توركیا و ئەمریكا لەسەر نەخشەرێگایەك بۆ مەنبەج رێككەوتن
2018-06-04 15:53:35
(درەو میدیا):
مەلود چاوەش ئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا لە واشنتۆن لەگەڵ هاوتا ئەمریكییەكەی مایك پۆمپیۆ كۆبووەوە و دوای كۆبوونەوەكەش لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا رایانگەیاند لەسەر نەخشەرێگایەك بۆ بەڕێوەبردنی شاری مەنبەج لە رۆژئاوای كوردستان رێككەوتون.
بەیاننامەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە چاوەش ئۆغڵۆ و پۆمیۆ باسیان لە هاوكاری هەردوو وڵات كردووە لە سوریا و هەنگاوەكانی كە پێویستە هەردوولا بیگرنەبەر بۆ سەقامگیری و ئاسایش لە مەنبەج.
ئاشكراشیكردووە كە هەردوو وەزیری رێككەوتن لەسەر ئەوەی كۆبوونەوەی زیاتر بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان.
لەماوەی رابردوودا ئاژانسی ئەنادۆڵی توركیا قۆناغەكانی ئەو نەخشە رێگایەی تایبەت بە مەنبەجی بڵاوكردەوە كە ئەمڕۆ دووشەممە وەزیرانی دەرەوەی توركیا و ئەمریكا رێككەوتنیان لەسەر كردووە و قۆناغی یەكەمی نەخشتەرێگاكە خۆی لە دوورخستنەوەی هێزەكانی سوپای دیموكرات و پەیەگە و پەژەدا دەبینێتەوە لە خۆرئاوای فورات لە ماوەی یەك مانگدا.
لە قۆناغی دووەمدا سوپای توركیا و هەواڵگری توركیا و ئەمریكا دوای 45 رۆژ لە كۆبوونەوەی 4ی حوەزیران ئەركی چاودێریكردنی مەنبەج دەگرنە ئەستۆ.
لە قۆناغی سێیەمیشدا لە ماوەی 60 رۆژ دوای 4ی حوەزیران ئیدارەیەكی خۆجێی بۆ بەڕێوەبردنی شاركە پێدەهێنرێت و هەردوو ئەنجومەن خۆجێی و سەربازی شارەكە بەڕێوەبردنی شارەكە و ئاسایشی بەڕێوەدەبەن.