Draw Media

پێشێلكاریی و ساختەكارییەكان  لە پەرلەمانی ئەوروپا دەخرێنەڕوو

پێشێلكاریی و ساختەكارییەكان  لە پەرلەمانی ئەوروپا دەخرێنەڕوو

2018-06-04 21:47:15


(درەو میدیا):

" ئەوانەی دوێنێ دژی سەدام حوسێن شەڕیان دەكرد بۆ ئازادیی كوردان، ئەمڕۆ خۆیان كوردان دەچەوسێننەوە. كوردانی ئازادیخواز دەكوژن. رۆژنامەنوسان دەكوژن. شەڕی ناوخۆیان كردوە و كەس سزانەدرا، كورد لێیان خۆش بو بەو مەرجەی دەست بۆ خوێنی كورد نەبەنەوە، بەڵام دەیان خۆپیشاندەریان كردە قوربانیی و چوار رۆژنامەنوسیان كوشتن. لە ریفراندۆمدا ئەوەی رەخنەی گرت بە خائینیان دانا" ئەمە بەشێك بوو لە وتاری رۆژنامەنووس كەمال چۆمانی كە لەپەرلەمانی ئەوروپا و لە كۆنفرانسی سییەمین ساڵەی خەڵاتی ساخارۆف پێشكەشی كرد.
كەمال چۆمانی لە پەیجی تایبەتی خۆی سەبارەت بە وتارەكەی لە پەرلەمانی ئەوروپا نوسیویەتی" رۆژی ٤ و ٥ی حوزەیران لە كۆنفڕەنسی سییەمین ساڵەی خەڵاتی ساخرۆف بەشدار بوم كە تێیدا لەبارەی رەوشی ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی سیاسیی و بارودۆخی سیاسیی لە هەرێمی كوردستان قسەمكرد، لە كۆنفڕەنسێكی وادا، دەرفەتی ئەوەم پێدرا نەك هەر دۆخی دژواری ئازادیی قسەكردن و ئازادیی سیاسیی لە هەرێمدا باسبكەم، بەڵكو باسی ئەو هەڕەشە و فشارانەشم كرد كە لەسەر خۆشم بونە. 
چۆمانی ئاماژە بەوەش دەكات" ئەمەم كردە دەستپێكی باسكردنی ئەو پێشێلكارییانەی بەرانبەر رۆژنامەنوسان و ئازادیخوازان و ئازادیی سیاسیی دەكرێت، تا دەگاتە تەزویری ئینتیخابات و كۆنترۆڵكردنی نەوت و تەقەكردن لە بارەگای حیزبی ئۆپۆزسیۆن. باسم لە میلیشیا و ئاسایشی حیزبی كرد. بە نمونە باسم لەوە كرد چۆن رۆژنامەنوسێك لەسەر تەنزێكی سیاسیی تیرۆركرا. چۆن دوای دوای لە خۆپیشاندان داواكانی گەل نەبیستران و رۆژنامەنوسان لێیان درا و خۆپیشاندەران كوژران و بریندار كران. بێگومان باسی داخستنی پارلەمان و خۆسەپاندن و ویستی تاكڕەوییانەم كرد:


دەقی نوسینەكەی كەمال چۆمانی 

لە پارلەمانی ئەوڕوپا باسی چیم كرد؟

رۆژی ٤ و ٥ی حوزەیران لە كۆنفڕەنسی سییەمین ساڵەی خەڵاتی ساخرۆف بەشدار بوم كە تێیدا لەبارەی رەوشی ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی سیاسیی و بارودۆخی سیاسیی لە هەرێمی كوردستان قسەمكرد. 
لە كۆنفڕەنسێكی وا دا، دەرفەتی ئەوەم پێدرا نەك هەر دۆخی دژواری ئازادیی قسەكردن و ئازادیی سیاسیی لە هەرێمدا باسبكەم، بەڵكو باسی ئەو هەڕەشە و فشارانەشم كرد كە لەسەر خۆشم بونە. لە ماوەی ١٠-١٥ دەقیقەدا، دەبێت زۆر كورت قسەبكەیت. بۆ منیش كورت قسەكردن زەحمەتە بەتایبەت كاتێك بە زمانی داییك قسەناكەیت و یەك دونیا شتیشت لە هەگبە دایە دەتەوێت بەو ئامادەبوانەی بگەیەنی كە زۆربەیان ئەندام پارلەمانی ئەوڕوپا، چالاكانی داكۆكیكردن لە ئازادیی و دیموكراسیی و مافی مرۆڤ، وەرگرانی خەڵاتی ساخرۆفن لە ٣٠ ساڵی رابردودا.
بە كورتی گوتم لە مێژودا، كورد خەباتێكی دورودرێژی بۆ ئازادیی كردوە. لە پێناو ئەو خەباتە بۆ ئازادیی و دیموكراسییدا، روبەڕوی جێنۆساید و قەتڵوعام بۆتەوە. ئەو خەباتە ئێستاش بەردەوامە؛ لە ئێران كوردان مافیان نییە و رامین پەناهی چاوەڕیی مەرگ دەكات. لە توركیا بەربژێری سەرۆكایەتیی هەدەپە لە زیندانە. لە سوریا بەشار ئەسەد بەر لە هەر نەتەوەیەك قەتڵوعامی كوردی كرد. بەڵام لە هەرێمی كوردستاندا، لە ١٩٩١ دۆخەكە گۆڕاوە. لە ٢٠٠٣ەوە بەڕەسمیی لەلایەن عێڕاق و كۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە دان بە فیدراڵیی هەرێمی كوردستان نراوە. بەڵام تراژیدیاكە ئەوەیە، ئەوانەی دوێنێ دژی سەدام حوسێن شەڕیان دەكرد بۆ ئازادیی كوردان، ئەمڕۆ خۆیان كوردان دەچەوسێننەوە. كوردانی ئازادیخواز دەكوژن. رۆژنامەنوسان دەكوژن. شەڕی ناوخۆیان كردوە و كەس سزانەدرا، كورد لێیان خۆش بو بەو مەرجەی دەست بۆ خوێنی كورد نەبەنەوە، بەڵام دەیان خۆپیشاندەریان كردە قوربانیی و چوار رۆژنامەنوسیان كوشتن. لە ریفراندۆمدا ئەوەی رەخنەی گرت بە خائینیان دانا.
ئەمەم كردە دەستپێكی باسكردنی ئەو پێشێلكارییانەی بەرانبەر رۆژنامەنوسان و ئازادیخوازان و ئازادیی سیاسیی دەكرێت، تا دەگاتە تەزویری ئینتیخابات و كۆنترۆڵكردنی نەوت و تەقەكردن لە بارەگای حیزبی ئۆپۆزسیۆن. باسم لە میلیشیا و ئاسایشی حیزبی كرد. بە نمونە باسم لەوە كرد چۆن رۆژنامەنوسێك لەسەر تەنزێكی سیاسیی تیرۆركرا. چۆن دوای دوای لە خۆپیشاندان داواكانی گەل نەبیستران و رۆژنامەنوسان لێیان درا و خۆپیشاندەران كوژران و بریندار كران. بێگومان باسی داخستنی پارلەمان و خۆسەپاندن و ویستی تاكڕەوییانەم كرد. 
ئەركی ئازادیخوازان و دیموكراسیخوازانە لە هەركوێیەك بن، روی راستەقینەی ئەوانە نیشانبدرێت كە مافەكانی ئینسان پێشێلدەكەن و ئازادییەكان بەرتەسكدەكەنەوە و روبەڕوی ئازادیی سیاسیی دەبنەوە و ریفۆرم ئەنجامنادەن. 
من لە دامەزراوەی هامبۆڕگ بۆ داكۆكیكردن لە ئازادیی سیاسیی بۆ ماوەیەك دەمێنمەوە، ئەوە بە ئەركی خۆم دەزانم تا پێم دەكرێت دەنگی كپكراوی ناوخۆ بە دونیا بگەیەنم. 
باسم لەو ئالنگارییانە كرد كە لەپێش هەرێمی كوردستانن تا هەڵبژاردنی داهاتوی هەرێمی كوردستان كە ئەگەر هێزە میلیشیاكانی حیزب بەنیشتیمانیی و بەدامەزراوەیی نەكرێن، مەترسیی لەسەر هەرێمی كوردستان زیاتر دەبن. داواشم كرد یەكێتیی ئەوڕوپا فشارەكانی بۆ ئەو مەبەستە زیاتر بكات و لە هەڵبژاردنی داهاتوشدا هەوڵبدات هەڵبژاردن پاك و ئازاد بێت تا خەونی دیموكراسیی چیتر نەدزرێت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand