Draw Media

پیشەسازی دروستكردنی بنەماڵە سیاسیەكان!.

پیشەسازی دروستكردنی بنەماڵە سیاسیەكان!.

2021-04-06 20:02:00


د. كامەران مەنتك
 
باڵادەستی بنەماڵە سیاسیەكان، كێشەیەكی گەورەی ئەمڕۆی مرۆڤایەتیە، بەتایبەتی لەرۆژهەلاتی ناوەڕاست و جیهانی سێیەم، زۆر لە وڵاتان بەدەست ئەو بنەماڵە سیاسیانەوە دەناڵێنن، كە خراوەتە كۆڵێان و حەرام و حەڵاڵی وڵاتەكەیان بۆ خۆیان حەڵاڵ كردووەو ئێستاو رابردوو ئایندەی میللەتەكەیان خستۆتە مەترسیەوە.
كێن ئەو بنەماڵە سیاسیانە، ئەو دەسەڵاتە لەكوێوە دەهێنن و كێن پاڵشتیان دەكەن و دەیانپارێزن؟ ئایا ئەوانە بۆ خزمەتی میللەتەكانیان هاتوون وەك نیشانی دەدەن، یاخود بەوەكالەوە پلانێكی تر جێبەجێدەكەن؟!
دوای جەنگی یەكەمی جیهانی، بەریتانیەكان لەرێگای هاوسەنگی نێوان بنەماڵەكانی رۆژهەڵاتەوە باڵادەستی و بەرژەوەندیەكانی خۆیان بپارێزن، ئەو بنەماڵانەی پێگەیەكی ئاینی، یاخود كۆمەڵایەتین هەبوو، لێیان نزیك بوونەوەو هاوسەنگیەكیان لەنێوان دروستكردن، تەنانەت هەندێكجار لەكەسانی ئاسایی، تەنانەت لەكەسانی دزێوو مرۆڤ كوژو دزەكانی نێو كۆمەڵگاوە بنەماڵەیان دروستكردو مۆركێكی سیاسیان پێبەخشین، میداكانیان بۆ خستنە گەڕو تاكەكانی كۆمەڵگەكەیان بەشێوەیەك بۆ گۆشكردن، كە ئەگەر ئەو بنەماڵانە نەبن، وڵاتەكانیان وێران دەبێت و جگە لەوانە كەس ناتوانێت و كەسی تر شایەنی ئەوە نیە حوكم بكات!.  بیرۆكەی پاراستنی بەرژەوەندیەكانی بەریتانیا لەرێگای هاوسەنگی نێوان هۆزەكانەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ژەنڕاڵی بەریتانی ساندمان، كە لە ئەفغانستانەوە كاری لەسەر دەكرد، بیرۆكەكەی ساندمان خۆی لە هێنانە پیشەوەی دیارترین سەرۆك هۆز یاخود كەسایەتی ئاینی دەدۆزیتەوە، بۆئەوەی هەموو هۆزەكانی تر لەرێگای ئەوەوە رام بكرێن و كۆنتڕۆڵ بكرێن. هەموو هۆزە بچووكەكان بۆ ئەوەی لە هەژموونی هۆزە گەورە بپارێزرێن، پێویستیان بە یارمەتی بەریتانیەكان دەبوو، هەركاتێكیش ئەو هۆزە بچووكانە یەكیان گرتبوایە، ئەوا هۆزە گەورەكە پێویستی بەریتانیەكان دەبوو، ئەم هاوسەنگیە وایدەكرد هەردوو لا پیویستیان بە بەریتانیەكان بێت، بەم شێوەیە بەریتانیەكان سەقامگیری ناوچەكەیان دەپاراست و سترااتیژیەكانی خۆیان جێبەجێدەكرد، هەركاتیكیش كاریان بەلایەكیان نەمابوایە، دەستیان لێبەردەدان و دەیانخستنە بەردەمی گورگەكان!.
بنەماڵە سیاسیەكانی كەنداوو وڵاتانی عەرەبی نمونەیەكی زەقی ئەو هاوسەنگیەن، ئال سەباح، ئال هەیان ... ئال سعود .... هتد، ئەمانە هەموو ئەو بنەماڵانەن، كە لەوڵاتانی عەرەبی بەرزكراونەتەوەو دەپارێزرێن، بۆ نمونە لە ساڵی (1945) رێكەوتنێك لەنێوان سەرۆكی ئەمریكاو ئال سعود بەسترا، ئەركی ئال سعود ئەوەبوو، دەرگای بیرە نەوتەكانی وڵاتەكەی بۆیان بخاتە سەر پشت، ئەركی ئەمریكاش پاراستنی ئەو بنەماڵەبوو لە هەڕەشە دەرەكی و ناوخۆییەكان، واتە لە مەترسی گەلەكانیان!. دیارە ئەو جۆرە رێككەوتنە لەگەڵ هەموو بنەماڵەكانی تر كراوە 
كەواتە هاتنی ئەو بنەماڵانە بۆ سەر كورسی دەسەڵات نەبەباش نەبەخراپ پەیوەندی بەویستی میللەتەكانیان نەبووە، ئەو ناوو نازناوانەی هەڵیانگرووە بەهیچ شێوەیەك پێگەی سیاسی و فەرمی ئەوان دەرنەبڕێت، بۆ نمونە كاتێك پێیان دەگوترێت شا، یاخود پادشای فڵانە وڵات، ئەوانە هیچ سیفەتێكی پادشایەتیان تێدا نەبووە، چونكە پادشای تێر نایەوێت فەرمانڕەوایی گەلێكی برسی بكات، كەچی ئەوانە زۆرینەی خەڵكی وڵاتەكانی خۆیان خستۆتە ژێر هێڵی هەژاری و برسیەتیەوە، تەنیا لەپێناو مانەوەی خۆیان و رازیكردنی گەورەكانیان!. بۆ نمونە لە دەوڵەتێكی دەوڵەمەندی وەكو سعودیە، ژمارەی ئەوانەی لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین لەنیوەی كۆمەڵگاكە زیاترە، كەچی چەندین هەزار شازادە بە ئارەزووی خۆیان یاری بە سامانی وڵات دەكەن و لەژیانێكی شاهانە دەژین.
دەسەڵاتی بنەماڵەی سیاسی لەمێژووی نوێی كورددا لەشێخ عوبەیدووللای نەهریەوە دەست پێدەكات، پێش شێخ عوبەیدوللا، واتە بەر لەوەی میرنشینە كوردیەكان بڕۆخێت، میرەكان فەرمانڕەواییان دەكرن، كە شیوازیكی فەرمانرەوایی بوو و مۆركێكی رۆژهەلاتیان پێوەبوو مۆدیلی حوكڕانی ئەو كاتە بوو لای هەموو گەلانی ناوچەكە، بەڵام دوای ئەو قۆناغەو دوای ماوەیەك لەبۆشایی سیاسی لە كوردستان، شێخ عوبەیدوللأ وەك یەكەم شێخی تەریقەت لەكوردستان پێگە ئاینیەكەی خۆی بەكارهێنا بۆئەوەی جڵەوی بزووتنەوەی كورد بگرێتە دەست، لەكاتێكدا وەك هەندێك سەرچاوە ئاماژە پێدەكەن لەپاڵ پێگە ئاینیەكەی گەورەترین بازرگانی تووتن بوو و ركابەری كۆمپانیای ریجسی فەرەنسی دەكرد!.  ئەمە نەك سەرەتای ناسیونالیستی كوردی نەبوو، وەك زۆرینەی سەرچاوە مێژووییەكان بە نەشارەزاییەوە ئاماژەی پێدەكەن، بەڵكو سەرەتا لەرێلادانی مێژووی كورد بوو، كە تا ئێستاش كۆمەڵگای كوردی بە دەستیەوە دەناڵێنێت. 
دوای جەنگ شێخ مەحمودیان بەرزكردەوە، لەراستیدا هێنانی شێخ مەحمود پەیوەندی بەهەمان ئەو هاوسەنگیە خێڵەكیەوە هەبوو، كە ئاماژەمان پێكرد، ئەوەی لەمێژووی كوردا پێی دەگوترێت حكومەتی یەكەمی شێخ مەحمود لەو سیناریۆییە زیاتر نەبوو، هەر كاتێك كاریان بەشیخ نەما گرتیان و رەوانەی هیندستانیان كرد، پاشان هینایانەوە، لەكۆتایدا لەژێر دەسەلاتی پاشای ئیراق، واتە هەمان هاوسەنگی خێڵەكی بەڵام لەسەر ئاستیكی فراوانتر، شوێنیان كردەوەو تا ئەو كاتەی كۆچی دوایی كرد لە بەغدا هێشتیانەوە. دوای ئەوە بایەخیان بە بنەمالەی بارزانیەكاندا، هەر كاتێك كاریان پێیان هەبوو، زەقیان دەكردنەوەو دواتریش، كەكاریان پێیان نەدەما، لە پەنای سوپای ئێراقەوە راوەدوویان دەنان و لەگۆرەپانەكەیان دووردەخستنەوە، تێكچوونی ئەوەی ناویان ناوە شۆڕشی ئەیلوول دەكەوێتە هەمان چوارچێوەوە، هەر كاتێك كاریان بەبارزانی نەما، دەستیان لێبەرداو ئەویش لەبەردەم شای ئێراندا رایگەیاند، كە ئەركی ئەو تەواو بوو دوای ئەوەش لە ئەمریكا داوای پەناهەندەیی بۆ خۆی و كوڕەكانی كرد!.
لەدوای شەستەكانەوە كاریان لەسەر دروستكردنی بنەمالەیەكی تر كرد بۆئەوەی لەگەڵ  بنەماڵەی بارزانیەكان هاوسەنگی پێبكەن، هەر بۆیە دەبینین تاڵەبانی نزیكەی نیو سەدە خۆی وەكو دوژمنێكی سەرسەختی بنەماڵە گەرایی نیشان داو هێزەكەی بەناوی نەهێشتنی بنەمالەو حوكمی بنەماڵەییەوە پەروەردە دەكرد، بەمەش دەیان هەزار بگرە سەدان هەزار رۆلەی كوردی كردە قوربانی، كەچی لەكۆتایدا خۆی بووە دەسەڵاتێكی بنەماڵەیی و لەدوایی خۆی حیزبە سوسیال دیموكراتەكەی بەمیرات بۆ كوڕو برازاكانی هێشتەوە، لەبەرئەوەی هاوكێشەكە لە خودی تاڵەبانی گەورەتر بوو!. لە ئێستاشدا ئەو هاوسەنگیەی لەنیوان هەردوو بنەمالەی تالەبانی بارزانی دروستكراوە، هاوسەنگیەكە دۆخی كوردستانی راگرتووەو ریگا نادات یەك هەنگاو بەرو پێشەوە بچێت و لەو چوارچێوەیە دەربچێت، كە بۆی كێشراوە، هەر كاتێكیش هەر لایەكیان هەوڵیدا ئەو چوارچیوە تێكبشكێنیت، ئەوا لەگۆرەپانەكەی دووردەخەنەوە و دەسەڵاتەكە دەگوازنەوە بۆ نەوەو برازاكانی، وەك ئەوەی لەدوای ریفراندۆم بینیمان.
كەواتە بۆئەوەی كورد لە مۆدێلی بنەمالەی سیاسی رزگاری بێت، دەبیت ببێتە خاوەنی مۆدێلی سیاسی تایبەت بەخۆی، ئەمەش لەرێگای گۆڕینی ئەو میكانیزمەوە دەبێت، كەزیاتر لەسەد سالە بەریتانیەكان بۆیان كێشاوە و ئەمریكییەكانیش لەسەری رۆیشتوون. دەبێت لەسەر بنەمای ئەو هاوسەنگیە مێژووی كورد بخوێنرێتەوە نەك ئەو لاپەڕە رازاوەو ناڕاستانەی مێژوونووسان لەرابردوودا كاریان لەسەر كردووە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand