كۆتای توركمان نامێنێت
2023-11-08 20:08:04
راپۆرت: درەو
دادگای فیدراڵی 19ی ئەم مانگە بڕیار دەدات، ئاماژەكان بەو ئاراستەیەن كۆتای توركمان نامێنێت، جموجوڵی توركمانەكان و دژایەتیان بۆ سكاڵاكە هەستكردنە بە دەرچونی بڕیاری دادگا لەدژی كۆتای توركمانەكان، بەدەرچوونی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی ژمارەی كورسیەكانی پەرلەمانی كوردستان لە (111) كورسیەوە دەبێتە (105) كورسی، (5) كورسی توركمان و كورسیەكی ئەرمەن نامێنێت.
دادگای فیدراڵی عێراق رۆژی 19/11/2023 ی بۆ بڕیاردان لەسەر سكاڵاكەی (زیاد جەبارو ئامانج شەمعون) كۆدەبێتەوە سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بە پێی ئاماژەكان پێدەچێت ئاراستەی دادگای فیدراڵی بەرەو ئەوەبێت بڕیاربدات لەسەر مادەی (36)ی یاسای هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان و نەمانی كۆتای توركمان بەتایبەت كە توركمانەكانی هەرێم دركیان بەو مەترسیە كردوە و لە هەوڵی بەردەوامن بۆ ڕاگرتنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی.
(درەو) لەگەڵ شارەزایانی یاسایی و ئەوانەی لە نزیكەوە چاودێری بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی دەكەن قسەی كرد، ئەوان پێیان وایە دادگای فیدراڵی 19ی ئەم مانگە بڕیار دەدات و بە پێی چەند ئاماژەیەكیش بڕیارەكە بە ئاراستەی نەمانی كۆتای توركمانە (ئەگەر پێشهاتێك نەیەتە پێشەوە):
• ئەگەر كۆتاكان لەسەر بنەمای ئایین دانراون، توركمان نەتەوەیەو ئایین نیە.
• لە عێراقدا توركمانەكان وەك هەر نەتەوەیەكی تر بەشداری هەڵبژاردنی گشتی دەكەن و كۆتایان نیە.
• توركمانەكانی عێراق خۆیان قبوڵیان نیە وەك پێكهاتەی ئایینی و كەمە نەتەوە سەیر بكرێن، خۆیان بە نەتەوەی سەرەكی دەزانن.
• دادگای فیدراڵی بڕیار بدات لەسەر مادەی (1 و 36) ئەوا كۆتای توركمان نامێنێت، چونكە بەپێی مادەی یەك ژمارەی كورسیەكانی پەرلەمانی كوردستان (100) كورسیەو (5) كورسیش بۆ پێكهاتەی مەسیحی.
دوو ئاراستەی جیاواز
لە ئێستادا توركمانەكانی عێراق و كوردستان بەسەر دوو ئاراستەی جیاوازدا دابەشبوون، بەشێكیان لەگەڵ ئەوەن كۆتای توركمان نەمێنێت و توركمان وەك پێكهاتەیەكی سەرەكی عێراق بەشدار بێت لەهەڵبژاردنەكانی كوردستاندا هاوشێوەی عێراق، بەشێك لە كارەكتەرو حزبە توركمانەكانی هەرێمیش جموجوڵیان دەستپێكردووە بە ئاراستەی رەتكردنەوەی هەوڵەكان بۆ نەهێشتنی كۆتای توركمان.
لە چەند رۆژی رابردوودا، ئایدن مەعروف وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە پشكی توركمانەكان بە نوێنەرایەتی سێ پارتی توركمانی (پارتی ئیرادەی میللی توركمانی- پارتی توركمان ئیلی- بەرەی توركمانی عێراقی) كۆنگرەی رۆژنامەوانی كرد، دژایەتی توركمانەكانی بۆ ئەو سكاڵایە راگەیاند كە یەكێتیی نیشتمانی لە دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان تۆماریكردووە، ئایدن مەعروف داوایكرد، دادگای فیدراڵی سكاڵاكەی یەكێتیی رەتبكاتەوەو رەچاوی رەوشی پێكهاتەكان بكات، هۆكاری سكاڵاكەی بۆ ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكان گەڕاندەوە (مەبەستی لە پارتیو یەكێتییە)، وتی:" ئێمە تەرەف نین لەنێوان ئەو لایەنە سیاسییانەو نامانەوێت ببین بە تەرەف".
پێشترین مونا قەهوەچی سكرتێری خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە پێكهاتەی توركمان بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوەو دژایەتی بۆ هەوڵەكەی یەكێتیی راگەیاند.
بەپێچەوانەی زۆرینەی لایەنە توركمانەكانەوە، سەنعان ئاغا كە یەكێك لە دامەزرێنەرانی بەرەی توركمانییە لەگەڵ ئەوەدا نییە كورسی "كۆتا"ی توركمانەكان لە هەرێمی كوردستان بمێنێت، لە بەیاننامەیەكدا داوا دەكات توركمانەكان لیستی یەكگرتوو دروست بكەنو وابكەن نوێنەرەكانیان نوێنەرایەتی هەموو خەڵك بكەن نەك تەنیا پێكهاتەی توركمان.
(درەو) زانیویەتی بەرەی توركمانی لە كەركوك لەگەڵ ئەوەن هاوشێوەی عێراق توركمانەكانی هەرێمیش لیستی خۆیان هەبێت و راستەوخۆ بەشداری لە هەڵبژاردن بكەن و بچنە دەرەوەی چوارچێوەی سیستەمی كۆتا، بە بڕوای ئەوان كۆتای توركمان زیان لە پێگەی توركمان دەدات وەك پێكهاتەیەكی سەرەكی لە عێراقدا.
19ی مانگ دادگا بڕیار دەدات
رۆژی 19ی ئەم مانگە دادگای فیدراڵی عێراق بڕیار دەدات لەسەر ئەو سكاڵایانەی كە لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان تۆماركراون. پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان سكاڵای لەسەرە، سكاڵاكارەكان یەكێكیان (زیاد جەبار) سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتییە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ئەوی تریان (ئامانج نەجیب شەمعون) سەرۆكی فراكسیۆنی (رافیدەین) لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی. دادگای فیدراڵی هەردوو سكاڵاكەی یەكخستووە، سكاڵاكان لەسەر سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی هەرێمو سەرۆك وەزیرانی هەرێم تۆماركراون، هەموو ئاماژەكان بەو ئاراستەیەن كە دادگا بڕیاری خۆی دەدات لەسەر سكاڵاكان.
زیاد جەبارو ئامانج نەجیب شەمعون لە سكاڵاكەیاندا داوا لە دادگای فیدراڵی دەكەن حوكم بدات بەوەی ماددەكانی (1-9-15-22-36)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو، نادەستورییە، واتا تانەیان لە ماددە هەمواركراوەكانی یاسای هەڵبژاردن داوەو داوا دەكەن دادگا هەموارەكان هەڵبوەشێنێتەوەو یاساكە بباتەوە سەر كۆپییە ئەسڵەكەی خۆی.
كرۆكی ئەو ماددانەی یاسای هەڵبژاردن كە سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە ئەمانەن:
ماددەی یەكەم: پەرلەمانی كوردستان-عێراق لە 111 ئەندام پێكدێت.
ماددەی نۆیەم: هەرێمی كوردستان- عێراق بەیەك ناوچەی دەنگدان دادەنرێتو، دابەشدەكرێت بەسەر چەندە مەركەزێكی دەنگداندا.
ماددەی پازدە: بۆ هەرێمی كوردستان، تۆماری دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی مەركەزەكانی هەڵبژاردن ئامادە دەكرێنو بە ریزبەندی پیتە ئەبجەدییەكان رێكدەخرێن كە پیشەو ناونیشانو بەروارو جێگەی لەدایكبوونیان تێدا تۆماركراوە. ئەگەر لەتوانادا نەبوو ئەوە بكرێ، ئەوكاتە دەستەی باڵا بۆی هەیە رێگەیەكی تری لەبارتر بۆ وەدیهێنانی مەبەستی پێویست دیاری بكات.
ماددەی بیستو دوو:
1- هەر كیانێكی سیاسی لە هەرێمی كوردستان- عێراقدا بۆی هەیە لیستێكی تایبەت بەناوی پاڵیوراوەكانی خۆی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان- عێراق بكات كە رێژەیەك ئافرەتی تێدا بێت كە لە (30%) كەمتر نەبێتو، ناوی پاڵێوراوەكانیش بەشێوەیەك ریزبەندكرابن كە نواندی رێژەی ناوبراوی ئافرەتان لە پەرلەمان زامن بكات، بەمەرجێ ژمارەی باڵێوراوەكان لە هەر لیستێكی هەڵبژاردندا لە (3) پاڵێوراو كەمتر نەبن.
2- لیستی پاڵێوراوەكان لەماوەی (15) رۆژ لە بەرواری راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن پێشكەش بە سەرۆكی دەستەی باڵا دەكرێتو هەموو بەڵگەنامەیەكی پێوە دەلكێنرێ كە لە ماددەی 21دا داواكراون.
ماددەی سیو شەش:
1- پێنج كورسی بۆ كلدان و سریانو ئاشوری تەرخان دەكرێ پاڵێوراوانی ئەو پێكهاتەیە كێبركێی لەسەر دەكەن.
2- پێنج كورسی بۆ توركمان تەرخان دەكرێت، پاڵێوراوانی ئەو پێكهاتەیە كێبركێی لەسەر دەكەن.
3- یەك كورسی بۆ ئەرمەن تەرخان دەكرێت، باڵێوراوانی ئەو پێكهاتەیە كێبركێی لەسەر دەكەن.
ئەگەر دادگای فیدراڵی سكاڵاكەی یەكێتیی پەسەند بكاتو هەموارەكانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەڵوەشێنێتەوە، ئەوا دەبێت بۆ سازدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پەنا بۆ یاسای (ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستانی عێراق) ببرێت، كە یاسای یەكەم هەڵبژاردنە لە هەرێمی كوردستانو (سەركردایەتی سیاسی بەرەی كوردستانی) لە رۆژی 4ی نیسانی 1992 پەسەندی كردووە.
بەپێی یاسای ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان، بەتایبەتی لەو ماددانەی كە یەكێتیی لە دادگای فیدراڵی سكاڵای لەسەر كردوون، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەمشێوەیە بەڕێوەدەچێت:
ماددەی یەكەم: ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان لە (100) كورسی پێكدێت. لەگەڵ (5) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەی مەسیحی.
ماددەی نۆیەم: كوردستانی عێراق دەكرێت بە چەند ناوچەیەكی هەڵبژاردن، بەمەرجێ لە (4) ناوچە كەمتر نەبێت.
ماددەی پانزە: بۆ هەر ناوچەیەكی هەڵبژاردن خشە بەناوی هەڵبژێرەكان (دەنگدەر)و بەپێی ناوچەكانی هەڵبژاردنو بەپێی پیتەكانی ئەبجەدی ئامادە دەكرێت، كە پیشەو ناونیشانو مێژوو و شوێنی لەدایكبوونیان تێدا تۆمار دەكرێو بە گەلێك دانە دەنێردرێن بۆ لیژنەی ناوچە، ئەگەر ئەمە لەتوانادا نەبوو بكرێ، ئەوكاتە دەستەی باڵا رێگایەكی دیكەی لەبارتر دیاری دەكات بۆ جێبەجێكردنی ئەوەی پێویستە.
ماددەی بیست و دوو:
1- هەر حزبێك یان توێژێك یان كەمایەتییەكی نەتەوەیی وەك (توركمان، عەرەب، ئاشوری... هتد) بۆی هەیە لیستی تایبەتی بەناوی پاڵیوراوەكانی خۆی لەسەر ئاستی كوردستانی عێراق پێشكەش بكات.
2- لیستی پاڵیوراوەكان لەماوەی (10) رۆژ لە مێژووی راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن پێشكەش بە سەرۆكی دەستەی باڵا دەكرێتو هەموو بەڵگەنامەیەكی پێوە دەلكێنرێ كە لەماددەی بیستو یەكەمدا هاتوون.
ماددەی سیو شەش:
1- سەرجەمی دەنگەكانی هەڵبژاردن بەسەر ژمارەی كورسییەكانی ئەنجومەندا دابەش دەكرێ بۆ دەرهێنانی تێكڕای هەڵبژاردنەكە (المعدل الانتخابی).
2- ئەو دەنگانەی كە هەر لیستێك بەدەستی هێنا دابەش دەكرێ بەسەر تێكڕای دەنگی هەڵبژاردنەكە، بۆ دەستنیشانكردنی ژمارەی ئەو كورسییانەی كە لیستی پەیوەندیدار بەدەستی هێناوە، لەگەڵ رەچاوكردنی ئەوەی لەم بڕگەی خوارەوەدا هاتووە.
3- هەر لیستێك رێژەی 7%ی دەنگەكانی بەدەست نەهێنابێ نوێنەرایەتی لە ئەنجومەندا ناكاتو دەنگەكانی بەسەر لیستە سەركەوتووەكاندا دابەشدەكرێتەوە بەرێژەی سەركەوتنەكەی.
4- ئەو كورسییە چۆڵانەی كە لە ئەنجامی وەدەستهێنانی پاشماوەیەك كە ئەگاتە تێكڕایی دەنگی هەڵبژاردن دەخرێتە سەر ئەو لیستانە بەپێی زۆرترین ئەو دەنگانەی كە هێناویانە.