سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی
2021-04-17 15:10:36
شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو)
ئێراننامە (2)
زنجیرە بابەتێکە لە سەرووبەندی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێراندا، لەبارەی سیستمی سیاسیی، هەرەمی دەسەڵات، پێگەی هەڵبژاردن لە نێو سیستەمەکەدا، ئاراستە و حزبەسیاسییەکان، دەزگاهەڵبژێردراو و ناهەڵبژێردراوەکانی نێو سیاسەت لە درەومیدیادا دەخرێنەڕوو.
سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی
لە مێژووی ئێراندا و لە ٤٢ساڵی پاش شۆڕشی ١٩٧٩، ئەو وڵاتە حەوت سەرکۆماری بە خۆیەوە دیووە: بەنی سەدر(٨٠-١٩٨١)، ڕەجایی(٨١-١٩٨١)٢٨ڕۆژ سەرکۆماریی کرد و کوژرا، خامینەیی(٨١-١٩٨٩)، رەفسەنجانی(٨٩-١٩٩٧)، خاتەمی(١٩٩٧-٢٠٠٥)، ئەحمەدینەژاد(٢٠٠٥-٢٠١٣) و حەسەن ڕۆحانی(٢٠١٣-٢٠٢١) و واش چاوەڕێ دەکرێت دوومانگی دیکە هەشتەمین سەرۆک بچێتە پاستۆرەوە(شوێنی دەزگای سەرۆکایەتی). بەرلەوی لە دەسەڵات و پێگەی سەرکۆمار باس بکەین، گرنگە بزانرێت ئەو پۆستە کەی دانرا و مێژووی هەوڵەکانی بە کۆمارییکردنی ئێران بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟
مێژووی هەوڵەکانی بەکۆمارییکردنی ئێران
تا هەنووکە وا دەرکەوتووە، کە یەکەمین ئاماژەی ئێرانییەک بە سیستەمی کۆماریی بگەڕێتەوە بۆ سەفەرنامەکەی میرزا ساڵحی شیرازی لەسەرەتاکانی سەدەی نۆزدەدا و لەسەردەمی دەوڵەتی قاجاردا، کە تێیدا باسی لە سیستەمێکی سیاسیی بێ پادشا و کۆمارەکەی پاش شۆڕشی فەرەنسی کردووە، دیارە لەو سەردەمەدا پێناسەی کۆماریی، ئیلهامەکەی لە کۆماری فەرەنساوە وەرگیراوە. جیا لەمەش هاوچەرخی شیرازی و پاشتریش چەندین مونەویر و نوخبەی خوێندەواری سیاسیی کەم تا زۆر باسی سیستەمی کۆماری و چەسپاندنیان پێشنیار کردووە و هەندێکیان هەوڵیشیان بۆ داوە، وەک صەدرولمەمالیک، تاڵبوف، نازیمودەولە، ئەحمەد کرمانی و حەسەن ساحێبزەمانی، نازیمولئیسلام کرمانی، حەسەن تەباتەبایی و ..تاد. وەک جوڵەی سیاسی و بەئامانجی چەسپاندنیشی، چەندین هەوڵی ناکام بەر لە ساڵی ١٩٧٩دا دراوە، یەکەمینیان دەگەڕێتەوە بۆ صەدرولمەمالیکی ئەردەبیلی و بە هاندانی وەزیری موختاری فەرەنسا لە ئیران (دۆسێ تێرباز)، کە یەکەمین هەنگاو بووە بەمەبەستی چەسپاندنی سیستەمی کۆماریی لە ئێراندا هاوێژرابێت، جیا لەوەی سەرنەکەوت بووە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی قاجار و فەرەنساش لە سەردەمی ناسرەدین شادا.
لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی سەردەمی قاجاردا و لە ئانی سەرۆکوەزیرانی ڕەزاخان-دا، شەپۆلێکی کۆمارییخوازیی جارێکی دیکە سەری هەڵدایەوە، کە لەژێرەوە ڕەزاخان(شای دواتر) هاندەری بوو، ژمارەیەکی بەرچاو لە پەرلەمانتاران لە ساڵی ١٩٢٤دا، پرۆژەی سیستەمێکی کۆماری و کۆتاییهێنان بە پادشایەتی قاجاریان پێشنیار کرد، هێندەی نەمابوو دەنگدانی بۆ بکرێت و سیستەمەکە جێگیر بکرێت، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی کەمینەیەکەوە دەمەقاڵەیەک لەنێوان لایەنگرانی کۆماریی و نەیارانیدا، درووست بوو، یەکێک لە پەرلەمانتاران زللەیەکی لە ئاخوندێکی پەرلەمانتار(حەسەن مودەڕیس) دا و بەوشێوەیە ململانێکە لەنێو خەڵکدا وەک شەڕی سوکایەتی بە پیاوی ئاینی لەقەڵەمدرا و لەدەرەوەی پەرلەمان خەڵکیان هێنایەسەرشەقام و لەپەنای ئەو پۆپۆلیزمە ئاینییەدا، پرۆژەی کۆمارییخوازی لە پەرلەماندا سەرکپ کرا.
جیا لەم هەوڵەش لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، سێ کۆماری وەک گیلان-ی میرزا کوچەک خان و هاوپەیمانە چەپەکانی(١٩٢١)، کۆماری کوردستان-ی قازی محەمەد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات(١٩٤٦) و حکومەتی نیشتمانیی ئازەربایجان(گەرچی ئەم ناوی کۆماری هەڵنەگرت) دامەزران، کە بە هەوڵەکانی کۆماریی لەقەڵەم دەدرێن، بەڵام هەر زوو لەنێوبران. لەسەردەمی حکومەتەکەی موسەدەقوسەڵتەنە ١٩٥٣شدا، حسێنی فاتیمی(وەزیری دەرەوە) بە بانگەشەکاری هەڵوەشاندنەوەی پاشایەتی دادەنرێت و لایەنگرانی بە شەهیدی کۆمارییخوازیی دەناسێنن.
بەڵام ئەزموونی درێژخایەنی کۆماریش(ئەڵبەت بەتامی مەزهەبی و ئیسلامییەوە)، دەگەڕێتەوە بۆ پاش هەرەسی سیستەمی پاشایەتی لە شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩دا، کە زۆری نەبرد بەهۆی ڕاپرسییەکەوە، سیستەمی سیاسیی ئێران لە پاشایەتییەوە (دەوڵەتی شاهەنشایی ئێران) گۆڕدرا بۆ کۆماریی(کۆماری ئیسلامیی ئێران) (بڕوانە: ئێراننامەی ١). هەر بەپێی جۆری سیستەمەکەش پۆستی سەرۆک کۆمار دانرا، یەکەمین سەرکۆماریش لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتەدا لە ١٥ی کانوونی دووەمی١٩٨٠دا، ئەبولحەسەن بەنی سەدر بوو. بەڵام زۆری نەخایاند و لە ٢١ی حوزەیرانی١٩٨١دا لەسەر کار لادرا و پاشتر بەرەو پاریس هەڵهات. دوایەمین سەرکۆماریش حەسەن ڕۆحانییە و تا تەمووزی دادێ دواکاتەکانی نێو شەقامی پاستۆر (سەرۆکایەتی کۆمار) بەڕێدەکات.
پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار
لەدەستوری ئێرانیدا بەپێی ماددەی ١١٣، پۆستی سەرۆک کۆمار، پاش پۆستی ڕێبەر، بە دووەمین پۆستی دەوڵەت دادەنرێت و بەرپرسیارێتی دەسەڵاتی جێبەجێکردن (بێجگە لەو کاروبارانەی ڕاستەوخۆ بە ڕێبەری باڵاوە پەیوەستن) لەدەستدایە. بەپێی ماددەی ١١٤ش، سەرکۆمار بۆ ماوەی چوار ساڵ لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێت و بە دوای یەکدا تەنها یەکجاری دی بۆی هەیە خۆی هەڵبژێرێتەوە.
لەبارەی مەرجەکانی پاڵێوراوی بۆ سەرکۆماربوونیش ماددەی ١١٥ بەمشێوەیە ڕوونی کردووەتەوە: پێویستە بە ڕەچەڵەک و رەگەزنامە ئێرانی بێت، بەڕێوەبەر و چارەساز، خاوەن پێشینەیەکی چاک، ئەمانەتپارێز و بەتەقوا بێت، ئیماندار و باوەڕدار(مومن و معتقد) بێت بە بنەماکانی کۆماری ئیسلامی و مەزهەبی ڕەسمی ئێران(دوانزەئیمامی شیعە)، پێویستە بەر لە هەڵبژاردن پاڵێوراوێتی خۆی ڕابگەیەنێت(ماددەکانی ١١٥و١١٦ی دەستوور).
سەرکۆماریی زۆرینەی دەنگی ڕەهای بەشداربووانی لەهەڵبژاردندا پێویستە، لە ئەگەری نەهێنانی ئەو ڕێژەیە، پێویستە هەڵبژاردن بچێتە خولی دووەمەوە ،کە لەم دەنگدانەدا تەنها دوو کاندیدی یەکەم و دووەم بەشدار دەبن و سەرکەوتوویان دەبێتە سەرکۆمار(ماددەی١١٧دەستوور). هەڵبژاردن پێویستە لانیکەم مانگێک بەر لە کۆتایی وادەی تەواوبوونی ماوەی سەرۆکایەتی سەرکۆماری پێشوو ئەنجام بدرێت(ماددەی١٢٠)، بۆ مەراسیمی دەستبەکاربوونیشی دەبێت بچێتە تەلاری پەرلەمان و بە ئامادەبوونی هەریەک لە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی و ئەندامانی شورای نیگەهبان، سوێندی یاسایی بخوات، لێرەوە بەرپرسیارێتییەکە هەڵدەگرێت و بەرپرسیار دەبێت لەبەردەم خەڵک و ڕێبەری باڵا و پەرلەماندا(ماددەکانی١٢١و١٢٢).
دیارترین دەسەڵاتەکانی سەرکۆمار ئەمانەن: دیاریکردنی ئەنجومەنی وەزیران و لابردنی هەر وەزیرێکی کابینەکەی هەیە، بەڵام بۆ دانانی هەر وەزیرێک پێویستە وەزیری پێشنیارکراو متمانەی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، هەروەها دەسەڵاتی دانانی سەرۆکەکانی دامەزراوەکانی بودجە، میراتی کولتووری، پیشەی دەستی و گەشتوگوزاریی، وزەی ئەتۆم، ژینگە و بانکی ناوەندی هەیە. ئیمزای پەیماننامە و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی لە ئەستۆیدایە(پاش ئەوەی لە پەرلەمان پەسەند دەکرێن). دەتوانێت داوای دانیشتنی نهێنیی پەرلەمان بکات، مافی هەیە بەشداری کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بکات(بەبێ دەنگدان). سەرۆکایەتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی دەکات، بەڵام پێویستە بڕیارەکانی ئەم ئەنجومەنە پەسەندنامەی ڕێبەری باڵای شۆڕش وەربگرن.(ماددەکانی ١٢٢-١٢٩، ١٣٣-١٣٦و١٣٨)
لەئەگەری مردن، لادان، دەستلەکارکێشانەوە و نەخۆشییەک لە دوومانگی زیاتر دەوام نەکات، یاخود لەئەگەری هەڵنەبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێدا بە هەر هۆیەک بێت، یاریدەدەری یەکەمی سەرکۆمار کارووبارەکان لەئەستۆ دەگرێت و ئەنجومەنێک لە سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی و یاریدەدەری یەکەمی سەرۆک پێکدەهێنرێت، تا لەماوەی ٥٠ ڕۆژدا(نەک زیاتر) هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئامادە بکەن و سەرۆکێکی نوێ هەڵبژێردرێت.(ماددەی١٣١)
بۆ لێپێچینەوە و پرساندنیشی، ئەوا بە دەنگی یەک لەسەرچواری ئەندامانی پەرلەمان پێویستە بچێتە پەرلەمان بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانیان، بۆ دەستپێلەکارکێشانەوەش بە دەنگدانی سێ لەسەرچواری ئەندامان و بە ڕەزامەندیی ڕێبەری باڵا لەکاردەخرێت.(ماددەکانی١٣٠-١٣٢).
پێگە و تەگەرەی بەردەم سەرکۆمار
هەڵسەنگێنەرانی سیستەمی سیاسیی و بەتایبەت پۆستی سەرۆکایەتی، لەباوەڕەدان کێشە و کۆسپی بەردەم دەسەڵاتەکانی سەرکۆمار، بریتیە لە پەیوەستییەکانی ئەم پۆستە لە سێ ئاستدا: ١.هەر لە پاڵفتەی پاڵێوراوەکانییەوە تا دەگاتە سوێندخواردن و لادان یان تەواوبوونی ئەرکەکەی، کە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە دەسەڵاتێکی سەرووی خۆیەوە(ڕێبەر)، ٢.هەروەها پرۆسەی چاودێریی خۆپاڵاوتن و هەڵبژاردن و پەسەندکردنی دەنگەکانی(شورای نیگەهبان)، ٣.لێپێچینەوە و بەرپرسیارێتییەتی لەبەردەم دەزگایەکدا لەکاتێکدا ئەو هەڵینەبژاردووە(پەرلەمان)، لەمەدا گەرچی سیستەم لەسەربنەمای ویلایەتی فەقیه و کۆمارییە بەڵام بۆ لادان و لێپرسینەوەی سەرکۆمار بووەتە پەرلەمانی!
گرفتێکی دیکەی سەرەکی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی، لە ماددەی١١٨دایە، کە تێیدا چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرکۆماری(بە پێی ماددەی٩٩) خستووەتە ئەستۆی شورای نیگەهبان (ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور) کە دەزگایەکی هەڵنبژێردراوە(لە زۆرێک وڵات ئەم پرۆسەیە کۆمسیۆن و دەسەڵاتی دادوەریی ڕێکی دەخەن). کە تێیدا لە پرۆسەی پاڵفتەکردن و پشکنینی باوەڕەکانی کاندیدەکانەوە دەستپیدەکات تا پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن. دەسەڵاتێکی کاریگەری ئەم شورایە، ڕەتکردنەوەی کاندیدەکانە.
لە نۆ خولی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارییدا، هەشت خولی چاودێری کردووە(لە خولی یەکەمدا دانەمەزرابوو)، لە دووەمین خولی هەڵبژاردنەوە بەمشێوەیە خۆپاڵێوەکانی رەتکردووەتەوە و کەمینەیەکی وەک پاڵێوراو پەسەندکردووە: خولی دووەم لە ٧١ کەس سەرۆکایەتی تەنها ٤پیان پاڵیوران، خولی سێیەم لە ٤٥کەس ٤پاڵێوراو، خولی چوارەم لە٥٠کەس ٣پاڵێوراو. خولی پێنجەم لە ٨٠ کەس٢ پاڵێوراو. خولی شەشەم لە ١٢٨کەس ٤ پاڵێوراو، خولی حەوتەم لە ٢٣٨کەس ٤پاڵێوراو، خولی هەشتەم لە ٨١٤کەس ١٠ پاڵێوراو، خولی نۆیەم لە ١٠١٤کەس ٦ پاڵێوراو، لەخولی دەیەمیشدا تەنها ٤ پاڵێوراو، خولی یانزەش لە ٦٨٦کەس ٩ پاڵێوراو و لە دوا خولیشدا(دوانزەیەم) لە ١٦٣٦کەس تەنها ٦پاڵێوراو پەسەندکران و ململانێیان کرد، لە کاتێکدا بەشێکی دیاری پاڵێوراوە ڕەتکراوەکان لە سەرانی شۆڕش و بەشداری بڕیاری سیاسیی و لە هەرەمی سەرەوەی دەسەڵاتدا بوون، وەک ڕەفسەنجانی، خاتەمی، ئەحمەدی نەژاد و تاد.
گرفتێکی دیکەی دەسەڵاتەکانی سەرکۆمار، بەکردەیی هەندێ دۆسێی لەدەستدا نییە، وەک وەزارەتی بەرگریی، دەرەوە، سوپا، ئەتۆم، ئیمام جومعەکان (کە لەهاندان و ئاراستەکردنی خەڵکدا کاریگەرن و ڕێبەر دایان دەنێت)، دانووستاندن و داهاتی شوێنەپیرۆزەکان و دەزگائایینەکان، کە ئەمانە ڕاستەوخۆ پەیوەستکراون بە دەسەڵات و هەژموونی ڕێبەرایەتییەوە. بۆیە وەک نەریتێکی سیاسی لێهاتووە کە زۆبەی کات لە کۆتایی خولەکانیاندا کەوتوونەتە بەر ڕەخنەی ڕێبەر و لایەنگرانی، ئەم پشتتێکردنەی ڕێبەریش لەبەنی سەدرەوە تا ڕۆحانی بەدی دەکرێت تەنها سەردەمی سەرۆکایەتی ڕەجایی و خامینەییدا نەبێت، یەکەم لەبەرئەوەی لە مانگی یەکەمیدا کوژراو و دووەمیش خومەینی مرد و خۆی بوویە رێبەری باڵا.
ئەم گرفتانە کێشەی بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکان و پلانەکانیشی درووستکردووە، تەنانەت بەهۆی بەرپرسیارێتی و چاودێریی شورای نیگەهبانەوە لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرکۆمار، ئاراستەی پرۆسەی سیاسیی و کاڵکردنەوەی ئۆپۆزسیۆنی نێوخۆیی و پەراوێزخستنی چەندین حزب و ئاراستەی سیاسیی لێکوتووەتەوە و بەجۆرێک بەهۆی پاڵفەتەکردنی کاندیدەکانی سەرکۆمارییەوە، جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و سەڵاحییاتەکانیشیان تێکەڵبوون، چونکە لەڕووی ئاراستەی سیاسییەوە نزیکبوونەتەوە لەیەکتر و ناتوانن چاودێری سەر یەکتر بن و ئەگەرەکانی بەردەم خەڵک لە دەنگدان زۆر بەرتەسک و سنووردار کراوە، چونکە کاندیدەکانی سەرکۆماریی بە جۆرێک ئەندازیاریی دەکرێن ئەو کەسانە دەردەچن کە لایەنگریی نوخبەی دەسەڵات و دەوڵەتی قوڵی ئێرانن. ئەمەش لە هەڵبژاردەنەکانی ٢٠٠٩دا بەڕوونی دەرکەوت و لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٣شدا نیوەی باڵی شۆڕشی ئیسلامیی(ڕیفۆرمخوازان) پاسیڤ کرا و کاندیدەکانیان ڕەتکرانەوە و بەشدارییان پێنەکرا.