Draw Media

مێشولەی ئەلیکترۆنی و ڕۆڵی لە جوڵاندنی ڕای گشتی

مێشولەی ئەلیکترۆنی و ڕۆڵی لە جوڵاندنی ڕای گشتی

2025-02-08 13:00:09



د. سانا كەمال


مێشولەی ئەلیکترۆنی زاراوەیەکی مۆدێرنە لە جیهانی دیجیتاڵ میدیادا، ئاماژەیە بۆ ئەکاونتی ساختە لە سۆشیال میدیا، کە بەپڕۆگرامی تایبەتمەند ئاراستەی وڵاتان، کۆمپانیا، قەوارە یان تاکەکان دەکرێت.

مێشولەی ئەلکترۆنی چەندین ناوی تری هەیە کە پێی دەناسرێتەوە وەک: پڕوپاگەندەی ئەلیکترۆنی، شەڕی ئەلیکترۆنی، ئاژاوەی ئەلیکترۆنی و ناوی تر، کاریگەری مێشوولەی ئەلکترۆنی خۆی دەبینێتەوە لە جوڵاندنی ڕای گشتی بۆ ڕووداوە نێودەوڵەتی و ناوخۆیەکان، وە دەگاتە لوتکەی چالاکبونی لە کاتی قەیرانە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکان.

ئامانجەکانی مێشولەی ئەلیکترۆنی ئامانج و پاڵنەرەی ناشەرعین، کە بەرجەستە دەبێت لە:
1- پاڵنەری تیرۆریستی، کە بە دامەزراندنی گروپە تیرۆریستییەکان نوێنەرایەتی دەکرێن بۆ بڵاوکردنەوە و پێشخستنی بیرۆکە توندڕەوەکانیان لەنێو ئەندامانی کۆمەڵگا.

2- پاڵنەری سیاسی، ئەمەش بە ڕونی لە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی یان پەرلەمانیدا دەردەکەێت بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی کاندیدێکی دیاریکراو لە قۆناغی هەڵبژاردنەکاندا، یاخود بۆ پوچەڵکردنەوەی هەڵمەتەکانی دەسەڵات یان ئۆپۆزسیۆن بەکاردەهێنرێت.

3- پاڵنەری ئابووری، وەک بەئامانج گرتنی کۆمپانیایەکی بازرگانی یان بەرهەمەکانی لەلایەن کۆمپانیایەکی ترەوە کەڕکابەری لەگەڵدا دەکات.

4- پاڵنەری کۆمەڵایەتی و هاندانی ململانێی تائیفی، لە نێوان ئەندامانی هەمان کۆمەڵگادا.

5- پاڵنەری رقی شەخسی، زۆر جار کەسێک رقێکی هەیە بەرامبەر کەسێکی دیاریکراو کە لە رێگەی مێشولەی ئەلکترۆنی کاردەکات بۆ ناشرین کردنی وبێزراوکردنی لە کۆمەڵگەدا.

کاری سەرەکی مێشولەی ئەلکترۆنی دروستکردن و جوڵاندنی ڕای گشتی شەقامە، ئەویش لە ڕێگەی دەرکەوتنی چەند بەکارهێنەرێکی سۆشیاڵ میدیا کە وا دەردەکەوێت کە ئەو بەکارهێنەرانە لەسەر یەک بابەت هاوڕان وهەمان بۆچونیان هەیە، ئەم کارە دەبێتە هۆی جوڵاندن و دروستکردنی کاریگەری لەسەر بەکارهێنەرە راستی وئاساییەکان، و وایان لێ دێت ئەمانیش بە هەمان رێگا و ئاراستەی مێشولە ئەلکترۆنێکاندا بڕۆن.

وە ئامڕازەکانی مێشوولەی ئەلکترۆنی خۆی دەبینێتەوە لە:

1-  دەستکاری کردنی وێنە و ڤیدیۆکان و پیشاندانی وەک ئەوەی لە وڵاتێکی دیاریکراو ڕوی دابێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئەو بابەتە هەر روی نەداوە یا ئەگەر ڕوشی دابێت لەو وڵاتە روی نەداوە کە مێشولەکان بانگەشەی بۆ دەکەن.

2- دروستکردن یا گۆرینی دەنگ، لەم دواییانەدا جۆرێک لە ساختەکاری بە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد کە پێی دەوترێت "فێڵی ساختە" یان "دەستکاریکردنی دەنگ" بڵاوبۆتەوە کە مێشولەکان بەکاریدەهێنن بۆ دروستکردن یان گۆرینی تۆماری دەنگی بۆ دروستکردن یان گۆڕینی ڕای گشتی.

مێشولەی ئەلکترۆنی بازارێکی گەرمی بۆ خۆی دروستکردوە لەناو سۆشیال میدیا بەجۆرێک کۆمپانیای فەیسبووک ئاشکرای کردووە کە 60 ملیۆن ئەکاونتی ساختەی هەیە، تویتەریش دەستپێشخەری کردووە بۆ بلۆک کردنی 70 ملیۆن ئەکاونتی ساختە.

میکانیزمەکانی کاری مێشولەی ئەلیکترۆنی بۆ دروستکردن و جۆڵاندنی ڕای گشتی، خۆی دەبینێت لەم خاڵانەی لای خوارەوە:

1- بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاودەبنەوە لە سایتە هەواڵییە نێودەوڵەتی و ناوخۆیەکان و لە لاپەڕەی کەسایەتیە کاریگەرەکاندا.

2- بەکارهێنانی کەسانی کاریگەری بەرز لە پیاوانی ئایینی و پیشەگەرەکانی میدیا و ئەکادیمی و وەرزشوانان...هتد، کە هەزاران یان ملیۆنان فۆڵۆوەریان هەیە.

3ـ بڵاوکردنەوە و کۆمێنت نوسین لە ڕێگەی ئەکاونتێکی ڕاستەقینە یان پشتڕاستکراوە بۆ ئەوەی متمانە بە پۆستەکە بدرێت، دواتر کەتیبە ئەلیکترۆنیەکان (مێشولەکان) پشتگیری دەکەن.

4ـ ئەنجامدانی هەڵمەتی ڕیپۆرتکردنی بەکۆمەڵ لەیەک کاتدا لەدژی دەسەڵات یاخود ئۆپۆزسیۆن و ئەکاونتەکانیان، تۆمەتبارکردنیان بەزیانگەیاندن بە دامەزراوە فەرمییەکان، کەسەکان، یان پیرۆزیەکان، کاتێک ڕیپۆرتەکان زۆر دەبن، سایتی سۆشیال میدیا بلۆک و شاردنەوە دەکات بۆ ئەو پۆستە ڕیپۆرتکراوە.

وە لە هەرێمی کوردستان سەرەرای جێبەجێکردنی یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی ساڵی (2008) وەک ئامرازێک بۆ بەرەنگاربونەوەی تاوانەکانی ناو سۆشیاڵ میدیا، بەڵام چارەسەرکردنی دیاردەی مێشولەی ئەلکترۆنی پێویستی بە دەرکردنی یاسایەکی دیکە هەیە لە پەرلەمانی عیراق و هەرێمی کوردستان تایبەت بێت بە بە رەنگاربونەوەی ئەم دیاردەیە لە ژێر ناوی: (یاسای دژە دەنگۆ و پڕو پاگەندە ئەلیکترۆنییەکان).

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand