سەردەمی ڕەئیسی؛ هەنگاوی دووەمی شۆڕش یان دبلۆماسییەتی کراوە
2021-08-14 13:04:36
شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو)
لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا، حاڵی حازر جیا لە ئامانج و خەونەکانی ئەو سیستەمە، دوو گرێی سەرەکی لەبەردەم سەرکۆماریی نوێدایە: یەکەم گرێی گەمارۆکان کە بەهیچ سەرکۆمارێک نەکراوەتەوە و ترەمپیش کاریگەرییەکانی دووقات کردەوە، دووەم مەسەلەی پرسی ئەتۆمی کە گرێکوێرەی سیاسەتی دەرەوەی ئێرانە، ئەویش دیسانەوە ئیرادەکەی لە دەسەڵاتی سەرکۆماردا نیە و ئیدارەدانی تەشریفاتی دۆسێکەی پێ سپێردراوە.
گەرچی ڕەئیسی لەسەر باڵی بناژۆخوازەکان لەقەڵەم دەدرێت، بەڵام لە وتاری ئانی سوێندخواردنیدا لەبەردەم پەرلەماندا، بۆ سیاسەتی دەرەوە زیاتر دووبارەکردنەوەی هەڵوێستەکانی ڕۆحانی بوو لە هەشت ساڵی ڕابردوودا: ئەو لە سەرێکەوە ڕای گەیاند کە یەکەم هەنگاوی، کرانەوەیەکی دەرەکی دەست پێدەکات و کار لەسەر هەڵگرتنی سزاکان دەکات کە بەڕێبەرایەتی ئەمریکا سەپێنراون و بۆ ئەمەش پێشوازی "لە هەر پلانێکی دبلۆماسی" دەکات. ئەمەش ئاماژەیە کە دەیەوێت دانوستاندنی ٥+١(بەرنامەی کاری هاوبەش- بەرجام) دەست پێبکاتەوە و پابەندە بە بنەماکانییەوە، واتە دەیەوێت حکومەتێکی کردەگەرای واقیعی بێت و پشت ناکاتە ئەو دانوستانەی کە یارانی بناژۆخوازی لە ٨ساڵی ڕابردووی ڕۆحانیدا وەک تانە و تەشەر و سازش دانوستانەکەیان کردبوویە پەڵەیەکی ڕەش و بە لادان لە شۆڕش حسێبیان دەکرد بۆ حکومەتەکەی، وا ئەمڕۆ وای نیشان دەدات بە گڵۆپی سەوزەوە ئامادەی گفتوگۆیە و لەوەش زیاتر ئەم داوای لە واشنتۆن کرد کە بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستاندن. بەڵام ئایا زەمان و زەمینە بۆ گفتوگۆ بە ئیرادەی ئێرانی فەراهەمە؟ سیناریۆکانی بەردەم زیندووکردنەوە یان لەباربردنی دانوستاندنی ئێران و پێنج وڵاتەکە کامانەیە؟
سیاسەتێکی دووسەرە
ڕەئیسیی سەرکۆمار تا هەنووکەش دەرنەکەوتووە لە نێوان دوو دروشمی ناکۆکدا (کە هەردووکیانی زۆرجار لە یەک وتاردا بەکارهێناوە)، پابەندی کامیان دەبێت:
١. هەنگاوی دووەمی شۆڕش، کە ڕێبەری باڵای ئێران دوو ساڵ لەمەوبەر لە یادی چلساڵەی شۆڕشدا ناوی نا و مەبەست لێی قۆناغی دووەمی شۆڕشی ئێرانە کە ئەرکی "هەناردەکردنی زیاتری شۆڕش و بەرگری ئەبەدیی لە شۆڕشە و بەرامبەر وەستانە دژی ئیستیکبار (ئەمریکا و ڕۆژئاوا)" (بڕوانە: بیانیە گام دوم انقلاب خطاب بە ملت ایران: سایتی خامنە¬ای، https://farsi.khamenei.ir/message-content?id=41673)، دیارە لەم گوتارەدا (کە ڕەئیسی دەیەوێت لە پابەندترینەکان بێت پێوەی) بێگومان ڕێگر دەبێت لە کرانەوەی پێویستی دبلۆماسی، چونکە ئەو بەیاننامەیە زیاتر ئامانجگەرا و شۆڕشخوازە و پەرەپێدەری ڕۆحی هەناردەکاریی هەژموونی ئێران و ئیسلامگەراییە کە خۆی لە پشتیوانی یارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لوبنان، عیراق، یەمەن و سوریا ئامانجی تایبەتن و جیهانیش بە گشتی کراوەتە ئامانجە گشتییەکە. ئەمە لە کاتێکدایە کە گرفتی سەرەکیی ئێران لەگەڵ ئەمریکادا هەر ئەم سیاسەتەیە و لەبەرامبەریدا ئەمریکا و هاوپەیمانانی داوای "چاککردنی رەفتار"ی لێدەکەن، بە مانایەکی دیکە واتە کورتکردنەوەی دەستی کۆمەک بۆ میلیشیاکان و وازهێنان لە هەناردەکردنی شۆڕش و پشتیوانینەکردنی پرۆئێرانییەکان بە مووشەکی دورهاوێژ و چەکی جۆراوجۆر و درێژکردنی دەستی دبلۆماسییەتی ئاشتییخوازانە.
٢. گەڕانەوە بۆ مێزی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دانوستاندن: ئەمەش ئەو هەنگاوەیە کە پێچەوانەی هەناردەکردنی شۆڕش و بەرگری ئامانجگەرایانەیە لە شۆڕش، بەڵکو زیاتر کردەیی و واقیعگەرایە، ئەم دروشمە خاوەنەکەی زیاتر باڵی ڕیفۆرمیست و بەرژەوەندییخوازەکانن، بەڵام وەک هێزی کۆمەڵایەتی و سیاسی وەک جاران نەماوون و هەم لە دەسەڵاتەکانی نێو شۆڕشیشدا کشێنراونەتەوە و هەم یەکێک لە فیگەرە کاریگەرە دبلۆماسییەکانیان لە ژیاندا نەما (ڕەفسەنجانی)، لە دوا هەڵبژاردنیشدا کەمتر لە ٥٪یان بەدەست هێنا و بەمەش گووتارەکە گەر "بیلقووە" هی ئەوان بێت ئێستا "بیلفیعل" هی وان نییە، بەڵام سەرکۆماری نوێ لە وتارەکانیدا نایشارێتەوە کە وڵاتەکەی پێویستی بەم نەرمە سیاسەتە هەیە بۆ ئەوەی لە قەیرانی ئابووریی(لاوازی و هەڵایسان)، سیاسیی(ئاسایشی ئێران و دابڕانی ئێران لە دراوسێیان و جیهان) و خزمەتگوزاریی نێوخۆیی(کێشەی بژێوی، کارەبا و ئاو و مەسکەنی هاوڵاتییان) دەربازی ببێت.
ڕەفتاری ئێران بەر لە مێزی دانوستاندن
واشنتۆنی سەردەمی بایدن (بە سەردەمی ترەمپ و ئۆباماشەوە)، هیچکات نەیانوویستووە و نەشیانووت کە دەیانەوێت سیستەمی سیاسیی ئێران هەرەس پێبهێنن و لەناوی ببەن، بەڵکو هەردەم داوای چاککردنی ڕەفتاریان لێ کردووە و دەکرد، بۆ جێبەجێکردنی ئەمە، سیاسەتی کوتەک و گێزەر لەبەرچاو گیراوە: یان "هەل و ئیمتیاز" دراوەتە ئێران بۆ سازان و نەرمی¬نواندن (وەک سەردەمی ئۆباما)، یاخود تەکنیکی زۆرترین فشار لەسەر تاران، کە ئەمەی دووەمیان تەکنیکی ترەمپ بوو و تا هەنووکەش پاشماوەکانی و کاریگەرییەکانی لەسەر ئێران بەردەوامن و هەموو هەوڵێکی ئێرانیش لە چوارساڵی دووەمی ڕۆحانییەوە تا هەنووکە بە ڕئیسیشەوە بۆ کەمکردنەوە ئەو فشارانەیە، بەڵام واشنتۆن ئەو فشارانەی وەک کارتی نوێ هێناوەتە سەرمێز و بەر لە گفتوگۆی پرسی ئەتۆمی داوای چاکسازیی ڕەفتاری لە ئێران لە عێراق و لوبنان و یەمەن دەکات.
کابینەیەکی پڕ لە سوپایی و بناژۆخواز
ئەوەی لە هەشت ساڵی ڕابردوودا کۆسپی بەردەم ڕۆحانی بوو بۆ دانوستاندنی واقیعی:
١. بناژۆخوازەکانی نێو سیاسەت و دامەزراوەکانی نێو دەوڵەت بوون و درێغییان نەکرد لە تێکدانی هەرچی ئەوەی ڕۆحانی سەرکۆمار و جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی کردبوویان، دواجار هەر ئەوانیش بوونە ڕێگر و نەیانهێشت ئەوەی پێویست بوو لەدوا نەفەسەکانی کابینەی دووەمی ڕۆحانیدا، لە نەمسا بێتەبەرهەم و بە هەڵواسراوی پرسەکە مایەوە.
٢. سەرکردەکانی سوپای پاسداران، کە ئەوان زۆرجار نەک ڕازی نەبوون، بەڵکوو هەم لە ئابووری وڵات و هەم لە سیاسەتی دەرەکیشدا کۆسپ بوون بۆ ڕۆحانی و بگرە زۆرکات لە بری ئەو سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەکی خۆیان لەبری حکومەت جێبەجێ دەکرد و نەک بەرپرسیارێتیشیان هەڵنەدەگرت بەڵکو هەڵە و کەسرییەکانیشیان خستە ئەستۆی بێتوانایی کابینەکەی ڕۆحانی کە تێکەڵەیەکی ئەجێندای ڕیفۆرمیستەکان و بەرژەوەندیگەراکان و بناژۆخوازە میانڕەوەکان بوو.
ئێستا ئەوەی نوێیە لەم دۆسێیەدا ئەوەیە، کە هەم بناژۆخوازەکان و هەم سوپاییەکان ئیدی خۆیان حکومەتن، چونکە لە کابینەی پێشنیارکراوی رەئیسیدا سەرجەم وەزیرەکان لەم دوو باڵە هەڵبژێردراون. بەڵام ئایا دەتوانن وەک جاران هەر ڕەتکەرەوە و ڕێگر بن؟
لەو کابینە ١٩ وەزیرییەی کە ڕەئیسی پێشکەشی کردووە، زۆرینەیان لەوانەن کە هەمیشە هەڵوێستی دژە ئەمریکا و دانوستاندنیان هەبووە و سیانیشیان لە لیستی سزاکانی واشنتۆندان، لەوەش زیاتر هەرچی وەزیرەکانی دەرەوە و نێوخۆ و ئابووری و بگرە ڕێگاوبان و پەروەردەشە لە بناژۆخوازە توندڕەوەکان و وەک دەزگاش هەندێکیان بە ئەندامی سوپای پاسداران و کۆڵەکەی فەیلەقی قودسی دەرەوەی ئێران هەژمار دەکرێن!
سیناریۆکان
رەئیسی ئێستا لەبەردەم سێ سیناریۆی سەختدایە:
١. بەرگریکردن و ئامانجگەراییخوازی کە پابەندبوونە بە دروشمی بناژۆخوازەکان، ئەمەش ڕەنگە سیستەمی ئێران بە بەهێزی و سازشنەکردن نمایش بکات و لە نێو جیهانی شیعەی دەرەوە بەهێز بنوێنێت، بەڵام بەهۆی سزاکان و کەمتوانایی خزمەتگوزاریی لە خەڵک دوورتر دەکەوێتەوە و ناڕەزایەتییەکان زیاتر گەشە بکەن.
٢. چاوشارکێی دبلۆماسی: کە بریتییە لە هێشتنەوەی ئێران وەک دۆخی ئێستای نیمچەدانوستاندن و نیمچە بەرگریکردن، گەر ئەمە بچێتە پێشەوە باشترین سیناریۆیە بۆ حاڵی حازر (کەمترین زیان)، بەڵام ئایا زەمان و زەمینەی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی هەروا دەمێنێتەوە کە ئێران ئەم چاوشارکێیەی تێدا بکات؟
٣. سازش لەدەرەوە و پاکسازیی نێوخۆیی: کە بریتییە لەوەی وەک تەکنیک و ناچاری لە سیاسەتی دەرەوەدا کرانەوە ئەنجام بدات و سازش لە درووشمدا بۆ واقیع بکات. بەمشێوەیە هەلێک وەردەگرێتەوە بۆ بوژانەوە و لادانی سزاکان و لەبەرامبەردا هەم بە گێزەر و هەم بە کوتەک ناڕەزایەتی و توڕەیی خەڵک دامرکێنێتەوە و خۆی ئامادە بکات بۆ گەڕێکی نوێ (بەڵام سەختە بەدیهاتنی).
بۆیە لەم سێ سیناریۆیە زیاتر دانەنرا، چونکە سیستەمی سیاسیی و دەوڵەت و دەستوورەکەی ئێران تەنها ڕێگەی یەکێک لەمانە دەدات و بەم دۆخەی ئێستا و بەم کابینە و گوتار و بەم ستوونانەی دەسەڵاتەوە، هەر ئەم سیناریۆیانە ئەگەری جێبەجێبوونیان هەیە، نەک چاکسازیی ڕیشەیی و گۆڕینی دەستوور و ئاشتبوونەوەی تەواوەتی لەگەڵ ڕۆژئاوا و هاوسێیاندا.
بابەتی پێشتر:
ئێراننامە (1) .. هەڵبژاردن لەئێراندا
ئێراننامە (2) سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی
ئێراننامە (3) ..شورای پاسەوان؛ پێگەی لە سیسستەمی سیاسی و ڕۆڵی لەهەڵبژاردنەکاندا
ئێراننامە (4): ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ پێگە و دەسەڵاتەکانی
ئێراننامە (5): سێ هەڵبژاردنەکەی ٢٠٢١ی ئێران؛ ئامار و تێبینیی گشتی
ئێراننامە (6): سوپا و سیاسەت؛ کاندیدانی سوپایی و سەرکۆمارێتی ئێران
ئێراننامە (7): هەڵبژاردنێکی بێڕەنگ بۆ قۆناغێکی سەخت
ئێراننامە (8): کورد و هەڵبژاردنی سەرکۆماری ئێران
ئێراننامە (9): سەرکۆماری نوێ و یەخانگیرییەکانی سیستەمی سیاسیی ئێران
ئێراننامە (10): هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران؛ براوە و دۆڕاوە ڕاستینەکان لەئەنجامەکانەوە
ئێراننامە (11): ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەریی؛ پێشینە و ڕۆڵ و شێوازی هەڵبژاردنی
ئێراننامە 12: کۆڕبەندی دیارییکردنی بەرژەوەندیییەکان؛ پێگە و سروشتی دەسەڵاتی
ئێراننامە (13): ئەهواز ڕادەپەڕێت... لە ئاوی خۆڕایی شۆڕشەوە، تا شۆڕشی تینووەکان
ئیێراننامە (14): ڕەئیسی بە ڕەئیسی کەسێتی و تەگەرە ئایندەییەکانی سەرکۆماری ئێران