(درەو): بە نوسراو سەبارەت بە شایستە داراییەكانیان، دڵنیایمان بە كۆمپانیاكانی كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان داوەو؛ سەردانی سودانی بۆ كوردستان كاریگەریی هەبوو لەسەر بەدیهاتنی لێكتێگەیشتنەكانی ئەمدواییە، ئەمە قسەی وەزیری نەوتی عێراق بوو لە سلێمانی. حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لە (دیداری سلێمانی)دا قسەكردو رایگەیاند" لەپێناو دابینكردنی كرێی كۆمپانیاكان كۆمپانیاكان لە هەرێمی كوردستان دانوستانمان كرد بۆ هەمواركردنی یاسای بودجەو بودجەمان هەمواركردەوە". وەزیری نەوت كە هاوكات جێگری سەرۆك وەزیرانیشە بۆ كاروباری وزە وتی:" دڵنیاییمان بە كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان دا، لەرێگەی نوسراوێكی فەرمییەوە كە بەتەنیا لەلایەن وەزیری داراییەوە ئیمزای لەسەر كراوەو تێیدا بەڵێنی ئەوە دراوە شایستەی ئەو كۆمپانیایانە بدرێت، ئەمەش متمانەی گەڕاندەوەو مەترسییەكانی نەهێشت". "بڕی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان لە پشكی عێراق لە (ئۆپێك) دەبڕدرێت، ناچاربووین بەرهەمهێنانی نەوتی فیدراڵی كەمبكەینەوە، بۆ ئەوەی بەهۆی بەرهەمهێنانی نەوتەوە لە كوردستان زیان بە پشكی عێراق نەگات، بەڵام دەرەنجام كاریگەریی لەسەر پشكی هەناردە هەبووە" حەیان عەبدولغەنی وای وت. ئاشكرایكرد" سەردانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی بۆ هەرێمی كوردستان و دیدارەكانی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم كاریگەریی گەورەی هەبوو لە خێراكردنی رەوتی دانوستانەكان لەنێوان هەردوولاو بەدیهاتنی لێكتێگەیشتنەكانی ئەمدواییە".
(درەو): دادگای عێراق دووجار دانی بە گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمدا ناوە، باچیتر لەسەر ئەم بابەتە كێشە بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دروست نەكرێت، لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق رێككەوتووین تیمە تەكنیكییەكانمان بگەڕێنەوە بۆ بەغداد، ئەمانە قسەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانن. مەسرور بارزانی لە (دیداری سلێمانی)دا باسی لە گرفتەكانی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ بەندەری جەیهانی توركیا لەرێگەی بۆرییەوە، كە لە رۆژی 25ی ئازاری 2023وە بەهۆی بڕیاری دادگانی ناوبژیوانی پاریس و لەسەر سكاڵای حكومەتی عێراق راوەستاوەو تائێستا دەستیپێنەكردوەتەوە. مەسرور بارزانی رایگەیاند" لەوكاتەوە كە هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهان راوەستاوە (25ی ئازاری 2023) زیاتر لە (23 ملیار) دۆلار زیانمان بەركەوتووەو بەهیچ جۆرێك ئەم زیانە قەرەبوونەكراوەتەوە تاوەكو بوترێت هەرێمی كوردستان تێیدا سودمەند بووە". لەبارەی كێشەی گرێبەستی كۆمپانیاكان كە وەكو بەربەست لەبەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت تەماشا دەكریت، سەرۆك وەزیرانی هەرێم وتی:" جۆری كۆنتراكت و كاركردنی كۆمپانیا بیانییەكان لە هەرێمی كوردستان جیاوازە لە جۆری كاركردنیان لە بەشەكانی تری عێراق، رێزگرتن لەو كۆنتراكتانە بەشێكی سەرەكییە كە ئەم كۆمپانیایانە داوای دەكەن، هەرچەندە دووجاریش لە دادگای عێراق شكایەت كرا‌و هەردوو جارەكە دادگا لە بەرژەوەندی كۆنتراكتەكان بڕیاریدا، كەواتە دانیان بە كۆنتراكتەكانی هەرێم و كۆمپانیاكاندا ناوەو پێویست ناكات چیتر لەسەر ئەم بابەتە كێشە دروستبكرێت". سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، مەسرور بارزانی دەڵێ:" كۆمپانیاكان داوای گەرەنتی دەكەن، چونكە بەشێك لە كێشەكە دەستنیشانكردنی تێچووی بەرهەمهێنانە، كە پێویستە ئەم تێچووەیان بۆ دابینبكرێت بەبێ ئەوەی نەوتی هەرێم لەرێگەی ئێمەوە هەناردە بكرێت، كەواتە ئەگەر سۆمۆ هەناردەی بكات دەبێت ئەو میكانیزمە بدۆزرێتەوە چۆن بەشەكەی ئەوان دەدرێت، لەسەر ئەمەش رێككەوتن كراوە، لەگەڵ وەزارەتی نەوت نرخێك دیاریكراوە تا ئەوكاتەی لایەنی سێیەم دێت (مەبەستی لە 16 دۆلارەكەیە بۆ هەر بەرمیلێك)و تێچووی راستەقینە دەردەهێنێت، بەڵام ئەمە تائێستا جێبەجێ نەكراوە، چونكە ئەو گەرەنتییانەی كە كۆمپانیاكان داوای دەكەن دەبێت كۆتایی بێت بۆ ئەوەی دەست بە هەناردەكردنی نەوت بكرێت". "لە دواین دیداریمدا لەگەڵ بەڕێز محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران لەسەر ئەوە رێككەوتووین كە تیمە تەكنیكییەكانمان جارێكی تر بگەڕێنەوە بۆ بەغدادو لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی گفتوگۆ بكرێت لەسەر بابەتە تەكنیكییەكان، بۆ ئەوەی ئەو كێشانەی كە ماون چارەسەر بكرێن و دەستبە هەناردەكردنی نەوت بكرێت" مەسرور بارزانی وای وت. باسی لەوەشكرد" كێشەی راوەستانی نەوتی هەرێم بەر لە هەموو شتێك سیاسییە، ئینجا تەكنیكی و یاساییە، بەڵام ئەگەر نیەتی سیاسی هەبێت دێتە سەر ئەم كێشە تەكنیكی و یاساییانە كە ئێمە ئێستا هەردوولامان خەریكین، واتا نیەتێكی سیاسی هەیە بۆ چارەسەركردن".
سه‌نگه‌ر رسول توێژه‌ر له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ئابووری سیاسی به‌درێژایی مێژوو، زۆربه‌ی تاوانه جینۆسایده‌كان به‌ته‌نها نه‌بوونه‌ته جێهێشتنی برینێك له‌سه‌ر دڵی كۆمه‌ڵگا، به‌ڵكو بوونه‌ته هۆی تێكدانی ژینگه‌و سروشتی ئه‌و ناوچه‌یه‌ش كه لێی رووداوه. گوند‌و لادێكانی هه‌رێمی كوردستانیش نموونه‌ی زیندوون كه چۆن له‌كاتی كیمیابارانه‌كانی رژێمی سه‌ددام -ی دیكتاتۆر، جگه له به‌كۆمه‌ڵ مردن و برینداربوونی ده‌یان مرۆڤی بێ‌تاوان، سروشت و ژینگه‌ی ناوچه‌كه‌ی ژه‌هراوی بوون و بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ كاریگه‌ری له‌سه‌ر شێوه‌ی ژیانی هه‌رچی داروبه‌ردو زینده‌وه‌ری ناوچه‌كه‌یه دروستكرد. وه‌كو ڕێزگرتنێكیش له‌قوربانییه‌كانی كاره‌ساته‌كه، ڕۆژی كیمیابارانی دۆڵی بالیسان 16/4 كراوه‌ته ڕۆژی ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌ش هۆكارو پاڵنه‌رێكی به‌هێزه بۆ ئه‌وه‌ی پرۆژه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ژینگه‌یی له‌ناوچه‌كه په‌ره‌ی پێبدرێت. بۆیه ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه هه‌وڵده‌دات له‌ڕێگه‌ی مۆدێلی بوژانه‌وه‌ی ئابووری خاوێنه‌وه، له‌بواری ووزه‌ی خاوێن، گه‌شتیاریی كشتوكاڵی و وه‌به‌رهێنان له‌به‌روبوومه‌كانی ئاژه‌ڵداری سه‌رچاوه‌یه‌كی نوێكاری بژێویی و داهات و ئابووری ناوچه‌كه بخاته‌ڕوو. مه‌به‌ست له‌م پرۆژانه‌ش ته‌نهاو ته‌نها دیوی ئابووری و قازانجكردنی ماددی نییه، به‌ڵكو هۆكارێكیش ده‌بێت بۆ سارێژكردنی برینه‌كان و بووژاندنه‌وه‌ی ناوچه‌كه. چۆن ڕۆژی ژینگه له‌مانشێته‌وه بگۆڕین بۆ كردار له‌ساڵانی 80 كاندا، به‌هۆی به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیای و به‌زۆره‌ملێ چۆڵكردنی لادێكان و پرۆسه‌ی به‌دناوی ئه‌نفال، باغ و بێستان و ڕه‌زو به‌روبوومی دیكه‌ی كشتوكاڵی ئه‌و لادێیانه‌ش نزیك له‌ناوچوون چوون به‌هۆی بێ خزمه‌تی و سووتاندنییان له‌لایه‌ن هێزه سه‌ربازییه‌كان و جگه له‌وه‌ش ژه‌هراویی بوونی دارودره‌خت و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی ئه‌و ناوچانه‌ی به‌چه‌كی كیمیایی پێكرابوون. بۆیه له‌دوای هه‌ر جینۆسایدێك، سه‌ر له‌نوێ ڕێكخستنه‌وه‌و پشتگیریكردنی دانیشتووانی ناوچه‌كه بۆ ده‌سپێكردنه‌وه‌ی كاری باغداری و كشتوكاڵی و ئاژه‌ڵداری و پرۆژه‌ی دیكه‌ی هاوشێوه ده‌بێت پشتگیری بكرێن تاوه‌كو بتوانرێت شوێنه‌واری ئه‌و زیانه رۆحی و ماددییانه‌ی به‌هۆی جینۆسایده‌كانه‌وه روویانداوه كه‌مبكرێنه‌وه‌و به پرۆژه‌ی داهێنه‌رانه‌ش له‌بواری ته‌كنه‌لۆژی و گه‌شتیاری و ئابوورییدا ده‌توانرێت قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه. یه‌كێك له‌و ناوچانه‌ی كه به‌ر كیمیاباران و ئه‌نفال و چۆڵكردنی زۆره ملێی گونده‌كانی بۆته‌وه، ئه‌وا ناوچه‌ی دۆڵی بالیسان-ه. لێره‌دا پێشنیاز ده‌كه‌ین چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی دۆستی ژینگه له‌ناوچه‌كه جێبه‌جێبكرێت و له‌گه‌ڵ ئه‌و هۆكارانه‌ش یه‌كانگیر ده‌بێت كه وه‌كو رێز لێنانێكیش ڕۆژی 16ی 4 كراوه‌ته ڕۆژی ژینگه‌و ده‌بێت ئه‌و به‌خشینه‌ش ته‌نهاو ته‌نها له‌چوارچێوه‌ی نه‌زه‌ری و مانشێت نه‌مێنێته‌وه‌و به‌كرداری پرۆژه‌كانی ژینگه له‌ناوچه‌كه ڕه‌نگ بداته‌وه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئه‌م پرۆژانه ده‌خه‌ینه‌ڕوو: یه‌كه‌م: به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له‌ڕێی ووزه‌ی خاوێن یه‌كێك له‌و پرۆژانه‌ی كه پێویسته پشتیوانی لێبكرێت و ده‌بێته هۆی كارئاسانی و كه‌مكردنه‌وه‌ی بارگرانی نرخی كاره‌باش له‌داهاتوودا له‌سه‌ر گیرفانی خه‌ڵكی، ئه‌وا په‌ره‌پێدانی به‌رهه‌مهێنانی ووزه‌ی خاوێنه، له‌م دوو ڕێگه‌یه‌وه: له‌رێگه‌ی پانێڵه‌كانی تیشكی خۆره‌وه له‌باره‌ی پانێڵه‌كانی تیشكی خۆره‌وه، ده‌كرێت داوا له‌حكومه‌تی ناوه‌ندی بكرێت، بۆ ڕاسپاردنی بانكێكی نیشتیمانی عیراقی بۆ پێدانی پاڵپشتی دارایی و قه‌رزی درێژخایه‌ن بۆ دانیشتووان و پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنانی ناوچه‌كه به‌مه‌به‌ستی دامه‌زراندنی پانێڵه‌كانی تیشكی خۆر بۆ به‌رهه‌مهێنانی ووزه‌ی كاره‌با. له‌ڕێی تۆرباینه‌كانی باوه : بۆ دانانی تۆرباینه‌كانی با، ئه‌وا ده‌كرێت ببێته پرۆژه‌ی حكومه‌ت بۆ دابینكردنی كاره‌با بۆ نه‌خۆشخانه‌و خوێندنگا‌و فه‌رمانگه‌كانی ناوچه‌كه ئه‌گه‌ر گونجا بۆ ئه‌م شێوه‌یه. ڕاهێنان بۆ چۆنییه‌تی كاركردن له‌ووزه‌ی خاوێن ده‌كرێت ڕاهێنان به‌ژماره‌یه‌ك دانیشتووانی دۆڵی بالیسان بكرێت بۆ چۆنیه‌تی كار له‌سه‌ركردن و چاكردنه‌وه‌و سیانه‌ی پانێل و پرۆژه‌كانی ووزه‌ی خاوێن و ده‌كرێت راهێنانه‌كه بۆ ژماره‌یه‌كییان چڕتربكرێنه‌وه‌و ببنه سه‌رچاوه‌ی كاریش بۆیان. به‌ئه‌نجامدانی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له‌ڕێی ووزه‌ی خاوێنه‌وه، هه‌م ناوچه‌كه دوور ده‌كه‌وێته‌وه له گازی ژه‌هراوی مۆلیده‌كان و هه‌میش وه‌كو ناوچه‌یه‌ك كه ڕۆژی ژینگه‌ی به‌ناوكراوه، له‌گه‌ڵ په‌یامه ژینگه‌یه‌كه‌ش یه‌كده‌گرێته‌وه‌و به‌كردار له‌گه‌ڵیدا ده‌بێت و جگه له‌وه‌ش ده‌بێته هۆكارێكی كاریبوژانه‌وه‌ی ئابووری ناوچه‌كه‌ش. دووه‌م: گه‌شتیاریی كشتوكاڵی گه‌شتیاری كشتوكاڵی یه‌كێكه له‌میتۆده باوه‌كانی ئابووری سه‌رده‌م، ده‌كرێت له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی به‌ئاوی دۆڵی بالیسان به‌تایبه‌تی له‌زینه‌تیره‌وه بۆ گوندی ده‌راش ئه‌و پانتاییه‌ی وه‌به‌رهێنانی گه‌شتیاریی كشتوكاڵی تێدا بكرێت به‌مشێوه‌یه‌ی خواره‌وه: 1) بونیادنانی گوندێكی كه‌لتووری و مێژووی، چه‌ند خانوویه‌كی كه‌م، به‌پێی دیزاینی سه‌رده‌می كۆن و تێیدا كه‌ل و په‌له‌كانی ژیانی ڕۆژانه‌و ئامێره كشتوكاڵی و ئاژه‌ڵداری و كه‌ره‌سته‌كانی دیكه‌ی بخرێنه‌ڕوو. 2) مه‌یدانی ئه‌و لادێیانه بكرێته بازاڕێك بۆ ساغكردنه‌وه‌و فرۆشتنی به‌روبوومی سروشتی (ئۆرگانیكی) ناوچه‌كه. 3) ده‌كرێت چه‌ند پارچه زه‌وییه‌ك بۆ به‌رهه‌مهێنانی به‌روبوومه كشتوكاڵییه وه‌رزییه‌كانی تێدا به‌رهه‌م بێت به‌بێ به‌كارهێنانی مه‌وادی كیمیایی بۆ سه‌رنجڕاكێشانی گه‌شتییاران. 4) ده‌بێت ئه‌و پرۆژه‌یه، له‌شێوه‌ی پرۆژه‌ی هاوبه‌شی نێوان وه‌به‌رهێنه‌ران و پشكێكی بۆ ئه‌و جووتیاره بێت كه سه‌رپه‌رشتی مه‌یدانی ده‌كات. 5) حكومه‌ت بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك لێخۆشبوونی باج بۆ ئه‌و پرۆژانه ده‌ربكات 6) به‌پێی پرۆژه‌ی یه‌كه‌ممان، كه تایبه‌تبوو به به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له‌ڕێی ووزه‌ی خاوێنه‌وه، یارمه‌تیده‌رێكی دیكه ده‌بێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان. 7) ده‌بێت ئه‌و باج لێخۆشبوو‌ن و ووزه‌ی خاوێنه نه‌بێته هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی قازانجی خه‌یاڵی به‌ڵكو بۆ ئه‌وه بێت نرخی به‌روبوومه‌كانیش گونجاو بێت. كشتوكاڵی گه‌شتیاریی ماكینه‌یه‌ك بۆ به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی كه‌لتوور له‌ڕێی كشتوكاڵی گه‌شتیارییه‌وه ده‌كرێت كۆمه‌ڵێك كارلێكی كه‌لتووری لێبكه‌وێته‌وه و وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ڕووداو و كاره‌ساته مێژووییه‌كان به‌بیر گه‌شتیاران بخاته‌وه به‌مشێوه‌یه: كاتێك گه‌شتیاران ڕووده‌كه‌نه پرۆژه‌كانی گوندی كشتوكاڵی گه‌شتیاریی، ئه‌وا ڕۆده‌چنه واقیعی ژیانی لادێی كۆنی كورد‌و ڕاسته‌وخۆ ده‌توانن خۆیان بچن هه‌نار یا هه‌نجیر یا ترێكان به‌ده‌ستی خۆیان لێ بكه‌نه‌وه‌و ئه‌مه‌ش دووباره په‌یوه‌ست بوونه به‌سروشت و یه‌كانگیریشه له‌گه‌ڵ په‌یامه‌كانی ڕۆژی ژینگه. له‌رێی هاتنی گه‌شتیارانه‌وه، ده‌كرێت كاره‌ساتی كیمیاباران و چۆڵكردنی زۆره ملێی لادێكان و ئه‌نفال دووباره وه‌بیرییان بخه‌یه‌وه. ده‌كرێت ساڵانه فێستیڤاڵی ترێی ڕه‌ش یا ڕه‌شمیری له‌دۆڵی بالیسان سازبكرێت كه به‌روبوومی زۆر و باوه، تێیدا زۆرترین به‌رهه‌می میوه‌جات و به‌روبوومه‌كانی دیكه‌ی خۆماڵی تێدا نمایش بكرێت له‌پاڵیدا چاڵاكی هونه‌ری و میوزیك و هه‌ڵبه‌ستی كورده‌واری پێشكه‌ش بكرێت. (بۆ نموونه: له‌ده‌وڵه‌تی ڕوواندا، دوای جینۆسایده‌كانی 1994، له‌نێوان دوو پێكهاته‌ی ووڵاته‌كه ڕوویدا، له‌ئێستادا گه‌شتیاری گۆرێلا شێوه‌یه‌كی جیهانی وه‌رگرتووه). سێیه‌م: پرۆژه‌ی ئاژه‌ڵداری و شیرداری ئه‌گه‌ر له‌نه‌خشه‌ی دۆڵی بالیسان ووردبینه‌وه، ئه‌وا ڕێگایه‌كی زیاتر له 9 كیلۆمه‌تری دۆڵه‌كه‌ی شه‌ق كردووه، ئه‌گه‌ر ته‌نها 7 كیلۆمه‌تر پانی وه‌ربگرین وه‌كو خه‌ملاندنێك به وه‌رگرتنی پانتایی و ڕوبه‌ری بناری شاخه‌كانی چوارده‌وری، ئه‌وا 63 كیلۆمه‌تر دووجا له‌وه‌ڕگه‌و پانتاییت هه‌یه بۆ وه‌به‌رهێنان له‌بواری ئاژه‌ڵدارییدا و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش حكومه‌ت ده‌توانێت سوودی لێ ببینێت به دوو شێواز: یه‌كه‌مییان: وه‌كو پرۆژه‌یه‌كی وه‌به‌رهێنان بۆ به‌رهه‌مه‌كانی شیره‌مه‌نی دووه‌مییان: پرۆژه‌یه‌ك بۆ به‌رهه‌مهێنانی گۆشتی سوور به‌پێی ستاندارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، هه‌ر مانگایه‌ك ساڵانه له‌نێوان 1500 بۆ 2500 لتر شیر به‌رهه‌مدێنێت. بزن 150 بۆ 300 لترو مه‌ڕ 50 بۆ 150 لتر شیر به‌رهه‌م دێنن. هه‌روه‌ها بۆ ئه‌و رووبه‌ره‌ی وه‌كو خه‌ملاندنێك دانراوه به 63 كم2 ئه‌وا ده‌توانرێت هه‌زار مانگا و 4 هه‌زار بزن و 4 هه‌زار مه‌ڕیش شوێنی له‌وه‌ڕی بۆ دابنرێت و به‌خێو بكرێت (ئه‌مه‌ش به‌پێی ستاندارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان: مانگا 1.5 بۆ 3 هێكتارو بۆ هه‌ریه‌كه له بزن و مه‌ڕ 0.6 هێكتار). ئه‌گه‌ر به‌ته‌نها مانگا وه‌كو پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان وه‌ربگرین، ئه‌وا ساڵانه ده‌توانرێت زیاتر له یه‌ك ملیۆن و نیو لیتر شیر به‌رهه‌م بێت و به‌زیادكردنی شیری بزن و مه‌ڕیش ده‌گاته سه‌رووی دوو ملیۆن و نیو لیتر. ده‌كرێت ئه‌مه‌ش ته‌رجومه‌ی كۆمه‌ڵێك به‌روبوومی سپیاتی وه‌كو ماست و په‌نیرو شیر بكرێت و هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی گوندی گه‌شتیاریی كشتوكاڵیشه‌وه به‌بازاڕ بكرێت. جگه له‌وه‌ش، دۆڵی بالیسان له‌رووی پێگه‌ی جوگرافیشه‌وه، شوێنه‌كه‌ی زۆر باش و گونجاوه بۆ به بازاڕ كردن، تاڕاده‌یه‌ك له‌نێوان سه‌عاتێك كه‌متر بۆ سه‌عاتێك و بیست ده‌قیقه له‌ناوه‌ندی شاره‌كانی هه‌ولێرو سۆران و ڕانییه دوورییه‌كه‌یه‌تی و ئه‌مه‌ش هۆكارێكی دیكه ده‌بێت بۆ سانا گه‌یاندنی به‌روبوومه‌كان له‌كاتی خۆیدا. بۆ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ش پێویستی به‌پاڵپشتی حكومه‌تی هه‌رێم له‌رووی كه‌مكردنه‌وه‌ی باج و پاڵپشتی حكومه‌تی عیراق بۆ پێدانی سلفه‌و قه‌رز بۆ بونیادنانی پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان له‌بواره‌كه‌دا. بۆ سه‌ركه‌وتنی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ش، ده‌بێت ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی هه‌رێم هه‌ماهه‌نگی بكه‌ن بۆ هاندانی وه‌به‌رهێنه‌ران بۆ وه‌گه‌ڕخستنی سه‌رمایه‌كانیان له پرۆژه‌ی له‌و شێوه‌یه. هه‌روه‌ها گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی پاڵپشته داراییه‌كان له‌ڕێی بانكه نیشتیمانییه‌كانی عیراقه‌وه. ده‌رئه‌نجام ده‌كرێت و ده‌رفه‌تی زۆریش هه‌یه فرمێسكه‌كانی به‌هۆی گازی ژه‌هراوی چه‌كی كیمیاویی ڕژێمی سه‌ددامی دیكتاتۆره‌وه بگۆڕدرێن بۆ ده‌رفه‌تی پێچه‌وانه‌ی ژیانه‌ی ئاشتییانه‌و بوژانه‌وه‌ی كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری و بونیادنانی بناغه‌یه‌كی پته‌وی گه‌شتیاری كشتوكاڵی. ئه‌م پرۆژانه جگه له‌وه‌ی ده‌بنه هۆی بوژانه‌وه‌ی ئابووری، له‌ڕووی كه‌لتووری و مێژوویشه‌وه بایه‌خ و گرنگی خۆیان ده‌بێـت و ساڵانه‌ش له‌ڕێی فێستیڤاڵی ترێی ڕشمیرییه‌وه هه‌م خه‌ڵكی ئاشنای كاری جووتیاری ده‌بنه‌وه‌و هه‌میش تامی به‌روبوومی خۆماڵی وسروشتی ده‌كه‌نه‌وه. له‌رێی بونیادنانی سه‌رچاوه‌كانی ووزه‌ی خاوێنیش، ئه‌وا په‌یامی ڕۆژی ژینگه له‌مانشێت و قسه‌ی ناو كتێبه‌كانه‌وه ده‌هێنێـته وه ناو واقیع و به‌كرده‌یی ئه‌و په‌یامه ده‌سه‌لمێنێت و بۆ یاده‌وه‌ری خه‌ڵكیش گرنگه دووركه‌وتنه‌وه له‌هه‌رجۆره گازێكی ژه‌هراوی چونكه یاده‌وه‌ری ناخۆش دێنێته‌وه بیری خه‌ڵكی ناوچه‌كه. پرۆژه‌یه‌كی ئابووری بێ كه‌موكوڕی نییه‌و ده‌كرێت كه‌م و زیاد بكرێت، به‌ڵام ئێستا تۆپه‌كه له‌مه‌یدانی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی هه‌رێم و ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانه‌و لایه‌نی دووه‌میش حكومه‌تی عیراقه بێته مه‌یدان، بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یه‌كی بچووكی ئه‌و تاوانه گه‌وره‌یه‌ی كه حكومه‌تی عیراقی ئه‌وكات له‌ساڵانی 1980 كان ئه‌نجامیداوه. بۆیه ئه‌م بوژانه‌وه‌ی ئابووری ناوچه‌كه، كه دۆستی ژینگه‌ش بێت، ئه‌وا ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌ردوو حكومه‌ته.
درەو: 🔹 وەزارەتی دادی عێراق لە (9 ی ئازاری 2025) ڕایگەیاند، ژمارەی بەندکراوان دەگاتە (67 هەزار) کەس، کە بەسەر (30 بەندیخانە) لە سەرتاسەری وڵات‌دا دابەشکراون، لەنێویاندا (هەزار و 600) زیندانی بیانی و (85) منداڵ لەگەڵ دایکیان لەناو ئەو زیندانانەدا دەژین. 🔹 قەرەباڵغی لە زیندانەکانی عێراق گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و (300%)ی توانای لەخۆگرتن، ئەو زیندانانەی کە بۆ جێکردنەوەی نزیکەی (25 هەزار) زیندانی داڕێژراون لە زیاتر لە (65 هەزار) زیندانییان تێدایە. 🔹 عێراق لە ئاستی جیهانیدا لە ڕووی ڕێژەی زیندانەکانییەوە بە بەراورد بە چڕی دانیشتوانەکەی پلەیەکی نزمە، لە ڕیزبەندی (81)ی وڵات‌دا لە کۆی (164) وڵات. 🔹 لێکۆڵینەوەیەک دەستدرێژی سێکسی ترسناک لەناو زیندانەکاندا ئاشکرا دەکات، لەوانە بازرگانی سێکسی لەنێو زیندانییەکان بە تێوەگلانی بەرپرسان و فرۆشتن و دەستدرێژیکردنە سەر زیندانیانی نەوجەوان بە ئاگاداری بەڕێوەبەرانی زیندانەکان. 🔹 زیاتر لە 1000 منداڵ لە لایەن دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە تیرۆرەوە بەڵگە کردووە. 🔹 80%ی زیندانەکان جێگەی نوستن و جلوبەرگی پیسکراو بۆ زیندانییە نوێیەکان بەکاردەهێننەوە. 🔹 100%ی زیندانەکانی ژنان پزیشکی ئافرەتانیان نییە، سەرەڕای بوونی زیندانی دووگیان. 🔹 زیاتر لە نیوەی باڵەخانەکانی زیندانەکان وێرانن و شیاوی نیشتەجێبوونی مرۆڤ نین. سەرەتا زیندانەکانی عێراق لە دامەزراوەی چاکسازییەوە گۆڕاون بۆ سەرچاوەی نیگەرانی مافەکانی مرۆڤ، تادێت پێشێلکارییەکان زیاتر دەبن و مامەڵەکردن لەگەڵ بەندکراوان خراپتردەبێت. لە ساڵی 2003 وە عێراق گۆڕانکاری بەرچاوی بەخۆوە بینیوەو هاوشان بەوەش کێشەی قووڵ لە سیستەمی دەستبەسەرکردن و لێپرسینەوە و دادگاییکردندا سەریهەڵداوە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی هەزاران زیندانی و بارودۆخی گرتن و دەستبەسەرکردن و بەندکردنیان هەبووە. ژمارەیەکی زۆر لە ڕاپۆرتەکان ناتەبایی و ناڕوونی لە ژمارەی زیندانییەکان و کەسانی بێسەروشوێنکراوی زۆرەملێ ئاشکرا دەکەن، ئەمەش بووە بەهۆی نەبونی بەڵگەو زانیاری ورد و سەختی دەستڕاگەیشتن بە زانیارییە فەرمییە شەفافەکان. سەرەڕای هەستیاری ئەم بابەتە، بەڵام هێشتا دەوڵەت ئەم پرسەی پشتگوێخستووە، ئەمەش زیاتر ڕێگەی خۆشکردووە بە مامەڵەی نادادپەروەرانە لەگەڵ زیندانەکان. لێداوانی مافەناسان، پزیشکی دادی و دادوەران، لەگەڵ وتەی ژمارەیەک قوربانی، پشتڕاستی دەکەنەوە کە کارە مەترسیدارەکان لە پشت دیواری زیندانەکانەوە ڕوودەدەن، لەوانە ئەشکەنجەدان، مامەڵەی خراپ و زەوتکردن بۆ دەرهێنانی زانیاری دانپێدانانی زۆرەملێ. ئەمەش پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی جددی و ڕێوشوێنی توند هەیە بۆ ڕاگرتنی ئەم پێشێلکارییانە. یەکەم؛ ژمارەی زیندانیان لە بارەی ژمارەی زیندانیان لە عێراقدا بە نادڵنیایی هەیە و ئاماری ناکۆک بەردەستن، کە لەلایەن دەزگا فەرمییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە دەردەچن. وەزارەتی دادی عێراق لە (9 ی ئازاری 2025) ڕایگەیاند، ژمارەی بەندکراوان دەگاتە (67 هەزار) کەس، کە بەسەر (30 بەندیخانە) لە سەرتاسەری وڵات‌دا دابەشکراون، لەنێویاندا (هەزار و 600) زیندانی بیانی و (85) منداڵ لەگەڵ دایکیان لەناو ئەو زیندانانەدا دەژین. هاوکات کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق مەزەندە دەکات تا ساڵی (2021) (73 هەزار و 715) زیندانی هەبووە. ئەم نایەکسانییە دەرخەری سەختی دەستکەوتنی ئاماری ورد و نوێ، بەتایبەتی لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە بەردەوامانەی کە لە ئەنجامی جێبەجێکردنی یاساکانی لێبوردنی گشتی و تایبەتەوە هاتوونەتە ئاراوە، ئەمە جگە لە پرسی زیندانە نهێنییەکان و ئەوانەی بەبێ فەرمانی دەستگیرکردنی دادوەری دەستگیرکراون. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و تەنانەت دەسەڵاتە فیدراڵیەکان و لیژنەکانی پەرلەمانیش جەخت لەسەر ئەو ئاڵنگارییە بەرچاوانە دەکەنەوە، کە ڕووبەڕووی پرۆسەی دەستنیشانکردن و بەڵگەنامەکردنی ژمارەی ڕاستەقینەی دەستگیرکراوان لە عێراقدایە. ئەمەش بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ سەختی گەیشتن بە هەموو دەستبەسەرکردنەکان و نەبوونی شەفافیەت لە ئاشکراکردنی شوێنی زۆرێک لە دەستبەسەرکراوەکان، بەتایبەتی ئەوانەی لە هەلومەرجێکی ناڕوون یان بە تۆمەتی ناڕوون دەستگیرکراون. ئەم ناڕوونییە زیاتر نیگەرانییەکان سەبارەت بە بارودۆخ و مافەکانی ئەم دەستگیرکراوانە ئاڵۆزتر دەکات. لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، خالد شاوانی، وەزیری دادی عێراق ڕایگەیاند، قەرەباڵغی لە زیندانەکانی عێراق گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و گەیشتووەتە (300%)ی توانای لەخۆگرتن. وەزیری داد ئەوەشی وتووە ئەو زیندانانەی کە بۆ جێکردنەوەی نزیکەی (25 هەزار) زیندانی داڕێژراون لە ڕاستیدا زیاتر لە (65 هەزار) زیندانییان تێدایە، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم قەرەباڵغییە گەورەیە ڕێگری لە هەوڵەکانی وەزارەت دەکات بۆ جێبەجێکردنی ستانداردەکانی مافی مرۆڤ و دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ زیندانییەکان، لەوانەش چاودێری تەندروستی، شوێنی گونجاو، و پرۆسەکانی شیاندن و چاکسازی. ئەم لێدوانەی باڵاترین دەسەڵاتی پەیوەندیدا لە بەڕێوەبردنی زیندانەکان لە وڵات‌دا نیشاندەرێکی مەترسیدارە، کە نیگەرانییەکان سەبارەت بە بارودۆخی زیندانییەکان و ئەگەری خراپتربوونی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ گەورەتر دەکات. قەرەباڵغییەکی زۆر فشار لەسەر سەرچاوە سنووردارەکان زیاد دەکات و ژینگەیەکی ناتەندروست و نامرۆڤانە دروست دەکات، ئەمەش دەتوانێت هاندەری پێشێلکاری زیاتر بێت و چاودێریکردنی هەڵسوکەوتی پاسەوان و کارمەندان و دڵنیابوون لە سەلامەتی و مافی زیندانییەکان قورس‌تر بکات. عێراق لە ئاستی جیهانیدا لە ڕووی ڕێژەی زیندانەکانییەوە بە بەراورد بە چڕی دانیشتوانەکەی پلەیەکی نزمە، لە ڕیزبەندی (81)ی وڵات‌دا لە کۆی (164) وڵات لە ڕاپۆرتێکدا کە لە سەرەتای ساڵی (2024) بڵاوکرایەوە، لەو کاتەدا ڕێژەی زیندانیان نزیکەی (126) زیندانی بووە لە هەر (100 هەزار) کەس. بەڵام لەڕووی کۆی ژمارەی زیندانییەکانەوە، عێراق پلەی بەرزی بەدەستهێناوە و لە ساڵی (2021) دا لە پلەی (27)ی جیهانیدا بووە. خشتەی ژمارەی زیندانیان دووەم زیندانەکان وەک سوتەمەنی گرژیی تائیفی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ جگە لە ئاڵنگارییەکانی پەیوەست بە بەڕێوەبردن و قەرەباڵغی، زیندانەکانی عێراق لە کاتە جیاوازەکاندا بوونەتە ژینگەیەک کە سووتەمەنی گرژییە تائیفیەکان دەدەن و شایەتحاڵی پێشێلکارییە گەورەکانی مافەکانی مرۆڤن، ئەمەش پێویستی بە شیکارییەکی قووڵتر دەکات بۆ ئەم دیاردانە و کاریگەرییەکانیان. 1. دەستگیرکردنی هەڕەمەکی دەمارگیریانە بە پاڵنەرەکەی تائیفەگەری؛ لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا زیندانەکانی عێراق شاهیدی دەستگیرکردنی بەرفراوان بوون و بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هەزاران کەسیان کردە ئامانج. ئەمەش لەگەڵ پشتبەستنێکی بەرفراوان بە زانیاریدەرەکان بووە، کە بابەتێک بوو لە سەردەمی حکومەتەکەی نوری مالیکیدا مشتومڕی بەرفراوانی لێکەوتەوە. بەگوێرەی وتەی دەستبەسەرکراوان و ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ، ئەم سیستەمە بووەتە هۆی بێسەروشوێنکردنی سەدان هاوڵاتی بەبێ بەڵگەی تاوانکاری ڕوون، لەئەنجامی ئیدانەکردنی بەدخوازانە لەسەر بنەمای پاڵنەری تائیفی یان کەسی. دواتر ژمارەیەک زانیاریدەر بە تۆمەتی پەیوەست بە پێدانی زانیاری چەواشەکارانە ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری کران. سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتی دادوەری عێراق دووپاتی دەکاتەوە کە ئیستغلالکردنی سیستەمی دادوەری بۆ مەبەستی نایاسایی ڕەتدەکاتەوە، بەڵام هەندێک دەستگیرکردن گومانیان لەسەر پاڵنەرە تائیفییەکانیان دروستکردووە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هەندێک لایەن پشتیان بە هەواڵدەری نهێنی یان زانیاری پشتڕاستنەکراوەوە بەستووە. لێکچوونی ناوەکان لەگەڵ نەبوونی میکانیزمی وردی پشتڕاستکردنەوەی ناسنامە، بووەتە هۆی دەستبەسەرکردنی زۆرێک لە کەسانی بێ‌تاوان بۆ چەند مانگێک بەبێ تۆمەتی ڕوون، ئەمەش قەیرانی یاسایی زیاتر ئاڵۆزتر کردووە. ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ ئەم پێشێلکاریانەیان گرێداوە بەو شتەی کە بە "ئەجێندای تائیفی و سیاسی" وەسفی دەکەن، جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەستگیرکردنە ئارەزوومەندانەییەکان، کە لە ژێر پەردەی دژە تیرۆر ئەنجامدراون، بەشدارییان کردووە لە زیادبوونی گرژییە کۆمەڵایەتییەکان و گۆڕانکاریی دیمۆگرافییان لە ژمارەیەک ناوچەی عێراقدا هێناوەتە ئاراوە. 2. پشتگوێخستنی تۆمەتەکانی ئەشکەنجەدان و پشت بەستن بە دانپێدانانی زۆرەملێ؛ ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، وەک ئەوانەی هیومان ڕایتس وۆچ ئاماژەیان پێکردووە، پشتگوێخستنی ڕوونی تۆمەتەکانی ئەشکەنجەدانیان نیشانداوە، هەروەها پشتبەستن بە دانپێدانانی بێ پشتیوانی تەنانەت دوای پشکنینە پزیشکییەکان کەیسەکانی ئەشکەنجەدانیان سەلماندووە. 3. بەردەوامی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و سەرهەڵدانی زیندانە نهێنییەکان؛ بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و زیندانە نهێنییەکان تا ئێستاش پرسێکی پڕ لە ئازارە. لە ساڵی 2024ەوە بە هێزەوە لە نێوان گروپ و کوتلە چەکدارەکاندا سەریان هەڵداوەتەوە، کە پاڵنەری تائیفی و تۆڵەسەندنەوە بووە، وەک ئەوەی لە ناوچەکانی وەک سەقڵاوییە و ڕەزازەدا ڕوویدا. خەمڵاندن و ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بێسەروشوێن بوون و بە زۆرەملێ لە زیندانە نهێنییەکان ڕاگیراون کە لەلایەن ئەو کوتلانە و تەنانەت لەلایەن لیواکانی سوپا و پۆلیسەوە بەڕێوەدەبرێن، بە هۆکاری تائیفی و بێزارکردن. 4. ژینگەی زیندانی تائیفی و پێشێلکارییە ترسناکەکان؛ ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بە کولتورێکی تائیفیی بەربڵاو لە ناو زیندانەکاندا دەکەن، کە دەیان هەزار کەس تووشی سووکایەتی و هەڵاواردنی تائیفی دەبن. هەروەها لێکۆڵینەوەیەک لە ساڵی 2021دا دەستدرێژی سێکسی ترسناک لەناو زیندانەکاندا ئاشکرا دەکات، لەوانە بازرگانی سێکسی لەنێو زیندانییەکان بە تێوەگلانی بەرپرسان و فرۆشتن و دەستدرێژیکردنە سەر زیندانیانی نەوجەوان بە ئاگاداری بەڕێوەبەرانی زیندانەکان. 5. ئەو منداڵانەی بە تۆمەتی تیرۆر و هاوشێوەیی ناوەکان دەستبەسەرکراون: ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ وەک هیومان ڕایتس وۆچ لە ساڵانی ڕابردوودا زیاتر لە هەزار منداڵیان لە لایەن دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە تیرۆرەوە بەڵگە کردووە. هەروەها خەمڵاندنەکان ئاماژە بە زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی گومانلێکراوەکانی داعش دەکەن، ئەمەش نیگەرانی لەبارەی دەستگیرکردنی ڕەشبگری و هەڕەمەکی دروست دەکات. 6. هەڵاواردنی تائیفی لە جێبەجێکردنی یاسای لێبوردنی گشتیدا؛ هەرچەندە یاسای لێبوردنی گشتی بە ئامانجی دابینکردنی دادپەروەری بۆ کەسانی بێ‌تاوان لە زیندان و ڕەخساندنی دەرفەتێک بۆ ئاشتەوایی کۆمەڵگا دەرچووە، بەڵام ڕاپۆرت و سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بە هەڵاواردنی تائیفی دەکەن لە میکانیزمەکانی جێبەجێکردنیدا. هەندێک جار زیندانیانی سەر بە مەزهەبێکی دیاریکراو خێراتر و بە ئاسانی ئازاد دەکران لە چاو زیندانییەکانی مەزهەبەکانی تر کە هەمان تۆمەت یان بارودۆخی هاوشێوەیان هەبوو. دواکەوتن و ئاڵۆزی ڕێکارەکان ڕەنگە بە تایبەتی کاتێک کەیسەکانی زیندانیانی سەر بەو مەزهەبانە لەبەرچاو دەگیرێن کە بە "تۆمەتبار" دادەنرێت یان بە شێوەیەکی کۆنەپەرستانە پەیوەندییان بە تیرۆرەوە هەیە لە گوتاری سیاسی و میدیایی باودا. ئەم هەڵاواردنە پرەنسیپی دادپەروەری و یەکسانی لەبەردەم یاسادا تێکدەدات و هەستی نادادپەروەری و پەراوێزخستن لە نێوان هەندێک گروپدا زیاد دەکات، گرژی تائیفی قووڵتر دەکاتەوە نەک چارەسەرکردنی. سێیەم؛ پێشێلکردنی مافی زیندانیان لە زیندانەکانی عێراق: ڕاپرسییەکی مەیدانی کە لە کۆتایی ساڵی 2024 لەلایەن "تۆڕی دادپەروەری زیندانیانی عێراقەوە" ئەنجامدرا، کە 32 شوێنی زیندانەکانی لە سەرانسەری پارێزگا جیاوازەکان گرتەوە، ئاڵنگارییە جددییەکانی بەردەم سیستەمی زیندانەکان ئاشکرا کرد، لەوانە پێکهاتەی بیناکان، سروشتی پەیوەندیی کارگێڕی، قەرەباڵغی و ئاستی خزمەتگوزارییەکانی پاک‌وخاوێنی و تەندروستی لەناو زیندانەکاندا. یاساکانی عێراق و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان کۆمەڵێک مافی سەرەتایی بۆ زیندانیان لە زیندان و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردندا زامن دەکەن، لەوانە مافی نیشتەجێبوونی گونجاو، چاودێری تەندروستی و پاراستن لە مامەڵەی خراپ. بەڵام ڕاپۆرتی مافی مرۆڤ و وتەی زیندانییەکان و بنەماڵەکانیان ئاماژەن بۆ پێشێلکردنی بەربڵاوی ئەو مافانە لەناو زیندانەکانی عێراقدا. ئەم بڕگانەی خوارەوە باس لە دیارترینی ئەم پێشێلکاریانە دەکەن: 1. ژێرخانی وێران و نەگونجاوی بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤ لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی کە لە کۆتایی ساڵی 2024دا 32 شوێنی زیندانەکانی عێراقی گرتەوە دەرکەوت کە زیاتر لە نیوەی باڵەخانەکانی زیندانەکان لە دۆخێکی خراپتردان، بەم شێوەیە پۆلێنکراون: - زۆر باشە: 15.06% - باشە: 28% - قبوڵکراوە یان کۆن: 56% ئەم ئەنجامانە لەگەڵ ڕاپۆرتەکانی پێشوودا یەکدەگرێتەوە کە ئاماژەیان بەوە کردووە کە 83%ی زیندانەکان بۆ نیشتەجێبوونی مرۆڤ ناشایستەن، بەو پێیەی بەدەست: خراپی هەواگۆڕکێ و قەرەباڵغی، دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە درمیەکان و پێست. 50%ی زیندانەکان لە ناوچەی نیشتەجێبوونی نائارامدان. 33% دەستشۆرەکان لەڕووی تەندروستییەوە شیاوی بەکارهێنان نین، 60% سابوون و پاککەرەوەی سەرەتایییان تێدا نییە. نەبوونی تەواوەتی (100%) لە ئاسانکاری بۆ ئەو کەسانەی کە پێویستی تایبەتیان هەیە. 80%ی زیندانەکان جێگەی نوستن و جلوبەرگی پیسکراو بۆ زیندانییە نوێیەکان بەکاردەهێننەوە، ئەمەش بەشدارە لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی. 2. ناتەواوی خۆراک و گەندەڵی دارایی سەرەڕای بودجەی تا 8 دۆلار بۆ هەر زیندانییەک بۆ دابینکردنی سێ ژەم لە ڕۆژێکدا، بەڵام زیندانەکانی عێراق ڕووبەڕووی کێشەی گەورە دەبنەوە لەوانە: 77%ی زیندانەکان هۆڵی نانخواردنی تایبەتیان نییە، ئەمەش زیندانییەکان ناچار دەکەن لە شوێنی نووستنیاندا نان بخۆن. تەنها 53%ی زیندانەکان دوکانیان تێدایە کە پێداویستی دەفرۆشن، بەڵام بە دوو نرخ (2-3 هێندەی نرخی بازاڕ)، وە زۆرجار کاڵاکان بەسەر دەچوون. خراپی کوالێتی ژەمەکان سەرەڕای بودجەی تەرخانکراو، ئاماژەیە بۆ گەندەڵی دارایی و خراپ بەڕێوەبردن. 3. قەیرانی تەندروستی و کەمی خزمەتگوزاری پزیشکی زیندانەکانی عێراق بەدەست کەمیی چاودێری تەندروستییەوە دەناڵێنن و ئەمانەی خوارەوە تۆمارکراون: 73%ی بنکە تەندروستییەکان پزیشکی پسپۆڕیان نییە. 93% زیندانەکان بەدەست کەمی دەرمان و پێداویستی پزیشکییەوە دەناڵێنن. 100% زیندانەکانی ژنان پزیشکی ئافرەتانیان نییە، سەرەڕای بوونی زیندانی دووگیان. 70%ی زیندانەکان چاودێری تەندروستی پێویست بۆ ئەو منداڵانەی کە یاوەری دایکیانن دابین ناکەن. خشتەی نەخۆشییە بەربڵاوەکان کێشە تەندروستییەکان بریتین لە: بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە درمیەکان (وەک سیل و هەوکردنی جگەر) بەهۆی قەرەباڵغی و خراپی پاک‌وخاوێنی. ڕێژەی بەرزی تێکچوونی دەروونی و خۆکوشتن. دەرمانی سەرەکی (وەک دەرمانی ئازارشکێن) لە ناو زیندانەکاندا بە دوو هێندە نرخ دەفرۆشرێن. 4. قەرەباڵغی و فرەیی دەزگا سەرپەرشتەکان؛ 90%ی زیندانەکان بە شێوەیەکی زۆر قەرەباڵغن و هەندێکیان بە توانای 300% کاردەکەن. فرەیی دەزگاکانی چاودێری دەبێتە هۆی نایەکسانی لە خزمەتگوزارییەکان: وەزارەتی داد: 16 شوێن. وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەکان: 13 شوێن. وەزارەتی کار (هەرێمی کوردستان): 3 شوێن. بوونی ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن و دەستگیرکردن، کە سەر بە دەزگاو دامەزراوە ئەمنییەکانی دیکەن، وەک وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، وەزارەتی بەرگری، وەزارەتی هەواڵگری و هێزەکانی حەشدی شەعبی، دەبێتە هۆی ناتەبایی لە یاسا و ڕێسا و ڕێنماییەکانی بەڕێوەبردنی مافی سزادراوان و دەستبەسەرکراوان، نایەکسانی و نادڵنیایی لە دەستەبەرکردنی مافەکان. 5. گەندەڵی و سەرپێچی لە ناو زیندانەکاندا؛ بڵاوبوونەوەی بەرتیل و بێزارکردن لەلایەن کارمەندانی زیندانەوە لە بەرامبەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان. فرۆشتنی مۆبایل و پێداویستی ڕۆژانە بە نرخێکی زۆر. تۆمارە دزەپێکراوەکان دەیسەلمێنن کە بەرپرسان بەرتیلیان وەرگرتووە لە بەرامبەر سووککردنی بارودۆخی هەندێک لە زیندانییەکان. ئەنجامی ڕاپرسییەک لەسەر بارودۆخی زیندانەکانی عێراق دەرکەوتووە، زیاتر لە نیوەی باڵەخانەکانی زیندانەکان وێرانن و شیاوی نیشتەجێبوونی مرۆڤ نین، ئەمەش لە کاتێکدایە کە قەیرانی خۆراک و تەندروستی خراپتر دەبێت کە لە ئەنجامی بەربڵاوی گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن دروست دەبێت. توێژینەوەکە تیشکی خستۆتە سەر ئەوەی کە قەرەباڵغییەکی زۆر لە زیندانەکاندا ڕاستەوخۆ بەشدارە لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و توندوتیژی لەنێو زیندانییەکاندا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە چاودێرییەکی کاریگەر و فرەیی دەزگا سەرپەرشتیارەکان، دەبێتە هۆی توندبوونەوەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ. ئەم ئەنجامانەی ئەو ڕاپرسییەی لە بارەی دۆخی زیندانەکانی عێراقەوە دەریدەخەن، جەخت لەسەر پێویستی بەپەلە دەکەنەوە بۆ دەستپێکردنی چاکسازیی هەمەلایەنە و بەپەلە، لەوانە: نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابووری، باشترکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و خۆراک، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کارگێڕی، و یەکخستنی چاودێری لەژێر یەک دەزگای فەرمیدا بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی مافی زیندانییەکان و باشترکردنی بارودۆخی دەستبەسەرکردن بەگوێرەی ستانداردە مرۆییەکان. چوارەم: چوارچێوە یاساییەکانی قەدەغەکردنی مامەڵەی خراپ لەگەڵ زیندانیان لە عێراق: قەدەغەکردنی مامەڵەی خراپ لەگەڵ زیندانیان لە عێراقدا لەسەر کۆمەڵێک یاسا و پابەندی نێودەوڵەتییە کە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ زامن دەکەن و ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ بە هەموو شێوەکانیانەوە قەدەغە دەکەن. 1. چوارچێوەی یاسایی عێراق: دەستووری عێراق گەرەنتی پاراستنی تاکەکان دەکات لە دەستبەسەرکردنی نایاسایی و هەموو جۆرە ئەشکەنجەدان و مامەڵەیەکی نامرۆڤانە. مادەی 37 بەڕوونی "ئەشکەنجەدانی دەروونی و جەستەیی و مامەڵەی نامرۆڤانە" قەدەغە دەکات و مافی داوای قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی ماددی و ئەخلاقی کە لە ئەنجامی ئەو جۆرە پێشێلکارییانەدا دێتە ئاراوە، گەرەنتی دەکات. هەروەها مادەی 15 مافی ئاسایش و ئازادی دووپات دەکاتەوە و زەوتکردن یان سنووردارکردنی ئەو مافانە قەدەغە دەکات جگە لە بڕیارێکی دادوەری کە لەلایەن دەسەڵاتێکی تایبەتمەندە دەرچووە. سەبارەت بە تاوانە تاوانکارییەکان، مادەی 333 لە یاسای سزادانی عێراقی سزای زیندانیکردن یان ڕاگرتن بۆ هەر فەرمانبەرێک یان بریکارێکی گشتی دیاری دەکات کە تۆمەتبار، شایەتحاڵ، یان پسپۆڕێک ئەشکەنجە بدات یان فەرمانی ئەشکەنجەدانی بدات بە ئامانجی ناچارکردنی دانپێدانان، پێدانی زانیاری، شاردنەوەی بابەتێک، یان دەربڕینی بۆچوونێکی تایبەت. چەمکی ئەشکەنجە بەکارهێنانی هێز یان هەڕەشە لەخۆدەگرێت. جگە لەوەش، مادەی 332 لە یاسای سزادان، "بەکارهێنانی دڕندەیی" لەلایەن بەرپرسێکی گشتی یان بریکارێکەوە بە تاوان دەزانێت ئەگەر لە ئەنجامدا کەسێک زیان بە ناوبانگ یان کەرامەتی بگات یان ئازاری جەستەیی لێبکەوێتەوە. 2. پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان: بە پشتبەستن بە پابەندبوونی بەو پەیماننامە نێودەوڵەتیانەی کە پەسەندی کردوون، عێراق ئەرکی ڕێزگرتن و دەستەبەرکردنی مافی ئازادی و ئاسایش و قەدەغەکردنی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپی لەسەرە. ئەم پەیماننامە سەرەکیانە بریتین لە: ڕێککەوتننامەی دژی ئەشکەنجە و مامەڵە یان سزای دڕندە و نامرۆڤانە وەک؛ - پەیمانی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان. - ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی هەموو کەسەکان لە دیارنەمانی زۆرەملێ. - ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ. - ڕێککەوتننامەکانی جنێڤ لە ساڵی 1949. پەیماننامەکانی مافی مرۆڤ کە لەلایەن عێراقەوە پەسەندکراون، مافی دادگایی‌کردنی دادپەروەرانە و قەدەغەکردنی ڕەهای ئەشکەنجەدان دووپات دەکەنەوە. ئەمەش پارێزبەندییە بنەڕەتییەکانی وەک قەدەغەکردنی پشکنینی دادگاکان لە هەر بەڵگەیەک کە لە ڕێگەی ئەشکەنجەدانەوە بەدەست هاتبێت و قەدەغەکردنی ناچارکردنی هەر تۆمەتبارێک بۆ ئەوەی وتە بدات لە دژی خۆی یان دان بە تاوانەکەیدا بنێت. هەروەها ئەم پەیمانانە مافی تۆمەتبار گەرەنتی دەکات، کە کاتێکی گونجاو بۆ ئامادەکردنی بەرگرییەکەی، بتوانێت لێکۆڵینەوە و تەحەدای بەڵگە و شایەتحاڵەکان بکات کە لە دژی بەکارهێنراون، هەروەها بەڵگە و شایەتحاڵی خۆی بخاتەڕوو. ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە "پابەندبوونی دەوڵەت بۆ ڕێزگرتن لە قەدەغەکردنی ئەو جۆرە کارانە ڕەها و ناتەندروستە"، واتە هیچ بارودۆخێکی ناوازە، هەر سروشتێکیان بێت، ناتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ ئەوەی پاساو بۆ ڕاگرتن یان جێبەجێنەکردنی قەدەغەکردنی بەکارهێنانی ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپ بەکاربهێنرێت. سەرچاوە؛ شبکة الساعة، "الساعة" تضع السجون العراقية تحت المجهر.. متاهة العدالة المفقودة وحكايات الظلم، 2025-04-10؛ https://shorturl.at/SZEQi
ئامادەكردنی: هەڵۆ حەسەن پەكین، 2025 - لە بەڵگەنامەیەكی وردی سیاسەتدا بە ناوی "هەڵوێستی چین لە هەندێك پرس سەبارەت بە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی چین و ئەمەریكا"، حكومەتی چین بەرگرییەكی بەهێزی لە پراكتیزە بازرگانییەكانی كردووە و دیدگای خۆی سەبارەت بە پەرەسەندنی گرژییەكان لەگەڵ ئەمریكا خستۆتە ڕوو. لە كاتێكدایە كە باج و سزا نوێیەكانی ئەمەریكا و قسەكردن لە واشنتۆن سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی دۆخی پەیوەندییە بازرگانییە ئاساییە هەمیشەییەكانی چین دێت،واشنتۆن ڕەخنەی لە پەكین گرتووە بەهۆی پراكتیزە بازرگانییە نادادپەروەرەكان و گواستنەوەی تەكنەلۆژیای زۆرەملێ چین جەخت لەوە دەكاتەوە كە پەیوەندییە بازرگانییەكەی لەگەڵ ئەمریكا "لە سروشتدا سوودی بۆ هەردوولا و بردنەوە-بردنەوە" بووە، كە بنەمای دەیان ساڵە هاوكاری و وابەستەیی ئابووری سەرسوڕهێنەر بووە قەبارەی بازرگانی چین و ئەمەریكا چین و ئەمریكا بوونەتە دوو گەورەترین و دەرئەنجامترین هاوبەشی بازرگانی یەكتر. لە ساڵی ٢٠٢٤دا قەبارەی بازرگانی دوولایەنە بە كاڵاكان گەیشتە ٦٨٨.٣ ملیار دۆلار، لە كاتێكدا لە ساڵی ١٩٧٩دا تەنها ٢.٥ ملیار دۆلار بوو، كە ٢٧٥ هێندە زیادیكردووە. هەناردەی ئەمریكا بۆ چین لە ١٩.٢ ملیار دۆلارەوە لە ساڵی ٢٠٠١ (كاتێك چین پەیوەندی بە ڕێكخراوی بازرگانی جیهانییەوە كرد) بۆ ١٤٣.٦ ملیار دۆلار لە ساڵی ٢٠٢٤ بازدانی بەخۆیەوە بینی، كە بە ڕێژەی ٦٤٨% زیادی كردووە، لە كاتێكدا تەنها ١٨٣% گەشەی هەناردەی ئەمریكا لە ئاستی جیهانیدا لە هەمان ماوەی ساڵدا چین وەك گەورەترین بازاڕی هەناردەكردنی سۆیا و پەتاتەی ئەمەریكی بە ڕێژەی 51.7% و 29.7%ی كۆی هەناردەكردنی ئەمەریكا لەم پۆلانەدا هاوردە دەكات. هەروەها هاوردەكاری سەرەكی گازی شل و ئۆتۆمبێل و خەڵوز و ئامێرە پزیشكییەكانی ئەمەریكایە. لە بواری خزمەتگوزارییەكان، ئەمەریكا لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٢٦.٥٧ ملیار دۆلاری زیادەی لەگەڵ چین هەبووە، لەگەڵ هەناردەكردنی خزمەتگوزارییەكانی ئەمەریكا - لەوانەش گەشتیاری، پەروەردە و ڕۆیاڵیتی - لە ساڵی ٢٠٠١ەوە هەشت هێندە فراوانتر بووە. لە ڕاستیدا، گەشتیارانی چینی بە تەنیا ١٤%ی هەموو هەناردەكردنی خزمەتگوزارییەكانی ئەمریكا بۆ چین لە ساڵی ٢٠٢٣دا پێكهێناوە چین وەك شوێنێكی گرنگی وەبەرهێنان و هاوبەشێك بۆ كۆمپانیا ئەمریكییەكان لە ساڵی ٢٠٢٢دا، ١٩٦١ كۆمپانیای ئەمەریكی كە لە چین كاردەكەن، ٤٩٠.٥ ملیار دۆلار داهاتیان بەدەستهێناوە — كە زۆر زیاترە لەو ٧٨.٦ ملیار دۆلارەی كە كۆمپانیا چینییەكان لە ئەمەریكا بەدەستیان هێناوە تا كۆتایی ساڵی ٢٠٢٤، چین دووەم گەورەترین خاوەنی بۆندەكانی گەنجینەی ئەمریكا بووە، كە ٧٥٩ ملیار دۆلاری هەبوو، ئەمەش جەخت لەسەر تێكەڵبوونی قووڵی دارایی دەكاتەوە هەروەها -لە ساڵی ٢٠٢٣دا، ١٩٢٠ كۆمپانیای نوێی ئەمەریكی لە چین دامەزراون — كە بە بەراورد بە ساڵی پێشوو بە ڕێژەی ٥٢% زیادی كردووە چین بانگەشەی ئەوە دەكات كە ڕێزی لە ڕێككەوتنی ئابووری و بازرگانی قۆناغی یەكەم گرتووە كە لە ساڵی ٢٠٢٠ واژۆ كراوە، بە ئاماژەدان بە چاكسازییە یاساییەكانی وەك یاسای وەبەرهێنانی بیانی (٢٠١٩) و یاسای مۆڵەتی كارگێڕی، چین دەڵێت هیچ لایەنێكی فەرمی ڕێگەی پێ‌نادرێت گواستنەوەی تەكنەلۆژیا بە زۆر بكات بانكە ئەمەریكییەكانی وەك جەی مۆرگان و گۆلدمان و ئەمریكن ئێكسپرێس و ماستەركارد مۆڵەتیان چین وەرگرتووە چین هاوردەكردنی گۆشتی مانگا، پەلەوەر، شیرەمەنی، جۆ، ئەڤۆگادۆ و زۆر شتی تری ئەمەریكی دەستیپێكردەوە یان فراوانتری كرد — سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی كە بەهۆی كۆڤید19 دروستیان كرد راپۆرتە فراوانەكەی پەكین واشنتۆن تۆمەتبار دەكات بەوەی كە نەیتوانیوە كۆتاییهاتنی ڕێككەوتنی قۆناغی یەكەمی خۆی بپارێزێت، بە تایبەتی لە بوارەكانی وەك: گواستنەوەی تەكنەلۆژیا: داواكارییەكانی ئەمەریكا بۆ فرۆشتنی تیك تۆك و سنوورداركردنی وەبەرهێنانی دەرەوە لەلایەن چینەوە وەك "ناچاری ئابووری" سەیر دەكرێت هاوكاری كشتوكاڵی: ئەمەریكا لە ناساندنی ناوچە بێ نەخۆشییەكانی چین بۆ هەناردەكردنی پەلەوەر وەستاوە و هاوكاریی قڕكەری هاوبەشی ڕەتكردووەتەوە جیاكاری دارایی: بەپێی زانیارییەكان بانك و كۆمپانیا چینییەكان سەرەڕای پابەندبوون بە لە ئەمریكادا، ڕووبەڕووی مامەڵەی نایەكسان دەبنەوە كۆنترۆڵی هەناردەكردن و لیستی ڕەش: سزاكانی ئەمەریكا لەسەر كۆمپانیا چینییەكان هاوردەكردنی نیمچە هێڵكارییەكانی تێكداوە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا بە ڕێژەی ٢٣% كەمیكردووە، و پابەندبوونەكانی قۆناغی یەكەمی كەمكردووەتەوە جێگای ئاماژەیە، چین هەڵیبژارد كە بانگەشە بۆ میكانیزمی ناكۆكییەكانی ڕێككەوتنەكە نەكات، هەروەها بەپێی بڕگەكانی هێزی زەبەلاح نەكشایەوە — سەرەڕای پەتاكە و پەرەسەندنی سنوورداركردنەكانی ئەمریكا. پەكین ئەم خۆگرتنە وەك بەڵگەیەك بۆ "دڵسۆزی و بەرپرسیارێتی" خۆی لە چوارچێوەیەكدا دادەنێت چین ئەمریكا تۆمەتبار دەكات بە "یەكلایەنە و پارێزگاریخوازی"، بە ئاماژەدان بە پاساوەكانی "ئاسایشی نیشتمانی" كە بەكاردەهێنرێن بۆ ڕێگریكردن لە كۆمپانیا چینییەكان لە وەبەرهێنان یان فرۆشتن لە ئەمەریكا كۆنترۆڵی هەناردەكردن كە تەواوی پیشەسازییەكان، و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان دەكاتە ئامانج سەرەڕای زیادبوونی گرژییەكان، حكومەتی چین داوای خۆی بۆ گفتوگۆ و ڕێزگرتن لە یەكتر و فرەلایەنی دووپاتدەكاتەوە. پێداگری لەسەر ئەوە دەكات كە چین-ئەمەریكا. پەیوەندییە ئابوورییەكان - كە لە ماوەی دەیان ساڵدا دروستكراون - نابێت بە فشاری سیاسی كورتخایەن هەڵبوەشێنرێنەوە لە راپۆرتەكەدا هاتووە: "هەردوو وڵات دەبێ خۆشگوزەرانی گەلەكەیان و سەقامگیری ئابووری جیهان لە پێشینەی یەكلایەنە و زۆرەملێدا دابنێن"،پەیامەكە ڕوونە: چین خۆی وەك هاوبەشێكی ئامادە دەبینێت، و داتاكانی هەیە بۆ پشتگیریكردنی كەیسەكەی سەرچاوە: نیازنامە/وەرەقەی سپی لەلایەن وەزارەتی بازرگانی چین، نیسانی ٢٠٢٥- http://english.scio.gov.cn/whitepapers/2025-04/09/content_117814362.html
درەو: ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبەجەی پەسەندكردو هەڵەبجە بووە (4)یەمین پارێزگای هەرێم و (19)یمین پارێزگای عێراق لە دانیشتنی ئەمرۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، مەشهەدانی و مەندەلاوی دانشتنەكەیان بەجێهێشت. مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەرەتای دانیشتنەكەدا كۆبوونەوەكەی جێهێشت و موحسین مەندەلاوی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان دانیشتنەكەی بەڕێوەبرد، هەرچوار مادەكەی خستە دەنگدانەوە مادە بە مادە پەسەندكران، دواتر یاسر مالكی لە دەوڵەتی یاسا ناڕەزایی دەربڕی بۆیە موحسین مەندەلاویش دانشتنەكەی جێهێشت، دواتر شاخەوان عەبدوڵا جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە شوێنی سەرۆكی پەرلەمان دانیشت و كۆی پرۆژە یاساكەی خستە دەنگدانەوەو پرۆژە یاساكە پەسەندكرا، بەڵام بەشێك لە ئەندامانی فراكسیۆنە شیعەكان ناڕازیبوون و واژۆیان كۆكردەوە لە دژی پەسەندكردنی پرۆژە یاساكە، بەڵام سەرجەم فراكسیۆنە كوردییەكان ئامادەبوون. شاخەوان عەبدووڵا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند بەداخەوە خاوەنی بەڵێنەکانیان نەبون، هەم سەرۆکایەتی پەرلەمانیان بەجێهێشت، هەم بەشێکیان پەرلەمانیان بەجێهێشت. پرۆژە یاساكە لە (4) مادەو هۆكاری دەرچواندنی پێكهاتووە. پارێزگای هەڵەبجە لە (2) قەزاو (3) ناحیە پێكهاتووە
درەو: سبەیینێ وەفدی دانوستانكاری پارتی و یەكێتی بۆ دابەشكردنی پۆستەكان كۆدەبنەوە، دوای چوار مانگ لە گفتوگۆ‌و چەندین كۆبوونەوە ئینجا رەشنوسی پرۆژەی حوكمڕانی ئامادەكرا، گفتوۆكردن و رێككەوتن لەسەر شێوازی دابەشكردنی پۆستەكان چەندین كۆبوونەوەو دانیشتنی دەوێت ئەگەر سەرەتای مانگی داهاتوو سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرێت رێوشوێنەكانی هەڵبژاردن و سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم و راسپاردن و متمانەدان بەكابینەی دەیەم دوو مانگی پێویستە و دەكەوێتە مانگی تەمووز واتا چاوەڕوان دەكرێت رۆژی 20/10/2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، دوای 176 رۆژ واتا نزیكەی شەش مانگ هێشتا پەرلەمان و حكومەت پێكنەهاتووە، سەرەڕای ئەوەی چەندین لایەنی سیاسی كورسی پەرلەمانیان بەدەستهێنا بەڵام گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت تەنیا لە نێوان یەكێتی و پارتی دەكرێت. كۆبوونەوەو دانوستانی پارتی و یەكێتی بۆ ئامادەكردنی رەشنوسی پرۆژەی حوكمڕانی چوار مانگی پێویستی بوو لە (30/11/2024 یەكەم كۆبوونەوەكراو دوا كۆبوونەوەش 18/3/2025) بۆیە چاوەڕوان دەكرێت بۆ پرسی یەكلاكردنەوەی پۆستەكانیش زیاتر لە دوو مانگ پێوست بێت لەبەر ئەوەی ئەگەری ئەوە هەیە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێ لەدوای مانگی شەش و حەوتەوە بێت. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) تا ئێستا بەشێوەی فەرمی لەسەرمێزی گفتوگۆ وەفدی دانوستانكاری پارتی و یەكێتی پاسی پۆستەكانیان نەكردووە، بەڵام گفتوگۆی یەكێتی و پارتی لەناو خۆیان و لەگەڵ یەكدی هەبووە لەسەر پۆستەكان. لای یەكێتی چەند بژاردەیەك لەبەردەستدایە بۆ شێوازی دابەشكردنی پۆستەكان لەوانە: - دابەشكردنی پۆستەكان بەشێوەی خاڵ واتا پۆستی سەرۆك وەزیران چەند خاڵێك و جێگری سەرۆك وەزیران چەند خاڵێك و وەزیرەكانیش هەریەكەو خاڵ بەخاڵ دیاری دەگرێت - دابەشكردنی پۆستەكان بە پێی ستونی دیاریكراوە واتا سەرۆك وەزیران و چەند وەزیرێك لە ستونێك و جێگری سەرۆك وەزیران و چەند وەزیرێك و پۆستەكانی دیكە لە ستونێكی تر . - پۆلێنكردنی پۆستەكان بەپێی لیستی (A,B,C) لای پارتی دیموكراتی كوردستان: - پۆلێنكردنی پۆستەكان بەپێی (A,B,C) واتا گروپێك لە وەزارەتەكان لە (A) دەبن: وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی دارایی، وەزارەتی سامانەسروشتیەكان، وەزارەتی پێشمەرگە، وەزارەتی داد،،، گروپێك لە وەزارەتەكان لە (B) دەبن بەو شێوەیە ئەوەی پارتی دەیەوێت لە دابەشكردنی پۆستەكان بەهەمان شێوازی كابینەی پێشوو واتا پۆستە باڵاكان بەم شێوەیە یەكلابكرێنەوە: - پۆستی سەرۆكی حكومەت بۆ پارتی - پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ پارتی - جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ یەكێتی - جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ یەكێتی - سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی - جێگری سەرۆكی پەرلەمان بۆ پارتی - سكرتێری پەرلەمانی كوردستان بۆ پێكهاتەی مەسیحی - توركمان لە حكومەت وەزارەتی پێدەدرێت سەرچاوەیەك لە یەكێتی بە (درەو)ی راگەیاند تا ئێستاش یەكێتی سورە لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێم بەدەستبهێنێت و تەركیزی لەسەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان نیە، چونكە یەكێتی پێی وایە سەرۆكی پەرلەمان دەسەڵاتی نیەو لەپەرلەمان سەرۆكایەتیە واتا بەهەرسێكیان بڕیارەكان دەردەكەن بەڵام بەپێچەوانەوە لە حكومەت سەرۆكی حكومەت خۆی بڕیار دەردەكات. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لە دابەشكردنی پۆستە حكومییەكاندا پارتی هێڵی سوری تەنیا لەسەر وەزارەتی ناوخۆ هەیەو بەلایەوە ئاساییە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان یان دارایی بداتە یەكێتی، یەكێتی و پارتی وا رێككەوتوون كە پۆستەكان لەنێوان خۆیان دابەشبكەن و هەریەكەیان لە پشكی خۆی ئەگەر ویستی پۆست بدات بەلایەن و پێكهاتەیەكی دیكە. رەنگە ووردەكاری دابەشكردنی پۆستەكان و یەكلاكردنەوەیان كاتێكی زۆری بوێت، بۆیە یەكلاكردنەوەی پۆستەكان و رێككەوتن كاتێكی زۆری دەوێت، هەرچەندە پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت لەسەرەتای مانگی داهاتوو پەرلەمان پێكبێت و سەرۆك و جێرو سكرتێر هەڵبژێردرێت و پەرلەمان كۆببێتەوە، دواتر سەرۆكی هەرێم و حكومەت پێكبهێندرێت. خۆ ئەگەر دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لە سەرەتای مانگی ئایار (5)ەوە هەڵبژیێردرێت ئەوا پێكهێنانی حكومەت دەكەوێتە مانگی تەموز چونكە هەڵبژاردن و سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نزیكەی مانگێكی پێویستەو پێكهێنانی كابینەو سوێندخواردنی مانگێكی پێویستە. بەپێی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2019یاسا كاراكردنی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەمواری شێوازی سەرۆكی هەرێم، بەپێی مادەی (4) لە خاڵی یەكەمی بڕگەی یەكەمی دا هاتووە دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەماوەی (30)رۆژدا رێكارەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم دەستپێدەكات. واتا هەڵبژاردن و سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ماوەی (30) رۆژ دەخایەنێت، بەپێی بڕگەی (3) و (4) لەمادەی (56)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەمواركراوی 1992 دەستنیشانكردنی سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردن و متمانەپێدانی سەرۆكی ئەنجومەن و كابینەكەی لەدەسەڵاتی پەرلەمانی كوردستانە وبەڵام بەپێی برگەی (١٢) لەماددەی (١٠)ی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە (١) ساڵی ٢٠٠٥ی هەموارکراو، (پاش ناونانی لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، کاندیدی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی وەزاری لە ماوەیەکدا کە لە (٣٠) رۆژ تێپەر نەکات. واتا ناونان و راسپاردن و سوێندخوادرنی كابینەی نوێ ئەویش (30) رۆژی پێدەچێت بۆیە، واتا دوای رێككەوتنی یەكێتی و پارتی لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێ، هەڵبژاردن و سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم و رێكارەكانی كابینەی نوێ و سوێندخواردنی بەهەردووكیان (60) رۆژی پێویستە، لەبەر ئەوە ئەگەر سەرەتای مانگی ئایار سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان پێكبهێندرێت ئەوا لە ناوەڕاستی مانگی تەمووز كابینەی نوێ پێكدەهێندرێت، كە هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق. راپۆرتی پەیوەندیدار بەمزووانە كابینەی نوێی حكومەت پێكناهێندرێت زۆرینەی ڕەها بۆ هەڵبژاردنی سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق داواكارییەكی دانا ئەحمەد مەجید رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕانی رەتكردەوە تایبەت بە بەستنی كۆنفرانسی برزووتنەوەی گۆڕان، هەرچەندە كۆمسیۆن دانی نەناوە بە كۆنفرانسەكەی گردی زەرگەتەدا. لە نوسراوەكەی كۆمسیۆندا كە ئاماژەی بە نوسراوێكی دانا ئەحمەد مەجید كردووە ژمارە (13) لە رۆژی 24/3/2025 یه‌كه‌م: پاڵپشت به بڕیاری ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران ژماره (1)ـی كۆنووسی نائاسایی ژماره (48) له 11/9/2024، كه تێیدا ده‌سه‌ڵاتی رێكخه‌ری گشتی و خانه‌ی راپه‌ڕاندنی دیاریكردووه بۆ ماوه‌ی (6) مانگ كه له 11/3/2025 كۆتایی دێت. *داواكه‌ی دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید بریكاری رێكخه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌كه (عومه‌ر عه‌لی حسێن) له 24/3/2025 له كاتێكدایه كه رێكخه‌ری گشتی حزب ماوه‌ی به‌سه‌رچووه. دووه‌م: نووسراوه‌كه‌تان له‌ژێر ناونیشانی به‌ستنی كۆنگره‌دایه، به‌ڵام له ناوه‌ڕۆكدا هیچ ئاماژه‌یه‌كی تێدا نییه بۆ دیاریكردنی واده‌یه‌ك بۆ به‌ستنی كۆنگره و دیاریكردنی شوێن و كات، به‌و پێیه‌ی كه له بڕیاری ئه‌نجومه‌ندا هاتووه. سێیه‌م: ئه‌و ده‌ست له‌كاركێشانه‌وانه‌ی له‌لایه‌ن دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید بریكاری رێكخه‌ری گشتی ماوه‌به‌سه‌رچوو پێشكه‌ش كراون، پێویسته به داواكاری كه‌سی (كشانه‌وه) پێشكه‌ش بكرێن و كارتی نیشتمانی هاوپێچ بكرێت تا وردبینی بۆ بكرێت و له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌كه‌وه پشتی پێببه‌سترێت. كۆمسیۆن رایگه‌یاندووه كه "بۆیه له‌ژێر رۆشنایی ئه‌و هۆكارانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا، ره‌زامه‌ندی نادرێت له‌سه‌ر داواكه‌تان بۆ به‌ستنی كۆنگره، چونكه داواكه‌تان پێچه‌وانه‌ی یاسای پارته سیاسییه‌كان و بڕیاری ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی ئاماژه پێدراوه".
خالید سلێمان، توێژەری بواری ژینگەیی پرۆسەی ئەنفال كە جینۆسایدكردنی خەڵكی كوردستان بوو لە ساڵی 1988، لە دەمێكدابوو كە زەوی گەرم بوو، هەموو ئاماژەكانی گۆڕانكاری كەشوهەوا درووست بووبوو، لەلایەكی ترەوە هەرچی شەڕو هەرچی ماڵوێرانی هەیە، لەسەردەمی كۆڵۆنیالیزمەوە تا ئەمڕۆ بەشدارییەكی راستەوخۆیان هەبووە لە تێكدانی سیستەمی سروشتی و سیستەمی ژینگەیی لە زۆرناوچەی جیهاندا. كوردستانیش لە ساڵی 1988 لەكاتی پرۆسەی ئەنفالدا توشی ئەمەبوو، چونكە هەموو هێرشەكانی سوپای بەعس بوونە هۆی وێرانكردنی سیستەمی ژینگەیی لە هەرێمی كوردستاندا، ئەگەر لە دارستانەكانەوە بیگرین، ئەگەر لەسەرچاوەكانی ئاوەوە بیگرین، تەنانەت ئەگەر لە خاكی كوردستانیشەوە بیگرین و هەروەها ئاو‌و هەوای كوردستانیش، ئەم خەسڵەتانە كە سیستەمی ژینگەیی لە هەرێمی كوردستان پێكدەهێنن، كەوتنە بەر هێرشێكی بێوێنە، لەبەكارهێنانی چەكی كیمیاوی و هەمووجۆرە چەكێكی نوێ كە ئەو كاتە رژێمی بەعس لەبەردەستیدابوو. لە كۆتاییدا ئەو سیستەمە ژینگەییەی كە هەبوو لە كوردستاندا گەیشتە ئاستێك كە ئیتر توانای ژیانی تیا نەمێنێت، لە زۆر شوێندا كە چەكی كیمیاوی و بۆمپی پێشكەوتوو بەكاردەهێندرا ئەمە تەنیا نابووە هۆی لەناوبردنی دارستان و خاكەكەی بەڵكو دەبووە هۆی لەناوبردنی كۆی سیستەمی ژینگەیی كە لەناویدا باڵندەو مێروویی ناوی هەیە ئەمە سەرەرای لەناوبردنی سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان كە دەبێتە هۆی لەناوبردنی گیانەوەرە ئاوییەكانی ناو سەرچاوە ئاوییەكان كە لە كوردستاندا هەبوون. خاڵێكی تر كە كەمتر تەركیزی لەسەرە ئەوەیش ئەوەیە گوندنشینەكانی كوردستان كولتورێكی خۆڕسكیان هەبوو، لە پەیوەندیدا لەگەڵ سیستەمی ژینگەیی بە نمونە پەیوەندی لەگەڵ ئاودا لەگەڵ سەرچاوە سروشتییەكانی وەك دارستان و خاكدا ئەم كلتورە لەناوبرا چونكە لادێكانی كوردستان ئەنفالكران و راگوێزران بۆناو كۆمەڵگا زۆرەملێكان، ئەمانە نەوەیەك هەبوون لە ژیاندا نەمان نەوەیەكی تر هەیە لەوانەیە مابێتن بەڵام ئەم نەوەیە لەماوەی ئەم دووسێ دەیەیەدا بنەما كولتورییەكانی خۆی لەدەستداوە، كە پەیوەندی چۆن بوو لەگەڵ سروشتدا لەگەڵ سیستەمی ژینگەییدا پەیوەندی چۆن بوو لەگةڵ خاك و ئاو‌و هەوادا، دواتر لە ئۆدوگا زۆرەملێكاندا نەوەیەكی تر لەدایك بوو ئەم نەوەیە بەهیچ شێوەیەك بە سیستەمی خۆڕسكی خۆی ئاشنا نەبووە. بەگشتی كۆمەڵگای گوندنشینانی كوردستان كۆمەڵگای ژینگە پارێزبوون، كە خاوەنی كلتورێكی خۆڕسكی بوون تەنانەت ئێستا جیاوازییەكی زۆر گەورە هەیە لە نێوان گوندنشینەكانی پێش ئەنفال و دوای ئەنفال، گوندەكانی پێش ئەنفال لەو كەرەستانە پێك هاتبوون كە بەشێك بوون لە سروشتی كوردستان خۆی، بۆ نمونە پێش ئەنفال خانووی قڕ هەبوو كە هیچ زیانێكی نەبوو بۆ ژینگە، چونكە وزەیەكی كەمی تیا بەكاردەهێندرا، گازی گەرمكەرەوە ی نەبوو بۆ كەشوهەوا بەڵام گوندەكانی ئەمڕۆ هەموویان بوونەتە كۆنكرێت، ئەمانە لەبری هەڵمژینی گازە گەرمخانەیەییەكان گازە، بەپێچەوانەوە گازی گەمرخانەیی دەمژن.
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) لە دوو هەفتەی ڕابردوودا دەنگەدەنگ و هات و هاوارێکی زۆر، لە ڕاستیدا جەنگێکی رەمزیی سەرسەخت، لەسەر کەسایەتی و پێگەی سەلاحەدینی ئەیوبی لە مێژوودا دروستبوو. لەم جەنگە رەمزییەدا دوو بەرەی ناکۆک بەریەک دەکەوتن و بەڕووی یەکتریدا دەتەقینەوە. یەکێكیان «بەرەی ئیسلامیزم»ە بە هەموو باڵە جیاوازەکانییەوە، ئەویتریان «بەرەی ناسیۆنالیزم»ە بە هەموو ئەوانەوە کە خۆیان وەک بەرگریکەر لە «نەتەوە» و «خەباتی نەتەوایەتی» نمایشدەکەن. هەردوو بەرەکە خۆیان بە نوێنەری دوو مێژووی جیاواز دەزانن، هەریەکێکیشیان وێنەیەکی تەواو جیاواز بۆ ئەو مێژووە دەکێشێت. وەک هەمیشەش زمانی جەنگە رەمزییەکەیان تەواو زمانێکی بریندارکەر و هێرشبەر و یەکتر نەفیکەرێکی هەمەلایەن بوو. با لەو خاڵەوە دەستپێبکەین کە هەم «ئیسلامیزم» و هەم «ناسیۆنالیزم »دوو ئایدیۆلۆژیای سیاسی تازەن و بەرهەمی گۆڕانکارییە گەورەکانی سەدەی بیستەمن، بە تایبەتی بەرهەمی قۆناخی دوای کەوتنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیی و هاتنی مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوە بۆ ناوچەکەن. بەر لە سەدەی بیستەم هیچ یەکێکیان بوونی لەناو مێژووی ئێمە و مێژووی ناوچەکەدا، نەبووە. بەڵام نە ناسیۆنالیزم و نە ئیسلامیزم دان بەم تازەبوونەی خۆیاندا ناهێنن و هەردووکیان مێژو و کەلەپورێکی دێرین و «رەگوریشە»ی تایبەت بۆ خۆیان دروستدەکەن. مێژووی خۆیان بۆ سەدان ئەگەر نەڵێم هەزران ساڵ لەمەوبەر، دەبەنەوە. ئێرنست گیڵنەر، یەکێک لە گەورە تیوریستەکانی بواری ناسیۆنالیزم، لە وتارێکی بەناوبانگدا بەناوی «ئایا نەتەوە ناو‌کی هەیە»، باس لە تازەبوونی نەتەوە و ناسیۆنالیزم دەکات. گیڵنەر لەو وتارەدا دەپرسێت ئایا نەتەوە «ناوک» یان «سێنتەر» یان «باوک»ێکی دێرینی هەیە و ئایا نەتەوە لەو «ناوک»ە دێرینەوە دروستبووە؟ وەڵامی گیڵنەر ئەوەیە کە نەتەوە تەنانەت لەناو مێژووی ئەوروپا خۆیشیدا دروستکراوێکی تازەیە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەهەم و سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەهەم. گیڵنەر پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە نەتەوە و ناسیۆنالیزم «ناوک»یان نییە، هەردووکیان دروستکراوێکی تەواو تازەی ناو دونیای مۆدێرنن و پەیوەندییان بە دونیای بەر لە دونیای مۆدێرنەوە نییە. «ئیسلامیزم»یش بەهەمان شێوە ئایدیۆلۆژیایەکی تازەیە، لە کۆتایی بیستەکانی سەدەی بیستەمدا دروستدەببێت. دروستکردنی یەکەمین ئۆرگانی ئەم ئایدیۆلۆژیایە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٢٨ کاتێک حەسەن بەنا رێکخراوی «ئیخوانی موسلیمین» دروستدەکات. لە راستیدا لە خۆرهەڵاتی ناوەراستدا بەگشتیی و لە دونیای ئێمەدا بەتایبەتی، ناسیۆنالیزم شتێک لە ئیسلامیزم کۆنترە. ناسیۆنالیزم لە فۆرمە کولتورییە ناسیاسییەکەیدا لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا بوونی هەیە، هەرچی ئیسلامیزمە بەرهەمی راستەوخۆی دوای کەوتن و کۆتایی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییە. بەڵام هیج ئایدیۆلۆژیایەک نییە «ناوک» بۆ خۆی دروستنەکات و «رەگوریشە» و «ریشاڵ»ی دێرین بۆ خۆی دانەهێنێت. ئەوەی لە دوو هەفتەی ڕابردوودا لەسەر مەسەلەی سەلاحەدینی ئەیوبی هاتەکایەوە، بەریەکەوتنی دوو «ناوک»ی ئایدیۆلۆژیی جیاواز و هەڵشاخانیانە بەرووی یەکتریدا. یەکەمیان، ناوکێکە ناسیۆنالیستە 'عەلمانی' یەکان بەرگری لێدەکەن. ئەم ناوکە مێژووی خۆی بۆ سەر نەورۆز و کەسایەتی کاوەی ئاسنگەر دەباتەوە. ئەم «ناوکسازییە» لە پیرەمێردی شاعیرەوە دەستپێدەکات و تا ئەمرۆش زۆر بە خەستی لەناو دەرکەوتە فەرهەنگیی و دەستەجەمعییەکەی ناسیۆنالیزمی کوردی‌دا ئامادەیە و کاردەکات. ئەم گوتارە ناسیۆنالیستییە لە پەیوەندیدا بە کەسایەتی سەلاحەدینی ئەیوبییەوە دیدگایەکی نێگەتیڤی هەیە و سەلاحەدین وەک بەشێک لە «ناوکە» مێژووییەکەی خۆی نابینێت. لەم گوتارەدا سەلاحەدین هیچ شتێکی قابیلی باسکردن و بەرگریلەکردنی بۆ «کورد» وەک هەڵگری جۆرێک لە شوناسی«ئەتنی» و وەک خوازیاری شوناسێکی «نەتەوەیی تایبەت» نەکردوە. بە حوکمی ئەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی لە رۆژی دروستبوونییەوە داوای مافی ئەتنی و نەتەوەیی دەکات، نەک مافی دینیی، بۆیە ئەم ناسیۆنالیزمە لە هەناوی خۆیدا هەڵگری دیدگایەکی نادینیی یان عەلمانییە. ناسیۆنالیزمی کوردی کێشەی کوردی لەگەڵ دەوڵەتە مەرکەزییەکاندا وەک کێشە لەسەر دین نەبینیوە، بەڵکو لەسەر مافی ئەتنیی و نەتەوەییەکان بووە، بۆ نموونە، لەسەر مافی بەکارهێنانی زمان، مافی هەبوونی جۆرێک لە سەربەخۆیی سیاسیی، مافی گەشەدان بەوەی ناو «کولتور» و فەرهەنگی کوردیی لێدەنێت، داواکردنی پێشخستنی «ناوچە کوردییەکان» و مامەڵەکردنیان وەک ناوچەکانی تری ئەو وڵاتانە، هتد.. بە کورتیی مافی نەچەوساندنەوە بێمافنەکردن لەسەر بنەمای شوناسی ئەتنی و نەتەوەیی. مافی هەبوون و ڕێزگرتن و پێشخستنی کورد وەک نەتەوە و کوردبوون وەک شوناسی سەرەکیی ئەو نەتەوەیە. هەرچی «ئیسلامیزم»ە مێژوویەکی زۆر کورتتری لە «ناسیۆنالیزم» لە مێژووی سیاسیی و لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا هەیە. ئەگەر ئیخوانی موسلیمین لە میسر لە ساڵی ١٩٢٨دا دروستبووبێت، ئەوا بوونی راستەقینەی باڵە جیاوازەکانی ئیسلامیزم وەک ئایدیۆلۆژیا و وەک هێزی سیاسیی رێکخراو، بۆ کۆتایی هەشتەکان و بۆ دونیای دوای راپەرین دەگەڕێتەوە. پرۆژەی ئیسلامیزم پرۆژەی دروستکردنی دەسەڵات و حوکمڕانییەکی دینییە، خاڵی هەرەسەرەکیی و بنەڕەتیی ئەم ئایدیۆلۆژیایە پێداگرتنە لەسەر شوناسی دینیی کەسەکان و بینینی خەڵک وەک «موسڵمان». لێرەشەوە دروستکردنی دەسەڵاتێکی دینیی کە لەگەڵ ئەو موسڵمانبوونەدا بگونجێت. لە پرۆژەی ئیسلامیزمدا چۆنیەتی بەستنەوە و گرێدانی «موسڵمانبوون» بە «کوردبوون»ەوە، بەگشتیی و بە «مەسەلەی کورد»ەوە بە تایبەتی، جۆرێک لە پشێویی و فەوزا و تەمومژ لە بیرکردنەوەیاندا هەیە. لانیکەم لای بەشێکی زۆریان. ئیسلامیزم وەک ئایدیۆلۆژیا لەباتی بەرگریکردن لە شوناسی «کوردبوون»، بەرگریی لە شوناسی «موسڵمانبوون» دەکات، یان لە باشترین حاڵەتدا کوردبوون بۆ موسڵمانبوون کورتدەکاتەوە. ئەگەر «مەسەلەی کورد»، وەک باسمانکرد، پەیوەندیی بە مافی دینییەوە نەبێت و لە جەوهەریدا پەیوەندی بە مافی سیاسیی و نەتەوەیی و ئەتنییەوە هەبێت، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئیسلامييەكان چۆن پرۆژە سياسيیەکەیان بەم مەسەلە سەرەکییەوە گرێئەدەن.. ئەم خاڵە وادەکات سەلاحەدینی ئەیوبی، نەک تەنها رۆڵی «ناوک»ێک بۆ هێزە ئیسلامییەکان ببینێت و لە ڕێگای ئەو «ناوک»ەوە رەگوڕیشە و قوولاییەکی مێژووی بۆ خۆیان دروستبکەن، بەڵکو پێداگرتن لەسەر «کوردبوون»ی سەلاحەدین خۆیشی، شتێک لەو قەیرانە فیکرییەیان بۆ چارەسەردەکات کە لە بەستنەوەی «کوردبوون» بە «موسڵمانبوون»ەوە تێیکەوتون. قەیرانێک لە ساڵانی رابردوودا وای لە هەندێک لە بکەرە ئیسلامییە تازەکان کردوە، سڵ لە هێرشکردنە سەر «نەورۆز» نەکەنەوە و بە جەژنی کافران ناویببەن، هەروەها لە بۆنە و نابۆنەدا هەندێکیان پێ لەسەر ئەوە دابگرن کە بۆ ئەوان مەکە و مەدینە لە کوردستان گرنگتر و بایەخدارترە. بە کورتییەکەی، هەردوو بەرە ئایدیۆلۆژیەکە لە کردەی دروستکردنی «ناوک»ێکدا بۆ خۆیان ئەمیان سەلاحەدین وەک کەسێکی «ناپاک» بەرامبەر بە کوردبوون دەبینێت و مامەلەدەکات. ئەویتریان وەک «ناو‌کی» ئایدیۆلژیا دینییەکەی خۆی دەبینێت و بەناوی ئەو «ناوەک»ەشەوە بەرگری نەک تەنها لە سەلاحەدین دەکات، بەڵکو وەکو قارەمانێکی کورد نمایشی دەکات. ئەوەی شوێنی سەرنجە چۆنەیتی قسەکردن و بەرخوردی ئەم دوو بەریەیە لەگەڵ یەکدا. گوتار و زمان و شێوازی خۆدەربڕین و قسەکردنەکانیان. بەر لە هەمووشتێک. بە دەگمەن نەبێت، کەسانێک لەم دوو بەرەیەدا نادۆزیتەوە هەڵگری دیدگایەکی مێژوویی بن. واتە دیاردەکان بخەنە ناو رەوتە مێژووییە تایبەتەکانی خۆیانەوە و لەوێدا بەدوای ماناکانیاندا بگەڕێن، نەک مانایەک چەندە سەدە دواتر بەسەریاندا بسەپێنرێت. خاڵی دووهەم ئەوەیە، لەپشتی بیرکردنەوە نامێژوویی و نامەنهەجییەوە پرۆسەی «خۆ بە ئایدیاکردن»، خۆ بە پاکژ و باش و بەسود و چاکەکار، نمایشدەکەن. کاتێک ئیسلامییەکان بەرگری لە سەلاحەدین دەکەن و وەک موسڵمانێکی دەگمەن وێنایدەکەن، هاوکات دەخوازن بڵێن ئێمەش، وەک سەلاحەدین و بەهەمان شێوە موسڵمانی راستەقینە و چاکەکار و دەگمەنین. ئەوانەشی کە پێیان وایە سەلاحەدین «جاش» و «ناپاک» بووە، دەخوازن بڵێن ئێمە کەسانی پاک و خەباتگێرین و کار بۆ نەتەوەکەی خۆمان دەکەین، نامانەوێت وەک سەلاحەدین پیس و ناپاک بین و کار بۆ نەتەوەی تر بکەین. ئەوەی لەم جەنگە رەمزییەدا ڕووئەدات دۆخێکە نەک تەنها فیکر لەناویدا غائیبە، بەڵکو ئەوەی هەیە و کاردەکات کاردانەوەی نێگەتیڤ و توڕەبوون و یەکتری سڕینەوە و نەفیکردنێکی سەرتاسەریە بە بڕێکی گەورە لە توندوتیژیی رەمزییەوە. هەر لەسەرەتاشەوە لۆژیکی ململانێکە لۆژیکی ئەوەیە کێ دەمی کێ دادەخات؟ کێ «سەرکەوتن» بەسەر ئەویتردا بەدەستدێنێت؟ کێ ئیهانەی زیاتری ئەویتر دەکات؟ کێ دەتوانێت ئەویتر زیاتر زەلیل بکات؟ لای هەردوو بەرەکە کۆمەڵێک گریمانە و داوەریکردنی دۆگمایی رەقهەڵاتو ئامادەیە و کاردەکات، کە هیچ شتێک نایانباتەوە ناو فیکر و بیرکردنەوەیەک لانی هەرەکەمی مێژوویبوون و مەنهەجیبوونی تێدابێت. ئەو جەنگە رەمزیی و هەوڵدانە گەورەیەی یەکتر زەلیلکردنەیش کە دروستبووە، جگە لە گەورەکردن و بەهێزکردنی «پرۆژەی خودنەفرەتیی» شتێکی دیکەی لێ سەوز نابێت. ئەوەی لەناو ئەم ململانێیەدا ڕووئەدات رقبوونەوەیە لە خود لەڕێگای رقبوونەوەیەکی دینییەوە لەیەکتری. رقبوونەوەی دینیش یەکێکە لە شادەمارەکانی دیاردە و پرۆژەی خودنەفرەتیی لە دونیای ئێمەدا.
راپۆرتی شیكاری: هێمن خۆشناو له رۆژی پێنجشه‌ممه (10 نیسانی 2025) ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌ركۆماری توركیا له كۆشكی (باشته‌په) پێشوازی كرد له شاندی ئیمڕالی كه پێكهاتبوو له هه‌ردوو په‌رله‌مانتاری پارتی یه‌كسانی و دیموكراسی گه‌لان (پارتی ده‌م) سری سوره‌یا ئۆنده‌ر و په‌روین بۆڵدان. له دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش (پارتی ده‌م) له به‌یاننامه‌یه‌كدا كۆبوونه‌وه‌كه به ئه‌رێنی و زۆرباش وه‌سف ده‌كات و ده‌ڵێت:" ئه‌مڕۆ له دوێنی ئومێده‌وارترین". له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان هه‌ریه‌ك له ئیبراهیم كاڵن راوێژكاری ده‌زگای هه‌واڵگری توركیا (میت) و ئه‌فغان ئاڵا (جێگری سه‌رۆكی ئاكه‌په) ئاماده‌بوون. ئه‌فغان ئاڵا له پڕۆسه‌ی پێشتری چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد له ساڵانی 2012 – 2015، فیگوڕێكی گرنگ بوو، تا شكستی پڕۆسه‌كه رۆڵێكی گرنگی هه‌بوو. ئاماده‌بوونی ئیبراهیم كاڵنیش له ئێستادا به‌نده به گفتوگۆی ئیمرالیه‌وه كه پڕۆسه‌كه له‌لایه‌ن ده‌زگای میت به‌ڕێوه‌ده‌چێت. سازدانی ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه هه‌موو ئه‌م ده‌نگۆیانه ره‌تده‌كاته‌وه كه باس له كۆتایی هاتنی ئه‌م پڕۆسه‌یه ده‌كه‌ن. كۆبوونه‌وه‌ی پاشته‌په و هه‌ڵمه‌تی ده‌ستگیركردنی ئیمامئۆغڵو! پێشوازیكردنی ئه‌ردۆغان له شاندی ئیمرالی له‌كاتێكدا دێت كه دۆخێكی سیاسی ناسه‌قامگیر و ئاڵۆز له‌ناو توركیا له ئارادایه. له دوای (19 ئاداری 2025) به‌هۆی ئۆپاراسیۆنی ده‌ستگیركردنی (ئه‌كره‌م ئیمامئۆغڵو) سه‌رۆكی شاره‌وانی گه‌وره‌ی ئیستانبۆڵ كه له هه‌مان كاتدا دیارترین ركابه‌ر و كاندیدی سه‌ركۆماری داهاتووی توركیایه، شه‌پۆڵێكی خۆپیشاندان، ناڕه‌زایی، ده‌ستگیركردنی رۆژنامه‌نووسانی لێكه‌وتۆته‌وه كه زۆربه‌ی شاره گرنگه‌كانی توركیای گرتۆته‌وه. ئه‌ردۆغان، له ئۆپاراسیۆنی دژ به ئیمامئۆغڵو دوو ویستی هه‌بوو، یه‌كه‌مینیان ده‌یویست ناوبراو وه‌كو تاوانبارێك كه په‌یوه‌ندی به تیرۆره‌وه هه‌یه، هه‌روه‌ها (به‌رتیل خۆر و گه‌نده‌ڵ) به كۆمه‌ڵگا و رای گشتی توركیا بناسێنێت، دووه‌میشیان، چاوه‌ڕێ بوو دوای ده‌ستگیركردنی ئیمامئۆغڵو، پارتی گه‌لی كۆمار (جه‌هه‌په) له هێز بكه‌وێت و دوای مایه‌وه‌ك ئۆزگور ئۆزه‌ل سه‌رۆكی ئه‌م پارته ئاڵای سپی له به‌رامبه‌ر ئه‌ردۆغان هه‌ڵبكات. به‌ڵام خۆپیشاندان و كۆبوونه‌وه جه‌ماوه‌ریه‌كان كه بۆ پشتگیری ئیمامئۆغڵو به‌رده‌وام ساز ده‌كرێت، ئاماژه‌یه به شكستهێنانی ئه‌م ویسته‌ی ئه‌ردۆغان. ئیتر ئیمامئۆغڵو بووه سه‌مبۆلی دژ به زوڵم له چاوی زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگای توركیادا. له‌چاوی نه‌یار و ركابه‌رانی ئه‌ردۆغانیشدا، ئیمامئۆغڵو بووه ئه‌م كاندیده‌ی كه له هه‌ڵبژاردنی داهاتووی سه‌ركۆماری توركیادا شكست به ئه‌ردۆغان ده‌هێنێت. دیسان هه‌ر به پێچه‌وانه‌ی ویستی ئه‌ردۆغان، دوای ئۆپاراسیۆنی ده‌ستگیركردنی ئیمامئۆغڵو، خه‌ریكه جه‌هه‌په ده‌ستبه‌رداری كاره‌كته‌ری ئۆپۆزسیۆنی ئۆپۆرتۆنیست ده‌بێت، ئه‌م پارته ئۆپاراسیۆنی دژ به ئیمامئۆغڵوی له دژه ده‌رفه‌ت كرده ده‌رفه‌ت و خۆی له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆنی كۆمه‌لایه‌تی ئاوێته‌ی یه‌كتر كرد، كه گه‌نجان و خوێندكارانی زانكۆ رێبه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن و له ئه‌نجامی ئۆپاراسیۆنی ئیمائۆغڵودا به‌رفراوانتر و كاراتر و قسه‌رۆیشتربووه له‌ناو شه‌قامی توركیدا. هه‌رچه‌نده ئه‌كره‌م ئیمائۆغڵو له كونجی زیندان دایه، به‌ڵام به به‌راورد له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می به‌ر له 19 ئادار پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری زیاتره بووه. كۆمه‌ڵگای توركیا، له‌و باوه‌ڕه‌دایه كه ده‌ستگیركردنی ئیمامئۆغڵو نادادپه‌روه‌رانه‌یه، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاندیدێكی به‌هێزی سه‌ركۆماریه راپێچی زیندان كراوه. ئه‌م هه‌سته كۆمه‌ڵگای توركیا جوڵاند، بازنه‌ی پشتگیركردنی له ئیمامئۆغڵو به‌رفراوانتر كرد. ئایا كوردانی باكوور ده‌بنه فریادره‌سی ئه‌ردۆغان؟ شكستنی ئۆپاراسیۆنی ئه‌ردۆغان دژ به جه‌هه‌په پێگه‌ی سه‌ركۆماری توركیا ئه‌وه‌نده‌ی دیكه لاواز ده‌كات و ناچاری ده‌كات تا به‌دوای رێگایه‌كی دیكه‌دا بگه‌ڕێت بۆ ئه‌وه‌ی شكسته‌كه‌ی له‌به‌رامبه‌ر جه‌هه‌په و ئیمائۆغڵو قه‌ره‌بوو بكاته‌وه. ئایا رێگای قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌م شكسته به‌كوێدا تێپه‌ڕ ده‌بێت؟ دۆخی ئابووری له‌خۆوه خراپ بوو، به‌ڵام دوای 19 ئادار خراپتر بووه. ئۆپاراسیۆنی 19 ئادار، له قه‌یه‌كی توندی له هه‌موو ئه‌م هه‌نگاوانه‌دا كه (محه‌مه‌د شیمشه‌ك) وه‌زیری ئابووری و دارایی توركیا له دوای ساڵی 2023 گرتوویه‌تیه‌به‌ر بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ڵاوسان. كاتێك ئه‌ردۆغان زانی له رێگای ئابووری ناتوانێ شتێك به شتێك بكات، ویستی شكسته‌كه‌ی له رێگای هه‌ڵمه‌تێكی نێوده‌وڵه‌تی قه‌ره‌بوو بكاته‌وه. دوای رووخانی رژێمی (به‌شار ئه‌سه‌د) سوریا بووه ناوه‌ندێكی هه‌ژموونی توركیا، به‌ڵام پڵانی ئیسرائیل و په‌لكێشی سه‌ربازی بۆ ناو سوریا، ئه‌نجامه‌كه‌ی گۆڕی. راسته هێشتا توركیا ئه‌كته‌رێكی گرنگ و به‌هێزه له‌ناو سوریا، به‌ڵام ناچاره به‌دوای رێگای رێككه‌وتن و لێكتێگه‌یشتن بگه‌ڕێت له‌گه‌ڵ ئیسرائیل. كه‌واته له سوریاشدا چیرۆكێكی پڕ له سه‌ركه‌وتن بۆ ئه‌ردۆغان نانووسرێته‌وه تا له‌ناوخۆی توركیادا باری لاسه‌نگی خۆی پێ راستبكاته‌وه. كاتێك ئه‌م دوو كارته له ده‌ست ئه‌ردۆغان نه‌مێنێ، ئه‌وه كارتی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد دێته گۆڕێ. له مانگی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی رابردوو (2024) كاتێك (ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی) سه‌رۆكی پارتی بزوتنه‌وه‌ی میللی (مه‌هه‌په) له ده‌ستپێكردنی وه‌رزی نوێی په‌رله‌مانی توركیا، ته‌وقه‌ی له‌گه‌ڵ هاوسه‌رۆكانی پارتی ده‌م كرد و بووه سه‌ره‌تایه‌كی ئاشكرا بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانی له‌مه‌ڕ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد، به‌شێك له چاو‌دێر و شرۆڤه‌كاران، پێیانوابوو ئه‌وه‌ی باخچه‌لی ده‌یكات هه‌وڵی ئه‌ردۆغانه بۆ سه‌رله‌نوێ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی سه‌ركۆمار. له‌مباره‌یه‌وه ده‌گووترا:" ئه‌ردۆغان ده‌خوازێت پشتگیری پارتی ده‌م و كورد به‌ده‌ست بێنێت و تا هه‌تایه ببێته‌وه به سه‌ركۆمار". به‌ڵام ئه‌م شرۆڤه‌یه له جێگای خۆیدا نه‌بوو، چونكه ئه‌ردۆغان وه‌ك ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی مكوڕ و به هه‌وه‌س نه‌بوو له‌سه‌ر پڕۆسه‌كه، كه به شێوه‌یه‌كی مه‌جازی هه‌ندێك جار به (پڕۆسه‌ی باخچه‌لی) به‌ناو ده‌كرا. ئه‌ردۆغان له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی پڕۆسه‌ی گفتوگۆی ئیمرالی و ده‌وڵه‌ت، قسه‌ی نه‌كرد و بێده‌نگی هه‌ڵبژارد، بێده‌نگی ئه‌ردۆغان ئاماژه‌یه كه پڕۆسه‌كه به ده‌ستپێشخه‌ری و ئاره‌زووی ئه‌ردۆغان ده‌ستپێنه‌كراوه. له پشت ئه‌م هه‌ڵوێسته‌شیدا یه‌كێك له‌م دوو هۆكاره خۆی حه‌شار داوه: - له‌وانه‌یه ئه‌ردۆغان پێیوابێ ئه‌م پڕۆسه‌یه له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع جێبه‌جێ ناكرێت. - له‌وانه‌شه پێیوابێ ئه‌گه‌ر پڕۆسه‌كه جێبه‌جێش بكرێت، ناكه‌وێته خزمه‌ت به‌رنامه كه‌سی و تایبه‌تیه‌كانی! پاش تێپه‌ڕیوونی شه‌ش مانگ له‌سه‌ر ته‌وقه چاوه‌ڕواننه‌كراوه‌كه‌ی باخچه‌لی، رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو، بۆ یه‌كه‌م جار ئه‌ردۆغان پێشوازی له شاندی ئیمڕالی كرد، به گوێره‌ی ئه‌م پارته كۆبوونه‌وه‌كه زۆر ئه‌رێنی بووه. ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ش دوو خوێنده‌وه‌ی هێنایه گۆڕى كه هه‌ردووكیان یه‌ك جه‌وهه‌ریان هه‌یه: - به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆنی دژ به ئه‌ردۆغان، پێیوایه سه‌ركۆمار ده‌خوازێت به پشتگیری بزوتنه‌وه و ده‌نگده‌ری كورد باری لاسه‌نگی خۆی راست بكاته‌وه. - لایه‌نگرانی ئه‌ردۆغانیش پێیانوایه ئه‌مجاره كورد ده‌بێته فریادره‌سی ئه‌وان. ئه‌ردۆغان پێویستی به فریادره‌سێك هه‌یه! دۆخی ناوخۆیی سیاسی و ئابووری توركیا، هه‌روه‌ها پێگه‌ی توركیا له‌ناو هاوكێشه ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا، هیچ گومانێك ناهێڵێته‌وه كه ئه‌ردۆغان پێویستی به فریادره‌سێكه! به‌ڵام ئاماژه‌یه‌كی دیار نابیندرێت كه كورد ده‌بنه فریادره‌سی ئه‌ردۆغان یان نا؟ چه‌ندین هۆكاری هه‌یه، ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه پشتڕاست ده‌كاته‌وه: - ئه‌و دۆخه‌ی ئه‌ردۆغان تێیكه‌وتووه، دۆخێك نیه ته‌نیا به پشتگیری كورد راست ببێته‌وه. ئه‌مڕۆ بێزاری كۆمه‌ڵگای توركی له ئه‌ردۆغان له لوتكه دایه. - بزوتنه‌وه‌ی سیاسی كورد ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه نیه تا بێ مه‌رج و بێ داواكاری پشتگیریه‌كی بێ به‌رامبه‌ری ئه‌ردۆغان بكات! كورد ئه‌زموونێكی زۆری په‌یدا كردووه، وانه‌كانی ئه‌زموونی رابردوو له‌ناو مێشكی كورد په‌نگی خواردۆته‌وه. له ئێستادا له سێ شاره‌وانی گه‌وره‌ی ناوچه كوردیه‌كان (وان، ماردین و دیاربه‌كر) دوو شاره‌وانی قه‌یوومی له‌سه‌ر سه‌پێندراوه. لۆژیكی نابێت كورد زوو به زوو ئه‌مه له‌بیر بكات و متمانه به ئه‌ردۆغان بێنێت. بێگومان كورد له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ ناكشێته‌وه، كورد ده‌خوازێت ئه‌م پڕۆسه‌یه بگاته ئه‌نجام به تایبه‌تی كه (عه‌بدوللا ئۆجالان) موخاته‌به تیایدا به‌ڵام ئه‌مه بۆ خزمه‌تی ئه‌ردۆغان نیه، به‌ڵكو بۆ خاتری قه‌ندیل ده‌بێت. له ئه‌نجامگیری و به‌ره‌وپێشچوونی پڕۆسه‌ی ئیمرالی، بزوتنه‌وه‌ی كورد زۆر ده‌ستكه‌وتی ده‌بێت، توركیاش به هه‌مان شێوه چه‌ندین ده‌ستكه‌وتی ده‌بێت، به‌ڵام دیاره نیه ده‌ستكه‌وتی ئه‌ردۆغان چی ده‌بێت! بۆ نموونه له پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری له ساڵی 2015، كاتێك پارتی دیموكراتی گه‌لان 13٪ ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا و به سه‌نگ گه‌یشته په‌رله‌مان، بۆ یه‌كه‌م جار ئاكه‌په ده‌رفه‌تی به ته‌نیا دروستكردنه‌وه‌ی حكوومه‌تی له‌ده‌ستدا. له‌م سۆنگه‌یه‌وه ده‌كرێت بڵێین، كورد نابنه فریادره‌سی ئه‌ردۆغان! به‌ڵكو هه‌وڵده‌ده‌ن ببنه فریادره‌سی خۆیان، ده‌خوازن كێشه سیاسی، ده‌ستووری، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیان به‌ره‌و ئاقاری چاره‌سه‌ری ببه‌ن. لۆژیكی نیه، ئه‌گه‌ر بڵێین كورد له باكووری دركی به‌و دۆخه پڕه لاوازیه نه‌كردبێت كه ئه‌ردۆغان تێی كه‌وتووه، نه‌زانێ كه سه‌ركۆمار هێزی پێشتری نه‌ماوه، به‌بێ باخچه‌لی بۆی ناچێته‌سه‌ر، هه‌موو رێگایه‌ك تاقیده‌كاته‌وه تا دۆناڵد تره‌مپ رازی بكات یان لێی رازی بێت. له رابردوودا كه ئه‌ردۆغان تووشی قه‌یرانێك یان دۆخێكی نه‌خوازراو ده‌بوو، به لێدوانێك خه‌ڵك و هه‌وادارێكی زۆری له ده‌وری خۆی كۆده‌كرده‌وه، به‌ڵام له ئێستادا ئه‌و لۆكسه‌ی جارانی نه‌ماوه. ئه‌م دۆخه هێزی سه‌وداكاری كوردی (ئیمرالی، قه‌ندیل و پارتی ده‌م) زیاتر كردووه. له رابردوو په‌یوه‌ندیه‌كی نایه‌كسان هه‌بوو، ئه‌ردۆغان زۆر به‌هێزتر بوو، كورد لاواز بوو. ئه‌مڕۆ دۆخه‌كه گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه، تای ته‌رازوو گۆڕاوه. كورد ئه‌مه ده‌بینێت، بۆیه چاوه‌ڕوان ناكرێ، كورد له به‌رامبه‌ر ده‌ستكه‌وتێكی بچووك یان چه‌ند گفتێك سازشێكی گه‌وره بۆ ئه‌ردۆغان بكات. له‌وانه‌یه هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردبێت ئه‌ردۆغان تا زۆر ناچار نه‌بێت له باشته‌په له‌گه‌ڵ شاندی ئیمڕالی دانه‌نیشێت! كورد چه‌ند داواكاریه‌كی هه‌یه، بۆ نموونه قه‌ندیل بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی په‌كه‌كه داوای ئاگربه‌ست و راگرتنی هێرشه ئاسمانی و زه‌مینیه‌كان ده‌كات. ئایا ئه‌ردۆغان به پیر ئه‌م داواكاریه‌وه ده‌چێت؟ له‌لایه‌كی دیكه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان هێزی جارانی نه‌ماوه، بزوتنه‌وه‌ی سیاسی كورد باخچه‌لی به خاوه‌نی ده‌ستپێشخه‌ری ئه‌مجاره ده‌بینێت. ئه‌مه‌ش بژارده‌ی و بیرۆكه‌ی نوێ بۆ بزوتنه‌وه‌ی كورد دروست ده‌كات. ئه‌مڕۆ هاوشێوه‌ی ساڵانی پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری (2012 – 2015)، نه ئه‌كره‌م ئیمائۆغڵو، نه ئوزگور ئۆزه‌ل و نه جه‌هه‌په، رۆڵ و لێدوانێكیان نیه بزوتنه‌وه‌ی كورد نیگه‌ران بكات. چه‌ند رۆژێك به‌ر له‌وه‌ی ده‌ستگیر بكرێت ئه‌كره‌م ئیمائۆغڵو سه‌ردانی دیاربه‌كری كرد و له‌باره‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد په‌یامی ئه‌رێنی به گوێی بزوتنه‌وه‌ی كورد چرپاند. ئوزگور ئۆزه‌ل به هه‌مان شێوه له كۆبوونه‌وه‌كانی سه‌راجخانه و شیشلی له ئیستانبۆل پشتگیری خۆی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد نیشاندا. واتا بادانه‌وه به‌ره‌و جه‌هه‌په له ئه‌گه‌ری پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان، وه‌كو بژارده‌یه‌ك له‌به‌رده‌م كورد كراوه‌یه. بۆیه پێشبینی ناكرێت بزوتنه‌وه‌ی كورد بۆ خارتری ئه‌ردۆغان دژ به جه‌هه‌په و ئه‌كره‌م ئیمائۆغڵو بووه‌ستێته‌وه كه جه‌ماوه‌ر و پێگه‌یان له هه‌ڵكشاندایه و پشتگیری له ئه‌ردۆغانێك بكات كه رۆژانه لاوازتر ده‌بێت و پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری بچووكتر ده‌بێته‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیابین كه ئه‌م پرۆسه‌یه به‌رده‌وام ده‌بێت، پێویست ده‌سه‌ڵاتی ئاكه‌په هه‌ندێك هه‌نگاو بنێت، ناكرێت له توركیادا باس له به‌رده‌وامی و به‌ره‌وپێشچوونی پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری بكرێت و كه‌سێكی وه‌كو (سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش) له زیندان بێت. به كوردی و به پوختی، ئه‌گه‌ر چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ی دیكه‌ش له باشته‌په بكرێت، كورد خۆی ناكوژێت و هه‌موو هێلكه‌كانی ناخاته ناو سه‌په‌ته ره‌ش و سه‌ر داپۆشراوه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان! به‌ڵكو به پشووی درێژی و هه‌ندێك جاریش به‌بێ ده‌نگی هه‌نگاو ده‌نێت تا ئه‌ردۆغان خۆی یه‌كلایی ده‌كاته‌وه!
(درەو): مەزڵوم عەبدی بۆ یەكەمجار لیستی ناوی ئەندامانی لیژنەی ناوچەكانی باكورو خۆرهەڵاتی سوریای بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی دیمەشق رادەستكردو، داوا دەكات بەنداوی تشرین لە هێرشەكان بپارێزرێت. مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە شاری حەسەكە لەگەڵ (حسێن سەلامە) سەرۆكی لیژنەی راسپێردراوی حكومەتی دیمەشق بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی (10ی ئازار) نێوان هەردوولا كۆبووەوە. لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتانە كراوە: • پێویستیی كەمكردنەوەی ئاڵۆزییەكان و راگرتنی شەڕ لە سوریا، لەنێویاندا پاراستنی بەنداوی تشرین لە هێرشە سەربازییەكان. • پێكهێنانی لیژنە بۆ گفتوگۆ لەبارەی گەڕانەوەی زۆرەملێی ئاوارەكان لە سەرجەم ناوچەكانی سوریا. • ناوی ئەندامانی ئەو لیژنەیە ئاشكرا كرا كە نوێنەرایەتی ناوچەكانی باكورو خۆرهەڵاتی سوریا دەكەن لە دیالۆگ لەگەڵ حكومەتی دیمەشق، كە لەماوەیەكی كەمدا ئەم دیالۆگە دەستپێدەكات، ئەندامانی لیژنەی دیالۆگی ناوچەكانی باكورو خۆرهەڵاتی سوریا (كورد) بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق بریتین لە: - فەوزە یوسف - عەبدولحامید مهباش - ئەحمەد یوسف - سەنحەری بەرسوم - سوزدار حاجی - مەریەم ئیبراهیم لەگەڵ یاسر سلێمان (ئەم دوانە وتەبێژی لیژنەكە دەبن)
(درەو): لە ناوەڕۆكی گفتوگۆ‌و دەرەنجامی دانوستانی نێوان رێبەر ئاپۆو نوێنەرانی دەوڵەت لە زیندانی ئیمراڵی بێخەبەرین.. لەدۆخی ئێستادا لەژێر فشاردا لە زیندانی ئیمرالی؛ رێبەری ئێمە ناتوانێت بەشداری كۆنگرە بكات و لەم دۆخەدا ناتوانرێت كۆنگرە بكرێت.. ئەگەر بەبێ مەرج چەك دابنێین واتا بەدەوڵەتی توركیا دەڵێن بێن ئێمە لەناوببەن و بمانكوژن، ئەمە خۆكوژییە، هیچ كەسێك ئەم جۆرە خۆكوژییە قبوڵ ناكات، ئامانج لە چەكداماڵین دیاریكراوە، ئەگەر مەرجەكان فەراهەم نەبن ئێمە بەردەوامین دەبین لە بەرگریكردن لە خۆمان، ئەمانە قسەی (جەمیل بایك) هاوسەرۆكی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)یە لە دیمانەیەكدا لەگەڵ كەناڵی (بی بی سی فارسی)، كە لەبەر بایەخی ناوەڕۆكەكەی (درەو) بەشێك لە پرسیارەكانی دیمانەكەی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی و لێرەدا بڵاویدەكاتەوە. دەقی دیمانەكە: بی بی سی: پەیامی ئۆجەلان بۆ چەكدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە چ واتایەكی هەیە بۆ ئێوە؟ جەمیل بایك: رێبەری ئێمە ئاپۆ لە 27ی شوباتی 2025دا مانفێستێكی راگەیاندو داوای ئاشتی و دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی دیموكراتی كرد، لەسەر ئەم بنەمایە داوای راگرتنی چالاكییە سەربازییەكان و هەڵوەشاندنەوەی پەكەكەی كرد، كۆمیتەی ناوەندیی پەكەكە وەڵامی ئەرێنیی ئەم داواكارییەی رێبەر ئاپۆی دایەوەو رایگەیاند ئامادەیە بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی؛ لەسەر ئەم بنەمایە فەرماندەیی هێزەكانی پەكەكە (هەپەگە) راگربەستی راگەیاندو وتی ئەگەر هێرشمان نەكرێتەسەر لەژێر هیچ بارودۆخێكدا هێرش ناكەین، بۆ ئەوەی زەمینەی داواكارییەكانی رێبەرمان فەراهەم ببێت، توركیا تائێستا هێرشەكانی رانەگرتووەو رۆژانە بە درۆن و فڕۆكەو تانك و تۆبخانە ئێمە بۆردومان دەكات، لەم بارودۆخەدا توانای جێبەجێكردنی بڕیاری كۆمیتەی ناوەندیی پەكەكە نییە، دەوڵەتی توركیا دەبێت ئەم هێرشانە رابگرێت بۆ ئەوەی كۆنگرە ببەسترێت و لەبارەی داواكارییەكانی رێبەرمان گفتوگۆ‌و بڕیاری پێویست بدرێت، بۆ بەدیهێنانی ئەم بڕیارانە دەبێت دۆخی ژیانی رێبەری ئاپۆش باشتر بكرێت و زەمینەی گونجاو بۆ چالاكی ئەو بڕەخسێت، لەدۆخی ئێستادا لەژێر فشاردا لە زیندانی ئیمرالی؛ رێبەری ئێمە ناتوانێت بەشداری كۆنگرە بكات، لەم دۆخەدا ناتوانرێت كۆنگرە بكرێت، كۆنگرە تەنیا كاتێك دەتوانرێت بكرێت كە دۆخی شەڕ نەمێنێت، لەم دۆخەدا ئێمەش دەتوانین بڕیاری پێویست بۆ ئایندە بدەین. بی بی سی: ئۆجەلان 26 ساڵە لەزنیداندایە، چ گەرەنتییەك هەیە كە لەبارودۆخێكی ئاسایی و لەژێر فشاردا نەبووە كە بانگەوازەی كردووە ؟ بۆچی لەم كاتەدا ئەم بانگەوازەی كردووە؟ جەمیل بایك: رێبەری ئاپۆ هەمیشە رون و ئاشكرا بووە، ئەو خوازیاری چارەسەری كێشەی كورد بووە دور لە توندوتیژیی و لە رێگەی سیاسی و دیموكراتیك و یاساییەوە، دەبێت ئەوەش بەیاد بهێنمەوە رێبەری ئاپۆ ئەمڕۆ ئەم بڕیارەی نەداوە، ئەو لە ساڵی 1993 ئاگربەستی یەكلایەنەی راگەیاند، لەو سەردەمەدا مام جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەنێوان ئێمەو دەوڵەتی توركیادا نێوەندگیری كرد؛ ئەو سەردەمە تۆرگوت ئۆزال سەرۆك كۆماری توركیا بوو، ئۆزالیش خوازیاری چارەسەری كێشەی كورد بوو لەرێگەی یاسایی و دیموكراتییەوە، بەڵام سیاسەتی دەوڵەتی توركیا نكولیكردن لە ناسنامەو كۆمەڵكوژی كورد بوو، ئەوان رێگەیان نەدا رێبەر ئاپۆو تورگۆت ئۆزال درێژە بە گفتوگۆ بدەن تا ئەنجامێك بەدی بێت، لەوكاتەوە تائێستا رێبەر ئاپۆ لەهەوڵدا بووە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی ئاشتی، ئەو گۆڕانكاریی گەورەی لە جوڵانەوەی پەكەكەدا دروستكردووە، ئەم گۆڕانكارییانە كە لە ساڵی 1993وە دەستیان پێكرد، بووەهۆی دروستبوونی هەڵوێستێكی نوێ كە ئامانجی لێی رێبەرایەتیكردنی خەباتی چەكداریی بووە بەرەو خەباتی سیاسی. ئامانجی ئەو دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی دیموكراتیك لەسەر بنەمای پاراستنی ژینگەو ئازادی ژنان هەروەها مامەڵەكردن بوو لەگەڵ كۆمەڵگە دیموكراتیكەكان، ئەم پارادایمە تەواوی میللەت و باوەڕە جیاوازەكان لەخۆدەگرێت تاوەكو لەچوارچێوەیەكی گونجاو و لە زەمینەیەكدا لەسەر بنەمای یەكسانیی، ئازادی و دیموكراسی بە ناسنامەو فەرهەنگ و بیروباوەڕی خۆیانەوە بژین. رێبەر ئاپۆ تاوەكو ساڵی 2025 واتا سەردەمێك كە بەشێوەی ئاشكرا بانگەوازەكەی خۆی راگەیاند، بارودۆخەكەی بەگونجاو نەدەبینی كە دۆزی كورد لەرێگەی سیاسییەوە چارەسەر بكرێت، ئەگەر ئەمڕۆ ئەو بانگەوازەی كردووە بێگومان هۆكارێكی بۆ ئەمە هەیە. بی بی سی: ئایا گۆڕانكارییەك لە هەڵسوكەوتی رێبەرانی سیاسیی توركیا توركیا روویداوە یان نا؟ جەمیل بایك: ئامانجی دەوڵەتی توركیا لە لەناوبردنی كاریگەریی رێبەر ئاپۆو (پەكەكە)یە، لەناوخۆی توركیاش كێشەی زۆر دروستبووە، سیاسەتی ناوخۆیی توركیا گەیشتوەتە بنبەست و نەیتوانیوە كێشە ناوخۆییەكانی چارەسەی بكات. هاوكاتیش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانكاری بنەڕەتی و گەورە روویداوە، ئەم گۆڕانكاری و قەیرانانە دەوڵەتی توركیای ترساندووە، لەم بارودۆخەدا رۆڵ و كاریگەریی كورد دەركەوتووەو چارەنوسی توركیا كەوتوەتە دەستی كوردەوە. دەوڵەتی توركیا ناچار بووە رێبەر ئاپۆ وەكو كەسایەتییەكی كاریگەر قبوڵ بكات تا لەو دۆخە مەترسیدارە دەربچێت، بەڵام بارودۆخێك كە لە توركیا‌و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە توركیای ناچار كردووە بەرەو لای كورد بڕوات، ئەگەر پشتیوانی كورد بەدەست نەهێنێت ناتوانێت قەیرانەكان چارەسەر بكات و روبەڕووی مەترسی گەورە دەبێتەوە، توركیا پێگەی خۆی لەدەستداوەو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش گۆڕانكاری گەورە روویداوە، هەژموونی ئیسرائیل و هاوپەیمانێتیی ئەو وڵاتە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی دروستبووەو سەرمایەدارانی جولەكەو عەرەب گەیشتونەتە رێككەوتن، ئێران و توركیا ئیتر كاریگەرییەكانی پێشتریان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نییە، توركیا زۆرێك لە دەستكەوتەكانی خۆی لەدەستداوە بەو هۆكارە ترساوە. پێگەی كوردیش گۆڕانكاری بەسەردا هاتووەو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی كەوتوەتە بەر باس، ئێستا هەمووان هەوڵدەدەن كە كورد بەلای خۆیاندا رابكێشن و هەركەسێك لەم كارەدا سەركەوتوو بێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا براوە دەبێت، ئەمانە هۆكاری نزیكبوونەوەی توركیان لە رێبەر ئاپۆو كورد، نەك ئەوەی لەڕووی بیكردنەوەوە گۆڕانكارییەك روویدابێت. بی بی سی: ئایا بەر لە بڵاوكردنەوەی بانگەوازەكەی ئۆجەلان، رێبەرانی پەكەكە ئاگاداری گفتوگۆی ئۆجەلان و دەوڵەتی توركیا بوون؟ جەمیل بایك: رێبەر ئاپۆ لەبارەی پێشنیاری چەكدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە هەرگیز لەگەڵ كەس مامەڵە یان سازشێكی نەكردووە، ئەو باوەڕی بەخۆی هەیەو بەتەنیایی بڕیاریداوە كە ئەم بابەتە بەرەو پێش ببات، بۆچی؟ چونكە دەیەوێت دۆزی كورد بەرەو ئاڕاستەی سیاسی و یاسایی ببات و بەمشێوەیە پرسی كورد چارەسەر بكات. بۆ بەدیهێنانی ئەمە دەبێت دەوڵەتی توركیاش بەرپرسیارێتیی خۆی هەڵگرێت و هەنگاوی پێویست بگرێتەبەر. ئێمە ناپرسین ئایا توركیا لەم پرۆسەیەدا جدییە یاخود نا. ئەوە ئێمەین كە جددین، دەمانەوێت رێگەچارەی سەربازیی بۆ چارەسەری دۆزی كورد بخەینەلاو، لەرێگەی سیاسی و یاسایی چارەسەری بكەین، دەمانەوێت توركیا ناچار بكەین كە چەند هەنگاوێك هەڵگرێت، ئەمە ئەو شتەیە كە ئەمڕۆ هەوڵی بۆ دەدەین. تائێستا هیچ جۆرە پەیوەندیی، دانوستان یان گفتوگۆیەك لەنێوان ئێمەو دەوڵەتی توركیادا نەكراوە. رێبەر ئاپۆ لە زیندانی ئیمرالی لەگەڵ ئەواندا گفتوگۆ دەكات؛ لە دەقی پەیوەندی و خواستەكانی رێبەر ئاپۆوە روونە كە ئەو لەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەت لە زیندانی ئیمرالی دانوستانی كردووە، ئێمە لە ناوەڕۆكی ئەو گفتوگۆیانەو دەرەنجامی دانوستان بێخەبەرین، ئەوەی كە دەبوو لەرێگەی خەباتی چەكدارییەوە بەدەستبهاتایە، بەدەستهاتووە، خەباتی چەكداری ئەوكات تاكە بژاردە بوو، ئێستا خەباتی چەكداری ئەتوانێت رابوەستێت و دۆزی كورد دەتوانێت بە رێگای دیموكراتی و سیاسی چارە بكرێت، بەڵام دەوڵەتی توركیا پێداگریی دەكات لەسەر سیاسەتی لەناوبردنی ئێمە. هەركاتێك رێبەر ئاپۆ پێشنیاری ئاگربەستی كردووە ئەوان ئاگربەستیان شكاندووەو نەیانویستووە دۆزی كورد چارەسەر بكرێت، بۆچی؟ چونكە ئەگەر دۆزی كورد چارەسەر ببێ بۆ ئەوان قازانجی نییە، بەڵام ئەگەر جەنگ بەردەوامی پێبدرێت لەو جەنگە قازانج و بەرژەوەندیی بەدەستدەهێنن. بی بی سی: ئایا دوای چەكدانان سەركردەو ئەندامانی پەكەكە ئامادەن بگەڕێنەوە بۆ توركیا؟ جەمیل بایك: لەم بارودۆخەدا ئێمە چۆن بتوانین بگەڕێینەوە بۆ توركیا، لەئێستادا رۆیشتن بۆ توركیا بەواتای رۆیشتنە بۆ زیندان، بێگومان هیچ كەسێك نایەوێت بەمجۆرە زیندانی بكرێت، هەركاتێك توركیا دۆزی كوردی قوبڵكردو بەدوای رێگاچارەوە بێت، بێگومان ئێمەش لەو كاتەدا دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ خاكی دایكیی خۆمان، ئێمە خاكی میللەتی خۆمانمان خۆشدەوێت، ئەگەر ئەم عیشق و پەیوەندییە نەبووایە بۆچی ساڵەهایەك بۆ ئازادی خەبات و كۆششمان دەكرد، كاتێك بۆ خەبات چوینە شاخەكان عاشقی جەنگ و چەك نەبووین، ئێمە چوینە شاخەكان و خەباتی چەكداریمان دەستپێكرد چونكە هەموو رێگا دیموكراتییەكان بەڕووماندا داخرابوون. هەر بەوجۆرەی كە وتم تاكە مەرجی ئێمە ئەوەیە كە ئەو سنورداركردنانەی لە زیندانی ئیمرالی خراوەتەسەر رێبەر ئاپۆ دەبێت هەڵوەشێندرێنەوە، بۆ ئەوەی ئەو بتوانێت ئازادانە چالاكی بكات. كاتێك كە دەوڵەتی توركیا ئەمە پەسەند بكات، بابەتەكانی تر چارەسەر دەبن. كاتێك كە رێبەر ئاپۆ لە سیستەمی زیندانی ئیمرالی بچێتە دەرەوەو كەشوهەوای چالاكی ئازادانەی بۆ فەراهەم بكرێت ئەمە بەواتای ئەوەیە كە دۆزی كورد‌و هەوڵ بۆ چارەسەركردنی لەبەرنامەی كاری دەوڵەتدا جێگەی گرتووە، بێگومان دەبێت هاوڕێیانی تری زیندان ئازاد بكرێن، رەنگە بپرسیت ئەوانە كێن لە زیندانەكاندان؟ ئەوانە نوێنەرانی پەرلەمان، سەرۆك شارەوانییەكان، ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانییەكان، چالاكانی سیاسی، رۆژنامەنوسان و هونەرمەندانن، تەواوی ئەو كەسانەی كە ئێستا زیندانین چالاكی سیاسی و دیموكراتییان هەبووە، بۆچی كەوتونەتە زیندانەوە؟ چونكە كورد بوون، چونكە بەناسنامەی خۆیانەوە دەژیان، چونكە خوازیاری چارەسەری پرسی كورد بوون و لەو رێگەدایە تێكۆشین دەكەن. چەكداماڵین واتا ئامادەبوون بۆ مەرگ، ئێمە هێشتا نەمردووین، دەوڵەتی توركیا دەیەوێت كورد لەناو ببات، ئێمەش لەبەرامبەر ئەم سیاسەتەدا راوەستاوین و رادەوەستین، ئەگەر بەبێ مەرج چەك دابنێین واتا بەدەوڵەتی توركیا دەڵێن بێن ئێمە لەناوببەن و بمانكوژن، ئەمە خۆكوژییە، هیچ كەسێك ئەم جۆرە خۆكوژییە قبوڵ ناكات، ئامانج لە چەكداماڵین دیاریكراوە، ئەگەر مەرجەكان فەراهەم نەبن ئێمە بەردەوامین دەبین لە بەرگریكردن لە خۆمان و بەردەوامی دەدەین بە تێكۆشینی خۆمان.
درەو: بەرپرسێکی باڵای کورد، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، کوردانی سوریا بڕیارە داوای سیستمێکی فیدراڵی بکەن لە سوریای دوای ئەسەد، کە ڕێگە بە دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی و سەرپەرشتیكردنی هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە بدات، وەك جەختكردنەوە لەسەر دیدگای نا ناوەندێتی، کە سەرۆکی کاتی سوریا دژایەتی دەکات. داواکاریی بۆ حوکمڕانی فیدراڵی، گوڕوتنێكی گەورەی پەیداكرد دوای بڵاوبونەوەی نیگەرانی لەناو کەمینەکانی سوریا، لەبەرامبەر کوشتنی بە کۆمەڵی عەلەوییەکان لە مانگی رابردودا، ئەوە لەكاتێكدا، گروپە کوردییەکان ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری کاتی و گروپە ئیسلامییەکەی تۆمەتبار دەکەن بە پیادەكردنی رێڕەوێكی هەڵە بۆ سوریای نوێ و قۆرخکردنی دەسەڵات. سەرچاوە کوردییەکان رایانگەیاندووە، پارتە کوردییەكانی سوریا، لەنێویاندا هێزی باڵادەست لە باکوری رۆژهەڵاتی وڵاتەكە، کە لەلایەن کوردەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، مانگی رابردوو لەسەر دیدێکی سیاسی هاوبەش - لەنێویاندا فیدراڵیزم – رێککەوتوون، كە تا ئێستا بە فەرمی رایاننەگەیاندووە. بەدران چیا کورد، بەرپرسی باڵای ئیدارەی خۆسەر، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، سەرجەم گروپە کوردستانییەکان لەسەر "دیدێکی سیاسی هاوبەش" رێککەوتوون، کە جەخت لەسەر پێویستی "سیستەمێکی پەرلەمانی فیدراڵی، فرەیی، دیموکراسی" دەکاتەوە. لێدوانە نوسراوەکانی چیا کورد لە وەڵامی پرسیارەکانی رۆیتەرزدا، بە یەکەمجار دادەنرێت كە بەرپرسێکی ئیدارەی خۆسە بە رابەرایەتی کورد جەخت لە ئامانجی فیدرالیزم بکاتەوە، دوای ئەوەی لە مانگی رابردودا لایەنە کوردییەکان لەسەری رێککەوتن. ئیدارەی خۆسەری کوردی، بەردەوام خۆی لە وەسفکردنی وشەی "فیدراڵیزم" وەك ئامانج بەدوورگرتووە، لەبری ئەوە داوای نا ناوەندێتی كردووە. شەرع دژایەتی خۆی بۆ سیستمی فیدراڵی راگەیاندووەو، لە مانگی كانونی دووەمدا بە رۆژنامەی ئیکۆنۆمیستی راگەیاندبوو، ئەو سیستەمە لەلایەن جەماوەرەوە پەسەندكراونییەو لە بەرژەوەندی سوریادا نییە. چیا کورد ئاماژەی بەوەکردووە، پرسی بنەڕەتی بۆ سوریا، پاراستنی تایبەتمەندی ئیداری و سیاسی و کلتوری هەر ناوچەیەكە، کە پێویستی بە ئەنجومەنی یاسادانانی ناوخۆیی لەناو ناوچەكە، لەگەڵ دەستە جێبەجێکارەکان بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ناوچەکەو هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆش سەر بەوان دەبێت، پێویستە ئەمە لە چوارچێوەی دەستوری سوریادا دابنرێت. مانگی رابردوو، پەیەدە لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتمانی کورد (ENKS) کۆبووەوە، کە گروپێکی رکابەری کوردی سوریایە و بە پشتیوانی یەکێک لە پارتە کوردییە سەرەکییەکانی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی بنەماڵەی بارزانی دامەزراوە، پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ تورکیا هەیە. سلێمان ئۆسۆ، سەرۆکی ENKS رایگەیاند، پێشبینی دەکات تا کۆتایی مانگی نیسان دیدگای هاوبەشی کورد لە کۆنگرەیەكدا رابگەیەندرێت. وتیشی، پێشهاتەکانی سوریا لەدوای روخانی ئەسەدەوە وایکردووە، زۆرێک لە سورییەکان سیستەمی فیدراڵی وەک "چارەسەرێکی گونجاو" ببینن. ناوبراو ئاماژەی بۆ هێرشکردنە سەر عەلەوییەکان و بەرەنگاربونەوەی دەسەڵاتی ناوەندی لەناو کەمینەی دروزەکان و راگەیاندنی دەستوری حکومەتی نوێ كردووە، کە ئیدارەی کوردی دەڵێت، ناکۆکە لەگەڵ فرەچەشنی سوریا. جاڕنامەی دەستوری دەسەڵاتی فراوانی بەشەرع بەخشیوە و شەریعەی ئیسلامی وەک سەرچاوەی سەرەکی یاسادانان چەسپاندووە، زمانی عەرەبیشی وەک زمانی فەرمی سوریا ناساند، هیچ ئاماژەیەک بە زمانی کوردی نەکراوە. ئۆسۆ وتی: پێمان وایە چارەسەری گونجاو بۆ پاراستنی یەکگرتویی سوریا سیستمێکی فیدراڵییە، بەوپێیەی سوریا وڵاتێکە چەندین نەتەوە و ئایین و مەزهەبی تێدایە. "کاتێک دەچینە دیمەشق، بە دڵنیاییەوە بۆچوون و داواکارییەکانمان دەخەینەڕوو".
راپۆرتی رۆژنامه‌وانی: هێمن خۆشناو لە كۆتایی مانگی رابردوو به سه‌رپه‌رشتی ئه‌مریكا له‌سه‌ر سنووری رۆژئاوای كوردستان و توركیا كۆبوونه‌وه‌ك له نێوان (هه‌سه‌ده) و ده‌سه‌ڵاتداره په‌یوه‌ندیداره‌كانی توركیا ئه‌نجامدراوه‌و وەك هەنگاوی یەكەم هێرشەكانی توركیا بۆسەر بەنداوی تشرین چەند رۆژێكە راگیراوە. له رۆژی سێشه‌ممه (1 – 4 – 2025) ئه‌نجوومه‌نی سوریای دیموكراتی (مه‌سه‌ده) و ده‌سه‌ڵاتدارانی دیمه‌شق له باره‌ی هه‌ردوو گه‌ڕه‌كی كوردنشین (ئه‌شره‌فیه و شێخ مه‌قسود) گه‌یشتنه رێككه‌وتنی كاتی. به گوێره‌ی ئه‌م رێككه‌وتنه هێزه‌كانی سوریای دیموكراتی (هه‌سه‌ده) له‌م دوو گه‌ڕه‌كه ده‌كشێنه‌وه. ئه‌م رێككه‌وتنه وه‌كو یه‌كه‌م لێكه‌وته‌ی رێككه‌وتنی نێوان (مه‌زڵوم عه‌بدی) فه‌رمانده‌ی گشتی هه‌سه‌ده و (ئه‌حمه‌د ئه‌لشرع) سه‌ركۆماری سوریا له قه‌ڵه‌م ده‌درێت، كه له (10 – 3 – 2025) به ناوبژیوانی ئه‌مریكا و فه‌ڕه‌نسا واژوكراوه و تیایدا میكانیزمی یه‌كخستنی (هه‌سه‌ده) له‌ناو سوپای نیشتیمانی سوریا خراوه‌ته‌ڕوو. رێككه‌وتنه‌كه‌ی حه‌له‌ب ته‌نیا په‌یوه‌ست نیه، به كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی (هه‌سه‌ده) له گه‌ڕه‌كه كوردنشینه‌كان، به‌ڵكو ئه‌نجوومه‌نی هه‌ردوو گه‌ڕه‌كه‌كه كاروباری ئیداری به‌ڕێوه ده‌به‌ن و هێزه‌كانی ئاسایش درێژه به‌كاره‌كانیان ده‌ده‌ن، كه هێزی سه‌ره‌كیه له‌ناوچه‌كانی ئیداره‌ی خۆسه‌ر بۆ پاراستنی سه‌قامگیری ناوچه‌كه. له هه‌مان كاتدا هه‌ردوولا بڕیار له‌سه‌ر ئازادكردنی دیله‌كان ده‌ده‌ن، ئه‌م خاڵه‌ش له رۆژی پێنجشه‌ممه (3 نيشانی 2025) كه‌وته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه. تیایدا ده‌سه‌ڵاتدارانی نوێی سوریا (140) به‌ندكراو و دیلی هه‌سه‌ده‌ی ئازاد كرد، له به‌رامبه‌ریشدا هه‌سه‌ده 100 به‌ندكراوی سه‌ر به حكوومه‌تی سوریا ئازاد كرد. به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ت، له كۆتایی مانگی رابردوو، به‌ر له راگه‌یاندنی رێككه‌وتنی (حه‌له‌ب) به‌چه‌ند رۆژێك له نێوان (مه‌سه‌ده) و وه‌زاره‌تی ناوخۆی سوریا، به سه‌رپه‌رشتی ئه‌مریكا له‌سه‌ر سنووری رۆژئاوای كوردستان له‌گه‌ڵ توركیا كۆبوونه‌وه‌ك له نێوان (هه‌سه‌ده) و ده‌سه‌ڵاتداره په‌یوه‌ندیداره‌كانی توركیا ئه‌نجامدراوه. به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كه، كۆبوونه‌وه‌كه له كه‌شێكی ئه‌رێنی به‌ڕێوه چووه، تیایدا گفتوگۆ له‌باره‌ی راگرتنی هێرشه‌كانی توركیا له‌سه‌ر ناوچه‌كانی خۆسه‌ری دیموكراتی كراوه. هه‌روه‌ها گفتوگۆ له‌باره‌ی یه‌كخستنی (هه‌سه‌ده) له‌گه‌ڵ سوپای نوێی سوریا و گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵكی (عه‌فرین) بۆ سه‌ر موڵك و ماڵه‌كانیان دوو ته‌وه‌ره‌ی دیكه‌ی گفتوگۆی نێوان هه‌سه‌ده و توركیا بووه. له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا (هه‌سه‌ده) و توركیا ره‌زامه‌ندی خۆیان له‌باره‌ی رێككه‌وتنی (حه‌له‌ب) نیشانده‌ده‌ن. هه‌ر له دوای ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ش رێككه‌وتنی (حه‌له‌ب) له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه بۆ رای گشتی راگه‌یه‌ندرا. لێكه‌وته‌یه‌كی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی نێوان توركیا و هه‌سه‌ده به‌سه‌رپه‌رشتنی ئه‌مریكا، راگرتنی هێرشه ئاسمانیه‌كانی سوپای توركیایه، بۆ سه‌ر به‌نداوی تشرین و ناوچه‌كانی دیكه خۆسه‌ری دیموكراتی. سیاسه‌تمه‌داری كورد و هاوسه‌رۆكی پێشووی (پارتی یه‌كێتی دیموكراتی) ساڵح موسلیم له لێدوانێكی تایبه‌ت، له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی هه‌سه‌ده و توركیا ده‌ڵێت:" ئه‌گه‌ر كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه كرابێت، ئێمه ئاگامان لێنیه، چونكه ئه‌م جۆره كۆبوونه‌وانه په‌یوه‌ستن به هه‌سه‌ده و لایه‌نی سه‌ربازی". ساڵح موسلیم كه له سه‌رده‌می پڕۆسه‌ی ئاشتی له ساڵانی 2012 تا 2015 چه‌ند جارێك به‌سه‌ركردایه‌تی شاندی رۆژی كوردستان گفتوگۆی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی تورك كردووه، له‌باره‌ی ئه‌م بارودۆخه‌ی له ئارادایه و ئه‌گه‌ری راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست له نێوان هه‌سه‌ده و توركیا ده‌ڵێت:" هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ به‌رقه‌راركردنی ئاگربه‌ست بره‌و به هه‌وڵه‌كانی ده‌دات. ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌كی رێككه‌وتنی نێوان به‌ڕێز (مه‌زڵوم عه‌بدی و ئه‌حمه‌د ئه‌لشه‌رع) چۆنیه‌تی گه‌یشتنه به ئاگربه‌ست له سوریادا، كه ئه‌مه‌ش په‌یوه‌سته به توركیا. له‌م سۆنگه‌یه‌وه پێویسته رێككه‌وتن بكرێت له‌باره‌ی بڕیاردان له‌سه‌ر راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست". له‌باره‌ی پرسیاری: چه‌ند رۆژێكه سوپای توركیا هێرشه ئاسمانیه‌كانی راگرتووه بۆ سه‌ر به‌نداوی تشرین و ناوچه‌كانی دیكه، ئایا ئه‌مه ره‌نگدانه‌وه‌ی گفتوگۆی نێوان هه‌ردوولایه‌نه یان شتێكی دیكه‌یه؟ موسلیم ده‌ڵێت:" ئه‌مه‌یان نازانم، راسته توركیا چه‌ند رۆژه بۆمبارانی راگرتووه، به‌ڵام به‌دره‌وام درۆن و فڕۆكه‌كانی له‌سه‌ر ئه‌م ناوچانه ده‌فڕن!".