Draw Media

وەفدی یەكێتی چەند جارێك سەردانی توركیای كردووە بۆ ئاساییكردنەوە 

وەفدی یەكێتی چەند جارێك سەردانی توركیای كردووە بۆ ئاساییكردنەوە 

2018-07-30 20:15:27


( درەو میدیا):
نزیكەی ساڵێكە پەیوەندییەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ توركیا تێكچووە و ئەو حزبە ماوەیەكە هەوڵێكی چڕی بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەنكەرە دەستپێكردووە، بەپێی زانیاریەكان لەماوەی رابردوودا دووجار وەفدی یەكێتی سەردانی توركیای كردووە، هاوكات بەهۆی ئەوەی ئەو وڵاتە گرێبەستی پەنجا ساڵەی لە بواری نەوت و هەناردەكردنیدا لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بە گشتی و پارتی دیموكراتی كوردستان بە تایبەتی هەیە.


سەرەتای كێشەی یەكێتی و توركیا
24ی حوەزیرانی 2017 توركیا نوێنەرایەتی یەكێتی لە ئەنكەرە داخست و داوای لە بەهرۆز گەڵاڵی نوێنەری یەكێتی كرد لەماوەی سێ رۆژدا ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵێت، ئەوەش دوای ئەوەی دوو گەورە بەرپرسی میتی توركیا لە ئۆپەراسیۆنێكدا لە شارۆچكەی دوكانی پارێزگای سلێمانی لەلایەن پارتی كرێكارانی كوردستان " پەكەكە" ەوە دەستگیركران.


قەدەغەخستنە سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی
لە دوای ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی رابردوو، حكومەتی بەغدا گەمارۆی خستە سەر هەردوو فڕۆكەخانەی سلێمانی و هەولێری نێودەوڵەتی و دواتر و لە 13ی ئازاردا قەدەغەی سەر فڕۆكەخانەكانی هەرێم لەلایەن بەغداوە هەڵگیرا، بەڵام ئەمجارە توركیا قەدەغەی خستە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و تائێستاش بەردەوامە و بەو هۆیەشەوە زیانێكی زۆری ئابوریی  بە پارێزگای سلێمانی گەیاندووە.
لەگەڵ هەڵگرتنی قەدەغەی سەر فڕۆكەخانەكانی هەرێم بن عەلی یەڵدرم سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتەی توركیا رایگەیاند گەشتی بازرگانی و  هاتوچۆی هێڵە ئاسمانییەكانی توركیا بۆ فڕۆكەخانەی هەولێر دەستپێدەكاتەوە، بەڵام قەدەغە دەخەنە سەر گەشتی فڕۆكەكان بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی بە پاساوی ئەوەی كە یەكێتی نیشتمانی كوردستانی  هاوكاری پەكەكە دەكات.
دوای یەڵدریمیش تا ئێستا دووجار مەلود چاوەش ئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕانی بە هاوكاریكردنی پەكەكە تۆمەتباركردووە و لە دواهەمین جاریدا وەزیری دەرەوەی توركیا ئاشكرایكرد كە لەلایەن وەزیرێكی یەكێتییەوە لە حكومەتی هەرێمی كوردستاندا ئاگاداركراوەتەوە كە پەكەكە بە تەواوەتی هەژمونی بەسەر ناوەندی بڕیاری یەكێتیدا كردووە.


هەوڵی یەكێتی بۆ ئاساییكردنەوە
لە دوای ئەو لێدوانانەی بەرپرسانی توركیا و تۆمەتباركردنی یەكێتی بە هاوكاریكردن و پشتیوانیكردنی پەكەكە، ئەو حزبە هەوڵێكی چڕی بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەنكەرە دەستپێكردووە.
بە گوێرەی زانیارییەكانی " درەو میدیا" لە ماوەی رابردوودا دووجار وەفدی یەكێتی بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەنكەرە سەردانی توركیای كردووە.
هاوكات ئەمڕۆ دووشەممە 30 تەمموزی 2018،  هاكان كاراچای باڵیۆزی توركیا لە هەولێر سەردانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كرد لە هەولێر و لەگەڵ سەعدی ئەحمەد پیرە لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییە گشتییەكانی یەكێتیدا كۆبووەوە.
بە گوێرەی میدیاكانی یەكێتی  پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و توركیاش تەوەرێكی گرنگی  كۆبوونەوەكەی پیرە و كاراچای بووە ، 
هەروەها  لە كۆبوونەوەكەدا  سەعدی ئەحمەد پیرە، تەئكیدیكردوەتەوە بوونی پەیوەندیەكی باش و دۆستانە لە نێوان هەردوولادا دەبێتە مایەی سەقامگیری و ئایندەیەكی روون بۆ گەشەی سیاسی و بازرگانی كە بە سوود و قازانجی هاوبەشی توركیا و ناوچەكە دەبێت.
كونسوڵی گشتی توركیاش جەختیكردوەتەوە كە ئامادەی هەموو هەماهەنگی و هاوكاریەكن كە ببێتە مایەی بەهێزكردن و بەرەوپێشەوە بردنی پەیوەندییەكان لە ئاستە جیاوازەكاندا.
 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand