ڕەئیسی بە ڕەئیسی کەسێتی و تەگەرە ئایندەییەکانی سەرکۆماری ئێران

Draw Media

2021-07-31 16:56:03



شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو)

 
ڕۆژی پێنجشەممە، ٥/٨/٢٠٢١، ئیبراهیمی ڕەئیسی وەک سەرکۆماری هەڵبژێراو، لەبەردەم ڕێبەری باڵای ئێراندا، سوێندی یاسایی دەخوات و "بەڕەئیسی" لەسەر کورسی سەرکۆمار دەستبەکار دەبێت. ئەو لە پرۆسەی هەڵبژاردنێکی سارد و کەشێکی گەرم و بایکۆتێکی زۆر و دنیایەکی ئاڵۆز و چەندین یەخانگیرییی سیاسیی و ئابووریی نێوخۆیی و دەرەکییدا، وەک دواسەرۆکی وڵاتەکەی دەچێتە سەر کورسیی سەرکۆماریی.
ئیبراهیم ڕەئیسی(٦١ ساڵ)، ئاخوندێکی موسڵمانی شیعەمەهەبی دوانزە ئیمامی، لەدایکبووی گەڕەکی نوغانی شاری مەشهەدی ئێرانە، لەنێو شۆڕشگێڕانی ئیسلامیی ئێراندا، بە پیاوی بناژۆخواز، دڵسۆز و یەکدیووی نێو شۆڕش و باوەڕدار بە بنەماکانی ئیسلامێتی شۆڕش و ملکەچی ڕێبەر  ناسراوە، بەڵام لای نەیارانی کۆماری ئیسلامی، ناوبانگی بە "پیاوی سێدارە" دەرکردووە، چونکە دەڵێن یەکێکە لە جێبەجێکارانی لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی لە هەشتاکاندا و کارنامەیەک لە توندوتیژیی و تۆقاندن.
ڕەئیسی لە دواهەڵبژاردنی سەرۆکایەتییدا، وەک کاندیدی متمانەپێکراوی بناژۆخوازانی نێو شۆڕش پەسەند و لەڕێگەی شورای پاسەوانەکانیشەوە بەهۆی ڕەتکردنەوەی ڕکابەرە سەرەکییەکانییەوە لە پرۆسەی پاڵاوتندا جادەکەی بۆ تەخت کرا، لە کۆی ٥٩٢ کاندید تەنها حەوتییان مانەوە کە هیچییان لەو ئاستەدا نەبوون کێبەرکێ بکەن و هەر زووش سیانیان کشانەوە و خۆیان دایەپاڵ ڕەئیسی، ئەوانی دیکەش نوێنەری ڕەسمی هیچ باڵێکی وەک ڕیفۆرمیستان یان بناژۆخوازان نەبوون و نەیارانی کۆماری ئیسلامیش لەبنەڕەتەوە بەشداری پرۆسەکەیان نەکرد.
لەڕێگەی ئەم کردەی پاڵاوتنەوە، ئەو پەیامە زوو گەیشت کە دەوڵەتی قوڵی نێو ئێران دەیەوێت ڕەئیسی سەرۆکی ئایندە بێت و ئاماژەکان واوەتریش دەچن کە ئەمە سەرەتایەکە بۆ ڕێگاخۆشکردن بۆ ڕەئیسی تا ببێتە جێگرەوەی خامینەیی و ڕێبەرایەتیکردنی ئێران بۆ پاش خامینەیی.


پاشخانی ڕەئیسی
تەنها بڕوانامەی ئەو سەرقاڵیی چەندساڵێکی تەمەنییەتی (١٥-١٩ساڵی) بە وانە ئاینی و فیقهییەکانی حەوزە عیلمییەکانی مەشهەد و قوم بووە. پاشتر و لەم ساڵانەی دواتردا لەڕێگەی خوێندنی پاراڵێڵەوە، دەوترێت بڕوانامەی دکتۆرای یاسای لە زانکۆی موتەهەری وەرگرتووە.
ڕەئیسی لە شاگردانی پیاوانی ئاینیی وەک نوری هەمەدانی، ئەبولقاسم خەزعەلی و عەلی مشکینی و ...تاد بووە، کە سەرجەمیان لە پیاوانی بناژۆخوازیی نزیک و هاودیدی عەلی خامینەیی ڕێبەری هەنووکەیی بوون، "مەعریفەی مەزهەبی-سیاسی" لەسەردەستی ئەوان فێرکراوە.
لەڕووی پێگەی کۆمەڵایەتیشەوە، زاوای ئەحمەد عەلەمولهودای وتاربێژی مەشهەد و نوێنەری ئایەتوڵا خامینەیییە لە خۆراسانی ڕەزەوی. (جەمیلە عەلەمولهودا هاوسەرییەتی)، عەلەمولهودا یەکێکە لە بناژۆخوازە ڕادیکاڵەکان و بە وتارە ئاگرینەکانی ناسراوە، بەجۆرێک بە هەمەکارەی مەشهەدی دەزانن و قسەی ئەو یەکەمە لە نێوەندی سیاسیی و کۆمەڵایەتی ئەو نێوچانەدا.
ڕەئیسی لە ٢٠ساڵییەوە، بە چەند مانگێک پاش شۆڕشی١٩٧٩، بێئەوەی هیچ بڕوانامەیەکی یاسایی خوێندنی هەبێت، چووەتە بواری دادەوەرییەوە و کاری خۆی لەدەسەڵاتی دادوەرییدا لە دادگای کەرەج دەست پێکرد و بووە داواکاری گشتی، زۆری نەبرد هاوکات پۆستی داواکاری گشتیی هەمەدانیشی وەئەستۆ گرت. لەساڵی ١٩٨٥یشەوە، ڕاژەکەی بۆ داواکاری گشتیی تاران گواستەوە. 
لەساڵی ١٩٨٩وە، بەدەستبەکاربوونی عەلی خامینەیی، پۆستی سەرۆکی داواکاری گشتیی تارانیشی وەرگرت، لەساڵی ١٩٩٤تا ٢٠٠٤یشدا، دیوانی دەزگای چاودێریی گشتی ئێرانی پێ سپێردرا، ساڵی ٢٠٠٤تا ٢٠١٤ سەرۆکی دەزگای داواکاری گشتی هەموو ئێرانی وەرگرت.
لە ساڵی ٢٠١٥شدا بە فەرمانێکی ڕێبەر، بەرپرسیارێتی گەورەترین و دەوڵەمەندترین دەزگای ئاینی کە "عەتەبەی قودسی ڕەزەویی" مەشهەدە و مەرقەدی ئیمام ڕەزای ئیمامی ناوازەی شیعەکانی جیهانی وەدەست گرت. هەر لەو ئانوساتەشدا دیسان بەفەرمانی ڕێبەر، کرایە ئەندامی ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکان. لە سێ ساڵی ڕابردووشدا، وەک سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی وڵات، دەستبەکاربووە.
بۆ ماوەی دوو خولی یەکلەدوایەک وەک ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزیان، هەڵبژێردراوە و هەنووکە ئەندامی ئەو ئەنجوومەنەیە، هەروەها ئەندامی لیژنەی مادەی ١١١ی دەستوورە لە هەمان ئەنجوومەن، کە کاری یەکلاکردنەوە و چاودێریی ڕێبەر و لە ئەگەری مەرگی ڕێبەردا یاخود لەکارخستنیدا، ئەو لیژنەیە ئەرکی دروستکردنی لیژنەیەکی کاربەڕێکەرە بۆ دیاریکردنی ڕێبەری نوێ.
لەپەنای ئەو پۆستانەی باسکران، چەندین پۆستی دیکەی هەبووە، لەوانە بەرپرسی "تیمی جێبەجێکردنی فەرمانەکانی ئیمام" و "بەرپرسی لیژنەی ئەمر بە مەعروف و نەهی لە مونکەر" و یەکێکیش بووە لە دامەزرێنەرانی حەوزەی فاتیمەی زەهرا، لە تاراندا. هەروەها ئەندامی شورای باڵای فەزای مەجازی(ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان)، ئەندامی "شورای دراو و بەها" و ئەندامی شورای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی ئابووریی بووە. یەکێکیشە لەوانەی کە بانگەشەی زیندووکردنەوەی پۆلیسی دادوەرییە و داوای کۆنتڕۆڵکردن و ڕێکخستنەوەی تۆڕەکانی ئینتەرنێتە.


کارنامەی ئاڵۆز و دیبلۆماسیی سنووردار
ئەوەی بە کارنامەی ڕەئیسییەوە گرێدراوە و دەبێتە تەگەرەی ئایندەیی بۆ جوڵە سیاسییەکانی:
١. کاری لەنێوبردنی نەیاران بووە لەڕێی دادگاوە لەدەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو و هەروەها ئەندامبوونیەتی لە لیژنەیەکی لەسێدارەدان کە بە "لیژنەی مەرگ" ناسراوە، لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسیی نەیارانی نێوخۆیی شۆڕشی لەئەستۆ بوو، کە زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدانی ساڵی ١٩٨٨ بوو، تێیدا سەدان لایەنگری گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکان و کەسووکاریانی لە خۆگرتبوو و بە ئیمزای ناوبراو پەتی سێدارە لە ملیان کرا. زۆرترینی قوربانیانی ئەم دۆسێیە چەپەکان و گرووپی موجاهدینی خەڵق و خانەوادەکانیان بوون.
٢. پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ: لەوەدا کە بەرپرسیار بووە لە دادگاییکردنی دۆسیەی سزادانی هاوڵاتیان بە تۆمەتی نەیاریی و یاخیبوون دژی ڕژێم و سزادانی کەسایەتییە سیاسییەکان و نەیارانی نێوخۆیی وەک دۆسێکانی خۆپیشاندانەکانی ٢٠٠٩- ٢٠١٧-٢٠٢٠ و دەیان پرسی دیکە. لەسەرجەمیاندا، ڕەئیسی یان فەرمانی لەسێدارەدانەکانی دەرکردووە، یاخود پشتیوانی پرۆسەکە بووە و بە کارەباشەکانی خۆی لەقەڵەم داون.  هەروەها خراپی دۆخی زیندانیان لە نێو کۆماری ئیسلامی ئێرانیشدا بەشێکی بەرپرسیارێتیەکەی لەلایەن ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانەوە خراوەتە ئەستۆی ڕەئیسی.
٣. یەکێکیشە لەسزاداراوانی زنجیرە گەمارۆکانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا.
هەر ئەم کارنامەیەشە، کە دوورنیە لە ئایندەدا، ببێتە بەربەست لەبواری دیبلۆماسیی سەرۆکی نوێدا و ڕێگر بێت لە سەردانە نیودەوڵەتی و هەرێمایەتییەکانی، چونکە لە چەندین دەزگا و کەناڵی جیاجیاوە داوای لەسەر تۆمارکراوە و لە لیستی تۆمەتباراندایە، دووریش نییە هاوشێوەی سەرۆکی پیشووی سودان لە جوڵەی سیاسییەکانیدا بەتۆمەتی بەشداری لەتاوانە مرۆییەکاندا، هاتوچۆی دیبلۆماسی سنووردار بکرێت.
چەندین وڵاتی ئەورووپی، ئیسرائیل، ئەمریکا و هی دیکەش لەگەڵ دەرچوونی ڕەئیسیدا، ئەو دۆسێ و کارنامە ئاڵۆزانەیان زیندوو کردەوە و هەندێکیش وەک "قەساب" لەقەڵەمیاندا.
لە پرسی ئەتۆمی و سیاسەتی دەرەوەشدا، ناوبراو ئەزموونی دیبلۆماسی کەمە، زۆرێک لەوباوەڕەدان بەهۆی ئەوەی لەلایەن بناژۆخواز و سوپاییەکانەوە پشتیوانی کراوە، ڕەنگە سیاسەتی دەرەکی ئێرانیش لەم چوارساڵەی ئایندەدا هەمان دیدگای سوپایی و بناژۆخوازەکان ئیدارەی بکات  کە داخران و هەناردەکردنی شۆرش و بەردەوامبوون بێت لەسەر سیاسەتی ڕابردووی شۆڕش.


جێنیشینی گریمانەیی ڕێبەر
زۆربەی ئاماژەکان، بەو ئاراستەیەدان کە ڕئیسی ساڵانێکە ئامادەسازی بۆ دەکرێت بۆ جێگرتنەوەی ڕێبەری ئێستا. نیشانەکان و هاوکارییەکانی دەزکاگانی دیکەی دەوڵەت و بناژۆخوازەکانیش نیشانەی تەواو و گڵۆپی سەوزی ئەم پرۆسەیەن.
دواهەڵبژاردنیش زۆر هاوشێوەی ئەو ئامادەکارییە بوون کە کاتی خۆی لەڕێی سەرکۆمارییەوە، جادە تەختکرا بۆ ڕێبەری ئێستا و پاش مەرگی خومەینیش، هەمان سەرکۆمار کە لەساڵی ١٩٨١ەوە، کاری بۆدەکرا و ڕێگەی بۆ تەخت کرا، تا کرایە ڕێبەر و وا نزیکەی ٣٢ ساڵە ڕێبەری باڵای وڵاتە.
چوار ساڵی ئایندە، دوور نییە یەکێک لەپایەکانی جێگرەوەی ڕێبەر، سەرکۆماری ئێران بێت، لەم حاڵەتەدا ناکرێت کەسێک بێت لەنێو مەحرەم و باوەڕدارەکان بە بنەماکانی توندئاژۆکانی نێوشۆڕش نەبێت و وەلای بۆ خامینەیی ڕەها نەبێت.
لەدەستووری ئێرانیشدا، لەو سێ دەزگایەی ئەرکی بەڕێکردنی کارەکانی ڕێبەر لە نەبوونیدا ڕادەپەڕێنن، تەنها سەرۆکایەتی کۆمار مابوو بەدڵی بەیتی ڕێبەری نەبێت (چونکە ڕۆحانی زۆرتر بەرهەمی هاوپەیمانێتیی ناچاریی بەرژەوەندیگەراکان+ موحافیزکارە میانڕەوەکان و ڕیفۆرمیستەکان بوو). دووساڵی ڕابردوو بەهۆی فلتەرکردنی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە، توندئاژۆکان ئەوێیان لەدەستی ڕیفۆرمیست و میانڕەوەکان دەرهێنا، ئەنجوومەنی شارەزایانیش دەمێکە وەلایەکی موتڵەقی بۆ ڕێبەرایەتی و توندئاژۆکان یەکلاکردووەتەوە. وا سەرکۆماریش لەبەرژەوەندی توندئاژۆکان یەکلابوویەوە.
بەم پێیە، لە کۆی شەش کۆڵەکە بنەڕەتییەکەی دەسەڵات لە ئێراندا: سەرۆکایەتی کۆمار، پەرلەمان، دادوەریی، ئەنجوومەنی شارەزایان، شورای پاسەوان و سوپا، بە یەک هارمۆنی و یەک ڕەوت لەم مانگەوە کۆرسێکی هەماهەنگ بۆ بەڕێوەبردنی وڵات پێکدەهێن بە مایسترۆی ڕێبەرەکەی دەکەونەوە کار و ئیتر لە دیاریکردنی ڕێبەری ئایندەش دژواری نایەتەپێش، کە یار و نەیاری نێوخۆیی و دەرەکی گرەویان لەسەر ئاڵۆزیی یەکلاکردنەوەی ئەو پۆستە بوو.
(بۆ زانیاریی زیاتر لەبارەی پێگەی سەرکۆمار لەسیاسەت و بەڕێوەبردنی وڵاتدا، بڕوانە: درەومیدیا، ئێراننامە٢ : سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی)

 

بابەتی پێشتر:

ئێراننامە (1) .. هەڵبژاردن لەئێراندا

ئێراننامە (2) سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی

ئێراننامە (3) ..شورای پاسەوان؛ پێگەی لە سیسستەمی سیاسی و ڕۆڵی لەهەڵبژاردنەکاندا

ئێراننامە (4): ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ پێگە و دەسەڵاتەکانی

ئێراننامە (5): سێ هەڵبژاردنەکەی ٢٠٢١ی ئێران؛ ئامار و تێبینیی گشتی

ئێراننامە (6): سوپا و سیاسەت؛ کاندیدانی سوپایی و سەرکۆمارێتی ئێران

ئێراننامە (7): هەڵبژاردنێکی بێڕەنگ بۆ قۆناغێکی سەخت

ئێراننامە (8): کورد و هەڵبژاردنی سەرکۆماری ئێران

ئێراننامە (9): سەرکۆماری نوێ و یەخانگیرییەکانی سیستەمی سیاسیی ئێران 

ئێراننامە (10): هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران؛ براوە و دۆڕاوە ڕاستینەکان لەئەنجامەکانەوە

ئێراننامە (11): ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەریی؛ پێشینە و ڕۆڵ و شێوازی هەڵبژاردنی

ئێراننامە 12: کۆڕبەندی دیارییکردنی بەرژەوەندیییەکان؛ پێگە و سروشتی دەسەڵاتی

ئێراننامە (13): ئەهواز ڕادەپەڕێت... لە ئاوی خۆڕایی شۆڕشەوە، تا شۆڕشی تینووەکان
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand