخۆشکەرێکی گرنگ دەبێت بۆ پرۆسەی گۆرانکاری ریشەیی.
چەندین نەوەی نوێ لەسەر گۆرەپانەکەن، خواست و ئاوات و خەونەکانیان لە سایەی فیشەک و حزب و کۆیلایەتی و پاشماوە و بەزەیی ئەمجۆرە دەسەڵاتە دانەرشتوە و نایبینن، ئێستا ئەم نەوانە تا رادەیەکی ئازاردەر بێ خاوەن و مەرجەعن. دۆخی هەرێم وەک ئێستا بەردەوام بێت زۆر نابات دۆخێکی ئاڵۆز و فەوزا و بێسەر و بەر، کە ئەگەرە لە سادەترین روداودا روبدات، هەرچی بۆ دەیان ساڵە پەنگی خواردۆتەوە و کەڵەکەبون بتەقێنەوە، ئەوەی گرنگە لە ساتە وەختێکی وادا کەسان و گروپی نارازی هاوبەشانە خۆیان بۆ ئامادە کردبێت تا جڵەوی روداوەکان بگرنە دەست، چەند جارێک ئەو چرکە ساتانەی تەقێنەوە رویانداوە بەڵام بەهۆکاری نەبونی کارنامە و مەرجەعێکی یەکگرتوی سیاسی و کاری یەکلایەنەی تاقم و گروپی یاخیبو دەسەڵات سەرلەنوێ کۆنترۆڵی دۆخەکەی کردۆتەوە.
ئەو هەمو خوێنەشی لەو روداوانەدا رێژراون بۆتە سیمبۆڵێکی زیندوی زۆر مەزن و بەهاداری هاوڵاتی کە بۆ ئایندەی نەتەوە و نیشتمانەکەی بەخشیوەتی.

 
رۆتەردام: ٩ ئەپریل ٢٠٢١


      

       

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand