Draw Media

چی كاتێك نەخۆشەكان دەبنە هۆی تووشكردنی ئەوانی تر؟

چی كاتێك نەخۆشەكان دەبنە هۆی تووشكردنی ئەوانی تر؟

2020-03-11 13:47:07


درەو:
دیراسەیەكی ئەڵمانی تازە سەبارەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ‌ "كۆڤید 19" ئاشكرایكردووە، ئەوانەی تووشی نەخۆشییەكە بوون لەڕۆژانی سەرەتای توشبوونیاندا بڕێكی زۆر لە ڤایرۆسەكە بڵاودەكەنەوە.
پێشبینی دەكرێت ئەم دیراسەیە هاوكاربێت بۆ شرۆڤەكردنی ئەو ڕێگا خێراو چالاكەی كە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ بەهۆیەوە لەسەرانسەری جیهان بڵاوبووەوە.   
دیراسەكە ئاماژە بەوەدەدات، ئەنجامی پشكنینی ئەو نەخۆشانەی كە بەشێوەیەكی مامناوەند دووچاری نەخۆشییەكە بوون یان دۆخی تەندروستییان مامناوەندە، دوای 10 ڕۆژ لەتوشبوون‌و دەركەوتنی نیشانەكان تێیاندا، نابنە هۆی گوێزانەوەی نەخۆشییەكە بۆ خەڵكانی تر.
ئەم دیراسەیە، كە زانایان لەهەردوو شاری (بەرلین‌و میونشن) لەئەڵمانیا ئەنجامیدانداوە، بەیەكەم دیراسە دادەنرێت كە لەدەرەوەی وڵاتی چین ئەنجامدرابێت، كە بۆ یەكەمجار نەخۆشییەكە لەوێوە سەریهەڵداو لەزیاتر 100 وڵاتی جیهان بڵاوبونەوەتەوەو، بووەتە هۆی توشبوونی نزیكەی 120 هەزار كەس لەجیهان‌و، مردنی زیاتر لە 4 هەزار كەسی دیكەش.
هاوكات بەیەكێك لەو دیراسە پێشەنگانەش دادەنرێت كە هەوڵی كێشانی ئەو نەخشەیە دەدات، چی كاتێك نەخۆشەكان دەبنە هۆی تووشكردنی ئەوانی تر.
بەوتەی (مایكل ئوستەر هۆلم)، بەڕێوەبەری سەنتەری لێكۆڵینەوە لەنەخۆشییە گوازراوەكان لەزانكۆی مینیسۆتا، ئەم دیراسەیە بەشدارییەكی زۆر گرنگە لە تێگەیشتنی مێژوویی سروشتی نەخۆشی "كۆڤید 19" و هەروەها ڕەنگدانەوەو ناوەرۆكی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە لەسەر تەندروستی گشتی.
لەدیراسەكەدا، لێكۆڵەرەوەكان چاودێری بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكەیان كردووە لە 9 كەسی تووشبوو، تاقیكردنەوەیان لەسەر ئەنجامداون‌و، گەڕاون بەدوای پاشماوەی DNA-RNA ڤایرۆسەكە(زانیاری بۆماوەیی سەبارەت بەزیادبوون‌و گەشەكردنی ڤایرۆسەكە).
هەوڵیشانداوە ڤایرۆس بەرهەمبهێنن لە (بەڵغەم‌و خوێن‌و میزو پیسایی) وەرگیراوی نەخۆشەكان لەڕێی چاندن، ئەوەش پرسێكی زۆر گرنگە لە هەوڵدوان بۆ دەستنیشانكردنی چۆنیەتی تووشكردنی كەسێك لەلایەن كەسێكی ترەوەو، ئەو ماوەیەی كە كەسی توشبوو دەبێتە مەترسی بۆسەر كەسەكانی تر.
لەوەش گرنگر ئەوەیە زاناكان نەیانتواینوە ڤایرۆس بەرهەمبهێنن لەو نمونانەی لەنەخۆشەكانیان وەرگرتووە دوای ڕۆژی هەشتەم لەتوشبوونیان بە نەخۆشییەكە بەشێوەیەكی مامناوەند، یاخود لەو كەسانەی كە پێدەچێت نیشانەكانیان بەشێوەیەكی سوك لەسەر دەركەوتبێت.
لەسەر بنەمای ئەو ئەنجامەی زانایان پێگەیشتوون، دەرچوونی نەخۆش لەحاڵەتی دابڕانی پزیشكی ئارەزوومەندانە لەماڵەوە دەكرێت دوای 10 ڕۆژ لەدەركەوتنی حاڵەتەكە ئەنجامبدریت، بەوپێیەی مەترسی بڵاوكردنەوەی نەخۆشییەكە زۆر كەمدەبێتەوە.
زاناكان ڕوونیان كردووەتەوە، توشبوان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ڕۆژانی سەرەتادا دەتوانن هەزار هێندەی توشبوانی نەخۆشی سارس لەڕۆژانی سەرەتادا، نەخۆشییەكە بڵاوبكەنەوە.
ئەو ڕاستیەش هۆكاری خێرا بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ‌ شیدەكاتەوە دەكات، كە 120 هەزار كەس لەسەرانسەری جیهان توشی بوون، بەرامبەر بە تەنها 8 هەزار  لە ڤایرۆسی كۆرۆنای سارس.
دیراسەكە گومانی خۆی پیشانداوە لەئەگەری بڵاوبونەوەی نەخۆشییەكە لەڕێی پیساییەوە، ئەوەش پرسێكە كە زۆرێك لە لێكۆڵینەوەكانی ئەم دواییە سەبارەت بە ڤایرۆرسی كۆرۆنای نوێ‌ لەچین ئاماژەیان پێكردووە، لێكۆڵەرەوە ئەڵمانیانییەكان لە 13 نمونەی وەرگیراو لە پیسایی ئاستێكی باڵای پاشماوەی ڤایرۆسەكەیان دۆزیوەتەوە، بەڵام نەیانتوانیوە لە هیچكامیان ڤایرۆس بەرهەمبهێنن.
لەگەڵ ئەوەشدا، دیراسەكە تێبینی ئەوەی كردووە كە سەرجەم نەخۆشەكان نەخۆشییەكەیان سوك بووە، نەدۆزینەوەی ڤایرۆسەكەش لەپیسایی ئەو نەخۆشانەدا مانای ئەوەی نییە كە لەحاڵەتەكانی تردا نەخۆشییەكە ناگوێزرێتەوە، ئەوەش پاڵی بە لێكۆڵەرەوەكان‌و زاناكان ناوە بۆ ئەنجامدانی دیراسەو لێكۆڵینەوەی زیاتر لەسەر ئەم مەسەلەیە.
زاناكان ڕایانگەیاندووە، بەپێی ئەو ئەنجامانەی پێیگەیشتوون پێویستە ئامادەكاری‌و ڕێوشێنەكانی خۆپاراستن بۆ ڕاگرتنی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە تەركیز بخاتە سەر كۆئەندامی هەناسە‌و، پاراستنی ئەوانی تر لە كۆكەو پژمینی كەسانی توشبوو بە ڤایرۆسەكە.
لێكۆڵەرەوەكان ئاماژەیان بەوەكردووە، ناتوانرێت ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێی لە نمونەی وەرگیراوی خوێن‌و میزی نەخۆشەكان بچێنرێت، بەڵام ڕایانگەیاندووە، لەئەنجامە گرنگەكانی دیراسەكە ئەوەیە ئەو كەسانەی توشبوون بەخێرایی دەستدەكەن بە گەشەكردنی لاشەی دژە ڤایرۆسەكە لەماوەی 6 بۆ 12 ڕۆژدا، ئەوەش شرۆڤەی هۆكاری توشنەبوونی نزیكەی 80% نەخۆشەكانی "كۆڤید 19" دەكات بە نیشانەی مەترسیدار.
سەرچاوە: یۆرۆ تایمز    
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand