پارتی پێشنیازی پۆستی سەرۆك كۆماری بۆ بارزانی كردووە
2018-06-05 11:53:18
درەو میدیا:
سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشنیازی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ مەسعود بارزانی دەكات و ئەویش ڕەتیدەكاتەوە.
ڕۆژنامەی حەیاتی چاپی لەندەن لە ژمارەی ئەمڕۆیدا و لەزاری دوو سەركردەی باڵای پارتیەوە كە ناوەكانی ئاشكرانەكردون، بڵاویكردوەتەوە، لە كۆبونەوەی ئەم دواییەی سەركردایەتی حزبەكەیاندا، پێشنیازی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقیان بۆ مەسعود بارزانی سەرۆكی حزبەكەیان كردوە، بەڵام ناوبراو ڕەتیكردوەتەوە.
ئەو دوو سەركردەیەی پارتی هۆكاری ڕەتكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماریان لەلایەن بارزانیەوە بۆ ئەوە گەڕاندوەتەوە، ناوبراو ئامانجی بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كوردە نەك گەڕان بەدوای پۆستدا.
پێشنیازكردنی ئەو پۆستە لە كاتێكدایە، بەپێی دابەشكارییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی لە هەرێمی كوردستان و عێراق، لە ماوەی سێ خولی ڕابردوو كە 12 ساڵ دەكات، پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لای یەكێتی نیشتمانی كوردستان بووە و پۆستی سەرۆكی هەرێمیش لە دەستی پارتی دیموكراتی كوردستاندا بووە.
لە دوای هەڵبژاردنەكانی 12ی ئایاری ڕابردووی پەرلەمانی عێراق بەرپرسانی پارتی لە چەندین بۆنەی جیاوازدا خواستی حزبەكەیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق نەشاردوەتەوە و بە مافی خۆیانی دەزانن، یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش بەردەوام جەخت لەوەدەكات كە ئەو پۆستە بە ماف و ئیستحقاقی خۆی دەزانێت و بۆ وەرگرتنی پۆستەكەش زیاد لە كاندیدێكی هەیە.