Draw Media

نرخی ئۆتۆمبیل لە بازاڕەکانی هەرێم و جیهاندا بەرزبوەتەوە

نرخی ئۆتۆمبیل لە بازاڕەکانی هەرێم و جیهاندا بەرزبوەتەوە

2022-03-08 15:07:45


درەو:
نرخی ئۆتۆمۆبێل لە هەرێمی کوردستاندا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوەتەوەو خاوەن پێشانگاکانیش هۆکارەکەی دەگەڕێننەوە بۆ کەمبوناوەی هاوردکردنی ئۆتۆمبیل بەهۆی ئەوەی کارگەکانی دروستکردنی ئۆتۆمبیل بڕی بەرهەمهێنانیان کەمکردوەتەوە.

ماوەی مانگێکە نرخی ئۆتۆمۆبێل لە هەرێمی کوردستاندا بەشێوەیەکی بەرچاو رەوی لە بەرزبونەوە کردووەو خاوەن پێشانگاکانی ئۆتۆمۆبێلیش نیگەرانن لە کەمبونەوەی ئۆتۆمۆبێل و دەڵێن ئۆتۆمبێل نییە تا هاوردەی بکەن.
حاجی شەماڵ، خاوەنی لقی سلێمانی کۆمپانیای موهەننەد بە "درەو"ی راگەیاند: نرخی ئۆتۆمبێل بە شێوەیەکی بەرچاو رووی لە بەرزبونەوەیە بە جۆرێک لە ماوەی مانگێکدا هەر ئۆتۆمبیلێکی 20 هەزار دۆلاری 1000 دۆلاری چووەتەسەر.
خاوەنی کۆمپانیای موهەننەد هۆکاری ئەوەشی بۆ کەمبونەوەی ژمارەی ئۆتۆمبێل لە بازارەکاندا گەڕاندەوەو باسی لەوەش کرد زۆرینەی کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل رێژەی خستنە بازاڕیان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکردووەتەوە بە جۆرێک وەک ئەو وتی: "ئۆتۆمۆبێل لە بازارەکاندا نەماوەو کۆمپانیاکانیش دروستی ناکەن، کاتێک داوای 100 ئۆتۆمبێل دەکەم کۆمپانیا تەنها 10 ئۆتۆمبێل بۆ دەنێرێت."
بە بۆچونی بازرگانانی بواری ئۆتۆمبێل لە دوای بڵاوبونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆناوە کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل نەیانتوانیوە وەک پێویست پێداویستی بازاڕ دابین بکەن.
 ئەمە جگە لەوەی بەهۆی دەرهاویشتەکانی دوای بڵاوبونەوەی پەتاکە نرخی زۆرێک لە مادە خامەکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل گران بوون وەک ئاسن و پارچەکانی دیکەو هەروەها بەرزبونەوەی نرخی نەوتیش کاریگەری هەبووە.
هەربۆیە لە ئێستادا زۆرینەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بواری ئۆتۆمبێل رێژەی  بەرهەمهێنانیان بە رێژەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە.
هاوکات جەنگی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا هێندەی تر قەیرانەکەی قوڵتر کردوەتەوەو زۆرێک لە کۆمپانیا بە ناوبانگەکانی ئۆتۆمبێل کارگەکانیان لە روسیا داخستووە.
ئەم هەفتەیە، کۆمپانیا گەورەکانی ژاپۆن لە ناویاندا تۆیۆتا، هۆنداو مازدا، ناچار بوون بەرهەمهێنان لە ڕوسیا بوەستێنن لە کاتێکدا سزاکانی ڕۆژئاوا وایکردووە نەتوانن مادەی خام و پێداویستتییە لۆجستییەکان بە ئاسانی بگات بە دەستیان.
لە بەریتانیاش لە مانگی کانوونی دووەمدا بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی بە 20.1٪ دابەزی کە لە ساڵی 2009ەوە تا ئێستا بەو ئاستە دانەبەزیوە بەجۆرێک تەنها 68,790 ئۆتۆمۆبێل دروستکراون.
لە ئەمریکاش نرخی ئۆتۆمبێلی دەستی دوو بەشێوەیەک بەرزبووەتەوە کە لە مێژووی ئەو بازرگانییەدا هاوشێوەی نەبووە ئەویش بەهۆی کەمبونەوەی بەرهەمهێنانی کۆمپانیا گەورەکانی بواری ئۆتۆمبێلەوەیە.
پسپۆران باوەڕیانوایە هێرشی ڕوسیا بۆسەر ئۆکراینا دەتوانێت بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی چەند مانگێکی تر کەمی ئۆتۆمبێلی نوێ درێژبکاتەوە.
کۆمپانیا گەورەکانی بواری ئۆتۆمبێل هۆکاری سەرەکی کەمبونەوەی بەرهەمهێنان بۆ نەمانی پارچەیەکی بچوکی ئەلیکترۆنی دەگێرنەوە کە بوەتە هۆی ئەوەی رێژەی بەرهەمهێنان کەم ببێتەوەو نەتوانن وەک پێویست ئۆتۆمبێل بخەنە بازارەوە.
(مایکرۆ کۆنداکتەر) ئەو پارچە ئەلکترۆنییە بچوکەیە کە بووەتە بەشێکی تەواوکەرو سەرەکی هەر سەیارەیەکی مۆدێرن، بەرپرسە لە رێکخستنى هەموو شتێک لە بەڕێوەبردنی مەکینەوە بۆ رێکخستنی کاری گێرو ئۆتۆ برەیک. (کە بە زمانی بازاری پێی دەوترێت عەقڵی سەیارەکە). 
کێشەکە ئەوەیە، ئەو پارچانە بەزۆری لە ئەوروپاوە دێن و دەرهاویشتەکانی پەتای کۆرۆنا کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر دابینکردنی ئەو پارچەیە هەبووە لە لایەن کۆمپانیا تایبەتمەندەکاتەوە.
هەر ئەو پارچە بچوکەش وایکردووە کۆمپانیا گەورەکانی وەک ڤۆڵکس واگن، پۆرش و بی ئێم دەبلیو تۆیۆتا بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل رابگرن و یاخود بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی بکەنەوە کە ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی نرخی ئۆتۆمبێل بەرزبونەوەیەکی مێژووی تۆمار بکات لەسەر ئاستی جیهان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand