Draw Media

هێزێكی عەرەبی بەرپرسیارێتی هێرشەكەی ئێرانی گرتەئەستۆ

هێزێكی عەرەبی بەرپرسیارێتی هێرشەكەی ئێرانی گرتەئەستۆ

2018-09-22 11:14:15


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
بەرەی بەرەنگاری میللی ئەهواز بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی گرتەئەستۆ كە بەیانی ئەمڕۆ كرایەسەر نمایشێكی سەربازی سوپا لە شاری ئەهوازی باشوری خۆرئاوای ئێران.
وتەبێژی بزوتنەوەی عەرەبی ئازاد، باڵی ئەهواز، كە رێكخراوێكە خۆی بە بەرگریكار لە مافی عەرەبەكانی خوزستان ناودەبات، رایگەیاند، بەرەی بەرەنگاری میللی كە هاوپەیمانییەتێكی گشتگیری ژمارەیەك لایەنە، بەرپرسیارێتی هێرشەكە دەگرێتەئەستۆ.
وتەبێژەكە وتی:" ئەمە بەشێكە لە ئۆپراسیۆنەكانی مقاوەمەتی رەوای ئێمە و لە هێرشەكەدا هیچ هاوڵاتییەكی ئاسایمان نەكردوەتە ئامانج".
بەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەك چەكدار هێرشیانكردەسەر نمایشێكی سەربازی سوپای پاسداران لە شاری ئەهواز، یاریدەدەری پارێزگاری خوزستان رایگەیاند، ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی هێرشە چەكدارییەكەوە كوژراون، گەیشتوەتە (10) كەس، هەندێك سەرچاوەی تر باس لەوەدەكەن ژمارەی كوژراوەكان گەیشتوەتە (24) كەس.


لە یەكەم كاردانەوەدا دوای روداوەكە، میدیاكانی ئێران رایانگەیاند، هێرشەكەی ئەهواز "تیرۆرستی" بووە و ئەوانەی هێرشەكەیان ئەنجامداوە "خەڵكانی تەكفیری" بوون.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران كە بە "ئیرنا" رایگەیاند، جگە لە كوژراوەكان، لانی كەم (20) كەس برینداربوون و رەوانەی نەخۆشخانەكان كراون، بەڵام هیچ یەكێك لەو بەرپرسانەی كە بەشداربوون لە نمایشە سەربازییەكەدا، زیانیان بەرنەكەوتووە.
ئەبولفەزل شكارچی وتەبێژی سەرۆكایەتی ئەركانی سوپای پاسداران لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی (میهر) رایگەیاند، سێ كەس لە هێرشبەرەكان كوژراون و یەكێكیان دەستگیركراوە.
ناوچەی خوزستان بەتایبەتی شاری ئەهواز لەم ساڵانەی دوایدا شانۆی ژمارەیەك روداوی گەورە و نائارامی و پێكدادانی چەكدارانە بووە.
بەپێی راپۆرتەكان، ئەو چەكدارانەی كە بەیانی ئەمڕۆ هێرشیان كردەسەر نمایشە سەربازییەكە، لە پاركێكی نزیك لە گۆڕەپانی نمایشەكەوە تەقەیان كردووە، ئاژانسی هەواڵی (ئیسنا) دەڵێ: شەڕە تەقەكە ماوەی (10 خولەك)ی خایاندووە. 
هەندێك لەو ڤیدیۆیانەی كە بڵاوبونەتەوە، نیشانی دەدەن لە كاتی هێرشەكە هێزە ئەمنییەكان داوایان لە ئامادەبوانی نمایشەكە كردووە لەسەر زەوی راكشێن بۆ ئەوەی پارێزراو بن.


بەوتەی ئاژانسی (تەسنیم)، هێرشبەرەكان جلوبەرگی سەربازییان لەبەردابووە و دوای هێرشەكە رایانكردووە و هێزە ئەمنییەكان شوێنیان كەوتوون.
ئەمڕۆ لە ژمارەیەك شاری ئێران بەبۆنەی "هەفتەی بەرگری پیرۆز" سوپای پاسداران نمایشی سەربازی ئەنجامدا.
رودانی ئەم هێرشە لەكاتێكدایە، بەهۆی سزا نوێیەكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران، ماوەیەكە دۆخی ئابوری ئەو وڵاتە بەرەو پاشەكشێ دەڕوات و لە شەقامدا ناڕەزایەتی دەستیپێكردووە.
فەرماندەكانی سوپای پاسداران پێشتر هۆشدارییاندا بەتوندی روبەڕووی هەر هێرشێك دەبنەوە كە لەلایەن هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنەوە ئەنجام بدرێت، لەوچوارچێوەیەشدا سەرەتای ئەم مانگە، سوپای پاسداران موشەكبارانی بارەگای سەرەكی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و حزبی دیموكراتی كوردستانیان كرد لە قەزای كۆیە لە هەرێمی كوردستان و بەهۆیەوە ژمارەیەك پێشمەرگە ئەو دوو حزبە شەهیدو برینداربوون.
بەرپرسانی ئێران بەبێ ئەوەی ناوبهێنن، بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ بەرپرسیارێتی هێرشەكەی ئەهواز دەخەنە ئەستۆی سعودیە، بەوپێیەی بەوتەی ئەوان سعودیە پشتیوانی جوڵانەوەی عەرەبەكان دەكات لە ئێران.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand