شورای پاسەوان؛ پێگەی لە سیسستەمی سیاسی و ڕۆڵی لەهەڵبژاردنەکاندا

Draw Media

2021-04-24 08:45:39




هەردی مەهدی میکە
شورای پاسەوان(شورای نگهبان)(مجلس الصیانة)، ساڵی ١٩٧٩ و سەرەتای شۆڕش دامەزراوە. خاوەنی دەسەڵات و پێگەیەکی کاریگەرە، ڕۆڵی کردەیی هەیە لە ئاراستەکردنی بڕیاری سیاسی و هەژموونێکی فراوانی هەیە لە دەستنیشانکردنی نوخبەی سیاسیی دەسەڵاتداری وڵات و سیاسەتڕێژی گشتییدا. چونکە لە پارێزگاریی ئیسلامێتی دەسەڵات و ڕاڤەی دەستوور، دەرکە و دەرچە(Input & Output)ی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆمار، پەرلەمان و ئەنجوومەنی شارەزایان-یش لە جڵەوی وی دایە.
پێشینەی ئەم دەزگایە بۆ سەرەتاکانی شۆڕش دەگەڕێتەوە و بە تایبەت کاتێک کە سەرانی شۆڕش دەیانوویست دەستووری وڵات دابڕێژن، داڕێژەرانی دەستوور بۆ پارێزگاریی و چاودێریی جێبەجێکردنی دەستوور، دەزگای شورای پاسەوانی دەستووریان پێشنیار کرد، بەڵام لە دەستووردا ناوەکەی هەر بە شورای پاسەوان بەبێ پاشگری "ی دەستوور"، هاتووە.
زۆرجار لە میدیاکان و توێژینەوەکاندا، بە هەڵە لە ناوهێنانی شورای پاسەوان پاشگری "دەستوور"ی بۆ ئیزافە دەکرێت، ڕاستییەکەی چ لە ناوە ڕەسمییەکەی شوراکە و چ لە دەستووردا پاشگری دەستوور بە شوراکەوە نییە، ئەمەش بێهۆ نییە و بەڵکو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شورای پاسەوان هەڵگری هەردوو دەسەڵاتی شەرعی-دینی و دەستوورییە، تەنها ئەرکی پاراستنی دەستوور نا بەڵکوو سەرجەم ئەرک و چاودێرییەکانی لەڕوانگەی پێوەرەکانی ئیسلامی شیعی و پاشان دەستوور  ئاراستە دەکات. بۆیە شورای پاسەوان، پاسەوانی ئیسلامی شیعی(دوانزەئیمامی) و دەستووری ئێرانیشە.
شورای پاسەوان، یەکێکە لەو سێ دەزگایەی کە سەربە دەسەڵاتی یاسادانان(تشریعی)یە و دەزگایەکی ناهەڵبژێردراوی نێو هەرەمی سیستەمی سیاسییە لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا، پێکهاتەی ئەندامیی ئەم شورایە لە دوانزە(١٢)کەس پێکهاتووە،  شەشیان(٦) "موجتەهید"ن و "شارەزای کارووباری مەزهەبی"ن ،کە ڕاستەوخۆ دانراوی ڕێبەرباڵان و شەشەکەی(٦) دیکە هەڵبژێردراوی سەرۆکی دەسەڵاتی یاسادانانن، پاش دەستنیشانکردنیان ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێن و لەوێوە پەسەند دەکرێن.(ماددەی٩١ی دەستوور)
تەمەنی هەر خولێکی ئەم شورایە شەش(٦) ساڵە، بەڵام لە یەکەمین خولیدا و لە نیوەی خولەکەدا واتە لە سێ ساڵدا، نیوەی ئەندامەکانی هەردوو گرووپی یاسایی و مەزهەبی بەشێوەی تیرووپشک دەگۆڕدرێن، ئەندامی نوێ دەخرێنە شوێنیان(ماددەی٩٢ی دەستوور).


سکرتێر، باڵاترین پۆستی ئەم دەزگایەیە و لە ساڵی ١٩٧٩ەوە، سێ سکرتێری بینیووە و هەرسێک کەسایەتیی ئایینی بوون: صافی گولپایەگانی خولی یەکەم و محەمەد محەمەدی گیلانی خولی دووەم و لە خولی سێەمیشەوە تا ئێستا کە خولی حەوتەمییەتی و تا ساڵی ٢٠٢٢کۆتایی خولی حەوتەمە، ئەحمەد جەننەتی (٩٤ساڵە) سکرتێرییەتی و هاوکات سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەرییشە.
ئەرکی سەرەکی و دەستووری ئەم شورایە بریتییە:
- سازاندنی یاسا پەسەندکراوەکانی پەرلەمان لەگەڵ ئیسلام و دەستووری وڵاتدا(ماددەی٩٤و٩٦ی دەستوور).
- ڕاڤەی دەستوری وڵات بە پێی ڕەزامەندی سێ لەسەر چواری ئەندامەکانی(ماددەی٩٨ی دەستوور).
- چاودێریی هەڵبژاردنەکان و گشتپرسیی(ماددەی٩٩ی دەستوور).
هەروەها یەکێکیشە لەو دەزگایانەی کە لە داڕشتنەوە و هەموارکردنەوەی دەستووری وڵاتدا ڕۆلی هەیە(ماددەی١٧٧ی دەستوور).
پێگەی شورای پاسەوان لە هەرەمی سیاسییدا
بۆ دەرخستنی پێگەی ئەم شورایە، پێویستە لە دوو ڕوانگەوە سەیر بکرێت، یەکەم لەڕوانگەی سەرچاوەی ڕەوایەتی و دامەزراندنییەوە، دووەم لە ڕوانگەی کێڵگە و ئەنجامەکانی کارکردنی. واتە ئایا سەر بەچ پێگەیەکی دەستووریی و وابەستەی چ ئۆرگانێکی باڵای سیستەمی سیاسییە؟ 
شورای پاسەوان، باڵێکی ڕەوایەتیی خۆی لە دەستوورەوە وەرگرتووە و هەر خۆشی تاقانە سەرچاوەی ڕاڤەکردنی بەندەکانی دەستوورە. هەریەک لە ماددەکانی ٩١تا٩٩ی دەستووری وڵات، پەیوەستن بە ئەرک و دەسەڵات و شێوازی دیاریکردنی ئەندامانی ئەم شورایەوە.


باڵەکەی دیکەی ڕەوایەتی شوراکە، لە پەیوەستییەکانی ئەم دەزگایەوە دێت، کە لە ڕووی دانانی ئەندامەکانییەوە سەر بە دەزگا و ژێرگرووپی دەسەڵاتەکانی ڕێبەری باڵایە، چونکە نیوەیان ئەو دایان دەنێت و نیوەکەی دیکەشیان سەرۆکی دەزگای دادوەریی نیشانەیان دەکات کە دیسان هەر ژێرگرووپ و هەڵبژێردراوی ڕێبەرە(بڕوانە بەندەکانی٥٧و١١٠ی دەستوور). کەواتە لەڕووی پێگە و سەرچاوەی ڕەوایەتی دەسەڵاتییەوە شورای پاسەوان کەوتووەتە نێوان سێکوچکەی دەستوور-ڕێبەرایەتی-سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری. بۆیە ڕەتکردنەوەی بڕیارەکان و ڕێکارەکانی کارکردنی و بگرە چاکسازیی لە دەسەڵاتەکانیشیدا، سەخت و دژوارە.


شورای پاسەوان و هەڵبژاردنەکان
بۆ شورای پاسەوان، ئەوەی پەیوەندی بە هەڵبژاردنەوە هەبێت، ئەوەیە کە ئەرکی چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمان و ئەنجومەنی شارەزایانی دەکەوێتە ئەستۆ(ماددەی٩٩)، چونکە بەوپێیەی کە خۆی لایەنی ڕاڤەکاری دەستووریشە بەوشێوەیە ڕاڤەی کردووە کە چاودێریی هەڵبژاردنەکان تەنها چاودێریی پرۆسەکە نییە بەڵکو بەهۆی ئەرکەکانی دیکەیەوە کە پێشتر باسکرا، پێویستە لە هەرسێ  پرۆسەی دیاریکردنی پاڵێوراو، چاودێریی پرۆسەی بەڕێوەچوون و هەڵبژاردنی کاندیدەکان(باوەڕ و ئینتیما) و پاشان لە پەسەندکردنیشیاندا ڕۆڵی هەبێت، کەواتە لە ئەلف تا یای هەڵبژاردن (کاندیدبوون، پەسەندکردن و ڕەتکردنەوە) ڕۆڵی هەیە. تەنانەت بۆ دەزگایەکی وەک پەرلەمانیش کە ڕاستەوخۆ ئەندامەکانی پێویستە هەڵبژێردراوی خەڵک بن، لە دەستووردا هاتووە کە پەرلەمان هیچ ئیعتیبارێکی نییە بە بێ بوونی شورای پاسەوان(ماددەی٩٣ی دەستوور).
لەهەڵبژاردنەکانی ئێراندا و جۆری پاڵێوراوەکان و پشکنینی باوەڕەکانیان بە مەزهەبی شیعەی دوانزەئیمامی و بە شۆڕشی ئیسلامی، ڕاستەوخۆ بە پێی دەستوور و ڕاڤەکانی، چ لە پەسەندکردنیان و چ لە ڕەتکردنەوەیاندا، لەژێر چاودێریی شورای پاسەواندایە.


هەربۆیە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی، پەرلەمان و شارەزایانی ڕێبەریی، ژمارەی کاندیدەڕەتکراوەکان چەند هێندەی پەسەنکراوەکانن(بڕوانە ئێراننامەی٢)، لەوەش بترازێت، هیچ کاندیدێک لەدەرەوەی گووتاری نوخبەی دەسەڵاتداریی شیعە پەسەند نەکراوە بۆ بەشداریی لە هیچ هەڵبژاردنێکدا، تەنانەت بە سوننەمەزهەب و زەردەشتی و ئاینەکانی دیکەشەوە، پێویست بووە باوەڕی خۆیان بە ئیسلامێتی، شیعەێتی شۆڕشی ئیسلامی و دەسەڵات لەئێراندا و شوناسیی هەنووکەیی دەوڵەت بسەلمێنن، گەرنا لە یەکەمین فلتەری خۆپاڵاوتندا ڕەتدەکرێنەوە. 
بەگوێرەی ڕاڤەی شورای پاسەوان، ڕاشکاوانە ئەم ڕەتکردنەوانە بەئەرکی خۆی دەزانێت و ئاوا تەفسیری دەکات، کە ئەرکییەتی شایستەیی و ناشایستەیی هەر هاوڵاتییەکی ئێرانی کە خۆی ئامادە دەکات بۆ وەرگرتنی هەر پۆستێک لە سەرکۆمار، پەرلەمانتاری و ئەندامێتی ئەنجوومەنی شارەزایان، دیاریی بکات و چاودێریی و هەڵسەنگاندنی نێوەڕۆکی و شێوەیی بۆ بکات و بڕیاری لەسەر بدات. بەمشێوەیە شوراکە دەرچەکانی هەڵبژاردنی لەڕیی جۆری کاندیدەکانەوە دیاریی دەکات و ئیتر سرووشتیە کە دەرکەکان و ئەنجامەکانی بە دڵی نوخبەی دەسەڵاتداری نێو شۆڕش دەکەوێتەوە.
دەردەکەوێت نێوەڕۆک و بڕیاردان لەسەر کاندیدەکان، ئەندازەکردنی ململانێکانی هەڵبژاردن، پەسەندکردنی پرۆسەکە و ئەنجامەکانی لەدەستی شورای پاسەواندایە، بەڵام لایەنی کارگێڕیی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان دەکەوێتە ئەستۆی لیژنەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی وڵات.
نەک هەر ڕەخنەگرانی سیستەمی سیاسیی و ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی پرۆسەی سیاسیی ئێران، بگرە هێز و ئاراستە سیاسییەکانی نێو خودی شۆڕشیش ڕەخنەی زۆر لە ڕاڤەی بڕگەی "چاودێریی هەڵبژاردنەکان" دەگرن و لەوێشەوە تیری ڕەخنەکانیان ڕاستەوخۆ لە شورای پاسەوانە، چونکە پێیانووایە بووەتە سەرچاوەی ئەندازەکردن و بڕیاردەر لەسەر ئاراستەکردن و خاوکردنەوەی ململانێکان و یەکدەستکردنی دەسەڵات و ڕێگەخۆشکردن بۆ درێژەدان بە بڕیاردانی تاکلایەنانە و سنووردارکردنی مافی خەڵک لە هەڵبژاردنی نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیاندا. هەروەها هەندێک لەسەرانی نێو شۆڕش، ئەم پرۆسەیە بە کارتی فشاریی توندئاژۆکانی نێو سیستەمی سیاسیی لەقەڵەمدەدەن و پێیانووایە کێشەی قوڵی ئەم شورایە ئەوەیە لەبەردەم پەرلەمان و ئەنجوومەنی شارەزایاندا بەرپرسیار نییە و هیچ دەزگایەکی هەڵبژێردراو ناتوانێت لێپێچینەوەی لێ بکات.


لەنێو ئێراندا، چەندین جار هەوڵدراوە چاوخشاندنەوە و ڕاڤەکردنێکی نوێ بۆ چەمکی "چاودێریی هەڵبژاردنەکان لەلایەن شورای پاسەوانەوە"، بێتەئاراوە و یاسایی بکرێت، بەڵام تا هەنووکە شکشتییان هێناوە و شوراکە بەردەوامە لە ئەندازەکردن و ئاراستەکردنی پۆستەکان، بە پێی هەڵسەنگاندنە باوەڕیی و سیاسیی و سەلیقەییەکانی خۆی.
 

ئێراننامە (3)
زنجیرە بابەتێکە لە سەرووبەندی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێراندا، لەبارەی سیستمی سیاسیی، هەرەمی دەسەڵات، پێگەی هەڵبژاردن لە نێو سیستەمەکەدا، ئاراستە و حزبەسیاسییەکان، دەزگاهەڵبژێردراو و ناهەڵبژێردراوەکانی نێو سیاسەت لە درەومیدیادا دەخرێنەڕوو.

 

ئێراننامە (1) .. هەڵبژاردن لەئێراندا

ئێراننامە (2) سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand