(درەو): بەڕێوەبەری سۆمۆ ئاشكرایكرد گرێبەستەكانیان لەگەڵ كۆمپانیاكانی كڕیاری نەوت تەواوكردووەو ئامادەن بۆ وەرگرتنی نەوتی كوردستان، بەڵام تائێستا هیچ بڕە نەوتێكیان لە هەرێم وەرنەگرتووەو "لەئێستادا نەوتی كوردستان هەناردەی دەرەوە ناكرێت و تەنیا لەناوخۆدا بەكاردەهێنرێت". عەلی نزار شەتری بەرێوەبەری گشتی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" رایگەیاند، ئەوەی لە هەرێمی كوردستان روویدا، مەسەلەی لێكتێگەیشتن و دانانی میكانیزمی كاركردنەو، یاسا هەمووان دەگرێتەوە". بەڕێوەبەری "سۆمۆ" لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی دەنگوباسەكانی عێراق باسلەوە دەكات، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان لەناو یەك چوارچێوەدا كاردەكەن، بەوپێیەی نەوتی بەرهەمهێنراو نەوتی عێراقەو تایبەتمەندی تەنیا لە سروشت پەیوەندی نێوان حكومەتی هەرێم و ئەو كۆمپانیایانەدایە كە لەوێ (مەبەستی لە هەرێمە) كاردەكەن. "حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا بەرهەمهێنەكان پێویستیان بە تەواوكردنی میكانیزمی جێبەجێكردنی یاسای بودجە هەیە، لەمبارەیەوە گەیشتوینەتە لێكتێگەیشتنی پێشكەوتوو.. هەوڵەكانیش بەردەوامن بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی خاو بۆ بەندەری جەیهانی توركیا" بەڕێوەبەری "سۆمۆ" وا دەڵێ. عەلی شەتری وتی: نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی كوردستان ئێستا هەناردە ناكرێت و لەسەر ئاستی ناوخۆو لەناو هەرێم بەكاردەهێنرێت، بەگوێرەی یاسای بودجەی 2025 كاردەكەین بۆ ئەوەی نەوتی زیادە لە بەكارهێنانی ناوخۆیی هەناردە بكەین.. تا ئێستا سۆمۆ هیچ بڕە نەوتێکی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم وەرنەگرتووە، پەیوەندی گرێبەستیش لەنێوان وەزارەت لە کوردستان و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکاندا ماوەتەوە". ئاشكرایكرد" كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوت هەموو گرێبەست و پابەندییەكانی لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانەی كە كڕیاری نەوتن تەواوكردووەو، ئامادەیە بۆ وەرگرتنی نەوت لەحاڵی ناردنی لەلایەن كۆمپانیا بەرهەمهێنەكان و حكومەتی هەرێمەوە". "دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن ناوبانگی عێراق وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ بازاڕی ئەوروپا دەگەڕێنێتەوە، کە تینووی ئەم جۆرەیە لە نەوت، بەتایبەتی لەبەر رۆشنایی قەیرانی روسیاو ئەوروپاو نەبوونی پێداویستی روسیا، بەو پێیەی نەوتی عێراق لەڕووی کوالیتییەوە هاوشێوەی نەوتی روسیایە".
درەو: 🔹 لە ساڵی (1980)ەوە ئابوری عێراق کەڵەکەبوونی بەرفراوانی جۆرە جیاوازەکانی قەرزی بەخۆوە بینیوە، وڵاتەکە لە دۆخێکی نزیک لە بوونی هیچ قەرزێکی دەرەکیەوە بۆ سەرەتای ساڵانی 2000، بۆ یەکێک لە قەرزدارترین وڵاتانی جیهان گۆڕا. 🔹 لە ئەنجامی کۆمەڵێک هەنگاوانەدا، قەرزی دەرەکی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکرد، زیاتر لە (100 ملیار) دۆلاری قەرزەکانی لە نێوان ساڵانی (2003 بۆ 2010) سڕدراونەتەوە یان ڕێکخراونەتەوە. 🔹 تا ساڵی 2014 لە کۆی 73 وڵاتی قەرزدەر لە دەرەوەی یانەی پاریس، 65 وڵاتیان ڕێککەوتنی یەکلاکردنەوەیان لەگەڵ عێراق ئەنجامدابوو، بەمەش تەنها مشتێک لە قەرزە سیادییەکانی مانەوە. 🔹 لەم ساڵانەی دواییدا حکومەتەکانی عێراق پەنایان بردەبەر قەرزی ناوخۆ بۆ دابینکردنی کورتهێنانەکانیان، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بێ وێنەی قەرزی گشتی ناوخۆ. لە ساڵی 2020 قەرزی ناوخۆ لە (38 ترلیۆن) دینارەوە بۆ (64 ترلیۆن) دینار بەرزبووەتەوە، دواتر لە ساڵی 2023دا (70 ترلیۆن) دیناری تێپەڕاندووە. 🔹 داتا فەرمییەکان مەزەندە دەکەن کە کۆی قەرزی گشتی عێراق نزیکەی (70 - 75 ملیار) دۆلارە، کە زۆربەی قەرزەکانی ناوخۆیە، لەکاتێکدا قەرزی دەرەکی ڕاستەقینەی نەدراو نزیکەی (20 ملیار) دۆلارە. 🔹 ڕاپۆرتی بانکی ناوەندی بۆ کۆتایی ساڵی 2024 گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە کۆی سەروەت و سامانی دارایی خەزێنەی عێراق (189 ترلیۆن و 94 ملیار و 318 ملیۆن) دینار بووە. سەرەتا لە ساڵی (1980)ەوە ئابوری عێراق لە ئەنجامی شەڕ و ململانێ و گۆڕانکارییە ئابوورییەکان، کەڵەکەبوونی بەرفراوانی جۆرە جیاوازەکانی قەرزی بەخۆوە بینیوە، وڵاتەکە لە دۆخێکی نزیک لە بوونی هیچ قەرزێکی دەرەکیەوە لەماوەی کۆتاییەکانی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا بۆ سەرەتای ساڵانی 2000، بۆ یەکێک لە قەرزدارترین وڵاتانی جیهان گۆڕا. تا کۆتایی ساڵی 2024 قەرزی دەرەکی عێراق گەیشتبووە زیاتر لە (14 ملیار) دۆلار، لەکاتێکدا قەرزی ناوخۆی عێراق زیاتر لە (63 ملیار) دۆلار بوو. قەرزەکان دابەش دەکرێن بەسەر قەرزی سیادی (گشتی)، لەگەڵ پێکهاتە دوولایەنە و فرەلایەنەکانی؛ قەرزی سەربازی؛ و قەرەبووکردنەوەی جەنگ کە بە بڕیارنامە نێودەوڵەتییەکان سەپێنراوە. قەرز لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا: شەڕی ئێران و عێراق (1980 – 1988) لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی ئێران و عێراق لە ئەیلوولی 1980، عێراق ناچار بوو لە ماوەی هەشت ساڵدا پارەی بەڕێوەبردنی جەنگی دابین بکات، بەو بۆنەیەوە وڵاتەکە کە یەدەگی دارایی بەرچاوی هەبوو، گۆڕا بۆ وڵاتێک کە توشی بارگرانی گەورەی قەرزدار بوو. پێش جەنگ عێراق زیاتر لە (35 ملیار) دۆلاری یەدەگی دەرەکی هەبوو و هیچ قەرزێکی بەرچاویشی لەسەر نەبوو. بەڵام شەڕی وڵاتەکە لەگەڵ ئێران لەماوەی (1980 – 1988) خەزێنەی عێراقی بەتاڵ کردەوە و ناچاری کرد قەرزی بەرفراوان بکات، بەمەش تا کۆتایی جەنگ نزیکەی (80 ملیار) دۆلار قەرزی هاتەسەر. بەغدا لە ڕێگەی کەمکردنەوەی یەدەگی دارایی و پاشان پشت بەستن بە قەرز و یارمەتییە داراییەکانی وڵاتانی دۆست، شەڕی دژی ئێرانی کرد. دیارترینیان وڵاتانی یارمەتیدەر ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو بوون کە لە کاتی شەڕدا پاڵپشتی دارایی بەرچاویان پێشکەش بە عێراق کرد. دەوڵەتانی کەنداو (بەتایبەت سعودیە، کوەیت و ئیمارات) نزیکەی (40-50 ملیار) دۆلاریان لە بواری داراییدا بەخشی بە عێراق، کە لەو کاتەدا بە هاوکاری جەنگ دادەنرا. بەڵام دواتر لای خۆیان بە قەرزیان هەژمارکردبوو لەسەر عێراق و دوای شەڕ داوای ئەو پارانەیان دەکرد. ئەم بڕە پارانە هیچ چوارچێوەیەکی یاسایی و گرێبەستی ڕوونیان نەبوو؛ زۆربەیان لە ڕێگەی ڕێککەوتنی زارەکی یان ڕێکخستنی سیاسییەوە گواستراونەتەوە و بە تەواوی لە تۆمارە فەرمییەکاندا بەڵگەدار نەبوون. ئەمەش دواتر بووە هۆی ناکۆکی لەسەر سروشتی یاسایییان. لە کاتێکدا سعودیە داوای سوودی لەسەر ئەو قەرزانە دەکرد، عێراق قەرزە ئەسڵیەکەی ڕەتکردەوە و بە هاوکاری نەگەڕاوەی لەقەڵەم دەدا. ئەمە جگە لە قەرزی دووقۆڵی لە بلۆکی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات: لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقدا، عێراق ڕووی کردە قەرزکردن لە زلهێزەکان و دامەزراوە بازرگانییەکان بە هۆی کەمبوونەوەی پشتیوانییەکانی کەنداو. عێراق قەرزی دووقۆڵی و قەرزی بە گەرەنتی قەرزی هەناردەکردن بەدەست هێنا، کە بۆ دابینکردنی دارایی گرێبەستی چەک و کەرەستەی سەربازی بەکاردەهێنرا. کۆی گشتی قەرزە فەرمییەکانی عێراق بە نزیکەی (40 ملیار) دۆلار خەمڵێندرابوو، لەگەڵ سوودی کۆکراوەی بەرچاو، ئەمە جگە لەوەی تا ساڵی (1990) بڕی (15 ملیار) دۆلار قەرزی بازرگانی بوو، یەکێتی سۆڤیەت بە بەهای (12.9 ملیار) دۆلار چەکی بۆ عێراق دابینکردبوو. تا ساڵی 1988، کۆی قەرزی دەرەکی عێراق بە نزیکەی (80 ملیار) دۆلار (بەبێ سوودی وەگیرابوو) خەمڵێندرا، کە یەکسانە بە زیاتر لە (1000%)ی بەرهەمی ناوخۆیی ئەوکاتە. شایانی باسە کە عێراق لە ڕاستیدا لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بەهۆی فشارە داراییەکانەوە دەستی کرد بە نەدانەوەی بەشێک لە قەرزەکانی. جەنگی دووەمی کەنداو و سزاکان (1990 - 2003) شەڕ لەگەڵ ئێران لە ساڵی 1988 کۆتایی هات و عێراقیش کەوتە ژێر بارگرانی قەرز و ئاوەدانکردنەوەوە. سەرکردایەتی عێراق لەو کاتەدا هەوڵیدا لێخۆشبوون بۆ قەرزەکانی کەنداو بەدەستبهێنێت و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە لە کاتی شەڕدا پشتگیریان کردووە. بەڵام ئەمە ڕەت دەکرایەوە بە تایبەتی لە لایەن (کوێت و سعودییە)وە. ئەمەش قەیرانەکەی بۆ عێراق گەورەتر کرد، کاتێک عێراق لە مانگی ئابی (1990)دا کوەێتی داگیرکرد و شەڕی دووەمی کەنداو دەستیپێکرد و لە ئەنجامدا سزای خنکێنەری نێودەوڵەتییەکان سەپێندرا. هەروەها لەشکرکێشی کوەێت بووە هۆی بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بارگرانییەکی زۆری دارایی بەسەر عێراقدا سەپاند، دیارترینیان قەرەبووکردنەوەی جەنگ بوو. قەرەبووکردنەوەی لەشکرکێشی بۆ سەر کوەیت: ئەنجومەنی ئاسایش بڕیارنامەی 687ی لە نیسانی 1991 دەرکرد، کە عێراقی پابەند کرد بە قەرەبووکردنەوەی ئەو زەرەر و زیانانەی کە لە ئەنجامی لەشکرکێشییەکەی بۆ سەر کوەێتدا کەوتبووەوە. کۆمسیۆنی قەرەبووکردنەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNCC) بە بڕیارنامەی 692 (1991) بۆ بەڕێوەبردنی داواکارییەکانی قەرەبووکردنەوە دامەزرا و بڕیار بوو (30%)ی داهاتی نەوتی عێراق بۆ دابینکردنی دارایی سندوقەکە ببڕدرێت، کە دواتر لە دوای (2003) بۆ (5%) کەمکرایەوە. کۆمسیۆنەکە (2.7 ملیۆن) داواکاری وەرگرتووە و (52.4 ملیار) دۆلاری وەک قەرەبوو پەسەندکرد، کە گەورەترینیان (14.7 ملیار) دۆلار بووە بۆ کۆمپانیای نەوتی کوێت. عێراق پابەند بوو بە گەڕاندنەوەی ئەو داواکارییە بە دانانی بەشێک لە داهاتە نەوتییەکانی بۆ ناو سندوقێکی نەتەوە یەکگرتووەکان تاوەکو بە سەرکەوتوویی تەواوکردنی پارەدانەکە لە مانگی یەکی ساڵی 2022. دواجار دۆسیەی قەرەبووکردنەوەکە داخرا دوای دەرچوونی بڕیارنامەی 2621 لە شوباتی 2022. داکشانی ئابووری و سوودی کەڵەکەبوو: لە ماوەی سزاکان (1990 - 2003)، ئابووری عێراق بەهۆی گەمارۆی بازرگانی و داراییەوە تووشی داڕمانی سەخت بوو، ئەمەش بووە هۆی کەڵەکەبوونی قەرزی دەرەکی عێراق بە نزیکەی (120 - 130 ملیار) دۆلار. ئەم بارگرانییە داراییە گەورەیە بووە هۆی بەربەست لەبەردەم بوژانەوەی ئابووری، بەتایبەتی لەگەڵ زیادکردنی قەرەبووەکانی کوێت. لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی سەدام، بارگرانییەکە بە ناپایەدار وەسف کرا و پێویستی بە لێخۆشبوونی بەرفراوان هەبوو. لێخۆشبوون لە قەرزەکان و بونیادنانەوەی دوای ساڵی 2003 دوای گۆڕینی ڕژێم لە ساڵی 2003، کەمکردنەوەی قەرزەکان بۆ عێراق بوو بە ئەولەویەتێکی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانیکردن لە ئاوەدانکردنەوە. ئەمریکا و شانشینی یەکگرتوو سەرکردایەتی هەوڵەکانیان کرد بۆ کەمکردنەوەی قەرزەکانی عێراق، لە ئەنجامدا کەمکردنەوەی بەرچاوی قەرزە سیادییەکانی عێراقی لێکەوتەوە، ئەوانیش؛ ڕێککەوتنی نادی پاریس ٢٠٠٤: - عێراق لەگەڵ نادی پاریس گەیشتە ڕێککەوتن بۆ دووبارە داڕشتنەوەی قەرزە فەرمییەکانی. - بڕی پارەی سەرەکی (38.9 ملیار) دۆلار بووە، 80%ی بە قۆناغ قۆناغ لێخۆشبوونی بۆ دەکرێت، بە مەرجی چاکسازییە ئابوورییەکانی عێراق و چاودێریکردنی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی. - قۆناغی یەکەم: لێخۆشبوون بوو لە 30%ی قەرزەکە. - قۆناغی دووەم: 30%ی لێخۆشبوونی دیکە زیاد دەکرێت. - قۆناغی سێیەم: لە 20%ی ماوەتەوە لێخۆشبوون دوای تەواوبوونی بەرنامەی چاکسازی ئابووری سێ ساڵە. ئەنجامی ڕێککەوتنەکە: - ڕێککەوتنەکە قەرزی فەرمی دوولایەنەی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکردەوە. - بەشداری کرد لە گەڕانەوەی عێراق بۆ سیستەمی دارایی جیهانی. - وڵاتانی وەک ڕووسیا و فەرەنسا بە پێی ڕێژەی ڕێککەوتن، ئەو لێخۆشبوونەیان جێبەجێ کرد. قەرزەکانی وڵاتانی دەرەوەی نادی پاریس: دیپلۆماسیەتی عێراق بە هاوکاری ئەمریکا کاریان کرد بۆ گەیشتن بە یەکلاییکردنەوەی دوولایەنە لەگەڵ وڵاتانی غەیرە نادی پاریس. ئەم هەوڵانە سەرکەوتوو بوون لە بەدەستهێنانی کەمکردنەوەی بەرچاو لە قەرزەکان، بەم شێوەیەی خوارەوە: - سلۆڤاکیا و قوبرس و ماڵتا (100%)ی قەرزەکانیان لەسەر عێراق هەڵوەشاندەوە. - وڵاتی چین (80%)ی قەرزەکانی هەڵوەشاندەوە کە (نزیکەی 8.5 ملیار) دۆلار بوو. - ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم قەرزەکانی سەر عێراق ڕاگەیاند، کە نزیکەی (4.2 ملیار) دۆلار بوو. - میسر گەیشتە ڕێککەوتنێک بۆ یەکلاکردنەوەی قەرزەکانی کە نزیکەی (800 ملیۆن) دۆلار بوو لە ڕێگەی ڕێکخستنێکەوە کە هاوردەکردنی نەوت و هاوکاری ئابووری لەخۆگرتبوو. - تا ساڵی 2014 لە کۆی 73 وڵاتی قەرزدەر لە دەرەوەی یانەی پاریس، 65 وڵاتیان ڕێککەوتنی یەکلاکردنەوەیان لەگەڵ عێراق ئەنجامدابوو، بەمەش تەنها مشتێک لە قەرزە سیادییەکانی مانەوە کە ڕازی نەبوون بە کەمکردنەوەی قەرزەکان یان داڕشتنەوەی دووبارە، دیارترینیان دەوڵەتانی کەنداو بوون. - یەکلاکردنەوەی قەرزە بازرگانییەکان (لەندەن کڵەب): عێراق بە مەزەندەکردنی (20 ملیار) دۆلار قەرزاری قەرزدەرەکانی بازرگانی بووە. - لە ساڵی 2005 حکومەتی عێراق ئۆفەرێکی پێشکەش بە قەرزدەرەکانی بازرگانی کرد بۆ سڕینەوەی (89.75%)ی قەرزەکان. - قەرزدەرەکانی بازرگانی گەورە بە بۆندە سیادییە نوێیەکان قەرەبوو کرانەوە تا ساڵی 2028 بە پێگەیاندنی سوودی (5.8%). - قەرزدەرەکانی بچووکتر بژاردەیان پێدرا لە نێوان قبوڵکردنی کەمکردنەوەی پارەی نەختینەیی یان بەشداریکردن لە بۆندە نوێیەکان. - ئەم پڕۆسەیە بووە هۆی کەمکردنەوەی (19 ملیار) دۆلار قەرزی بازرگانی لە بەرامبەر دەرکردنی (2.7 ملیار) دۆلار بۆندی نوێ. ڕۆڵی بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کەمکردنەوەی قەرزەکان ئەنجومەنی ئاسایش لە ڕێگەی بڕیارنامەکانییەوە ئاسانکاری بۆ هەوڵەکانی کەمکردنەوەی قەرزەکان کرد. بڕیارنامەی 1483 (ئایاری 2003) داوای لە وڵاتانی قەرزدەر کردبوو کە بارگرانی قەرزەکانی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بکەنەوە. هەروەها لە بڕیارنامەکەدا پارێزبەندی کاتی بۆ ئەو پارانەی عێراقی دانراون لە سندوقی گەشەپێدان بۆ عێراق تا کۆتایی ساڵی 2007 بۆ ڕێگریکردنی قەرزدەرەکان لە هەوڵدان بۆ وەرگرتنی قەرزەکان لە ڕێگەی دادگاوە. لە ئەنجامی ئەم هەنگاوانەدا، قەرزی دەرەکی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، زیاتر لە (100 ملیار) دۆلاری قەرزەکانی لە نێوان ساڵانی (2003 بۆ 2010) سڕدراونەتەوە یان ڕێکخراونەتەوە. داواکارییە یەکلانەکراوەکان (قەرزەکانی کەنداو و ئەوانی تر) هەرچەندە عێراق لە دوای ساڵی 2003 بە سەرکەوتوویی زۆربەی قەرزە سەروەرییەکانی یەکلایی کردۆتەوە، بەڵام هەندێک قەرز و داواکارییەکان بە یەکلانەکراوی ماون، دیارترینیان ئەو قەرزانەی کە لە دەوڵەتانی کەنداو قەرزیان کردووە، کە بە نزیکەی (40-50 ملیار) دۆلار خەمڵێنراون. گەورەترین قەرزدەری کەنداو سعودییەیە کە قەرزەکەی (30-14 ملیار) دۆلارە، لە دوای ئەویش کوێت دێت کە نزیکەی (8 - 14 ملیار) دۆلارە. ئەم قەرزانە بەهۆی ناکۆکی لەسەر بەها و مەرجەکانیان یەکلایی نەکراونەتەوە. عێراق هەندێکیان بە یارمەتییە ڕاگەڕێندراوەکان دەزانێت، لەکاتێکدا وڵاتانی قەرزدەر پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە وەک قەرز لەسەر عێراقە. سەرەڕای بەڵێنەکانی کەنداو بۆ لێخۆشبوون لە قەرزەکانی عێراق، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێکی فەرمی بۆ لێخۆشبوونی قەرزەکان واژۆ نەکراوە. بەڵام تێگەیشتنێکی ناڕاستەوخۆ هەیە کە ئەم وڵاتانە بە زۆر داوای گەڕاندنەوەی پارە لە عێراق ناکەن و لەوانەیە وەک بەشێک لە ڕێککەوتنەکانی داهاتوو هەڵبوەشێنرێنەوە. زۆرێک لە شارەزایان ئەگەری داوای خەرجکردنی ئەو قەرزانەی عێراق بە دوور دەزانن، بەتایبەتی کە هەندێکیان بەڵگەنامەی یاسایی تەواویان نییە. داواکاری دیکە بۆ هەندێک قەرزی چارەسەرنەکراوی تر: جگە لە دەوڵەتانی کەنداو، چەند قەرزدەرێکی دیکەش هەبوون کە یەکلاییکردنەوەی فەرمییان لەگەڵ عێراق دواخست، وەک بەرازیل، پۆڵەندا، کۆریا، ئەسیوپیا و یۆنان. هەندێک لەو کەیسانە درەنگ یەکلایی کراونەتەوە، هەندێکی تریش بێ ڕاگەیەندراو ماونەتەوە، بەڵام کاریگەرییەکی کەمیان هەبووە. بۆ نموونە بەرازیل قەرزەکانی لە گرێبەستە بازرگانییەکاندا نەدراوە و ئامادەیی دەربڕی زۆربەیان بسڕێتەوە، بەڵام تا ساڵی 2019 هیچ بەڵگەنامەیەکی گشتی لەسەر ئەمە لەبەردەستدا نەبوو. پۆڵەندا کە لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا چەکی بۆ عێراق دابین دەکرد، یەکلاکردنەوەی قەرزەکانی دواخست، لەوانەیە بەهۆی کێشەی ڕێکارەکانەوە بێت. زۆربەی ئەم حاڵەتە بچووکانە ئەمڕۆ وەک داواکاری ڕاستەقینە ڕاپۆرت ناکرێن و زۆرجار بە هێمنی چارەسەر دەکرێن یان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بە یاسای بەسەرچوون دەسڕدرانەوە. شایانی باسە عێراق لە ساڵی 2011 ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر یەکلاییکردنەوەی داواکارییەکانی ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییانەی کە لە کاتی شەڕی 1990دا بە بارمتە گیراون لە بەرامبەر بڕە پارەیەکی داراییدا، بۆ ئەوەی کۆتایی بەو داوایە یاساییانە بهێنێت کە لە دادگاکانی ئەمریکا تۆمارکراون. ئیدیعاکانی ئێران لە شەڕی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە: دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵی 1988، ئێران داوای قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگی کرد. بەڵام ڕێککەوتنی ئاگربەست مەرجی قەرەبووکردنەوەی لەخۆنەگرتبوو و هیچ بڕیارنامەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرنەچوو کە داوا لە عێراق بکات قەرەبووی ئێران بداتەوە. ئەم پرسە لە ڕووی سیاسییەوە بە هەڵواسراوی مایەوە و لە دوای ساڵی 2003 بە فەرمی لە لایەن لایەنی ئێرانییەوە لە کۆڕ و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکاندا وروژێنرا. ئەمڕۆ، مانەوەی داواکارییە یەکلانەکراوەکانی عێراق لەسەر ئەو قەرزانە چڕبوونەتەوە کە قەرزاری دەوڵەتانی کەنداون، کە بەبێ ڕێککەوتنی یەکلاکردنەوە ماونەتەوە. ئەم قەرزانە لە بەیاننامەکانی حکومەتی عێراقدا وەک بەشێک لە قەرزە گشتییە نەدراوەکان دانپێدانانیان پێناکرێت. چاوەڕوان دەکرێت لە چوارچێوەی باشترکردنی پەیوەندییە ناوچەییەکان ڕێگەی خۆیان بۆ چارەسەرێک بدۆزنەوە. قەرزەکانی داوی ساڵی 2010 و پێشهاتە هەنوکەییەکان دوای ئەوەی لە کۆتایی دەیەی یەکەمی هەزار ساڵەدا لە گەردنی تەنگەبەری قەرزە کۆنەکانی دەرچوو، عێراق کەمترتوشی کورتهێنانی دارایی بەرچاو بوو، کاتێک پێی خستە دەیەی دووەمی ئەم سەدەیەوە و توانا ئابوورییەکەشی بۆ چەند ساڵێک سوودی بەرچاوەی لە بەرزبوونەوەی داهاتی نەوت وەرگرت، بەمەش ڕێژەی قەرزەکانی تاڕادەیەک بە نزمی هێشتەوە. بەڵام زنجیرەیەک قەیرانی دواتر، کە بووە هۆی بەرزبوونەوەی نوێی قەرزەکان، بۆ دابینکردنی دارایی کورتهێنانی بودجە. دۆخی ئێستا دەتوانرێت بەسەر چەند بوارێکی سەرەکیدا دابەش بکرێت: - قەرزی فرەلایەنی نوێ (سندوقی دراوی نێودەوڵەتی IMF و بانکی نێودەوڵەتی): لە دوای ساڵی 2003 عێراق قەرزی نوێی لە دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکانی وەک سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتی وەرگرت. لە ساڵی 2004 قەرزێکی بەپەلەی لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی وەرگرتووە بە بەهای (436 ملیۆن) دۆلار، دواتر لە ساڵی 2016 ڕێککەوتنی ئامادەباشی لەگەڵ سندوقەکەدا بە بڕی (5.34 ملیار) دۆلار واژۆ کردووە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی نەوت و دابینکردنی دارایی شەڕی داعش. هەروەها قەرزی لە بانکی نێودەوڵەتی وەرگرتووە بۆ دابینکردنی بودجەی ژێرخانی و پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە بە بەهای (500 ملیۆن) دۆلار لە ساڵی 2005، (ملیارێک و 200 ملیۆن) دۆلار لە ساڵی 2015، و (400 ملیۆن) دۆلار لە ساڵی 2017. ئەم قەرزە فرەلایەنانە ڕێژەی سوودی کەمیان هەیە و ماوەی ئیمتیازێکی درێژخایەنیان تێدایە و بەشێکی بەرچاو لە قەرزە دەرەکییە مۆدێرنەکانی عێراق پێکدەهێنن. - قەرزی نوێی دوو قۆڵی و بۆندە سیادییەکان: لە دوای ساڵی 2003 عێراق قەرزی دوولایەنەی بۆ دابینکردنی پێداویستییە تایبەتەکان مسۆگەر کرد، وەک قەرزی ژاپۆنی بۆ دابینکردنی دارایی پڕۆژەکانی ئاو و کارەبا و قەرزی چینی بۆ دابینکردنی دارایی پڕۆژەکانی وزە و ژێرخانی ئابووری. هەروەها عێراق بۆندە سیادییەکانی لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا دەرکرد، وەک بۆندێکی یۆرۆیی (یەک ملیار) دۆلاری لە ساڵی 2017 و بۆندێکی نێودەوڵەتی بە بڕی (2 ملیار و 700 ملیۆن) دۆلار لە ساڵی 2015. ئەم دەرکردنانە قەرزی دەرەکی عێراقیان زیاد کرد، بەڵام لە چوارچێوەی سنوورێکدا کە بە وردی لەبەرچاو گیرابوو. - بەرزبوونەوەی قەرزی ناوخۆ: لەم ساڵانەی دواییدا حکومەتەکانی عێراق پەنایان بردە بەر قەرزی ناوخۆ بۆ دابینکردنی کورتهێنانەکانیان، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بێ وێنەی قەرزی گشتی ناوخۆ. لە ساڵی 2020 قەرزی ناوخۆ لە (38 ترلیۆن) دینارەوە بۆ (64 ترلیۆن) دینار بەرزبووەتەوە، دواتر لە ساڵی 2023دا (70 ترلیۆن) دیناری تێپەڕاندووە، کە دەکاتە (50 ملیار) دۆلار. هەرچەندە ڕێژەی قەرز بەرامبەر بە بەرهەمی ناوخۆیی لە مەودای بەردەوامدا دەمێنێتەوە، بەڵام بەردەوامی پشتبەستن بە قەرزی ناوخۆیی نیگەرانی ئابووری دەوروژێنێت. زۆربەی قەرزە ناوخۆییەکان خاوەندارێتی بانکە حکومییەکانن و ساڵانە سوودی لە ڕێگەی بودجەوە دەدرێت، ئەمەش وایکردووە کەمتر مەترسیدار بێت لە چاو قەرزی دەرەکی. - بارودۆخی هەنوکەیی (2025): بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە ساڵی 2022-2023، عێراق توانی خەرجی وەبەرهێنان زیاد بکات و بەشێک لە قەرزە ناوخۆییەکانی بداتەوە، بەمەش گەشەی قەرزەکانی کەم کردەوە. داتا فەرمییەکان مەزەندە دەکەن کە کۆی قەرزی گشتی عێراق نزیکەی (70 - 75 ملیار) دۆلارە، کە زۆربەی قەرزەکانی ناوخۆیە، لەکاتێکدا قەرزی دەرەکی ڕاستەقینەی نەدراو نزیکەی (20 ملیار) دۆلارە. بەسەرچوونی بارگرانی قەرەبووکردنەوەی جەنگی کوەیت لە ساڵی 2022دا، نەزیفی دارایی دەیان ساڵەی نەهێشت و خزمەتگوزاری قەرزەکانی ئێستا سنووردارە بە بەراورد بە داهاتەکان بەهۆی ئەو مەرجە لەبارانەی کە عێراق لە کاتی داڕشتنەوەیدا بەدەستی هێنا. وەزارەتی دارایی عێراق دووپاتی کردەوە که ئەو وڵاته دەتوانێت ئاستێکی سەقامگیری قەرزەکان بپارێزێت، لەگەڵ پلانی بەکارهێنانی زیادەی نەوت بۆ گەڕانەوەی زیاتری قەرزه ناوخۆییەکان و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە قەرزکردن. قەبارەی قەرزکردنی دەرەکی و دامەزراوە قەرزدەرەکان تا کۆتایی ساڵی 2024 قەبارەی قەرزی دەرەکی گەیشتبووە (14.27 ملیار) دۆلار کە دەکاتە (18 ترلیۆن و 550 ملیار) دیناری عێراقی، سوودی بە (264 ملیۆن) دۆلار (343 ملیار دینار) خەمڵێندراوە، هاوکات دانەوەی قەرزی دەرەکی گەیشتووەتە (1.639 ملیار) دۆلار کە دەکاتە (2 ترلیۆن و 131 ملیار) دینار. عێراق بۆ قەرزکردنی دەرەکی پشت بە (21) دامەزراوەی بیانی دەبەستێت. لە پلەی یەکەمی قەرزدەری بیانی لە لیستەکەدا ئاژانسی هاوکاری نێودەوڵەتی ژاپۆن JICA)) بوو، لە دوای ئەویش بانکی گەشەپێدانی ئەڵمانی KfW)) دەزگای هاوکاری ئاسایشی بەرگری ئەمریکا، بانکی نێودەوڵەتی و دارایی هەناردەکردنی بەریتانیاUKEF))، لە دوای ئەویش بانکە بیانییەکان، بەڵام بە گەرەنتی لەلایەن دەزگا نێودەوڵەتییەکانی قەرزی هەناردەکردنەوە. هەروەها عێراق قەرزی لە سندوقی کوەیت بۆ گەشەپێدانی ئابووری عەرەبی، حکومەتی فەرەنسا، دەزگای گەشەپێدانی فەرەنسا، دەزگای قەرزی هەناردەکردنی بەریتانیا و ئاژانسی هاوکاری نێودەوڵەتی ژاپۆنJICA) ) بەپێی ڕێککەوتنی پێنجەمی قەرز بۆ پڕۆژەی (FCC) وەرگرتووە، هەروەها لە دەزگا نێودەوڵەتییەکانی قەرزی هەناردەکردن. قەرزدەرە دەرەکییە سەرەکییەکان؛ - ئاژانسی هاوکاری نێودەوڵەتی ژاپۆنJICA)) - بانکی گەشەپێدانی ئەڵمانیاKfW)) - بانکی جیهانی - دەزگای هاوکاری ئاسایشی بەرگری ئەمریکا بڕی قەرزی ناوخۆیی قەرزی ناوخۆ تا کۆتایی ساڵی 2024 بڕی (63 ملیار و 875 ملیۆن) دۆلار بەرامبەر (83 ترلیۆن و 37 ملیار) دینار بووە، سوودی قەرزی ناوخۆ (611 ملیۆن) دۆلار بووە بەرامبەر (794 ملیار) دینار، قیستەکانیش گەیشتووەتە (ملیارێک و 568 ملیۆن) دۆلار بەرامبەر بە (2 ترلیۆن و 131 ملیار) دینار. پێداچوونەوەی دارایی بۆ ساڵی 2024 - سەروەت و سامانی دارایی؛ بەپێی ڕاپۆرتی بانکی ناوەندی بۆ کۆتایی ساڵی 2024 گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە کۆی سەروەت و سامانی دارایی خەزێنەی عێراق (189 ترلیۆن و 94 ملیار و 318 ملیۆن) دینار بووە، کە بەسەر یەدەگی زێڕدا دابەشکراوە بە بڕی (17 ترلیۆن و 837 ملیار و 890 ملیۆن) دینار، پارەی نەختینە و باڵانس لەگەڵ بانکە ناوەندییەکان بە بڕی (22 ترلیۆن و 250 ملیار و 319 ملیۆن) دینارە، هاوکات باڵانسی (30 ترلیۆن و 577 ملیار و 824 ملیۆن) دینار لەگەڵ بانک و دامەزراوە داراییەکانی تر. وەبەرهێنانی دارایی بە تێچووی خەرجکراو بڕی (58 تریلیۆن و 247 ملیار و 589 ملیۆن) دینار بووە و قەرزەکانی دراوە بە بانکە حکومی و بازرگانییەکان (12 تریلیۆن و 708 ملیار و 161 ملیۆن) دینار بووە، لە کاتێکدا باجەکانی وەزارەتی دارایی (42 تریلیۆن و 779 ملیار و 741 ملیۆن) دینار بووە، و بەهای موڵک و کەلوپەلەکان بڕەکەی (12 تریلیۆن و 708 ملیار و 161 ملیۆن) دینار بووە بۆ (یەک ترلیۆن و 348 ملیار و 38 ملیۆن) دینار و سامانی نابەرجەستە (8 ملیار و 366 ملیۆن) دینار و سامانی دیکەش (3 ترلیۆن و 339 ملیار و 123 ملیۆن) دینار بووە. سەروەت و سامانی دارایی دابەش دەبێت بەسەر پابەندێتی و پشکەکان پابەندێتی: کۆی بەهای پابەندییەکان (153 تریلیۆن و 168 ملیار و 982 ملیۆن) دینار بووە، بەم شێوەیە دابەشکراوە: پارەی نەختینەیی دەرچووە بۆ سووڕانەوە (تداول) بە بڕی (100 تریلیۆن و 543 ملیار و 204 ملیۆن) دینار و بۆندەکانی گەنجینەی دەرچوو بە بڕی (152 ملیار و 393 ملیۆن) دینار وەبەرهێنانی بانکە ناوخۆییەکان و دامەزراوە داراییەکانی دیکە بە بڕی (44 تریلیۆن و 155 ملیار و 267 ملیۆن) دینار و بەرکەوتەی حکومەت و بانکە بیانییەکان کە بڕی (51 ملیار و 393 ملیۆن) دینارە، ڕەسیدەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی کە بڕی (22 ملیۆن) دینارە، ڕەسیدی دامەزراوە حکومییەکان بە بڕی (7 تریلیۆن و 884 ملیار و 955 ملیۆن) دینار و پابەندییەکانی دیکە بڕی (381 ملیار و 748 ملیۆن) دینارە. پشک: کۆی گشتی پشکەکان (35 ترلیۆن و 925 ملیار و 336 ملیۆن) دینار بووە کە بەم شێوەیە دابەشکراوە: سەرمایە بە بەهای (10 ترلیۆن) دینار، یەدەگی گشتی بە بەهای (6 ترلیۆن و 310 ملیار و 317 ملیۆن) دینار، یەدەگی فریاگوزاری بە بەهای (6 تریلیۆن و 107 ملیار و 901 ملیۆن) دینار، یەدەگی بەهای زێڕ بە بەهای (7 تریلیۆن و 257 ملیار و 567 ملیۆن) دینار، یەدەگی بەهادانەوەی زەوی و بینا بە بەهای (346 ملیار و 119 ملیۆن) دینار، قازانجی هێڵراو بە بەهای (5 تریلیۆن و 903 ملیار و 432 ملیۆن) دینار. بەم شێوەیە کۆی پابەندێتی و پشکەکان (189 تریلیۆن و 94 ملیار و 318 ملیۆن) دینار بووە. سەرچاوە صحافة البيانات-شبكة الساعة، من الوفرة إلى العجز: ديون العراق (1980–2025)، 2025-08-20، علی الموقع؛ https://shorturl.at/TCg4h
د. سانا كەمال/ پارێزەری راوێژكار ئۆپۆزسیۆن پایەیەکی بنچینەیی هەرسیستەمێکی دیموکراسیە وە زیاد لە ڕۆڵێکی هەیە، کە خۆی دەبینێتەوە لە: چاودێریکردنی ئەدای دەسەڵاتی دەسەڵاتدار لەلایەک و خستنەڕوی پڕۆژەی ئەڵتەرناتڤی واقیعی بۆ ئەو بارودۆخەی کە هاوڵاتی تیایدا نارازیە لەلایەکی دیکەوە. لێرە پرسیارێک دێتە پێشەوە ئایا هێزە ئۆپۆزسێۆنەکان لە هەرێمی کوردستان کە زۆرجار نارەزایەتی دەردەبن بەرامبەر بارودۆخی سیاسی هەرێم، ئەرکی خۆیان جێبەجێ کردوە وەک هێزێکی ئەڵتێرناتڤ بۆ دەسەڵات؟ شاراوەنیە كە لەمڕۆدا ئۆپۆزسیۆن تۆمەتبار دەکرێت بەوەی ڕۆڵی کاریگەری خۆی نابینێت بەهۆکاری دوبەرەکی ناوخۆیی و لاوازی هەماهەنگی لەنێوان هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن، یاخود بەهۆی نەبونی پڕۆژە بەدیلێکی ڕون و واقیعی بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمرانی لە هەرێم، بەشێوەیەک کە بتوانێت ڕای گشتی ڕازی بکات. ئەم بەش بەش بونەی ئۆپۆزسیۆن لە ناو خۆیاندا بۆتە هۆکاری سەرەکی بۆ لەدەستدانی متمانەی هاوڵاتیان بەهێزی ئۆپۆزسیۆن، وە بۆتە هۆکار بۆ بڵاوبونەوەی بێ هیوای و سەیرکردنی بەشێکی زۆریان بە هێزی چاوچنۆک بۆ بەدەستهێنانی "پارە ودەسەڵات وکورسی"، هەر ئەمەش وایکردوە زۆرجار هاوڵاتیان وەک دەنگی ڕەخنەگر سەیریان بکەن نەک وەک بریکارێکی ڕاستەقینە بۆ گۆڕانکاری. هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان پێکەوە ٥٠+١ پێک دەهێنن لە پەرلەمان، بەڵام بۆچی ناتوانن ڕۆڵی خۆیان ببینن؟ هۆکاری نەتوانین یاخود لاوازی ڕۆڵەکەیان دەگەرێتەوە بۆ بەش بەش بونیان و ڕەزامەندنەبونیان بۆ کۆکردنەوەی هەموو دەنگە نارازیەکان لەژێر یەک چەتردا و دروستکردنی بەرەیەکی یەگرتوو، ئەمەش بە بەهانەی جیاواز، وەک: جیاوازی ئایدۆلۆژیا و پلاتفۆرمە سیاسییەکانی نێوان هێزە ناسیۆنالیست و چەپ و ئیسلامیەکان لە لایەک، وە شەرکردن بۆ سەرکردایەتی و ڕەتکردنەوەی ملکەچبونی هەرلایەنێک بۆ ئەویتر، هەروەها جیاوازی بیرکردنەوە لە چۆنێتی وجۆرێتی ئۆپۆزسیۆن بوون، بۆنمونە: هەندێک لایەن پێیان باشە سەرنجیان لەسەر ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمان بێت، بەپێچەوانەی هەندێکی تریان پێیان باشە زیاتر ئیش لەسەر ناڕەزایەتی شەقامەکان بکرێت و ڕەوتی ئۆپۆزسیۆنی شەقام جێبەجێدەکەن، ئەمە سەرەرای نەبونی متمانە بەیەکتر، بەهۆی مێژوی بەشێک لە لایەنەکان لەدابەشکردنی دەسەڵات یان نزیکیان لە دوو پارتی دەسەڵاتدار، جگە لەوە بەرژەوەندیە تەسکەکانی حزب و فشارە ناوچەیيەکان ڕۆڵیان هەیە لەقوڵکردنەوەی دابەشبونەکەدا، چونکە هەندێکيان ترسیان لەوە هەیە کە یەکگرتن ببێتە هۆی لەدەستدانی کاریگەریی هەڵبژاردن یان ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ زلهێزەکان. بەڵام ئەم بەهانانە لە ناوەڕۆکی خۆیاندا "قەیرانی متمانە و سەرکردایەتی" ئاشکرا دەکەن، نەک ناکۆکی ڕاستەقینە، ئەمەش وا لەخەڵک دەکات باوەڕیان بەوە هەبێت کە بەردەوامی ئەم پارچە پارچەبونە خزمەت بە بەرژەوەندیەکانی دوو لایەنی باڵادەست دەکات و ئەگەری گۆڕانکاری سیاسی لاواز دەکات و بێهیوابونی خەڵک زیاد دەکات. چارەسەری ئەم دۆخە ناهەموارە پیویستی بە دوو هەنگاوە: یەکەم: لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان لە کوردستان دەبێت درک بەوە بکەن کە بەردەوامی دابەشبون لە نێوانیاندا بە واتای لەناوچونی ڕۆڵی سیاسی خۆیان و لەدەستدانی متمانەی گشتیە، بەرژەوەندی گشتی ئەرکی پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو دەخاتە سەر شانیان، لەڕێگەی جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی گونجاوەوە کە ئامانجی سەرەکی تیایدا پرسی بژێوی ژیان و شەفافیەت و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی بێت نەک شەرکردن و سەنگەرگرتن لەیەکدی و ماراسۆن لە پێناو سەرکردایەتیکردن، هەروەها سەبارەت بە بابەتی سەرکردایەتیکردن پێویستە (سەرکردایەتی بەکۆمەڵ) بێت نەک سەرکردایەتی تاکەکەسی، وە بەردەوام پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی و جەماوەردا هەبێت، بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە ئەوان نوێنەرایەتی دەنگی راستەقینەی خەڵک دەکەن نەک بەرژەوەندی تەسکەکانی خۆیان. یەکگرتویی ئۆپۆزسيۆن لەمکاتەدا تەنها هەڵبژاردنێکی سیاسی نیە، بەڵکو پێویستیەکی وجودیە بۆ ئەوەی ئۆپۆزسیۆن وەک هێزێک بمێنێتەوە کە توانای گۆڕانکاری ڕاستەقینەی هەبێت، وە بەرگی ڕەخنەگری زارەکی و قسەکردن لابدات. دووەم: یەکێک لە دیارترین دوڕیانەکان و شکستی حزبەکان لە عیراق بەشێوەیەکی گشتی و لە هەرێم بەشێوەیەکی تایبەتی، (چ حزبەکانی دەسەڵات بێت یان ئۆپۆزسیۆن)، لە جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکانیان لە هەڵبژاردنەکاندا خۆی دەبینێتەوە، بۆ نموونە ئەو بەرنامە حزبیانەی پێش هەڵبژاردن دەخرێنەڕوو، بەزۆری پڕن لەدروشمی گەورە و بەڵێنی سەرنجڕاکێش، بەڵام دوای بەدەستهێنانی کورسیەکان و پرکردنی گیرفانەکان بە خێرایی ئەو بەڵێنانە کاڵ دەبنەوە و بەدەگمەن ئەگەر کەسێ بیری بمێنێت. بچوکترین نمونەی ئەو بەڵێنانەش ( ڕزگارکردنی هاوڵاتی لەم دۆخە نەخوازراوە و بون بە جێگرەوەی دوو هێزی دەسەڵاتە)، باشە ئەمە چۆن جێبەجێدەکرێت ئەگەر دەنگدەر نەتوانێت لێپیچینەوەی یاسای لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن بکات و لە ڕوی یاساییەوە داوای جێبەجێکردنی بەڵێنەکەی لێبکات، وە زەختی جەماوەری و یاسايی لەسەر ئۆپۆزسیۆن دروست بکات بۆ یەکگرتن و دروستکردنی گۆرانکاریەکی راستەقینە!!! هەربۆیە بە هۆکاری ئەوەی لەڕوی یاساییەوە هیچ دەقێکی یاسای ڕون لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا بونی نیه کە بتوانرێت لایەنەکان پابەند بکات بە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی کاتی هەڵبژاردنەکان، بۆیە دەنگدەرانی ئۆپۆزسیۆن هیچ ڕێگەیەکی یاسایی ڕاستەوخۆیان نیە بۆ لێپرسینەوە لە ئۆپۆزسيۆن لەکاتی شکاندنی بەڵێنەکانی هەڵبژاردن، یاخود مانەوەیان لە بازنەی ڕەخنەگرێکی ئاسایی کە هەموو هاوڵاتیەکی ناڕازی دەتوانێت ئەو رۆڵە ببینێت. ئەوەی لە کاتی ئیستادا و لەبونی ئەم بۆشاییە یاساییەدا لێپرسینەوە لە هێزەکانی ئۆپۆزسێۆن دەکات تەنها بابەتێکی ئەخلاقی و سیاسیە نەک یاسایی، هەر بۆیە هێزێکی ئۆپۆزسیۆن کە بەڵێنەکانی بشکێنێت، متمانەی گشتی لەدەست دەدات و ڕەنگە لە هەڵبژاردنی داهاتودا لەلایەن خەڵکەوە بە دورکەوتنەوە لە دەنگدان سزابدرێت. بەڵام ئەم ئامرازانە بەس نین، چونکە نەبونی دەقی یاسایی، بەڵێنەکانی هەڵبژاردن بەبێ هێزی پابەندکەری ڕاستەقینە دەکات. لێرەوە پێویستی هەموارکردنەوەی یاسایی سەرهەڵدەدات بۆ یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان و عێراق، بە شێوازێک کە بەڵێنەکانی هەڵبژاردن بکرێت بە بەڵگەنامەیەکی فەرمی کە لەکاتی تۆمارکردنی هێزەکان بەتایبەت ئۆپۆزسيۆن بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن پێشکەش بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بکرێت، وە پێویست بکرێت لەسەر لایەنەکە یان کاندیدەکان ڕاپۆرتی خولیی (ساڵانە) سەبارەت بە پابەندبونیان بەبەرنامەی هەڵبژاردنیانەوە پێشکەش بکەن. هەروەها دەبێت پەرلەمان مافی بدرێتی کە پرسیار لە ئۆپۆزسیۆن یان بلۆکە دەسەڵاتدارەکان بکات ئەگەر بێ پاساوی مەعقول بەڵێنەکانیان جێبەجێ نەکەن، سزادەدرێن لە هۆشداری گشتیەوە تا غەرامەکردنی دارایی و تەنانەت بێبەشکردنی لە خۆکاندیدکردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو ئەگەر بەڵێنی درۆ یان چەواشەکارانە سەلمێندرا. جگە لەوەش، گرنگە لەم هەموارە یاساییە ماف بدرێت بە دەنگدەران و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە سکاڵا پێشکەش بە کۆمسیۆن بکەن سەبارەت بە هەر پێشێلکاریەکی جددی بەرنامەکانی هەڵبژاردن بەتایبەت لەلایەن هێزەکانی ئۆپۆزسيۆن. پەسەندکردنی هەموارکردنەوەیەکی یاسایی لەو جۆرە، نەک تەنها هیوا دروست دەکاتەوە بۆ هاوڵاتیان سەبارەت پرۆسەی هەڵبژاردن، بەڵکو سەرەرای ئەوە رۆڵ دەبینێت لە دامەزراندنی کولتورێکی سیاسی نوێ کە لەسەر بنەمای "بەستنەوەی گوتاری سیاسی بە کردەی پراکتیک" دەبێت. لە کۆتایدا دەڵێين پابەندبونی ئۆپۆزسیۆن بە دروستکردنی بەرەیەکی یەگرتوو تەنیا پرسێکی ئەخلاقی نیە، بەڵکو مەرجێکی پێشوەختەیە بۆ دروستکردنی متمانە لەنێوان هاوڵاتیان و ئۆپۆزسیۆن. ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئەرکی دانانی پرۆژەیەکی ئەڵتەرناتیڤی واقیعیانەی لەسەر شانە، ئەم ئەرکەش بێهودە دەبێت ئەگەر ئەو دوو هەنگاوەی بۆ نەنرێت کە لەم وتارە باسمانکردوە.
(درەو): سێ شەممەی ئەم هەفتەیە، واتا هەمان رۆژی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ، (ئەنجومەنی دەوڵەت) لەبارەی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستانەوە بڕیار دەدات و چارەنوسی موچەی شەش مانگی ئەمساڵی موچەخۆرانی هەرێم یەكلادەبێتەوە. بڕیاربوو ئەمڕۆ ئەنجومەنی دەوڵەت بڕیار لەسەر نوسراوی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بدات سەبارەت بە ناكۆكییەكانی نێوان هەولێرو بەغداد سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستان. بەڵام بەگوێرەی قسەی سەرچاوەكان لە بەغدادەوە، ئەنجومەنی دەوڵەتی كۆبوونەوەو بڕیاری ئەمڕۆی خۆی بۆ رۆژی سێ شەممەی ئەم هەفتەیە دواخستووە. سەرچاوەكان باسلەوە دەكەن، ئەنجومەنی دەوڵەت داوایكردووە، بۆ دانیشتنی رۆژی سێ شەممە سەبارەت بە ناكۆكییەكان لەبارەی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم، دوو راوێژكار لە وەزارەتەكانی (دارایی+ داد)ی هەرێمی كوردستان ئامادەبن، بۆئەوەی وەڵامی نوسراوەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ ئامادەبكرێت. دوای درێژەكێشانی ناكۆكی وەفدە هاوبەشەكانی هەولێرو بەغداد لەسەر پرسی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی چوارشەممەی رابردووی حكومەتدا بڕیاریدا یەكلاكردنەوەی ئەم ناكۆكییە رەوانەی ئەنجومەنی دەوڵەت بكات، ئەمە لەكاتێكدا بوو حكومەتی هەرێم خوازیاربوو پرسەكە بچێتە دادگای فیدراڵییەوە. ئەگەر رۆژی سێ شەممە، ئەنجومەنی دەوڵەت بڕیار بدات، هەمان رۆژ كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەو لەوێ دواین بڕیار لەسەر ناكۆكییەكان دەدرێت و چارەنوسی موچەی (6) مانگی ئەمساڵی موچەخۆرانی هەرێم یەكلادەبێتەوە، كە بەهۆی ناكۆكی لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوت و دواتریش ناكۆكی سەربارەت بە داهاتە نانەوتییەكان پەكیكەوتووە. حكومەتی هەرێم رەتیدەكاتەوە رێژەی 50%ی هەموو داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم بگێڕێتەوە بۆ بەغدادو وەفدی هەرێم بەڵگەی یاسایی پێشكەشكردووە لەبارەی ئەوەی تەنیا 50%ی داهاتی دامەزراوە فیدراڵییەكان دەبێت بگەڕێندرێتەوە.
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) ڕاوەستانی «نەشتەرگەرییە گشتییەکان» لە نەخۆشخانە حکومییەکانی هەرێمدا، کارەساتێکی دیکەی ناو کارەساتە گەورەکانی ئەو سیستمە سیاسیی و ئابوریی و خزمەتگوزارییەیە لە هەرێمدا سەروەرکراوە. ڕاوەستانی ئەم خزمەتگوزارییە، بەر لەوەی کۆتاییهێنان بێت بە یەکێک لە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، پەکخستنی یەکێک لە مافە هەرە سادە و هەرە بنەڕەتییەکانی مرۆڤە لە هەرێمدا. ئەمەش هەڵقەیەکی تازەیە لە زنجیرەی ئەو داتەپینە گشتییەی رووی لە دابینکردنی خزمەتگوازارییە سەرەکییەکان و لە پاراستنی مافە هەرە بنەڕەتییەکانی مرۆڤە، لە هەرێمدا. بەر لە هەموو شتێک دەستەبەرکردن و گەیاندنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی، بە هەموو تاکە کەسێک لە کۆمەڵگادا، پەیوەندیی بە وێناکردنی مرۆڤەوە لەو کۆمەڵگایەدا هەیە. بەتایبەتی پەیوەندی بە شێوازی وێناکردنی حوکمڕانانەوە بۆ مرۆڤەکانی ئەو کۆمەڵگایەوە هەیە. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا مرۆڤ لەو کۆمەڵگایەدا بەگشتیی و لە ناو سیستمە حوکمڕانییەکەیدا وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف و خاوەن کەرامەت دەبینرێت یان نا؟ چونکە دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی لە کۆمەڵگادا، پەیوەندییەکی پتەوی بە مەسەلەی ماف و کەرامەتەوە هەیە. پاراستنی تەندروستی مرۆڤ مافێکە لە مافە هەرە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و لەلایەن «ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی»، ڕێکخراوی WHO، دان بەو مافەدا نراوە. هەموو کەسێک لە کۆمەڵگادا، هەم مافی ئەوەی هەیە و هەم شایستەی ئەوەشە دەستی بە خزمەتگوازارییە تەندروستییە بنەڕەتییەکان بگات. بەبێ گوێدانە توانای مادیی و پێگەی چینایەتیی و ڕەگەز و دین و ئایدیۆلۆژیای ئەو کەسە. تەنها لەو ژینگانەدا کە مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف و خاوەن کەرامەت نابینرێن و مامەڵەناکرێن، بەشە نەدارەکەی کۆمەڵگا، لەم خزمەتگوزارییە بنەرەتییانە بێبەشە و رێ لەوە دەگیرێت هەمووان دەستیان پێیبگات. تەنها لەو ژینگەیەدا کە مرۆڤ لە مافە هەرە سەرەتاییەکانی مرۆڤ رووتکرابێتەوە و کەرامەتی بەشێوازی جیاواز بریندار کرابێت، خزمەتگوزاریی تەندروستیی بە توانای مادیی و پێگەی چینایەتییەوە، گرێئەدرێت. لە هەرێمدا نوخبە حوکمڕان و ملیۆنێرەکەی دوای راپەرین، خۆیان بۆ پشکنینە پزیشکییە ئاساییەکانیشیان، سەردانی وڵاتانی دەرەوە دەکەن و لە نەخۆشخانە پێشکەوتو و گرانبەهاکانی جیهاندا بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن. لە کاتێکدا نەخۆشخانە حکومییەکانی هەرێم، پارە و بودجەی ئەوەیان نییە «نەشتەرگەرییە گشتییەکان» ئەنجامبدەن و ئەم خزمەتگوزارییە سەرەکیی و بنەرەتییە، لە خەڵکە ئاساییەکەی هەرێم دەبڕن. کەرتی تەندروستیی لە هەرێمدا بووە بە کەرتێکی بازرگانیی و لۆژیکی سەرمایەدارییەکی دڵڕەق و بێویژدان و مافیایی، کە کەڵەکەبوونێکی خێرا و نایاسایی سەرمایە، ئاراستەی دەکات، بەڕێوەی دەبات. ئەمەش ئەو لانی هەرە هەرە کەمەی «دادپەروەریی» و «یەکسانیی کۆمەڵایەتیِ» وێراندەکات کە هەر کۆمەڵگایەک بۆ ئەوەی وەک کۆمەڵگا بمێنێتەوە، پێویستی پێیەتی. بەتایبەتیکردنی کەرتی خزمەتگوزاریی تەندروستیی و دەستکشاندنەوەی حکومەت و کەرتی گشتیی لە پێشکەشکردنی ئەم خزمەتگوزارییە، دۆخێکی دروستکردووە، خزمەتگوزاریی تەندروستیی لە مافەوە بگۆڕێت بۆ ئیمتیاز. ئاخر بەبێ دەستگەیشتنی یەکسانی هەمووان بەم خزمەتگوزارییە، ئەم خزمەتگوزارییە دەبێت بە ئیمتیازێک لە ئیمتیازە زۆرەکانی بەشە دەوڵەمەندەکەی کۆمەڵگا. ئەمەش دۆخی نادادپەروەریی و نایەکسانیی لە کۆمەڵگاکەدا قووڵتر و قووڵتر دەکاتەوە. خزمەتگوزاریی تەندروستی ئیمتیازی هیچ بەشێک لە بەشەکانی کۆمەڵگا نییە، بەڵکو مافێکە هەمووان هەیانە. هەژارن و بەساڵاچووان و کەمئەندامان و ژنان و پیاوان و منداڵان، بە هەمان ڕادەی خاوەن سەرمایە و دەوڵەمەندەکان، هەڵگر و خاوەنی ئەم مافەن. خۆشگوزەرانیی کۆمەڵگا لەم ئاستەدا، خۆشگوزەرانییە بۆ هەمووان، نەک تەنها بۆ دەسەڵاتداران و دەوڵەمەندانی کۆمەڵگاکە. سەندنەوەی ئەم خزمەتگوازارییە لە خەڵکی سادەی کۆمەڵگاکە، تەعەدایەکی گەورەیە لە ماف و نرخی ئینسانیی ئەو کەسانە. ئەخلاقیی حوکمڕانیکردن و ئەخلاقیی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگاکان، بەوە دەپێورێت چۆن مامەڵەی بەشە لاواز و نەدارەکەی کۆمڵگاکە دەکرێت. چۆن بەشە هەرە لاوازەکانی ئەو کۆمەڵگایە مامەڵدەکرێن، ئایا رێز و لە ماف و کەرامەتیان دەگیرێت یاخود وەک مرۆڤی زیادە و ناپێویست مامەڵەدەکرێن؟. بۆیە کۆتاییهێنان بەم خزمەتگوازارییە، فۆرمێکی هێجگار ترسناکی بەدئەخلاقییە لە هەردوو ئاستەکەدا. لە ڕاستیدا تەنها ئەو کۆمەڵگا و حوکمڕانیانە، کۆمەڵگا و حوکمڕانیی خاوەن ئەخلاقن، کە ژیانی مرۆڤ تیایاندا، هەموو مرۆڤەکان، نرخ و بەها و رێزی تایبەتییان هەیە و هەمووان لە مرۆڤبوون و کەرامەتدا بەیەکتری یەکسانن. لێرەدا پاراستنی تەندروستیی مرۆڤ، دەبێتە یەکێک لە ئەرک و بەرپرسیاریهتییەتە سەرەکییەکانی دەوڵەت. دەوڵەتیش ئەم بەرپرسیاریەتییە نەک تەنها وەک ئەرکێکی سیاسیی و ئەخلاقیی و کۆمەڵایەتیی خۆی دەبینێت، بەڵکو مرۆڤەکانیش وەک هاوڵاتیی یەکسان و مرۆڤی خاوەن ماف مامەڵەدەکات، کە مافی دەستگەیشتنیان بەو خزمەتگوزارییانە هەیە. لە پەیوەندیدا بە خزمەتگوزاریی تەندروستییەوە، پێویستە دەوڵەت ئەم خزمەتگوزارییە، وەک مافێکی بنەڕەتی مرۆڤ و وەک بەردی بناغەی پاراستنی کەرامەتی مرۆڤەکان ببینێت و مامەڵەبکات، نەک وەک ئیمتیازێک بۆ ئەم یان ئەو بەشی کۆمەڵگاکە. تەنها دانیشتوانێکی تەندروستیش دەتوانێت گەشە بە کۆمەڵگا و نیشتیمانێکی تەندروست بدات. بەزۆر مانا مرۆڤی تەندروست مرۆڤێکی بەرهەمهێنتر و بەختەوەرترە، دەتوانێت جۆرێک لە ژیان دروستبکات قابیلی ژیان بێت. پەیوەندییەکی بەهێز و تەندروستیشی بەو ژینگەیەوە هەبێت کە تیایدا تەندروستانە دەژیی. تەنها لە کۆمەڵگایانەدا کە خەم لە تەندروستیی هەمووان دەخورێت، دەشێت چاوەرێی هاریکاریی و بەدەمەوەچوونی کۆمەڵایەتی زیاتر و زیاتر بکەین. غیابی ئەم جۆرە خزمەتگوزارییانە زۆر بە ئاسانی دەتوانێت ئەم بەشی کۆمەڵگاکە، بکاتە دوژمنی ئەو بەشەکەی تری و پەیوەندیی نێوان حوکمڕانان و بەشە نەدارەکەی کۆمەڵگاکەس، بخاتە سەر لێواری تەقینەوەی بەردەوام. تەندروستیی لە کۆمەڵگادا، تەنها بۆ مانەوەی تاکەکان گرنگ نییە، بەڵکو بۆ هەستکردن بە یەکسانی کۆمەڵایەتیی و خۆشگوزەرانیی گشتیی و سەقامگیریی سیاسیش هێجگار گرنگە. دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی بۆ هەموو هاوڵاتیان، هەم پێداویستییەکی ئینسانیی و هەم ئەرکێکی سیاسیی و ئەخلاقییە و هەم مافێکیشه لە مافە سەرەکییەکانی مرۆڤ. ئەوەی لە هەرێمدا دەیبینین، رێک پێجەوانەی ئەو سەرهتا سیاسیی و ئەخلاقیی و ئینسانییانەیە کە باسمکردن. خزمەتگوزارییە گشتییەکانی حکومەت، لە دۆخی داتەپینێکی بەردەوامدان، لە بەرامبەریدا خزمەتگوزارییە تایبەتەکان، کە زۆربەی جار تەنها ئیمتیازی بەشە دەوڵەمەندەکەی هەرێمەکەیە، لە دۆخی گەورەبوون و فراوانبوونێکی بەردەومدایە. بە مانایەک لە ماناکان، لە ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی گشتیدا، حکومەت بەرەوە نەمان و پوکانەوەیەکی تەواو دەچێت. ئەم نەمان و پوکانەوەیەش، کارێکی بە مەبەست ئەنجامدراو و پلان بۆدانراو و سیستماتیکییە. نوخبەیەک بەڕێوەیدەبات و ئاراستەی دەکات، سەرجەمی وڵاتەکە و کۆی دەزگاکانی حکومەتەکە و سەرجەمی خزمەتگوزارییەکانیش، وەک موڵکی شەخسیی و تایبەتی خۆی مامەڵەدەکات. بەم مانایە ڕاوەستانی «نەشتەرگەرییە گشتییەکان» لە نەخۆشخانە حکومییەکانی هەرێمدا، هێمایە بۆ دروستبوونی کۆمەڵگایەک و مۆدێلێکی حوکمڕانیی، تەواو خاڵیی لە لانی هەرەکەمی دادپەروەریی و رێزگرتن لە ماف. دروستبوونی حوکمڕانیی و کۆمەڵگایەک بەرەو ئەوە دەچێت ببێت بە دارستان، تیایدا بەهێز لاواز و پارەدار بێپارە بخوات و لەناوببات. ڕاوەستانی «نەشتەرگەرییە گشتییەکان» لە نەخۆشخانە حکومییەکاند، هێمایە بۆ نەمان و لەناوچوونی کۆی ئەو «سەرەتای یەکسان»انەی هەموو کۆمەڵگایەک، بۆئەوەی نەبێت بە گۆڕەپانی رق و بوغزی هەمەجۆر و هەمەلایەنی مرۆڤەکان لەیەکتری، پێویستی پێیانە. نەمانی «سەرەتای یەکسان»، بۆ نموونە یەکسانیی لە خزمەتگوازرییە تەندروستییەکاندا، نەمانی سەرەتاییترین جۆرەکانی رێزگرتنی مرۆڤە وەک مرۆڤ و رێزگرتنی مافە وەک ماف و رێزگرتنی ژیانیشە وەک ژیان.
درەو: (ئاییندەی ژینگە) گۆشەیەكی هەفتانەیە مەعروف مەجید سەرۆكی رێكخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە رۆژانی شەممە بۆ (درەو) دەینوسێت 🔹 لە هەرێمی کوردستان، تەنها بۆ کارپێکردنی ئۆتۆمبێل، ساڵانە زیاد لە (2 ملیۆن) پاتری دەخرێتە بازاڕەوە. 🔹 کارگەی (مایا) وەک کارگەیەکی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان، پاتری ھەناردەی وڵاتانی (ئەڵمانیا، ئوردن، سوریا، لوبنان، فەلەستین، مۆریتانیا و سعودییە) دەکات. 🔹 کارگەی (مایا) لە چەند مانگی داھاتوودا بڕی بەرهەمهێنانی ساڵانە لە (ملیۆنێک و 200 ھەزار) پاترییەوە بۆ (سێ ملیۆن و 700 ھەزار) پاتری بەرزدەکاتەوە، کارگەکە لە توانایدایە لە مانگێکدا (3 هەزار) تەن پاتریی لەکارکەوتوو ڕیسایکل بکاتەوە. 🔹 پاتری ئۆتۆمبێل دەبێتە هۆی چەندین کاریگەری خراپ لەسەر ژینگە، وەک پیسبوونی خاک و ئاو، پیسبوونی کانزای قورس و دەردانی گازی زیانبەخش بۆ هەوا. 🔹 فڕێدانی نادروستی پاتری پاشماوەکانی دەتوانێت ببێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە و دەردانی ماددە ژەهراویەکان، جگە لەوەی دەرهێنانی کەرەستەی خاوی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی بۆ پاتری، ئاڵنگارییەکی گەورەی ژینگەییە. پاتری ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان بەپێی بە دواداچونەکانی گۆشەی ئایندەی ژینگە، ئێستا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و تەنانەت عێراق، چەندین جۆری پاتری کۆمپانیاکانی وڵاتانی جیهان بوونیان هەیە، هاوشانی کۆمپانیا جهانییەکان بەرهەمی ناوخۆییش هەن. بەرهەمە دەرەکییەکانی پاتری لە هەرێمی کوردستان، بەرهەمی وڵاتانی کۆریا، چین، ئێران، تورکیا، ئەڵمانیا، مالیزیا و هند، ئەم جۆرانە هەر یەکە و بە شێوازێک کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێ، لە ڕووی کوالێتی و نرخ و گرەنتییەوە جیاوازن. بەهۆی جیاوازی نرخەکانیش شۆفێران زیاتر پەنا دەبەنە بەر ئەو کۆمپانیایانەی نرخیان هەرزان و کەمترینە. بە جۆرێک، پاتری هەیە گەرەنتی چوار ساڵ دەکرێ، بەڵام نرخەکەی بەرزە، وەکو بەرهەمی ئەڵمانی، بەڵام بەشێکی تریش گەرەنتی نێوان، سێ بۆ شەش مانگ دەکرێن و نرخەکانیان، نزیکەی (15 بۆ 25) دۆلاری ئەمەریکییە، هەندێکی تر گەرەنتی سێ مانگ دەکرێن. کەواتە بازاڕی پاتری لە هەرێمی کوردستان و عێراق وەکو سەرجەم کاڵاکانی تر، هەمە جۆر و هەمەڕەنگن. بەرهەمی ناوخۆیی دروستکردنی پاتری کارگەی مایا بۆ بەرهەمهێنانی پاتری، کارگەی پاتری مایا لە ناوچەی بازیانی پارێزگای سلێمانی لەسەر ڕووبەری (50 هەزار) مەتر چوارگۆشە دروستکراوە، لە ناوەڕاستی ساڵی (2023)وە بەرهەمی پاتری ئۆتۆمبێلی خستووەتە بازاڕەوە، ئەم کارگەیە گەورەترین کارگەیە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمهێنانی پاتری ئۆتۆمبێل. کارگەی ڕیسایکلینی پاتری (مایا) لە ساڵی 2020 دامەزراوە و دەستیکردووە بە بەرهەمهێنانی قاڵبی قورقوشمی، ئەم کارگەیە دەستپێشخەرییەکی پیشەسازی پێشەنگە، کە پاشماوەی مەترسیداری پاتری چارەسەر دەکات و دەگۆڕێت بۆ سەرچاوەی بەنرخ، کە خزمەت بە هەردوو کەرتەکانی وزە و ژینگە دەکات. کارگەی مایا لە عێراقدا خاوەنی تەنیا تاقیگەی باوەڕپێکراوە بۆ ئەنجامدانی چەندین جۆری جیاوازی پشکنینی تایبەت بە پاتری. کارگەکە لەسەر پێوەر و ستانداردە جیهانییەکان بۆ پاراستنی ژینگە کاردەکات، خاوەنی بڕوانامەی ئایزۆی نێودەوڵەتییە بۆ (ژینگە، سەلامەتی و بەڕێوەبردن)، ھاوکات کارگەکە گرنگیی داوە بە فراوانکردنی ڕووبەری سەوزایی لە ناوەوەو دەرەوەی کارگەکە، لەگەڵ ئەوەشدا سیستەمی کۆنتڕۆڵکردنی پیسبوونی ھەوای ھەیە بۆ پاراستنی کرێکاران و ژینگەی دەوروبەری. ئێستا کارگەی (مایا) لەگەڵ ئەوەی توانیویەتی بە دابینکردنی پاتری پێداویستیی بازاڕی ھەرێمی کوردستان و عێراق پڕبکاتەوە، لە ڕووی نرخیشەوە کێبڕکێی پاترییە هاوردەکراوەکان دەکات و بە ڕێژەی (%20) کەمترە، پاتری ھەناردەی وڵاتانی (ئەڵمانیا، ئوردن، سوریا، لوبنان، فەلەستین، مۆریتانیا و سعودیە) دەکات، لە چەند مانگی داھاتوودا بڕی بەرهەمهێنانی ساڵانە لە (ملیۆنێک و 200 ھەزار) پاترییەوە بۆ (3 ملیۆن و 700 ھەزار) پاتری بەرزدەکاتەوە. کارگەکە لە ئێستادا یەکێک لە کارەکانی وەرگرتنەوەی پاتری بەکارهاتووە، بە گوێرەی کێش له دووکاندارەکانی وەردەگرێتەوە، دواتر جارێکی تر تێزابەکەی و قوڕقۆشمەکەیی و مادە پلاستیکەکانی ڕیسایکڵ دەکاتەوە. ڕیسایکلکردنەوەی پاترییە لەکارکەوتووەکان کارگەی مایا لە توانایدایە لە مانگێکدا (3 هەزار) تەن پاتریی لەکارکەوتوو ڕیسایکل بکاتەوە، کە لە تەواوی عێراق کۆدەکرێتەوە، پێکهاتەکانی ناو پاترییەکە جیادەکرێتەوە بە تێکشکاندنی بۆکسی پلاستیکییەکە و دووبارە بەکارهێنانەوە، ڕیسایکلکردنەوە و پوختکردنەوەی قورقوشمەکە لەگەڵ تێزابی ناو پاترییەکە و گۆڕینی بۆ ئاوی پاک، ئەمەش ڕێگری دەکات لە دزەکردنی ماددە ژەهراوییەکانی قورقوشم و تێزاب بۆ ناو خاک و ئاو و هەوا، ئەم پرۆسەیە بەشێکی گرنگ لە ئابووری بازنەیی وڵات پێکدەهێنێت. ئەمە لە کاتێکدایە، لە هەندێ ناوچەی هەرێم و عێراق، پاترییە کۆنەکان هەناردەی وڵاتانی دەرەوە دەکرێت، بەڵام یەکێک لە گرفتەکان ڕژاندنی پاشماوەی تێزابەکەیە لەسەر زەوی، کە ئەمەش چەندین گرفتی ژینگەیی لە دوای خۆی جێدەێڵێت. لێرەدا گرنگە ئاماژە بە دوو حاڵەتی تایبەت بە ڕژاندنی پاشماوەی پاتری بە شێوەی نازانستی، لە ساڵانی ڕابردوودا بدەین، لەوانەش؛ بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەشی راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی، بەهۆی پابەندنەبون بەمەرج و رێنماییەکانی کارکردن، لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی کۆگای سروشتی سەرگەڵو بۆ دەرهێنان و بەتاڵکردنەوەی تێزابی پاتری ئۆتۆمبێلی لە ناوچەی دۆڵەڕوت لەشاری سلێمانی داخست. راپۆرتی لیژنەی ژینگە، ئاماژەی بۆ ئەوە کردوە، بەتاڵکردنەوەی تێزابی پاتری ئۆتۆمبێل بەشێوەیەکی نازانستی زیان بە ژینگەی ناوچەکە دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی بڵاوبونەوەی ژەهر، ئەمەش زیان بەتەندروستی هاوڵاتیان دەگەیەنێت. بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی کۆگای سروشتی سەرگەڵو دادەخرێت و خاوەنەکەشی روبەڕوی رێکاری یاسایی دەکرێتەوە. هاوکات دیجیتاڵ میدیای ڕووداو ئەوەی بڵاوکردووەتەوە، لە کفری زیاتر لە (5) شوێن هەن کە رۆژانە نزیکەی (80 تۆن) پاتریی بەکارهاتووی ئۆتۆمبێلی تێدا هەڵدەوەشێنرێتەوە و تێزابەکەی دەڕژێندرێتە سەر زەوی، پاترییەکان هەناردەی ئێران دەکرێن، مەرجی ئێرانیش بۆ وەرگرتنی ئەو پاترییانە، خاڵیکردنەوەی تێزابەکەیەتی پێش ئەوەی ببرێتە وڵاتەکە. ئەو شوێنانەی کە پاتری تێدا هەڵدەوەشێنرێتەوە، بەڕوونی کاریگەرییەکانی تێزابی پاترییەکان لەسەر بەرد و زەوییەکە دەردەکەوێت. لە دوای ساڵی (2003)ـەوە لە ناوەڕاست و باشووری عێراق پاتریی بەکارهاتوو دەهێنرێتە کفری و لەوێشەوە لە دوای بەتاڵکردنی تێزابەکەی، هەناردەی ئێران دەکرێت. مەترسییەکانی دووبارە بەکارهێنانەوەی نا زانستی پاتری لەسەر ژینگە و تەندروستی لەکاتی سەردانی کردنی وەزیری پیشەسازی و کانزاکانی عێراق، (خالد بەتل ئەلنەجم) نیگەرانی خۆی دەربڕی لە بەردەوامی ڕیسایکلکردنی دەستی پاتری ئۆتۆمبێل، کە "بەهۆی دزەکردنی ترش و سرکە دەبێتە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجە". لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە (18-4-2024)، کە وەزیر لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ کارگەی پاتری مایا لە پارێزگای سلێمانی ئەنجامدا، بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی شەفەق نیوز. بەتل لە میانی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، "لە عێراق زیاتر لە حەوت ملیۆن ئۆتۆمبێلمان هەیە، هەربۆیە ساڵانە پێویستمان بە بەرهەمهێنانی ژمارەیەکی زۆر پاتری هەیە، هاوکات ئەم پیشەسازییە گرنگە بۆ پاراستنی ژینگە و ڕیسایکڵکردنی پاترییەکان بەشێوەیەکی سەلامەت و دروست بەپێی ستاندارد و پێداویستییە ژینگەییەکان". هێمای بۆ ئەوەش کرد کە "ئەو پراکتیزەیەی ئێستا لە زۆرێک لە ناوچەکانی عێراق ڕیسایکلکردنی پاترییە بەکارهێنراوەکانە بە دەستی و بە هەڵە. ئەمەش کاریگەری لەسەر کرێکارانی ئەم بوارە هەیە و کێشەی ژینگەیی گەورە دروست دەکات بەهۆی ئەو ترشەڵۆکانەی ناو ئەم پاتریانە، هەروەها مادەی سرکە، کە بەداخەوە مادەی شێرپەنجەیی دروستکەرن جا بەهەڵم ببن بۆ هەوا یان دزە بکەنە ناو خاکەوە". لە درێژەی قسەکانیدا وتی "ئێمە لەگەڵ وەزارەتی ژینگە کاردەکەین بۆ سنووردارکردن و وەستاندنی ئەم کارانە بە پەیڕەوکردنی ڕێکارەکانی ڕیسایکلکردنی ژینگەیی تەندروست". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە ئامارمان نییە لەسەر ڕیسایکلکردنی هەڕەمەکی، چونکە ئەو پیشەسازیانە بە فەرمی لە وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان تۆمار نەکراون". عێراق و گرفتی پاشماوەی پاتری بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، ژمارەی ئۆتۆمبیل، لە عێراق نزیک بە (8 ملیۆن) بووەتەوە، بەپێی خەمڵاندنەکان، لایەنی کەم هەر ئۆتۆمبێلێک ساڵانە پێویستی بە گۆڕینی پاتری دەبێت، کە پێشتریش ئاماژەمان پێکرد، بەشێک لە پاترییەکان، گەرەنتی سێ مانگ، شەش مانگ، ساڵێک و دوو مانگ، بەرە و سەرتر هەیە، واتە بە پێی ئاماژەکان، ساڵانە لە عێراقدا نزیکەی (8 ملیۆن) پاتری ئۆتۆمبێل بەکاردەهێنرێت، ئەگەر بە شێوەی زانستی ڕیسایکڵ نەکرێنەوە کارەساتی ژینگەیی درووست دەبێت، کە بە پێی زانیارییەکان هەموو پاترییەکان بە زانستی ڕیسایکڵ ناکرێنەوە، بە تایبەتی ئەوانەی دەچنە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، تێزابەکانیان دەڕژێنرێن و پاشماوەکانی تر هەناردە دەکرێن. کاریگەرییە سەرەکییەکانی پاتری ئۆتۆمبێل لەسەر ژینگە 1. پیسبوونی خاک و ئاو: پاتریەکان کانزای قورس و مادەی خراپکەری تێدایە، کە لەکاتی فڕێدانی نادروستدا دەچنە ناو خاک و ئاوی ژێر زەوی، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئیکۆسیستەم و تەندروستی مرۆڤ دەبێت. 2. پیسبوونی هەوا و دەردانی گازی ژەهراوی: سووتانی یان کارلێکی کیمیایی پاتریەکان دەتوانێت دوکەڵی ژەهراوی و گازی ژەهراوی وەک هایدرۆکاربۆنی بۆنخۆشی پۆلیسایکلیک و فۆسفاتەکان دەربدات. 3. کەمبوونەوەی سامانی سروشتی: بەرهەمهێنانی پاتری پێویستی بە دەرهێنانی کانزا دەگمەنەکانی وەک لیتیۆم و کۆبالت و نیکل هەیە، کە پرۆسەیەکی وزە زۆرە و دەبێتە هۆی تێکچوونی زەوی و پیسبوونی ژینگە. 4. مەترسی ئاگرکەوتنەوە و تەقینەوە: پاترییەکانی لیتیۆم مەترسی ئاگرکەوتنەوە بە گەرمی دروست دەکەن، کە دەکرێت لە ئەنجامی زیاد بارگاویکردنەوە یان تێکچوونی کارکردنی ترەوە بێت، لە ئەنجامدا گازی مەترسیدار و پیسکەری ژینگە دەربچێت. 5. ژەهراویبوونی مرۆڤ: هەندێک کانزاکانی ناو پاتری، وەکو سرکە، نیکل و کادمیۆم، دەبنە هۆی تێکچوونی دەمارەکان یان شێرپەنجە دروستکەر بن، ئەگەر هەوا یان ئاو پیس بکەن. هەوڵەکانی کەمکردنەوەی زیان 1. ڕیسایکلکردن: ڕیسایکلکردنی پاتری یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی پێویستی کانگاکردنی کەرەستەی خاو، بەڵام لە ئێستادا ناکارامەیە و پێویستی بە وەبەرهێنانی بەرچاو هەیە لە تەکنەلۆژیادا. 2. بەکارهێنانی لاوەکی: هەندێک کۆمپانیا کاردەکەن بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی پاتری لە کارگە کەمتر داواکارییەکان، وەک سیستەمی هەڵگرتنی وزە. سوودە ژینگەییەکانی ڕیسایکلکردنی پاتری ئۆتۆمبێل ڕیسایکلکردنی پاتری ئۆتۆمبێل چارەسەرێکی گرنگی ژینگەییە، کە بەشدارە لە کەمکردنەوەی ئەو زیانانەی بەهۆی فڕێدانی بێ جیاوازی پاترییەکانەوە تووشی دەبن. پاتری ئۆتۆمبێل مادەی کیمیایی مەترسیداری وەک سرکە و ترش لەخۆدەگرێت، ئەمەش وایکردووە ڕیسایکلکردنیان ببێتە پێویستییەکی ژینگەیی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر هەسارەکە. لێرەدا بە وردی باس لە سوودە ژینگەییەکان دەکەین، کە لە ئەنجامی ڕیسایکلکردنی پاتری ئۆتۆمبێلەوە دێتە ئاراوە. 1. کەمکردنەوەی پاشماوەی ژەهراوی: پاتری ئۆتۆمبێل مادەی ژەهراوی وەک سرکە و ترشی سولفوریک لەخۆدەگرێت، کە ئەگەر بە شێوەیەکی نادروست فڕێ بدرێت، دەبێتە هۆی پیسبوونی خاک و ئاو. بە ڕیسایکلکردنی پاتری ئۆتۆمبێل، بڕی ئەم ماددە مەترسیدارانە لە زبڵدانەکاندا کەم دەبێتەوە، ئەمەش ژینگە لە پیسبوون دەپارێزێت. 2. پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان: دزەکردنی ماددە کیمیاییەکان لە پاترییە فڕێدراوەکانەوە دەتوانێت ئاوی ژێر زەوی و سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە پیس بکات، ڕیسایکلکردن دڵنیای دەدات لە فڕێدانی سەلامەتی ئەم ماددانە و ڕێگری دەکات لە دەرچوونیان بۆ ناو ژینگە. 3. کەمکردنەوەی پێویستی دەرهێنانی سامانی سروشتی: کاتێک پاتری ئۆتۆمبێلەکان ڕیسایکل دەکرێن، کانزاکانی وەکو سرکە و پلاستیک وەرئەگیرێنەوە بۆ دووبارە بەکارهێنانەوە. ئەمەش پێویستی دەرهێنانی سەرچاوەی نوێ لە سروشت کەمدەکاتەوە، بەشداری دەکات لە پاراستنی سامانە سروشتییەکان و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی کانگا لەسەر ژینگە. 4. کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن: پرۆسەی دروستکردنی پاتری نوێ لە کەرەستەی ڕیسایکل کراو وزەی کەمتر بەکاردەهێنێت لە چاو دروستکردنی لە کەرەستەی پاکیزە، ئەمەش بەشدارە لە کەمکردنەوەی دەردانی گازی گەرمخانەیی، کە یارمەتیدەرە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا. 5. پشتگیریکردن لە بەردەوامیی ئابووری بازنەیی: ڕیسایکلکردنی پاتری ئۆتۆمبێل بیرۆکەی ئابوورییەکی بازنەیی بەرەوپێش دەبات، کە ماددە ڕیسایکل کراوەکان لەبری ئەوەی فڕێ بدرێن لە دروستکردنی بەرهەمی نوێدا بەکاردەهێنرێن، ئەمەش بە شێوەیەکی بەرچاو پاشەڕۆ کەم دەکاتەوە و پشتگیری لە بەردەوامیی ژینگە دەکات. 6. کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوا: فڕێدانی نادروستی پاتریەکان دەبێتە هۆی سووتانی پاترییەکان و ئەمەش گازی ژەهراوی دەردەچێت. ڕیسایکلکردن لە ڕێگەی مامەڵەکردنی سەلامەتی پاترییەوە لەم پیسبوونە دوور دەکەوێتەوە. 7. پاراستنی ئیکۆسیستەم؛ کاتێک پاتریەکان بە شێوەیەکی نادروست فڕێ دەدرێن، ماددە کیمیاییەکان دەتوانن دزە بکەنە ناو خاک و ئاوەوە و زیان بە ئیکۆسیستەم و زیندەوەرە زیندووەکان دەگەیەنن، ڕیسایکلکردن ئەم کاریگەرییە نەرێنیانە کەمدەکاتەوە، ڕووەک و ئاژەڵەکان لە ماددە ژەهراویەکان دەپارێزێت.
راپۆرتی: درەو 🔻 لە بازنەی پارێزگای هەولێر؛ 🔹 خولی دووەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2010)دا (5) لیست و قەوارەی سیاسی، خولی سێیەم لە ساڵی (2014)دا (4) لیست و قەوارەی سیاسی، خولی چوارەم لە ساڵی (2018)دا (6) لیست و قەوارەی سیاسی، خولی پێنجەم لە ساڵی (2021)دا (3) لیست و قەوارەی سیاسی توانیویانە کورسی ئەنجومەنی نوێنەران مسۆگەر بکەن. 🔹 لە (7ی3ی2010)ەوە کە (917 هەزار و 685) هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەبوو، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە بڕیارە لە 11/11/2025 بەڕێوەبچێت و (ملیۆنێک و 410 هەزار و 112) هاوڵاتی مافی بەشداری هەیە، بەو مانایەی ژمارەی گەشەی دەنگدەران لە بازنەی پارێزگای هەولێر گەیشتووە بە (492 هەزار و 427) هاوڵاتی و ڕێژەی گەشەی (53.7%). 🔹 ژمارەی بەشداری هاوڵاتیانی پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە (680 هەزار و 408) بەشداربووەوە بۆ (444 هەزار و 253) بەشداربوو لە خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران دابەزیوە، واتا بە بڕی (236 هەزار و 155) بەشدابوو بە ڕێژەی (35%) کەمی کردووە. سەرەتا لەگەڵ ئەوەی چەندین هەڵبژاردنی گشتی بۆ (پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) لە سەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان و لە نێویشیدا لە پارێزگای هەولێر لە دوو دەیەی ڕابردوودا بەڕێوەچووە، بەڵام سەرجەم خولەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەپێی یاسا بە سیستمی یەک بازنەیی بەڕێوەچووە، جگە لە دواین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لە 20/10/2024 بەشێوەی فرە بازنەیی بەڕێوەچوو. ئەوەشی پەیوەندی بە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە هەیە، هەمیشە هەڵبژاردن بەشێوەی فرە بازنەیی بەڕێوەچووە، پارێزگای هەولێرش بازنەیەکی سەربەخۆ بووە تا دواین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10/10/2021 کە تێدا پارێزگای هەولێر کرا بە (4) بازنەی هەڵبژاردن. لەم ڕاپۆرتەدا تیشک دەخەینە سەر هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە تێیدا پارێزگای هەولێر وەک بازنەیەکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵدا کراوە، وردەکاری و ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان لەو بازنەیە ڕووندەکەینەوە، لەڕووی ژمارەی دەنگدەر، ڕێژەی بەشداری، ڕکابەری لایەنەکان و بەشداربووە سەرکەوتووەکان. یەكەم/ بازنەی پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 7/3/2010 خولی دووەمی هەڵبژادنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (7/3/2010)دا بەڕێوەچووە، بەپێی راگەیەنراوی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە پارێزگای هەولێر (917 هەزار و 685) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (680 هەزار و 408) هاوڵاتی دەنگیانداوە، بەڕێژەی (74%). پارێزگاكە (14) كورسی گشتی و کورسییەکی کۆتای مەسیحییەکانی لە پەرلەمانی عێراق بەردەكەوت، ئەنجامی هەڵبژاردنەکەش بەم جۆرە بوو؛ - لیستی هاوپەیمانی كوردستانی، کە لە یەکێتی و پارتی و چەند لایەنێکی دیکەی پێکهاتبوو (458 هەزار و 403) دەنگی بەدەستهێنا و (10) كورسی پەرلەمانیان بردەوە، بە شێوەیەک؛ تەنها پارتی و یەکێتی (431 هەزار و 407) دەنگیان بەدەستهێنا، بەجۆرێک؛ پارتی دیموكراتی كوردستان (306 هەزار و 775) دەنگی بەدەستهێناو (8) كورسی بردەوە، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (124 هەزار و 632) دەنگ و (2) كورسی بردەوە. - لیستی گۆڕان (103 هەزار 397) دەنگی بەدەستهێنا و (2) كورسی پەرلەمانی عێراقی بردەوە. - كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان (70 هەزار و 662) دەنگ و (1) كورسی پەرلەمانی بردەوە. - یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (51 هەزار و 65) دەنگی بەدەستهێناوە (1) كورسی مسۆگەر کرد. لەسەر ئاستی دەنگی حیزبەكان بەو پێیەی ئەگەر حیزبەكان لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیشدا بووبن دەنگی هەر حیزبە و دەنگی بەكاندیدی خۆیداوە، بۆیە لێرەدا دەنگی راستەقینەی سەرجەم حیزبە بەشداربووەكان دەخەینە، بەو پێەیە لەم شیكاریەدا كار لەسەر دەنگی حیزبەكان دەكەین لەگەڵ ئەوەی لە خشتەكەدا رێژەی دەنگی حیزبەكان (100%) دەرناچێت، بەو پێیەی دەنگی كۆتا و هەندێك حیزبی بچووكی ناو هاوپەیمانێتییەكانی تیانییە، تایبەت بە دەنگی و کورسی لایەنە بەشداربووەکانی بازنەی پارێزگای هەولێر (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە 1) خشتەو چارتی ژمارە (1) دووەم/ بازنەی پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 30/4/2014 لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا کە لە (30/4/2014) بەڕێوەچوو، لە بازنەی پارێزگای هەولێر (936 هەزار و 557) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (744 هەزار و 489) هاوڵاتی دەنگیانداوە، بەڕێژەی (79.5%)، بازنەی پارێزگای هەولێر (15) كورسی بەرکەوتبوو. ئەنجامەکەش بەجۆرێک (4) لیست توانیان کورسییەکانی پارێزگاکە ببەنەوە لەو هەڵبژاردنەدا، بەجۆرێک؛ - لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان توانی (354 هەزار و 735) دەنگ بەدەستبهێنێت، بەرێژەی (48%) و توانی (7) كورسی پەرلەمانی مسۆگەر بكات. - یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (168 هەزار و 688) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڕێژەی (23%) كە (4) كورسی بەدەستهێنا. - لیستی گۆڕان توانی (104 هەزار و 59) دەنگ بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (14%) و (2) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا. - لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی (80 هەزار و 492) دەنگ بەڕێژەی (11%) توانی (2) كورسی بەدەستبهێنێت. - لیستی یەكگرتووی ئیسلامی (26 هەزار و 323) دەنگ و بەڕێژەی (4%) و هیچ کورسییەکی مسۆگەرنەكرد. تایبەت بە دەنگی و کورسی لایەنە بەشداربووەکانی بازنەی پارێزگای هەولێر (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە 2) خشتە و چارتی ژمارە (2) سێیەم/ بازنەی پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 12/5/2018 هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، لە 12/5/2018 بەڕێوەچوو، لە هەولێر (ملیۆنێک و 123 هەزار و 219) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (642 هەزار و 232) كەس بە دروستی دەنگیانداوە، بەڕێژەی (57.2%) و (15) كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دیاریكرابوو، شەش لیست و قەوارەی سیاسی توانیان کورسی مسۆگەر بکەن، بەجۆرێک؛ - لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان توانی (321 هەزار و 920) دەنگ بەدەستبهێنێت، بەرێژەی (50%) و (8) كورسی مسۆگەر بكات. - یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (79 هەزار و 945) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڕێژەی (12%)ی دەنگە دروستەكان و (2) كورسی بەدەستهێنا. - نەوەی نوێ توانی (70 هەزار و 833) دەنگ بەدەستبهێنێت، بەڕێژەی (11%) و (2) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا. - لیستی گۆڕان توانی (40 هەزار و 863) دەنگ بەدەستبهێنێت، بەڕێژەی (6%) و (1) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا. - لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی (36 هەزار و 784) دەنگی بەڕێژەی (6%)ی دەنگە دروستەکانی هێناو توانی (1) كورسی بەدەستبهێنێت. - هاوپەیمانی لەپێناو دیموكراتی و دادپەروەری (50 هەزار و 537) دەنگی بەڕێژەی (8%) بەدەستهێناو توانی (1) كورسی بەدەستبهێنێت. - لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی (24 هەزار و 475) دەنگ و بەڕێژەی (4%) و هیچ کورسییەکی نەبردەوە. تایبەت بە دەنگی و کورسی لایەنە بەشداربووەکانی بازنەی پارێزگای هەولێر (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە 3) خشتە و چارتی ژمارە (3) چوارەم/ بازنەی پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 10/10/2021 رۆژی 10ی تشرینی یەكەمی 2021، خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە عێراق بەڕێوەچوو، بەپێ یاسای نوێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (9)ی ساڵی 2020، هەڵبژاردنەكە تەواو جیاواز بوو بەراورد بە خولەكانی پێش خۆی، یەکێک لەو جیاوازییانەش دابەشكردنی عێراق بوو لە (18) بازنەی هەڵبژاردنەوە بۆ (83) بازنەی هەڵبژاردن، هەر پارێزگایەك بۆ چەند بازنەیەكی هەڵبژاردن دابەش کرا. لەسەر ئەو بنەمایەش پارێزگای هەولێر كرا بە (4) بازنەی هەڵبژاردن، لەسەر ئاستی هەر چوار بازنەکەی هەڵبژاردن، بەپێی داتاكانی كۆمسیۆنی عێراق لە پارێزگای هەولێر (ملیۆنێک و 238 هەزار و 379) كەس مافی دەنگدانی هەبووە و (444 هەزار و 253) كەس دەنگی دروستیانداوە، بەرێژەی (35.9%) و (15) كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دیاریكراوە، سێ لیست و قەوارەی سیاسی توانیان کورسی مسۆگەر بکەن، بەجۆرێک؛ - لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان توانی (262 هەزار و800) دەنگ بەدەست بهێنێت بەرێژەی (59.2%)ی دەنگە دروستەكان و توانی (11) كورسی پەرلەمانی مسۆگەر بكات. - نەوەی نوێ توانی (79 هەزار و 245) دەنگ بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (17.8%) و (3) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا. - یەكێتی نیشتیمانی كوردستان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەرچەندە هاوپەیمان بوو لەگەڵ گۆڕان بەڵام بەتەنها (65 هەزار و 862) دەنگی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (14.8%) كە (1) كورسی بەدەستێنا. - لیستی كۆمەڵی دادگەری (19 هەزار و 517) دەنگی بەڕێژەی (4.4%) و هیچ كورسییەکی بەدەستنەهێنا. - بزوتنەوەی گۆڕان كە هاوپەیمانی یەكێتی بوو بەڵام كاندیدەكانی (4 هەزار و 245) دەنگیان بەدەستهێنا بە ڕێژەی (1%) و هیچیان سەرنەكەوتن. - كاندیدەكانی یەكگرتووی ئیسلامیی (3 هەزار و 990) دەنگ و بەڕێژەی (0.9%) و هیچ كورسییەکی لە پارێزگای هەولێر مسۆگەرنەكرد. - پارتی سۆسیالست دیموكراتی كوردستانیش (2 هەزار و 167) دەنگی بەدەستهێنا بە ڕێژەی (0.5%) و هیچ كاندیدێکی سەرنەكەوت. - سەرجەم لایەن و كەسایەتییە سەربەخۆكانیش لەو پارێزگایە (6 هەزار و 427) دەنگیان بەدەستهێنا بە ڕێژەی (1.4%) و هیچیان سەرنەكەوتن بۆ ئەنجومەنی نوێنەران. تایبەت بە دەنگی و کورسی لایەنە بەشداربووەکانی بازنەی پارێزگای هەولێر (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە 4) خشتە و چارتی ژمارە (4) پێنجەم/ ژمارەی دەنگدەر و ڕێژەی بەشداری بازنەی پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2010 – 2025 لەگەڵ ئەوەی بەردەوام لەسەر بنەمای گەشەی دانیشتوان، ژمارەی دەنگدەریش ڕوو لە هەڵکشان دەکات، بەجۆرێک لە پارێزگای هەولێر، لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە کە لە 7/3/2010 بەڕێوەچوو (917 هەزار و 685) هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەبوو، بەڵام بەپێی دواین ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەم، کەوا بڕیارە لە 11/11/2025 بەڕێوەبچێت (ملیۆنێک و 410 هەزار و 112) هاوڵاتی لە پارێزگای هەولێر مافی بەشداریکردنی پرۆسەکەیان هەیە، بەم پێیە ژمارەی گەشەی دەنگدەران لە بازنەی پارێزگای هەولێر گەیشتووە بە (492 هەزار و 427) هاوڵاتی و ڕێژەی گەشەی (53.7%) لە ماوەی نێوان (2010 – 2025). هاوکات ژمارەی بەشداری هاوڵاتیانی پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە (680 هەزار و 408) دەنگدەرەوە بۆ (444 هەزار و 253) بەشداربوو لە خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران دابەزیوە، واتا بڕی (236 هەزار و 155) بەشدابوو بە ڕێژەی (35%) کەمی کردووە. بۆ بەرچاوڕوونی دەربارەی گەشەی ژمارەو ڕێژەی دەنگدەر و قەبارەی بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە خولەکانی ڕابردوودا لە بازنەی پارێزگای هەولێر (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە 5) خشتە و چارتی ژمارە (5)
راپۆرتی: درەو 🔻 لە بازنەی پارێزگای سلێمانی؛ 🔹 لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2010)ەوە بۆ خولی پێنجەم لە ساڵی (2021)، تەنها (5) لیست و قەوارەی سیاسی توانیویانە کورسی ئەنجومەنی نوێنەران مسۆگەر بکەن، جگە لە خولی چوارەمی ساڵی (2018) نەبێت (7) لیست و قەوارە کورسییان بەدەستهێناوە. 🔹 لە (7ی3ی2010)ەوە کە (ملیۆنێک و 98 هەزار و 451) هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەبوو، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە بڕیارە لە 11/11/2025 بەڕێوەبچێت و (ملیۆنێک و 532 هەزار و 893) مافی بەشداری هەیە، بەو مانایەی ژمارەی گەشەی دەنگدەران لە بازنەی پارێزگای سلێمانی گەیشتووە بە (434 هەزار و 442) هاوڵاتی و ڕێژەی گەشەی (39.6%). 🔹 ژمارەی بەشداری هاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانی لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە (833 هەزار و 631) بەشداربووەوە بۆ (393 هەزار و 194) بەشداربوو لە خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران دابەزیوە، واتا بە بڕی (440 هەزار و 437) بەشدابوو بە ڕێژەی (53%) کەمی کردووە. سەرەتا لەگەڵ ئەوەی چەندین هەڵبژاردنی گشتی بۆ (پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) لە سەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان و لە نێویشیدا لە پارێزگای سلێمانی لە دوو دەیەی ڕابردوودا بەڕێوەچووە، بەڵام سەرجەم خولەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەپێی یاسا بە سیستمی یەک بازنەیی بەڕێوەچووە، جگە لە دواین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لە 20/10/2024 ئەنجام درا و پارێزگای سلێمانی جگە لە پارێزگای هەڵەبجە بازنەیەکی هەڵبژاردن بوو. ئەوەشی پەیوەندی بە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە هەیە، هەمیشە هەڵبژاردن بەشێوەی فرە بازنەیی بەڕێوەچووە، پارێزگای سلێمانیش بازنەیەکی سەربەخۆ بووە تا دواین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10/10/2021 کە تێدا پارێزگای سلێمانی کرا بە (5) بازنەی هەڵبژاردن. لەم ڕاپۆرتەدا تیشک دەخەینە سەر هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە تێیدا پارێزگای سلێمانی وەک بازنەیەکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵدا کراوە، وەردەکاری و ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان لەو بازنەیە ڕووندەکەینەوە، لەڕووی ژمارەی دەنگدەر، ڕێژەی بەشداری، ڕکابەری لایەنەکان و بەشداربووە سەرکەوتووەکان. یەكەم/ بازنەی پارێزگای سلێمانی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 7/3/2010 خولی دووەمی هەڵبژادنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (7/3/2010)دا بەڕێوەچووە، بەپێی راگەیەنراوی كۆمسیۆنی باڵای ، لە پارێزگای سلێمانی (ملیۆنێک و 98 هەزار و 451) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (833 هەزار و 631) دەنگیانداوە، بەڕێژەی (75.9%). پارێزگاكە (17) كورسی لە پەرلەمانی عێراق بەردەكەوت، ئەنجامی هەڵبژاردنەکەش بەم جۆرە بوو؛ - لیستی گۆڕان (298 هەزار 621) دەنگی بەدەستهێنا و (6) كورسی پەرلەمانی عێراقی بردەوە. - لیستی هاوپەیمانی كوردستانی (350 هەزار و 283) دەنگی بەدەستهێنا و (8) كورسی پەرلەمانی بردەوە، بە شێوەیەک؛ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (237 هەزار و 379) دەنگ و (5) كورسی و پارتی دیموكراتی كوردستان (82 هەزار و 121) دەنگی بەدەستهێناوە (3) كورسی بردەوە. - یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (103 هەزار و 188) دەنگی بەدەستهێناوە (2) كورسی مسۆگەر کرد. - كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان (79 هەزار و 140) دەنگ و (1) كورسی پەرلەمانی بردەوە. تایبەت بە دەنگی و کورسی لایەنە بەشداربووەکانی بازنەی پارێزگای سلێمانی (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە 1) خشتەو چارتی ژمارە (1) دووەم/ بازنەی پارێزگای سلێمانی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 30/4/2014 لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا کە لە (30/4/2014) بەڕێوەچوو، لە بازنەی پارێزگای سلێمانی (ملیۆنێک و 168 هەزار و 459) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (893 هەزار و 226) دەنگیانداوە، بەڕێژەی (76%)، بازنەی پارێزگای سلێمانی (18) كورسی بەرکەتبوو. ئەنجامەکەش بەجۆرێک (5) لیست توانیان کورسییەکانی پارێزگاکە ببەنەوە لەو هەڵبژاردنەدا، بەجۆرێک؛ - لیستی گۆڕان توانی (347 هەزار و 799) دەنگ بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (39%) و (7) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا. - یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (294 هەزار و 265) دەنگی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (33%) كە (6) كورسی بەدەستهێنا. - لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان توانی (93 هەزار و 410) دەنگ بەدەستبهێنێت، بەرێژەی (10%) و توانی (2) كورسی پەرلەمانی مسۆگەر بكات. - لیستی یەكگرتووی ئیسلامی (81 هەزار و 392) دەنگ و بەڕێژەی (9%) و (2) كورسی مسۆگەركرد. - لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی (57 هەزار و 102) دەنگ بەڕێژەی (6%) توانی (1) كورسی بەدەستبهێنێت. تایبەت بە دەنگی و کورسی لایەنە بەشداربووەکانی بازنەی پارێزگای سلێمانی (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە 2) خشتە و چارتی ژمارە (2) سێیەم/ بازنەی پارێزگای سلێمانی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 12/5/2018 هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، لە 12/5/2018 بەڕێوەچوو، لە سلێمانی (ملیۆنێک و 305 هەزار و 211) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (668 هەزار و 146) كەس بە دروستی دەنگیانداوە، بەڕێژەی (47.9%) و (18) كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دیاریكرابووە، حەوت لیست و قەوارەی سیاسی توانیان کورسی مسۆگەر بکەن، بەجۆرێک؛ - یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (259 هەزار و 378) دەنگی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (39%)ی دەنگە دروستەكان و (8) كورسی بەدەستهێنا. - لیستی گۆڕان توانی (154 هەزار و 947) دەنگ بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (23%) و (4) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا. - نەوەی نوێ توانی (63 هەزار و 760) دەنگ بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (10%) و (2) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا. - لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی (51 هەزار و 563) دەنگ بەڕێژەی (8%) توانی (1) كورسی بەدەستبهێنێت. - لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان توانی (48 هەزار و 706) دەنگ بەدەستبهێنێت، بەرێژەی (7%) و (1) كورسی پەرلەمانی مسۆگەر بكات. - لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی (30 هەزار و 19) دەنگ و بەڕێژەی (4%) و (1) كورسی مسۆگەركرد - هاوپەیمانی لەپێناو دیموكراتی و دادپەروەری (46 هەزار و 552) دەنگ بەڕێژەی (7%) توانی (1) كورسی بەدەستبهێنێت. تایبەت بە دەنگی و کورسی لایەنە بەشداربووەکانی بازنەی پارێزگای سلێمانی (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە 3) خشتە و چارتی ژمارە (3) چوارەم/ بازنەی پارێزگای سلێمانی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 10/10/2021 رۆژی 10ی تشرینی یەكەمی 2021، خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە عێراق بەڕێوەچوو، بەپێ یاسای نوێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (9)ی ساڵی 2020، هەڵبژاردنەكە تەواو جیاواز بوو بەراورد بە خولەكانی پێش خۆی یەکێک لەو جیاوازییانەش دابەشكردنی عێراق بوو لە (18) بازنەی هەڵبژاردنەوە بۆ (83) بازنەی هەڵبژاردن، هەر پارێزگایەك بۆ چەند بازنەیەكی هەڵبژاردن دابەش دەبێت. لەسەر ئەو بنەمایەش پارێزگای سلێمانی كرا بە (5) بازنەی هەڵبژاردن، لەسەر ئاستی هەر پێنج بازنەکەی هەڵبژاردن، بەپێی داتاكانی كۆمسیۆنی عێراق لە پارێزگای سلێمانی (ملیۆنێک و 389 هەزار و 691) كەس مافی دەنگدانی هەبووە و (393 هەزار و 194) كەس دەنگی دروستیانداوە، بەرێژەی (28.29%) و (18) كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دیاریكراوە، بەجۆرێک؛ - یەكێتی نیشتیمانی كوردستان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەرچەندە هاوپەیمان بوو لەگەڵ گۆڕان بەڵام بەتەنها (124 هەزار و 414) دەنگی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (31.6%) كە (8) كورسی بەدەستێنا. - نەوەی نوێ توانی (106 هەزار و 318) دەنگ بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (27%) و (5) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا. - لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان توانی (54 هەزار و891) دەنگ بەدەست بهێنێت بەرێژەی (14%)ی دەنگە دروستەكان و توانی (2) كورسی پەرلەمانی مسۆگەر بكات. - لیستی كۆمەڵی دادگەری (44 هەزار و 639) دەنگ بەڕێژەی (11.4%) و (1) كورسی بەدەستهێنا. - كاندیدەكانی یەكگرتووی ئیسلامیی (22 هەزار و 876) دەنگ و بەڕێژەی (5.8%) و (2) كورسی لە پارێزگای سلێمانی مسۆگەركرد. - بزوتنەوەی گۆڕان كە هاوپەیمانی یەكێتی بوو بەڵام كاندیدەكانی (17 هەزار و 846) دەنگیان بەدەستهێنا بە ڕێژەی (4.5%) و هیچیان سەرنەكەوتن. - پارتی سۆسیالست دیموكراتی كوردستانیش (2 هەزار و 517) دەنگی بەدەستهێنا بە ڕێژەی (0.6%) و هیچ كاندیدێکی سەرنەكەوت. - سەرجەم لایەن و كەسایەتییە سەربەخۆكانیش لەو پارێزگایە (19 هەزار و 693) دەنگیان بەدەستهێنا بە ڕێژەی (5%) و هیچیان سەرنەكەوتن بۆ ئەنجومەنی نوێنەران. تایبەت بە دەنگی و کورسی لایەنە بەشداربووەکانی بازنەی پارێزگای سلێمانی (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە 4) خشتە و چارتی ژمارە (4) پێنجەم/ ژمارەی دەنگدەر و ڕێژەی بەشداری بازنەی پارێزگای سلێمانی لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2010 – 2025 لەگەڵ ئەوەی بەردەوام لەسەر بنەمای گەشەی دانیشتوان، ژمارەی دەنگدەریش ڕوو لە هەڵکشان دەکات، بەجۆرێک لە پارێزگای سلێمانی، لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە کە لە 7/3/2010 بەڕێوەچوو (ملیۆنێک و 98 هەزار و 451) هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەبوو، بەڵام بەپێی دواین ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەم، کەوا بڕیارە لە 11/11/2025 بەڕێوەبچێت (ملیۆنێک و 532 هەزار و 893) هاوڵاتی لە پارێزگای سلێمانی مافی بەشداری پرۆسەکەیان هەیە، بەم پێیە ژمارەی گەشەی دەنگدەران لە بازنەی پارێزگای سلێمانی گەیشتووە بە (434 هەزار و 442) هاوڵاتی و ڕێژەی گەشەی (39.6%) لە ماوەی نێوان (2010 – 2025). هاوکات ژمارەی بەشداری هاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانی لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە (833 هەزار و 631) دەنگدەرەوە بۆ (393 هەزار و 194) بەشداربوو لە خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران دابەزیوە، واتا بڕی (440 هەزار و 437) بەشدابوو بە ڕێژەی (53%) کەمی کردووە. بۆ بەرچاوڕوونی دەربارەی گەشەی ژمارەو ڕێژەی دەنگدەر و قەبارەی بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە خولەکانی ڕابردوودا لە بازنەی پارێزگای سلێمانی (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە 5) خشتە و چارتی ژمارە (5)
راپۆرت: رێكخراوی ستۆپ بۆ چاودێری و پهرهپێدان 🔻 پاڵپشت بە ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی ستۆپ 🔹 پێکهێنانی کابینەی دەیەم دواکەوتووترین کابینەیە کە تا ئێستا پێکنەهێنراوە، بەجۆرێك ماوەی دواکەوتنەکەی سێ هێندە پێکهێنانی کابینەی یەکەمە. 🔹 هەرچەندە دەسەڵاتەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر سنووردارە، بەڵام حکومەتی هەرێم لە (9ی تشرینی یەکەمی 2022)ەوە، کەپێناسەی حکومەتی کاربەڕێکەری بەسەردا جێبەجێ دەبێت، بەردەوام بووە لە (دەرکردنی بڕیار، پرۆژەو گرێبەستی ستراتیژی...هتد). 🔹 دەستەی دەستپاکی و دیوانی چاودێری دارایی، کە ئەرکیان بنبڕکردنی گەندەڵی و ڕێگری لە بەهەدەردان و ئەنجامدانی ووردبینی لەخەرجییەکانە، تووشی کێشەی یاسایی بوون. سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ماوە یاساییەکەی بەسەرچووە، دیوانی چاودیریی دارایش ئیستا بەبێ سەرۆکە. 🔹 لەدوای سوێند خواردنی پەرلەمانتارانی خولی شەشەم لە(مانگی 12)ی ساڵی رابردوودا، مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە، بەڵام بە هیچ کارێک هەڵنەستاون. ئەمەش دەچێتە خانەی بەهەدەردانی سامانی گشتی، چونکە مووچە پێویستە لەبەرامبەر ئەنجامدانی ئەرک بدرێت. ئامادەکردنی ڕێکخراوی ستۆپ پیشەکی لەکاتێکدا دیموکراسیی پەرلەمانی و حوکمڕانیی باش پێویستییان بەدامەزراوەی کارا و شەفاف هەیە، دوخی ئێستای هەرێمی کوردستان کە تێیدا پەرلەمان پەکخراوەو حکومەت وەک کاربەڕێکەر بەردەوامه، پرسیاری جیدی لەسەر شەرعییەت و کاریگەریی دەسەڵاتەکان دروست کردووه. ئەم راپورتە بەمیتۆدێکی چاودێری و هەڵسەنگاندن، شیکاری بۆ ئەو پێشێلکارییە دەستووری و یاسایی و پەیرەوییانە دەکات و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر حوکمڕانی و متمانەی گشتی دەخاتەروو، لەگەڵ پیشنیار بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکه. نەم ڕاپۆرتە بەدواداچونێکی یاساییە بۆ پرسی دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی [۱۰] یەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بەپێی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان پێویست بوو لەسەرەتای ئەمسال لەپەرلەمانی کوردستان متمانەو وەبگرێت، بەڵام بەهۆی پێکنەهاتنی هەردوو فراکسیونی سەرەکی پەرلەمانی کوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان) و (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) پرۆسەکە بە رێککارە پەیڕەویەکانی خۆیدا تێنەپەڕيوە، لەكاتێكدا لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن ئەم دوو لایەنە جەختیان لە بەهێزکردنی ڕۆڵی دامەزراوە شەرعیەکانی هەرێمی کوردستان کردوتەوە، ئەم ڕاپۆرتە ماوەی خێراترین و دواکەوتووترین پێکهێنانی کابینەی حکومەتی هەرێم دەردەخات، لەهەمووشیان دواکەوتوو تر پێکهێنانی کابینەی [۱۰] یەمە تا ئێستا پێکنەهێنراوە، بەجۆرێك ماوەکەی دواکەوتووە، سێ بەقەدەر پێکهێنانی کابینەی یەکەمە، ئەم دواکەوتنە لێکەوتەی زۆری لە پەکخستن و لاوازکردنی ڕۆلی دامەزراوەکانی چاودێری و پرسی شەفافییەت هەیە، کە لەم ڕاپۆرتە ڕوون کراوەتەوه. لەكۆتاييشدا كۆمەڵێك ڕاسپاردە بۆ خێراکردنی هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت و جێبەجێکردنی بنەما یاسایی و پەیڕەویەکان خراونەتەڕوو، بە ئامانجی ئەوەی پێکهێنانی کابینەی دەیەم زیاتر دوانەکەوێت، جارێکی تر روح بەبەر دامەزراوە شەرعیەكان بكرێتەوه. ئەم راپورتەریکخراوی ستۆپ لەچوارچێوەی (پروژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوەو دەسەڵاتی یاسا) ئامادەی کردووه، پرۆژەکە بەپالپشتی سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی NED ئەمریکی جێبەجێ دەکرێت. کاتی هەڵبژاردن و دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لەکۆتایی ساڵی 2024 ئەنجامدرا، بەوشێوەیەی خوارەوه: پیشیلکاریی پەیرەویی بەپێی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، لەدانیشتنی یەکەمی خولی نوێی پەرلەمانی کوردستان پێویستە سەرۆك و جێگر و سکرتێر هەڵبژێردرێن، لەم چوارچێوەیە لایەنەکان کاندیدەکانیان بۆ پۆستەکان بەبژێر کرد، بەمشێوەیەی خوارەوه؛ کاندیدەکان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان (هەڵگورد نەجیب عوسمان د.ڤالا فەرید ئیبراهیم، شاڵاو كۆسرەت ڕەسول عەلی، د.میران محەمەد عەباس، کوردەوان جەمال محەمەد). کاندیدەکان بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان (بەهجەت عەلی ئیبراهیم، مەرد عەلی رەسول، ئازاد محەمەدئەمین حەسەن، ئومێد عەلی حەمەسالح، عەدنان حوسێن حەسەن). کاندیدەکان بۆ پۆستی سکرتیری پەرلەمان (د.هاڤین سەعید خزر، شیرین یونس عەبدوڵا، شلێر غەفوور ساڵح، سەوسەن کاکەمەم محەمەد، ڕامی نوری عۆدیش، نەجدەت نوری محەمەد) بەهۆی ئامادەنەبوونی ڕێژەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان دانیشتنەکە هەڵگیرا و تا ئیستاش بەنادیاری ماوەتەوە. ئەمەش یەکەمین پێشێلکاریی ڕوونی پەیرەویی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بوو. پێویست بوو لەم دانیشتنە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرێن، بۆ ئەوەی دواتر سەرۆکی هەرێم و پاشانیش سەرۆکی حکومەت و کابینەی نوێ دەنگیان پێبدرێت. شیکاریی و بەراوردکاری ماوەی پێکهێنانی گشت کابینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدوای ساڵی 1992 هەرێمی کوردستان سەرباری هەموو ئاڵنگارییەکان (۹) کابینەی حکومەتی پێکهیناوە، بەهۆی پتەو ڕێچکەنەگرتنی بنەماکانی حکومڕانی، ئەمە یەکەمجار نیە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێ لەهەرێمی کوردستان دوادەکەوێت، بۆيە لێرە شيكاريەك بۆ دواکەوتنی ماوەی پێکهێنانی کابینەکانی رابردوو دەکەین. لەو خشتەیەی خوارەوە بەراوردکاریی کاتی پێکهێنانی کابینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نیشان دەدات و نیشانەیەک لە "نەریتی" دواکەوتن دەخاتەروو. لەو خشتەیەدا بەڕوونی ماوەی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت لەهەرێمی کوردستان دەردەکەوێت، نەک تەنها دیاردەیەکی نوێ نییە، بەڵکو بەپێی تێپەڕبوونی ژمارەی کابینەوە ساڵەکان لە زیادبووندایە، بەتایبەت لەدوو خولی رابردوودا، کە ماوەکە نزیکەی سێ هێندەی کابینەکانی پێشوو بووه. ئەمەش نیشانەیەکە لە نەبوونی پابەندبوونێکی ڕاستەقینە بە بنەما پەیرەویی و یاساییەکان و شەرعییەتی هەڵبژاردن، کە دەبێتەهۆی لاوازکردنی متمانەی گشتی بە پرۆسەی دیموکراسی و هەڵبژاردن. لێکەوتە نەرێنیەکانی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت هەڵپەساردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەپێی پەیرەوی ناوخۆ، پێویستە لەیەکەم دانیشتندا پرۆسەی دەنگدان بۆ دەستەی سەرۆکایەتی لە (سەرۆک و جێگر و سکرتێر) بەرێوەبچێت. بەڵام ڕێکارەکان دوای ڕاگەیاندنی بەربژێرەکان ڕاگیران و دانیشتنەکە بەکراوەیی مایەوه. هیشتنەوەی دانیشتن بەکراوەیی: بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی ژمارە55/2010)، هێشتنەوەی یەکەم دانیشتن بەکراوەیی پێچەوانەی (ماددەی 55)ی دەستووره. بەردەوامیی حکومەتی کاربەڕێکەر: بەهۆی تەواونەبوونی ڕێکارەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان، ڕاسپاردنی گەورەترین فراکسیۆن بۆ پێکهێنانی حکومەت دواکەوتووە، بەمەش حکومەت لە هەرێمی کوردستان بەشێوەی کاربەرێکەر ماوەتەوە، کەبەپێی دەستوور دەسەڵاتەکانی سنوورداره. دەسەڵاتەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر بەپێی دەستوور (كۆماری عێراقی فیدڕاڵ): لەنەبوونی دەستوورێکی تایبەت بە هەرێمی کوردستان و دادگای دەستووری ناچارین پشت بەدەستووری عێراق و بریارەکانی دادگای فیدڕاڵی ببەستین بەپێی بنەمای دەستووری لە (ماددەی 64 ی برگەی 2)ی دەستووری عیراق لەکاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، حکومەت تەنها کاری ڕۆژانەی خۆی بەردەوام دەکات تا هەڵبژاردنی داهاتوو، (کە پێویستە لەماوەی 60 ڕۆژدا بکرێت). زیانەکانی بەردەوامیی حکومەتی کاربەڕێکەر و کارانەبوونی پەرلەمانی کوردستان • کارکردنی نایاسایی حکومەتی کار بەڕێکەر: هەرچەندە دەسەڵاتەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر سنووردارە، بەڵام حکومەتی هەرێم لە (9ی تشرینی یەکەمی 2022)ەوە، کەپێناسەی حکومەتی کاربەڕێکەری بەسەردا جێبەجێ دەبێت، بەردەوام بووە لە (دەرکردنی بڕیار، پرۆژەو گرێبەستی ستراتیژی...هتد). • ڕاگرتنی کاری تەشریعی و چاودێری پەرلەمانی: پەرلەمانی کوردستان وەک باڵاترین دامەزراوەی یاسادانان و چاودێریی کاری دەسەڵاتی جێبەجێ کردن، ئێستا پەکخراوە، ناتوانێت بەڕۆڵی دەرکردنی یاسای بودجەو یاسا پەیوەندیدارەکان و پێدانی متمانه بەحکومەتی نوێ هەستێت، ئەمەش دەبێتە هۆی نەمان و لاوازبوونی شەفافییەت و لێپرسینەوەو بەدواداچوونی کارەکانی حکومەت، لەكاتێكدا بنەمای حوکمرانیی باش بوونی حکومەت و پەرلەمانیکی شەرعییە کە لەسەر بنەمای هەڵبژاردن دەستبەکاربن. • لاوازبوونی ڕۆڵی دامەزراوە چاودیرییەکانی دیکه: دامەزراوەکانی وەک دەستەی دەستپاکی و دیوانی چاودێری دارایی، کە ئەرکیان بنبڕکردنی گەندەڵی و ڕێگری لە بەهەدەردان و ئەنجامدانی ووردبینی لەخەرجییەکانە، تووشی کێشەی یاسایی بوون. سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ماوە یاساییەکەی بەسەرچووە، کە بەپێی یاسا پێویستە نوێ بکرێتەوە یان بگۆڕدرێت. دیوانی چاودیریی دارایش ئیستا بەبێ سەرۆکە بەهۆی خانەنشینبوونی سەرۆکی پێشوو. بۆ چالاککردنەوەی ڕۆڵی ئەم دامەزراوانە پێویستە پەرلەمانی کوردستان بە ئەرکی یاسایی خۆی هەستێت. • بەهەدەردانی سامانی گشتی: لەو کاتەوەی سوێند خواردنی پەرلەمانتارانی خولی شەشەم لە(مانگی 12)ی ساڵی رابردوودا، مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە، بەڵام بە هیچ کارێک هەڵنەستاون. ئەمەش دەچێتە خانەی بەهەدەردانی سامانی گشتی، چونکە مووچە پێویستە لەبەرامبەر ئەنجامدانی ئەرک بدرێت. • لاوزبوونی متمانەی نیوخۆیی و نێودەوڵەتی: ئەزموونی پەکخستنی پەرلەمان و درێژەکیشانی حکومەتی کاربەڕێکەر کاریگەری نەرێنی لەسەر پێگەی دامەزراوە شەرعیەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی داناوه. پیشنیارەکان • کۆتاییهێنان بەدانیشتنی کراوە: پێویستە بەزووترین کات سەرۆکی بەتەمەنی پەرلەمانی کوردستان، لەڕێگای رێوشوێنی پەیرەوییەوە بانگەواز بۆ پەرلەمانتاران ڕابگەیەنێت بۆ کوتاییهێنان بەدانیشتنی کراوەی یەکەمی خولی (6)ەمی پەرلەمانی کوردستان. هەر پەرلەمانتارێکیش ئامادە نەبێت ڕێوشوێنی پەیرەویی بەسەردا جێبەجێ بکرێت. • پێکهێنانی حکومەت لەکاتی یاساییدا: پێویستە دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەپێی یاسا پەیوەندیدارەکان لەماوەی یاسایی خۆیدا سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردرێت، دواتر گەورەترین فراکسیۆن بو پێکهێنانی حکومەت راسپێردرێت و لەماوەی مانگێکدا کابینەی دەیەم پێک بهێندرێت. • چالاککردنەوەی پەرلەمان: پەرلەمانی کوردستان لیژنەهەمیشەییەکانی خۆی هەڵبژێرێت و دەست بکات بەکاری یاسادانان و چاودێری. • کارنامەی حکومەت: پێشنیار دەکەین کارنامەی کابینەی دەیەمی حکومەت، وردەکاریی زیاتر و بەڵێنی ڕوونتری تێدابێت کە قابیلی پێوانەکردن بێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت هەڵسەنگاندنێکی بابەتییانەی بۆ بکرێت.
درەو: ئەمڕۆ لە ئۆفیسی سەرەكی درەو، گفتوگۆی درەو تەرخانكرا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر "رەوشی رۆژنامەگەری و ئازادی رادەربڕین لە هەرێمی كوردستان" گفتوگۆكە لەلایەن كەمال رەئوف نوسەرو رۆژنامەنووسەوە بەڕێوەبراو لەلایەن نوسەران و رۆژنامەنووسان و گفتوگۆی بابەتەكەكرا، بەتایبەت لە ئێستادا زۆر قسە لەسەر ئەوە دەكرێت كە پرسی ئازادی رادەربڕین و رەوشی رۆژنامەگەری لەهەرێمی كوردستان لە پاشەكشەدایە، ئایا حكومەت و دەسەڵاتداران پاشەكشەكان كردووە لە ئازادی رادەربڕین ؟ بەتایبەت لەدوای حوكمدانەوەی شێروان شێروانی و تەقەكردن لە هێمن مامەند و رووداوەكانی لالەزار و روەكانی تری شاروشارۆژكەكانی هەرێمی كوردستان، جۆرێك لە قەلەقی بۆ رۆژنامەنووسان و چالاكان درووست كردووە، ئەم دۆخە بە كوێ دەگات ؟ و رەوشەكە ئاساییە یاخود بارگاوییە بە رووداوە ناوخۆیی و ناوچەیی و هەرێمایەتییەكانەوە.
(درەو): موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە بەرنامەی كاردا نییە، سبەینێ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەی هەیە. سبەینێ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی هەیە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئێستا بەسەردانێك لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكایە بەمەبەستی بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی باكوری ئەتڵەسی. بەپێی قسەی كەسە نزیكەكانی، بڕیارە سودانی بگەڕێتەوەو خۆی سەرپەرەشتی كۆبوونەوەی سبەینێی حكومەت بكات. لیژنە هاوبەشەكانی نێوان هەولێرو بەغداد راپۆرتی خۆیان لەبارەی ناكۆكییەكان سەبارەت بە هەناردەكردنی نەوتی كوردستان و داهاتە نانەوتییەكان ئامادە كردووە بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەی سبەینێی حكومەتدا بڕیاری لەسەر بدرێت، بەڵام ئەم پرسە هاوشێوەی دانیشتنەكانی پێشوو لە بەرنامەی كاری دانیشتنی سبەینێدا نییەو پێشبینی دەكرێت لە پەراوێزی كۆبوونەوەكەدا قسەی لەسەر بكرێت. ئەگەر هەردوو حكومەت بگەنە رێككەوتن لەسەر پرسی نەوت و داهاتە نانەوتییەكان (وەكو ئەوەی فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە كردووە لە رێككەوتن نزیكن)، ئەوا دەبێت حكومەتی فیدراڵی بۆ (6) مانگی ئەمساڵ بەبێ گیروگرفت موچەی موچەخۆرانی هەرێم خەرج بكات، ئەمە لەچوارچێوەی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراقدا كە كۆتایی ئەمساڵ كۆتایی دێت. لەبەرامبەردا دەبێت حكومەتی هەرێم هەم نەوتی بەرهەمهێنراوی خۆی رادەستی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق بكات هەم رێژەی 50%ی داهاتی دامەزراوە فیدراڵییەكان.
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) ڕەنگە لەناو هەموو بەها ئینسانیی و سیاسییەکاندا بەهای دادپەروەریی گرنگترین و بنەڕەتترین بەهایەک بێت، هەموو کۆمەڵگایەکی تەندروست پێویستی پێیبێت. کۆمەڵگای تەندروست کۆمەڵگایەکە هەم لەناو خۆیدا دادپەروەر و هەم خاوەنی سیستمێکی سیاسیی و حوکمڕانیی دادپەروەرە. ئامادەگیی دادپەروەریی لە هەردوو ئاستەکەدا پێداویستی سەرەکیی و ژمارەیەکە. کە باس لە دادپەروەریی دەکەم باس لە قسەیەکی زارەکیی و چەمکێکی بۆش و بەتاڵى ناو قسەکردنی ڕۆژانەی ئەم یان ئەو سیاسیی ناپاک و، ئەم یان ئەو چاوساخی دینیی و ئەخلاقیی ساختە ناکەم. باس لە دادپەروەریی وەک بەشێک لە ریتۆریکی قسەکردنی رۆژانەی بێبنەما و بێبناغەش ناکەم، وەک گوتارێکی میدیایی پروپاگەندەخوازیش نایبینم، بەڵکو وەک بەهای ژمارە یەکی ڕێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی، وەک ئاکاری هەرەسەرکیی دامەزراوە سیاسیی و یاسایی و بیرۆکراسیی و کۆمەڵایتییەکان و وەک ژێرخانی پەیوەندیی مرۆڤەکانیش لەگەڵ یەکتریدا باسیدەکەم. هاوکات وەک مەسەلەی ژمارە یەک و هەرە سەرەکیی ناو فیکر و بیرکردنەوەش نمایشیدەکەم. تەنها لە دۆخی ئامادەگییەکی هەمەلایەنی لەو جۆرەی دادپەروەریدا، دەکرێت قسە لە بوونی سیستمێکی حوکمڕانیی و لە ژینگە و کۆمەڵگایەکی تەندروست، بکەین. ونکردنی دادپەروەریی وونکردنی کۆڵەکەی یەکەم و هەرەسەرکی دروستکردنی دونیایەکی تەندروستە، تیایدا بکرێت مرۆڤەکان بە لانی هەرەکەمی دڵنیاییەوە بژین، ژیانێک نرخ و بەهایەکی ئینسانیی هەبێت. لە دۆخێکی لەو بابەتەدا دادپەروەریی هێزی نەفیکەریی جۆرە جیاوازەکانی غەدر و زوڵمی سیاسیی و ئابوریی و کۆمەلایەتیی و فەرهەنگییە، بنەمای رێزگرتنی مرۆڤە وەک مرۆڤ. لە فیکری سیاسیی کۆندا، بۆ نموونە لای ئەفلاتون، دادپەروەریی مانای بوونی جۆرێک لە هاوسەنگیی و هارمۆنیەتی ناوەکییە لەناو مرۆڤ خۆی و لە کۆمەڵگاشدا، بەشە جیاوازەکانی رۆحی تاکەکەس و بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگا رۆڵی دیاریکراو و تایبەت بە خۆیان هەیە کە پێویستە پێی هەڵبسن. مرۆڤ بۆ ئەوەی بوونەوەرێکی عەقلانیی و تەندروستبێت پێویستە دادپەروەر بێت. بێگومان دیدگای ئەفلاتون بۆ دادپەروەریی نووقسانی گەورە و هەمەلایەنی تێدایە، بەڵام خاڵێک لەم دیدگایەدا کە رەنگە تا ئێستاش زیندووبێت و بەکەڵک بێت، بە تایبەتی لە پەیوەندیدا بە سیستمی حوکمڕانییەوە، ئەو خاڵەبێت کە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت حوکمڕانان پێویستە کەسانێکبن رق و تەماح و خواستی ناعەقلانیی و رۆحی تۆڵەکردنەوە و بوغز و ئێرەیی ئاراستەیان نەکات، چونکە کەسایەتی لەوجۆرە نەک توانای سەرکردایەتیکردن و حوکمڕانیکردنی کۆمەڵگایان نییە، بەڵکو توانای حوکمڕانیکردن و ئاراستەکردنێکی عەقلانی خودی خۆیشیان نییە. بۆ ئەوەی حوکمڕانیش هەڵگری ئەو جۆرە ئاکارە نێگەتیڤ و خراپانە نەبێت، هەڵەیە چاوەروانی بوون و ئامادەگیی کەسایەتیەکی ئەخلاقیی بکەین، کە ئەخلاقیبوونەکەی وایلێبکات، دەسەڵاتەکانی خراپ بەکارنەهێنێت و کاری نەشیاو و نەگونجاوئەنجام نەدات، یان زوڵم و زۆر و نادادپەروەریی ئاکاری حوکمرانییەکەی نەبن. ئەخلاق حوکمرانیی چاک ناکات، حوکمڕان، هەرکەسێک بێت، پێویستیی بەوەیە بە شێوەیەکی بەردەوام ترسێکی یاسایی لە کردەی لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردن و لابردن و سزادانی هەبێت. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە یاسا و دەزگای لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردن و سزادان هەبن و کاربکەن. ئەخلاقی باش حوکمڕانیی باش دروستناکات، بەڵکو یاسا و دەزگا و میکانیزمی بەهێزی لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردن و سزادانی باش، حوکمڕانی باش دروستدەکات. لە مێژووی فیکردا بیرۆکەی «مافی سروشتیی» کە لە سەدەی هەڤدەهەمدا بەتەواوی گەشەدەکات، وێنەیەک بۆ مرۆڤ دروستدەکات وەک خاوەنی کۆمەڵێک مافی سروشتیی کە هیچ حوکمرانێک ناتوانێت دەستدرێژیان بکاتە سەر، لەوانەش مافی ژیان و مافی ئازادیی و مافی هەبوونی موڵک و ماڵ. مرۆڤ لەم دیدگایەدا بوونەوەرێکە بەم مافانەوە لەدایکدەبێت. حوکمڕان و کۆمەڵگاش نابێت ناتوانن مرۆڤ لەژێر هیچ ناوێکدا، لەم مافانە بێبەش بکەن. چەند سەدەیەک دواتریش مرۆڤایەتی هەنگاوێکی دیکە دەنێت و قسە لەوەدەکات، کە ئەوەی یاسا و بەهاکان دروست و سەروەر دەکات، پادشا یان حوکمران نییە، بەڵکو خودی کۆمەڵگا و مرۆڤەکانی ناویەتی. ئەم مرۆڤانەش بەیەکتری یەکسانن و هەموویان خاوەنی هەمان ماف و هەمان بەرپرسیاریەتین، بێ گوێدانە دین و پاشخانی کۆمەڵایەتییان. دادپەروەریی زیاد لە شێوازێکی هەیە کە دەشێت گرنگترینیان ئەم دوو شێوازە بێت. یەکەمیان، دادپەروەریی ئابووریی کە بەرگریکردنە لە دابینکردنی بژێوی ژیان بۆ هەمووان، بەشێوەیەک کەرامەتی مرۆڤەکان بپارێزێت، ئەمەش مانای بوونی دەرفەت و ئەگەری ئابوریی یەکسان لەبەردەم هەموو کەسێکدا و رێگرتن لە دروستبوونی نایەکسانی ئابووریی گەورە لە کۆمەڵگادا. واتە رێگرتن لەوەی کەسانێک بە ئاسانی ببن بە ملیۆنێر و کەسانێکی دیکە کێشەیان لەگەڵ دابینکردنی بژێویی رۆژانەیاندا، هەبێت. دادپەروەریی لەم ئاستەدا مانای دابەشکردنێکی دادپەروەرانەی سەروەت و سامانی نەتەوەیی و نیشتیمانیی، بە جۆرێک ئەندامانی کۆمەڵگاکە دەستیان بە سەرچاوەکانی داهات بگات و دەرفەت و ئەگەری یەکسانی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتییان لەبەردەمدابێت. خزمەتگوزاریی تەندروستیی و خوێندن و فێربوون و شوێنێکی گونجاو بۆ ژیان، بۆ هەمووان مەیسەر بکرێت. بە کورتییەکەی کۆمەڵگاکە خاوەنی ئەو «سەرەتا یەکسان»ە بێت کە فەیلەسوفی ئەمریکی جۆن راولز باسیدەکات. دووهەمیان، دادپەروەریی کولتورییە، کە ئەمەیشیان رێزگرتن و بەیەکسان سەیرکردنی شوناس و دین و زمان و کەلەپوری کەسان و گروپە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگاکەیە. ئەمەش لە بنەڕەتدا مانای پاراستنی پلورالیزمی کولتوریی و پلورالیزمی ناسنامەی جیاواز، لە کۆمەڵگادا. هەموو ئەم شتانە وادەکەن کۆمەڵگای دادپەروەر تەنها کۆمەڵگایەکی دادپەروەر نەبێت، چونکە زۆر زەحمەتە دادپەروەریی بەتەنها و بە دابڕاوی لە کۆمەلێک بەهای تر ئامادەبێت. دادپەروەریی هەمیشە پێویستی بە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی هەیە کە تیایدا ئەو کۆمەڵگایە دادپەروەریی دەخاتە پەیوەندییەکی سەرەکییەوە لەگەڵ ئازادیی و یەکسانیی و ڕێزگرتنی مرۆڤەکان لەیەکتری. لەم دۆخەدا دادپەروەریی تەواو دوور و دابڕاوە لە بەخشینی ئیمتیازاتی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیی، وەک شتێکی ئاسایی و سروشتیی، بەم یان بەو بەشی کۆمەڵگاکە و بێبەشکردن و لێسەندنەوەی لەم بەش یان ئەو بەشی کۆمەڵگاکە. خاڵی سەرەکیی لە بنیادنانی سیستمێکی حوکمڕانیی دادپەروەر و لەوێشەوە کۆمەڵگایەکی دادپەروەر، بریتییە لە بەرقەرارکردنی «حوکمی یاسا»، حوکمێک کە دەزگاکانی داوەریی سەربەخۆیانە بیدەن، نەک بە تەلەفۆنی ئەم یان ئەو بەرپرسی سیاسیی، ئەم یان ئەو یاسا بە نیازی سزادان بەسەر ئەم یان ئەو کەسی دیاریکراودا، ئەو بڕیارانە بدەن. هاوکات یاسایەک کە بەسەر هەموواندا پیادەبکرێت، نەک بنەماڵە حوکمڕانەکان و هەڵگرانی دەسەڵات لەدەروەی یاساکاندا کار بکەن و هیچ یاسایەک نەتوانێت بەرپرسیاریان بکات و لێیان بپرسێتەوە. واتە یاساکان دەبێت روون و ئاشکرابن و بەیەکسانیی و بەبێ هیچ فەرق و جیاوازیکردنێک، بەسەر هەموواندا پیادەبکرێت. خاڵێکی دیکە لە پەیوەندیدا بە یاسا و دەسەڵاتەوە بریتییە لە ڕێگرتن لە کۆبوونەوەی سەرجەمی دەسەڵاتەکان لە دەستی ئەم یان ئەو کەس و ئەم یان ئەو بازنەی بچووک و داخراودا، لەپێش هەمووانیشەوە خێزان و بنەماڵە حوکمرانەکان و نەوەکانیان. ئەمەش نەک تەنها پێویستی بە لێکجیاکردنەوەی دەسەلاتەکانە لەیەکتری، بێگومان بەشێوەیەکی کردەیی و راستەقینە، نەک بە قسە و گوفتاری ناو میدیا و کۆبوونەوەکان، بەڵکو پێویستی بە بوونی توانا و دەزگا و هێزی سەربەخۆی پیادەکردنی یاساکان هەیە. خاڵێکی دیکەی سەرەکیی لە بوونی دادپەروەرییدا، پاراستنی سەرجەمی ئەو مافانەیە کە مرۆڤ هەیەتی. لەناویشیاندا پاراستنی ژیان و ئازادیی و کەرامەت و موڵک و ماڵ. دادپەروەریی بەو مانایانەی لەسەرەوە باسمانکرد لەناو هیج یەکێک لە دەزگا سەرەکییەکانی حوکمرانیی و دەزگاکانی تری بەڕێوەبردنی ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابوریی و فەرهەنگی هەرێمی کوردستاندا، بوونی نییە. ئەوەی ئەمرۆکە دەیبینین و رۆژانە رووبەروومان دەبێتەوە، لە گرتن و ئازاردانی خەڵکەوە بیگرە، بۆ سزادانی ئەو بەشەی کۆمەڵگاکە کە قسەدەکات، بە تێپەرین بەناو پەکخستنی سیستمی داوەریی و وێرانکردنی سیستمی خوێندن و فێربوندا، هێما بۆ ئەو نەبوونی و قاتوقڕییە گەورەیە لە دادپەروەریدا، دەکات. ئەوەی لە سی ساڵی رابردوودا ڕوویداوە رووتکردنەوەی کۆمەڵگاکەیە لەسەرجەمی ئەو دەزگا و میکانیزم و پرۆسانەی کە دەشێت بەرگریی لە بوون و کارکردنی لانی هەرکەمی دادپەروەریی بکات. نە سیستمە ئابورییەکە لانی هەرە هەرە کەمی دادپەروەریی تێدایە، منداڵە ملیۆنێر و ملیاردلێرەکانی بنەماڵە حوکمڕانەکان بەراورد بکەن بەو موچەخۆرە هەژارانەی چەندان مانگ بێموچە دەمێننەوە. نە سیستمە سیاسییەکە ئەو لانی هەرکەمەی دادپەروەریی تێدایە، چ منداڵێک لە کوردستاندا دەتوانێت خەونی ئەوە ببینێت ببێت بە «بەڕێوەبەری» قوتابخانەیەکی سەرەتایی بەبێ تێپەڕین بەناو تۆڕی پەیوەندییەکانی ڕازیبوونی بنەماڵە حوکمڕانەکاندا. بە کورتییەکەی ئەوەی ئەمرۆکە بە ئاشکراو و بەبەرچاومانەوە رووئەدات، لەناوبردن و ناشتنی سیستماتیکی دادپەروەرییە لە سادەترین شێوەکانیدا. ئەمەش دۆخێکە تیایدا دەشێت چاوەڕوانی هەموو جۆرە جیاوازەکانی تەقینەوەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی بکەین. لەباتی و لە شوێنی دادپەروەریی، ئەوەی هەیە و ئامادەیە، ئەوەی حوکمڕانە، تێگەیشتن و قازانج و خواست و سایکۆلۆژیای چەند کەسێکی ناو بنەماڵە حوکمڕانەکان و ئەو نوخبە سیاسیی و ئەمنیی و سەربازیی و ئابورییەیە بەدەوریاندا دروستبوون. ئەمەش رەچەتە و رێگایەکی تەواو ترسناکە بەرەو دونیایەکی تەواو تاریک.
(درەو): بەرپرسانی حكومەتی فیدراڵی عێراق بەفەرمی توركیایان ئاگاداركردووە لەوەی نزیكن لە رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، توركیا چاوی لە بەگەڕخستنەوەی بۆری نەوتی كەركوك- جەیهانە. ئەحمەد بەرات چۆنکار جێگری وەزیری وزەی تورکیا رایگەیاند، بۆری نەوتی کەرکوک- جەیهان لە 1970ەوە چالاکە. بەمدوایانەدا جارێکی دیکە هەناردەکردن لەم ڕێگەیەوە بووەتە ڕۆژەڤ. لە نزیکەوە چاودێری ئەم پرسە دەکەین. جێگری وەزیری وزەی توركیا لە بەغداد بەشداری لە (کۆڕبەندی نێودەوڵەتی وزە)دا کردو لە پەراوێزی ئەم گۆڕبەندەدا قسەی بۆ ئاژانسی (ئەنادۆڵی)ی وڵاتەكەی كردو وتی:" عێراقییەکان پێیان راگەیاندووین کە دانوستانەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەندی نزیکبووەتەوە لە ئەنجام. پەنا بە خوا ئەگەر ئەم کێشانە چارەسەر بن چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیە بۆرییەکە بە هەموو توانایەکەوە بکەوێتە کار". بەهۆی سكاڵای وەزارەتی نەوتی عێراق دژ بە توركیا لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس، توركیا لە 25ی ئازاری 2023وە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانی راگرتووەو لەوكاتەوە تائێستا هەناردە دەستی پێنەكردوەتەوە، سكاڵاكەی بەغداد بەهۆی ئەوە بوو ئەنكەرە بەبێ رەزامەندی حكومەتی عێراق نەوتی هەرێمی بە بۆری نەوتی عێراق- توركیا هەناردەی بەندەری جەیهان كردبوو. ئێستا كە ئیتر هەولێرو بەغداد لە رێككەوتن نزیكبوونەتەوە بۆ رادەستكردنی نەوتی كوردستان بە كۆمپانیای بەباواڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"، توركیاش داواكاریی هەیەو دەیەوێت بۆرییەكەی عێراق بەوپەڕی توانای خۆیەوە نەوت هەناردە بكات. جێگری وەزیری وزەی تورکیا ئاماژەی بەوەداوە، هێڵی بۆری نەوتی عێراق و تورکیا دەتوانێت زیاتر پەرەی پێبدرێت و دەڵێ: هاریکارییەکان لە بوارەکانی گازی سروشتی و کارەباو پرۆژەی رێگەی گەشەپێدانیش بۆ گەشەپێکردنی ئەو پەیوەندییانە بەکاردەهێندرێت. بەپێی دیزاینەكەی، پرۆژەی رێگای گەشەپێدان كە بەسرە بە توركیاوە دەبەستێتەوە، جگە لە هێڵی شەمەندەفەر، بۆری نەوت و غازیش لەخۆدەگرێت. "لەگەڵ عێراق لە دانوستانداین بۆ ئەوەی زیاتر لە بواری وزەدا هاریکاریی یەکتر بین، بەراورد بە رابردوو، ئاستی هاوکاریی لەگەڵ عێراق زۆر زیاتر بووەو بۆ ئەم مەبەستە سەرقاڵی داڕشتنی ژێرخانی ئەو پەیوەندییانەین" جێگری وەزیری وزەی توركیا بەمشێوە گوزارشتی لە دۆخی ئێستای پەیوەندییەكان كرد. باسی لەوەكرد، ئامانجی توركیا ئەوەیە هاوکارییەکانی لە بواری وزەدا، دەرگای ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکە بکاتەوەو ڕێگەیان بدات بە متمانەیەکی زیاترەوە سەیری داهاتوو بکەن. "بە واتایەکی دیکە ئێمە لە هەوڵداین بۆ ئەوەی هەم وەچەرخانێک لە بواری وزەو هەم پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق بگەیەنینە قۆناغێکی نوێ".
راپۆرتی: درەو 🔻 بڕو قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هەناردەی وڵاتان و تەرازووی بازرگانی عێراق لە نیوەی یەکەمی 2024 و 2025؛ 🔹 گەورەترین بازرگاکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی (چین، هندستان، ئیمارات، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، کۆریای باشور، تورکیا، ئەمریکا، سعودییە، ئەردەن، یابان، بەرازیل و مصر) بووە. 🔹 لە نیوەی یەکەمی 2024 قەبارەی ئاڵوگۆی بازرگانی (94.7 ملیار) دۆلار بووە، لە نیوەی یەکەمی 2025 بەڕێژەی (12%) دابەزیوە بۆ (83.1 ملیار) دۆلار، زۆرترین ئاڵوگۆڕی بازرگانیش لەگەڵ وڵاتی چین بووە. 🔹 قەبارەی هەناردەی وڵاتان لە نیوەی یەکەمی 2024 بۆ عێراق (38.86 ملیار) دۆلار بووە، لە هەمان ماوەی ساڵی 2025 هەناردەی وڵاتان بە ڕێژەی (12%) بڕی (4.77 ملیار) دۆلار کەمی کردووەو گەورەترین هەناردەکاریش بۆ عێراق وڵاتی ئیمارات بووە. 🔹 تەرازووی بازرگانی لە هەردوو نیوەی یەکەمی ساڵانی (2024 و 2025) بە قازانجی عێراق بووە بەر بڕی (17 ملیار) دۆلار لە ساڵی 2024 و (15 ملیار) دۆلار لە ساڵی 2025. ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەرەکی عێراق لە نیوەی یەکەمی 2024 و 2025 گەورەترین بازرگاکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی (چین، هندستان، ئیمارات، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، کۆریای باشور، تورکیا، ئەمریکا، سعودییە، ئەردەن، یابان، بەرازیل و مصر) بووە، پێکەوە لەنیوەی یەکەمی 2024 گەیشتووە بە (94.7 ملیار) دۆلارو لە نیوەی یەکەمی 2024 گەیشتووە بە (83.1 ملیار) دۆلار، بە جۆرێک؛ - ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتی "چین" گەورەترین قەباری بەرکەوتووە لە نیوەی یەکەمی 2024 (27.6 ملیار) دۆلار و لە نیوەی یەکەمی 2025 (26.6 ملیار) دۆلار بووە. - ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتی "هندستان" لە نیوەی یەکەمی 2024 (18.5 ملیار) دۆلار و لە نیوەی یەکەمی 2025 (16 ملیار) دۆلار بووە. - ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتی "شانشینی عەرەبی یەکگرتوو" لە نیوەی یەکەمی 2024 (18.8 ملیار) دۆلار و لە نیوەی یەکەمی 2025 (12.6 ملیار) دۆلار بووە. - ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی "یەکێتی ئەوروپا" لە نیوەی یەکەمی 2024 (11.5 ملیار) دۆلار و لە نیوەی یەکەمی 2025 (9.9 ملیار) دۆلار بووە. بۆ وەردەکاری زیاتر لەبارەی قەبارەی بازرگانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دیکەو بڕو ڕێژەر گەشەی بازرگانی، بڕوانە خشتەو گرافیکی ژمارە (1). خشتەو گرافیکی ژمارە (1) هەناردەی وڵاتانی دەرەکی بۆ عێراق لە نیوەی یەکەمی 2024 و 2025 گەورەترین هەناردەکارانی دەرەکی بۆ عێراق بریتین لە وڵاتانی (چین، هندستان، ئیمارات، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، کۆریای باشور، تورکیا، ئەمریکا، سعودییە، ئەردەن، یابان، بەرازیل و مصر) پێکەوە لەنیوەی یەکەمی 2024 گەیشتووە بە قەبارەی هەناردەیان گەیشتووە (38.86 ملیار) دۆلارو لە نیوەی یەکەمی 2024 گەیشتووە بە (34.09 ملیار) دۆلار، بە جۆرێک؛ - گەورەترین هەناردەکار بۆ عێراق وڵاتی "شانشینی عەرەبی یەکگرتوو" بووەو لە نیوەی یەکەمی 2024 (16.31 ملیار) دۆلار و لە نیوەی یەکەمی 2025 (10.55 ملیار) دۆلار قەبارەی هەناردەی ئەو وڵاتە بووە بۆ عێراق. - گەورەترین هەناردەکار بۆ عێراق وڵاتی لەدوای وڵاتی " شانشینی عەرەبی یەکگرتوو" وڵاتی "چین" بووەو لە نیوەی یەکەمی 2024 (8.13 ملیار) دۆلار و لە نیوەی یەکەمی 2025 (8.89 ملیار) دۆلار قەبارەی هەناردەی ئەو وڵاتە بووە بۆ عێراق. بۆ وەردەکاری زیاتر لەبارەی قەبارەی هەناردەی وڵاتانی دیکەو بڕو ڕێژەر گەشەی هەناردەکردنیان بۆ عێراق، بڕوانە خشتەو گرافیکی ژمارە (2). خشتەو گرافیکی ژمارە (2) تەرازووی بازرگانی عێراق لە نیوەی یەکەمی 2024 و 2025 بە تێکڕا تەرازووی بازرگانی لە هەردوو نیوەی یەکەمی ساڵانی (2024 و 2025) لەگەڵ وڵاتانی (چین، هندستان، ئیمارات، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، کۆریای باشور، تورکیا، ئەمریکا، سعودییە، ئەردەن، یابان، بەرازیل و مصر) بە قازانجی عێراق بووە بە بڕی (17 ملیار) دۆلار لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024 و (15 ملیار) دۆلار لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2025. بە جۆرێک؛ - تەرازووی بازرگانی عێراق لە هەردوو نیوەی یەکەمی (2024 و 2024) لەگەڵ وڵاتانی (ئیمارات، تورکیا، سعودییە، ئەردەن، یابان، بەرازیل و مصر) لاسەنگ بووە. - تەرازووی بازرگانی عێراق لە هەردوو نیوەی یەکەمی (2024 و 2024) لەگەڵ وڵاتانی (چین، هندستان، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، کۆریای باشور و ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا) بە قازانجی هەناردەی عێراقی بووە. بۆ وەردەکاری زیاتر لەبارەی تەرازووی بازرگانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دیکە، بڕوانە خشتەو گرافیکی ژمارە (3). خشتەو گرافیکی ژمارە (3)
درەو: ئەمڕۆ لە ئۆفیسی سەرەكی درەو لە شاری سلێمانی گفتوگۆی پرسی ژینگەو گۆڕانی كەشوهەوا كرا. گفتوگۆكە تایبەت بوو بە (مەترسیەكانی گۆڕانی كەشوهەوا) بەسەرپەرشتی تۆڕی ئۆزۆن بۆ پاراستنی ژینگە لە عێراق، بەهاوكاری رێكخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگەو لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، كە ژمارەیەك لە رۆژنامەنووسانی كەناڵە جیاجیاكان ئامادەیبوون و گفتوگۆكرا لەسەر ئەوەی چۆن لە كەناڵ و دەزگا میدیاییەكاندا روماڵ و بەرنامەی تایبەت بە ژینگەو گرنگی دان بە بواری ژینگەیی زیاتر بكرێت .