پارتی دەست لە پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان هەڵدەگرێت
2018-09-21 08:07:46
( درەو میدیا):
گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناویەكێتی نیشتمانی كوردستان و دەستنیشانكردنی وەك كاندیدی فەڕمی لەلایەن ئەو حزبەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، پێدەچێت هەواڵێكی خۆش نەبوبێت بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان، بەتایبەت دوای بڵاوبونەوەی ئەو دەنگۆیانەی كە ئەو پێشهاتە تازەیە تەبخەیەكی ئەمریكی بێت و ئامانجی لەقاڵبدانی پارتی و دروستكردنەوەی جۆرێك لەهاوسەنگی بێت، بەتایبەت دوای ڕۆیشتنی ئەو حزبە بەلای ئێرانییەكان و پاڵدان بەسەربازگەكەی مالیكی و عامری، لەعێراق.
بارزانی لەگەڵ مالیكی و عامری قسەی كردووە
سەرچاوەیەكی سیاسی باڵا لەبەغداد بە"درەومیدیا"ی، ڕاگەیاند، دوای كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح لەلایەن یەكێتیەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، مەسعود بارزانی بەتەلەفون قسەی لەگەڵ نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاساو، هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتحدا كردووەو خواستی پارتی پێڕاگەیاندون كە بەنیازی دەستنیشانكردنی كاندیدێكە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمارو، داوای لێكردون پشتیوانی كاندیدەكەی پارتی بكەن، سەرچاوەكەی "درەومیدیا"ئەوەشی ئاشكراكرد، بارزانی بەعامری و مالیكیشی ڕاگەیاندووە، ئەگەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ پارتی بێت، ئەوان ئامادەن داوا لە بەشیر خەلیل حەداد جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بكەن دەستلەكاربكێشێتەوەو، پشتیوانی كاندیدێكی یەكێتی بكەن ئەو پۆستە وەربگرێت.
بارزانی بەرهەم ساڵح بەمەترسی دەزانێت
لەبارەی هۆكاری سەرهەڵدانی ئەم هەڵوێستە تازەیەی پارتی، سەرچاوەكەی "دەرەومیدیا" وتی: هەر لەسەرەتاوە پارتی لەزیاد بۆنەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كاندیدیان دەبێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار و ئەو پۆستە موڵكی لایەنێك نیە بەتەنیا، بەقسەی سەرچاوەكە، هەلوێستی ئەوكاتەی پارتی زیاتر تەكتیكی بوو، وەك ئەوەی هەڵوێستێكی ستراتیژی و یەكلابوەوە بێت و، زیاتر مەبەستیان دروستكردنی فشاربوو لەسەر یەكێتی تاكاندیدێك دیاریبكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بەدڵی پارتی بێت كە زیاتر مەیلیان بەلای (فوئاد مەعسوم و مەلابەختیار)دا، بوو، بەڵام دوای هاتنە ناوەوەی ئەمریكییەكان بۆ ناو یارییەكە و دەستنیشانكردنی بەرهەم ساڵح بۆ ئەو پۆستە، پارتی بەجدی كەوتۆتە خۆی و هەوڵی بەدەستهێنانی ئەو پۆستە دەدات، بیانوەكەی ئەوەیە ڕێككەوتنی پێشوەختی هەبووە لەگەڵ یەكێتی، كە كاندیدی سەرۆك كۆمار بەڕەزامەندی هەردوولا دیاریبكەن، بەڵام جەوهەری مەسەلەكە ئەوەیە، پارتی ترسی گەورەی هەیە لەوەی لەلایەك بەرهەم ساڵح كێشە بۆ ئەو ڕۆڵە بەهێزە دروستبكات كەپارتی بەنیازە لەچوارساڵی داهاتودا لەعێراق هەیبێت و بەبەهێزی بگەڕێتەوە بۆ بەغداد، لەلایەكی تریشەوە، گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی و كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، تەبخەیەكی ئەمریكی بێت چی بۆ ڕاگرتنی باڵانس لەنێوان هێزە كوردییەكان لەسەر ئاستی عێراق و، هەم دروستكردنی جۆرێك لەهاوسەنگی یان لارنەبونی زیاتری تەرازوی هێز بەبەرژوەندی پارتی لەناوخۆی كوردستان و، ڕەنگدانەوەی لە حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان، كەپارتی خۆی داناوە دەسەڵاتداری ڕەهابێت تیادا.
ئەمریكا نایەوێت پارتی زۆر پێ ڕاكشێت
پێشتریش ماجید شەنگالی پەرلەمانتاری خولی پێشوی پارتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: پارتی و یەكێتی لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە نەگەیشتونەتە ڕێككەوتن و، پارتی ئەو پۆستە بەمافی خۆی دەزانێت، ئاماژەی بەوەشكردبو، پارتی ئامادەیە دەستبەرداری پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بێت بۆ یەكێتی ئەگەر پۆستی سەرۆك كۆماری وەرگرت.
دروستكردنی تەگەرە بۆ بەرهەم ساڵح لەلایەن شەخسی بارزانیەوە لەكاتێكدایە، ڕۆژنامەی شەرقلئەوسەت لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگاداری پارتیەوە بڵاویكردەوە، لەم ماوەیەی دواییدا بەرهەم ساڵح دوور لەچاوی میدیاكان دووجار لەگەڵ بارزانی كۆبۆتەوە بۆ ئەوەی ڕەزامەندی لەسەر كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بەدەستبهێنێت.
بەڕای بەشێك لەچاودێران، پێداگریكردنی ئەمریكا لەسەر كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار عێراق و، وەك بەربژێری یەكێتیش، جگە لەڕاگرتنی هاوسەنگیی، ڕەنگە هۆكارە هەرە سەرەكییەكەی ئەوەبێت، واشنتۆن نەیەوێت پارتی لەسەر ئاستی عێراق و كوردستانیش دەستكەوتی زۆر زیاتر لەڕابردوو بەدەستبهێنێت، كە وەك جۆرێك لەپاداشتی نزیكبونەوەی لەئێرانیەكان تەفسیری بۆ بكرێت، ئەوەش هانی زیاتری هێزە كوردیی و عێراقییەكان بدات بۆ هەڵپەكردنی زیاتری نزیكبونەوە لەئێران.