پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دوای بودجە
2021-04-07 10:37:48
جەعفەر عەلی
لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراق و پێکهێنانەوەی دەزگاکانی دەسەڵات لە بەغدا، هەرگیز پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هێندە پتەو و سەقامگیر نەبووە، نە هەولێر و نە بەغدا بتوانن کار و بەرنامەی سیاسی و ئابووری خۆیان لەسەر بنەمای ئەو پەیوەندییانە دابڕێژن.
هەڵکشان و داکشانی پەیوەندییەکان لە هەندێ قۆناغدا گەیشتووەتە ئاستی دابڕان و بایکۆتی سیاسی و کۆمەڵایەتی جومگەکانی یەکەمی بڕیار و دەسەڵات، تایبەت ئەو کاتەی مالکی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و مەسعود بارزانیش سەرۆکی هەرێم بوو.
ریشەی پەیوەندییەکان جگە لەو سەردەمەی کە دەسەڵاتدارانی ئێستای بەغدا ئۆپۆزیسیۆنی بەعس بوون، لە ژێر باری ناچاری و بە ئامانجی سوودوەرگرتن لە پێگەی سیاسی و ناوچەیی و جوگرافی هەرێم، هەرگیز لە دۆخێکی ئاسایی و نموونەی پەیوەندی نێوان دوو بەرەی سیاسی و هاونیشتیمانی هەڵگری یەک ناسنامەی قانونی هاوبەشی ناو هەمان چوارچێوەی جوگرافیای سیاسی نەبوون. دەتوانین بڵێین دۆخی پەیوەندییەکان بە ئێستای دوای پەسەندکردنی بودجەی عیراق و سازانی هەولێر و بەغداشەوە، لە ئاستێکدایە، بچووکترین لێکتێنەگەیشتن، یان بیانووی پێویستە، تا گێچی پەیوەندی و رێککەوتن و ئەنجامی سەفەرە مەکوکییەکانی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا، لە یەک چرکەدا بێنێتەوە سەر سفر. ئەم دۆخی پەیوەندییە لەرزۆکە، تەنیا پەیوەندی بە مەسەلەی بودجە و پارەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بەو وەحشە ترسناک و تاریکەوە هەیە، کە لە ناخی دۆزەخی سیاسییەکانی هەولێر و بەغدادا دەژی، وەحشێک، نە تەنیا توانا و هێزی بیرکردنەوەی ناگاتە ئاستی هەڵکشانی پتەوکردنی بنەما هاوبەشە نیشتیمانییەکان، بەڵکو زۆر لەوە بچووکترە ئەو بۆشایی و درزە مێژووییە گەورانە چارەسەر بکات کە لە نێوان هەر دوو لادا هەن و مەرجی دروستکردنەوەی متمانەش دەبن بۆ ئایندەی ژیان و سیاسەت و کاری بە یەکەوەیی لە عیراقدا. ئەو عەقڵەی لە برینەکانی مێژووەوە بنەماکانی گوتاری سیاسی دادەڕێژێت، هەرگیز لە دونیای هاوچەرخدا، ناتوانێ هەنگاوێک بە قازانجی دیموکراسی و داڕشتنی پەیوەندی سیاسی دروست، بچێتە پێش.
سیاسییەکانی هەولێر و بەغدا، شەیتانەکانی ناوەوەیان هێندە بە ئاگا و زیندووە، خەون بینینێکیان بەسە بۆ ئەوەی لە چرکەساتێکدا دۆخەکە لە رێککەوتنەوە بگۆڕن بۆ گرژی، ئارامی سیاسی و بوژانەوەی ئابووری بگۆڕن بە سەرزەمینێکی دۆزەخی بۆ هاوڵاتییەکانیان. ئاسانترین شتێک کە سیاسییەکان دەتوانن بیکەن و بە پلەی ئیمتیازیش تێیدا سەرکەوتوون، خوڵقاندنی دۆزەخە، ناشیرینکردنی جوانی و بەتاڵکردنەوەی ژیانە لە مانا.
ئەوان چونکە سیاسی ناهۆشیار بە زانستی سیاسی، دامەزراوەی نیشتیمانی، ئازادی و مافی ئینسانن، بەردەوام خەریکی فڕێدانی دروشمی قەبەی ناواقیعی، ئاڵۆزکردنی پەیوەندییەکان و تێکدانی ژیانی گشتی و ئاشتی کۆمەڵایەتین. ئاخر ئەگەر سیاسی بوو بە بازرگان، شەڕەکانی بە ناوی دیموکراسی، دەستور، نیشتیمان، نەتەوە و ماف و ئازادییەوە دەیکات، شەڕی راستەقینە نین و جەوهەری شەڕەکە گوزارشت لە دیوە دۆزەخییەکەی ناوەوەیان ناکات، چونکە پاڵنەری سەرەکی شەڕەکە لە تاریکی و دیوی ناوەوەیاندا پەنهان و شاراوەیە. ئەوەی لە شەڕدا خۆی بەیان دەکات، ئەوەی هاوار دەکات و پۆپۆلیستانە یاری بە هەست و هۆشیاری عەوام دەکات، دیوە رووکەش و ساختەکەیە، نەک دیوە راستەقینە شاراوەکە. ئەم قسەیە هەم بۆ ئەو سیاسییانەی لە دەسەڵاتدان، هەم بۆ ئەوانەش کە لە ئۆپۆزیسیۆندان، راستی زۆری تێدایە.
سیاسی پۆپۆلیست، سیاسی بازرگان، هەر دووکیان پێویستیان بە عەوام، پێویستیان بە خەڵک هەیە، نە سیاسی پۆپۆلیست بێ عەوام دەژی، نە سیاسی بازرگان لە دەرەوەی خەڵک و بازاڕدا دەتوانێ سەرمایەی کەڵەکەبووی قەبەتر و گەورەتر بکات، بۆیە هەردووکیان وەکیەک شەڕی داگیرکردنی دڵ و هۆشیاری خەڵک دەکەن، نەک ئازادکردنی. کێشەی سیاسەت لە هەرێم و عیراقدا هەر ئەوەیە، کە سیاسەت وەزیفەی بنەڕەتی خۆی لێوەرگیراوەتەوە و کراوە بە سەرپۆشێک بۆ داپۆشینی شکست و دۆڕان، کراوە بە بزوێنەری سەرەکی بە گەڕخستنی ماشێنی حەزە شەخسی و بەرژەوەندییە تایبەتییەکان. تا سیاسەت بەم فۆرم و تێگەیشتنە لە عیراق و هەرێم درێژەی هەبێت، هەموو چرکەساتێک ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی هەر رێککەوتنێک هەیە، هەموو رۆژێک لەبەردەم گێمێکی دیکەی پەیوەندی گرژ و ئاڵۆز و دیسانەوە تۆمەتبارکردن و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی بێزەنتیدا وەستاوین.