رێكەوتنە ستراتیجییەكەی ئێران- چینو رەهەندە دوورمەوداكانی
2021-04-05 08:57:25
فەرید ئەسەسەرد
هەرچەند هەرێمی كوردستان زیاتر لە پێنج هەزار كیلۆمەتر لە وڵاتی چینەوە دوورە، بەڵام واژۆكردنی رێكەوتنە ستراتیجییەكەی نێوان ئێرانو چین، هەرێمی كوردستان دەكاتە دراوسێی چینو دەشێ ئەم رێكەوتنە رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر ژێرخانی ئابووریی كوردستان هەبێ.
رێكەوتنەكە دەیان بوار دەگرێتەوە لەوانە بانكداری، بەنداوەكان، تەندروستی، تەكنەلۆژیای زانیاری، هاوكاریی سوپایی، هاوكاریی هەواڵگری، پیشەسازیی پترۆكیمیایی، هێڵی ئاسنین، بەندەرەكان، نەوت. رێكەوتنەكە لە ناوەڕۆكدا شەریكاتییەكی ستراتیجی لەنێوان هەردوولا دێنێتە دی، تێیدا ئێران بۆ ماوەی 25 ساڵ بڕی نەوتی پێویست بۆ چین دابین دەكا، چینیش لەو ماوەیەدا 450 ملیار دۆلار لە ئێران دەخاتەگەڕ.
دەشێ وای دابنێین كە ئەم رێكەوتنە سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ ئێران، هەروەك شكستێكی گەورەشە بۆ هەریەك لە ئەمریكاو ئیسرائیل كە ساڵانێكی دوور و درێژە پلان بۆ لاوازكردنی ئێران دادەنێن. وردتر، سیاسەتی ئەمریكا لە سەردەمی سەرۆكی پێشوو دۆناڵد ترەمپ، بەتایبەتی سیاسەتی (ئەوپەڕی فشار) دژی ئێرانو سیاسەتی تەنگهەڵچنین بە چین، هاندەر بوو بۆ لێكنزیكبوونەوەی ئێرانو چینو دروستكردنی هاوپەیمانییەكی ستراتیجی لەنێوانیان. گۆڤاری نیووز ویكی ئەمریكی ئاماژەی بەوە داوە كە ئەو هاوپەیمانییە دەشێ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی لە ناوچەی كەنداو، بخاتە مەترسییەوەو هەروەها دەشێ كاریگەریی گەورەی لەسەر هێزی دۆلاری ئەمریكی هەبێ.
ئێستا ئەمریكییەكان پەی بە چەوتیی سیاسەتەكەیان دەكەن. هەر بۆیە كەسێكی وەكو هێنری كسنجەر كە لە حەفتاكاندا دەرگای لێكتێگەیشتنی لەگەڵ چین كردەوە، ئامۆژگاری حكومەتەكەی جۆ بایدنی كردووە هەوڵ بدات لەگەڵ چین بگات بە لێكتێگەیشتن.
گومانی تێدا نییە كە رێكەوتن لەگەڵ چین، ئێران بەهێز دەكاو هانی دەدا پێ لەسەر هەڵگرتنی تەواوی سزا ئابوورییەكانی ئەمریكا، وەك پێشمەرج بۆ پابەندبوون بە رێكەوتنە ئەتۆمییەكە، داگرێ.
لە كۆتایی ساڵی رابردوودا، قەوارەی بازرگانیی ئێران لەگەڵ چین گەیشتبووە دەوروبەری 16 ملیار دۆلار. بۆیە، دەشێ پاش واژۆكردنی رێكەوتنی ستراتیجی لەگەڵ چین، قەوارەی بازرگانییەكە بەرەو هەڵكشان بچێ، بەتایبەتی كە لە ساڵی 2014دا، پێش رێكەوتنی ئێران لەگەڵ گروپی 5+1، قەوارەی بازرگانیی ئێران لەگەڵ چین خۆی لە قەرەی 51 ملیار دۆلار داوە.
ئابووریی ئێران یەكێ لە سێ ئابوورییە بەهێزەكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئەمەش چین هان دەدا پەیوەندیی گەشەسەندووی لەگەڵ ئێران بەفیڕۆ نەدا. هەر بۆیە مەرجی چین بۆ بەستنی رێكەوتنەكە لەگەڵ ئێران، ئەوە بوو كە دەبێ رێكەوتنەكە رەزامەندیی هەردوو باڵی رادیكالەكانو ریفۆرمیستەكانی لەسەر بێ، نەوەك دواتر یەكێ لە دوو باڵەكە گرفت بۆ رێكەوتنەكە دروست بكا. هەر بۆیە كەمال خەرازی، سەرۆكی ئەنجومەنی ستراتیجیی پەیوەندییەكانی دەرەوەو راوێژكاری رابەری باڵا عەلی خامنەئی، هەر لەسەرەتای دەستپێكی دانوستانەوە، بەشداریی لە پڕۆسەی رێكەوتنەكەدا كردو نوێنەرایەتیی باڵی رادیكالەكانی كرد.
ئەم رێكەوتنە یەكێ لەو فاكتەرانە دەبێ كە رێ بۆ هاتنە ئارای رۆژهەڵاتێكی ناوەڕاستی جیاواز خۆش دەكاو سەرو سیماو بچمی سیستمێكی نێودەوڵەتیی نوێ دیاری دەكا.