Draw Media

وەهمی بەغداو دەستپێكی قۆناغێكی تر...!!!

وەهمی بەغداو دەستپێكی قۆناغێكی تر...!!!

2025-05-30 20:25:25



د. كامەران مەنتك
 
بەغدا سیستەمێكی پاشایەتی ستەمكارە، بەغدا سیستەمێكی راسیستی عەرەبییە، بەغدا سیستەمێكی دیكتاتۆرییە، بەغدا بارزانییەكانی جینۆسایدكرد، بەغدا چەند هەزار گوندێكی كوردستانی خاپوور كردو خەڵكەكەی راگوازتەوە، بەغدا ئەنفالی كرد، بەغدا چەكی ناپاڵم و كیمیاوی و بایۆلۆجی بەكارهێنا، ئێستاش بەغدا مووچە نانێرێت و بەغدا خەڵكی كوردستان برسی و نانبڕاو دەكات، نزیكەی یەك سەدەیە وەهمی بەغدا كراوەتە مێردەزمەی خەڵكی كوردستان، لەكاتێكدا بەغدا نیوەی هاوكێشەكەیەو لەپەنای ئەو نیوەیەدا هەوڵدەدرێت بەرپرسیاریەتی و تاوان و خیانەتەكانی نیوەكەی تر بشاردرێتەوە، ئەی حیزبەكانی كوردی چییان كردووە، پێش توركیا كەوتوون، پێش ئێران كەوتوون، سیخوڕەكانی ئێران و توركیاو هەموو دنیایان راكێشاوەتە ناوكوردستان، دەستی پاشداری ئێرانیان گرتووەو هێناویانەتە سەر بیرە نەوتەكانی كەركوك، لەپەنای كوردایەتییەوە رێگەیان بۆ تانك و زرێپۆشی توركیا كردۆتەوەو بوونەتە راوچی كوردەكانی باكوور... رۆژئاوا... رۆژهەڵات،...!!!
ئایا كاتێك ئەوانە دەرفەتیان بۆ ڕەخساوە، چییان لە بەغدا باشتر بووە؟ ئەگەر بەغدا چەكی كیمیاوی دژ بەكورد بەكارهێنابێت، ئەوە خۆیان لەشەڕی ناوەخۆ چی ما بە گەنجی كوردی نەكەن، بەرپرسەكانی خۆیان راشكاوانە ناڵێن ئەگەر چەكی كیمیاویشمان هەبوایە دژی یەكتر بەكارمان دەهێنا؟ دەیان و سەدان دیلی شەڕیان بە قێزەونترین شێوە تیرۆر نەكرد، كە ئەمە هەمووی تاوانی جەنگە كامەیان خۆی لا سەركردەی عەیار بیست و چوارەو هەر رۆژەی دەیەوێت بەشێوەیەك خەڵكی كوردستان فریوبدات، دەتوانێت خۆی لەو كارانە بێبەری بكات؟ بەپێچەوانەوە شانازیشی پێوە دەكەن، كە رۆژێك دەبێت لەسەر ئەو تاوانەو سەدان تاوانی تر، ئەگەر لەناو گۆڕیش بن بخرێنە بەردەم دادگاكان وجلی وڵاتپارێزی و نیشتمانپەروەرییان لەبەربكرێتەوەو جلی راستەینەی خۆیان لەبەر بكرێت، كە جلی وڵاتفرۆشی وخیانەتە.
واز لەبەغدا بێنن بزانن نیوەکەی لای خۆمان چەندە بەرپرسن، نابێت چیتر رێگەبدرێت بەغدا وەك دێوجامەیەك بۆ فریودانی خەڵكی كوردستان بەكاربهێنرێت، بەغدا بەهەموو تەمەنی خۆی، هەر لەكاتی دروستبوونییەوە لەسەردەمی ئەبوجەعفەری مەنسور تاوەكو ئێستا بەقەدەر دەساڵی دەسەڵاتی كوردی كوردستانی تەعریب نەكرد، سەیر لەوەدایە هەركاتێك بەغدا لەرووخانیش بووبێت ئەوان خۆیان بەرزیان كردۆتەوە، ئەمریكییەكان لەوپەڕی دنیاوە هاتن دەوڵەتی ئێراقیان هەڵوەشاندەوە، كەچی ئەوە ئەوانە بوون بەغدایان دروستكردەوە، ئەو حكومەتەی ئێستا لە ئێراق هەیە عەرەب دروستی نەكردەوە، بەڵكو ئەو دەنگە ناشازانەبوون، كە ئێستا دژی بەغدا بەرزدەكرێنەوە، كێ لایەنەكانی بەغدای بانگهێشتی هەولێر دەكرد بۆئەوەی یارمەیتیان بدات حكومەت پێكبهێنن، لەكاتێكدا ئەوان لەناوەخۆیان ناكۆك بوون و گەیشتبوونە حالەتی چەقبەستوویی!
ئەوەی ئێستا بەرامبەر هەرێمی كوردستان دەكرێت، بە تەنیا بەغدا نییە، دەبێت خەڵكی كوردستان ئەو راستییە بزانێت و لەوە تێبگات دیسان دەیانەوێت لەسەر ژێی هەست و سۆزەكانی یاری بكەن و جارێكی تر وەكو كارتێك بەكاریبهێنن، لەبەرئەوەی وەك گوتمان بەغدا نیوەی هاوكێشەكەیە، ئەوانەی خۆیان بەدەسەڵاتداری هەرێم دەزانن و نەزانانە وەك كارتێك لەلایەن هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكانەوە تەنانەت دژی كوردیش بەكاردەهێنرێن، ئەوانە پشكێكی تەواویان بەردەكەوێت لە بەرپرسیارییەتی ئەو دۆخە، نیوەی وەك بەشێك لە حكومەتی بەغدا، كە بەشدارن تیایدا و چەندین پۆستی گرنگیان لەدەستدایە، نیوەكەی تریشی وەك حكومەتی هەرێم، كە چی نەماوە بەرامبەر خەڵكی كوردستان نەكات، ئەو بەغدایەی باسی دەكەن، ئێستا سەرۆك كۆمارو وەزیری دەرەوە پەرلەمانتا رو .. وو ..وو.. وو بەناو كوردی تێدایە، كەواتە ئەو كوردانەش بەشی خۆیان بەرپرسن لەو مووچە بڕینە، ناكرێت بە تەنیا بەغدا تۆمەتباربكرێت، كە لە بنەڕەتدا هەر نابێت تۆمەتبار بكرێت، بەغدا هێزێكەو دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و هەر لەدوای رووخانی رژێمی بەعسەوە، هەموو رەفتارەكانیان ئەوەی سەلماندووە، كە باوەڕیان بەفیدڕاڵی نییەو لەگەڵ بەهێزكردنەوەی حكومەتی ناوەندیدان، ئەی ئێوە بۆ بێدەنگ بوون ومتەقتان لێنەكرد؟ ئەی ئێوە لە بەغدا چیتان دەكرد؟ وەزیرەكانی ئێوە نەبوو ن شەورۆژ كاریان دەكرد بەغدا بگەڕێننەوە سەر شانۆی گۆڕەپانی نێودەوڵەتی ...ئەی بۆ ئێستا باسی بەغدا دەكەن وەك ئەوەی ئەوان بەشێك نەبن تیایدا!
دەبێت خەڵكی كوردستان ئەو راستییە بزانێت، كە جارێكی تر هەرێمی كوردستان خزێنراوەتە نێوگەمەیەكی نێودەوڵەتی و زەرەمەندی یەكەمیش كورد دەبێت، سەیر لەوەدایە بتوانرێت باوەڕ بەتاكێكی نەخوێندەواری كوردیش بهێنرێت، كە گرێبەستێكی سەد ملیار دۆلاری لەگەڵ ئەمریكا بكرێت و توركیاو ئێران و ئێراق نقەیان لێوە نەیەت! ئەو بێدەنگییە سەیرە بەرامبەر گرێبەستێك، كە ئەگەر بەراستی لەگەڵ حكومەتی ئیمریكادا بێت و داوێك نەبێت بۆئەوەی كورد رابكێشنە نێوقەیرانێكی تر، گرێبەستێكی ستراتیژییەو رەنگدانەوەی مەترسیداری لەسەر جیۆپۆلەتیكی وزە لەناوچەكەدا لێدەکەوێتەوە، كەچی ئەو دەوڵەتانەی لەهەموو دەرفەتێك دەگەڕێن بۆ لێدانی كورد، بێدەنگ بن! ئەمە جێگەی پرسیارو سەرسوڕمان نییە، ئەمە ئەو گرێبەستە لە بناغەوە پووچەڵ ناكاتەوە!؟
لەراستیدا ئەوەی  خۆی لە تەقینەوەی كێشەكانی نێوان بەغداو هەولێر دەبینێتەوە، دوورو نزیك پەیوەندی بەمووچە وە نییە و مووچە كراوەتە پاساوێك بۆ دەستپێكی سەرەتای قۆناغێكی تر، كە هەوڵدەدرێت بەهەر شێوەیەك لەشێوەكان بێت بەغدا بەهێز بكرێتەوەو دەستی دەوڵەتە هەرێمییەكان لەو وڵاتە ببڕیتەوە، كە ئەمەش واتای دەستپێكی كۆتا قۆناغی یەكێتی و پارتییە، وژرواندنی مەسەلەی وزە لەو كاتە هەستیارەدا هەوڵێكە بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی وزە بۆ بەغدا، بەڵام بەغدایەك دوور لەكاریگەرییەكانی ئێران، راستە مووچەخۆرانی هەرێم لەمەدا زەرەردەكەن و جارێكی تر قەیرانی مووچە دروست دەبێتەوە، بەڵام زەرمەندی یەكەم ئەو دوو حیزبە سەرەكییەی هەرێمن، كەبەتەواوی لەخەڵك دابڕاون و هیچ پەیوەندییەكیان بە خەڵكی كوردستانەوە نەماوە،  هەردۆخێكی تر بێتە پێشەوە خەڵكی هەرێم لەوە زیاتریان دەستدەكەوێت، كە ئێستا بەدەستیان هێناوە، لەهەر گۆڕانكارییەكدا دەروازیەكی تر بەرووی خەڵكی كوردستاندا دەكرێتەوەو ئەو مافانەی بەدەستیان هێناوەو لەژێر دەسەڵاتی بەناو كوردیدا چرووك كراون جارێكی تر كارا دەبێتەوە، لێگەڕین چۆن خۆیان بەغدایان دروستكردەوە با بەو شێوەیەش لەگەڵی بكەونە شەڕەوە، ئەوە كێشەی خەڵكی كوردستان نییە، كێشەی خەڵكی كوردستان لەئێستادا ئەو دوو حیزبەن، كە هەموو سەروەت و سامانی ئەو وڵاتەیان بۆخۆیان قورخكردوەو هیچ پەیوەندییەكیان دوورو نزیك بە خەڵكی كوردستان نەماوە، ئەوەی ئەوانە لەماوەی سی و چوارساڵێ رابردوودا بەخەڵكی كوردستانیان كرد، هیچ دوژمنێكی كورد نەیتوانیوە ئەمە بكات

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand