ئێراننامە (١) .. هەڵبژاردن لەئێراندا
2021-04-13 07:51:28
شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو)
ئێراننامە (١)
زنجیرە بابەتێکە لە سەرووبەندی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێراندا، لەبارەی سیستمی سیاسیی، هەرەمی دەسەڵات، پێگەی هەڵبژاردن لە نێو سیستەمەکەدا، ئاراستە و حزبەسیاسییەکان، دەزگاهەڵبژێردراو و ناهەڵبژێردراوەکانی نێو سیاسەت لە درەومیدیادا دەخرێنەڕوو.
هەڵبژاردن لەئێراندا
١٨ی حوزەیرانی٢٠٢١، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و شەشەمینی ئەنجومەنەکانی شارەوانی و لادێکان و هەڵبژاردنی نێوخولیی پەرلەمانی ئێران، بەڕێوە دەچێت. لە مێژووی ٤٢ ساڵی شۆڕشی گەلان(١٩٧٩) و شۆڕشی بە ئیسلامیکراوی پاشتری ئێراندا، ئەمە سێنزەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارە و هەشتەمین سەرکۆماری ئەو وڵاتە هەڵدەبژێردرێت، بە پێی یاسا بەرکارەکانیش حەسەن ڕۆحانی خولی دووەمی تەواو دەکات و ناتوانێت لە خولی نوێدا خۆی کاندید بکاتەوە.
تەوەر و پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە: مێژووی هەڵبژاردن و دەسەڵاتە هەڵبژێردراوەکانی نێو سیستەمی سیاسیی ئێران چۆنە و هەڵبژێردراوە ڕاستەوخۆکانی نێو دەسەڵاتی سیاسیی ئێران لە کوێی هەرەمی سیاسیی ئەو وڵاتەدان؟ چ دەسەڵاتێک لە دەزگا هەڵبژێردراوەکان باڵاترە؟
یەکێک لە سەرەکیترین پێوەرە کردەییەکانی دەستنیشانکردنی هەر سیستمێکی سیاسیی لە هەر کیانێکدا (دیموکراسی، دیکتاتۆری، تاکڕەوی، ئاینی، خێڵایەتی، مەزهەبی، شورایی، تێکەڵ)، جۆری دیارییکردنی دەسەڵاتە جیاوازەکانی ئەو سیستەمەیە و دانانی کەسەکانە بۆ بەڕێوەبردنی هەر پۆستێک لەو دەسەڵاتەدا بەتایبەت لوتکەی دەسەڵاتەکان، لە سیستمی دیموکراسیشدا هەڵبژاردن لە پێوەرە هەرە سەرەکییەکانی پێوانی جۆری سیستمەکەیە. بەڵام هێندە بەس نییە کە دەسەڵاتێک هەڵبژاردن ئەنجام بدات و بە دیموکراسی ناوزەد بکرێت، بەتایبەت لە سەردەمی هاوچەرخدا، ئەنجامدانی هەڵبژاردن وەک نەریتێکی لێهاتووە و تەنانەت سیستمە تەواو تاکڕەو و دیکتاتۆرەکانیش خۆیانی لێ بەدوور ناگرن. کەواتە لە نێو هەڵبژاردنیشدا: بنەما دەستورییەکانی سیستمی سیاسی، یاسا، کۆمسیۆن و لیژنەکان، شێوازی دیاریکردنی جێبەجێکارانی پرۆسەی هەڵبژاردن، ئالیەتی جیاکردنەوە و ژماردن و ڕاگەیاندنی هەڵبژاردنەکانن یەکلایی دەکەنەوە کە ئایا دەنگدان و هەڵبژاردن پێوەری دانانی پۆستەکانی نێو دەسەڵاتە جیاوازەکانی هەر کیانێکن. وتەیەکی باو هەیە کە دەڵێت: گرنگ نییە کێ دەنگ دەیباتەوە، گەنگە کێ دەنگەکان دەژمێرێت، ئەم وتەیە بۆ ئێران دووبەرامبەرە چونکە بەر لە ژماردنیش کاندیدەکان بە ئارەزووی دەزگایەک پاڵفتە دەکرێن تا هاوڵاتی دەنگییان پێبدات.
پاشخانێک لەبارەی هەڵبژاردن لەئێراندا
لەئێراندا لە دەسەڵاتی مادەکانەوە تا کۆماری ئیسلامی، بەپێی گێڕانەوە ڕەسمییەکانی ئەو وڵاتە، ٢٩ بنەماڵە و دەسەڵات حوکمرانی ئەو مەملەکەتە بوون، کە زۆرینەیان غەیرەفارس بوون و بگرە ئێرانیش نەبوون، هەندێکشیان وەک داگیرکەر حوکمی وڵاتییان بۆ سەدان ساڵ کردووە. تا سییەکانی سەدەی ڕابردوو هیچ یەکیان ناوی ئێرانی پێوە نەبووە و بەکارنەهێناوە(واتە بە دەوڵەتی ئێران نەناسراون).
یەکەمین هەڵبژاردن و یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیران، دەگەڕیتەوە بۆ ٢٨/١٢/١٩٠٦ پاش شۆڕشی مەشروتەی ئێرانی و لەسەر خواستنی مەشروتەخوازان، دەوڵەتی قاجار ناچارکرا پەرلەمان دامەزرێنێت و یەکەمین خولی پەرلەمانی قبوڵ بکات. بەڵام پاش دوو ساڵێک(1908) هەمان پەرلەمان لەلایەن محەمەدعەلیشا و هێزەکانی قوزاقەوە داخرا و تۆپباران کرا، هێندەی نەبرد بە فشاری شۆڕشگێڕانی چاکسازیخوازەوە، جارێکیتر هەم تاران کەوتەوە دەستیان و هەم دەرگای پەرلەمانی یەکەم کرایەوە. ئەو خولە پەرلەمانێکی دامەزرێنەر بوو، یەکەمین دەستوری نوسراوی ئێرانیش هەر لەم پەرلەمانەوە نوسرایەوە. کۆشکی گوڵستان کرایە یەکەمین باڵەخانەی پەرلەمان، (کە ئێستا کراوەتە مۆزەیەکی مێژوویی و ڕۆڵی سیاسیی ناگێڕێت) بەڵام بینای هەنووکەی پەرلەمان دەکەوێتە ناوچەی بەهارستان. ناوی پەرلەمانیش بەهۆی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و زاڵبوونی پاشتری تەوژمی ئیسلامیزمی شیعی لەو شۆڕشەدا، لە مەجلیسی شورای نەتەوەییەوە گۆڕدرا بۆ مەجلیسی شورای ئیسلامی ئێران. یەکێک لە کارە هەرەگرنگەکانی پەرلەمانی یەکەمی ١٩٠٦ ئێران، دەستووری وڵاتی بۆ یەکەمجار لە مێژوودا دەرکرد و پەسەندکرد، دەستوورەکەی سەرەڕای دووجار هەموارکردنەوە (١٩٠٧بەهۆی کەمووکورتییەوە و١٩٦٣بەهۆی شۆڕشی سپی محەمەدڕەزاشای پەهلەوییەوە) تا ساڵی ١٩٧٩ وەک دەستووری وڵات مایەوە.
بەڵام هەڵگیرسانی شۆڕشی گەلانی ئێران و پاشتر ئیسلامیزەکردن و شیعەکردنی شۆڕشەکە، جارێکی دیکە دەستوورێکی نوێ بۆ ئێران(١٩٧٩) دانرا و لەو دەستوورەدا سیستمی سیاسیی ئێران لە کرۆکەوە گۆڕانکاری بەسەردا هات: لە پاشایەتییەوە بۆ کۆماریی، لە نیمچەسیکۆلار و دنیاییەوە گۆڕدرا بۆ ئیسلامی، لە فرەمەزهەبی و فرەئاینییەوە و داننان بە مافە سیاسیی و مەدەنییەکانیانەوە و بۆ تاکمەزهەبی شیعەی دوانزەئیمامی تەنها مافدان بە شیعەی دوانزەئیمامی (بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵاتەکان لە پۆستە باڵاکانەوە تا پارێزگاری شارەکان، پێویستەشیعەی دوانزە ئیمامی بیت).
دەستوورەکە بە گشتپرسییەک ڕەوایەتی پێدرا، گشتپرسیی گۆڕینی سیستمی ئێران لە پاشایەتییەوە بۆ کۆماری(۱/٤/۱۹۷۹)، زۆرینەی کورد ئەودەم بایکۆتیان کرد، نەئەوسا و نە ئێستا نەیتوانی ڕەوایەتی یاسایی و بابەتیانەی نێو نەتەوەکانی ئێران و خەڵکەکەی وەرگرێت، چونکە: بەر لە گشتپرسیەکە هیچ ڕوونکرنەوە و نوسراوێک لە بارەی سیستەمی ئیسلامییەوە نەدرابوویە خەڵک و نە بژاردەی دیکەش هەبوو تا خەڵک لەنێوان کۆماری ئیسلامی و بۆ نموونە کۆماری دیموکرات یان سۆسیالیستی و ...تاد، سەرپشک بێت. دووەمیش لە فۆرمەکەدا ئاماژە بە گێڕانەوەی ڕژێمی پێشوو دراوە، کە "تەحسیڵ حاسڵ گەڕانەوەی موستەحیل بوو"، بۆیە لە بنەماوە ڕەوایەتی پرۆسەکە لەرزۆک بوو.
سەبارەت بە کوردیش، هەر لەسەرەتای شۆڕشی۱۹۷۹وە، جوڵانەوەی سیاسیی کوردستان لە ڕۆژهەڵات، جیا لە پرسە ڕەوا شوناسی و نەتەوەییەکەی، لەگەڵ سێ پرسدا ناکۆکی قوڵی لەگەڵ سەرانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێراندا هەبوو، زۆرینەی کورد هەرسێکیانی بایکۆت و ڕەتکردەوە:- پرسی گشتپرسیی گۆڕینی ڕژێم لە پاشایەتییەوە بۆ کۆماریی ئیسلامی، دووەم: پێکهێنانی مەجلیسی خوبرەگان(ئەنجومەنی شارەزایان) بوو بۆ داڕشتنی دەستوور و سێیەمین پرسیش تێپەڕاندنی دەستوور بوو. لە هەرسێ پرسەکەدا خواستی کورد فەرامۆش کرابوو، کە دیارە ئەو سێ پرۆسەیە کۆماری هەنووکەیی ئیسلامیی ئێرانییان پێ پایەڕێژ کرد.
لەبەرئەوەی سیستمی سیاسیی سەردەمی هەردوو بنەماڵەی قاجار و پەهلەوی لە پاش بزوتنەوەی مەشروتەوە(بزوتنەوەی چاکسازی)یەوە، هەردووک باوەڕییان پاشایەتی هەبوو بۆیە تەنها تەنها پەرلەمان دەبینرێت لەو سیتمەدا کە بەهەڵبژاردن و لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرێن، چونکە شا بەپێی میرات و ڕەچەڵەکی خوێن دادەنرێت نەک هەڵبژاردن.
لە دەستووری نوێشدا لە چوارچێوەی سیستەمە سیاسییەکەیدا و بە پێی یاساکانیان، سەرکۆمار، پەرلەمانتار، ئەنجومەنی شارەزایان، ئەنجومەنی ئیسلامیی شارەوانی و لادێکان هەڵبژێردراوی خەڵکن، بەڵام ئایا ئەم دەسەڵاتانە لە کوێی هەرەمی سیستەمی سیاسییدان؟
دەسەڵاتەکان هەنووکە لەو وڵاتەدا بە پێی دەستوور بەم شێوەیە دابەشکراون:
١.دەسەڵاتی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی: لەسەرووی هەموو دەسەڵاتەکانەوەیە و هەرسێ دەسەڵاتەکەی دوای خۆی لە ژێر ڕکێفیایەتی. هەروەها دەزگای ڕاگەیاندنی دەوڵەت(صدا و سیما)، دەسەڵاتی دادوەریی و سەرۆک و شورای نیگەهبان و ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕژێم، سەر بەم دەسەڵاتەن و سەرۆکەکانیان ڕێبەری باڵا دیارییان دەکات. هەروەها فەرماندەی باڵای هێزە سەربازییەکانە و فەرماندەکانی سیستمی بەرگریش هەر ڕێبەر دەستنیشانی دەکات.
هیچ دەزگایەک ناتوانێت لێپێچینەوەی بکات تەنها لە حاڵەتی نەخۆشی، لەدەستدانی عەقڵ و مردندا پۆستەکەی لەدەست دەدات. ئەم پۆستە بۆ یەکجار لەلایەن ئەنجومەنی شارەزایانەوە(مجلس خبرگان) هەڵدەبژێردرێت(بەمەرجێک موسڵمانی شیعەمەزهەبی دوانزەئیمامی و ئایەتوڵا بێت) و تا تەمەنی هەبێت ڕێبەری ئاینی و مەزهەبی باوەڕدارانە لەجیهاندا بە پێی دەستوور. مەجلیسی خوبرەگانیش هەلبژێردراوی ڕاستەوخۆی خەڵکن(8ساڵ جارێک)، بەڵام مەرجی کاندیدبوون بۆ هەموو هاوڵاتییەک نییە و بۆ شارەزایانی و پیاوانی ئاینی وڵاتە، پێویستە کەسەکانیش پەسەندکراوی شورای نیگەهبان بن، کە دەزگایەکی هەڵنەبژێردراوی دامەزرێندراوە.
٢. دەسەڵاتی دادوەری: هەریەک لە دیوانی دادوەریی کارگێڕی، دیوانی باڵای وڵات، دەزگای چاودێری، دادگاکان و ...تاد لە خۆدەگرێت. (سەرۆکەکەی بە بێ هەڵبژاردن ڕێبەر دەستنیشانی دەکات).
٣. دەسەڵاتی یاسادانان: هەریەک لە دەزگاکانی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی (پەرلەمان) و شورای پاسەوان(شورای نگهبان-پاراستنی دەستور) لە خۆ دەگرێت. ئەندامەکانی پەرلەمان بە هەڵبژاردن لەلایەن خەڵکەوە(٤ساڵ جارێک) هەڵدەبژێردرێن بەڵام دەبێت کاندیدەکانی پەسەندکراوی شورای نیگەهبان بن! و شورای نیگەهبانیش بە بێ هەڵبژاردن نیوەیان ڕێبەر دەستنیشانییان دەکات کە شارەزای ئایینی شیعەمەزهەبن و نیوەکەی دی دەسەڵاتی دادوەری دیارییان دەکات و شارەزایانی یاسان(کە خودی ئەو دەسەڵاتەش دانراوی ڕێبەری باڵایە!)، پاشان لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند دەکرێن (٦ساڵ جارێک تەمەنی خولێکییەتی)، لە نیوەی هەر خولێکیشدا بە شێوەی تیروپشک نیوەیان دەگۆڕدرێن.
٤.دەسەڵاتی جێبەجێکردن(حکومەت): سەرۆک کۆمار، یاریدەدەرانی، وەزارەتەکان، ئەنجومەنی شارەوانییەکان و لادێکان...تاد لە خۆدەگرێت، سەرکۆمار ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە (٤ ساڵ جارێک) هەڵدەبژێردرێت، بەمەرجێک ئەو کەسە موسڵمانی شیعەمەزهەب و ئێرانی ڕەچەڵەک و باوەڕی بە "بنەماکانی شۆڕشی ئیسلامی" هەبێت.
کەواتە بە گشتی ئەو دەزگا و پۆستانەی کە ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن ئەمانەن: سەرکۆمار، پەرلەمانتاران، ئەندامانی مەجلیسی خوبرەگان(شارەزایان)، ئەنجومەنی شارەوانییەکان و لادێکان.
بەڵام جیا لەوەی لەمەرجەکانی کاندیدبوون بۆ هەریەک لەمانە سنووردار و جیاکاری مەزهەبی و سیاسیی و نەتەوەیی دەبیندرێت، مەرجیشە کاندیدی هەر پۆستێک کە هاوڵاتی دەنگی پێدەدات، پێویستە پەسەندکراوی شورای نیگەهبان بێت کە خۆی دەزگایەکی هەڵبژێردراو نییە. بۆیە زۆرجار ئێرانییەکان بە تەنزەوە لە بری وشەی انتخابات(هەڵبژاردنەکان)، انتصابات(دانراوەکان) بۆ پرۆسەکە بەکاردەهێنن.
هەر لەبەر ئەوە ڕەخنەگرانی سیستمی سیاسی و پسپۆڕانی سیستمە سیاسییەکان و لایەنگرانی دیموکراسی، پێیانووایە سیستمێکی دیموکراسی نییە بەو مانایەی دەنگدەر و تێیدا هاوڵاتییان تەوەری سەرەکی بن و ئەوان بەڕێوەبەران و سیاسەتڕێژانی وڵات دەستنیشان بکەن، چونکە لە بنچینەدا ئەو دەزگایانەی کە هەڵدەبژێردرێن:
١. لە لوتکەی دەسەڵاتدا نین و لە پلە سێ و چواری هەرەمی سیاسییدان.
٢. دەنگدەر ئازاد نییە لە هەڵبژاردنی کاندیدەکان، بەڵکو پێشتر و لەلایەن شورای نیگەهبانەوە لیستێکی پەسەندکراو و دڵپەسەندی ژێر هەژموونی نوخبەی نێو دەسەڵات پاڵفتە دەکرێن و پاشان ئەو کاندیدە سنووردارانە دەخرێنە بەردەم هاوڵاتییانەوە، نەک ئەوەی هەر هاوڵاتییەک ئەو ئازادییەی هەبێت خۆی کاندید بکات و بچێتە کێبڕکێەوە.
٣. کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بوونی نییە، بەڵکو لیژنەیەکی سەربە وەزارەتی ناوخۆیە و دامەزرێنراوە و لەژێر سەرپەرشتیی وەزیری ناوخۆی وڵاتدایە.
ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ جۆرایەتی سیستەمی سیاسیی ئێران، چونکە هەنووکە سیستمێکی تێکەڵە، بەپلەی یەکەم لە نێوان ئاینی-مەزهەبی (لەلوتکەدا)، لەسەر بنەمای ویلایەتی فەقیه دامەزراوە، بەپلەی دووەم کۆمارییەکی هەڵبژێردراوە! و پەرلەمانییەکی دەستنیشانکراوە(پێشتر کاندیدەکانی مەزهەبیانە و کارامەیی و باوەڕیان دەپشکنرێت پاشان هەڵدەبژێردرێن)، بەڵام بە ئالییەتی دیموکراسی و هەڵبژاردن و بە ئاراستەکردنی دەستەبژێرێکی ناهەڵبژێردراوی خەڵک. گەرچی وا دەربکەوێت دەسەڵاتی باڵای ئێران خەڵک-تەوەرە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەند دەزگایەکی ناهەڵبژێردراو هەیە کە ئاراستەی جۆری کاندید و پرۆسەی هەڵبژاردن و دەسکاری ئەنجام و کاندیدەکان دەکەن، هەرلەبەرئەوەیە ڕەخنەگرانی کۆماری ئیسلامی لەو باوەڕەدان سیستەمەکە ڕووپۆشکراوە بە دەنگی خەڵک، گەرنا ئەوەی پرس و جڵەوی دەسەڵاتی بەدەستە نوخبەیەکی دەسەڵاتدارە و ئەو نوخبەیە تەنانەت جۆری کاندیدەکان و ئەندازیاریی دەرکە و دەرچەکانی پرۆسەکە و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەکات.