وێنەگرتن و مۆبایل بەكارهێنان لەناو وێستگەكانی دەنگدان قەدەغەیە
2018-09-22 12:42:15
( درەو میدیا):
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا بەكارهێنانی مۆبایل لەناو بنكەكانی دەنگداندا قەدەغەیە و رێگە پێدراو نییە.
بە گوێرەی پەیڕەوی ژمارە (9)ی دەنگدان و جیاكردنەوەی دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە ئەنجومەنی كۆمسیاران پەسەندیكردووە، رۆژی 30ی ئەیلول كاتژمێر هەشتی بەیانی دەنگدان دەستپێدەكات و كاتژمێر شەشی ئێوارە كۆتایی دێت.
هەروەها بەگوێرەی ئەو پەیڕەوە رێگە نادرێت بەبردنە ژوورەوەی ئامێرەكانی وێنەگرتنی فۆتۆگرافی بۆ بنكەی دەنگدان یان وێستگەی دەنگدان یان ناوەندی جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەنگەكان، ئەگەر رەزامەندی پێشوەختی كۆمسیۆنی لەسەر ئەم كارە نەبێت و كۆمسیۆن چەند بنكەیەك دیاریدەكات بۆ ئەنجامدانی ئەو چالاكییە.
هەروەها لە بڕگەیەكی تری پەیڕەوەكەدا هاتووە كە بەكارهێنانی ئامێری مۆبایل لە ناو وێستگەكانی دەنگداندا قەدەغەیە و رێگەپێدراو نییە.