هەوڵێكی توركیای هاوشێوەی رفاندنی ئۆجەلان لە مەنگۆلیا شكستیهێنا
2018-07-29 23:32:12
(درەو میدیا):
لە 15ی شوباتی 1999دا توركیا لە ئۆپەراسیۆنێكدا بە هاوكاری هەواڵگری ئیسرائیل و ئەمریكا و چەند وڵات و لایەنێكی تر عەبدولا ئۆجەلان رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان " پەكەكە" ی لە نایبرۆبی پایتەختی كینیای كیشوەری ئەفریقا رفاند، بەڵام هەینی رابردوو هەوڵێكی هاوشێوە بۆ رفاندنی كەسایەتییەكی سەر بە فەتحوڵا گولەن رێبەری رەوتی خزمەت لە مەنگۆلیا شكستیهێنا.
هەینی رابردوو دەسەڵاتدارانی مەنگۆلیا رێگە بە فڕۆكەیەكی گوماناوی سەر بە هێزی ئاسمانی توركیا نەدا لە فڕۆكەخانەی جەنگیزخانەوە بفڕێت، كە بەوتەی چەند شایەدحاڵێك كەسێكی رفێنراو لەناو فڕۆكەكەدا بووە و ئەنكەرە دەڵێت سەر بە گروپی فەتحوڵا گولەنە كە لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە بە پلانداڕێژەری كودەتا شكستخواردووەكەی 15ی تەمموزی 2016 دادنرێت.
بەوتەی چەند شایەدحاڵێك پێنج كەس فەیسەڵ ئاكجای ( 50 ساڵ) یان لە بەردەم ماڵەكەیدا بە ئۆلان باتوری پایتەختی مەنگۆلیا دەستبەسەركردووە و كردویانەتە مینی پاسێكەوە.
ئاكجای بەڕێوەبەری خوێندنگەیەكە لە مەنگۆلیا و دەوترێت سەر بە فەتحوڵا گولەنە بەڵام، مامۆستاكانی ئەو خوێندنگەیە ئەو تۆمەتە رەتدەكەنەوە.
كاتێك ئاكجای ئەو رۆژە لە خوێندنگە ئامادەنابێت، خێزانەكەی و هاوڕێكانی پۆلیس ئاگاداردەكەنەوە و لە هەمان كاتیشدا رفێنەرەكانی دەیبەنە فڕۆكەخانەی جەنگیزخانی نێودەوڵەتی و لەوێ فڕۆكەیەكی نەفەرهەڵگری بچوك رۆژی هەینی نزیكەی كاتژمێرێك دوای یەكی نیوەڕۆ بەكاتی مەنگۆلیا چاوەڕوانیان دەكات.
ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس رایگەیاند بە گوێرەی داتاكانی سایتی چاودێریكردنی گەشتی فڕۆكەكان " فلایت رادار 24" فڕۆكەكە سەر بە هێزی ئاسمانیی توركیا بووە و گەشتەكەی ژمارە تی تی 4010 بووە.
دوای ئاگاداربوونی دەسەڵاتدارانی مەنگۆلیا لەو هەوڵی رفاندنە ماوەی هەشت كاتژمێر كێشە لە فڕۆكەخانەی جەنگیزخاندا دروست دەبێت و فڕۆكەخانەكە رێگە بە فڕۆكەكە نادات بفڕێت، پاشان دەسەڵاتدارانی مەنگۆلیا لێپرسراوانی باڵیۆزخانەی توركیا بانگهێشت دەكەن و چەندین پەرلەمانتار و خۆپیشاندەریش دەگەنە فڕۆكەخانەكە و داوای ئازادكردنی ئاكجای دەكەن و چالاكانیش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە هەڵمەتێك بۆ پشتیوانیكردن لە ئاكجای دەستپێدەكەن.
دواتر سەرچاوەیەك لە وەزارەتی گواستنەوەی مەنگۆلیا رایگەیاند فڕۆكەكەی هێزی ئاسمانی توركیا كاتژمێر 3:25 خولەكی دوانیوەڕۆی هەینی بەكاتی ئەو وڵاتە فڕۆكەخانەی جەنگیزخانی بەجێهێشتووە و بەبێ ئەوەی ئاكجای لەسەر بووبێت.
سەرچاوە: سایتی ئەلحوڕە