Draw Media

بارگرانییەكانی جەنگی غەززە لەسەر هاوكێشەی لەرزۆكی عێراق

بارگرانییەكانی جەنگی غەززە لەسەر هاوكێشەی لەرزۆكی عێراق

2023-11-02 07:56:34


یاسین تەها- خوێندكاری دكتۆرا لە مێژووی ئایین‌و ئایینزاكان، شارەزا لە كاروباری عێراق

سێ هەفتەی یەكەمی پاش هێرشی پێچەوانەی ئیسرائیل بۆسەر كەرتی غەززە، بۆ كۆی جومگەكانی سیاسەت‌و حوكمڕانیی عێراق، دژوارو پڕ لە پێشهات‌و دڵەخورتێ بوو. لە سیناریۆی درێژەكێشانی جەنگەكە كە ئەگەرێكی زاڵە، یان فراوانبوونی بۆ جەنگێكی هەرێمایەتی كە ئەگەرێكی ڕێتێچووە، بارگرانی‌و پێشهاتی زیاتر لە عێراق چاوەڕوان دەكرێت. ئەم شرۆڤەیە هەوڵ دەدات خوێندنەوە بۆ لێكەوتەكانی جەنگەكە لەسەر عێراق‌و ئەگەرە ئاییندەییەكانیش بكات.  

یەكەم- لێكەوتە ئەمنییەكان: هەڵوێستی گروپە شیعەكان
لەپاش هێرشەكانی 7ی ئۆكتۆبەری 2023ی بزوتنەوەی حەماس بۆ ئۆردوگاكانی ئیسرائیل‌و پەرچەكرداری توندی سوپای ئەو وڵاتە بۆ تۆڵەكردنەوە لە غەززە، زۆر لە گروپە چەكدارە شیعەكانی عێراق لەڕێگەی بەیاننامەی جۆراوجۆرەوە هەڕەشەی بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكایان ڕاگەیاند[1]. هاندەرو پاساوی گروپە شیعەكانیش لەم پێشهاتە، تۆڵەكردنەوەی كۆمەك‌و پاڵپشتیی كراوەو بێسنوری واشینگتۆنە بۆ سوپای ئیسرائیل، كە بەپێی زۆر ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان سیاسەتی "خاكی سوتماك" پەیڕەو دەكات. ئەم جموجۆڵەی گروپە ئێرانییەكان جگە لە بەهاناوەچوونی بزوتنەوەی حەماس كە ئێستا لە پێگەی هاوپەیمانیانە، ڕەهەندێكی تری هەیە كە درككردنە بەو مەترسییە گەورانەی كە ڕووبەڕووی "بەرەی موقاوەمە" بووەتەوە؛ ئەگەر هات‌و ئیسرائیل‌و ئەمریكا بگەنە ئامانجی پەڕوباڵكردنی حەماس یان لادانی لە حوكمڕانیی غەززە لەمەودای دووردا. ئەم دوو سیناریۆیە هەر كامیان سەر بگرێت، ئەوە پێشینەیەكی ناخۆش دەبێت بۆ حزبوڵڵا كە بەشێكە لە جەستەی ئێران. ئەگەر ئەو ئامانجە دوورمەودایانەی تریش بەدی بێن، كە دۆزینەوەی چارەسەرێكی سیاسییە بۆ ئەوەی ماوە لە مەسەلەی فەڵەستین، لەپاش لادانی گریمانكراوی حەماس، ئەوە پرسیاری سەخت ڕووبەڕووی "بەرەی موقاوەمە" دەبێتەوە.
جیا لە بەیاننامەی گروپە شیعە ناسراو و فەرمییەكان، ڕووكارە سێبەرەكانیان ئەوەیشیان ئاشكرا كردووە (18ی ئۆكتۆبەری 2023) كە ژوورێكی عەمەلیات لە عێراق پێكهێنراوە بە ناوی "پاڵپشتیی گەردەلولی ئەقسا" كە باڵەكانی "موقاوەمەی ئیسلامی" لەخۆ دەگرێت[2]؛ ئەم ناوەش ناونیشانێكی بەرینە بۆ هەر گروپێك دژی دۆستایەتیی ئەمریكاو ئیسرائیل بێت‌و پێداگری لەسەر بەرەنگاربوونەوەیان بكات. هەر لەو چوارچێوەیەیشدا چەند هێرشێكی سنوردار كرانە سەر بنكەو پێگەكانی سوپای ئەمریكا لەهەریەك لە "هەریر"ی نزیك هەولێر، هەروەها "عەینولئەسەد"ی رۆژاوای عێراق (17ی ئۆكتۆبەر)، بەبێ ئەوەی زیانێكی ئەوتۆیان لێ بكەوێتەوە. هێرشەكان لەماوەی هەفتەیەكدا، هەڵكشان بۆ 13 هێرش دژی بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق‌و سوریا[3]. بەپێی قەبارەو ئاستی هێرشەكانیش، دەشێت ئەوەی لێ بخوێنرێتەوە سەرجەمیان زیاتر گەیاندنی پەیامن بە لایەنی ئەمریكی، تا ئەوەی راگەیاندنی جەنگ بن، چونكە سنوردارو كۆنترۆڵكراون؛ چەند گروپێكی چەكداریی عێراقیش بەرپرسیارێتیی ئەنجامدانی ئەو هێرشانەیان خستەئەستۆی خۆیان[4].
هەرچەندە سەرجەم سەكۆ ئەلەكترۆنییەكانی "موقاوەمەی ئیسلامی" ستایشی هێرشەكەی سەر بنكەی سەربازیی هەریریان كرد، بەڵام بەشێوەیەكی فەرمی گروپی "تشكیل الوارثین" بەرپرسیارێتییەكەی گرتەئەستۆ[5]. باوەڕیش وایە ئەم پێكهاتە نوێیە سێبەرە، ڕووكاری باڵە سەربازییەكەی بزوتنەوەی "حزب الله النجبا‌ء" بێت[6]. ئەم بزوتنەوەیەیش ڕاستەوخۆ سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانییە؛ بەشێك لە چەكدارەكانیشیان لە سوریا ئەرك دەبینن. ئەوان لە شەڕە سەختەكانی (2015)ی دژی گروپە بەرهەڵستكارەكانی ڕژێمی ئەسەد جەنگاون. بەپێی ئاماژەو بەڵگە بەردەستەكانیش، سوپای پاسداران جگە لە كۆمەكی دارایی ئەم گروپە، زانیاریی هەواڵگرییشی لەگەڵدا بەش دەكات، هەروەها لە هەڵبژاردنی بەرپرسان‌و شێوازی بەڕێوەبردنیشیدا رۆڵی راستەوخۆی هەیە[7].  
بەپێی ئاماژەی بەیاننامەو جێپەنجەی هێرشەكانیش بێت، ئەوانەی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا دەكەنە ئامانج، هەر هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەن، بەڵام بەشاردنەوەی بكەرانی ڕاستەقینەو پەردەپۆشكردنی بە ناوی خوازارو و سێبەر، دوو ئامانج دەپێكن: یەكەمیان، بەڕواڵەت وا خۆیان پیشان دەدەن، كە پابەندن بە بنەماكانی پرۆسەی سیاسی‌و رێككەوتننامەی درێژخایەن لەگەڵ ئەمریكا. دووەمیش لە پشت پەردەیشەوە دەسكەوتی هێرشەكان هەر بۆ شیعەی حوكمڕان حیسابە لای حەماس‌و شەقامی عەرەبیی هاوسۆز لەگەڵ فەڵەستین‌و ئێران‌و شەقامی تووڕەی شیعە؛ لە هەمان كاتیشدا هۆیەكە بۆ خۆهەڵكێشان‌و ئیحراجكردنی پێكهاتەی عەرەبی سوننەی عێراق‌و كەنداو، بەو پێیەی ئەوان لەم جەنگە خوێناوییەی غەززەدا شتێكی ئەوتۆیان پێ ناكرێت.
سەرباری ئەم پێشهاتانەیش هێشتا باوەڕێك هەیە، بڕیاری بەرەنگاربوونەوەی سەرانسەری‌و گشتگیر لەلایەن گروپە ئێرانییەكانی عێراقەوە لەئارادا نەبێت؛ بەڵگەیش بۆ ئەمە رێكخراویی پەرچەكردارو كاردانەوەكانیان‌و هەبوونی هەماهەنگییە لەوەی زۆر تەشەنە نەكات‌و كاردانەوەی توند نەبێت. جگە لەوەیش، تۆنی هەڕەشەكانیشیان بەئاڕاستەیەكە ئەوان ڕاستەوخۆ نابنە بەشێك لە جەنگەكەی ئێستا، بەڵكو دەیبەستنەوە بە فراوانبوونی بازنەی جەنگەكەو پەڕینەوەی لە غەززە. ئەو لایەنەیشی لەم ڕیتمە دەرچوو، "ڕێكخراوی بەدر"ی "هادی عامری"یە كە هەڕەشەكانی ڕاشكاوانەترو گشتگیرتر بوون، بەراورد بە هاوتا شیعەكانی تری، لە چەشنی "العصائب"، "حركە النجبا‌ء"، "كتائب سید الشهدا‌ء"و تا ڕادەیەكیش "كتائب حزب الله"[8]، بەڵام ڕێكخراوی بەدریش دواتر هەڕەشە سەربازییەكانی گۆڕی بۆ داوای گوشاركردن بۆ كردنەدەرەوەی سوپا بیانییەكان لە عێراق، ئەویش "بەپێی خشتەیەكی كاتی‌و كورتخایەن"، لەڕێگەی حكومەتی عێراقەوە[9]. بەم پێیەیش عامری، كە یەكێكە لە پایەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی حوكمڕان، تۆپەكەی خستۆتەوە گۆڕەپانی میكانیزمە حكومی‌و یاسایییەكان؛ پێداگرییەكەیشی باسی هەنگاوی تاكلایەنەی تێدا نییە. شتێكی زانراویشە شیعەكان ماوەی سێ ساڵەو ڕاستەوخۆ لەپاش كوژرانی "جەنەراڵ سولەیمانی"و "ئەبو مەهدی موهەندیس"ەوە (كانوونی دووەمی 2020) داوای چوونەدەرەوەی سوپای ئەمریكاو بیانی دەكەن‌و ئەمەیشیان لە پەرلەمانی عێراق كردە بڕیار، بەبێ ئەوەی حكومەتەكانی كازمی‌و دواتریش سودانی توانیبێتیان جێبەجێی بكەن[10].

پێشهاتە ئەمنییە چاوەڕوانكراوەكان
بەپێی ئەو زانیاری‌و لێدوان‌و ئاماژانەی بەردەستن، تێوەگلانی گروپە شیعەكانی عێراق لە جەنگی غەززە، پەیوەستە بە هەڵویست‌و رەوشی حزبوڵڵای لوبنان‌و دوا بریاری سوپای پاسدارانەوە كە "بەرەی موقاوەمە" ئاڕاستە دەكات‌و، لەسەروو ئەوانیشەوە ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئێران. تائێستایش بەشداریی حزبوڵڵا لە جەنگەكە سنوردارو كۆنترۆڵكراوە، بەڵام ئەگەر پەرەی سەندو جەنگەكە بوو بە هەرێمایەتی لەنێوان بەرەی ئێرانی‌و بەرەی ئیسرائیل - ئەمریكا، ئەوە بەپێی هەموو ئاماژەیەك جگە لە گروپە عێراقییەكان، باڵە ئێرانییەكان لە سوریا، كۆمەڵی "أنصار الله"ی حوسییەكانی یەمەن، دەچنە جەنگەكەوە، بەهۆی ئەوەیشی ئیسرائیل پێی ناكرێت وەڵامی ئەم هەموو بەرەیە بداتەوە، ئەوكات بەرەنگارییەكە دەكەوێتە نێوان ئەمریكاو باڵە ئێرانییەكان[11]. لە ڕوونترین ئاماژەی ئەم ئەگەرەیشدا حوسییەكانی یەمەن شان بە شانی جموجۆڵی سنورداری گروپە عێراقییەكان، هاتنەسەر هیڵی گرژییەكان‌و لە پێشهاتێكی نوێدا ڕۆكێتی خۆیان هاوێشتە ئیسرائیل (31ی ئۆكتۆبەری 2023)[12]. ئەمەیش ڕوونترین پەیامی كرداری بوو كە لە حاڵەتی پەرەسەندنی جەنگدا، پێكدادان تەنیا لە غەززە نامێنێتەوەو، هەموو بەرە ئێرانییەكان گەرم دەبن، بە "بەرەی جۆڵان"ی سوریاشەوە كە ماوەی 30 ساڵە هێورە. چاوەكانیش لەسەر ئەوەن لە پەرەسەندنی گرژییەكاندا ئەویش هاوشێوەی باشوری لوبنان ببێتە دەلاقەی پێكدادان؛ بەمەیش بەشی زۆری پانۆراما ئێرانییەكە دەكەوێتە چالاكی‌و جموجۆڵ‌و دەمێنێتەوە سەر گەرووی هورمز. بەپێی پێدراوە بەردەستەكانیش باڵە سەربازییەكانی عێراق ئێستا خۆیان بۆ ئەو پێشهاتە ئامادە دەكەن؛ زانیاریی ئەوەیش هەیە كە ڕێنوێنی‌و پەیامیان لە سوپای پاسدارانەوە پێ گەیشتووە كە زیاتر پاڵپشتی‌و پشتیوانی هاوپەیمان‌و تەواوكەرەكانیان بن لە ناوچەكە[13].
ئەركی باڵە ئێرانییەكانی عێراق‌و یەمەن‌و سوریا، زیاتر ترساندن‌و گوشاركردنە لەسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا یان هاوپەیمانەكانی. لەم چوارچێوەیەیشدا هاوكات لەگەڵ هێرشەكانی رۆژاوای عێراق‌و هەریر، گروپێك كە ڕووكاری باڵە ئێرانییەكانە بە ناوی "ألویە الوعد الحق"، بنكە ئەمریكییەكانی وڵاتانی كوێت‌و "ئیماراتی عەرەبی"یان بەئامانجی خۆیان داناوە[14]. ئەم گروپەیش پێشتر هێرشیان كردووەتە سەر سعودیاو ئیمارات؛ دواتریش دەركەوت سەرچاوەی هێرشەكان لە عێراقەوە بووە. ئاماژەكانیش لەسەر ئەوەن "ألویە الوعد الحق" ڕووكاری "كتاب حزب الله" بن كە لە لیستی ئەمریكیدایە بۆ ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان[15].

دووەم- لێكەوتە سیاسییەكان:
جەنگی غەززە مەترسییەكی جددییە لەسەر حكومەتی سودانی‌و كۆی پرۆسەی سیاسیی عێراق. هەر بەم هۆیەیشەوە ماوەی دوو هەفتەیە پەرلەمانی عێراق خراوەتە حاڵەتی پەكخستن‌و، دوا دانیشتنی لە 17ی ئۆكتۆبەر بووە[16]؛ ئەمەیش بۆ ئەوەی لە دۆخی هەستیاری جەنگدا پەرلەمانتاری پارێزگاكان هەڵمەتی ئیمزاكۆكردنەوە دەست پێ نەكەن‌و گوشار لەسەر حكومەت دروست نەكەن، لە كاتێكدا بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ پەرلەمان، دەبێت هەفتانە دوو دانیشتن ساز بكات‌و، نابێت مانگانە لە هەشت دانیشتن كەمتر گرێ بدات[17]. لە ماوەی ساڵێكدا محەمەد شیاع سودانی هەوڵیدا باڵانسێك لە پەیوەندییە دەرەكییەكانی حكومەتەكەی دروست بكات‌و، زۆر باسی ئەوەی دەكرد دەتوانێت دۆستی ئێران‌و ئەمریكاش بێت. لە سەردانەكەیدا بۆ نیویۆرك (ئەیلولی 2023) لەلایەن "كۆشكی سپی"یەوە بانگهێشت كرا بۆ سەردانی واشینگتۆن‌و، بڕیار بوو تا كۆتایی ساڵ سەردانەكە بكات، بەڵام لە جەنگی غەززەداو لەژێر گوشاری خرۆشانی ناوخۆیی شەقامی شیعیدا دژ بە ئیسرائیل‌و پاش كوشتاری زۆری فەڵەستینییەكان، ناچار بوو "گوتارێكی توند" لە "كۆنگرەكەی ئاشتی"ی میسر پێشكەش بكات (21ی ئۆكتۆبەر) كە 31 دەوڵەت‌و 3 ڕێكخراوی نێودەوڵەتی تێیدا بەشدار بوون[18].  گوتارەكە كە بەرزكردنەوەی دەنگ‌و پەنجەڕاوەشاندنی تێ كەوت‌و دانی نەنا بە ئیسرائیلدا وەك دەوڵەت، بووە جێگەی ستایشی زۆری بەرەی ئێرانی؛ لەهەمان كاتدا نیگەرانی‌و ناڕەزاییی ئەوانەی ترسیان هەیە عێراق لە دەوڵەتێكی پشتیوانی فەڵەستینەوە ببێتە دەوڵەتی بەرەنگاربوونەوەو، بەخراپ بەسەر عێراقدا بشكێتەوە[19].
هەرچۆنێك بێت، گومان لەوەدا نییە گرژییە هەرێمایەتییەكان‌و ئەو دۆخە ئەمنییەی لە عێراق دروست بووە، پلانەكانی پەرەپێدان‌و وەبەرهێنان لە عێراق دەخاتە مەترسییەوە. هەروەها ئەگەری هێرشی گروپە شیعەكان بۆ سەر بنكەكانی ئەنبارو هەرێمی كوردستان، لە هەموو كات زیاتر بووە. جگە لەوانەیش، جەنگەكە ڕۆڵی گروپە چەكدارەكانی زیاتر كردووەو دەیانكاتە ئاڕاستەكەری ڕەوشە سیاسییەكە، لەكاتێكدا سودانی لە هەوڵدا بوو وەهای پیشان بدات كە لە عێراق سیاسەت چەك ئاڕاستە دەكات نەك پێچەوانەكەی. لەمەیش مەترسیدارتر، پەلكێشانی جەنگەكە، دەرگە بۆ دەستوەردانی زیاتری ئێران لە سیاسەتی دەرەكیی عێراق دەكاتەوە؛ هاوتەریب بەو خرۆشانە شیعییەی دژی ئەمریكاو ئیسرائیل لە ناوچەكە هەیە. هەموو ئەمانەیش بە دوای ئەوەدا دێن، سودانی بانگەوازی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی عێراق‌و ئەمریكای دەكرد؛ هەروەها خۆیشی بۆ ئەوە ئامادە دەكرد كۆتایی ئەمساڵ لە كۆشكی سپی چاوی بە بایدن بكەوێت‌و بۆ ئەم مەبەستەیش پەیامی ئەرێنییانەی بە میدیای ئەمریكیدا دەنارد[20]و بۆرسەو بازاڕەكانی دراویش چاوەڕوانی ئەو سەردانە بوون بۆ نرخی دۆلار.
خرۆشانی شیعی لە سایەی جەنگەكە وایكرد، چالاكە شیعە ئاڕاستەكراوەكان هەناردەی نەوتی عێراق لە "بێجی"یەوە بۆ ئوردن ڕابگرن، بە پاساوی ئەوەی پشتیوانی زایۆنیزمە[21]؛ بەردەوامیش گوتاری ڕقاوی لە عێراقەوە بەرامبەر وڵاتانی كەنداو زیاد دەكات. ئەم بەریەككەوتنەیش كە لە میدیای شیعیدا بەرامبەر تەنانەت سوننەی عێراقیش هەیە، لەژێر پاڵنەری ئەوەی "وەك پێویست بەتەنگی جەنگی غەززەوە نین‌و خیانەت لە فەڵەستین دەكەن"، ڕیسەكەی سودانی‌و بەر لەویش هی كازمی‌و عەبادی بۆ كرانەوە بەڕووی وڵاتانی عەرەبی، دەكەنەوە بە خوری؛ ئەو هیوا زۆرەیشی لەسەر وەبەرهێنانی وڵاتانی كەنداو هەڵچنرابوو لە عێراق، بەتایبەت لە كەرتی وزەو كشتوكاڵ، هەر بەو دەردە دەچن.

گوشارەكان بۆ داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا
داواكاری‌و پێداگریی سەدر بۆ دەركردنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا[22]، لە هەموو شت زیاتر حكومەتی سودانی‌و ئایندەی پرۆسە سیاسییەكەیشی خستۆتە بەردەم چەند پرسیارو ئەگەرێكی نەخوازراو. سەدر بەم داوایە هەم خۆی وەك ڕێبەرێكی شیعی‌و ئیسلامیی ڕاستگۆ لەگەڵ مەسەلەی فەڵەستین وێنا دەكات، هەم ڕكابەرە شیعەكانیشی خستۆتە دۆخێكی دژوارەوە، چونكە ڕوونە بڕیاری داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا، شیعەكان دەخاتە بەرەی ڕاگەیاندنی دوژمنایەتی لەگەڵ ئەمریكا؛ هەروەها دەسكەوتەكانی حوكمڕانییەكەیان ڕووبەڕووی هەمان مەترسی‌و سزاكانی سەر ئێران‌و حزبوڵڵاو حوسییەكانی یەمەن دەكاتەوە. ئەمەیش بژاردەیەكە چوارچێوەی شیعەیش نایخوازن، نەك تەنیا لەبەر خۆیان بەڵكوو لەبەر ئەوەی ئەمان سەرچاوەیەكن بۆ یارمەتیدانی تەواوكەرە شیعەكانیان.
چوارچێوەی شیعە پێیانوایە دەركردنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، جاڕدانی دەركردنی سەرجەم باڵیۆزخانەو نێردە ڕۆژاوایی‌و ئەوروپییەكانی ترە، لەوانەیش هاوپەیمانێتیی ناتۆ. ئەمەیش حكومەتەكەیان ڕووبەڕووی كەنارگیری‌و سزادان دەكاتەوە، سەرەنجامیش بەو هۆیەوە عێراقیان لەدەست دەردەچێت؛ دووریش نییە وڵات بكەوێتە دەستی سەدر یان هەر هێزێكی تر[23]. ئەوەیشی باری حكومەت قورستر دەكات، هەڵمەتی ئیمزاكانی كۆمەڵێك پەرلەمانتاری دەرەوەی حكومەتە بۆ هەمان داوای سەدر كە داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكایە[24]. هەرچەند ئەم پەرلەمانتارانە (32 ئیمزا) جەخت دەكەنەوە لە سۆنگەی نیشتمانپەروەرییەوە ئەو كارە دەكەن، بەڵام بەو پێیەی لە حوكمڕانیدا نین‌و پێشتریش تۆمەتبار كراون بەوەی سەر بە باڵیۆزخانەی ئەمریكان، هەنگاوەكەیان بەدوور نییە لە پیشاندانی پەرێزپاكی؛ لەهەمان كاتیشدا ئیحراجكردنی چوارچێوەی شیعیی حوكمڕان كە سەرباری هەڵگرتنی دروشمی "موقاوەمە"، بەفەرمی‌و كردەیی‌و ئاشكرا ناتوانێت دروشمەكانی بكاتە پراكتیك‌و كردار. لە كۆی ئەم كایەیەیشدا شەعبەوییەتی كۆمەڵایەتی‌و مەزهەبی، ئامادەیییەكی گەورەی هەیە. ئەگەر چوارچێوەی شیعەیش لەسەر ئەم بێدەنگییە بەردەوام بێت، ئەوە ئەگەری خۆپیشاندانی سەدری‌و شەقامی شیعی، ئەگەرێكی چاوەڕوانكراوە، بەتایبەت كە سەدر بەڕوونی هۆشداریی داوە ئەگەر حكومەت‌و پەرلەمان داواكەی جێبەجێ نەكەن، ئەوە هەڵوێستی تری دەبێت[25]؛ بەبێ ئەوەی جۆرەكەی دیاری بكات.
هەندێك لە شارەزایان پێیانوایە درێژەكێشانی جەنگی غەززە، هەروەها گوشارەكانی سەدر، بە ئەگەری زۆر چوارچێوەی شیعە ناچار بە پەرتبوون‌و دابەشبوون دەكات بۆ بەرەی حوكمڕانی (الحكمە، النصر)و بەرەی بەرگری (حزب الله، النجبا‌ء، سید الشهدا‌ء و…)، هەندێ هێزیش لەو نێوانەدا دەمێننەوە (بدرو العصائب). ئەگەرێكی تر ئەوەیە هەر لەم دژیەكیی گوتارەدا كە بەرگری‌و حوكمڕانی‌و دۆستایەتیی ئەمریكایە بمێننەوە[26]. ئەم سیناریۆیەی كۆتاییش دەیانكاتە جێگەی ڕەخنەو گوشاری زیاتری سەدری ڕكابەریان؛ ئەمە جگە لە مەترسیی بەئامانجگرتنیان لەلایەن ئەمریكاوە ئەگەر هات‌و بڕیاری دا وەڵامی وردە هێرشەكانی باڵە شیعەكانی عێراق‌و سوریاو یەمەن بداتەوە[27].

كوردو سوننەكان
تائێستا مامەڵەی هەردوو پێكهاتەی كوردو سوننە لەسەر ئاستی فەرمی، هەستیاریی پێوە دیارە. بۆ لایەنی كوردی بژاردەكان ئاسان نین، چونكە لەلایەك بەرژەوەندیی لەگەڵ ئەمریكادایەو تائێستایش بنكە ئەمریكییەكان هاوكاریی دەكەن لە بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەی داعش؛ لەلاكەی تر ئەگەر شیعەكان پەرە بە ناڕەزایی‌و بەرەنگارییەكەیان بدەن، پرسیاری زیاتر لەسەر هەڵوێستی هەرێم دروست دەبێت لەو دابەشبوونە قوڵە، ئەمە جگە لەوەی هەرێم لەبەردەم هەڕەشەی موشەك‌و درۆنی زیاتری "بەرەی موقاموەمە"دایە بەپاساوی بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەكانی ڕۆژاوا. سەبارەت بە سوننەكانیش، بارگرانی، یەكەم بۆ سەرشانی سەرۆكی پەرلەمان "محەمەد حەلبوسی"یە، كە ئەگەر دانیشتەكانی پەرلەمان دەست پێ بكاتەوە، دەبێت ئیمزای پەرلەمانتاران بۆ داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا وەربگرێت یان دانیشتنی تایبەتی بۆ تەرخان بكات؛ ئەگەر ئەمەیش بكات پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكییەكان تێكدەچێت‌و ئەوكات پێگەی ئەنباریش دەكەوێتە بەر مەترسی. ئەگەریش بێدەنگیی لێ بكات‌و دانیشتن ساز نەكات، بە نەرمكێشی‌و خۆدزینەوە لە بەرگری لە فەڵەستین تۆمەتبار دەكرێت‌و هەر لە ئێستایشەوە بووەتە جێگەی ڕەخنەی هەندێك لە چالاكە شیعەكان‌و، دەپرسن لە كوێی هاوكێشەكەدایە؟
هەر لەم سەروبەندەیشدا میدیایەكی ئینگلیزی كە لەلایەن قەتەرەوە سەپۆرت دەكرێت‌و لە بەریتانیا پەخش دەبێت، دیسان ئەوەی وروژاندەوە كە ئیسرائیل پلانی هەیە دانیشتوانی غەززە رابگوێزێت بۆ ئەنبارو ڕۆژاوای عێراق. بەگوێرەی راپۆرتی ماڵپەڕەكە كە سەرنوسەرەكەی، "دیڤید هێرست" نوسیویەتی، ئیسرائیلییەكان لە هۆتێلێكی گرانبەهای سەر دەریای سور، چەند بەرپرسێكی سوننەیان دیوەو باسی ئەوەیان كردووە لەگەڵ خەڵكی غەززە دەتوانن بەرامبەر شیعە ببنە زۆرینە، هەروەها بە كەڵكوەرگرتن لە سامانە سروشتییە شاراوەكانی ئەنبار، لەوانەیش ئاوی ژێرزەوی، دەتوانن ببنە سەبەتەی خۆراكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست[28]. ئەم جۆرە زانیارییە هەستیارو سەربەگۆبەندانەیش هێندەی تر بەدگومانی لەنێوان هێزە سیاسییەكانی شیعەو سوننەكان دروستدەكات، هەروەها دەرفەتی ئەوەیش دەڕەخسێنێت شیعەكان زیاتر سوننەكان تۆمەتبار بكەن بەوەی بەشێكن لەبەرەی ئاساییكردنەوە (تطبیع) لەگەڵ ئیسرائیل؛ هەروەها وەها لێیان بڕوانن كە پیلان بۆ دابەشكردنی عێراق‌و ڕووخاندنی حوكمڕانیی شیعە دەگێڕن.

بژاردەو هەنگاوەكان
لەو تەنگژانەی بەهۆی لێكەوتەكانی باهۆزی غەززە ڕووبەڕووی عێراق بووەتەوە، "هەرێمی كوردستان"یش پشكێكی گەورەی بەردەكەوێت؛ لەلایەك چاوی لەسەرە هەڵوێستی هەبێت، لەلاكەی تر وابەستەی كۆتوبەندە. لەگەڵ گەرمبوونی جەنگەكەیش زیاتر هەڵوێستەكان ڕاشكاو و تیژتر دەبن‌و ڕەنگە بێدەنگی‌و دانبەخۆداگرتن بژاردەیەكی گونجاوی تاسەر نەبێت. بەو پێیەیشی مەسەلەی فەڵەستین هاوسۆزیی زۆری هەیە لە دنیا، بە ئەمریكاو ئەوروپایشەوە، لەبەر ڕەوایەتیی دۆسیەكە، هەروەها لە سۆنگەی ئەوەی كارەسات‌و تراژیدیای مرۆییی غەززە سنورەكانی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆییی بەزاندووە، هیچ ڕێگرییەك نییە هەرێمی كوردستان زوو زوو هاوشێوەی 121 وڵاتەكەی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان داوای ئاگربەستی مرۆیی‌و ڕێزگرتن لە یاسای نێودەوڵەتی‌و بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی خەڵكی كارەساتباری غەززە بكات. ئەمەیش بەشێكە لە ئەركی مرۆیی‌و داوایەكی نێودەوڵەتییشە، بەڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان‌و پزیشكانی بێسنورو تەندروستیی جیهانییشەوە.
سەبارەت بە پێشهاتە سیاسییەكانی پەیوەست بە مامەڵەیش لەگەڵ ئەمریكا، ڕەنگە كوردو سوننە زەرەرمەندی كردنەدەرەوەی ئەمریكا بن، بەو پێیەی زیاتر دەكەونە ژێر هەژموونی ئێران؛ بەڵام حكومەتی سودانی پێویستیی زۆری بە دەنگی عەقڵانی هەیە بۆ پاڵپشتیكردنی بەرامبەر جۆش‌و خرۆشی جەماوەری تووڕە لە پاڵپشتییە بێسنورەكانی ئەمریكا بۆ ئیسرائیل. لە چاوەڕوانیی پێشهاتەكانی ئەم دۆسیەیشدا وریایی‌و ئامادەكاری بۆ هەموو ئەگەرێك پێویستترن. دەنگی عەقڵانییەتی شیعی ئەوەیان لەبەرچاوە، بەبێ ئەمریكا سەددام نەدەڕووخێنرا، داعشیش تێك نەدەشكێنرا؛ بەبێ گوژمەی دۆلاریش تەنانەت ناتوانن باری دارایی ئێرانی دراوسێیش سوك بكەن. لەم گێژاوەیشدا جموجۆڵ‌و هاوپەیمانییەكی ڕانەگەیەنراو پێویستە لە عێراق بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە؛ بە جۆرێك وڵاتەكە لەچوارچێوەی كۆمكاری عەرەبی‌و وڵاتانی ئیسلامی، ئەركی خۆی بەرامبەر فەڵەستینییەكان جێبەجێ بكات‌و گوشار بكات بۆ ڕاگرتنی لافاوی خوێن‌و، هاوكاریی پێویست پێشكەش بكات، لە هەمان كاتیشدا ڕێگر بێت لەوەی عێراق بەرەو جەنگی وەكالەت‌و مایەپوچی بڕوات.

ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ (خانه‌ی هزریی كوردستان) نوسراوه‌

پەراوێزو سەرچاوەكان: 

[1]  https://2u.pw/0QJdck7

[2]  https://2u.pw/jALCeXw

[3]  https://2u.pw/DmKP1GN

[4]   https://2u.pw/nSf4gK7

[5] https://2u.pw/KpMmhqc

[6]  https://2u.pw/jALCeXw

[7]  https://2u.pw/tPmOS2S

[8]  https://2u.pw/4pHeCli

[9]  https://2u.pw/RyBV0LL

[10]  https://2u.pw/c6hZMA6

[11]  https://2u.pw/PEob6KA

[12]  https://2u.pw/SYprS0S

[13]  https://2u.pw/jALCeXw

[14]  https://2u.pw/2EH74EX

[15]  https://2u.pw/KxBAr2N

[16]  https://2u.pw/zK2pffc

[17]  https://2u.pw/bzBHJUP

[18]  https://2u.pw/CH4Zfzt

[19]  https://2u.pw/vy9B5kN

[20]  https://2u.pw/qB7k0JF

[21]  https://2u.pw/93jKeTy

[22]  https://2u.pw/X43YYme

[23]  https://2u.pw/BWlmCHS

[24]  https://2u.pw/sBwzYe3

[25]  https://2u.pw/X43YYme

[26]  https://2u.pw/vbONTE5

[27]  https://2u.pw/IAe0Erf

[28]  https://2u.pw/nzLtisn

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand