Draw Media

خەونی كۆتایهاتوی كوردستان, تێكۆشان و نائومێدی لەپشتی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغداد

خەونی كۆتایهاتوی كوردستان, تێكۆشان و نائومێدی لەپشتی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغداد

2023-10-29 18:14:53



درەو:
راپۆرتی باكیر ئایدۆغان و محەمەد ئەلچا, كە پێگەی لە (Gulf International Forum) بڵاوكراوەتەوە, بە ناونیشانی (خەونی كۆتایهاتوی كوردستان, تێكۆشان و نائومێدی لەپشتی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغداد).
🔹لە (25) ئەیلولی (2017)دا, هەرێمی كوردستانی عێراق راپرسی سەربەخۆیی ئەنجامدا, ساتەوەختێكی مێژویی بوو, (93%) كوردەكان دەنگیان بەجیابونەوەدا, گومانی تیادانیە, بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن بەعس و كەمكردنەوەی بودجەو جیاكاری لە دوو دەیەی رابردوو, لەسایەی حكومەتی نوێدا لەبەغداد, هۆكاربوون بۆ بەهێزكردنی كەڵكەڵەی جوداخوازی.
🔹ئەو ماوەیەی پێش راپرسی, هەرێمی كوردستان خۆی لە پێگەیەكی ستراتیجی بەهێزدا دەبینیەوە, كۆنتڕۆڵی شاری كەركوكی دەوڵەمەند بە نەوتی كردبوو, نەوتی بە سەربەخۆ بە توركیا دەفرۆشت, خۆرئاوا بەردەوامبوو لە پشتیوانیكردنی لەڕووی سەربازییەوە, ویلایەتە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانەكانی ستایشی هێزە كوردییەكانیان دەكرد, لە شكستپێهێنانی داعش.
🔹بەڵام دوای شەش ساڵ لە راپرسی, كوردەكان خۆیان بەدور دەبینن لە سەربەخۆیی, بەهۆی ململانێی سیاسی ناوخۆ و كۆمەڵێك قەیرانی ئابوری و ئەمنیی.
🔹حكومەتە یەك لە داوی یەكەكانی ناوەند لە بەغداد, بە پەسەندتریان زانیوە سزای كورد بدەن, لەبری گرتنەبەری هەنگاوەكانی پتەوكردنی ناسنامەی عێراقی هاوبەش.
🔹لە واقیعدا, بەغداد هەوڵی داوە بۆ سنورداركردنی دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی هەرێمی كوردستانی عێراق, لە هەولێكدا بۆ ئەوەی كوردستان هاوشێوەی پارێزگاكانی تری عێراق لێبكات.
🔹ساڵەكانی دوای (2017), دەوڵەتی عێراق بۆ وردوخاشكردنی هەر هیوایەك بۆ سەربەخۆیی كوردستان كەوتە جوڵە, دوای كەمتر لە مانگێك لەسەر دەنگدان بە سەربەخۆیی, سوپای عێراق بە تەواوی كۆنتڕۆڵی شاری كەركوكی كرد, لەگەڵ ناوچە كێشە لەسەرەكانی نێوان هەولێرو بەغداد.
🔹سیاسەتەكانی تاران و ئەنكەرە كە پێشەنگیان دا بە بەغداد, خەمی وڵاتانی خۆرئاواش بۆ یەكپارچەیی عێراق, هانی بەغدادی دا هەنگاوی توند بگرێتەبەر, بۆ بەهێزكردنی وەلائی هەرێمی كوردستان بۆ حكومەتی فیدڕاڵی.
🔹دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاریدا, فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە بە شێوەیەكی سەربەخۆ نایاساییە, هاوكات پەرلەمانی عێراقیش كۆتوبەندی توندتری خستە سەر پشكی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان.
🔹ئەمە رێگەی خۆشكرد بۆ ئەوەی بەغداد وەك دوو قەوارەی جیاواز مامەڵە لەگەڵ هەولێرو سلێمانی بكات لە ئانیدەدا.
🔹فشارە نێودەوڵەتیەكانیش بەشداریكرد لە دابڕانی هەرێمی كوردستان, لەمانگی ئازاری (2023), دادگای ناوبژیوانی لە پاریس دژی توركیا حكومی دەركرد, ئەنكەرەی ناچاركرد بە پێدانی نزیكەی(1.5) ملیار دۆلار بە عێراق, لە سزای هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان.
🔹توركیا هەناردەی نەوتی كوردستانی بۆ بەندەری جەیهان راگرت, ئەوەش كوردەكانی ناچاركرد رێككەوتن لەگەڵ بەغداد واژووبكەن, بۆ فرۆشتنی نەوت لەڕێی حكومەتی فیدڕاڵەوە.
🔹نامەكەی ئەم دواییەی مەسرور بارزانی, سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ جۆ بایدن, سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان, كە تیایدا داوای هاوكاری لێدەكات لەچارەسەركردنی قەیرانە ئابوری و سیاسیەكانی كوردستان, نیشانیەكی روونە لەسەر نائومێدی.
🔹ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان, دوای ماوەیەكی كەم لە راپرسی توندتر بووەوە, كاتێك پارتی یەكێتی تۆمەتباركرد بە ناپاكی, بەهۆی كشانەوەی هێزەكانی سەر بە یەكێتی لە كەركوك لە(16) ئۆكتۆبەری (2017).
🔹پەیوەندی توندوڵی یەكێتی لەگەڵ شیعەكانی عێراق كە هاوپەیمانی ئێرانن, رێگرە لە پێكهێنانی بەرەیەكی هاوبەش, كە ئەولەویەت بدات بە بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان.
🔹ناكۆكییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی پێینایە قۆناغێكی مەترسیدارەوە, دوای ئەوەی دادگایەكی هەولێر حوكمی لە سێدارەدانی بۆ فەرماندەی هێزەكانی دژە تیرۆری یەكێتی و پێنج ئەندامی تر دەركرد, بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە كوشتنی ئەفسەرێكی پێشوی یەكێتی لە هەولێر.
🔹هەوڵەكانی یەكخستنەوەی پێشمەرگەش ڕاگیرا, كە ئەو هەنگاوە لەلایەن ئەمریكاو هاوپەیمانە خۆرئاواییەكانەوە پاڵپشتی دەكرا, سەرەڕای ئەوەی هەردوولا دەستیان كردووەتەوە بە گفتوگۆ لە ترسی بڕینی ئەو هاوكارییە مانگانەیەی كە بە (20) ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت و ویلایەتە یەكگرتووەكان مانگانە دەیدات بە پێشمەرگە, بەڵام گفتوگۆكانیان هیچ ئەنجامێكی نەبووە.
🔹دوای شەش ساڵ لە ئاهەنگی سەركەوتن بەسەر رێكخراوی داعش, هێشتا كوردەكان لەناو سەنتەری ململانێ ئیقلیمی و ناوخۆییەكاندان.
🔹توركیا بەشێوەیەكی ڕێكخراو گورزی ئاسمانی و هێرش بە فرۆكەی بێفرۆكەوان دەكاتە سەر پارتی كرێكارانی كوردستان, بارەگا سەربازییەكانیشی لەهەرێمی كوردستانە, ئێرانیش هەوڵی داوە تۆڵە لەویلایەتە یەكگرتووەكان بكاتەوە بە بۆردومانكردنی هەولێر لە دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی, سەرەڕای ئەوەی هێرشێكی موشەكی كردووەتە سەر ماڵی كەسایەتیەكی باڵادەستی نەوتی كوردستان, بە بیانوی ئەوەی بنكەیەكی ئیسرائیلی لە هەولێر كردووەتە ئامانج.
🔹ئاپۆرای ئەو كوردانەی دەنگیاندا لە بەرژوەندی سەربەخۆیی پێش شەش ساڵ لەمەوبەر, ئێستا خۆپیشاندان دەكەن دژی كەمكردنەوەی بودجەكەیان لەلایەن بەغدادو رەوانە نەكردنی موچەی فەرمانبەران, یان بۆ كەمی ئاو و خراپی ئیدارەدان و گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان.
🔹هەڵبژاردنەكانی هەرێم بۆ زیاتر لە ساڵێكە دواخراوە, لەگەڵ ئەوەی ویلایەتی حكومەتی ئێستا كۆتایهاتووە, بەڵام سەركردەكانی تائێستا لەدەسەڵاتدان لەبری ئەوەی ببن بە حكومەتی كاربەڕێكەر.
🔹لەگەڵ ئەوەشدا, بەهۆی فشارە داراییەكانەوە, هاوڵاتیان وا تەماشی دواخستنی هەڵبژاردن ناكەن وەك ئەوەی خەمی سەرەكییان بێت, سەرەڕای ئەوەی كەمینەیەكی كوردەكان گەشبینن بەوەی, هەڵبژاردنی داهاتوو ببێتەمایەی گۆڕانی گەورە.
🔹حزبە كوردیە دەسەڵاتدارەكان كۆمەڵگەی كوردییان بەشێوەیەكی گەورە بێئومێكرد, بەجۆرێك گەنجەكان بەرەو وڵاتانی خۆرئاوا هەڵدین بۆ گەڕان بەدوای دەرفەتێكی باشتردا.
🔹دەستگیركردنی ستەمكارانەی رۆژنامەنوسان و چالاكان, هاوپەیمانە خۆرئاواییەكانی هەرێمی كوردستانی, توشی نائومێدی كردووە.
🔹وادەردەكەوێت, كوردەكان كە لەئێستادا بەشێوەیەكی بەرچاو پشتیان بە بەغداد بەستوە, خەریكە ببنە پارێزگایەك وەك هەرپارێزگایەكی تر لە عێراق, بەجۆرێك نائومێد بوون كە خۆشییەكانی راپرسیان لەیاد نەماوە.
🔹ئەگەر یەكێتی و پارتی شكستبهێنن لە دۆزینەوەی چارسەرێكی واقیعی بۆ ئەو قەیرانە, رەنگە بەغداد كە گروپە هاوپەیمانەكانی ئێران هەژموونیان كردووە بەسەریدا, هەست بەوەبكات كە توانای هەیە دانوستان بكات لەبارەی دۆخی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بۆ هەتا هەتایە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand