پۆستی سەرۆكی زانكۆكان بە پشكپشكێنەی حزبی یەكلا دەكرێتەوە
2022-03-08 07:54:05
درەو:
بەهۆی دەستوەردانەوە راگەیاندنی پۆستی سەرۆكی زانكۆكانی دەڤەری سلێمانی دواكەوتووە، یەكلاكردنەوەشی بە پشكپشكێنەی حزبی دەبێت.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو)ی راگەیاند یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی ئەو زانكۆیانەی دەڤەری سلێمانی كە بڕیاردراوە بگۆڕدرێن بە پشپشكێنەی حزبی یەكلادەكرێـتە، سەرۆكی زانكۆكانی (سلێمانی، پۆلیتەكنیكی سلێمانی، سەرۆكی دەستەی كوردستانی) بۆ یەكێتی دەبێت، سەرۆكی زانكۆكانی ( چەرمۆ و راپەڕین) بۆ بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت، بەڵام بڕیاردراوە تەنیا سەرۆكی زانكۆی (چەرمۆ) بدرێتە بە بزوتنەوەی گۆڕان، واتا لەو بارەدا سیڤی رۆڵ نابینێت و یەكلاكردنەوەی پۆستەكان بە پشكپشكێنەی حزبی دەبێت.
سەبارەت بە دواكەوتنی راگەیاندنی پۆستی سەرۆكی زانكۆكانیش كە ماوەی زیاتر لە (3) مانگە راگەیەنراوە، سەرچاوەیەك بە (درەو)ی راگەیاند بەهۆی نیگەرانی بەشێك لە سەرۆكی زانكۆكان كە هێشتا وادەكەیان تەواو نەبووەو پاڵپشتی بەرپرسێكی باڵا لەو سەرۆكی زانكۆیانە كە نزیكن لێیەوە (ئێستا راوێژكاری باڵایە)، هۆكاری دواخستنی راگەیاندنی ناوی سەرۆكی زانكۆكانە، چونكە پۆستەكان یەكلاكراونەتەوەو تەنیا راگەیاندنیان ماوە، دوو هەفتە پێشتر بڕیاربوو رابگەیەندرێت بەڵام دواخرا.
وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژەینەوەی زانستی لە 5ی مانگی 12ی ساڵی رابردوو گۆڕینی سەرۆكی پێنج زانكۆی دەڤەری سلێمانی راگەیاند و لە رۆژانی 14 و 15ی مانگی رابردوو لە لایەن لیژنەیەكی باڵاوە چاوپێكەوتن لەگەڵ ئەو كەسانەدا كرا كە سیڤیان پێشكەشكردبوو.
سەرۆكی ئەو زانكۆیانەی بڕیاردراوە بگۆڕدرێن و كەسانی تر لە شوێنیان دابنرێن:
د. ئالان فەرەیدون سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی
د. مۆفەق خالید سەرۆكی زانكۆی راپەڕین
د. رەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی
د. پۆڵا خانەقا سەرۆكی دەستەی كوردستانی
د. سەڵاح رەزا سەرۆكی زانكۆی چەرمۆ