Draw Media

" قسەیەكی هەڵە" وەزیری دەرەوەی بەریتانیای لە چین شەرمەزاركرد

" قسەیەكی هەڵە" وەزیری دەرەوەی بەریتانیای لە چین شەرمەزاركرد

2018-07-30 20:23:26


(درەو میدیا):
لە یەكەمین سەردانیدا  بۆ چین، وەك وەزیری نوێی دەرەوەی بەریتانیا جیریمی هانت، قسەیەكی لەدەم دەرچوو و ئەوەش ئەو وەزیری دووچارەی شەرمەزاری كرد و خۆشی قسەكەی بە هەڵەیەكی گەورە وەسفیكرد كاتێك لە جیاتی ئەوەی بڵێت كە ژنەكەی چینییە، وتی ژاپۆنییە و خێراش بە هەڵەكەی زانی و داوای لێبوردنی كرد.
ئەم هەڵەیەی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بووە ناونیشیانی هەواڵ و راپۆرتی میدیاكانی بەریتانیا و جیهانیش و زیاتر لە وردەكاری سەردانە گرنگەكەی بۆ چین تیشكی خرایەسەر.
لە دەستپێكی گەشتەكەیدا بۆ چینن هانت لە بەیجین بە وەزیری دەرەوەی چین " وانگ لی" راگەیاند كە پەیوەندی ئەو لەگەڵ چیندا پەیوەندییەكی كۆنە و بە گەشتێكی بە كۆڵەپشت بۆ ئەو وڵاتە دەستیپێكردووە كاتێك تەمەنی 19 ساڵان بووە.
هانت وتیشی:" هاوسەرەكەم ژاپۆنییە... هاوسەرەكەم چینییە، ئەمە هەڵەیەكی گەورەیە" ، وتیشی:" هاوسەرەكەم چینییە و منداڵەكان نیوە چینیین، لەبەرئەوە داپیرە و باپیرەیەی چینیمان هەیە و لە شاری شیان دەژیت و پەیوەندیی خێزانیش لە چین زۆر بەهێزە".
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا هیواخوازە سەردانەكەی بۆ چین ببێتە مایەی پتەوكردنی پەیوەندییە بازرگانییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ چین و چارەسەركردنی پرسە هەستیارەكان بە تایبەتی پرسی مافەكانی مرۆڤ لە هۆنگ كۆنگ.

هەروەها هانت هیواخوازبوو پەیوەندی تایبەتی خۆی لەگەڵ چین لە رێگەی لوسیای هاوسەرە چینییەكەیەوە هاوكاربێت لە بونیادنانی پەیوەندی بەهێز لەگەڵ حكومەتی بەیجین، بەڵام لە باسكردنی رەگەزنامەی هاوسەركەیدا هەڵەی كرد.


" هەڵەیەكی گەورە"
قسە لەدەم دەرچوونەكەی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە چین هەڵەیەكی گەورە بووە، لەبەر چەند هۆكارێك:
•    چین و ژاپۆن كێبركێیەكی دوورودرێژیان لە نێواندا هەیە، هەروەها تێكەڵاوكردنی چین لەگەڵ هەر دەوڵەتێكی تردا هەڵەیە ئەگەر بتەوێت پشتیوانی حكومەتی چین بەدەستبهێنیت، بەڵام یەكێك لە خراپترین ئەو دەوڵەتانەی كە ئەگەر لەگەڵ چیندا تێكەڵاوی بكەیت ژاپۆنە، چونكە ئەو دوو وڵاتە بۆ دەیان ساڵ پەیوەندییەكی خراپ  لە نێوانیاندا هەبووە و هەردوولا لە دوو جەنگدا دژی یەكتر شەڕیان كردووە، هەروەها هێشتا هەردوو وڵات لە ململانێی و ناكۆكیدان لەسەر چەند ناوچەیەكی دەریای چینی خۆرهەڵات و لە ساڵی 2012 دا چەندین خۆپیشاندان دژ بە ژاپۆنییەكان لەسەر ئەو ناوچە و دوورگانە ئەنجامدران.
•    هۆكاری دووەم ئەوەیە كە هانت باسی لە هاوسەرەكەی دەكرد، هەرچەندە ئاساانە هەموو كەسێك قسەی لەدەم دەربچێت و هەڵەبكات، ئەگەر باس لە كەسێكی تر بكات نەك هاوسەرەكەی.
•    هۆكاری سێیەم ئەوەیە كە قسەیەكی بەربڵاو هەیە كە دەڵێت هەموو دانیشتوانی خۆرهەڵاتی ئاسیا لە یەك دەچن، بەڵام دانیشتوانی وڵاتە جیاوازەكانی خۆرهەڵاتی ئاسا بەو قسەیە بێزار دەبن و بە شیاوی دانانێن.


 

هەڵەكەی هانت كاریگەری دەبێت لەسەر سەردانەكە؟
بازرگانی و كۆریای باكور و چەكی ئەتۆمیی و گۆڕانی كەشوهەوا ئەو بابەتانەن كە, جیریمی هانت وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەگەڵ بەرپرسانی چیندا گفتوگۆیان لەبارەیەوە دەكات و لە كۆنگرەی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ وانگ لیی هاوتا چینییەكەی دەربارەی بارودۆخی هۆنگ كۆنگ پرسیار لە هانت كرا كە بەریتانیا ساڵی 1997 رادەستی چینی كردەوە.
چین لە كاتی وەرگرتنی هۆنگ كۆنگدا بەڵێنیدابوو بە جێبەجێكردنی بیرۆكەی " یەك دەوڵەت و دوو سیستم" و بەخشینی ئۆتۆنۆمییەكی خاوەن دەسەڵاتێكی بەرفراوان و ئازادییە مەدەنییەكان بە هۆنگ كۆنگ، بەڵام مەترسییەكان  زیاتردەبن سەبارەت بەوەتی كە سەركردەكانی چین بە سەركوتكردنی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی لە بەڵێنەكانیان پاشگەزدەبنەوە.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەو بارەیەوە وتی:" گفتوگۆی چڕمان دەربارەی دۆخی ئێستای هۆنگ كۆنگ كرد، بە راشكاوانە گفتوگۆمان دەربارەی ئەو مەترسیانە كرد كە چەند كەسێك باسیان لێوەكردووە".
هەروەها وتیشی:" هۆنگ كۆنگ بەشێكە لە چینن بەڵام راگەیەندراوێكی هاوبەشمان ئیمزا كردووە، بەریتانیا تا رادەیەكی زۆر پابەندە بە نمونەی یەك وڵات و دوو سیستمی، كە باوەڕمان وایە بەشێوەیەكی زۆر باش خزمەت بە چین و هۆنگ كۆنگیش دەكات".
وەزیری دەرەوەی چینیش وتی:" كاروباری هۆنگ كۆنگ كاروباری ناوخۆی چینە، رازی نابین هیچ دەوڵەتێك دەستوەربداتە كاروباری ناوخۆمان".
هاوكات جەختیشیكردەوە كە پێویستە" چین لە پشتیوانیكردن و پابەندبوونی بە رێبازی یەك دەوڵەت و دوو سیستم بەردەوام دەبێت".
جێریمی هانت دوای دەستلەكاركێشانەوەی بۆریس جۆنسۆن، وەك وەزیری نوێ دەرەوەی بەریتانیا دەستبەكاربووە و سەردانەكەی بۆ چین دووەمین سەردانیەتی بۆ دەرەوە وەك وەزیری دەرەوەی بەریتانیا.

سەرچاوە: بی بی سی

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand