رۆژانە سەدان تانكەر نەوت رەوانەی ئێران دەكرێت

Draw Media

2023-11-10 11:20:46



درەو:
تەنیا لە رۆژی 8/11/2023 لە دەروازەی پەروێزخانەوە (630) تانكەر نەوت رەوانەی ئێرانكراوە، بۆ مەنەفێستی (رێگەپێدانی) ئیدارەی گشتی یەكێتی تەنی (50) دۆلار وەردەگیرێت رۆژانە نزیكەی (ملیۆنێك) دۆلار دەكات، لە بازاڕدا تەنی نەوتی خاو (460) دۆلارەو نەوتی پاشماوەی پاڵاوگەكانیش (221) دۆلارە، ئێستا بازاڕی ناردنە دەرەوەی نەوت بەناوی نەوتی رەشەوە گەرمە.

ریزی تانكەرەكان
بەپێی چەند گرتە ڤیدیۆییەك كە بۆ (درەو) نێردراوە، ژمارەیەكی زۆری تانكەر لە گۆڕەپانەكانی دەروازەی پەروێزخان راوەستاون، لەسەر شەقامەكانیش ریزیان بەستووە بەرەو ئێران و لەوێشەوە بەرەو بەندەر عەباس و بازاڕەكانی جیهان.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) كە لەگەڵ چەند شۆفێرێك و بەرپرسانی دەروازەی پەروێزخاندا قسەی كردووە، رۆژانە بە سەدان تانكەر نەوت رەوانەی ئێران دەكرێت بەنمونە:
•     رۆژی (8/11/2023) لە رێگەی دەروازەی پەروێزخانەوە (630) تەنكەر رەوانەی ئێران كراوە.
•    رۆژی 9/11/2023 لە رێگەی دەروازەی پەروێزخانەوە (520) تانكەر رەوانەی ئێران كراوە.
واتا بە شێوەیەكی گشتی رۆژانە لە نێوان (500 - 600) تانكەر رەوانەی ئێران دەكرێت و ئەو شۆفێرانە ئاماژەیان بەوەشكرد، كە رەوانەكردنی تانكەرەكان بەپێی كەش و هەوا و رۆژەكان و كێشەی تەكنیكیەوە دەگۆرێت، رۆژ هەبووە (900) تانكەر رەوانەی ئێران كراوە.
تانكەرەكان رۆژی پێشتر لە گۆڕەپانەكە رادەگیرێن بۆ هەر تانكەرێك بڕی (2) دۆلار هەقی وەستان لە گۆڕەپانەكەیان لێوەردەگیرێت، كە بۆ ئیدارەی گشتی یەكێتیە.
بەپێی ئەوەی شۆفێرەكان ئاماژەیان پێكردووە، ئەو نەوتەی ئەوان باری دەكەن پاشماوەی پاڵاوگەكانە، بەڵام لەناویدا نەوتی خاو، نەفتا، قیر، رەوانە دەكرێت بەرەو ئێران.
ئەو نەوتەی باری دەكەن لە كێڵگەكانی (حەسیرە، چیا سورخ، شیواشۆك)ەوە باردەكەن، بەشێك لەو نەوتە دەبرێت بۆ پاڵاوگەكان دواتر پاشماوەكەی بار دەكرێت، بەڵام هەندێك جار هەر ناپاڵاورێت راستەوخۆ رەوانەی دەرەوە دەكرێت، ئەو تانكەرانەی لە پەروێزخانەوە دەبرێن بۆ ئێران بەشێكی لە كێڵگەو پاڵاوگەكانی سنوری دەسەڵاتی یەكێتی بار دەگرێن و بەشێكیشی هی پاڵاوگەكانی كارو  لاناس و پاڵاوگەكانی تری سنوری دەسەڵاتی پارتیە، لەبەر ئەوەی خەرجی ناردنە دەرەوە لە پەروێزخانەوە بۆ بەندەر عەباس كەمترە بۆیە لەوێوە دەبرێت، بەڵام ئەو نەوتە رەش و قیرەی كە دەبرێت بۆ توركیا لە رێگەی باشماخەوە دەرواتە ئێران و لەوێشەوە بۆ تەبرێز و بۆ توركیا، هەندێك جاریش لە حاجی ئۆمەرانەوە نەوت رەوانەی ئێران دەكرێت، ئەم پرۆسەیە لە دەروازەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتیش بوونی هەیە.

چۆن نەوت لەناو خۆ ساغدەكرێتەوە
ئەو نەوتەی لە ئێستادا لەناوخۆ ساغدەكرێتەوەو بەشێكی بۆ پاڵاوگەكان و بەشێكیشی دەبرێتەوە دەرەوە بەم جۆرەیە:
•    نەوتی خاو لە بازاڕەكانی كوردستان تەنی بە (460) دۆلارە واتا بەرمیلی (61) دۆلار (تەنێك نەوت 7.5 بەرمیلە)
•    نەوتی رەش تەنی بە (210) دۆرە بەرمیلی نزیكەی (30) دۆلار دەكات
•    هەموو ئەو نەوتەی رۆژانە وەردەگیرێت بەناوی نەوتی رەش و پاشماوەی پاڵاوگەكانەوە رەوانە دەكرێت بۆ ئێران كە ئەوە رێگا پێدراوە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، بەڵام چەند سەرچاوەیەك بە (درەو)یان راگەیاند ئەو نەوتە ئێستا تەنیا نەوتی رەش و پاشماوەی پاڵاوگەكان نیە بەڵكو:
•    نەوتی رەش، ئەو نەوتەی كە لە كێڵگەكانەوە دەدرێتە پاڵاوگەكان و دوای ئەوەی دەپاڵێورێت و موشتەقاتەكانی لێوەردەگیرێت بەتایبەت (نەوت، بەنزین، دیزڵ) ئەوەی دیكەی دەمێنێـتەوە بە شێوەیەكی یاسایی و رێگە پێدراو دەبرێتە دەرەوە، بەڵام لە پاڵاوگەكان كەمترین موشتەقاتی لێوەردەگرن و هەندێك جار هەر نای پاڵیون و بەناوی نەوتی رەشەوە دەیفرۆشن، تەنی بە (210) دۆلار كە بەرمیلی (30) دۆلار دەكات و رەوانەی ئێران دەكرێت، لێرەدا تەنیا مەنەفێستی (رێگەپێدانی) كە لەلایەن ئیدارەی گشتیەوە تەسدیق دەكرێت و وەردەگیرێت تەنی (50) دۆلارە.
•    ئەو سەرچاوانە ئەوەشیان بۆ (درەو) پشت راست كردەوە ئێستا لەناو ئەو تانكەرە نەوتی رەش و پاشماوەی پاڵاوگەكاندا نەوتی خاویش دەفرۆشرێت و دەبرێتە دەرەوە بەناوی نەوتی رەش، راستەوخۆ لە كێڵگەكانەوە دەبرێن یاخود دەبرێنە پاڵاوگەكان و داناگیرێن و راستەوخۆ دەبرێن و رەوانەی ئێران دەكرێن، ئەوانیش لە كێڵگەكانەوە تەنی بە (460) دۆلار دەفرۆشرێت واتا بەرمیلی بە (61) دۆلار، دواتریش مەنەفێستەكەی بۆ هەر تەنێك (50) دۆلارە.
•    نەفتا، لە كێڵگەی كۆرمۆرەوە رۆژانە (2200) تەن دەفرۆشرێت لە بازاڕدا، لەو رێژەیە نزیكەی (600) تەن دەدرێتە هەولێر و (1600) تەن لە بازاڕەكانی سلێمانی شاغ دەكرێتەوەو دەبرێتە دەرەوە، تەنێك بە (200) دۆلار لە بازاڕدا دەفرۆشرێت، .

رۆژانە ملیۆنێك دۆلار
ئەو نەوتەی دەفرۆشرێت تەنیا مەنەفێستەكەی كە یەك وەرقەیەو داهاتەكەی بۆ ئیدارەی گشتی یەكێتیەو رۆژانە زیاتر لە یەك ملیۆن دۆلارە بۆنمونە:
رۆژی 8/11/2023 لە دەروازەی پەروێزخانەوە (630) تانكەر رەوانەی ئێران كراوە كە هەر تەنكەرێك (30) تەن نەوت بار دەكات و بۆ هەر تەنێك (50) دۆلار دەدرێتە ئیدارەی گشتی یەكێتی، ئەوا تەنیا لە رۆژی 8/11/2023 بۆ مەنەفێست بڕی نزیكەی (ملیۆنێك) دینار بۆ ئیدارەی گشتی یەكێتی وەرگیراوە.
630 تانكەر * 30 تەن * 50 دۆلار = 945 هەزار دۆلار.
تەنیا بە رەوانەكردنی نەوتەكە كاری تانكەرەكان تەواو نابێت، بەڵكو لەوسەریشەوە باری تایبەت لەگەڵ خۆیان دەهێننەوەو ئەویش داهاتێكی ترە، بە نمونە لە ئێرانەوە (گازوایل ، بەنزین، ئێن تی بی، ریفۆرمێنت، ئارۆ) كە تەنی (70) دۆلاریان لێوەردەگیرێت، هەموو ئەمانە لەگەڵ خۆیاندا دەهێننەوە.

 

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand