Draw Media

زانیاری نوێ لەبارەی كۆرۆناوە

زانیاری نوێ لەبارەی كۆرۆناوە

2020-03-11 10:54:40


میشل رۆبەرتس- نوسەری كاروباری تەندروستی لە BBC
وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت
بەپێی توێژینەوەیەكی نوێ، زۆربەی ئەوانەی كە دوچاری ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبن، دوای نزیكەی (5) رۆژ نیشانەكانیان تێدا دەردەكەوێت، زۆر كەسیش هەڵگری ڤایرۆسەكەن‌و هەرگیز نیشانەكانیان تێدا دەرناكەوێت، پسپۆڕێك دەڵێ:" هیچ بەڵگەیەك نییە لەبارەی ئەوەی ئەو كەسانەی نیشانەكانیان تێدا نییە بەڵام هەڵگری ڤایرۆسەكەن، دەتوانن ڤایرۆسەكە بۆ كەسانی تر بگوازنەوە".

دەقی راپۆرتەكەی BBC
زانایان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، ڤایرۆسی كۆرۆنا پێویستی بە (پێنج) رۆژ هەیە بۆ ئەوەی نیشانەكانی لە كەسی توشبوودا دەركەوێت، ئەمەش ماوەی جێگیربوونی ڤایرۆسەكەیە.
ڤایرۆسی كۆرۆنا كە ناوە زانستییەكەی بە "كۆڤید-19" ناسراوە‌و لەوانەیە ببێتە هۆی (تا، كۆكە‌و كێشەی هەناسەدان)، ئێستا بەردەوامە لە بڵاوبونەوە لەسەرتاسەری جیهاندا، زیاتر لە 114 هەزاری كەسی توش كردووە.
تیمێك لە زاناكانی ئەمریكا لێكۆڵینەوەیان كردووە لەسەر چەندین حاڵەتی دوچاربوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چین‌و وڵاتانی تر، ئەمە بۆ تێگەیشتنی زیاتر لەو نەخۆشیەی كە بەهۆی ڤایرۆسەكەوە رودەدات.
تیمی لێكۆڵەرەوان گەیشتونەتە ئەوەی، لە زۆربەی ئەو كەسانەی كە دوچاری ڤایرۆسەكە بوون، نیشانەكان لە رۆژی پێنجەمدا تێیاندا دەردەكەوێت.
سەبارەت بەو كەسانەی كە لەماوەی 12 رۆژدا نیشانەكانیان تێدا دەرناكەوێت، پێشبینی ناكرێت هەرگیز نیشانەكانی تێدا دەركەوێت، بەڵام هەڵگری ڤایرۆسەكە دەبێت.
ئەو كەسانەی كە رەنگە هەڵگری ڤایرۆسەكە بن، چ ئەوەی نیشانەكان تێیاندا دەركەوتبێت یان دەرنەكەوتبێت، توێژەران رێنماییان دەكەن بەوەی بۆ ماوەی 14 رۆژ خۆیان دابڕن (خۆیان كەرەنتینە بكەن) بۆ خۆبەدروگرتن لە گواستنەوەی پەتاكە بۆ كەسانی تر.
ئەگەر ئەو كەسانە، ئەو رێنماییانە جێبەجێ بكەن كە لە بەریتانیا‌و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەشێوەیەكی كردەیی پشتیان پێبەستراوە، ئەوكاتە لەكۆی هەر 100 كەسێك كە بۆ ماوەی دوو هەفتە كەرەنتینە دەكرێن، تەنیا یەك كەسیان دوای دەرچوون لە كەرەنتینە نیشانەكانیان تێدا دەردەكەوێت، ئەمە بەپێی توێژینەوەیەك كە لە بڵاوكراوەی "ساڵنامەی پزیشكی هەناوی"دا بڵاوكراوەتەوە.
جاستین لیسلەر مامۆستا لە كۆلیژی جونز هۆبكنو بلۆمبێرگ-ی تەندروستی گشتی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا‌و سەرپەرەشتیاری ئەم توێژینەوەیە وتی: ئەو ئەنجامانە باشترین خەمڵاندنی "خێرا" بوو لای ئێمە تاوەكو ئێستا، توێژینەوەكە بەكۆی گشتی 181 حاڵەتی لەخۆدەگرت.
بەڵام دەڵێ: هێشتا زۆر شت لەبەردەمماندا ماون كە دەبێت لەبارەی ڤایرۆسەكەوە بیزانین.
هێشتا ژمارەی ئەو كەسانەی كە بەشێوەیەكی گشتی نیشانەكانیان تێدا دەردەكەوێت ناڕوونە، توێژینەوەكە هیچ خەمڵاندنێكی بۆ ئەمە نەكردووە.
پسپۆڕان لەوباوەڕەدان زۆرینەی ئەو كەسانەی كە دوچاری پەتاكە دەبن، جگە لە چەند كێشەیەكی بچوكی تەندروستی هیچ شتێكیان نییە، هەندێكی تر هەرگیز نیشانەكانیان تێدا دەرناكەوێت، واتە هەڵگری ڤایرۆسەكەن بەڵام نیشانەكانیان تێدا دەرناكەوێت.
بەڵام ئەو نەخۆشییە رەنگە بۆ هەندێك زۆر مەترسیدارو كوشندەبێت، بەتایبەتیش ئەوانەی تەمەنیان هەڵكشاوە‌و بەدەست كیشەی تەندروستی پێشترەوە دەناڵێنن.
جۆناسان پۆڵ پسپۆڕ لە زانستی ڤایرۆسەكاندا لە زانكۆی نۆتنگهام لە بەریتانیا وتی: توێژینەوەكە جەختی كردووە لەسەر ئەوەی زۆرینەی حاڵەتەكان، ماوەی جێگیربوون‌و دواتریش ماوەی كەرەنتینە ڤایرۆسی نوێی كۆرۆنا دەگاتە 14 رۆژ.
لەو شتانەی كە دڵنیایی دەدەن ئەوەیە" هیچ بەڵگەیەك نییە لەبارەی ئەوەی دەكرێت خەڵك بەشێوەیەكی رۆتینی ڤایرۆسەكە بگوازنەوە لەو ماوەیەدا كە نیشانەكان دەرناكەون".
باوەڕوایە ئەو كەسانەی كە زیاتر ئەگەری گواستنەوەی پەتاكەیان هەیە ئەوانەن كە بەشێوەیەكی روون نیشانەكانیان تێدایە وەكو كۆكە‌و تا.
پێدەچێت ئەگەری گواستنەوەی نەخۆشییەكە هەبێت بەر لە دەركەوتنی نیشانەكان، بەڵام باوەڕ بەوە ناكرێت كە ئەمە رێگەی سەرەكی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە بێت.
باشترین رێگە بۆ خۆپاراستن‌و رێگری لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە ئەمانەن:
•    خۆبەدورگرتن لەو كەسانەی كە وا دەردەكەون تەندورستییان باش نییە.
•    خۆبەدورگرتن لە دەستدان لە چاو و لوت و دەمت، كاتێك دەستەكانت نەشتووە.
•    كلینێكس بەكاربهێنە لەكاتی باوێشك‌و كۆكەدا، دواتر كلینێكسەكە فڕێبدە ناو زبڵدان‌و دەستەكانت بشۆ.
•    دەستەكانت زۆر بشۆ بە ئاو و سابون.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand