"كۆمیسیۆنی هەلبژاردن پێشی ئاوە و پشتی ئاگرە"
2018-06-03 13:55:07
راپۆرتی : ئارام مەحمود
شارەزایانی بواری هەڵبژاردن دوو بنەمای سەرەكیان بۆ هەڵسەگاندنی پرۆسەكە دەستنیشانكردوە، یەكەمیان ئازادی دەنگدان و دووەمیشیان پاك و بێگەردی(نەزاهە)، ئەگەر بەپێی ئەم دوو بنەمایە بێت، ئەوەی لە ساڵی 1992وە لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت، هەڵبژاردن نەبووە بەمانا دیموكراسییەكەی كە دەستاودەستی ئاشتیانەی دەسەڵاتی لێبكەوێتەوە، بەڵكو شەرعیەتدان بووە بە مانەوەی چەند گروپێكی سیاسی.
قسەكردن لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بەبێ باسكردنی ساختەكاری، وەك ئەوە وایە پرۆسەیەكی شاراوە لەناو پرۆسەی هەڵبژاردندا لەیادبكەیت، بەگەڕانەوە بۆ كۆی ئەو هەڵبژاردنانەی لە ساڵی 1992وە تا دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە لە ڕۆژی 12ی ئایاری 2018 بەڕێوەچوو، ئەو ڕاستیەمان بۆ دەركەوێت كە لە سەرجەم هەڵبژاردنەكاندا ساختەكاریی گەورە و بەلێشاو كراوە، بەڵام ڕەنگە هیچ هەڵبژاردنێك وەك ئەوەی ئەم دواییە قەبارەی ساختەكارییەكانی ئاشكرانەبووبێت، بەوپێیەی پرۆسەكە بە ئەلیكترۆنی بەڕێوەچوو و بەداتا و ئامار بڕی ساختەكارییەكان كەوتنە بەردەست.
"ڕێژەی بەشداری و یاركردن بەئەنجامەكان"
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە سەرچاوە دیپلۆماسی و هەواڵگرییە جیهانی و ناوچەییەكان بە نهێنی ئاماژەیان پێكردوە، ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق زۆر لەوە كەمتر بووە كە ڕاگەیەندراوە، بۆ ڕزگاركردنی پرۆسەی سیاسی پەنا بۆ زیادكردنی ڕێژەی بەشداری براوە، بەو مانایەی ئەوەی باسدەكرێت لەبارەی ئەنجامدانی ساختەكاری زیاد لە ڕوویەكی لەخۆ گرتوە، جارێك ڕێژەی بەشداری زیادكراوە و لەو ڕێژەیەش كۆمەڵێك هێز و لایەنە لێی سودمەندبون، جارێكی تریش هەندێك هێز ڕاستەوخۆ دەستكاری ئەنجامەكانی خۆیان كردوە، وێڕایی چەندین جۆری ساختەكاری تر هەر لە كڕینی سندوقەكانی دەنگدان بە تایبەتی لە دەرەوەی وڵات، تا دەگاتە گۆڕینی دەنگدانەكانی هەندێك كاندید و گواستنەوەی بۆ چەند كاندیدی تر، كە هەموو ئەمانە هەم بەشداریكردوە لە زیادكردنی رێژەی بەشداری و هەم یاریكردن بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بە شێوەكی نائاسایی، ئەو بەڵگانەشی لەم ڕوەوە پێشكەشی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كراوە، هیچ دەرفەتێكی بۆ ڕەتكردنەوەی نەهێشتوەتەوە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئاخۆ كۆمسیۆن دەچێتە ژێر بارێكی ئاوا؟.
"كۆمیسیۆن بۆ دەنگەكان بەدەست ناژمێرێت"
كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق لە دۆخێكدایە كەس ئیرەیی پێنابات، بەڵام بەردەوام وا خۆی پیشاندەدات كۆنترۆڵی دۆخەكەی كردوە ، ئەوەی بانگەشەی ئەنجامدانی ساختەكاری دەكات كۆمەڵێك هێزی "دۆڕاون" یان زەرەرمەندبون لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، بەڵام لەڕاستیدا كۆمسیۆن هیچ ڕێگایەكی تری لەبەردەمدایە جگە لە سوربون و پێداگری لەسەر ڕاست و دروستی ئەو ئەنجامانەی ڕایگەیاندون و ڕەتكردنەوەی هەمو ئەو داوایانەی كە باس لە بژاردنەوەی دەنگەكان دەكەن بەدەست، چونكە ڕوونە ئەنجامەكانی ئەلیكترۆنییەكان و دەنگی ناو سندوقەكان جیاوازییەكی گەورەی تیادایە و گەر لایەنی سێیەم چەند سندوقێك بكاتەوە بەتایبەتی لە شارەكانی (ئەنبار و دیالە و موسڵ و هەولێر و سلێمانی و دهۆك) لەگەڵ لێكۆڵینەوە لە ئەنجامی سندوقەكانی دەرەوەی وڵات و بنكەی دەنگدانی ئاوارەكان ئەوا وەك دەوترێت قیامەت هەڵدەسێت و بۆ هەموو دونیا ئاشكرادەبێت كە چی ساختەكارییەك لە هەڵبژاردنەكاندا كراوە، بۆیە تائەم ساتەش بەتوندی دژی كردنەوەی سندوقەكانی دەنگدان و بژاردنەوەی دەنگەكەكانە بەدەست.
چاودێرانی دۆخی عێراق هەڵوێست و وەستانەوەی كۆمسیۆن بەڕووی پەرلەمانی عێراق و حسابنەكردن بۆ بڕیارەكانی بۆ دوو هۆكار دەگێڕنەوە، یەكەمیان ئەوەیە، كۆمەڵێك هێزی بەنهێنی پشتی دەگرن و دڵنیایی ئەوەیان داوەتی كە لەهەر لێپرسینەوەیەك دەپانپارێزن، دووەمیشیان، كۆمسیۆن لەد ۆخێكدایە كە پێشی ئاوە و پشتی ئاگرە و دەبێت تا دواهەناسە شەڕ و پێداگری لەسەر هەڵوێستی خۆی بكات، چونكە هەر پاشگەزبونەوەیەك لەهەڵوێستیدا مانای دوورخستنەوە و ڕەوانەكردنیان بۆ دادگا.
"نیساب تەواوبێت كۆمسیۆن كۆتاییهاتوە"
كۆمسیۆنی هەڵبژادنەكان بە پاساوی ئەوەی لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق باسی ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست نەكراوە، داواكاری ئەو هێزانەی ڕەتكردەوە كە داوایانلێكرد ڕێژەی لەسەدا پێنچی دەنگەكان بەدەست ئەژمار بكاتەوە، بۆ كۆتاییهێنان بەم پاساوە پەرلەمانی عێراق لە ماوەی ڕابردوودا بڕیارێكی دەركرد و تیایادا بە نوسراوی ڕەسمی داوای لە كۆمسیۆن كرد ئەو ڕێژەیەیە لە دەنگەكان ئەژماربكاتەوە بۆ دڵنیابون لە پاك و بێگەردی پرۆسەكە، بەڵام جارێكی تر كۆمسیۆن ئەو بڕیارەی پەرلەمانیشی ڕەتكردەوە بەبیانوی ئەوە بڕیار شوێنی یاسا ناگرێتەوە، ئەوە لە كاتێكدایە لە مادەی 138ی دەستوری عێراق، بڕگەی 5 (ئەلف)دا، هاتوە، پەرلەمان دەسەڵاتی تەشریعی یاساكان و بڕیارەكانی هەیە، واتە بڕیارەكانیشی هەمان هێزی یاساییان هەیە.
بۆ بڕینی بیانوەكانی كۆمسیۆن، پەرلەمانی عێراق لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەمواری سێیەمی یاسایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی ژمارە 45 ساڵی 2013 ئامادەكردوە و خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ كردووە و بڕیارە ڕۆژی چوارشەممەی داهاتو بیخاتە دەنگدانەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بە نهێنی بڕگەیەكی تر بۆ ئەو پڕۆژە یاسایە زیادكراوە كە داوای لەكارخستنی كۆمسیۆن دەكات، ئێستا گرەوەكە لەسەر ئەوەیە ئەگەر لە دانیشتنی داهاتوی پەرلەمانی عێراق نیسابی یاسایی تەواوبێت ئەوا كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لەكاردەخرێت، بەڵام بەستنی ئەم دانیشتنە هەروا ئاسان نابێت، جگە لەوەی چەندین هێز لەژێرەوە هەوڵی شكستپێهێنانی دەدەن، سەرۆك كۆماری عێراق بەجیا و فراكسیۆنی یەكێتیش بەجیا هەوڵە یاساییەكانیان خستوەتەگەڕ بۆ شكستپێهێنانی دانیشتنەكەی پەرلەمان و، ئەگەر پێش ئەو دانیشتنە، دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیار لە نایاسایی بون ئەو دانیشتنەی پێشوی پەرلەمان بدات كە نیسابی یاسایی تیایدا تەواوكرا، ئەوا هەوڵەكانی پەرلەمان شكستدێنن و ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بەوشێوەیە دەڕوات كە كۆمسیۆن ڕایگەیاندوە، ئەگەر دادگاش لەقازانجی ئەو لایەنانە بڕیاریدا كە تانەیان داوە لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و توانیان جارێكی تر نیسابی یاسایی بۆ دانیشتنەكەی ڕۆژی چوارشەممەی داهاتو كۆبكەنەوە، ئەوا كەشوهەواكە بەوشێوەیە نامێنێت كە هێزە براوەكانی حەزیان لێیەتی و هەوڵی تێپەڕاندنی ئەنجامەكان دەدەن بەم شێوەیەی ئێستا.