Draw Media

بەرهەم ساڵح بڕیاری چی دەدات؟

بەرهەم ساڵح بڕیاری چی دەدات؟

2020-03-16 15:28:35


درەو:

ئێستا هەموو چاوەكان لەسەر بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقە، دوای شكستهێنانی لیژنە حەوت قوڵییەكەی شیعەكان لە دیاریكردنی كاندیدێك بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.
ئەو لەچەند ڕۆژی ڕابردودا نامەیەكی ئاراستەی كوتلە شیعییەكان كردبوو، تێیدا دوای لێكردبوون پەلەبكەن لەدیاریكردنی كەسایەتییەك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، كە ڕەزامەندی كورد و سوننەشی لەسەربێت. سەرۆك كۆمار ئەمڕۆ  دووشەممەی وەك دواین وادە بۆ دیاریكردبوون. ئەوە لەكاتێكدایە بەپێی ئەو مۆڵەتە نوێیەی دەستوری عێراق بۆ ڕاسپاردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی دیاریكردووە، سبەینێ‌ 17 دوا وادەیە بۆ ڕاسپاردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق.
(نەبیل تەرفی) سەرۆكی هاوپەیمانی سائیرون كە شكستی كۆبونەوەی لیژنە حەوت قۆڵییەكەی هێزە شیعییەكانی ڕاگەیاند، لەلێدوانێكدا بەسایتی "بەغدادئەلیوم" راگەیاندووە: هاوپەیمانێتییەكەیان سەرۆك كۆماری ئاگاداركردووەتەوە، كە دەسەڵاتە دەستورییەكانی خۆی بەكاربهێنێت‌و كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران ڕابسپێرێت.
دەوڵەتی یاساش كە لایەنێكی سەرەكی لیژنە حەوت قوڵییەكەیە، لەبەیاننامەیەكدا وێڕایی داننان بە شكستی دانوستانی لیژنەكە، تەئكیدكردووە: بەبێ‌ سازان ڕازینابن هیچ كەسێك بۆ ئەو پۆستە ڕابسپێردرێت.
لای خۆیەوە (حەنین قەدۆ) پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لەلێدوانێكدا بۆ هەمان سەرچاوە ڕایگەیاندووە: سەرۆك كۆمار بۆ ڕاسپاردنی كەسێك بۆ سەرۆكایەتیكردنی حكومەت لەماوەی ڕاگوزەرلەبەردەم دوو بژاردەدایەو سێهەمی نییە،  ڕاسپاردنی كەسێك بەبێ‌ دەستوردانی كوتلە سیاسییەكان، یاخود ڕاسپاردنی كاندیدی گەورەترین كوتلە.
(باسم خەشان) پەرلەمانتاری عێراق لەبارەی شكستهێنانی لیژنە حەوت قۆڵییەكە لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكردووە: ناكۆكییەكانی شیعە_شیعە هۆكارەكەی بەرژوەندی شەخسی‌و حزبی‌و سیاسییە."هەندێك لایەن دەیانەوێت دۆخی عێراق بەو شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوەو، عەبدولمەهدی لە پۆستەكەی بەردەوامبێت لەپێناو درێژەكێشانی هەژموونی لەحكومەتی عێراق".
ڕاشیگەیاندووە: فشارە جەماوەرییەكان لەسەر سەرۆك كۆمار چڕتر دەبنەوە لەپێناو ئەنجامدانی ئەركە دەستورییەكانی‌و، ڕاسپاردنی كەسایەتییەك بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ كوتلە سیاسییەكان. 
(عەلی تەمیمی) شارەزای یاسایی دەڵێت: سەرۆك كۆمار دەتوانێت بەپێی مادەی 81 لەدەستوری عێراق كەسێك ڕابسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت لەدەرەوەی كوتلەسیاسییەكان، یان كاندیدی گەورەترین كوتلە. 
(تەمیمی)لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك ئاماژەی بەوەكردووە: بابەتی گەورەترین كوتلە كۆتایهات كە پەیوەست بوو بە كاندیدی سەرۆكایەتی حكومەت لە بڕگەكانی یەك‌و سێ‌‌و پێنج لە مادەی 76 دەستور، كار بە مادەی 81 یەك و دوو و گواستنەوە بۆ دەسەڵاتەكانی سەرۆك كۆمار دەكرێت كە ئەو شوێنی سەرۆك وەزیران بەتەواوی دەسەڵاتەكانییەوە دەگرێتەوەو، ڕۆڵی عادل عەبدولمەهدی‌و هەموو ئەوانەی لەگەلیدا بوون كۆتایهاتووەو، پێویستە ئیدارەی وڵات ڕادەستی سەرۆك كۆمار بكات.
دەشڵێت: بەپێی بڕگەی دووەم لەمادەی 81 سەرۆك كۆمار كەسێك ڕادەسپێرێت دور كوتلەی گەورەو حزبەكان، بەومانایەی ئەو ئازادەو ناچار نییە بە هیچ بژاردەیەك، ئەگەر پەرلەمانیش دەنگ بەو كەسە نەدات كە ڕایدەسپێرێت، سەرۆك كۆمار دەتوانێت پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوەو داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت بكات بەپێی مادەی 64 چونكە سەرۆك كۆمار  دوو پۆستی هەیە لەیەك كاتدا، بەوەش كێشەكانی وڵات هەمووی چارەسەردەكات.
ئەو شارەزا یاساییە لەدرێژەی قسەكانیدا دەلێت: ئەگەر ناكۆكیش لەسەر ئەوە هەبێت، سەرۆك كۆمار دەتوانێت پەنا بەرێتە بەر دادگای فیدراڵی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ قەیرانەكە بەپێی مادەی بڕگەی 2 لەمادەی 93ی دەستور.  
تائێستا دیارنییە سەرۆك كۆماری عێراق خۆی یەكلایەنەو بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ كوتلە سیاسییەكان پێش تەواوبوونی وادەی دەستوری یان ئەو مۆڵەتەی خۆی دەستنیشانیكردووە كەسێك ڕادەسپێرێت بۆ ئەركە یان نا. ئەگەر ڕایبسپێرێت كەسێك لەدەرەوەی ئەو كەسایەتیانە ڕادەسپێرێت كە لەسەر مێزی لایەنە شیعییەكان گفتوگۆی لەسەر كراوە یان لەو فەلەكە ناچێتە دەرەوە؟. 
گەرچی ئەگەری دووەمیان ئەگەرە بەهێزەكەیە، بەڵام ئەگەر سەرۆك كۆمار خۆشی كەسێك ڕابسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت‌و لەفەلەكی ئەوناوانەش لانەدات كە لەكۆبونەوەی لایەنە شیعییەكاندا گفتوگۆی لەسەركراوە، بەوشێوەیەش هیچ گەرەنیتییەك نییە چارەنوسی لەچارەنوسی عەلاوی باشتربێت. چونكە ئەگەر شیعەكان كۆدەنگیان لەسەر یەكێك لەو ناوانە هەبوایە كە چەند ڕۆژێكە لەمیدیا عێراقییەكاندا قسەیان لەسەر دەكرێت، لەدواین ساتە هەستیارەكانی دانوستاندا شكستهێنانی كۆبونەوەكانیان ڕانەدەگەیاندو ڕێككەوتنیان لەسەر دەكرد، ئەوە وێڕایی داواكارییەكانی كورد سوننە، كە ئەوانیش دیسان دەتوانن بەرەبەستی جدی لەبەردەم تێپەڕاندنی حكومەتی نوێ دروستبكەن.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand