Draw Media

چاکسازیی پەرلەمانیی، ترس لە پەرلەمان 

چاکسازیی پەرلەمانیی، ترس لە پەرلەمان 

2021-04-04 19:05:46


هاوڕێ تۆفیق

 بۆ ھەموو لایەک ڕوون و ئاشکرایە ژیانی پەرلەمانیی ئێمە لەبەردەم رەخنەی خەڵک و بگرە حزبەکانیشدایە، لەگەڵ ئەوەی کوردستان دەستوری خۆی نیە. بەڵام لەرووی واقیعیەوە سیستەمی سیاسی کوردستان لەسیستەمی سەرۆکایەتیەوە نزیکترە وەک لەسیستەمی پەرلەمانی. نەتەوەی کورد لەیەکەم بەھاری ئازادبونیا لە ١٩٩١ ،پەرلەمانی وەکو کۆڵەکەیەکی گرنگی ژیانی گشتی و سیاسی سەیرکرد، تەنانەت بە گوێرەی ئەو سەردەمە کاندیدەکانیش کەسانی نەوعی بوون ھەر لە دەستەی سەرۆکایەتیەوە بیگرە، ھەتاوەکو باقی ئەندامان . دواتر قۆناخ بە قۆناخ ژیانی پەرلەمانی ئێمە بۆ دواوە ئەگەڕێتەوەو  خەڵکیش ھێواش ھێواش ئومێدەکانیان لەسەر پەرلەمان ئەکێشنەوە. ئەم بابەتە پێویستی بە راوەستانێکی گەورەی فکریی و سیاسی ھەیە، پەرلەمان بۆ وای لێھات؟ کێشەکانی پەرلەمانی کوردستان ئەگەڕێتەوە بۆ لاوازی ئەدای دەستەی سەرۆکایەتیەکەی؟یان لاوازی توانای پەرلەمانکاران؟ یان کێشەکانی ئەگەڕێتەوە بۆ  خودی حزبەکان؟ئەم جۆرە پرسیارانە لەگەڵ ئەوەی گرنگن، بەڵام ھێشتا پرسیاری جەوھەری نین بۆ دیاریکردنی کێشەکانی ژیانی پەرلەمانیی ئێمە، بەڵکو پرسیارە ئاڵتونییەکان ئەمانەن، ئایا حزبەکان لە پەرلەمان ناترسن؟ ترس لە پەرلەمانێکی بەھێز ، ترس لە دیموکراسی نیە؟ئایاخەڵکانی بەتواناو لێوەشاوە لە بوون بە ئەندامی حزبەکان کەم نەبونەتەوە؟ بێگومان ھەموو ئەو پرسیارانە گەڕانە بەدوای دۆزینەوەی وەڵامێکی گونجاو و بابەتی . ئاشکرایە لەرووی بونیادییەوە پەرلەمان پایەکی گرنگی دەوڵەتی دیموکراسیەو بە پێچەوانەوە ھەموو ھەنگاوێکیش بۆ پاشەکشەکردن لە دیموکراسی، راستەوخۆ ھەنگاوێکیش ژیانی پەرلەمانی ئەگەڕێتەوە بۆ دواوە، لە دەوڵەتی دیموکراسییا قانون و دادگاکان بەھێزن و جگە لەدەوڵەت کەسی تر چەکی بەدەستەوە نیە . لە کوردستان کە حزب چەکی ھەبێ ، ئیتر ڕۆڵی پەرلەمان چی ئەبێ؟بۆیە ئەگەر بەشیوەیەکی بابەتی و دادپەروەرانە ھەڵسەنگاندن بۆ ئەدای پەرلەمان بکەین، پێویستە دان بەو راستیە تاڵەیا بنێین کە ژیانی حزبایەتی ئێمە لە سیستەمی پەرلەمانی و دیموکراسی ئەترسێ و بە ئاشکراش ئەم ترسە ناخەنەروو ،لەلایەکی تر ھەموو ئەو حکومەتانەی کە قەوارەی تر ،جگە لەدەوڵەت  بونیان ھەبێ وخاوەنی چەک و پارەی خۆیان بن، جا ئەو قەوارانە حزب بن، یان خێڵ ،یان گروپی نەتەوەیی و نەژادی بن. لەو دۆخەیا ژیانی پەرلەمانی، شێوەیەکی دامەزراوەیەکی روکەشی وەرئەگرێ و لە جەوھەری ئەرکی خۆی دوور ئەکەوێتەوە. بێگومان ئەگەر دادپەروەرانە بریار بدەین، ئەوا کێشەی پەرلەمانی کوردستان بە پلەیەکی نایاب، کێشەیەکی سیاسیەو لەحزبەوە سەرچاوەی گرتوە.لەگەڵ ھەموو ئەو سەرنج و ڕایانەشدا، بەڵام ھەندێک گۆڕانکاری گرنگ ھەیە کە پێویستە پەرلەمان ئەنجامیان بدات ،ئەوانیش بە کورتی؛

یەکەم: پەرلەمان لە جیاتی یەک ئەنجومەن بێت وەکو ئێستا بکرێ بەدوو ئەنجومەوە، یەکەمیان، ئەنجومەنی نوێنەران بە گوێرەی ژمارەی دانیشتوانی ھەر شارێک  بەشێوەیەکی یەکسان نوێنەر ھەڵبژێرێ، ئەنجومەنی دووەمیان ، ئەنجومەنی کوردستان بێ ،کە بەپێی ژمارەی پارێزگاکان بێت و بەشێوەیەکی یەکسان بێ گوێدانە کەمیی و زۆری ژمارەی دانیشتوان نوێنەریان بۆ دیاری ئەکرێ.
دووەم: ئەنجومەنی شارەزایان بە قانون بۆ پەرلەمانی کوردستان دەربکرێ و ژمارەیان ٥٠پەنجا کەس بێ و بە قانون مەرج و جۆری شارەزایی دیاری بکرێ، راستە ئێستا پەرلەمان شارەزایی ھەیە ، بەڵام ئەو شارەزایانە باسێکی کارگێرین و ئەمەی دووەم ئەنجومەنی شارەزایانی پەرلەمانە کە بە قانون ئەرک و ڕۆڵی بە روونیی و ئاشکرایی و دیاربێ.
سێیەم: پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان جارێکی تر ھەموار بکرێتەوە.
چوارەم: ھەموو ئەندامێکی پەرلەمان پابەند بکرێ کە ئوفیسی خۆی لە شوێنی نیشتەجێبونی رەسەنی خۆی ھەبێ و ناونیشانەکە و ژمارەی تەلەفونی بۆ خەڵک ئاشکرابکرێ و ھەموو ئۆفیسێک ژمارەیەک فەرمانبەری ھەبێ بۆ ئەوەی وەڵامی خەڵک بدەنەوە. ئەمەش لە پێناوی دروستکردنی پردێکی پەیوەندی بەردەوام لە نێوان پەرلەمانکار و خەڵکدا بکرێ.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand