روماڵکردنی روداوی کوشتن؛ چۆن لە پەخشی راستەوخۆدا کوژراوەکە دەکوژیتەوە
.gif)
2025-03-23 16:29:32
سەلام عومەر، راوێژکار و راهێنەری میدیایی
بە مایکێکەوە لەبەردەم باوکی کچە کوژراوەکەدا راوەستاوە و لێیدەپرسێت: هەستت چۆنە؟! دەبێت هەستی چۆن بێت؟! بێگومان ئەو کەسەی پێویستە پشکنینی هەست و سۆزی بۆ بکرێت پەیامنێرەکەیە نەک باوکی کچە کوژراوەکە. باشە، چاوەڕوان دەکەیت هەست و سۆزی باوکەکە چۆن بێت!! ئەوە گرتەیەکی شێوازی روماڵکردنی کوشتنە لە هەرێمی کوردستان.
روداوە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم دواییە، زۆرینەی میدیا و سۆشیاڵ میدیای کوردی خستۆتە بەردەم دوڕیانێکی ئەخلاقی لەنێوان روماڵنەکردنی روداوی کوشتن یان بەردەوامبون لەسەر رێڕەوی باو کە خەریکە نیگەرانیی کۆمەڵگەی لێدەکەوێتەوە.
سەرەتا گرنگە ئەوە دوپاتبکەینەوە، رۆژنامەوانی پیشەیەکی دێرین و دامەزراوە؛ چوارچێوەی کارکردن و ڕێبەری ئیتیکی رونی هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر روداوێکدا کە لە کۆمەڵگەدا روودەدات. گرنگە ئەو راستییە جێگیربێت، بەتایبەت لە رۆژنامەوانیی سەردەمدا، بنەمای زانیاریی پشتڕاستکراوە، زیاننەخستنەوە و هاوجوتبون لەگەڵ بەرژەوەندیی گشتییدا مایەی سازشکردن نین. بۆیە، خراپڕوماڵکردنی روداوی توندوتیژی لە کوردستان لۆمەکەی بۆ پەیڕەوانی پیشەکە دەگەڕێتەوە، نەک خودی پیشەی رۆژنامەوانی.
رۆژنامەنوسان لەسەر تاسەری جیهاندا، روماڵی پرسی لەو شێوەیە دەکەن. بابەتەکە بەو جۆرە نییە کە روداوی لەو شێوەیە شایەنی روماڵکردن نییە، بەڵێ روداوی وەک ئەوەی لە هەولێر، کەرکوک و سەیدسادق رویاندا شایەنی روماڵکردنن و پێویستە کۆمەڵگە بزانێت چی رویداوە و پاڵنەرەکانی پشتی کارەساتی لەو شێوەیە چین.
وانییە! رۆژنامەنوسان لە ژوری هەواڵدا بەو شێوەیە بیرناکەنەوە کە هەرچی روداوی کوشتن بوو هەواڵ نییە یان هەر لێپرسراوێک قرقێنەی لێدا هەواڵە. هەواڵسازان بە دوای بەهای هەواڵییدا دەگەڕێن، لەوانە کاریگەری روداوەکە لەسەر وەرگرانی دەزگا رۆژنامەوانییەکە، نزیکی رووداوەکە و هاوتەریبی لەگەڵ ستراتیژی دەزگاکەدا. بۆیە پێدانی هەواڵ و زانیاریی راست و دروست لەسەر روداوەکانی کوشتن ئەرکی گرنگی رۆژنامەنوسانە. سەرەڕای ئەو راستییەش، چەند "بەڵام-ێک" لە ئارادان!
زۆرینەی دەزگاکانی راگەیاندنی هەرێم بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ حاڵەتی مردندا پێوەری نوسراویان نییە، بەوانەشەوە کاری سۆشیاڵ میدیا دەکەن. هەر کەسێک کە دەڕوات بۆ روماڵکردن بەگوێرەی تێگەیشتنی خۆی و ئاستی رۆشنبیری مامەڵەدەکات، بەڵام، هەرگیز کارەکە بەو شێوەیە ناڕوات بەڕێوە، بۆ نمونە، ئاژانسی فرانس پرێس (AFP) لە ستاندەری هەواڵسازیی خۆیدا دەربارەی روماڵکردنی مردن دەڵێت: پێویستە لە کاتی روماڵکردنی مردندا تایبەت مامەڵەبکەین. پێویستە دڵنیابین لەوەی کە مردنەکە لەلایەن خێزانەکە، ئەو لێپرسراوانەی کە زانیاریی ڕاستەوخۆیان لەسەر دۆخەکە هەیە یان کەسێکی ڕێگەپێدراو وەک بریکاری ئەدەبی یان وتەبێژی کۆمپانیاکە پشتڕاستبکرێتەوە. دەبێت دڵنیابین لەوەی کە دەزانین سەرچاوەکە چۆن زانیاری لەسەر مردنەکە هەیە بۆ ئەوەی تەنها قسەی بیستراو، ڕاپۆرتی میدیای تر یان قسەی سۆشیاڵ میدیا دوبارەنەکەینەوە. ... روماڵکردنی درۆ، یان خێرا، لەبارەی مردنێکەوە دەتوانێت ببێتە هۆی خەم و ناڕەحەتی ناپێویست، زیانێکی زۆر بە ناوبانگی ئاژانسی فرانس پرێس دەگەیەنێت و پێویستە بە هەر نرخێک بێت ڕێگری لێبکرێت.
هاوکات، زۆرینەی رۆژنامەنوسانی هەرێمی کوردستان و ئەوانەش کە کاری سۆشیاڵ میدیا دەکەن بەگوێرەی دۆخەکە رەفتار دەکەن، بۆ نمونە، ئەو تێڕوانینە دروستبووە، چیت بوێت دەتوانیت لە سۆشیاڵ میدیادا بیڵێیت. لە راستییدا، ئەوە بۆچونێکی ناڕاستە، بەها هەر بەهایە، رۆژ بێت یان شەو، زستان بێت یان هاوین. لەو بارەیەوە، لە ڕێبەری ئیتیکیی رۆژنامەنوسانی کەنەدا-دا هاتووە: پیادەکردنی ئیتیک بەگۆڕانی ناوەندی بڵاوکردنەوەکە ناگۆڕێت. ئێمە پابەندین بەو پرەنسیپانەی پێشتر نوسیومانن، بێگوێدانە ئەوەی چیرۆکەکانمان لە کوێ بڵاودەکرێنەوە یان پەخشدەکرێن.
پەخشی راستەوخۆ (لایڤکردن) وەک تەنگەژە؛ راستە سۆشیاڵ میدیا لە ڕوماڵکردنی راستەوخۆ و گەیاندنی زانیارییەکان لەکاتی خۆیدا ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت؛ دیسانەوە کارەکە هەروا ئاسان نییە. لە زۆرینەی زۆری پەخشی راستەوخۆدا لە هەرێم، وردبینی و پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان دەبنە قوربانی، لەو ڕێیەشەوە، جاریکی تر، لە پەخشی راستەوخۆدا کوژراوەکە دەکوژرێتەوە. تا زیاتر پەلە بکەیت، ڕێژەی هەڵە زیاتر دەبێت، بۆیە بەهیچ شێوەیەک پەخشی راستەوخۆ (لایڤکردن) بۆ روماڵکردنی ئەو کوشتنانەی رودەدەن گونجاو نییە، تکایە دەستهەڵبگرە لەوەی زومی کامێراکەت بخەیتە سەر کێلی گۆڕی مردووەکە.
پێدەچێت بەمزوانە، لە سایەی پارەی هەڵڕژاوی خەڵک و بگرە و بەردەی نێوان کەناڵە نازدارەکانی شازادەکان، کوردستان ببێتە هەرێمی یەک ملیار "لایک". ئەگەر لەجیاتی گەڕان بەدوای راستی و چاودێریکردنی ئەوانەی لە دەسەڵاتدان، خەون و خەیاڵی دەزگاکە تەنیا لای "لایک" بێت، ئەوا لەو پێناوەشدا، هەموو لادانێکی ئەخلاقی دەکات. گەیشتن بە بینەر، بیسەر و خوێنەر گرنگە، بەڵام ئەگەر لەڕێی تێکشکاندنی هەموو سنورەکانی ئەخلاقی رۆژنامەوانیی، تایبەتمەندیی کەسی و یاساییەوە بێت، پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت. دۆخی لەو شێوەیە، هەڕەمەکی نییە، بەڵکو پیلانێکی ڕێکخراوە بۆ بەلاڕێدابردنی رای گشتی. ئەگەر خۆت و وڵاتەکەت خۆشدەوێت، دەبێت بزانی "لایک" بۆچی دەکەیت و کۆمێنت بۆ کێ دەنوسیت، ئەوە لێپرسراوێتییەکی کۆمەڵایەتی گرنگە.
نکۆڵی لەوە ناکرێت کە بەشێکی سەرەکی کێشەکە بە مەبەست دەکرێت، بەڵام بەشێکی گرنگیشی پەیوەستە بە کەمی هۆشیاریی پیشەیی، ئیتیکی و یاسایی لای رۆژنامەنوسان و ئەوانەی کاری سۆشیاڵ میدیا دەکەن. ئەگەر ڕۆژنامەنوسێک بابەتێک ڕووماڵ بکات بێ ئەوەی زانیاریی تەواو یان تێگەیشتنی بۆ کاریگەرییە ئەخلاقی و یاساییەکانی هەبێت، کارەسات دەخاتەوە. لەو بارەیەوە، ڕێبەری پیشەی ڕۆژنامەوانی لەبەردەستدان، بۆ مامەڵەکردنی قوربانی، تۆمەتبار و ئەوانەی توشی زەبری دەرونی بوون. تۆ ببینە، بێشومار لە گەنجان پەیوەندی بە بازاڕی میدیاوە دەکەن، بەڵام ناڕوونە ئەمانە چۆن راهێنراون و چۆن پەروەردەی میدیاییان وەرگرتووە. ژمارەی ئەو دەزگایانە چەندن کە بەردەوام کارمەندەکانیان پەروەردە دەکەن و وەبەرهێنانیان تیادا دەکەن. ژمارەیەکی روون بەردەست نییە، بەڵام قەبارەی کارەساتەکە وەڵامێکی بەجێی پێیە.
خەڵک پێویستیان بە زانیاریی راستە دەربارەی ئەوەی رودەدات. بە گوێرەی راپرسییەکی کۆڕبەندی ئابوری جیهان دەربارەی ئەوەی گەورەترین (١٠) مەترسی کامانەن روبەڕوی جیهان دەبنەوە لە ساڵانی (٢٠٢٤ و ٢٠٢٥)دا، زانیاری ناڕاست و چەواشە یەکەم مەترسییە لەبەردەم مرۆڤایەتییدا قوتبۆتەوە. زیانەکانی ئەوەی لە کوردستان رودەدات زۆرن، خۆیان لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست، زیانگەیاندن بە بەرژەوەندی گشتی، لێکەوتەی یاسایی، پێشێلکاریی ئەخلاقی رۆژنامەوانی، زیان گەیاندن بە ناو و ناوبانگی کەسەکان و دروستکردنی کاریگەریی نەرێنی لەسەر کۆمەڵگە و زیاتر قوڵکردنەوەی بێمتمانەیی بە میدیادا دەبینێتەوە.
دواجار، هەموو ئەوانە پاساو نین تا خۆت بەدوربگریت لە روماڵکردنی شەپۆلێکی توندوتیژی کە کۆمەڵگەی توشی شۆککردووە. بەڕاستی کاتی ئەوەیە شێوازی مامەڵەکردنی بابەتەکە بگۆڕیت نەک بابەتەکە خۆی. حیکمەت لەوەدایە، کام هەواڵ و زانیاری بڵاودەکەیتەوە، نەک کام بابەتە لە لیستی هەواڵەکاندا دەسڕیتەوە.
