Draw Media

" ناتۆی عەرەبیی" دژی ئێران بە هاوكاری ئەمریكا

" ناتۆی عەرەبیی" دژی ئێران بە هاوكاری ئەمریكا

2018-07-29 07:46:34


وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ
پەیوەندییەكانی نێوان واشنتۆن و تاران دوای كشانەوەی ترەمپ لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر ئاراستە دەنێت، راپۆرتێكی ئوسترالیی باس لەنزیكبوونەوەی وەشاندنی گورزێكی سەربازی دەكات بە پێگە و دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران، ئایا ئەوە راستە؟ وە ئایا ئەمریكا هەوڵ بۆ گۆڕینی رژێمی ئێران دەدات؟ وەڵام لای جەیمس ماتیسە.
چەند بەرپرسێكی ئەمریكی و عەرەبیی رایانگەیاند ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بە نهێنی و شارەوایی هەنگاودەنێت بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی ئەمنیی و سیاسیی نوێ لەگەڵ وڵاتانی كەندا و میسر و ئوردن بە ئامانجی بەرپەرچدانەوەی هەژمونیی پاوانخوازیی ئێران لە ناوچەكەدا، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەسەر زاری چوار سەرچاوەوە رایگەیاند كۆشكی سپی دەیەوێت هاوكاری لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا پتەوتر بكات، بە تایبەتی لە بواری بەرگریی موشەكەیی و مەشق و راهێنانی سەربازیی و نەهێشینی تیرۆر و چەند پرسێكی تری وەك پشتگیركردنی پەیوەندیی ئابوریی و دیپلۆماتیەتی ئیقلمیی.
" ناتۆی عەرەبیی"
پلانەكە كە بەرپرسانی كۆشكی سپی و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست باسیان كردووە بریتیە لە پێكهێنانی كۆپییەكی عەرەبی پەیمانی باكوری ئەتڵەسی " ناتۆی عەرەبیی" بۆ هاوپەیمانە سوننەكان، كە ئەوەش پێدەچێت ئاڵۆزیی نێوان ئەمریكا و ئێرانی شیعە زیاتر بكات.
چەند سەرچاوەیەك رایانگەیاند ئیدارەی ترەمپ هیوادارە پێكهێنانی ئەو هاوپەیمانێتییە گفتوگۆی لەسەر بكرێت كە بە كاتی  لە كبوونەوەیەكدا بە شێوەیەكی سەرەتای لە واشنتۆن لە 12 و 13ی تشرینی یەكەمدا ناوی لێنراوە " هاوپەیمانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی ستراتیژی".
وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایی نەتەوەیی سەر بە كۆشكی سپی لەو بارەیەوە وتی :" هاوپەیمانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی ستراتیژیی دەبێتە قەڵایەك بۆ رووبەڕبوونەوەی شەڕ و تیرۆر و توندڕەویی ئێران و ئاشتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەچەسپێنێت."
لە رابردوودا چەندین هەوڵی هاوشێوە لەلایەن حكومەتەكانی ئەمریكاوە بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی رەسمی لە نێوان وڵاتانی كەنداو عەرەب شكستیانهێناوە، یەكێك لە بەربەستە گەورە پێشبینیكراوەكانی ئەم هاوپەیمانێتییە نوێیەش ئەو ناكۆكییە كە 13 مانگە سعودیە و ئیمارات و بەحرەین و میسر لەگەڵ قەتەردا هەیانە و هەموو پەیوەندییەكیان لەگەڵ دەوحەدا پچڕاندووە كە گەورەترین بنكەی ئاسمانی ئەمریكای لە ناوچەكەدا لەخۆگرتووە و بەرپرسێكی ئێرانیش بە رۆیتەرزی راگەیاند :" ئەمریكا و هاوپەیمانە ئیقلیمییەكانی ئاڵۆزی زیاتر لە ناوچەكەدا دەنێنە بە پاسای و سەقامگیركردنی دۆخی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست".
ئەمریكا بۆ گۆڕینی رژێمی ئێران هەوڵنادات
سەرەڕای باسكردنی پێكهێنانی " ناتۆی عەرەبی" بەڵام " ویلایەتە یەكگرتووەكان سیاسەتی گۆڕینی رژێمی لە ئێران یان هەوڵدان بۆ رووخانی نەگرتوەتە ئەستۆ"، ئەوەش بە وتەی جەیمس ماتیس وەزیری بەرگری ئەمریكا كە رۆژی هەینی 26ی تەمموز لە وەزارەتی بەرگری " پێنتاگۆن" بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند.
ماتیس وتیشی:" ئامانجەكە هەتائێستاش بریتیە لە گۆڕینی رەفتاری ئێران لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەمانەوێت رەفتاری خۆیان بگۆڕن دەربارەی ئەو هەڕەشانەی كە سوپا و هەواڵگری و ئەوانەشی بریكاریانن دروستیان كردووە".
لەو كاتەوەی ترەمپ لە رێككەوتنە ئەتۆمییە ئیمزاكراوەكەی ساڵی 2015ی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك كشاوەتەوە، رژێمی ئێران بەردەوام رووبەڕووی گوشار بوەتەوە و راپۆرتێكی ئوسترالی ئاشكرایكرد وەشاندنی گورزێكی سەربازی لە ئێران زۆر نزیك بوەتەوە.
ئەو راپۆرتە ئاماژەی بەوەشدا كە لێپرسراوانی ئوسترالیا باوەڕیان وایە كە واشنتۆن ئامادەیە بۆ بۆردومانكردنی وێستگە و دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران لە كاتێكی زۆر نزیكدا كە لەوانەیە بكەوێتە مانگی داهاتووەوە.
بەڵام ماتیس رۆژی هەیینی ئەو راپۆرتەی رەتكردەوە بەوە وەسفیكرد كە بە خەیاڵ داڕێژراوە و وتیشی:" دڵنیام ئەو پرسە لەم كاتەدا مایەی تاوتوێكردن نییە".
سەرچاوە: بەشی عەرەبی " DW"
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand