Draw Media

خاڵی بەهێز و لاوازی حزبەكان لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا 

خاڵی بەهێز و لاوازی حزبەكان لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا 

2018-09-20 18:24:05


راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
رۆژی 30ی ئەم مانگە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامی كارو سیاسەتەكانی خۆیان لە چوار ساڵی رابردوودا دەچننەوە، سەرباری گومانەكان لە خراپی تۆماری دەنگدەران و ساختەكاریی، بەڵام هێشتا قسەی كۆتایی لای دەنگدەرانە و ئەوان بڕیار دەدەن لەسەر بەروبومی چوار ساڵی رابردووی پارتە سیاسییەكان.
چوار ساڵی رابردوو، چوار ساڵی سەخت بوو بۆ هەموو پارتە سیاسییەكان، چەندین هەوراز و نشێوی سیاسی تێدا دروستبوو، كە پێویستی بەوە هەبووە هەر حزبێك بە ناچاری بڕیاری خۆی لەبارەوە بدات، جا ئەگەر بڕیارەكە دروست بووبێت یان نادروست.
دیارترین روداوەكانی چوار ساڵی رابردوو كە بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلول كاریگەرییان لەسەر دەنگی دەنگدەران دەبێت دەتوانرێت لەم خاڵانەدا كورتبكرێنەوە:
یەكەم: هاتنی داعش و خراپبوونی باوردۆخی دارایی
دووەم: بڕینی موچە و سیستمی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران
سێیەم: پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان
چوارەم: ریفراندۆم
پێنجەم: هاتنی حەشدی شەعبی و كشانەوەی پێشمەرگە لە ناوچە جێناكۆكەكان
شەشەم: شكستهێنانی ریفراندۆم و گەڕانەوەی كورد بۆ بەغداد
حەوتەم: چاكبونەوەی دۆخی دارایی و موچەی فەرمانبەران
هەشتەم: ژمارەیەك هۆكار و پاڵنەری لاوەكی تر

لەپاڵ ئەم رووداوە گرنگانەدا، چەندین روداوی تر رویانداوە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی حزبە سیاسییەكان كە لە رۆژی هەڵبژاردندا كاریگەریان لەسەر سایكۆلۆژیای دەنگدەران دەبێت،  ئەگەر دەنگدەران هەر لە بنەڕەتەوە باوەڕیان بە پرۆسەكە مابێت و ئامادەبن لە رۆژی هەڵبژاردندا بچنەسەر سندوقەكان.
لەم راپۆرتەدا (درەو میدیا) بەشێوەیەكی بابەتیانە خاڵی بەهێز و لاوازی هەموو لایەنە سیاسییەكان بۆ هەڵبژاردنی 30 ئەیلول دیاری دەكات  و تا دواین رۆژی هەڵمەتی بانگەشە، هەموو رۆژێك لە راپۆرتێكدا خاڵی لاواز و بەهێزی پارتە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن بڵاودەكاتەوە. 

پارتی دیموكراتی كوردستان
پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر دەستی (مستەفا بارزانی) لە 16ی ئابی 1946 دامەزراوە، بارزانی باوك تاوەكو كۆچی دوایی لە ساڵی 1979، سەرۆكایەتی پارتەكەی كردووە، واتە ماوەی (33) ساڵ، لەدوای خۆشی ماوەی (39) ساڵە مەسعود بارزانی كوڕی سەرۆكایەتی پارتەكە دەكات.
پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی 21/9/2013، لە كۆی (111) كورسی پەرلەمانی كوردستان (38) كورسی بردەوە و لە پرۆسەكەدا (743 هەزار و 984) دەنگی بەدەستهێنا.
لە چەند ساڵی رابردوودا پارتی زۆرینەی جومگە گرنگەكانی حكومڕانی هەرێمی كوردستانی لەدەستدابووە، بەتایبەتی (دۆسیەی نەوت، سیاسی، ناوخۆ، ئاسایش، پێشمەرگە، ئابوری، پەیوەندی دەرەوە)، ئێستاش سەرۆكایەتی حكومەت و پەرلەمانی لەدەستدایە، بەڵام سەرۆكایەتی هەرێم كە پێشتر لەدەستی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیدا بوو، ئێستا هەڵپەسێردراوە.
بە شێوەیەكی گشتی پارتی دیموكراتی كوردستان بەرێژەی 34%ی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستانەوە، رێژەی 85%ی پۆستە هەستیارو باڵاكانی هەرێمی لایە، ئەمە وایكردووە زۆرینەی بەرپرسیارێتییەكان لە ئەستۆی پارتیدا بێت، ئەمە ئەگەر خاڵێكی نەرێنی پارتی بێت لای دەنگدەران، هاوكات دەشتوانێت خاڵێكی ئەرێنی بێت و پارتی ئەو دامەزراوە گرنگانە لە سودی خۆی و كێشكردنی دەنگدەران بەكاربهێنێت، هەروەك چۆن لە رابردوودا كردویەتی. 

خاڵە لاوازەكانی پارتی بۆ هەڵبژاردن:
•شكستی ئیدارەدانی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی پشكی گەورەی بەرپرسیارێتییەكەی دەكەوێتە ئەستۆی پارتی، بەوپێیەی 85%ی جومگە گرنگ و هەستیارەكانی هەرێمی بەدەستەوەیە.
•ئاكامی شكستی بڕیارە سیاسییەكانی هەرێم بەپلەی یەكەم لەئەستۆی پارتیدایە بەهەمان لۆژێكی پێشوو.
• شكستی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ، كە پارتی لە بانگەشەكارانی سەرەكی ئەو سیاسەتە بوو. 
•شكستی سیاسەتی نەوتی هەرێم كە سەرچاوەی زۆرینەی كێشەكانی هەرێمە، ئەمە بەرپرسیارێتییەكەی بە پلەی یەكەم لە ئەستۆی پارتیدایە، بەوپێَیەی نوێنەرانی پارتی لە حكومەت و پەرلەمان بانگەشەیان بۆ كردووە و گرێبەست و رێككەوتنیان كردووە.
•شكستهێنانی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلول و گەڕانەوەی پارتی بۆ بەغداد.
•لەدەستدانی 51%ی خاكی باشووری كوردستان، بەشێكی گەورەی بەرپرسیارێتییەكەی دەكەوێتە ئەستۆی پارتی، بەوپێیەی، لەدەستدانی ئەو ناوچانە، بەهۆی بڕیاری ریفراندۆمەوە بوو. 
•لەباربردنی خەونی سەربەخۆیی و سوتاندنی كارتی سەربەخۆیی، بەهۆی خوێندنەوەی هەڵەی پارتی بۆ بارودۆخی ناوچەكە. 
•داخستنی پەرلەمانی كوردستان و رێگریكردن لە سەرۆكی پەرلەمان و شكاندنی هەیبەتی پەرلەمانی كوردستان وەك مەرجەعی باڵای خەڵكی كوردستان، تائێستاش ئەو دامەزراوەیە هەڵنەساوەتەوە. 
• سەركوتكردنی ئازادییەكان و گرتن و سوكایەتیكردن بە چالاكان و خۆپیشاندەران و رۆژنامەنووسان.
•تێكچونی یەكڕیزی ناو ماڵی كورد، كە بەشێكی بەرپرسیارێتییەكەی دەخرێتە ئەستۆی "خۆبەگەورەزانین و لوتبەرزی" پارتی بەرامبەر بە هێزەكانی تر. 
•شكستهێنانی پرۆسەی یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە، بەتایبەتی دوای ئەو سەركەوتنە گەورەیەی كە پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە "داعش" تۆماریكرد و بەهۆیەوە ناوبانگی لە جیهاندا درەوشایەوە.
•شكستی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم لەگەڵ وڵاتان بەتایبەتی دوای ریفراندۆم.
•تێكچونی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كورد لە پارچەكانی تر، بەتایبەتی كوردی باكور و رۆژئاوا و ئێستاش رۆژهەڵات، ئەوەش بەهۆی پشتیوانیكردنی پارتی لە سیاسەتەكانی توركیا لە باكور و رۆژئاوای كوردستان و بێدەنگی هێرشی ئێران بۆسەر كوردی رۆژهەڵات لەناو خاكی هەرێمدا.

خاڵە بەهێزەكانی پارتی بۆ هەڵبژاردن:
•هێشتا پارتی دەسەڵاتداری یەكەمی هەرێمی كوردستانە، بەهۆی كۆنترۆڵكردنی جومگە هەستیارەكانی دەسەڵاتەوە، سەرچاوەی ئابوریی و دارایی و هێز و میدیا لەلای پارتییە. 
•سەرەڕای شكستهێنانی ریفراندۆم، بەڵام هێشتا ئاڵای نەتەوەیی لە باشووری كوردستان بەدەست پارتییەوەیە، ئەمە ئەگەر لای سیاسەتمەداران بۆچونێكی ناڕاستیش بێت، بەڵام لای دەنگدەران وا كەوتووەتەوە و نەیارەكانی پارتی نەیانتوانیوە پێچەوانەكەی بسەلمێنن، بەتایبەتیش لە كاتێكدا پارتی توانیویەتی لەڕێگەی میدیاكانییەوە شكستی ریفراندۆم بخاتە ئەستۆی باڵێكی ناو یەكێتی نیشتمانی و بە "خیانەتكار" لەقەڵەمیان بدات.
•پارتی هێزێكی سەنتراڵە و رێكخراوە بە بەراورد بە هێزەكانی دیكە، ناكۆكییە ناوخۆییەكانی كەمتر دەردەخات، دەتوانێت بەیەك تیم هەڵمەتی هەڵبژاردن بەڕێوەببات.
•خاڵی بەهێزی پارتی پەرتپەرت بوون و پەرتەوازەیی هێزەكانی دەرەوەی خۆی و ركابەرەكانیەتی، بەتایبەتی ئەوەی كە نەیارەكانی پارتی شەڕی دەنگەكانیان خستوەتە ناو سنوری پارێزگای سلێمانی و تاڕادەیەك هەولێر و دهۆكیان بۆ پارتی چۆڵكردووە.
•رێكخستن و ئەندام و لایەنگرانی بەهۆی پرەنسیپی حیزبیەوە كەمتر دەكەونە ژێر كاریگەری هێزە نوێیەكانەوە، بەپێچەوانەوە ئەو هێزە نوێیانە بەردەوام لە ركابەرەكانی پارتی دەبەن.
•    سەركەوتنی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بردنەوەی ژمارەكی زۆر كورسی لەدوای شكستی ریفراندۆم .
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand