بەهاری ئێوەو پایزی ئێمە!
.jpg)
2025-05-24 07:02:31
بارام سوبحی
بەهار:
د. ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: (ماڵپەڕی رووداو: 19/ئەیلول/2013)
* بە دابینكردنی غاز لەبری گازوایل بۆ وێستگەكانی كارەبای دهۆك (900) ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ حكومەت.
* ئاماژەی بە پێدانی (300) هەزار دۆلار كرد بۆ وارسی هەر شەهیدێكی ئەنفال و كیمیاباران، كە لە داهاتی ئەو ئەنجومەنە نوێیە دەدرێت كە بڕیارە لە داهاتوودا دروست بكرێت و داهاتی ساڵانەی (200) ملیار دۆلار دەبێت.
* ئەو دەنگۆیانەشی رەتكردەوە كە دابەزاندنی نرخی بەنزین بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بێت و ئاماژەی بەوەكرد "بەرهەمی خۆماڵی بەنزین هێندە زۆرە كە دەتوانرێت لە داهاتوودا رەوانەی دەرەوە بكرێت".
* سەبارەت بە هەبوونی پشكی هاونیشتمانیان لە داهاتی نەوت گوتی "دوای سەربەخۆبوونی كۆمپانیای كەپ- كۆ، داهاتێكی گەورەی دەبێت لە داهاتی نەوت، هەروەها وەك كۆمپانیایەكی بەڵێندەری گرێبەستە نەوتییەكان دەبێت و (20%) بۆخۆی دەبێت، لەماوەی (20) ساڵ ئەو پشكەی لە گرێبەستە نەوتییەكان بۆی دەگەڕێتەوە بەهاكەی (200) ملیار دۆلار دەبێت، لەم داهاتەی كە بۆ كۆمپانیاكە دەگەڕێتەوە وەك پشك دەدرێتە هاونیشتیمانیان".
پاییز:
تەماشا بکەن ئەوە لێدوانی (12) ساڵ لەمەوبەری عەڕابی نەوت و گازی کوردستانە، بەڵام ئێستا چی دەبینین؟
یەکەم: بەناوی پرۆژەی روناکی و کارەبای (24) سەعاتییەوە گیرفانی هاوڵاتیان دەتەکێنن!!
دووەم: نەک قەرەبووی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفال نەکرایەوە، بەڵکو لە کابینەی شەشی حکومەتی هەرێم کە بەرهەم ساڵح سەرۆکایەتی دەکرد؛ بڕی (150) هەزار دینار بۆ موچەی واریسی شەهیدان و ئەنفال زیادکرا، بەڵام لە کابینەی دواتر بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی یەکەم بڕیاری بڕینی ئەو (150) هەزار دینارە بوو!
سێیەم: لای هەمووان روونە کە ئێستا نرخی بەنزین لە چ ئاستێکدایەو کوالیتی چۆنە!
چوارەم: بەحسابی کاک ئاشتی دەبوو ئێستا کۆمپانیای کەپ – کۆ لانیکەم (150) ملیار دۆلار داهاتی هەبایە، کەچی حکومەتی هەرێم دەڵێت (28) ملیار دۆلار قەرزارین!
پێنجەم: هاوڵاتیان نەبوونە خاوەنی پشک لە کەپ – کۆ، بەڵکو نزیکەی پەنجا موچەی موچەخۆران لای حکومەت بێسەرو شوێنە
کەواتە:
ئێستا حەقی خۆمان بەگومان بین لەوەی پێیدەوترێت گرێبەستی سەد ملیار دۆلاری گازی سروشتی کوردستان، چونکە دوای ئەوەی لە رۆژی (1/حوزەیران/2009) مام جەلال و کاک مەسعود قوفڵی هەناردەکردنی نەوتی کوردستانیان بەرەو بەندەری جیهانی تورکیا کردەوە. لە تەمموزی (2010)دا ئاشتی هەورامی رایگەیاند: هەرێمی کوردستان لە ئایندەدا گازی سروشتی خۆی لەڕێگای پرۆژەی نابۆکۆ هەناردەی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا دەکات.. هەرێمی کوردستان دەتوانێت ساڵانە بیست ملیار مەتر سێجا گازی سروشتی بۆ هێڵەکە دابین بکات.
دواتر وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڵاویکردەوە، هەرێمی کوردستان خاوەنی نزیکەی (45) ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگ و (5.66) تریلیۆن مەتر سێجا گازی سروشتییە. واتە هەرێمی کوردستان لەڕووی یەدەگی نەوتەوە لە پلەی دەیەم و لەڕووی یەدەگی گازی سروشتییەوە لە پلەی حەوتەمدایە لەسەر ئاستی جیهان.
بەڵام:
بەپێی داتاکانی رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی، رێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان (٢٤٪)ی تێپەڕاندووە. هەروەها بەپێی داتاکانی دوایین پرۆسەی سەرژمێری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، رێژەی هەژاری لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە: هەولێر: (6%)، سلێمانی و هەڵەبجە: (8%)، دهۆک: (15%).
پێوەری هێڵی هەژاریی لەو سەرژمێرییە لەسەر بنەمای داهاتی مانگانەی هەر کەسێک دانراوە کە لە (137) هەزار دینار کەمتر بێت، بۆ خێزانێکی شەش کەسی مانگانە (820) هەزار دینار داهاتیان هەبێت.
