Draw Media

عەبدوڵای كوێخا موبارەك: كەمپینی بایكۆت رادەگەیەنم

عەبدوڵای كوێخا موبارەك: كەمپینی بایكۆت رادەگەیەنم

2018-07-31 20:56:03


(درەو میدیا):
" ئەگەر ئەم كێشەیەی گۆڕان چارەسەرنەبێت و گۆڕانیش فۆڕمی پارتی و یەكێتی وەربگرێت، ڕەنگە من بێ ئیش دانەنیشم و لەكاتی بانگەشەی ھەڵبژاردنی ئەمجارەدا كەمپین بكەم بۆ بایكۆتكردنی ھەڵبژاردن، بۆئەوەی دوو كەڵەگاكە نەبن بە سێ و چوار" ئەمە وتەی عەبدوڵای كوێخا موبارەك ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕانە.
عەبدوڵای كوێخا موبارەك لە نوسینێكدا بەناوی (دووڕێیانی بەردەم گۆڕان)  دەڵێت " ڕێگا ڕاستەكە ئەوەیە كە بوترێت نەوشیروان مستەفا ١٠ میلیون دۆلار و كۆمپانیای بۆخۆی نەبو، ئەگەر بۆخۆی بوایە ١٠ ساڵ بە قەمسەڵەیەكی كۆنەوە ژیانی بەڕێ ناكرد، ١٢٠ دۆنم زەوی گردی زەرگەتەی بۆخۆی نەبو، ئەگەر بۆخۆی بوایە نیوەی ژیانی لە خانویەكی ١٢٠ مەتری شارەوانیدا بەسەر نابرد"
ئەو ئەندامە دەسلەكاركێشاوەی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژە بەوەش دەكات" من دەستم لە ئەندامێتی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان كێشاوەتەوە و قوربانیم بە پێگەكەی خۆم داوە وەكو ھەڵوێست وەرگرتنێك دژی ئەم بەلا ڕێدا بردنەی گۆڕان، بەڵام لە جاران زیاتر دژی ئەم حكومڕانییە سەقەت و گەندەڵی و نادادییەی پارتی و یەكێتیم، بەدەستی من بێت ئەبێت بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی بە تەرمی مردوەكانیشیانەوە لە كوردستان دور بخرێەنەوە، بەڵام ھەرگیز ئامادە نیم لە ڕقی ئەوان پشتیوانی دروستبونی ھاوشێوەیەكی تری ئەوان بكەم"

دەقی نوسینەكەی عەبدوڵای كوێخا موبارەك
دو ڕێیانی بەردەم گۆڕان

ڕێگا ڕاستەكە ئەوەیە كە بوترێت نەوشیروان مستەفا ١٠ میلیون دۆلار و كۆمپانیای بۆخۆی نەبو، ئەگەر بۆخۆی بوایە ١٠ ساڵ بە قەمسەڵەیەكی كۆنەوە ژیانی بەڕێ ناكرد، ١٢٠ دۆنم زەوی گردی زەرگەتەی بۆخۆی نەبو، ئەگەر بۆخۆی بوایە نیوەی ژیانی لە خانویەكی ١٢٠ مەتری شارەوانیدا بەسەر نابرد.
ئەبێت بوترێت دەرھێنانی پارەی دزراوی داھاتی گشتی لە چنگی یەكێتی و دامەزراندنی كۆمپانیا و بەكار ھێنانی ١٢٠ دۆنم زەوی موڵكی گشتی بەمەبەستی دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان بوە، بۆئەوەی سەد ھێندەی ئەو داھات و موڵكەی بەكار ھێنراوە سود بە خەڵك بگەیەنێت.
بەڵام كێ ئەمە بكات و بڵێت؟ ئەمە بە وتنی من و ئەم و ئەو كێشەكە مەیسەر ناكات و خەڵكیشمان پێ فریو نادرێت، وتنی ئەم ڕاستیە لەپێش ھەمواندا ئەركی خانەوادەی نەوشیروان مستەفایە و ئەبێت بەلای كەمەوە ئەوەندەی ھاوسەرە ئەوروپیەكەی دكتۆر قاسملویان لەدەست بێت، ئینجا بڕیارێكی بزوتنەوەكەی پێویستە و پێویستیشە بە شێوەیەكی كرداری ئەم ھەنگاوە بنرێت نەك ھەر قسەی دەم و دەنگۆ بێت، وە پێویستیشە پێش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بێت، چونكە گۆڕان بەم دۆخەی ئێستایەوە زیانێكی گەورەی بەردەكەوێت لە ھەڵبژاردندا و كورد وتەنیش دوای باران فەرەنجی سودی نیە.

لادان لە ڕێگا ڕاستەكە و ڕۆیشتن بە ڕێگای دوەمدا و مل نەدان بۆ ڕاستیەكان جگە لە متمانە نەمان بە داھاتوی گۆڕان، پاكی و كارێزمایی نەوشیروان مستەفاش ئەكەوێتە ژێر پرسیار و گومانەوە، ئەو بۆچونەش لای خەڵك دروست دەبێت كە نەوشیروان مستەفا بزوتنەوەی گۆڕانی دامەزراند و نیو ملیون خەڵكی بەكار ھێنا بە پارەی گیرفانی خۆیان، بە قوربانیدان بە ژیان و گیانی خۆیان بۆ پەردە پۆش كردن و شاردنەوەی ئەو دەیان ملیون دۆلار و كۆمپانیا و زەوی و زارە زۆرەی بۆ كوڕەكانی كۆی كردەوە، بۆ ئەوە بەكاریانی ھێنا تا خەڵك پێی نەڵێن گەندەڵ بەھەمان شێوەی سەركردەكانی تری كورد و پێی بوترێت پاك و كارێزما و باوكی ھەژاران، بە دروست بونی ئەم بۆچونەش بە لای كەمەوە باجەكەی لەدەستدانی نیوە زیاتری دەنگی گۆڕان دەبێت، چونكە نیوە زیاتری جەماوەری گۆڕان ھێشتا بە تەواوی بەرنامەی گۆڕانیان ھەر نەخوێندۆتەوە، بەڵكو تەنھا دوای پاكی و متمانەی نەوشیروان مستەفا كەوتون و كە ئەو پاكییەش بشێوێندرێت و لەناو ببرێت واتا لەناوبردنی نیوە زیاتری دەنگی گۆڕان و وردە وردە پوكاندنەوەی گۆڕان بە تەواوی.

ئیتر ئەمە ڕاستییەكەیە و ھەردو ڕێگاكەش لەبەردەمدایە، دو بۆچون و ئاراستەی جیاوازیش لەناو گۆڕاندا دروست بوە لەسەر ئەم دوڕیانە، ئەوەی گرنگە ھەڵسوڕاو و جەمارەكەی گۆڕان ڕێنمایی دروست بدەنە ھەردو ئاراستەكە و پشتیوانی بۆچونە ڕاستەكە بكەن، وازیش لەو قسە پوچە بێنن كە ئەبێت لە ڕقی پارتی و یەكێتی ھەر پشتیوانی گۆڕان بكرێت ئەگەر بە ڕێگای ھەڵەشدا بڕوات، چونكە لە ڕابردوشدا ھەر بەو عەقڵییەتە و لە ڕقی پارتی پشتیوانی لە چاكە و خەراپە، ڕێگای ڕاست و ناڕاستی یەكێتی كرا تا یەكێتی بو بە پارتیەكی تر و لەبری كەڵەگایەك بون بە دو كەڵەگا.

ئەمەی سەرەوە كێشە سەرەكی و دەردە گرانەكەی گۆڕانە، باقی ئەو كێشانەی تر وەكو سستی و ھەڵە كردن لە ھەندێك بڕیاردان، بەرژەوەند خوازی كەسی و تۆمەتباركردن و پاشقول گرتن لە یەكتری لە پێناو پلەوپۆستدا و تەنانەت ئەو ڕێككەوتنە ژێربەژێرانەی لەگەڵ پارتی یان یەكێتی لەسەر دەستی چەند كەسێكی كەمی ناو گۆڕان ھەوڵی بۆ ئەدرێت قابیلی چارەسەر كردنە و زۆر مەترسی دار نییە.

من دەستم لە ئەندامێتی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان كێشاوەتەوە و قوربانیم بە پێگەكەی خۆم داوە وەكو ھەڵوێست وەرگرتنێك دژی ئەم بەلا ڕێدا بردنەی گۆڕان، بەڵام لە جاران زیاتر دژی ئەم حكومڕانییە سەقەت و گەندەڵی و نادادییەی پارتی و یەكێتیم، بەدەستی من بێت ئەبێت بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی بە تەرمی مردوەكانیشیانەوە لە كوردستان دور بخرێەنەوە، بەڵام ھەرگیز ئامادە نیم لە ڕقی ئەوان پشتیوانی دروستبونی ھاوشێوەیەكی تری ئەوان بكەم، بۆیە ئەگەر ئەم كێشەیەی گۆڕان چارەسەر نەبێت و گۆڕانیش فۆڕمی پارتی و یەكێتی وەربگرێت، ڕەنگە من بێ ئیش دانەنیشم و لەكاتی بانگەشەی ھەڵبژاردنی ئەمجارەدا كەمپین بكەم بۆ بایكۆت كردنی ھەڵبژاردن، بۆئەوەی دو كەڵەگاكە نەبن بە سێ و چوار.

عەبدوڵای كوێخا موبارەك
٣١/٧٢٠١٨
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand