كورد دەتوانێت حوكمی لامەركەزیی لە رژێمی ئەسەد بەدەستبهێنێت؟
2018-07-28 22:52:53
( درەو میدیا):
دوای گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ حكومەتی دیمەشق، ئەنجومەنی سوریای دیموكرات رایگەیاند لەگەڵ لێپرسراوانی رژێمی ئەسەد رێككەوتن لەسەر " داڕشتنی نەخشەرێگایەك بۆ سوریایەكی دیموكراتی لامەركەزیی کراوە"، بەڵام تا ئێستا دیمەشق لەو بارەیەوە بێ دەنگی هەڵبژاردووە و هیچ راگەیەنراوێكی بڵاونەكردوەتەوە.
ئەنجومەنی سوریای دیموكرات كە ئێستا بە دەسەڵاتداری تەواوەتی رۆژئاوای كوردستان و بەشێك لە باكور و خۆرهەڵاتی سوریایە راشیگەیاند لەگەڵ دیمەشق رێككەتون لەسەر پەرەپێدانی دانوستانەكان بە ئامانجی داڕشتنی نەخشە رێگایەك كە حكومڕانی سوریا بەرەو سیستمی لامەركەزیی " نا ناوەندێتی" بڕوات، هەروەها ئاشكراشیكرد دوای ئەم راگەیەندراوە هەنگاویی كردەیی دەستپێدەكات وەك پێكهێنانی چەند لیژنەیەك بۆ تاوتوێكردنی پێشنیازی زانستی بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ و توندوتیژی و رێكخستنی پەیوەندی نێوان هەردوولا و پلاندانان بۆ دوای جەنگ.
ئەنجومەنی سوریای دیموكرات: لەگەڵ لێپرسراوانی رژێمی ئەسەد رێككەوتین لەسەر " داڕشتنی نەخشەرێگایەك بۆ سوریایەكی دیموكراتی لامەركەزیی
پەیوەندی نێوان حكومەتی سوریا و خۆبەڕێوەبەری كورد لە رۆژئاوای كوردستان لە شەڕی حەوت ساڵەی سوریادا زۆر گرنگە، هەردوولایەن زۆربەی خاكی سوریایان بەدەستوەیە، هەرچەندە هەردوولا خۆیان لە ململانێتی راستەوخۆی یەكتر بەدوورگرتووە، بەڵام جیاوازییەكی زۆر هەیە لە دید و بۆچوونی هەردوولا بۆ داهاتووی سوریا، كورد هەوڵدەدات لە دەوڵەتێكی لامەركەزییدا مافی خۆبەڕێوەبەریی " ئۆتۆنۆمیی" بەدەستبهێنێت و دیمەشقیش ئارەزووی ئەوەی هەیە وەك دەوڵەتێكی مەركەزیی هەموو وڵات كۆنترۆڵبكاتەوە.
ئەنجومەنی سوریای دیموكراتی باڵی سیاسی هێزەكانی سوریای دیموكراتە كە كورد بڕبڕەی پشتی هێزەكەیە و لەلایەن ئەمریكاوە لە شەڕی دژ بە داعشدا پشتگیری لێدەكرێت و لە خۆرهەڵاتی فورات روبەرێكی بەرفراوانی خاكی سوریای لەژێر دەستدایە.
تا ئێستا دیمەشق لەو بارەیەوە بێ دەنگی هەڵبژاردووە و هیچ راگەیەنراوێكی بڵاونەكردوەتەوە.
سیهانۆك دیبۆ، راوێژكاری هاوسەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیموكراتی " پەیەدە" رایگەیاند:" ئەوەی رێككەوتنی لەسەر كراوە كە لەسەر هەموو ئاستەكانی وەك ئابوریی، سەربازیی، یاسایی، سیاسیی و خزمەتگوزاریی لیژنە پێكبهێنرێت بۆ دانانی نەخشەرێگایەك بۆ سوریایەكی لامەركەزیی كە لە رێگەی خۆبەڕێوەبەرییەوە بەدیدەهێنرێت".
دیبۆ وتیشی:" هێشتا زووە قسە لەسەر رێككەوتن بكرێت، بەڵام خەبات دەكەین لە پێناوی گەیشتن بە رێككەوتن، هەنگاو بەرەو سوریایەكی لامەركەزیی دەستیپێكردووە و وردەكارییەكەی لیژنەكان تاوتوێیدەكەن."
ئەو بەرپرسەی پەیەدە جەختیشیكردەوە كە " پرۆسەی دانوستان قورس و دوورودرێژە، چونكە دەسەڵات لە دیمەشق لەسەر بنەمایەكی مەركەزیی توند بونیادنراوە".
تائێستا حكومەتی دیمەشق بە فەرمیی هیچ راگەیەندراوێكی لەسەر دانوستان لەگەڵ ئەنجومەنی سوریای دیموكراتی بڵاونەكردوەتەوە.
دیبۆ:" هێشتا زووە قسە لەسەر رێككەوتن بكرێت، بەڵام خەبات دەكەین لە پێناوی گەیشتن بە رێككەوتن، هەنگاو بەرەو سوریایەكی لامەركەزیی دەستیپێكردووە و وردەكارییەكەی لیژنەكان تاوتوێیدەكەن."
دانوستان لەگەڵ بەشار ئەسەد لە كاتێكدایە كە كورد لە رۆژئاوای كوردستان دوودڵە لە هەڵوێستی واشنتۆنی هاوپەیمانی بەرامبەر بە هەنگاوەكانی حكومەتی بەشار ئەسەد بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی هەموو سوریا بە هاوكاری روسیا و ئێران، ئەسەدیش لە چەند لێدوانێكیدا ئەوەی دركاندووە كە ئیدارەی كورد لە رۆژئاوای كوردستان و خۆرهەڵاتی سوریا كاتییە، و ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ هەوڵدان بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی لێكدەدرێتەوە.
نوح بونسی گەورە توێژەر و پسپۆری كاروباری سوریا لە گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی دەڵێت:" قورسە پێشبینی چۆنێتی گەیشتن بە رێككەوتنێكی بابەتیانەی هەردوولا بكرێت لە چەند مانگی داهاتوودا، چونكە كەلێنێكی زۆر لە نێوان هەردوولادا هەیە دەربارەی شێوەی ناوچەكە لە داهاتوودا".
سەرچاوە: فرانس پرێس- رۆیتەرز