Draw Media

"بەرگریمان تێپەڕاندو ئێستا لە قۆناغی هێرشداین بۆسەر كۆرۆنا"

"بەرگریمان تێپەڕاندو ئێستا لە قۆناغی هێرشداین بۆسەر كۆرۆنا"

2020-03-13 07:54:01


ئامادەكردنی: فازڵ حەمەرەفعەت – محەمەد رەئوف
ساڵی 2009 دیپلۆمی باڵای لە كۆرۆنادا بەدەستهێناوە‌و یەكەم كەس بووە جۆرێكی ڤایرۆسی كۆرۆنای بەناوی (IB) لە عێراق ئاشكراكردووە، ساڵی رابردووش هەر لە كۆرۆنادا لە زانكۆی لیڤەرپوڵی بەریتانیا بڕوانامەی دكتۆرانی بەدەستهێناوە‌و بەمدواییە گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان، چوار توێژینەوەی زانستی لەسەر كۆرۆنا هەیە، وایلێهاتووە هاوڕێكانی بۆ تەنز پێی دەڵێن" بەخوا ئەم كۆرۆنایە دەستی تۆی تێدایە".
ئەو دكتۆر (زانا حەمید) پسپوری ڤایروسی كورونایە لە تاقیگەی سەنتەری بەرەنگاربونەوەی كورونا  لە پارێزگای سلێمانی، لەگەڵ نزیكەی (14) كەسی تردا لە سەنگەری پێشەوەی شەڕدان دژ بە كۆرۆنا لە تاقیگەی پشكنینی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەی سەرچنار، كە تایبەتكراوە بە كەرەنتینەكردنی ئەو كەسانەی دوچاری كۆرۆنا بوون.


ئەو زانیاری وردی لەبارەی كۆرۆناوە هەیە، بەپێی ئەو قسانەی كە بۆ (درەو)ی كرد، كۆرۆنا ڤایرۆسێكە كە لە 1937 دۆزراوەتەوە‌و ئاشكراكراوە، ڤایرۆسەكە كلاسیكییەكەی كۆرۆنا كە بە "بابە گەورە"ی ئەم ڤایرۆسە نوێیە دەناسرێت، كۆرۆنای مریشكە، واتە لە مریشك‌و كێلگەكانی پەلەوەر دەدات‌و لەناویان دەبات، بەپێی بەدواداچونەكانی دكتۆر زانا، ئەم ڤایرۆسە كۆرۆنا كلاسیكییە ساڵی 2017 بڕی (23 ملیۆن) پاوەن زیانی بە ئابوری بەریتانیا گەیاندووە، ئەمەش ئەو زیانە بووە كە بە كێڵگەكانی پەلەوەری كەوتووە، بابە گەورەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ڤاكسینی لەناوبردنی دۆزراوەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەم ڤایرۆسە توانایەكی بەهێزی هەیە لە خۆگۆڕیندا، بۆیە زۆرجار ڤاكسینەكان كاریگەرییان لەسەر لەناوبردنی نییە.
دكتۆر زانا ترسی هەیە، ڤایرۆسە نوێیەكەی كۆرۆنا كە بە "كۆڤید- 19" ناسراوە، هاوشێوەی كۆرۆنای مریشكی لێ بێت، كە لەناو خەڵكدا بە "ئەنفلۆنزای باڵندە" ناوبانگی رۆشتبوو، ئەو دەڵێ ئەو حاڵەتانەی كە بەهۆی كۆرۆنای مریشكەوە دەمردن، دەركەوت ڤایرۆسەكە لە گورچیلەی داون‌و لەوڕێگەیەوە لەناوی بردون، بەڵام كێشەكە ئەوەیە هێشتا نازانین "كۆڤید-19" لە چ كۆئەندامێكەوە گورزی مردن لە مرۆڤەكان دەدات.
گرنگترین كارێك كە چینییەكان كردیان بەبڕوای دكتۆر زانا ئەوەبووە كە ڤایرۆسی كۆرۆنای "كۆڤید- 19"یان خستوەتە ناو "بانكی جینات"ەوە، چونكە ئەمە رێگەخۆش دەكات بۆ ئەوەی پشكنەرە تەندروستییەكان لە داهاتوودا لێكۆڵینەوەی وردتر لەبارەی ئەو ڤایرۆسەوە بكەن كە ئێستا هەموو جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵكردووە‌و زیانێكی گەورەشی بە ئابوری وڵاتان گەیاندووە.
ساڵی 2016 دكتۆر زانا لە بەریتانیا لەچوارچێوەی تاقیكردنەوەكانیدا، ڤایرۆسە كلاسیكییەكەی كۆرۆنای لەسەر خانەی مرۆڤ چاندووە، بۆی دەركەوتووە ڤایرۆسەكە لەتوانایدایە خانەكان بكوژێت، چارەسەری بۆ ڤایرۆسەكە دۆزیوەتەوە، بەڵام وەكو خۆی دەڵێ ئەو چارەسەرەی تەنانەت لەسەر وێبسایتی زانكۆی لیڤەرپوڵ-یش (زانكۆكەی خۆی) دانەناوە‌و نایەوێت كەس بیبینێت، چونكە دەیەوێت بەهۆی ئەو دۆزینەوەیەوە پۆینتی بڕوانامەكەی وەرگرێت.  
ئەو لەشێوازی روبەڕووبونەوەی ڤایرۆسدا پشت بە رێسای رێگریكردن لە بڵاوبونەوە دەبەستێت، نەك چارەسەری كەیسی تاكەكەسی، واتە توێژەرە وەك لەوەی تەنیا كەسێك بێت كە لە تاقیگەیەكدا پشكنین بۆ كەسەكان بكات‌و دواتر رایبگەیەنێت كەسێك دوچاری ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە یاخود نا.
دكتۆر زانا هێشتا كاری جددی لەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ نەكردووە، واتە كاركردنێك بەوشێوە قوڵییەی كە خۆی دەیەوێت، ئەمەش بۆ دوو هۆكاری دەگەڕێتەوە، هۆكاری یەكەم ئەوەیە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ "كۆڤید- 19" خۆی ڤایرۆسێكی نوێیەو لە مانگی یەكی ئەمساڵەوە ناوی كەوتوەتە ناوانەوە، هۆكاری دووەمیش ئەوەیە دكتۆر زانا ئێستا لە كوردستانە‌و لێرە هاوشێوەی بەریتانیا تاقیگەی باشی بۆ پشكنین دەستناكەوێت، ئەو تاقیگانەی كە لە كوردستان هەن، لەڕووی كوالیتییەوە لیڤڵیان (1 و 2)ە، دكتۆر زانا دەڵێ لێكۆڵینەوە لە ڤایرۆسە نوێیەكە پێویستی بە تاقیگەی لیڤڵ (3و 4) هەیە، بەڵام سەرباری ئەوەش لەماوەی 16 رۆژی رابردوودا كە لە كەرەنتینەی سەرچنار لە سلێمانی كاریكردووە، بە هەندێك زانیاری سەرەتایی لەبارەی ڤایرۆسەكەوە گەیشتووە، یەكێك لەو زانیارییانەی كە دەستی دكتۆر زانا كەوتووە ئەوەیە توانیویانە لە سلێمانی ڤایرۆسی "كۆڤید- 19" لە كەسی ساغدا بدۆزنەوە، واتە كەسێك كە هیچ نیشانەیەكی توشبوونی بە ڤایرۆسەكە تێدا نییە لەوانە كۆكە یاخود تا.
دكتۆر زانا لەگەڵ هاوڕێیەكیدا بەناوی دكتۆر (پێشنیار)، پێشنیاری ئەوەیان بۆ بەرپرسانی تەندروستی كردووە، لەدۆخێكی وەكو ئێستادا بۆ كۆنترۆڵكردنی بارودۆخەكە، شێوازی روماڵكردنی گروپ بۆ گومانلێكراوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەنجام بدرێت، ئەم شێوازە ئەوەیە تیمەكە لەبری ئەوەی پشكنین بۆ هەزاران كەس بكات، ئەو كەسانە دابەش دەكات بەسەر چەند گروپێكدا‌و لەناو ئەو گروپانە سامپڵ وەردەگرێت، ئەگەر گومانی دوچاربوون هەبوو، ئەوكات پشكنین بۆ هەموو كەسەكانی ناو گروپەكە دەكات، ئەمە شێوازێكی تایبەتی گەڕانە بەدوای ڤایرۆسدا.


دكتۆر زانا گەشبینە، دەڵێ" ئێمە لە قۆناغێكی باشی رێگریكردنداین لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، سەرباری ئەوەی لەڕووی زانستییەوە تێبینیمان لەسەر كەرەنتینەكان هەیە، بەڵام ئەوە باشترین ئۆپشن بوو".
گرنگترین كارێك كە لە سلێمانی كراوە ئەوەیە، دكتۆر زانا‌و هاوڕێكانی توانیویانە توانای پشكنینی ڤاپرۆسی كۆرۆنای "كۆڤید-19" دابمەزرێنن، بەڵام كارە خراپەكە كە ئەوانی توشی نیگەرانی كردووە، گەڕانەوەی خەڵكە بۆ كوردستان بەشێوەی قاچاخ لە دەرەوەی وڵاتەوە.
هێشتا چارەسەری سەرەكی ڤایرۆسی "كۆڤید- 19" نەدۆزراوەتەوە، چارەسەرێك كە جیهانیی بێت‌و هەمووان بتوانن لێی سودمەند بن، بەڵام سەرباری ئەوەش هەر بەو چارەسەرانەی پێشتر بۆ ڤایرۆسەكە دۆزراونەتەوە، توانراوە دۆخی تەندروستی چەندین كەس رزگاربكرێت، دكتۆر زانا كە پشكنینی بەردەوام بۆ دۆخی تەندروستی توشبووەكان دەكات دەڵێ ئەو چارەسەرانە كاریگەرییان هەبووە‌و چەند نمونەیەكی لەبەردەستدایە كە دۆخیان باشتربووە، واتە نیشانەكانی وەكو كۆكە‌و تایان تێدا نەماوە. 
دكتۆر زانا زۆر بە گەشبینییەوە دەڵێ:" ئێمە ئێستا لەوپەڕی قۆناغی كۆنترۆڵكردنی ڤایرۆسەكەداین، ئێمە ئێستا لە قۆناغی هێرشكردنداین بۆسەر ڤایرۆسەكە، ماوەی سێ رۆژە قۆناغی هێرشمان دەستپێكردووە، ئێستا هەموو ئەو كەسانەمان وەرگرتووە كە لە باشماخ كاردەكەن، لەقۆناغی داهاتوودا دێینە سەر ئەو كەسانەی كە لەناو بازاڕەكاندا كاردەكەن‌و بەركەوتنیان لەگەڵ خەڵكی تردا هەیە".


هەندێك دەپرسن ئایا ئەو كۆرۆنایەی كە ئێستا لە كوردستان تۆماركراوە یاخود ئەوەی لە ئێران هەیە، هەمان ئەو ڤایرۆسەیە كە لە چین هەیە، دكتۆر زانا ناتوانێت وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە، چونكە ئەوە پێویستی بە لێكۆڵینەوەی ورد هەیە‌و دەیەوێت ئەم كارە لەڕێگەی زانكۆی لیڤەرپوڵەوە بكات، بەتایبەتیش ئەوەی پرۆژەكە لەڕووی داراییەوە پێویستی بە پارەیەكی زۆر هەیە، بەڵام سەرباری ئەوەش باسی لەوەكرد، دووجۆر لە ڤایرۆسەكە دەناسرێتەوە یەكێكیان زۆر بەهێزە‌و ئەوی تر ئاساییە، ئەوەی تائێستا لە كوردستان هەیە شێوە ئاساییەكەی ڤایرۆسەكەیە.
هەموو ئەنجامی ئەو پشكنینانەی كە راگەیەندراون‌و دوچاری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، لەلایەن ئەو تیمانەوە ئاشكراكراون كە دكتۆر زانا‌و هاوڕێكانی كاری تێدا دەكەن، واتە ئەوان رۆژانە لەنزیكەوە كۆرۆنای "كۆڤید- 19" دەبینن، خەڵك خۆی لە ڤایرۆسەكە دەشارێتەوە، ئەمان بەدوای ڤایرۆسەكەدا دەگەڕێن، بەڵام بە دەبڵ كەمامە‌و عەینەك‌و جلوبەرگی تایبەتییەوە، لەشوێنی كاركردنیان نەك نان ناخۆن، بەڵكو تەنانەت ئاویش ناخۆنەوە‌و تەوالێتیش بەكارناهێنن، بۆیە پێش ئەوەی بچنە سەركارەكانیان، بەتەواوەتی خۆیان ئامادە دەكەن، نزیكەی 2 ملیۆن كەس لە سنوری پارێزگای سلێمانی تەنیا چاویان لەسەر ئەم تاقیگەیەیە، لە كەلارو راپەڕین‌و هەڵەبجە‌و لە كەرەنتینەكانی ناو شاری سلێمانییەوە رۆژانە سەدان سامپڵ بۆ پشكنین رەوانەی تاقیگەكەی دكتۆر زانا‌و هاوڕێكانی دەكرێت.
 ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە بۆ ئەوانەی لە ڤایرۆسەكە ئەترسن ئەوەیە، ئەوانەی لە كەرەنتینەكانن‌و توشبوون، زۆربەیان ئەندامی یەك خێزانن، واتە كەسی نزیكی یەكترن‌و دەردەكەوێت ڤایرۆسەكە هێشتا چوارچێوەی خێزانی بۆ ناو كۆمەڵگە بەتەواوەتی نەبڕیوە، حاڵەتیش تۆماركراوە كە خەڵك هەڵگری ڤایرۆسەكە بووە‌و بەبێ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی ماڵەوە كراوە‌و ڤایرۆسەكە لە جەستەیدا نەماوە‌و بەردەوامیش پشكنینی بۆ دەكرێت بۆ ئاگاداربوون لە سەرهەڵدانەوەی ڤایرۆسەكە.


تاكە چارەسەرێك كە ئێستا بۆ روبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای جۆری "كۆڤید-19" بەكاردەهێنرێت، وەكو دكتۆر زانا باسی دەكات ئەو ئەنتی بایۆتیكانەیە كە بۆ زۆر ڤایرۆس دەبن، "ڤایرۆسەكان راستە لەیەكتر جیاوازن، بەڵام لە زۆر سیفەتیشدا لەیەكتر دەچن، هەندێك ئەنتی ڤایرۆس هەیە، ئەو سیفەتە هاوبەشانە بەكاردەهێنێت".
دكتۆر زانا گەشبینە بە ئاستی هۆشیاری خەڵك بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسەكە، بەڵام مەترسی گەورەی ئەو ئەوەیە ڤایرۆسەكەیان لەناو كەسانێكدا دۆزیوەتەوە كە لەڕووی تەندروستییەوە ساغن‌و رەنگە كەسانێكی تر هەبن بەهەمان شێوە هەڵگری ڤایرۆسەكە بن، بەڵام بەهۆی ئەوەی نیشانەكانیان تێدا نییە‌و كەرەنتینە نەكراون، بیگوازنەوە بۆ كەسانی تر.
تاكە كەسێك كە تائێستا لە سنوری پارێزگای سلێمانی‌و هەرێمی كوردستان دوچاری كۆرۆنا بوبێت‌و گیانی لەدەستدابێت مامۆستایەكی ئاینی بوو بەناوی "مەلا رەشید"، دكتۆر زانا‌و هاوڕێكانی پشكنینی كۆرۆنایان بۆ ئەو پیاوە كردووە، ئەو دەڵێ:" ئێمە كە دەستنیشانمان كرد هەڵگری كۆرۆنایە، دوای چەند كاتژمێرێك كۆچی دوایی كرد، رێژەی ڤایرۆسەكە لە جەستەیدا زۆر نەبوو، بۆیە دڵنیانین ئایا بەهۆی كۆرۆناكەوە گیانی لەدەستداوە یاخود نەخۆشی تر".
هەندێك دەڵێن ڤایرۆسەكە لە هەوادا نییە‌و راستەوخۆ بەبەركەوتن دەگوازرێتەوە، هەندێكی تر باسی ئەوە دەكەن لە وەرزی گەرمادا ڤایرۆسەكە نامێنێت، دكتۆر زانا هیچ یەكێك لەم چیرۆكانە پشتڕاستناكاتەوە، ئەو دەڵێ كاتێك ڤایرۆسەكە نامێنێت كە هەڵگرانی ڤایرۆسەكە نەمێنن.
مانەوە لە ماڵەوە‌و تێكەڵنەبوون لەگەڵ قەرەباڵغی، هەروەها بەكارهێنانی جێڵی كحول بۆ پاكژكردنەوەی دەست‌و پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەكانی ترەوە، بەڕای دكتۆر زانا رێگای سەرەكین بۆ روبەڕووبونەوەی ڤایرۆسەكە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand