" ئۆکرایینەکان لە پێناو ئازادیی خۆیان و ئێمەدا لە دژی سوپای پۆتین دەجەنگن"
2022-03-07 17:10:56
میخائیل شیشکین*
و: مەهدی ئەبوبەکر
لە رۆژنامەی (The Guardian) ی بریتانیی رۆژی (٢٠٢٢/٣/٧)
من خەڵکیی روسیام، ڤلادیمێر پۆتین تاوانی گەورە بە ناوی من، گەل و وڵاتەکەمەوە ئەنجام دەدات، کە بە هۆیەوە روسیا ئازار دەکێشێت و شەرمەزار دەبێت.
بە ناوی روسیاو گەلەکەیەوە، داوای لێخۆشبون لە گەلی ئۆکرایین دەکەم، لە تەك ئەوەشدا، چاك دەزانم هەر شتێك لەوێ رودەدات شایانی لێخۆشبون نییە.
ئەم جەنگە، ئێستا دەستیپێنەکردوە، بەڵکو لە ساڵی ٢٠١٤ -ەوە، لە ئەو کاتەی، پۆتین دەستی بەسەر نیمچە دورگەی قرمدا گرت هەڵگیرساوە. لەو دەمەدا، جیهانی خۆرئاوا رەتیانکردوە، لە ترسناکیی ئەو داگیرکردنە تێبگەن. بە پێچەوانەوە واخۆیان دەرخست، هیچ شتێکی ترسناك روینەدابێت. بە درێژایی ئەو ساڵانەی پێشو، لە رێگەی لێدوان و بڵاوکراوەکانمەوە تەنیا هەوڵمداوە بۆ خەڵکیی رونبکەمەوە؛ پۆتین کێیە. کەچی سەرکەوتو نەبوم، بەڵام ئێستا پۆتین، خۆیی بە هەمو جیهان رونکردەوە.
هەر کاتێك وتارێکم لە رۆژنامەکانی سویسرا، کە تێیدا دەژیم، بڵاودەکردەوە، سەرپەرشتیارانی رۆژنامەکان، نامەی توڕەییان لە باڵوێزخانەی روسیا لە بیرنی پایتەختەوە پێدەگەیشت، کەچی ئێستا ئەوانەی نامەکانیان دەنارد بێ دەنگن، رەنگە سبەی جانتاکانیان بپێچنەوەو داوای مافی پەنابەری سیاسیی بکەن!
دەمەوێت، بۆ روسیا بگەڕێمەوە، بەڵام کام روسیا؟ لە روسیای پۆتیندا، بە هۆی بۆنی بۆگەنی پێڵاوی پۆلیسەکانەوە، ئەستەمە هەناسە بدەیت، بەڵام هەر دەگەڕێمەوە بۆ وڵاتەکەم. لە ساڵی ٢٠١٣ رەتمکردەوە، نوێنەرایەتی روسیای پۆتینی لە بۆنەیەکی نێودەوڵەتیی گرنگدا بکەم، لەو دەمەدا نامەیەکی کراوەدا نوسییم؛ " گەرەکمە، نوێنەرایەتیی روسیایەکی تر بکەم، روسیای وڵاتم، روسیایەك قۆڵبڕەکانی تێدا نەبێت، دەوڵەتێك بێت لە قەوارەی دەوڵەت بچێت، داکۆکیی لە مافی گەندەڵەکان نەکات، بەڵکو داکۆکیی لە مافی تاکەکان بکات، وڵاتێك بێت، میدیای ئازاد، هەڵبژاردنی ئازادو گەلێکی ئازادیی هەبێت."
ماوەیەکی درێژە، پانتایی ئازادی رادەربڕین لە روسیا، تەنیا ئینتەرنێتە، بەڵام ئێستا ئەو پانتاییەش کەوتۆتە ژێر چاودێریی و سانسۆری سەربازییەوە، دەسەڵاتداران رایانگەیاندوە؛ هەر لێدوانێکی رەخنەگرانە لە روسیاو ئەو جەنگەی هەڵیانگیرساندوە، بە خیانەت دادەنرێت و بە گوێرەی یاسای باری عورفیی رەخنەگر سزا دەدرێت.
لەم دۆخەدا، نوسەر دەتوانێت چی بکات؟ تاکە شتێك دەتوانێت بیکات ئەوەیە؛ راستیبێژ بێت، چونکە بێ دەنگیی، واتەی پشتیوانیکردنی دەستدرێژیکاران دەگەیەنێت. لە چەرخی نۆزدەیەمدا، پۆڵەندییە یاخیبوەکان، لە دژی روسیای قەیسەریی "لە پێناو ئازدای خۆیان و ئێمەدا" دەجەنگان. ئێستایش، ئۆکرایینەکان لە پێناو ئازادی خۆیان و ئێمەدا، لە دژی سوپاکەی پۆتین دەجەنگن. ئەوان تەنیا داکۆکیی لە کەرامەتی مرۆییانەی خۆیان ناکەن، بەڵکو داکۆکیی لە کەرامەتی کۆی مرۆڤایەتیی دەکەن، بۆیە پێویستە بە هەمو شێوەیەك یارمەتیان بدرێت.
تاوانەکانی رژێمی روسیا، مۆری شەرمەزارییە بە تەوێڵی هەمو دەوڵەتەوە، ئێستا روسیا فڕی بە ئەدەبی روسیی و میوزیکی روسییەوە نەماوە، بەڵکو پەیوەندییدارە بە بۆمبابارانکردنی منداڵانەوە. تاوانەکانی پۆتین، خەڵکیی بە رقلێبونەوە لە یەکتر ژاراوی دەکات، سبەی پۆتین نامێنێت، بەڵام ئازارو رقلێبونەوەکان لە رۆحی خەڵکییدا، بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام دەبێت. تەنیا هونەر، ئەدەب و رۆشنبیریی دەتوانێت یارمەتییدەر بێت بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەو شۆکی رقلێبونەوەیەدا.
ژیانی بۆگەنی بێ شکۆمەندیی دیکتاتۆر، درەنگ یان زو، کۆتایی پێدێت، بەڵام رۆشنبیریی هەروەکو چۆن هەیە، ئاوا دوای پۆتینیش بەردەوام دەبێت. بۆیە پێویست ناکات ئەدەب بە دەوری پۆتیندا بخولێتەوە، نا بێت ئەدەب شیکردنەوە بۆ جەنگ بکات. راڤەی ئەوە بکات بۆچی کەسانێك لە نەتەوەیەك فەرمان بە سەربازەکان دەدەن، تا سەربازی نەتەوەیەکی تر بکوژن؟ ئەدەب دژی جەنگە، ئەدەبی راستەقینە هەمیشە لە چوار دەوری پێویستی مرۆڤ بۆ خۆشەویستیی دەسوڕێتەوە نەك رقلێبونەوە.
لە داهاتودا، چی چاوەڕێمان دەکات؟ لە باشترین دۆخدا ئەوەیە؛ جەنگی ئەتۆمیی رونەدات. لە قوڵایی دڵەوە، ئومێدەوارم؛ رێگە بەو شێتە نەدرێت، پەنجە بە دوگمە سورەکەدا بنێت یان یەکێك لە هاوڕێکانیی، بە یەکجارەکیی فەرمانی جەنگە ئەتۆمییەکەی رەتبکاتەوە. وا دەردەکەوێت، ئەوە تاکە شتێکی باشبێت لە داهاتویەکی نزیکدا روبدات.
لە دوای پۆتین، روسیای فیدراڵ ناتوانێت وەکو دەوڵەت لەسەر نەخشەی سیاسیی جیهان بەردەوام بێت، بەڵکو پرۆسەی هەڵوەشانەوەی بەردەوام دەبێت، دوای سەربەخۆیی چیچان، سەربەخۆیی گەل و ناوچەکانی تری بە دوادادێت.
لە دوای ئەوە، کێشمەکێش لەسەر دەسەڵات بەرپا دەبێت، خەڵکیش ئارەزویان لەوە نییە لە پەشێویی و ناجێگیرییدا بژین، بۆیە داوای دەستێکی پۆڵاینی تر دەکەن. تەنانەت لە هەڵبژاردنێکی زۆر ئازادانەیشدا (ئەگەر بکرێت) رەنگە دیکتاتۆرێکی تر سەرلەنوێ دەسەڵات وەربگرێت، خۆرئاواییەکان پشتیوانیی لێدەکەن، لەبەر ئەوەی؛ بەڵێنی چاودێریکردنی دوگمە سورەکەیان پێدەدات. کێ دەزانێت؟ رەنگە رۆژێك لە رۆژان دوبارە ئەوە روبداتەوە.
* میخائیل شیشکین، رۆماننوسێکی بەناوبانگی روسییە، تەنیا نوسەری روسییە کە توانیویەتیی خەڵاتەکانی پۆکەری روسیی، نوسەران و باشترین و پڕفرۆشترین پەرتوك بباتەوە.