Draw Media

تیکتۆک وەک ئامرازێک بۆ سپیکردنەوەی پارە لە عێراق و هەرێمی کوردستان

تیکتۆک وەک ئامرازێک بۆ سپیکردنەوەی پارە لە عێراق و هەرێمی کوردستان

2025-02-20 08:46:45


د. سانا كەمال،  پارێزەری ڕاوێژکار
 

سپیکردنەوەی پارە:( بریتییە لەپرۆسەی شاردنەوەی پارەی بەدەست هێنراو بە شێوەیەکی نایاسایی، بەجۆرێک کەوادەرکەوێت لەسەرچاوەیەکی شەرعیەوە بەدەست هێنراوە، بە واتایەکی تر شێوازێکە کە تاوانباران بۆ شاردنەوەی سەرچاوەی بەدەست هێنانی پارەکانیان بەکاریدەهێنن).
سپیکردنەوەی پارە زۆرجار لەرێگەی دروستکردنی ئەکاونتێکی ساختەوە دەکرێت لەپلاتفۆرمی تیکتۆک، پاشان بەکارهێنەر ئەم ئەکاونتە بەکاردەهێنێت بۆ ناردنی پارە بۆسەر حسابی بەکارهێنەرێکی کە، بەرامبەر بە ڕێژەیەک لەو پارەیەی کە دەینێرێت.
لە کاتێکدا سپیکردنەوەی پارە لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە دیاردەیەکی تاڕادەیەک نوێیە، بەڵام لەئێستاوە کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە.  لە ساڵی ٢٠١٨ " ئێف بی ئای " ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا ئاماژەی بەوەدابوو بری  ٣٠٠ ملیۆن دۆلار سپیکراوەتەوە لە ڕێگەی پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیاوە.
وە لە ساڵی ٢٠٢٠دا زیاتر لە ١٧ هەزار حاڵەتی سپیکردنەوەی پارە هەبووە کە گەنجانی تەمەن ٢١ بۆ ٣٠ ساڵان تێیدا بەشداربون،  ئەم ژمارەیە لەلایەن (سیفاس) "دەسەڵاتی پاراستنی ساختەکاری" بڵاوکراوەتەوە.
سەبارەت بە عێراق بە پێی زانیاریەکان، لقی زانیاری هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، لێکۆڵینەوەیان کردوە دەربارەی بونی گومانی سپیکردنەوەی پارە لەڕێگەی ئەکاونتی بەکارهێنەرە دیارەکانی پلاتفۆرمی تیکتۆکەوە.
وەهەر لەچوارچێوەی ئەم بابەتە بانکی ناوەندی عێراق لە بەرواری ( ٢٨/١١/٢٠٢٤ ) بڕیاری دەرکرد بە ڕاگرتنی گواستنەوەی دارایی بۆ بریکارەکانی سەر بە تیکتۆک لە ناوخۆی عێراق، ئەمەش بە پشتبەستن بە داواکاریيەکی وەزارەتی پەیوەندیەکان.
ئەم ڕێ و شوێنە بۆ چارەسەرکردنی ئەو داهاتە داراییانە دێت کە بەکارهێنەرانی پلاتفۆرمەکە لە ڕێگەی پاداشت و سودەکانەوە وەک داهات بەدەستی دەهێنن.
داهاتەکان بریتین لە داهاتی "دیاری مەجازی" کە لە ڕێگەی کڕینی دراوی تیکتۆکەوە دەگۆڕدرێن بۆ پارەی ڕاستەقینە، ئەم کارەش بۆ پشتگیری کردنی مادی خاوەن ئەکاونتی تیکتۆکەکان بەکاردەهێنرێت لە روکەشدا، وە بۆ سپیکردنەوەی پارە لە ناوەرۆکدا، یا خود لە رێگەی ریکلام کردن بۆ کۆمپانیا و شت ومەک و هتد... .  
سەبارەت بە رێکخستنی ئەم بابەتە لەرووی یاساییەوە، بە یاسای ژمارە ( ٣٩ ) ساڵی  ( ٢٠١٥ )ی عێراقی لەژێر ناونیشانی " یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپی کردنەوەی پارە و تەمویلی تیرۆر " ڕێکخراوە،
وە بەپێی ئەویاسایە هەرکەسێک هەریەکێک لەم کارانەی خوارەوە ئەنجام بدات، بە تاوانی سپیکردنەوەی پارە دادەنرێت:
یەکەم/ گواستنەوە، یان ئاڵوگۆڕکردنی پارە لە کەسێکەوە کە دەزانێت یان دەبوو بزانێت کە داهاتی تاوانێکە، بۆ مەبەستی شاردنەوە یان خۆدزینەوە لە سەرچاوە نایاساییەکەی یان یارمەتیدانی ئەنجامدەرەکەی یان ئەنجامدەری تاوانە ئەسڵییەکە یان ئەوانەی بەشدارییان کردووە لەئەنجامدانی بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی.
دووەم/ شاردنەوەی پارە یان پۆشینی سروشتی ڕاستەقینەی، سەرچاوە، شوێن، بارودۆخ، شێوازی گواستنەوەی خاوەندارێتی، یان مافەکانی پەیوەست بەوەوە، لە کەسێکەوە کە دەزانێت یان دەبوو بزانێت کە داهاتی تاوانێکە.
سێیەم/ بەدەستهێنانى خاوەندارێتی یان بەکارهێنانی پارە لە کەسێک کە دەزانێت یان دەبوو لە کاتی وەرگرتنیدا بزانێت کە داهاتی تاوانێکە.
وە بە پێی ئەو یاسایە هەر بەکارهێنەرێکی تیکتۆک هەستێت بە سپیکردنەوەی پارە ئەوا سزادەدرێت بە بەندکردن بۆ ماوەیەک لە 15 ساڵ زیاتر نەبێت لەگەڵ غرامە کردن کە کەمتر نییە لەو بڕە پارەی پێی گیراوە و تا پێنج ئەوەندە زیاتر نەبێت، لەگەڵ حجزکردن و دەستبەسەرداگرتنی ئەو پارانەی کە پێی گیراوە.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان هەمان یاسایی عێراقی ئاماژە بۆکراو جێبەجێ دەکرێت لە دادگاکاندا، سەرەڕای ئەوەی هیچ هەنگاوێک نەگیراوەتەبەر لەلایەن دەسەڵاتی تایبەتمەندەوە سەبارەت بە لێکۆڵینەوە لە بونی یاخود نەبونی ئەم بابەتە لەناو تیکتۆکچیەکانی هەرێمی کوردستان.
بۆ خۆپاراستن لە بەشداریکردن لە پڕۆسەی سپیکردنەوەی پارە لەڕێگەی تیکتۆکەوە دەتوانرێت ئەم هەنگاوانەی لای خوارەوە بگیرێتەبەر:
یەکەم: ئاگاداری ئەوکەسە کاریگەرانەبن کەداوای دیاری دەکەن، بەتایبەتی ئەگەر تازەبن یان فۆڵۆوەرێکی کەمیان هەبێت.
دووەم: دیاری مەنێرە بۆ ئەو کەسانەی کە نایانناسیت و متمانەت پێیان نییە.
سێیەم: ئاگاداری مەترسییەکانی ناردنی دیاریبە بۆ ئەوکەسانەی کە ناوبانگیان هەیە، چونکە دەکرێت پارەکەت بۆ مەبەستی نایاسایی بەکاربهێنرێت.
چوارەم: ئەگەر نیگەرانیت لەوەی کە لەوانەیە بەشداربیت لە پلانی سپیکردنەوەی پارەدا، پێویستە ئاگاداری لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەیتەوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand